سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٩/٦/٢٠٢٥ کۆنفرانس بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی و بە ئامادەبوونی هاوڕێ نوری بەشیر ئەندامی کۆمیتەی ڕابەری رێکخراوی دەرەوەی حزب و هاورێ موحسین کەریم لەرێگای (زووم)ەوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و نوێنەری حزبی حیکمەتیست/ خەتی ڕەسمی و بەئامادەبوونی دۆستانێکی حزب، دەستی بەکارەکانی کرد.
پاش شەرعیەت وەرگرتنی، کۆنفرانس بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزنان لە گیانبەختکردوانی رێگای سۆشیالیزم و ئازادی و یەکسانی و بە سروودی ئەنتەرناسیۆنال دەستی بەکارەکانی کرد!.
پەیامی کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن هاوڕێ (ئاراس ڕەشید) بەرپرسی کۆمیتەی کەنەدای حزبەوە پێشکەشکرا. دوای ئەو پەیامی دەشتی جەمال، بەرپرسی کۆمیتەی ڕابەری ڕێکخراوی دەرەوەی حزب لەلایەن نوری بەشیرەوە خوێنرایەوە. پاشان وتەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لەلایەن( عادل ئەحمەد) و پەیامی حزبی حیکمەتیست- خەتی ڕەسمی لەلایەن (ئەحمەد موتڵەق ) پێشکەش کران.
دواتر بەرنامەی کاری کۆنفرانس خوێنرایەوە و لەلایەن ئامادەبوانەوە پەسەند کرا کە بریتی بوون لە:
١/ ڕاپۆرتی کۆمیتە لەنێوان کۆنفرانسی یەکەم و دووەمدا.
٢/ نەخشەکاری داهاتووی کۆمیتە.
٣/ بڕیارەکان.
٤/ هەڵبژاردنی کۆمیتەی داهاتوو.
سەرەتا ئاراس ڕەشید سەبارەت بە خاڵە بەهێزو لاوازەکانی کارەکانی دەورەی ڕابردووی رێکخراوی کەنەدای حزب، قسەوباسی کردو پاشان هاوڕێیانی ئامادەی کۆنفرانس بەدانی سەرنج و تیبێنیەکانیان بەشداریەکی چالاکیان کردو لە چەندین گۆشەی جیاجیاوە بابەتەکەیان دەوڵەمەند کرد.
دوای ڕاپۆرت، نەخشەکاری ئایندەی کۆمیتە لەلایەن هاوڕێ سەردار عبدوڵا حەمەوە پێشکەشکرا و ئەو هەنگاوانەی کە بۆ کاری داهاتووی کۆمیتە پێویستن، خرایە بەرباس و گفتوگۆ و دەستوری کارەوە.
لە بەندی بڕیارەکاندا، چەند بڕیارو بڕیارنامە پەسەندکرا بۆ بردنەسەری تواناییەکانی کۆمیتەو بەهێزکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پەسەندکران. لە ماوەی کۆنفراسدا هاوڕێیان و دۆستان بەگەرمی لەگۆشەی جیاجیای باسەکاندا بەشداربوون بە سەرنج و پێشنیارەکانیان.
پاشان هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتە ئەنجامدارا، پێنج کەس بۆ ئەندامێتی کۆمیتە هەڵبژێردران کە ئەم هاوڕێیانە بوون: ( مریەم عەبدولرەحمان، کاوان قادر، جەلال سەعید، سەردار عەبدوڵا حەمە و ئاراس ڕەشید ). هەروەها کۆنفرانس بڕیاری دا دووکەسی تر وەک ڕاوێژکاری کۆمیتە دەستنیشان بکات کە بریتی بون لە هاورێیان: ( حەمید نادر و موستەفا یونسی).
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسدا ئاراس رەشید وتەی کۆتایی کۆنفرانسی پێشکەش کردو کۆنفرانس بە سروودی ئینتەرناسیۆناڵ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمیتەی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣٠/٦/٢٠٢٥