شەڕ و ئاگربەستی ترامپ!

موحسین کەریم

چەند کاتژمێرێك دوای هێرشی سوپای ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهان، لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢١ی حوزەیران، کە دەیان فڕۆکەی جەنگی جۆری (F16 , F35 و F22 ) و فڕۆکەی جۆری (  B-2) و مووشەکی  حەشارگەبڕ و تۆماهۆکی تێدا بەکارهێنرا، ترامپی سەرۆکی ئەمریکا کە خۆی و دەستەو دایەرەکەی تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، فەرمانی هێرشەکەی دابوو، هەرخۆشی فەرمانی ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، ڕاگەیاندو کاتی ئاگربەستەکەشی دیاریکرد!

هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی حوزەیران، رێك رۆژێك دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە ئەنجام درا کە ترامپ بۆ ئێرانی دانابوو تا بگات بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی! دوای ئەنجامدانی هێرشەکەش ترامپ ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە نەتەنیاهۆو ئیسرائیل کردو ئامادەیی دەربڕی بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە حاڵەتی کاردانەوەی ئێراندا. ئەوەبوو لەماوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، ئەمریکا بەهەمووشێوەیەکی سەربازی و لۆجستیکی هاوکاری ئیسرائیلی کرد. لەپاڵ سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلدا، سیستەمی دژە ئاسمانی ئەمریکا و بەریتانیا لە کەنداو، دەریای سوور، دەریای ناوەڕاست، عێراق و ئوردونەوە بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێرانیان دەدایەوە! بەکردەوە ئەمریکا بەشێك بوو لە جەنگ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، لەکاتێکدا ماوەی دوو هەفتەی دانابوو بۆئەوەی تیمی دانوسانی هەردوولا بە رێکەوتن بگەن، بەڵام کاتێك هێرشە مووشەکیەکانی ئێران سەرەڕای ئەو هەموو سیستەمی بەرگریە، مەترسی بۆسەر ئیسرائیل دروستکرد، ترامپ لەناو گەرمەی دانوساندا، وەکو تەواوکەری هێرشەکان و جەنگەکەی ئیسرائیل لە دژی ئێران هاتەناوەوە!

بەوجۆرە، ئەو بانگەشەیەی ئەمریکا و ترامپ دەیانکرد دەربارەی بژاردەی گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت و بەشدار نەبوونی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل لەجەنگەکەی لەگەڵ ئێراندا، پڕوپاگەندەیەکی پووچ و بێناوەرۆك و چەواشەکارانە بوو. گومان لەوەدا نیە کە جەنگی ئیسرائیل لەدژی ئێران دیوێکی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا بوو کە دیوەکەی دیکەی بەڕواڵەت گفتوگۆ بوو، بە ئامانجی تەسلیمکردنی ئێران بۆ ژێر هەژموونی و بڕیارو فەرمانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. بڕیاردەری یەکەمی شەڕ ئەمریکاو ترامپ و دەستەودایەرەکەی بوون نەك نەتەنیاهۆ! راستە نەتەنیاهۆ بەرژەوەندی لە شەڕ و هێرشکردنە سەر ئێران هەبوو وە هەموو هەوڵێکی بۆئەوە بوو ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا ڕازی بکات بۆ جەنگ دژی ئێران، بەڵام سەرەنجام ئەوەی بڕیاری جەنگەکەی دا، ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا بوون، هەروەکو ئەوەی بڕیاری ئاگربەستەکەشی دا هەر ترامپ و دەستەودایەرەکەی بوون.

ئیسرائیل هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ناو شەڕەکەی بەدەرفەتێك زانیوە بۆئەوەی تا ئەوەندەی دەکرێت، شەڕەکە دریژتر بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئێران دوا مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هاویشتوە. بۆیە هەوڵی ئەوەی داوە ئەو دوا مووشەکەی ئێران، کە هیچ زیانێکیشی بەداوە نەبووە، بکاتە بیانوو بۆ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئێران، بەڵام وەکو هەندێ سەرچاوەی ڕاگەیاندن باسی دەکەن، ترامپ لەکاتی سەرکەوتنی بۆ ناو هەلیکۆپتەرەکەی بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی سەرانی ناتۆدا، بە توڕەییەوە نارەزایەتی بەرامبەر بە ئیسرائیل دەربڕیوە. وتویەتی : :”ئێوە ١٢ کاتژمێرتان بۆ ئاگربەست لەبەردەستدایە، لە کاتژمێری یەکەمدا هەرچی بۆمبتان هەیە مەیبارینن بەسەر ئیراندا، لەبەرئەوەی مووشەکێکی هاویشتوە کە  پێشیشی پێگیراوە”! تەنانەت لە سەر سەکۆی(تروس سۆشیال) بە ئاشکرا، لەکاتێکدا فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل لەسەر ئاسمانی ئێران بوون، ترامپ بە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێت:”بۆمبەکانتان بەرمەدەنەوە، ئەگەر ئەوکارە بکەن ئەوە پێشێلکاریەکی خەتەرناك دەکەن. فڕۆکەوانەکانتان بانگ بکەنەوە بۆماڵەوە”!

هەرچۆنێك بێت، ئاگربەستەکەی ترامپ لە شەڕ و شەقاوەچیتیەکەی باشترە. لە باراندنی بۆمب بەسەر خەڵک و کاولکردنی ئێران و ڕاکێشانی ناوچەکەو جێهان بۆ ناو تونێلێکی تاریک و خەتەرناك باشترە. ئەگەرچی ئەم ئاگربەستە هێشتا ناتوانرێ ئومێدێکی تەواوی لەسەر هەڵبچنرێ کە بەردەوام دەبێت، ئەگەری گەرانەوەی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیل و تەنانەت خودی ئەمریکاشەوە بۆسەر ئێران بەبیانوی دیکەوە بەتەواوی دوور نەکەوتۆنەتەوە. ملدانی ترامپ بە ئاگربەست، لەلایەکەوە بەهۆی ئەو فشارە ناوخۆییەی کۆنگرێس و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاوەیە، کە لەژێر فشاری ڕای گشتی خەڵکی ئەمریکادا، نایانەوێ ئەمریکا جارێکی دیکە قاچی بخلیسکێتەوە ناو جەنگێکی دیکەوە. لەلایەکی تریشەوە، جەمسەرەکانی ڕکابەری ئەمریکا؛ چین و ڕوسیا، ئەو پەیامەیان بە ئەمریکا داوە کە لەحاڵەتی فروانبوونەوەی شەڕەکەدا دەستەوەستان دانانیشن. سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، رێك بە چەند کاتژمێرێك دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و کۆبونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیادا، و هەر بەدوای ئەو کۆبوونەوەیدا، هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر بنکەی سەربازی ( ئەلعودەیە) ی ئەمریکا لە قەتەر، ئەو بۆچوونە پشتراست دەکاتەوە. بۆیە بە قبوڵکردنی زەبرێك لە بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران و وەکو خۆیان دەڵێن دواخستنی بەرنامەی پیتاندانی یۆرانیۆم بۆ چەندین ساڵ، هێورکردنەوەی دۆخەکەی هەڵبژاردوە.

بەڵام کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و جەنگخوازی بۆرژوازی و بەدیهێنانی ئاشتیەکی پایەدار و بەردەوام تەنها بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و جەماوەری ئازادیخوازو مرۆڤدۆست ئیمکانی مەیسەربوونی هەیە. ئەوەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست تائێستا نیشانیداوە لە فشار بۆ سەر دەوڵەتی هارودرندەی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی غەززە و دژی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران، گۆشەیەکە لە نمایشی ئەو هیزە بەرین و مرۆڤدۆستەی کە دەتوانێ ئەو پەیامە جێبەجێبکات!

Check Also

هاورێ حەسەن مارف بۆ هەمیشە جیهێشتین !

بەداخو پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمرۆبەروای١٢ی تەمووز/جولای ٢٠٢٥ هاورێی ئازیزمان حەسەن مارف، هەڵسوراوی کۆمۆنیست و روخسارێکی خۆشەویستی …