گیان لەدەستدانی فەریناز نابێت بەئاسانی تێپەڕێت!

لاوژە جەواد

فەرینازی خوسرەوانی کچێکی تەمەن 26 ساڵ لە شاری مهابادی کوردستانی ئێران کە وەک پێشوازیکەری مێوان لە وتێل تارای شاری مەهاباد کاری دەکرد، لە نهۆمی چوارەمی ئەم وتێلەوە خۆی فڕیدەداتە خوارەوەو بەم شێوەیە گیان لەدەست دەدات.

بەداخەوە ڕۆژی دوشەمە ڕێکەوتی 4/5/2015 فەریناز هاوچەشنی ئەو ژنە کرێکارانەی لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی کە ڕۆژانە لە شوێنی کاردا شاهیدی تەحەڕوش و دەستدرێژی سێکسین، ڕوبەڕوی کارەسات دەبێتەوە.

بە پێی پلانی لە پێش داڕێژراو بەرپرسێکی ئیتلاعات بە هاوکاری خاوەن وتێلەکە دەیانەوێت دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەر ئەو کچە و بەم مەبەستە لە ژورێکی وتێلەکە لە نهۆمی چوارەم دەرگای بەسەر دادەخرێت، دیارە فەریناز لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هانا دەبات بۆ هاوڕێیەکی، بەڵام  پێش ئەوەی کەس فریای بکەوێت، کچێکی گەنج و بێ فەریادرەس چارەیەکی نامێنێت ئەوە نەبێت کە لە پەنجەرەی نهۆمی چوارەمەوە هەوڵی گەیشتن بە نهۆمی سێهەم بدات، بەڵام هەوڵەکەی سەرناگرێت و دەکەوێتە خوارەوەو گیان لەدەست دەدات. لەبەرامبەر ئەم تاوانە گەورەدا سەرانی ڕژێم هەرەشە لە خانەوادەی فەریناز دەکەن کە دەمی خۆیان داخەن و هیچ جۆرە لێدوانێک نەدەن بۆ ڕاگەیاندنەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی وڵات.

ڕژێمی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران، ماوەی 35 ساڵە بە زەبری ئاگرو ئاسن لەم وڵاتە حوکم دەکات، داپۆشینی ئیسلامی لەم وڵاتە کردۆتە ئیجباری بەسەر ژنان دا، لە بەرامبەردا ژنان و کچانی ئەم وڵاتە بە تەحەمول کردن کۆشتن و زیندان، سوکایەتی تێزاب پاشین بە سەر وچاو و ئەندامانی تری جەستەیان، نەچونەتە ژێر باری ئەم حوکمەوە. ئەم ڕژێمە 35 ساڵە کۆمیتەی “امر بە معروف و نهی از منکر” ئەشکەنجەی خەڵک دەدەن، بەدڕەوشترین دڕەندەکانی مێژوو کاربەدەستی ئەم ڕژێمەن و دەخالەت لە ژیانی تایبەتی خەڵک دەکەن، داوای ناسنامە لە هەر کچ و کوڕێک دەکەن کە بەیەکەوە

لە پارک و شوێنە گشتیەکان دەبیندرێن. ئەشکەنجەی ئەوانە دەدەن کە بە دڵی ئەوان حیجابی ئیسلامیان ڕیعایەت نەکردوە. لەملاشەوە ئەشکەنجەی ژنان دەدەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر، تا ئێستا چەندین کەیسی

ئیعدامی ژنان لەم وڵاتە هەبووە بەهۆی ئەوەی کە پارێزگاریان لە گیانی خۆیان کردوە و مەئمورانی ئیتلاعاتیان کوشتوە. بەڵێ ڕژێمی کەسیفی دژە ژنی ئیسلامی تا ئەم ساڵانەی دوایش بەناوی بەدڕەوشتیەوە بە ئاشکراو لەبەرچاوی خەڵک ژنانی بەردە باراندەکرد، تا ئیستاش گەنجان و هەلسوڕاوانی سیاسی ئەم وڵاتە تۆمەت دەخاتە پاڵ و لە مەیدانە گشتیەکان هەڵدەواسێت بەناوی دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک، بەڵام خۆیان بەئاشکرا هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی گەنج دەدەن. ئەوان ژنان شەلاق لیدەدەن بەناوی فەسادەوە بەڵام خۆیان بەئاشکرا چەندین نوسینگەی ڕەسمی لەشفرۆشی شەرعیان کردۆتەوەو سیغەی تێدا ئەنجام دەدەن.

بەدوای ناچاربوونی فەریناز بە خۆکوشتن کە هیچ ڕێگایەکی تری نەبوو لە قبوڵکردنی دەستدرێژی یان خۆکوشتن بەملاوە، جارێکی تر ڕژێمی دژە ژن لەم وڵاتە کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک بەتایبەتی لە شاری مهاباد وە شارەکانی تری ئێرانیش. وەرن با پشتگیریان بین.

ئێمە ژنانی وڵاتانی کەلتور داسەپاوی ئیسلامی هەمومان توشی ئەم دەردو ئازارە دەبینەوە هەر ئێستا ژنانی کرێکار لە کوردستانی عیراق لەگەڵ هەمان کێشەی گێچەڵ و دەستدرێژی بەرەو ڕوون. من پێموایە خەڵکی ناڕازی لە مهاباد و شارو شارۆچکەکانی تر زۆر جەسورانەو ڕێکخراو بێنە مەیدان و داوای لێکۆڵینەوە بکەن لەم کەیسە، داوای پێکهێنانی لیجنەیەکی بێلایەن بکەن کە خۆیان ئەندام بن تییداو تاوانباری سەرەکی ئەم تاوانە بدۆزرێتەوەو بە سزا بگەیندرێت. بۆ ئەمەش هەموو ئازادیخوازو یەکسانیخوازان ئەوانەی بەخەم ئینسان و ئینسانیەتن، بەخەم گەڕانەوەی بەهای ئینسانین بۆ ئینسان، بێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەرببڕن، لە شارەکانی کوردستان هەر ئێستا کە ماوەیە بەردەوام سەران جمهوری ئیسلامی دێن و کۆبونەوە دەکەن بەتایبەتی لە شاری سلێمانی بەردەمی ئەم شوێنانە بگرین و خۆپیشاندان بکەین بەردەمی نوسینگەو کۆنسولخانەکانی ئێران بگرین، دەبێت ڕژێمی دەستدرێژی و سوکایەتی بە ژنان و کچان ناچار بە پاشەکشە بکەین، نەهێڵین فەرینازەکان لەنیوان مەرگ و دەستدرێژی ناچاربکرێن یەکیان هەڵبژێرن. ئەم کەیسە تەنها کەیسی مهاباد، کوردستانی ئێران و ئێران نییە کەیسی هەمومانە.

دەبێت تەپڵی مەرگی ئەو کەلتور و عەقڵیەتە لێدەین کە ژنان تەنها وەک ئامرازی سێکس بۆ پڕکردنەوەی ئارەزوی پیاو پێناسە دەکات. 

6/5/2015

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …