روونکردنەوەیەك سەبارەت بەدوایین ئاڵوگۆڕەکانی کەیسی تیرۆری پێنج کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کە لە ١٤/٧/٢٠٠٠دا لایەن یەکێتی نیشتمانیەوە تیرۆرکران

ڕۆژی ١٤/٧/٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی لە پەلامارێکی چەکدارانەدا بۆسەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە شاری سلێمانی (٥) کادری حیزبی تیرۆرکرد. ئەم کەیسە بەبێ لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوە مایەوە بەبیانووی ئەوەی کە گوایە حیزب مۆڵەتی هەڵسورانی یاسایی نیە، تا دوای روداوەکانی ١٧ی شوبات، کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەوری شایستەی تێدا بینی و حکومەتی هەرێم ناچاربوو مۆڵەتی کارکردن بۆ حیزب بەرەسمی بناسێت. دوای ئەوە حیزب لە مانگی ئابی ٢٠١١دا لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی سکاڵانامەی لەسەر سەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتی نیشتمانی تۆمارکرد. بەڵام دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی داوای بەڵگەی یاسایی لێدەکردین بۆ سەلماندنی تاوانەکە. ئەوەبوو لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو سەلماندنی تاوانەکەو ئامادەکردنی بەڵگە یاساییەکاندا روبەرووی چەند گرفتێک بوینەوە، گرنگترینیان سەلماندنی دۆسیەی مردنی هاورێیانی گیان بەختکردوو بوو کە داوایەکی سەرەکی دادوەری ئاسایشی سلێمانی بوو، چونکە ئەوانەی بەتاوانەکە هەستابوون‌ لەگەڵ ئاسایشی ئەو کاتەی سلێمانی هەموو ئەو دۆسیانەی لە پزیشکی دادوەری(‌طب العدلي) پەیوەست بوون بە مردنی ئەو هاورێیانەوە لەناویان بردبوون و ناوی ئەو هاورێیانە لە پزیشکی دادوەری تۆمار نەکرابوون!

سەلماندنی مردنی ئەو هاورێیانە بۆ ئێمە کارێکی سەخت بوو،هەرچەندە ئەو تاوانە بە رۆژی روناک و بە ئاشکراو بەبەرچاوی خەڵکەوە جێبەجێکراوە و لە مێژووی تاوانەکانی ئەو کاتەی سەرکردایەتی یەکیتیدا ناتوانرێت نکوڵی لێبکرێت، بەڵام بەداخەوە دادوەری ئاسایشی سلێمانی پەیداکردنی بەلگەنامەی مردنی هاورێیانی کردە مەرجی بەدواداچونی لێکۆڵینەوە لە تاوانی ١٤/٧/٢٠٠٠!

بەڵام ئێمە پێداگریمان کرد لەسەر کەیسەکە کردو هەوڵی جدیمان دا بۆ بەدواداچون‌و پەیداکردنی بەڵگەکان. سەرەنجام دوای دوو ساڵ لە هەوڵ و گەڕان‌و پەیداکردنی زانیاری پیویست، تیمێکی هاوبەشی حیزب‌و ئاسایش‌و شارەوانی سلێمانی و پزیشکی دادوەری، بەڵگەی مردنی هاورێیانمان ئامادەکردو لە گەڵ تەواوی ئامادەکاریەکانی سەلماندنی تاوانی ١٤/٧خرایە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوە. بەمجۆرە هەموو ئەو کارانەی پێویست بوون بۆبەدواداچون و لێکۆڵینەوەکان کە لە باری یاساییەو پێویستن، لەلایەن حزبی کۆمۆنستی کرێکاریەوە تەواوکراو پێشکەشی دادگای لێکۆڵینەوە کرا. ئیتر دەبوایە دادگای لێکۆڵینەوە ئەو کەسانەی داواکەیان لەسەر تۆمارکراوە بانگ بکات بۆ لێکۆڵینەوە. بەڵام بۆماوەی نزیکەی ساڵێك شکاتنامەکەی حیزب‌و بەڵگەو دۆسیەکان کە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر کرابوون، بەبێ هۆ راگیران‌و کەیسەکە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و دادوەری ئاسایشی سلێمانیدا مایەوە.

دوای چەندینجار لێپرسینەوەو بەدواداچوون ‌و دەستی دەستی پێکردن‌و خەواندنی کەیسەکە، سەرەنجام لەسەرەتای ئەمساڵدا دووبارە دادوەری لێکۆڵینەوە لەرێگای بنکەی پۆلیسی بەختیاریەوە چەند داوایەکی دیکەی خستە بەردەممان و ئێمەش وەڵامی داواکانیانمان دایەوە. لەهەمانکاتدا ئەوەیان پێراگەیاندین کە لە زووترین کاتدا نوێنەری حزب و کەسی بەرپرس لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری پێکەوە دەچنە شوێنی روداوی تاوانەکە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە تاوانەکە، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیاندنە کە نزیکەی حەوت مانگ دەبێت، سەرباری ئەوەی لەلایەن حیزبەوە چەندینجار پەیوەندیان پێوەکراوە، بەڵام بنکەی پۆلیسی بەختیاری پەیوەندییان نەکردووەو دادوەریش لێپرسینەوەو بەدواداچونی لەسەر ئەم مەسەلەیە نەکردووە!

ئەم تاوانە لەرۆژی ١٤/٧/٢٠٠٠ بە ئاشکراو بە رۆژی رووناک و بەبەرچاوی خەڵکەوە ئەنجام درا. لەهەمانکاتدا بەشێکی زۆر لە راگەیاندن ومیدیاکانی کوردستان باسیان کردوەو یەکێتی نیشتمانیش بۆخۆی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دانی پێداناوەو تەنانەت شایەتیان لە سەر جێبەجێکارانی ئەو تاوانە داوە؛ واتە لەباری یاساییەوە بەجیا لە بەڵگەکانی ئێمە، ئەو تاوانە ئاشکرایەو سەلمێندراوە، بەڵام دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی‌و دەزگا پەیوەندیدارەکان هێشتا خۆیان لەم کەیسە دەدزنەوەو دەیانەوێ فەرامۆشی بکەن! ئەم کەیسەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لەژێرسایەی دەسەڵاتی حزبی میلیشیاییدا نە دادگا سەربەخۆیەو نەخەبەرێك لە دادپەوەری هەیەو نە دەتوانن تاوانباران بانگ بکەن بۆ لێکۆڵینەوەو دادگاییان بکەن. بەڵام ئێمە لەسەر کەیسی هاورێیانی تیرۆرکراومان لە ١٤/٧/٢٠٠٠دا بەردەوام دەبین‌. ئەو کەیسە لای ئێمەوە بەکراوەیی دەمێنێتەوەو حیزب دەستبەرداری ئەو پرسە نابێ تا بەشێوەیەکی عادیلانە یەکلایی نەکاتەوە.

سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٤/٧/٢٠١٥

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …