لە پەراوێزی روداوەکانی پەرلەماندا…

عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com                                                         

روداوەکانی ئەم چەند رۆژەو رۆژانی داهاتوو، دەشێ جارێکی تر خێڵێکی بەرین لە نووسەر و سیاسی و لێکۆڵەری بێ بەهاو موچەخۆر، تەکان بدات. هەرەشەکانی پارتی و کۆبونەوەی پەرلەمان! ژێر چاودێری تورکیاو ئێران و وڵاتانی تر، جارێکی تر ئەو راستیە نیشان ئەدات کە پەرلەمانی کوردستان هیچ نییە جگە لە کاریکاتۆرێکی بێ مۆراڵی سوک وەکو ئەنجومەنی نیشتمانی بەعسی جاران و ئەندام پەرلەمانەکانیشی هاوشێوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی رژێمی بەعس، گوێ لەمست وهیچکارە و بێ کاریگەرن. پەرلەمانی کوردستان ئەگەر دەستور و سەدان یاساش دەربکات و هەموار بکات، بە هیچ شوێنێک ناگات و بەهای یاسایی و حقوقی نییە. چونکە هیچ لەوە سادەتر نییە، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان کە پشتی بە زۆری هێزو چەک و پشتیوانی دەرەکی و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بەستووە، نە لە رێگای هەڵبژاردن و نە لەکایەی ناو پەرلەماندا، ناتوانرێت وەلابنرێت و دەستی کورت بکرێتەوە، یان ناچار بکرێت مل بە یاسا و راسپاردەکانی پەرلەمان بدات. دەیان هەڵبژاردنی ترو چەندین خولی تری پەرلەمان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی پشت بەستو بەچەک و هێز، لە نەبوونی حکومەتێکی سەراسەریدا و لە نەبوونی قەوارەیەکی دەوڵەتیدا… ناتوانێ بە ئەندازەی خرۆشانێکی وەکو ١٧ شوباتی ٢٠١١ دەسەڵات بهێنێتە لەرزە و ناچاری ملدان بەخواستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی یان چاکسازی بدات. لەوەش زیاتر پەرلەمان لەدۆخی سیاسی کوردستاندا هەرگیز ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە بکات و دەستی حزبی قاعید و حزبی خاوەن چەک و میلیشیا ببەستێت. کوردستان هێشتا پاوانی دەسەڵاتی حزبی و دووئیدارەییە. ‌هێنانە گۆری پرسی ده‌ستور و سەرۆکایەتی هەرێم! لە لایه‌ن حزبە سیاسیەکانی کوردستانه‌وه‌ تەنها و تەنها کیبەرکێیەکی و سیاسی و حزبییە لە پێناو هەیمەنەی سیاسی زۆرتر و دوورو نزیک پەیوەندی بەوەڵام دانەوە بە بۆشایی حقوقی و یاسایی و وەڵامێکی کارسازی سیاسیەوە، نییە.

کۆمەڵگای کوردستان بەجیا لە سەدان گرفتی کەمەرشکێنی وەکو بیکاری و برسێتی و گرانی و بێ خزمەتگوزاری هەمە لایەنە، هاوکات دەرگیری گرفتێکی زۆر بناغەیی و گەورەیە کە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسی سەرەکیەتی، ئەویش گرێدانەوەی فیدرالیانەی کوردستانە بەدەسەڵاتی ئیسلامی- قەومی عێراقەوە، کە بۆتە مایەی خوڵقاندنی گرفتی زۆر گەورەتری ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و حقوقی. ئەم دۆخەش بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی و زۆری چەک بەسەر سەری خەڵکی کوردستاندا.

گەمەی ناو پەرلەمان و ململانێی حزبیان، بە دەستور و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەیشەوە، هیچ پەیوەندیەکی بە باشکردنی باش بژێوی خەڵک بەرینکردنەوەی ئازادییەکان و مل دان بە مافە فەردی و مەدەنیەکان و وەڵامدانەوە بە پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستانەوە، نییە. بوونی دەستور لەعێراقدا، چۆن نەیتوانی هیچ دەردیك تیمار بکات، ئاواش لەهەلومەرجی ئیستای کوردستاندا، چ دەستور و چ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، ناتوانێ هیچ لە هەلومەرجی باو، بگۆڕێت. ئەم دۆخە پێویستی بەوەڵامی دەستبەجێ و کارساز وریشەیی لەلایەن بەرەی چەپ و ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازی کوردستانەوە هەیە، نەک پەرلەمانێکی بێ بەهاو پوچ و حزب گەلێکی خۆشخزمەت بە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و تاسەر مۆخ دواکەوتوو.

23-6-2015

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …