“بخنکێم باشترە”..!

“بخنکێم باشترە” قسەی لاوێکە لە یەکێک لە مۆلەکانی شاری سلێمانی. لاوێک بەڵام گومانم نیە لەوەی کە ئەم ڕستە پڕمانایە قسەی زۆربەی زۆری لاوانی کوردوستان بێت. پڕمانا ئەگەر چی نەگەتیڤ بەلام باسی من لێرەدا باس نیە لەسەر لایەنی نەگەتیڤی ئەم ڕستەیە. ” بخنکێم باشترە” یا”بمرم باشترە” یان” مردن لەوە زیاتر”…. “ناگەڕێمەوە!”…. “سەد جاری تریش دیپۆرتم کەن هەر دەڕۆمەوە”…..ئەمانەو هەزارەها ڕستەو ووشە کە نیشانەی بێ ئومێدی یە : بە “ووڵاتی خۆ” ، “نەتەوەیی خۆ”،” ئاینی خۆ”، “سەرۆک” و “حیزبە دەسەلاتدارو ئۆپۆزیسیۆنە هاوزمانە هارەکانی خۆ” نەک لە کوردوستان بەڵکو لە سوریاو لیبیاو زۆربەی ووڵاتانی ئەفەریقاو ئاسیادا…بێ ئومێدی بەلام ڕەخنەیەکی قوڵیشە لە: داب نەریتی نەتەوەو ئاینی “خۆ” لە دەستورویاسای “خۆ” لە زوڵم ونەبونی وسەرکوتی سیاسی و روحی و فکری ووڵآت ونەتەوەی “خۆ”، لەسەرۆک و حزب وئەحزابی دەسەڵاتداری”خۆماڵی”، لە هەژاری و نەبونی وبێکاری ووڵاتی “خۆ”…. شەپۆلی ئەمجارەی “کۆچ”…. گەورەترین شەپۆلی کۆچکردنە لە مێژووی هاوچەرخدا. ساڵی ١٩٩١ ئەوە کوردوستانی عێراق بوو ئاوارە بوو… ئاوارەبوو وە ڕۆشن بوو کە زۆربەی هەرە زۆری دەگەرێتەوە بۆ شوێنی خۆی…. شەپۆلی ئەمجارە دەتوانین بڵێین جیهانی یە و لایەنی کەم ژمارەی دانیشتوانی ووڵاتانی هەناردەی کۆچ کەمدەکاتەوەو  رێژەی دانیشتوانی ووڵاتانی ئەوروپایش دەگۆڕێت.  شەپۆلەکانی کۆچ لە کوردوستانەکانی سوریاو عێراق، عێراق و سوریا، لیبیا، ئەفغانستان و میانمارو پاکستان و… ژمارەیەکی زۆریش لە ووڵاتانی ئەفەریقایی وەک مالی و باشوری سودان و نیجیریا و کۆماری کۆنگۆی دیموکراسی و کۆماری ئەفەریقای ناوەراست وصۆمال….لە ئەوروپا ئۆکرانیا….. هەموو ئەو ووڵات و ناوچانە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە کۆچێک کە بورژوایی و دەسەڵاتداران ناویان ناوە کٶچی شەرعی” گرێبەستی کار” یان ” کۆچی نیو بازنەی یەکێتی ئەوروپا”و لێرەدا واز لە ئەمریکای باشور دەهێنین…..هەموو ئەم ئینسانە کٶچکردوانە لە پاڵ یەکدا لە گەرەگێک، کارگەیەک، بەندەریک، کەمپیکدا پێدەچێت ئەلگۆیەکی دیکە لە ژیان دەست پێ بکەن کە لە وانەیە مۆرکی نەتەوەو ئاین و زمانی هیج کام لە وولات و ناوچەو نەتەوەو ئاینەکانی پێشویان نەبێت. دەڵێن خنکانی “ئیلان”ی تەمەن سێ ساڵ ئەم مەسەلەی گەورە کرد ویژدانی ئەوروپای گۆڕی… دەڵین خنکانی ‘ئیلان” وەک قوربانیەک بوە هۆی دەرگا کرانەوەی ئەوروپا بە ڕووی ئاوارەکاندا!!… بێگومان خنکانی ئیلان وەک ئینسانێکی بچوک وەک منداڵیک ویژدانی هەر ئینسانێک بەتوندی ئازار دەدات. خنکانی ئیلان کەڵەکەبونی موعانات وکارەساتەکان لە ناوچەکانی ئێمەدا نیشان دەدات. بەڵام لە پشت هەرا نانەوەی میدیا و ووڵاتانی ئەوروپایی و بیریارە نەتەوە- ئیسلام پەرستەکانی جیهانی عەرەب و نوسەرانی جیهانی و ماس میدیاو نیو میدیاوە مەسەلەیەک هەیە گەڵیک گەورەترە لە باسی ” ئینسانی” ئەم جەنابانەو بورژوایی جیهانی بەگشتی، باسی ئینسانی بەزمانی ئۆرێلی هەمیشە لە پشتیەوە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکان خۆیان مەڵاسداوە… هێنانە پێشەوەی “ئیلان” وەک مەسەلەیەکی ئینسانی و گدیکەدانی ویژدانی مێرکل وئۆباماو کامیرۆن…. پێش هەر شتێک شاردنەوەی سیاسەت و کاولکاری ومالوێرانیەکە لە پشت ئەم ئاوارەیی و کۆچەوە هەیە. ئەوان باش دەزانن ئەوە ئەنجامی سیاسەت و جەنگ و کرداری ئابوری ئەوانە کە ئەم خەڵکە سەرگەردان و مالوێران بوە، پیویستیان بە خنکانی “ئیلانێک” هەبوو کە ئەو سیاسەتەی چەند ساڵەی خۆیانی پێ بشآرنەوە ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. بەڵام ئیلان تەنها یەک پەردەی تەنک بوو، یان تەنکە، رۆژێک، هەفتەیەک یان زیاتر لەوانیە بڕ بکات و خەڵکی پێ لە خشتە ببرێت بەهۆی تۆپخانەکانی میدیاوە بەکورتی بەهۆی میدیای بێهۆشکەرەوە، بەلام هەموو کەس دەزانێت لەعێراق ، سوریا، لیبیا، یەمەن و صۆمال….. رۆژانە دەیان “ئیلان” دەکەونە ژیر خانوی ڕوخاوەوە و دەکوژرین… بەڵام هەوالیان نابیستین !! دەلێن کۆچی ئەمجارە بەهۆی “جەنگەکانەوەیە” لە سوریاو عێراق و لیبیاو یەمەن و …..ئەمە ڕاستیەکی تێدایە چونکە جەنگ مالوێرانکردن و کوشتن و ڕوخانی ژێرخانی ئابوری یەو حەتمەن دەبێتە هۆی ئاوارەبون و کۆچکردن، بەڵام نەک هەموو ڕاستیەکان نیە بەڵکو ناوەڕۆکی ڕاستیەکان دەشیوێنێت. جەنگ پێش ئەوەی هۆکار بێت، ئەنجامەو دواتر دەبێتە هۆکار. ٨ ساڵ جەنگی نیوان عێراق و ئێران بوو، کەمترین کەس لە عێراق چوە دەرەوە، ٥ ساڵە جەنگە لە سوریا بەلام شەپۆلە گەورەکە ئێستا دەست پێدەکات بەرەو ئەوروپا!

بێ ئومێدی لە تۆپکەدا!

خەڵک ناوچەی ڕۆژهەڵآتی ناوەراست و ووڵاتانی ئەفەریقا…. زۆربەی ئەو ووڵاتانەی کە ” بەهاری عەرەبی” ڕویتێکردن، لە سایەی سیستەم گەلێکی دەسەڵاتداری بورژوایی نەتەوەیی و ئۆپوزیسیۆنێکی ئیسلامی سیاسی دا ژیانیان دەگوزەراندو دەیگوزەرێنن تا ئێستا. لەسایەی هەلومەرجێکی داخراو ودواکەوتوی سیاسی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و دابونەریتێکی ئاخنراو بە ئیسلام و بە خێل و عەشیرەت، دوبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم هەلومەرجە وەک ئەرکێکی دەسەڵآتی سیاسی، هەمیشە خەڵک لە مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەلایەتی یەکان بێ بەش بوون. هەمیشە توێژی لاوان لە هیواو داواکارییەکانی تەمەنی لاوی بێ بەش بوون، هەمیشە بە هۆی دەسەڵاتی بورژوایی ژیر دەستەی ئیمپریالیزمەوە خەڵک لە هەژاری دا ژیاوە و موچەی کەم بوە، مافەکانی ڕیکخستن و پێکهێنانی ئەحزابی سیاسی و سەندیکاو رێکخراوەکانی لێ قەدەغە کراوە…. ئیسلامی سیاسی دواکەوتویی و کۆنەپەرستی لە کۆمەلدا قوڵتر کردۆتەوە کاتێک کە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا بوە وەک لە میسر یان دواتر و لەگەڵ روداوەکانی ” بەهاری عەرەبی”دا ئیسلامی سیاسی وەک کارکتەری سەرەکی ئەم بەهارە خۆی نیشانداوەو دەدات….لێرەوە ئیتر تەنها باسی فەرهەنگ و فکرو داب و نەریتی دواکەوتوو کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی نییە بە شێوەیەکی گشتی بەڵکو باسەکەی دەبێتە هەڵخستنی قەسابخانەیەک بۆ کۆمەلگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە سایەی دیموکراتی تیرۆردا: ئەمەریکاو ووڵاتانی رۆژئاوا سیاسەت و شێوازی کاریان بۆ دوبارە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، لەسەر پایەی دیموکراسی نیولیبڕال، جگە لەتیرۆر وتیرۆریزم ‌هیچی دیکەیان بە دەستەوە نەبوە وە نییە. لێرەوە ئیسلامی سیاسی دەبێتە پاڵەوانی “بەهاری عەرەبی” و قوڕەکە خەستر دەبێتەوە.

سیاسەتی “بەهاری عەرەبی” پرۆژەیەکی سیاسی و ئیستراتیژی ئەمەریکایە بۆ دوبارە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە، لەڕێگای هاریکاری و کۆمەک بە ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتی تائیفەی “سوننی” بە هەموو باڵە جیاوازەکانیەوە لە ئیخوانەوە تا دەگاتە غەنوشی یەکان و تا تیرۆریستە ئاشکراکانی داعش و نەسڕەو ئەحراری شام و بەرەی فەتح و…..  و جیخستنیان لە دەسەڵاتدا…. ئەم پرۆژەیە فەشەل دەهەنێت بە ڕوخانی ئیخوان لە میسر. لێرەوە تاکە ئەلتەرناتڤی ئەمەریکا لە دوایەوە بەریتانیا وفەرەنسا تەنها رەوتی ئیسڵآمی سیاسی تیرۆریستە بۆ بە جێگەیاندنی ئامانجەکەی لیرەوە داعش پێکدێت و گەورە دەبێت و نەسرە گەورەو فراوان دەبێت و تیرۆر لە هەموو ناوچەکەدا کڵپە دەکات و سوریا دەبێتە ئەو شوێنەی کە بڕیارە مەلەفە جیهانیەکانی تێدا یەکلابکرێتەوە. بەڵام پڕۆژەی سیاسی بەهۆی تیرۆرەوە بن بەست دەبێت و فەشەل دەهێنیت، بەتایبەتی لە سوریادا، هەم لە کۆبانی هەم لە سوریادا بە هەموو شارەکانیەوە، فەشەل دەهێنێت بەو مانایەی چارەنوست سیاسی ئەم ڕەوتانە هەر ئێستا ڕٶشنە کە بەرەو ئاوا بون دەڕوات. سوریا سەنتەری ڕوبەڕوبونەوەی دوو ئاراستەی سیاسی و دوو ئیستراتیژی جیاوازی جیهانی بوو، ئێستاشی لە گەڵدا بێت. لەم ساتە وەختەوە، هەموو پرۆژەکان، ئامانجەکان و هیواکان لای زۆربەی هەرەزۆری خالکی ناوچەکە، مایەپوچ دەبن و تەواوی وەهمەکان بە دیموکراسی ئەمریکی و موژدەکان بن بەستی خۆیان لەڕێگای تیرۆرەوە ڕادەگەیەنن. کەڵەکەبونی بێ هیوایی، نەبونی و هەژاری و بێکاری، کوشتن وسەربڕین، خواردنی ناسکی ئینسان…..دەرتۆقانی کۆنەپەرستی لەهەموو ئاستەکانی دەسەڵاتداری و داب ونەریت و ئەخلاقی و فەرهەنگی و گەندەڵیەکی لغاو بەربودا و پێکەوە فەشەل و بن بەستی کۆی سیاسەتی ئەمەریکاو ئامانجەکانی نیشان دەدات ولەهەمان کاتدا دیاردەی کۆچ دەگەیەنێتە لوتکە و دەیکاتە نمایشێکی جیهانی و گەڕان بە دوای ژیانێکی نوێدا و توڕهەڵدانی ” نیشتمان” و “سەرۆک” و “دین”….دیاردەی جیهانی کۆچی ئێستا و لیدان لە شەپۆلەکانی دەریا و هەلبژاردنی دوالیزمی ” خنکان و کۆچ”… پێش هەر شتێک سەرەتای  کۆتایی هاتنی قۆناغێکی مێژووی نیشان دەدات. قۆناغێک کە ئامانج و ئیستراتیژییە جیاوازەکانی ئەمەریکاو ووڵاتانی بەریتانیاو فەرەنسا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا تورکیاو قەتەرو سعودیە بە بن بەستی کۆتایی خۆی دەگات.

بن بەستی سیاسەتی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، لە باری عەمەلیەوە بۆ خەڵکی سوریا بوەکۆچێکی گەورە، بن بەستی دابینکردنی” ناوچەکانی دژە فڕین” و” پشتێنەی ئەمنی” و هەروەها دەخاڵەتی سەبازی لە سوریادا…. کە ٥ ساڵە ئەمەریکاو تورکیاو ئیسلامی سیاسی تیرۆریست دەیدەن بە گۆیی خەلكی ئاوارەو کەمپەکانی نێو تورکیاو دەرەوەی تورکیادا، و مژدەی رزگاربونیان بۆ ڕادەگەیاندن لە چنگ نیزامی ئەسەد…. لە باری عەمەلیەوە فەشەلێکی ئاوەها گەورەی سیاسی بۆ تورکیا دەبێتە پالنەرێک بۆ دەرگا کردنەوە بە ڕووی ئاوارەکاندا وە ک سیاسەتێکیش بۆ غەرق کردنی ئەوروپا بە پەنابەر، بە مانایەک پەرچەکردارێکی تورکیایە لە بەرانبەر فەشەلی ئەمەریکی و ئەوروپیدا….. لە لیبیاش تا ئێستا کێشەی نێوان ئیسلامی سیاسی تیرۆریست و ئەوەی پێی دەلێن حکومەتی “شەرعی” کۆتای نەهاتوە. ئەوروپا بە ڕٶشنی پشتی تیرۆریزمی گرتوە لەم هاوکێشەیەدا….ئەم هەلومەرجە گاپێکی گەورەی پێکهێناوە بۆ تٶرە تیرۆریستەکان ومافیاییەکان و قاچاغچیەکان بۆ بازرگانیکردن بە ناردنە دەرەوەو هەروەها بە بەشەرەوە بە جیا لەوەی کە ڕێگای کردۆتەوە بۆ باقی هاوولاتیانی ئەفەریقایی کە لەوێوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا… هەلومەرجی عێراق و کۆنترۆلی داعش بەسەر چەندین شاری گەورەو بچوکداو بێکاری و نەبوونی و دیارنەبونی ئایندە وهەورەها لە کوردستان دیار نەبونی چارەنوس و ئایندە پاش ٢٥ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتی. بێکاری و نەبوونی و سەروەری چەک و میلیشاو داب ونەریتی داڕیزوو لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە لەسەر دەریایەک لە نەوتو گازو گومرگ و بودجەی عێراق نەدانی ” مووچە” بە کرێکاران وفەرمانبەران…. هەموو پێکەوە ئەم شەپۆلەیان پێکهێناوە. کۆچی جیهانی، بن بەستی جیهانی قۆناغیکی خەتەرناکی میژوی هەزارەی سێهەم ڕادەگەیەنێت. بەڵآم لەگەڵ خۆیدا مژدەی ژیانێکی باشتر نادات، بەڵام ئەوەی نیشان دا کە جیهانی گلۆپالێ ئەمرٶ هەر بۆ سەرمایە نییە، ئینسانەکان کە ناچار بوون سنورەکان تێک دەشکێنن، وە شکاندیان. رۆژو هەفتەو مانگ و سالەکانی داهاتودا هێشتا لە نێو مێژوی ئێمەدا نین، دەتوانین بە جۆرێک پیادەی بکەین و دواتر بینوسینەوە کە بە قازانجی خۆمان بێت….

٢٠/٩/٢٠١٥

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …