ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی پلنیۆمی هەژدەهەمی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان!

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩/٥/٢٠١٥ بەبەشداری زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەژدەهەمین پلنیۆمی خۆی بەست.سەرەتا پلنیۆم بەدەقیقەیەک ڕاوەستان بۆ ڕێزلێنان لەژیان‌ و خەباتی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادی ‌و سۆسیالیزم‌ و بەسرودی ئەنتەرناسیونال دەستی پێکرد.پاشان گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری پلنیۆم کراو سەرئه‌نجام ئەم بەندانەی خوارەوە وەک بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان دیاریکران:

١/ راپۆرتی دەورەیی کارو هەڵسورانی ئۆرگانەکانی حزب.

٢/ بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان.

٣/ هەڵبژاردنی دەستەی ئەمینداران( هه‌یئەتی ئومەنا)ی حیزب.

٤/بارودۆخی دارایی حزب .

٥/ هەڵبژاردن.

لەبەندی ڕاپۆرتی کاروچالاکیەکانی حزبدا، سەرەتا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی لەقسەوباسێکدا جگەلە خستنەرووی لایەنە سەرەکیەکانی ئەم دەورەیەی کارو هەڵوسورانی ڕێکخستنەکان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و باقی ئۆرگانە ڕابەریەکانی حزب، هاوکات پەنجەی خستەسەر خاڵە بەهێزو لاوازەکانی هەڵسورانی حزب و ئەو بەربەستە سیاسی‌ و کۆمەڵایەتیانەی دەستنیشانکرد کەلەبەردەم پێشڕەوی و فراوانبوونەوەی هەڵسورانی حزبدان، پاشان قسەوباس و سەرنجدانی هەریەک لەئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر راپۆرتەکان و کاری ئۆرگانەکان تەوەرەی بەست و بەگشتی هەموان تەئکیدیان لەسەر پێویستی ڕاوەستان و بەدەستەوەگرتنی ستراتیژی حزب و خەتێکی سیاسی و فکری جیاواز کردەوە کەکۆنگرەی چوارەم وەک ئاسوی کار پەسەندی کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، وردکردنەوەی ئەولەویاتەکانی هەر دەورەیەک‌ و دیاریکردنی کەمپین و پڕۆژە سیاسیەکان‌ و ئاراستەکردنی هێزەکانی حزب بەدەوریاندا، خالێک بوو کەقسەوباسەکانی پلنیۆم لەسەری تەوەرەیان بەست. لەکۆتایشدا پلنیۆم لەبارەی میکانیزمەکانی هەڵسورانی کۆمەلایەتی حزب و ئالوگۆر پێدانی شێوازی کاری رابەری و ئۆرگانەکان و سیستەمی چاودێری و ڕاپەراندنی کاری حزبیان لەدووتوێی پەسەندکردنی چەند بڕیار و هەنگاوێکدا پەسەندکرد.

لەبەندی بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا، هاوڕی عوسمانی حاجی مارف بەوتەیەک باسەکەی کردەوە و تیایدا، ئاماژەی بەدوا گۆرانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی ئیستای کوردستان، لەبەر ڕۆشنایی بلۆکبەندیە سیاسیە جیهانیەکان‌ و ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەکە و درێژەکێشانی جەنگی داعش کرد و ئاکامە زیانبارەکانی ئەم دۆخەی لەسەر هەلومەرجی ژیان و کاری کرێکاران‌ و زەحمەتکێشان‌ و سەرجەم کۆمەڵگا خستەروو، هاوڕی عوسمان لەدرێژەی قسەکانیدا، وێرای ئاماژەدان بە مەترسیەکان‌ و ڕەوەندە سیاسیە سەرەکیەکانی ئەم قۆناغە تەئکیدی لەهێنانەمەیدانی کرێکاران ‌و جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، وەک تەنها فاکتۆرێکی بریاردەر کردەوە بۆ بەلاداخستنی هەلومەرجی ئێستا و کۆتایی هێنان بەجەنگی داعش‌ و ئەو گێژاوە سیاسی و بێدەرەتانیە ئابوریەی کەکۆمەڵگای کوردستانی پیا تێپەردەبێ. دواتر قسەوباسەکانی پلنیۆم ئەو بنبەستە سیاسیەی کەئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد چ لەبەڕیوەبردنی کۆمەڵگاو چ لەکێشمەکێشی نێوانیان‌ و چ لەبەرامبەر داعش ‌و دەوڵەتی مەرکەزیدا تێیکەوتوە، بەخاڵێکی مەرکەزی بۆ خستنەرووی دەستبەجێی ڕێگا چارەیەکی شۆڕشگێرانە کەبەهۆیەوە کۆمەڵگای کوردستان لەم هەلومەرجە دەربێنێ دەستنیشانکرد.پلنیۆم زەرورەتی خەباتی لێبڕاوانەی بۆ پاکردنەوەی داعش لەناوچەکە و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە گێژاو و ناجێگیری سیاسی کە لەئاکامی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی بۆرژواز ناسیۆنالستی کوردەوە بەسەر کوردستاندا سەپاوە‌ و بەربەستێکە لەسەر ڕێگا گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار و بەدیهێنانی ئازادی‌ و یەکسانی و ژیانێکی باشتر، وەکو یەکێك لە کارە هەرە گرنگەکانی دەورەی داهاتوی هەڵسوڕانی خۆی دیاریکرد.

لەکۆتایشدا پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد کەبەیاننامەیەکی سیاسی بڵاوبکاتەوە و تێیدا لێکدانەوە و ڕێگاچارەی حزب لەبەرامبەر هەلومەرجەکانی ئێستا بەڕای گشتی خەڵكی کوردستان بگەێنێ.

لەبەندی تایبەت بە دەستەی ئەمینداران(هەیئەی ئومەنا)دا، پلنیۆم بۆ پەیگیری لەبڕیاری کۆنگرەی چوارەم، ناوی لیستێکی لەکادرانی بەئەزمونی حزب بۆ ئەندامێتی لە دەستەی ئەمیندارانی حیزبدا پەسەندکرد، کەساڵانێکی زۆرە لەئۆرگانە ڕابەریەکانی حزبدا کاریان کردووە، و چۆنیەتی ڕاگایاندنەکەشی بەمەکتەبی سیاسی سپارد.

لەبەندی تەرخانکراو بۆ بارودۆخی دارایی حزبدا، پلنیۆم بەدوای چاوخشاندنەوە بەڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و سەرجەم داهات‌ و خەرجیەکاندا، لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردن‌ و باشترکردنی باوردۆخی دارایی حیزب قسەوباسی کرد و ئەو هەنگاوانەی دیاریکرد کەبەهۆیەوە دابینکردنی بودجەی مانگانەی حزب دابین دەکات.لەمبارەوە پلنیۆم ئەو بڕیارانەی پەسەندکرد کەلەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشنیارکرابوون.

دوا بەندی باسەکانی پلنیۆم کەبریتی بوو لەهەڵبژاردنی سکرتێر و جێگری سکرتێڕی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی تازە، پلنیۆم بەتێگرای دەنگ هاوڕێیان عوسمانی حاجی مارف و موحسن کەریمی وەکو سکرتێر و جێگری سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژاردەوە‌. هەروەها هاورێیان حسین ساڵح، بەهار مونزیر و عرفان کەریم وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دوبارە هەڵبژێردرانەوە.پلنیۆمی هەژدەهەمی کۆمیتەی ناوەندی بەدوای ڕۆژێک لەقسەو باسی چروپر و هەمەلایەنە لەسەر سیاسەت‌ و جیهەتگیری ولایەنەکانی هەڵسورانی حزب، بەسرودی ئەنتەرناسیوناڵ کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

کۆمیته‌ی ناوه‌ندی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣٠/٥/٢٠١٥

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …