بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان و خاڵه‌ به‌هێزه‌كان و خالە لاوازەکانی!

بەهار مونزیر

میژووی دەستپیکرنی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان :

لە دوای سالێ ١٩٩١ و ڕاپەڕینی خەلکی کوردستان لە بەرانبەر ڕژیمی بەعس دا چەندین گۆرانکاری بنەرەتی لە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی کوردستان و ژیانی سیاسی دا پێکهات . ئەمەش کۆمەڵێك بزوتنەوەی هێنایە پێشەوەو هەریەک بە جۆریک لە مەیدانی سیاسی کوردستان خۆی دەنواند. یەکێک لەو بزوتنەوە دیارانەی ئەو کاتە سەرەتاکانی دەرکەوت بزوتنەوەی ژنان بوو ، دیارە پێش ڕاپەرین ئەم بزوتنەوەیە بەو سیمایەوە بوونی نەبوو کە لە بەرانبەر پیاو سالاریدا بیتە مەیدان ، ئەو جموجۆلەی هەبوو لە بەرانبەر بەعسدا بوو ،وەک بزوتنەوەکانی تر دەتوانین بلیین چالاکیە هونەری و ئەدەبی یەکانیش  ناراستەوخۆ هەر لەبەرانبەر رژیمی بەعس دا بوو، ئەو کات سەردەمی ئیرهاب و سەرکوت بوو دەتوانین بلێن هیچ  گۆڕەپانێکی کراوە نەبوو بە ڕووی چین و تویژەکان دا تاکۆ کارو چالاکی تیادا ئەنجام بدریت . ئەوەشی دەگەریتەوە بۆ حزبە سەرەکیەکانی کوردستان وەک یەکیەتی و پارتی هیچ کات لە ئەجەندایان دا مەسەلەی ژن و چەوساندنەوەی ژن خالێک نەبوو، هەر ئەو ژنانەش کە لەگەل ئەم حزبانە دا بوون مەگەر زۆر بە دەگمەن دەنا وەک کەسایەتی سەربەخۆ نەبوون بەڵکۆ لەگەل یەکیک لە نیرینەی خێزانەکان دا بوون و هەتا چوونە دەرەویان بۆ شاخ هەر سەربەخۆی نەبوو بۆ ژنان بەلکۆ وابەستەی بوو بە پیاوەکانەوە ..

دوای بوژانەوەی بزوتنەوەی ژنان و دەرکەووتنی نارەزاییەکانی ژنان :

بزوتنەوەی ژنان لەو کاتەوە ئەعبیری لە خۆی کر دو دەتوانین بلێن بە هەمان شیوە بزوتنەوەی کریکاریش هەر ئەو کات  خۆی نمایش کرد، یەکێتی بێکاران و کارو هەڵسورانی جیاجیا دەستی پێ کرد لە هەموو کات جیاواز تر. ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ دەرکەووتنی چەندین دەموچاوی تازە کە لەسەر پرس‌و مافەکانی ژنان هەڵیان دا و خۆیان وەک رابەری بزوتنەوەی ژنان  دەرخست. هەر ئەمەش وای کرد ژنانی ناو حزبە سیاسیەکان هەموو دەست بکەن بە دەرخستنی ڕیکخراوەکانیان و باس کردن لە پرسەکانی ژنان و چالاکانی ژنان کەم تا زۆر خۆیان کردە ڕێکخەری ئەو پرسیارانەی دەکرا لەسەر یاسا و داخوازی یەکسانی ژنان و کردنەوەی هەلی گۆنجاو بۆ ژنان لە مەیدانە جیاوازەکاندا.

خالێکی گرنگی تر دەرکەوتنی ژنانی چەپ و کۆمۆنیست بوو بە داخوازی و نارەزایی زۆر رادیکالەوە سەبارەت بە پرسی ژن و وەستانەوە بەرەو ڕووی سیستمی پیاو سالار و هەلوەشاندەوەی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە سەردەمی بەعسدا کاری پی کراوە. بە ئاشکرا وەستانەوە لەبەرانبەریدا و کۆمەلێک داخوازی جیهانیان هێنایە پێشەوە کە بوونە دروشمی دیار و بونە قسەوباسی مەیدانی ژنان و کۆمەڵگا بە شیوەیەکی سنوردار کراو.

دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی و وەستانەوەی روبەڕوو لەگەل بزوتنەوەی ژنان دا

–         لێرەدا دەتوانین بلێن لە ساڵەکانی ناوەراستی نەوەدەکانەوە ئەم ڕووبەڕوبەوەیە بەرجەستە بووەوە و کاردانەوەی مەلاکان دەستی پی کرد .

–          ژنان و چالاکانی ژنان لە سەر داخوازیە پێشکەوتوو و رادیکالەکانیان کەوتنە بەر هیرشی مەلاکان و زیاتریش بزوتنەوە ئیسلامیەکان لە کوردستان . ئەم بەرانبەرکێیە تاکو ئەمرۆ بەرجەستە تر دیارە لە هەریمی کوردستان. چەندین جار داخوازیەکانی ژنان بەر فەتوا کەوتوو جالاکانی ژنان بە جیا لە هەرەشەو سوکایەتی نەک هیچ پاریزگاریان نەک  لینەکرا بگرە تەواوی دەسەلات پشتیوانی لەو هیزە کۆنەپاریزانە کرد لە کوردستان کە ئەمرۆ ئەنجامەکەی زۆر بەرچاوە. لە ماوەی چەندین سالی حوکمرانی حزبەکانی کوردایەتیدا، کە داواتر دێمە سەری لە بەشێکی تری ئەم بابەتەدا، ئابلوقەی ئابوری کوردستان و بە هیزبوونی ئیسلامی سیاسی و پشتوانی کردنیان لەلایەن وولاتانی ناوچەکە، دروستکردنی چەندین ڕیکخراوی خیرخوازی لە کوردستان و دابەشکردنی خیر و صەدەقە بەسەر کەم دەرامەتەکاندا بەناوی بێوەژن و نەخۆش و هەتیو ئەو دیاردانە بوون کە کاریگەریی زۆر نەرێنیان لەسەر کۆمەڵگای کوردستان دروست کرد. ئەو کات کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی هەژار بۆ حزب و گروپە ئیسلامیەکان و هەر ئەو کات ئەوان کاریان لەسەر بردنەوە دواوەی بزوتنەوەی ژنان و کۆکردنەوەی ژنانی کوردستان کرد لە دەوری بەرنامەی خۆیان کە لەچککردن بە ژنان و کردنەوەی چەندین مەکتەبی ئیسلامی دا گۆشەیەکی خۆی دەردەخست. پشتیوانی وولاتانی وەک ئیران و سعودیەو وولاتانی تر وای کرد لە ڕووی ئیمکانایتی مادیەوە لە زوربەی بزوتنەوەکانی تر بە هێز تر بن ئیمکاناتی خەیالی لەبەر دەستان دا بوو. هەر ئەو کاتە دیاردەی کردنەوەی چەندین بازاری ژنان بۆ جیاکرندەوەی ژنان لە پیاوان دەرکەوت. ئەمە هێنانی سیستمیک بوو کە لە وولاتی ئیرانەوە نزیک بوو لە کاتێکدا لە میژووی کوردستان دا بازاری جیاواز بۆ ژن و پیاو بوونی نەبووە. دەتوانین بلێن ئەمە یەکیکە لە کاریگەریە نەرینیەکان لەسەر بزوتنەوەی ژنان و دوورخستنەوەیان بە ناساندنی ژنان لە مافەکانی خۆیان و بە داخوازیە سەرەکیەکانی خۆیان.

دەستپیک و ئاسایی بوونەوەی کوشتنی ژنان :

دەسەلاتی کورستان و تەقالیدی چەکداری و میلیشایی لەگەل خۆی هێنا لەگەل پێوانەو فەهمی شاردا نەدەگونجا ، هاتنی دەسەلاتی تازە و خۆش بوون لە پیاوانێك کە لەگەل ڕژێمی بەعسدا بوون و کوشتنی ژنەکان لە بەرامبەردا.  حەملە دڕندانەکان لە شارەکانی کوردستان سلێمانی دهۆک ، بلاوبوونەوەی ئەو لیستانەی کە نەک تەنها ژنانیك لە گەل بەعس کاریان کردبوو وەک ( اتحاد ی نیسای عیراق و جیگاکانی تر ) بەلکۆ بە بەهانەی  نامووسەوە کۆمەلێک ژنی تر ناویان لەو لیستەدا بوو ، دیارە ئەمە کەمپینیکی دیاری ئەوە کاتەی حزبەکان بوو . دیارە پاش ماوەیەک حزبەکان وازیان لەم کەمپینە هێنا بەلام ئەم ڕەشەکوژیەی ژنان دەستپێکێک بوو بۆ ئاسایی بوونەوەی کوشتنی ژنان لە کوردستان کە تاکو ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستان بە دەستیەوە دەنالێنیت و لە دنیای دەرەوە بە هەق وەک پەڵەیەکی رەش دەناسرێت.

دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان هەرچەندە لاواز بووبێت خاڵی گرنگی بزوتنەوەی ژنان بوو لە کوردستان (ڕیکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و جیابوونەوەی ڕێوان لە یەکێتی ژنان و دروست بوونی سەدەها ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان)

ئەتوانین بلێن خاڵیکێ بەهیزی بزوتنەوەی ژنان ئەو ڕوبەروبوەیوەیە بوو لەگەل ئیسلامیەکان لە کوردستاندا. بۆ نموونە سالەکانی  سەرەتای نەوەدەکان و یەکێکی تر لەو ڕووبەڕوبونەوانە  سالێ ١٩٩٨  بوو کە رەخنەگرتن بوو لە سەر یاسای باری کەسێتی و دەرکەوتنی چەندین ئەندامی ڕیکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و دەرکەوتتنیان لە کەنالەکانی تەلەفزیۆن ئەمە تیرۆر و خوێنی بە دوای خۆیدا هینا ئەوە بوو دوو ئەندامی حزبی کۆمۆنیست بە دەستی تیرۆرستان لە چوارچیوەی ئەم ڕوبەڕووبوونەوەیەدا گیانیان بەخت کرد. ئەمە وەك دۆسیەیەکی دیاری ئەو کاتە کە تایبەت بوو بە داواکردنی هەلوەشاندەوەی یاسای باری کەسیەتی و کۆتا کردنی دەستی کۆنەپاریزان لە پاراستنی یاسای دژە ژن لە کوردستان تۆمار کرا.

پرسی ژن و فۆکەس کردن لەسەر توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان

لە سەرەتای نەوەدەکاندا پرسەکانی ژنان نەچوبوونە ناو میدیاکانەوە. لەگەل درێژەکێشانی مەینەتیەکانی ژنان ئەوەی نوێ بوو وروژانی پرسی ژنان لە میدیاکان و باسکردن لە کوشتنی ژنان و توندوتیژی و نووسینی راپۆرتی تایبەت بە ژنان و دەرکەوتنی چالاکیەکانی ژنان لە ناو میدیاکاندا بوو. دەتوانین بلێین ئەمە خاڵێکی تری بەهێزی ئەم بزوتنەوەیە بوو. ئەگەرچی بەو مانایە نەبوو کە کاری لەسەر بکرێت بەڵام لە دۆخێکەوە کە کوشتنی ژنان ئاسایی بوو، وەک هەر دیاردەیەکی ئاسایی تر نەدەبوو بە هەواڵ، گواسترایەوە بۆ ئەو دۆخەی کە میدیاکان بایەخی پێ بدەن و ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان ڕابگەیەنن. هەرچەندە ئەمە لەخۆیدا کەم دەنوێنێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە خودی ئەم پێشکەوتنە بە ئاستەمەش بێ ماندوو بوون و بگرە قوربانی دان بەدەست نەهاتووە

دەسەلاتی کورستان و ماوەی ٢٤ سالێ حوکمرانی

دەکرێ بلێین لە سایەی ئەجێندای پیاوسالارانەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیدا پرسەکانی ژن نەك هەر گرنگ نەبوون، بەڵکو باڵی دژەژنیی لەناو ئەم حزبانەدا هێندە بەهێز بووە کە پشتیوانی کاریگەر لە هیزە دواکەوتوەکانی کۆمەلگا، چ هیز و بزوتنەوە ئیسلامەیەکان یاخود نەریتە خێڵەکیەکان، بکات. ئەم پشتیوانییە یەکێکی تر لە گەورەترین زەربەکان لە بزووتنەوەی ژنان بووە.  سەرفکردنی پارە و پولی خەیالی بۆ سەرۆک عەشیرەتەکان، دانی چەک و کردنەوەی دیوەخانەکان، گرنگی دا بە جیاکردنەوەی ئینسانەکان لەیەک تر بە بیانووی فلانە خیل و فیسارە شیخ لەبەر بوونی خەلک لە دوەریان لەو هەڵسوکەوتانە بوون کە حزبەکان بۆ کۆکردنەوەی نفوز بۆ خۆیان پەنایان بۆ بردووە. لەم نێوەدا ئەوەی باس نەبووە مەسەلەی ژنان بووە. بگرە بە مەبەستەوە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەم خێل و عەشرەتانەیان داوە بۆ پاراستنی دەسەلاتیان لە کوردستاندا. کە ئەمەش تا ئەمرۆ لە جێگەی خۆی ماوەتەوە هەمیشە لە کاتی هەلبژاردەکاندا ئەمانە بونەتە دەنگی گرنگ بۆیان و هەروەها پارە سەرف کردن بۆ  مەکتەبی کۆمەلایەتیەکانی سەر بە هەردوو حزب پارتی و یەکیەتی، بەکارهێنانیان  وەک جیگەیەک بۆ حەل کردنی کیشەکانی ژنان (کە ئاشکرایە نەک جیگەیەک نیە بۆ چارەسەر بەلکۆ کۆمەلگای ژنان لەوی دا دەسەتەمۆ دەکرین و سولح عەشایەریان لەسەر و پێ دەکریت و دەنیردرینەوە بۆ ناو ئە ژیانە سەختەی لێوەی هەل هاتوبوون) بۆتە هۆی دووبارە بەرهەمهاتنەوەی پلەدوویی ژنان.

برەودان بە یاسا دواکەوتوەکان

یاساکان لە کوردستان تاکو ئەمرۆ هەمان ئەو یاسایانەن کە ژنان بەندو کۆیلە دەکەن. ئەگەر گۆرانکاری کەمیش بووبیت لە ژیر فشاری بزوتنەوەی ژنان و کەسانی  چالاک و پێشکەوتوو و  مەدەنی ئەم وولاتەدا بوە نەک ئەوەی دەسەلاتی کوردستان خۆی ئەجەندای باش بوونی ژیانی ژنان بووبیت یان مەبەستی بووبیت لەو یاسایانە ژنان ڕزگاریان ببیت. دەسەلاتی کوردستان سەرچاوەیەك بوو بۆ برەودان و مانەوەی هەمان یاسای کە ژنان پلە دوو دەکات، بە کەم عەقلیان دادەنێت، پشتیوانی لە کوشتەکانی ژنان دەکات. هەرئەوەی جێگای بکوژانی ژنان لە زیندانەکاندا خالیە ئەوە پشت راست دەکاتەوە. دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی وتایبەتی و دەستتێوەردانی حزبەکان لە ناو دادگاکاندا سەبارەت دۆسیەکانی ژنان، کە چەندین نموونەی بەرچاوی کە دۆسیەکان ناسراون ( بۆ نموونە شادی و شۆخان ، ساکار ، جوان و مهاباد، دونیا، رەعنا) دەرکەوتێکی تری ئەم ڕاستیەیە. هەزاران ژن لە م هەرێمە کوژراون کەس هەر ناشزانێت کێ بکوژیانە و زۆرینەیان داڵدە دراون و لە سزا پارێزراون. کاتی کارکردنمان لەسەر دۆسیەکانی ژنان و ئامادەبوونمان لە ناو دادگاکاندا بە تەوای ئەوەمان بۆ پشت راست بۆوە کە ژنان هیچ گرنگ نین بۆ دەسەلاتەکانی هەرێم. فەرامۆشکردنی دۆسیەکانی ژنان لە پۆلیس و لە دادگاکاندا و ونبوونی ئەوراقی تەحقیقی و دەستیوەردانی لایەنی جیاواز و دیزە بە دەرخونەکردنی دۆسیەکان و ئاسای بوونی لەناو کۆمەلگاشدا چەند دەرکەوتی ئاسایی مامەڵەی یاسایی و ئەمنی لەگەڵ کوشتنی ژنانە لە کوردستان. پشتوانی و نەبوونی مودەعی لە ناو خیزان با بە بیانووی فشار کۆمەلگا و نەدانی ئیفادەی راست و دروست کە ببیتە هۆکاری دەستگیرکردنی بکوژان خالیکی سەرەکی ترە لە دۆسیەکانی ژنان دا. ئەمانە هەموو دەتوانن بەڵگەی تەواو بن بۆ ئەوەی بلێین کە دەسەلات خۆی لە فەرامۆشکردنی دۆسیەکانی کوشتن ژنان دا ڕۆڵی هەیە. ئەمەش نەک ناڕاستەوخۆ، بەلکو لە زۆربەی دۆسیەکاندا راستەخۆ دەکریت و دەبینریت.

خاڵە بە‌هیزەکانی بزوتنەوەی ژنان :

بەرزکرنەوەی دەنگی ژنان و هەل دان لەسەر پرسەکانی ژنان و سەپاندنی کۆمەلێک دامەزراوە کە بە بڕوای من کارتۆنیە بەلام دەتوانین بلێین ئەمە لە ژیر فشاری ئەم بزوتنەوەیەدا بووە. کردنەوەی سەنتەری داڵدەدان بۆ ژنان ئەم جۆرە خراپەش کە هەیە و کردنەوەی دنیا دەرەوە بە ڕووی ژنانیکی چالاک و بە هیز، بوونی کەسایەتی ژنان لە کوردستاندا و ڕوبەرووبوونەوەی ژنان لە هەموو لایەنەکان. هەوڵدان بۆ لابردنی ئەو تیروانیە سیکسیە کە لە کوردستان هەیە و لە چالاکی جیاوازی ڕیکخراوەکان و دەرکەوتنی ژنان لە ناو میدیاکان دا هەر چەندە ئەمە ئەتوانین بلێن کاریکی ئاسای نیە تاکۆ ئەمرۆ. هەر ڕووبەڕونەوەکەی لە سالەکانی نەوەتەکانەوە هەرەشەو سوکایەتی بە دوای خۆی دا هینا، بەلام وەک کاریکی ئاسای ئیستا سەیر دەکریت کە ئەمە گرنگە بۆ دەربرینی داخوازی و قسە کردن لە سەر سوکایەتی و ئیهانە بە ژنان.

خاڵی بەهێز ئەگەر کەمیش بووبیت ژنان و ڕیکخراوەکان دەنگێک بوون لە کوردستان کە هەمیشە لە ژیر ئەو هەموو فشارانەدا بوون ( ژنان بە بە هەر جۆریک داواکاریان بووبیت بە گرۆپیکی تورە ناوزەدکراون، یان ناوە ناتۆرەیان لێنراوە.) هەوڵدان بۆ ناوزەدکردن ئاسایتیرن دیاردەیە لەکورستان و بەستنەوەی ژنان بە ناموسەوە تیروانینی کۆمەلگا ی زۆر بردۆتە دواوە. تێروانینی سیکسی لەسەر ژن ناتوانێت ژن بە کەسایەتی سەربەخۆ هەژمار بکات.

بۆیە کارکردن لە مەیدانی ژناندا لە کۆمەڵگای کوردستاندا  کارێکی قورس بووە. لەوەتەی ئەم بزوتنەوەیە دەستی کردوە بە کارو چالاکی و ئێستاش زۆر بەرجەستە تر ئەمە دیارەو لەگەل سەرهەڵدانی ڕەوتە دژە ژنەکاندا دەستی پی کردووە، بەلکو ئێستا زیاترەو ئەگەر جاران سوکایەتی دەکرا لیرەو لەوی ئستا هەندێ لە کەنالەکان و مینبەری مزگەوتەکان بونەتە جیگەی سوکایەتی و ئیهانەی ئاشکرا بە ژنان و وەک گووتمان دەسەلاتیش خۆی نەک بی بەری دەکات بەلکو بەشێکی سەرەکیە لەم ژەهر ڕشتنە.  بۆیە لیرەوە دەتوانم بلێم کاری چالاکانی ژن لە ناو بزوتنەوەی ژناندا قورس کردووە. خالی بەهیزی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت بەهێز بکریت و ڕوبەڕوبونەوەکان زیاتر بن و دەنگی بۆ کۆبیێتەوە .

خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان :

–         ئەم بزوتنەوەیە تا ئێستا جەماوەری نەبوەتەوە و دەنگی ژنان و پیاوانی کۆمەلگای لەگەل نیە.

–         کاری ڕیکخراوەکان تاکو ئێستا تەنها لەسەر توندوتیژیە و داخوازیەکانی تری ژنان نادیارە ، داخوازەکانی کە ژنان لە دەوری خۆی دەتوانیت کۆبکاتەوە کێشەکانی رۆژانەی ژنانن، ژنانی کریکار، ژنانی فەرمانبەر، نەبوونی ئاو و کارەبا، دایەنگا ، کیچەلێ سیکسی لەسەر کار ، نەبوونی موچە و خزمەتگوزاریی.

–         نەبوونی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ژنان لە کۆڵان گەرەکەکان ژنان کۆبکاتەوە. واتە بوونی جەماوەریژنان لەگەل ئەم بزوتنەوەیەدا. بوونی ئەم بزوتنەوەیە تەنها دەرکەوتنی وەک نوخبە دورە پەریزی ژنانی چالاک لە ژنانی کوردستان

–         نەدۆزیەنەوەی میتۆدی کاریگەر و نەدۆزینەوەی میتۆدی تازە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژنان.

–         ڕێکخراوەکان تا ئێستا ڕەگ و ڕیشەیان دانەکوتیوە لە ناو ژنان دا بۆیە لە کاتی چالاکیەکاندا ژنان بەشدار نین تەنها ژنانێک بەشدارن خۆیان وەك چالاکی ژنان دەناسینن بۆ نموونە رۆژە جیهانیەکان وەک ٨ مارس یان ٢٥ نۆڤەمبەر.

–         نەبوونی ڕیکخراویکی جەماوەری ژنان کە بتوانیت دەرچێت لە ڕیکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی بەڵکو ژنان خۆیان بە ڕیکخراوی خۆیانی بزانن و زمانحالی ژنان بیت نەک تەنها لەسەر ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی کار بکات .

لە کۆتاییدا دەمەوێت بلێم ئەگەر ژنانی هەرێم خەتەرو بوژانەوەی ئیسلامی سیاسی و بێباکی دەسەلاتی کوردستان بە هەموو حزبەکانی ناو دەسەلاتەوە ببین.ئەوا دەبیت ژنانی کوردستان بە تایبەتی کەسە یەکسانی خواز و ئازادیە خوازەکان کاری جدی بکەن و ڕیکخراو کار بکەن بە تایبەتی هەڵسوارانی ژنان. کۆنەپاریزان  پەیامی دیارو ڕاستەوخۆ بە ئیمە دەلێن ژن با “نەخوینیت زانکۆی بۆ چیە”؟ ژن کەم عەقلە و لە ژن بدە! بەلام چاوی شین مەکەرەوە. لەم پەیامانە خراپتریان لایە بەلام  باشتریان لا  نییە . بۆیە گرنگە ئیمە وەک ژنانی کوردستان و پیاوانی یەکسانیخواز  روبەڕوی ئەو هەموو خەتەرە بینەوە. هەول بدەین و کاری جددی بکەین بۆ بەرەو پێشچوونی ڕەوتی پێشکەوتوخوازی لە کوردستان. هیچ کات درەنگ نیە بۆ گەشەپیدانی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان. بەلام گرنگە ئەوەمان لەبیربێت ئەو خەتەرەی کە دەیەویت کوردستان بکاتە ئەفغانستان و موصل و ژنان هەناسەشیان بۆ نەدریت  خەتەرێکی جیددیە. خالێکی گرنگی تر کار کردنە لەسەر فراوانکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرگری ژنان لە کۆبانی. دەبێ تێڕوانینەکان لەوەوە کە ژنی پێ کەم توانا و کەم عەقلە، ببیتە تێڕوانینێک کە ژنان یەکسانن لەگەل پیاواندا. ژنان سەربەخۆ بن ڕزگاربکرێن لە بەستنەوەی ناموس پێیانەوە بە پێی تیراوانینی کۆنەپاریزان. ئەمە ئیمکانی هەیەو بەتایبەتی دوای خەباتی ژنان لە کۆبانی و دەرچونی مەرسومی کانتۆنی جزیرە.

١٥/٣/٢٠١٤

تیبینی : ئەم بابەتە بەشیکی باس ئەو سیمیارەوە بوو کە بەشدار بووم بە هۆی ٨ می مارسەوە لە قاقوخانەی کلتوری

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …