هەڵبژاردنەکانی تورکیاو جێگاورێگای هەدەپە!

موحسین کەریم

هیچ کاتێك پرسی‌ هەڵبژاردنی ووڵاتێکی ناوچەکە کە کوردی تێدا دەژی، بە ئەندازەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیا نەبۆتە جێگای سەرنج و هەڵوێستگیری لایەنە سیاسیە ناسیۆنالیستەکانی کوردو رۆشنبیرانی ناسیۆنالیست‌و بگرە بەشێکیش لەوانەی خۆیان لەسەر چەپ‌و کۆمۆنیزم هەژماردەکەن. ئەوەی ئەو تایبەتمەندیەی بەم هەڵبژاردنەی تورکیا داوە، بەشداریکردنی ناسیۆنالیزمی کوردە لە قەوارەی حیزبێکی سیاسیدا بۆیەکەمجار لە مێژووی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی تورکیادا ئەویش پارتی دیموکراسی خەڵك(HDP) ەیە.

بەپێچەوانەی لێکدانەوەو بۆچوونی بەشێك لەو بەرێزانەی کە لەبەرئەوەی پێیان وایە هەدەپە پارێزەری دیموکراسی‌و سەنگەری دژی فاشیزمی ئیسلامی ئەکەپە(AKP)یەوخەونی بوونی ئۆردوگان‌ بە سوڵتان پوچەڵ دەکاتەوەو یەکسانی نێوان ژن و پیاو جێبەجێ دەکات، بەوەش بەرگی هێزێکی ئازادیخوازو یەکسانیخوازیان کردوە بەبەریدا‌و لەسەر ئەو بنەمایەشەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو حیزبە راگەیاندوە‌، هەدەپە(HDP) حیزبێکی سیاسی ناسیۆنالیستی کوردەو لەرووی سیاسی‌و فکریەوە بەشێکە لە رەوتی سیاسی –فکری پەکەکەو ئۆچەلان‌، بەڵام بەپێی پێداویستیەکی سیاسی مێژوویی ناسیۆنالیزم‌و بۆرژوازی کورد، لە هەلومەرجێکی سیاسی کۆمەڵایەتی چارەنوسسازی تورکیادا، وەکو بەشێك لە کەمپینی هێزکۆکردنەوە سیمایەکی بەرواڵەت سەراسەری‌و بان نەتەوەیی‌و چەپی لەخۆ نیشانداوە.

بە بڕوای من ئەم پشتیوانیە بێگومرگە بۆ هەدەپە، ئاکامی گەشانەوەی گیانی ناسیۆنالیزمی کوردە لە فۆرمێکی بەناو چەپیدا، دەنا من کەسێکم نەبینی کە دێڕێکی پشتیوانی بۆ هاوپەیمانی چەپی یۆنان(سیریزا) لەکاتی هەڵبژاردنەکانی یۆنان‌و دوای سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکاندا بنوسێت یان لۆگۆکەی بکاتە لۆگۆی ئەکاونتەکەی خۆی! ئەم پشتیوانیە زرنگانەوەی بانگەشەیەکی ناسیۆنالیستیە کە پەکەکەو یەکێتی نیشتمانی‌‌ بەرێیان خستوە‌و دەزگاکانی راگەیاندنیان بۆخستۆتەکار‌. وەکو هەنگاوێکی کردەییش یەکێتی کادرەکانی دەنێرێ بۆ تورکیا تا هاوکاری هەدەپە بکەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا‌و کارەکەشی بە جێبەجێکردنی ئەرکێکی”نەتەوەیی” ناوزەد دەکات.

دیارە یەکێتی نیشتمانی و پەکەکە کە لەیەك هاوپەیمانی سیاسیدان‌و لە ئاستی ناوچەکەشدا لەسەر بلۆکی ئێران‌و بە نەیاری تورکیا هەژماردەکرێن، ئەم هەڵبژاردنە وەکو دەرفەتێك بۆگەشانەوەی رەوتەکەی خۆیان لەناو بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد‌‌و گۆڕینی هاوسەنگی بە قازانجی خۆیان لەبەرامبەر پارتی دا تەماشا دەکەن. لە بەرامبەریشدا، پارتی کە لەسەر بلۆکی تورکیاو نەیاری ئێران هەژماردەکرێت، سەرکەوتنی ئەکەپە لە بەرژەوەندی خۆی دەبینێ. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە هەڵوێستی ئەو دوولایەنە دەسەڵاتدارەی ناسیۆنالیزمی کورد لەسەر هەڵبژاردنی تورکیاو سەرکەوتن یان نەکەوتنی پارتێکی ناسیۆنالیستی وەکو هەدەپە لە هەڵبژاردندا، نەك پەیوەندی بە مەسەلەی چارەسەری مەسەلەی کوردو وەکو خۆیان دەڵێن “بەرژەوەندی گەلی کورد لە باکوڕ” ەوە نیە، بەڵکو راستەوخۆ ئاو لە سەرچاوەی بەرژەوەندیە سیاسی- ئابوریەکانی خۆیانەوە دەخواتەوە.

هەدەپە وەکو رەوت‌و بزوتنەوەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی ناتوانێ رەوتێکی سەراسەری و بان نەتەوەیی بێت، چونکە خۆی لە بنەڕەتدا رەوت‌و بزوتنەوەیەکی سیاسی- کۆمەڵایەتی دیاریکراوە، کە ناسیۆنالیزمی کوردە. بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان رەنگە لە دەورانی تایبەتی‌و دیاریکراودا کاریگەری لەسەر یەکتر دابنێن‌، بەڵام ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی‌و فکری‌و سیاسییان ناگۆڕێت‌و نابن بە یەکتری. ناسیۆنالیزمی کوردیش بە پێی خەسڵەتەکەی‌و وەکو رەوتێکی لۆکاڵی شەڕی دەسەڵات ناکات لەگەڵ باقی بزوتنەوەو رەوتە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکانی دیکەی بۆرژوازی تورکیا، وەکو بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی تورکی‌و ناسیۆنال-ئیسلامی تورکی، بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی لە تورکیا‌و هەروەها خۆشی وەکو بەدیلی سەراسەریی دەسەڵات تەرح ناکات. ئەوەی ناسیۆنالیزمی کورد دەیەوێ تەنها بەشداربوونە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادا لەرێگای وەرگرتنی مافی حاکمیەتی بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا. بۆیە بانگەشەکانی هەڵبژاردن هەرچیەك بێت‌و هەدەپە چەند گوایە خۆی لە حیزبێکی سەراسەری تورکیا نزیك دەکاتەوە، سەرەنجام ئەو پارتە دەکەوێتە گفتوگۆو دانوسان لەگەڵ ئەو پارتەی یان ئەو پارتانەی کە دەسەڵاتی سیاسی تورکیا دەکەوێتە دەستیان، بۆئەوەی ئەو مافی حاکمیەتەی بەسەر ناوچە کوردنشینەکاندا بەدەستبێنێ.

هەدەپە کێشەی ئەوەی هەیە کە نەتوانێ بەربەستی پەرلەمانی( واتە رێژەی١٠%ی دەنگەکان)تێپەرێنێ‌، چونکە تەنانەت ناتوانێ هەموو دەنگەکانی ناوچە کوردیەکان بۆخۆی دابین بکات‌و پێویستی بە دەنگی خەڵکی دیکە هەیە، هەربۆیە هەوڵی ئەوە دەدات دەنگی ئەو گروپە نەتەوەیی‌و دینی‌و سیاسیانە بۆخۆی کۆبکاتەوە کەبەجۆرێك لەجۆرەکان کەوتونەتە بەرامبەر حکومەتی ئۆردوگان‌و سیاسەتەکانیەوە. لەوانە کەمایەتیە نەتەوەیی‌و ئەتنیکی‌و تائیفیەکانی وەکو ئەرمەنی ‌و ئاسوری‌و عەلەوی‌و بەشێکیش لە چەپەکانی تورکیا. هەدەپە لەم سیاسەتەشیدا حیزبەکەی کردوە بە حیزبی یەکگرتنی نەتەوەو گەل‌و تائیفە جیاوازەکان، بەڵام “نەتەوەی کورد” بەشی سەرەکی بەدەنەو پێکهاتەی حیزبەکەی‌و دەنگدەرەکانی پێکدەهێنن!

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا هەڵبژاردنێکی چارەنوس سازە بۆ سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی توركیا، بە بۆرژوازی کوردیشەوە. رەوتە تەقلیدیەکانی بۆرژوازی تورك، کە زیاتر رەوتە ناسیۆنالیستەکانی تورك‌و پەیڕەوانی کەمالیزم لەخۆ دەگرن‌و بەرهەمی کۆتایی دەسەڵاتی ئەوان هەژاری موتڵەق‌و سەرکوتی سیاسی و بیمافی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی تورکیاو داپڵۆسینی نەتەوەیی دژ بە خەڵکی کوردزمانی ئەو ووڵاتە بوو، ماوەی زیاتر لە یەك دەیەیە لە بەرێوەبردنی ئابوری- سیاسی و پەیکەری دەسەڵاتی تورکیادا کراونەتە دەرەوە. ئەکەپە(AKP) وەکو بزوتنەوەو حیزبێکی بۆرژوازی تورکی بە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی- ناسیۆنالیستیەوە جێگای ئەوانی گرتۆتەوە‌. لەسەر دەستی ئەم حیزبەدا، ئەگەرچی ئاڵوگۆڕێکی ئیجابی بە قازانجی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش‌و ‌بەرینکردنەوەی ئازادیەکان‌و هەڵگرتنی سەرکوت‌و بێمافیەکان رووی نەداوە، بەڵام بنبەستی ئابوریی دەورانی حیزبە ناسیۆنالیستە تەقلیدیەکان گۆڕدرا بۆ بووژانەوەی ئابوری‌‌و دروستکردنی فرسەتی لەبار بۆ گەشەو کەڵەکەی سەرمایەو زیادبوونی قازانج‌و داهاتی چینی بۆرژوازی . بۆیە لەم هەلومەرجەشدا ، کە لە ئاکامی ئاڵوگۆڕە سیاسی‌و ئابوریە جیهانی‌و ناوچەییەکانەوە، رەوتی گەشەی ئابوری تورکیاش سەرەوخواربۆتەوە، بەڵام هێشتا بۆرژوازی تورکی وەکو هێزێکی سیاسی‌ شایستەی حاکمیەت لە ئەکەپە دەڕوانێت‌و ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکەش زۆرینەی دەنگەکان‌و کورسیەکانی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکاتەوە.

هەڵبەتە ئەکەپە بڕوای وایە کە لەرێگای هەرچی زیاتر چڕکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی‌و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیە مەدەنیەکان‌و ئازادیی هەڵسورانی سیاسی‌و تەنگ هەڵچنین بە رێکخراوە کرێکاریەکانەوە دەتوانێ وەڵام بە پێداویستیە سیاسی‌و ئابوریەکانی ئەم دەورەیەی چینی بۆرژوازی لە تورکیا بداتەوە‌و ئەمەش لەرێگای گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی مسۆگەر دەکات. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا ئەکەپە ئەو دەنگە پێویستە بێنێ کە بتوانێ سیستەمی سیاسی تورکیا بۆسیستەمی سەرۆکایەتی بگۆڕێت، ئەوا سەرەڕای ئەوەی هەلومەرجێکی سیاسی‌و ئابوری نالەبارتر بۆ چینی کرێکار سازدەکات، بۆ دەورەیەکی دورودرێژتریش حیزبەکانی دیکەی بۆرژوازی تورك وەکو جەهەپەو مەهەپە لە دەرەوەی دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئایندەی مانەوەی ئەو حیزبانە دروست دەکات. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە حیزبێکی وەکو جەهەپە(CHP) کە میراتگری ناسیۆنالیزمی کەمالیزمە، لەبەرامبەر ئەکەپەدا خۆی لە هەدەپە بەنزیکتر بزانێت‌‌و هەست دەکات بە هاتنی هەدەپە بۆناو پەرلەمان بەرەی خۆ بەرامبەر بە ئەکەپە بەهێزتر دەبێت‌و خەونی ئەکەپە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەژێر چنگی خۆیدا پووچەڵ دەکاتەوە!

بۆ بۆرژوازی کوردو بزوتنەوە سیاسیەکانی لە تورکیا کە تائێستا بەسەر دوو لایەن( ئەکەپەو هەدەپە)دا دابەش بوون، ئەم هەڵبژاردنە پڕ مەترسی‌و هاوکات چارەنوس سازە. هەدەپە ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێ، ئەوکات وەکو تاکە حیزبی موعتەبەری بۆرژوازی کورد لەناو سیستەمی حاکمیەتی دەوڵەتی تورکیادا دەچێتە پای کێشمەکێش‌و دانوسان لەسەر بەشی بۆرژوازی کورد لە دەسەلاتی سیاسی‌و ئابوریدا. بەوجۆرە رەوتێك کە ساڵانێکی زۆرە وەکو هێزێکی سیاسی بۆرژوازی کورد لە کێشمەکێش‌و شەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ئەمجارەیان لەرێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی کورد شەرعیەت وەردەگرێت‌و هەموو ئەو لایەن‌و حیزبانەی دیکەی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی کە لەپاڵ ئەکەپەدا وەستاونەتەوە پاشەکشە پێدەکات‌و کەناریان دەخات‌. بەمەش پەکەکە، بێجگە لە وەرگرتنی شەرعیەتی نوێنەرایەتیکردنی بۆرژوازی کورد لە تورکیادا، لەسەر ئاستی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورددا هەنگاوێك لەبەرامبەر پارتیدا دەچێتەپێشەوە، کە ئێستا هەردوو ئەم هێزە لەسەر وەرگرتنی پۆستی رابەری بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد لە ململانێ‌و کیشمەکێشدان. یەکێتی نیشتمانیش ئومیدەی بەوەیە کە لەپاڵ هاوپەیمانێتی پەکەکەدا، لە کوردستانی عێراقدا تای تەرازوەکەی لەگەڵ پارتیدا راستبێتەوە!

بەمجۆرە ئەوەی لەپرۆسەی هەڵبژاردنی تورکیادا دەگوزەرێت، ئامانجەکەی فروانکردنەوەی ئازادیەکان‌و پێشگرتن بە فاشیزمی ئیسلامی‌و پاراستنی دیموکراسی‌و یەکسانی نێوان ژن و پیاو نیە، بەڵکو شەڕی نێوان باڵە جیاوازەکانی بۆرژوازی تورکیا( کوردو تورك)و هێزە سیاسیەکانیانە بۆ ئارایشدانەوە‌و سازدانەوەی دەسەڵات‌و ئابوری‌ بۆرژوازی و بەش‌و جێگاورێگای هەرکامیانە لەو ئارایشتە نوێیەدا کە هەلومەرجی گۆڕدراوی ناوچەکە‌و گۆڕانکاریە ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکانی تورکیا هێناویەتیە پێشەوە.

٢٥/٥/٢٠١٥

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …