لە یادی هاوڕێیان، شاپور و قابیلی رابەرو هەمیشە زیندوودا…

عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

بەرەبەیانی ساڵی ١٩٩٨، دەستی باندێکی چەپەڵی پڕ لە بۆگەناوی ئیسلامی، بۆ هەمیشە گیانی پڕ هیواو خولیای کۆمەڵگایەکی ئینسانی و بەرابەری، لە هاوڕێیان شاپور و قابیل سەندەوە.  فتوا و قیر قیرەی مەلای  دژە ئینسانی و دژە ئازادی و ژن و جوانی، سایەو ژینگەی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتدارێتی پارتی، سەوزەڵانی ئەم کردەوە ئیسلامیە قێزەونە بوو.

ئەوان رۆشتن و لێرەن… ئیسلامیەکان و دەسەڵاتی زەمینە بۆ ئامادەکەریان گیانی شاپورو قابیل، ئەم دوو ئینسانە کۆمۆنیست و شۆرشگێرەیان، دەرکیشا. ترس لە ورەو نەخشی رابەری ئەوان، ترس لە متمانەو خۆشەویستی ئوردوی بێخانەو لانەو ئاوارەکان، کرێکاران و دەست تەنگان، بۆ شاپورو قابیل و حزبی ئەوان، جیقڵدانەی دەسەڵاتی مافیایی و ئیسلامیەکانی لەمەنگەنەدا. ترساندنی ئینسانە داماو و بێئاگاکانی کۆمەڵگا، بەئاگرو  دوپشک و پردی سیراتی موو ئاسا و دۆزەخی دنیای پوچی سبەینی، بۆ ملکەچی کۆمەڵگە بە دۆزەخی دەسەڵاتی چاوچنۆکی و کۆنەپەرستانەی دنیای ئەمرۆ… نەیتوانی بەرگەی ڕۆڵی رابەری و تێکۆشانی پڕ ورە و هوشیارانەی شاپورو قابیل و حزبەکەی بگرێت… بۆیە جەهەنەمی ئیسلامیان بۆ کوشتنی ئازادی و سمبولەکانی ئازادی، گواستەوە ناو جەرگەی شار و دڵی رەشیان بەگیان کیشانی ئەوان، رەشتر کردو جارێکی تر سیمای نەفرەت ئامێزی ئیسلامیان، نمایشی بەردەم کۆمەڵگا کردەوە… وایان وێنا کرد بە تیرۆری شاپور و قابیل، نارەزایەتییە جەماوەریەکان و خواستەکانی ئۆردویی بێبەشانی کۆمەڵگا و تورەییان لە دەسەڵاتی زاڵمانەی سەرمایەداری و کۆنەپەرستی ئیسلامی، دەسڕنەوە و لەبەین دەبەن… وایان وێنا کرد، بەو کردەوە هەوسارپچراوە بێ کۆتاییە، خولیاو ئارەزووە بەرزە ئینسانیەکان، ژێر خاک دەخەن…

کەچی ئۆردوی بێخانەو لانە چەند بەرابەر بووە. سەرێک بکێشنە ژێر دەوارو خانوی کەلاوەو لە لایلۆن دروستکراوەکان، چاو بکەنەوەو کەمپەکانی ئاوارەیی ببینن، تا بزانن چۆن شاپورو قابیل پێویستن و چۆن یادەوەری خەباتکارانەیان، تیکەڵی حەشاماتی ئینسانی لە ژیان و ژینگە دەرکێشراو، بووە. سەردانێکی کارگەو کارخانە گیان کێشەکان بکەن، لە کرێکارانی هەموو بەشەکان بپرسن، بزانن شاپور و قابیل، چەندە پێویستن و چۆن بێ روانگەو دنیا بینی شاپورو قابیلەکان، دۆخی کرێکاران، گۆرەپانی ئاشکرای بەرامبەرکێی چینایەتی و  گیانکیشان و کەڵەکەی سەرمایەیە. زۆر بێژی ناوێت، برۆن و لە ژنانی نارازی و توڕە لە پیاوسالاری و ستەمی بێکۆتای سەریان پرسیار بکەن، بزانن شاپورو قابیل هێشتا سومبولی ئازادیان نین. برۆن و بێ سەڵمینەوە بەورەی بەرزی شاپور و قابیلەوە لە دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی کوردی، لە پارێزگارو بەرپرسە حزبیەکان بپرسن و پێیان بڵێن شاپورو قابیل کێ بوون، تا لە بەرسڤی ئەواندا، جەسارەت و بڕوا بە سەرکەوتن ببیستن. برۆن و لە دەزگای ئاسایشەکانیان و زیندانەکانیان بپرسن، بزانن دەتوانن حاشا لەبەرزی ورەو پێداگری لەسەر باوەریان، بکەن؟ ئەوە هۆڵی میدیای هەولێر و ٨ مارس، برۆن و  بزانن دەنگی رەسای شاپور و قابیل، لە کەنار ژنانی یەکسانیخواز و تورە لە پیاوسالاری لەبەرامبەر ئیسلامیەکاندا، نابینن؟ بزانن یادەوەری لمۆز شکاندنی ئیسلامیەکان، لەدڵی مەلا فتوادەر و رەوتگەلە ئیسلامیە خۆشخزمەتچیەکاندا، سراوەتەوە؟ کام گۆرەپانی بەرەنگاری هەیە، کام دۆخ هەیە، و کام مەیدانەی تیكۆشان هەیە… شاپور و قابیل، تیایدا بەشیک نەبن لە ورەو و رێنوێنی و رێگاچارە…

     شاپور و قابیل… دوو رابەری شۆرشگێری مەیدانی رۆشن و پڕ ورەو خاوەن بروا، دوو سیماو روخساری بڵند باڵای تیکۆشەرو شۆرشگێری رێگای دنیایەکی باشتر بوون. ئەوان نەسرەوتوان و ماندوو نەناسی شۆرشی کرێکاریی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، خاڵی لە جەورو ستەم و بێمافی و جیاکاری بوون. کۆمەڵگەی بێ شاپورو قابیلەکان، کۆمەڵگایەکی لێوان لێو لە نابەرابەری و ستەمی هەزار سەرە. ئەگەر رۆڵی ئینسان و ململانێی چینایەتی مۆتۆرو داینەمۆی کۆمەڵگاو مێژووە، ئەوا چەرخاندنی ئەم مێژووە بە ئاقاری دنیایەکی باشتردا، تەنها دەتوانێ بەرهەمی شاپورو قابیلەکان و حزبی کۆمۆنیستی کۆمەڵایەتی ئەوان بێت. بە پێوانەی زەمەن، شاپورو قابیل زەمەنێکە ئێمەیان جێ هێشتووە، کەچی یادەوەری و دنیا بینیان، ورەو ئومێد بە ئایندەیەکی گەشاوە، باوەر بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی خاڵی لە ستەم و بیـمافی و چەوساندنەوەو هەڵاواردن، لێمان جیانابنەوەو جیانابنەوەو بۆ هەمیشە لەگەڵمانن، لە کەنارمانن… بروا بە ئازادی و یەکسانی، بە توانای ئینسان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای ئینسانی، بروا بەرزو شکۆدارە زیندوەکەی ئەوان، تەنها دەتوانێ ئاوێنەی باڵانوێنی تیکۆشانی ئەوان بێت… تا ئەوکاتەش ململانێی چینایەتی نیوان داراو نەدارەکان مۆتۆری مێژووە، شاپورو قابیل رەمز و سەرچاوەیەکی گەورەو فێرکارین بۆ نەوەکانی ئیستا و داهاتوو، ئەوکاتەش کە خەون و خولیای ئەوان بە خەباتیکی ئامانجدارانەی کۆمۆنیستی دێتە دی، پەیکەری شکۆی خەباتکارانەیان لە بڵندایی و ناوەراستی شارەکاندا، دەبنە سومبولی خەبات و ئازادی و کۆمۆنیزمی مارکس. دەبنە هێمای پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆرشی بێبەشان و ئینسانیەت…     

نەمرن هەڵگرانی خولیا زیندوەکان… یادی خەباتکارانەتان، بۆ ئەبەد بەنەمری دەمێنێتەوە…

Check Also

Vous n’êtes pas Par vous-même – La plupart des gens sont Célibataire Trop

Les temps changeants, ils pourraient être a-changin ‘. En fait, ils peuvent être beaucoup plus …