پاراستنی دانیشتوانی کوردستان لە مەترسی شەری ناوخۆو دابینکردنی ئایندەیەکی رووناك، هاتنە مەیدانی هێزی جەماوەری و دابینکردنی دەسەڵاتی شوراکانە!

بانگەوازێک بۆ خەڵکی کوردستان:

جەماوەری خەڵکی کوردستان،

کرێکاران، زەحمەتکێشان، ئازادیخوازان !

توندبوونەوەی کێشەی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی بنکە فراوان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم کە رەنگدانەوەی شکست و بنبەستی سیاسی‌و قەیرانی حکومەتی‌و دابەشبوونیانە بەسەر کێشمەکێش و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئاسۆیەکی مەترسیدار دەخەنە پێش کۆمەلگای کوردستانەوە. ئەو حیزبانەی کە وایان رادەگەیاند پێکەوە خۆشگوزەرانی‌و ئارامی بۆ خەڵك دابین دەکەن، ئێستا لەناو گێژاوی بنبەستی دەسەلاتەکەیاندا گیریان خواردوەو لەئاست وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی خەڵك بێ وەڵام ودەستەوەستان و بێدەربەستن. سەرەڕای ئەوەش ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی‌‌ لەئارادایەو سێبەری خلیسکانی بارودۆخەکە بۆناو شەڕێکی ناوخۆ بەسەر سەری خەڵکەوە دەسوڕێتەوە!

ململانێ و کێشمەکێشی نێوان ئەو هێزانەو بێدەربەستیان بەرامبەر کێشکردنی کۆمەڵگا بۆناو شەڕو کارەسات، هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە نەبوەو نیە، بەڵكو بۆقۆرخکردن و دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات‌و سامانی کۆمەڵگایە لەنێوان خۆیاندا. شەڕی هێشتنەوە یان بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوریە بۆخۆیان. بۆیە تەنها رێگایەك کە لەبەردەم خەڵکدا ماوەتەوە ئەوەیە کە:

1- پێویستە جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کوردستان دژ بە پڕوپاگەندەی شەڕخوازانەو نابەرپرسانەی ئەو لایەنانە بێنە مەیدان و بەشێوازی جۆراوجۆری نارەزایەتی گشتی‌و جەماوەری رێگا لەبەردەم سەرەڕۆیی ئەو هێزانە دابخەن و لێیان قبوڵ نەکەن کوردستان بەرەو شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی پاڵپێوەبنێن. دەبێ پێیان بڵێن کە رێگاتان نادەین ماڵ و حاڵمان بکەن بە مەیدانی جەنگی قازانج پەرستانەتان.

2- هاوکات لەپاڵ بەرێخستنی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەدا دژی شەڕ، دەبێ خەڵك لە گەڕەکەکەکان و ناوەندەکانی کارو دامەزراوە گشتیەکان شوراو ئەنجومەنەکانی خۆیان دابمەزرێنن بۆئەوەی خۆیان لە خوارەوە پراتیکی دەسەڵاتی خۆیان بکەن. حکومەتی بنکە فراوانی بۆرژوازی کورد بە شکست و بنبەست گەیشتوە. بۆیە تەنها رێگایەك کە بۆ خەڵك مابێتەوە، ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی راستەوخۆیان بێنێتە مەیدان‌و هەڵسوڕاوان و تێکۆشەران‌و رابەرانی جەماوەری‌دەست بدەنە کاری رێکخستنی خەڵك لە شوراو ئەنجومەنەکانیاندا. لە ڕێگەی ئەو شوراو ئەنجومەنانەوە نوینەرانی راستەقینەو دڵسۆزی خۆیان هەڵبژێرن و ئیدارەی دامەزراوەکان‌و شارو شارۆچکەکان‌ بگرنە دەست‌ خۆیان. بەوجۆرە خۆیان راستەوخۆ دەست بدەنە پاکردنەوەی گەندەڵی‌و تاڵانکردنی داهاتی خەڵك لەلایەن مافیاو مشەخۆرەکانەوە، خۆیان هەنگاوبنێن بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاوو کارەباو جادەوبان‌و دابینکردنی کارو مووچەو ژیان و گوزەرانی هاوچەرخ و شایستە بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان. خۆپیشاندان و نارەزایەتیە جەماوەریەکانی شارەکانی ناوەراست‌و باشوری عێراق و بەغدای پایتەخت لەپێناو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان‌و باشکردنی ژیان‌و گوزەرانیان‌و لەدژی مافیاکانی دەسەڵات، نمونەیەکی پڕئەزمونی گرنگە کە خەڵکی زەحمەتکێش‌و کەمدەرامەت‌و ئازادیخوازی کوردستان دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن.

بۆپیشەوە بەرەو بەرێکەوتنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری دژی شەڕو شەڕخوازی ئەحزابی بۆرژوازی کورد

بۆ پێشەوە بەرەو دامەزراندنی ئەنجومەن‌و شوراکان‌و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری!

حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان

١٦/٨/٢٠١٥

 

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …