شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر به‌بێ لینین ئه‌سته‌م بوو!

مسته‌فا باهیر:

٩٨ ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژیکی وەک ئەمڕۆدا، چینی کرێکاریی ڕوسی بەڕابەرایەتی حزبی بەلشەفی و سەرکردایەتی ڕابەری مەزنی چینی کرێکار، هاوڕێ لینین، لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ گەورەترین شۆڕشی کرێکاریان بەرپا کرد. ئه‌و شۆڕشه‌ لەماوەیەکی کەمدا توانیان دارو دەستەی نیزامی سەرمایەداری لە ڕوسیا تێکبشکێنن و لەشوێنیدا حکومەتێکی شورایی پێک بھێنن. هاوڕێ لینین رۆڵی  بەرچاوی هەبوو لەم شۆرشەدا، وەک تروتسکی دەڵیت “ئەم شۆڕشە بە بێ لینین ئه‌سته‌م بوو”. بۆیە پێویستە کە باسی رۆڵ‌و نەخشی ئەم رابەرە مەزنە له‌و شۆرشەدا ئەگەر چی بە کورتییش بێت بکەین. کاتێک کە ژنانی زەحمەتکیشی ڕوسیا لە ٢٣ / ٢ / ١٩١٧ (بە ڕۆژمێری کۆنی روسیا)، دژ بە هەژاری و نەبوونی نان خۆپیشاندانیان کرد، پاش پەیوەست بوونی کریکاران و جەماوەری زەحمەتکیش بەم خۆپیشاندانەوە توانیان لە ماوەی پێنج ڕۆژدا حکومەتی قەیسەر لەسەر کار وەلا بنێن و حکومەتێکی کاتی لە شوێنی دابمەزرێنن. بەشێک لە بەلشەفیەکان لەسەرەتادا پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم حکومەتە کاتییە دەربڕی، بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ستالین و کامینیف گەڕانەوەو دەستیان گرت بەسەر رۆژنامەی (پراڤدا)داو پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی کاتی دووپات کردەوە، لینین هەوڵی دەدا دەنگی ببیسترێت، لە ٦ی ئازاردا لە ڕیگای ستۆکهۆلمەوە بروسکەیەکی بۆ ناردن و تیایدا نوسیبووی تەکتیکمان بەم جۆرەیە: ١- وریایی و خۆپاراستن. ٢- پێشکەش نەکردنی هیچ جۆرە هاوکاری و پشتیوانیەک بۆ حکومەتی نوێ. ٣- گومانم بە زۆری لەسەر کرنسکییە. ٤- چەکدار کردنی پرۆلیتاریا باشترین زەمانەتە. ٥- هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی دۆمای پترۆگراد. ٦- نزیک نەبوونەوە لەگەل حزبەکانی تردا. وێرای ئەمانەش، لینین نووسین و وتارەکانی خۆی دەنارد بۆ براڤدا بەناوی (نامە دوورەکان). لە ١٧ی مارسی ١٩١٧دا لینین لە ڕێگای هاوڕێکانیەوە لە ستۆکهۆلمەوە نامەیه‌کی نارد، که‌ به‌شێک له‌ده‌قه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه‌بوو (حزبەکەمان بۆ هەتاهەتایی لەشەرەفی خۆی بێ بەشمان دەکات، لە ڕووی سیاسیەوە خۆی دەکوژێت، ئەگەر ڕازی بیت لەسەر ئەم جۆرە درۆو دەلەسانە، من ئەوە بە باشتر دەزانم کە دابڕێم لە هەر کەسێکی حزبەکەمان کە دەیەوێت ملکەچ بکات بۆ سۆسیالیستیی- نیشتمانی). ئەم نامەیەش هەرچه‌ندە ناوی کەسی تێدا نەهاتبوو، بەڵام مەبەستی کامینیف و ستالین بووە، چونکە ئەوان لەو کاتەدا بەرەو لای سوسیالیستی نیشتیمانی بایان دابووەوە. چەند نەخشەیەک دانرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی لینین لە سویسراوە بۆ ڕوسیا، به‌ڵام یەک لە دوای یەک شکستی خوارد، تا لە ڕێگای ئەڵمانیاوە بە شەمەندفەریک کە فارغۆنەکەی داخراوبوو، لە ٣ی نیسانی ١٩١٧دا گەشتەوە ڕوسیا. لەلایەن جەماوەریکی زۆرەوە پێشوازی لێ کرا. رۆژی دووهەم، واتە ٤ / ٤/ ١٩١٧ لینین راپۆرتێکی نوسراوی دەربارەی بیرۆکەکانی خۆی پێشکەش بە ڕابەران و کادرانی حزب کرد، کە بە (بیرۆکەکانی ئەپریل) ناسراوە. هیچ کەس لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەی لینین دا نەبوو. جگە لەوەش لەلایەن حزبه‌کان و حکومەتی کاتییەوە چەندەها تۆمه‌تیان بۆ هەڵبەست و هاوڕێیانی خۆشیان پێان سەیر بوو، کە لینین باسی شتی له‌و شێوه‌یه‌ دەکات. لە رۆژی ٧ی نیساندا لە ڕۆژنامەی پراڤدادا بیرۆکەکانی کە هیچ کەس مۆری خۆی لێ نەدابوو، تەنها بە ناوی خۆیەوە بڵاوکرایەوە. لینین لەگەل ئەندامان و هەڵسوراوانی کرێکاریی لە پترسبوورگ کەوتە قسە کردن و گێڕانی کۆرو سمینار. هەوادارێکی زۆری لە رێکخستنه‌کانی حزب هێنا بەلای بۆچونەکانی خۆیدا. بۆیە داوای لە حزب کرد، کە لە زووترین کاتدا کۆنگرە بگرێت. هەر بۆیە حزب لە رۆژی ٢٤ / ٤ تا ٢٩ / ٤ گۆنگرەی به‌ست. لەو کۆنگرەیەدا ١٤٩ نوێنەر بەشداربوون کە نوێنەرایەتی ٧٩ هەزار کەسیان دەکرد. ئەوانەی کە دژ بە بۆچوونەکەی لینین بوون، تەنها ٧ دەنگیان بەدەست هێنا. حکومەتی کاتی ئەو بەڵێنانەی کە دابووی بە جەماوەری زەحمەتکێش بۆی جێبەجی نەدەکرن. جەنگ بەردەوام بوو، زەوی لەلایەن دەرەبەگەکانەوە هەر داگیر کرابوو، باری ئابوری زۆر گران بوو، نان بە گرانی دەست دەکەوت.هەربۆیە  ڕۆژانە کرێکاران پەیوەست دەبوون بە بەلشەفیەکانەوە. ئەمانە هەمویان لە ناو شوراکاندا ڕێك دەخران و لەکاتی تایبەتدا راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک  پێ دەکرا. تروتسکی بۆچونەکانی لەگەل لینین یەکی دەگرتەوە. لەو کاتەشدا ترۆتسکی ڕابەری شوراکانی سانبترسبۆرگ بوو. لەگەل لینین خۆشەویستترین کەسانی گه‌ڕه‌که‌ کرێکاریەکان بوون. ئه‌و کات ئەوان هێزێکی چەکداری مه‌شقپێکراویان هه‌بوو. حکومەتی کاتیی ئەمەی بە مه‌ترسی بینی، بۆیە لە مانگی تەمموزدا بەناوی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەی پراڤداو داگیری کرد. پاشان بارەگاکانیشیان پی چۆڵ کردن وکەوتە گرتن و ڕاونانی ڕابەرانی بەلشەفی لەوانە  ترۆتسکی گیرا، بەلام لینین توانی خۆی دەرباز بکات و بۆ ماوەی ١١١ رۆژ لە ٦ / ٧ / ١٩١٧ تا ٢٥ / ١٠/ ١٩١٧خۆی حەشار بدات هیچ کەس بۆی نەبوو لینین ببینێت تەنها چەندکەسێک نەبێت لە هاورێکانی، لەم ماوەیەدا توانی کتیبی (دەوڵەت و شۆرش) بنووسێت. لە مانگی ئابدا کە بەلشەفیەکان بە نهێنی کاریان دەکرد، لە لایەن جەنەرال (کۆرنیلۆف)ەوە کە کاتی خۆی کرنسکی بانگی کردبوو بۆ سەرکوت کردنی بەلشەفیەکان، دەربەگەکان و سەرمایەدارەکان، پاشماوەکانی قەیسەر داوایان لە جەنەرال کۆرنیلۆف کرد، کە ئەوان هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی کە دەسەلات لە کرنسکی وەربگرێتەوە. بەو پێیەی کە سوپایەکی زۆری بە دەستەوەیەو لەنزیک سانبترسبۆرگە. کۆرنیلۆف بەرەو ئەو شارە ڕێکەوت. بۆیە کرنسکی پەنای برد بۆ بەلشەفیەکان بۆ هاوکاری کردن. ترۆتسکی لە زیندان بەربوو و دەستی کرد بە دامەزراندنی سوپای سور. شورا کرێکاریەکان، کە بەشی زۆریان چەکداربوون، توانیان پاشەکشە بە سوپاکەی کۆرنیلۆف بکەن و خۆشی دەستگیر بکەن. ئەم سەرکەوتنە بەلشەفیەکانی بەهێزکرد. شوراکان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا ڕۆڵیان هەبوو، کە بەلشەفیەکان زۆرینە بوون لەم شورایانەدا. لە مانگی ئەیلولدا لینین داوای ڕاپەڕینی دەکرد. چەند نامەیه‌کی نارد بۆ کۆمیتەی ناوەندی، به‌ڵام نامەکانی پشت گوێ دەخران. تا وای لێهات لینین نامەیەکی توندی نوسی بۆ کۆمیتە ناوەندی و داوای وازهینانی کردبوو لە ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی و پەنا دەبات بۆ رێکخستنه‌کان بۆ بەستنی کۆنگرە. کۆمیتەی ناوەندی ناچار بوو کە بەپەلە کۆبونه‌وه‌یه‌ک دابنیت بۆ ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی. لە ڕۆژی ١٠ / ١٠ لە ماڵی سۆخانوف لە شەقامی ( کاربوفکا ،٣٢ شوقەی ٣١ )، لەو کۆبونه‌وه‌یه‌دا ١٢ کەس لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی بەشدار بوون لە کۆی ٢١ ئەندام. لینین باسی نەخشەکارەکانی خۆی کرد بۆ ئەوەی کە ڕاپەرین ئەنجام بدەن، ئەم دانیشتنه‌ نزیک بە ١٠ کاتژمێری خایاندو لە کۆتایدا نەخشەکارەکە خرایە دەنگادانەوە، ١٠ لە ئەندامان ڕازی بوون به‌ڵام، هەریەک لە کامینۆف و زیمینۆف دژی ئەو بڕیارە بوون. لەم ڕۆژەدا نەخشەکاری ڕاپەرین دانراو لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر بەلشەفیەکان توانیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن و یەکەم حکومەتی خۆیان پێکهێنا. لینین بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەو حکومەتە کە ناویان نا ئەنجومەنی کۆمیساریای گەل، کە لە ١٥ کەس پێک هاتبوون. لینین خۆی بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨دا بە هاوکاری دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی وەک یابان، بریتانیا، کندا، فرنسا، ئیتاڵیا، ئه‌مریکا، ئه‌ڵمانیا، ئوسترالیا، یۆنان و زۆری تر کە ئەم شۆرشەیان بە خەتەرێکی گەورە بۆ سەرخۆیان دەزانی کەوتنە یارمەتی دانی. دەربەگەکان، سەرمایەدارنی روسی، هەندێ لەدەست و پێوەندی قەیسەر لە جەنەڕاڵەکانی سوپاو شەڕێکی ناوخۆیان دروست کرد، کە تاسالی ١٩٢٣ خایاند. لەم شەرەشدا بە سەدان هەزار کەس کوژران‌و زۆر هەوڵیان دا بۆ لەناوبردنی لینین تا لە ٣٠ / ٨ / ١٩١٨ لە کاتیکدا کە لینین کۆبوونەوەی بە کرێکارانی کارگەیەک دەکرد، لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە لایەن ( فانیا کابلان) بانگی لینینی کردو دایە بەر دەستڕێژی گولە. سێ فیشەک بەر لینین کەوت‌و به‌سه‌ختی برینداربوو. لە ئایاری ١٩٢٢ لینین توشی یەکەم جەلتەبوو، لای ڕاستی توشی شەلەل کرد. لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا توشی جەلتەی دووهەم هات. مەکتەبی سیاسی بریاریاندا کە لینین دانیشێت و کار نەکات، لینین گومانی هەبوو لە رابەرانی حزبەکەی بەتایبەتی لەململانێی نێوان تروتسکی و ستالین‌، بۆیە وەسێتنامەیەکی لەرۆژی ٢٥/١٢/١٩٢٢ نوسی بەشێک لە وەسێتنامەکەیدا دەڵێت: “هاوڕێ ستالین لەو ڕۆژەوە کە بوەتە سکرتێری حزب، وردە وردە دەسه‌ڵات لەدەستی خۆیدا پاوان دەکات و دڵنیانیم کە ئەو بتوانێت بەشێوەیەکی دروست کەڵک لەو دەسه‌ڵاتە وەربگرێت”. جگە لەمە، لینین بۆچونی خۆی لەسەر بەشێک لەڕابەرانی حزبەکەی دەربڕیوەو ئاگاداریان دەکات کە ئاگادری  تروتسکی و ستالین بن. لە٤/١/١٩٢٣ یاداشتێکی بۆ وەسێتنامەکەی خۆی زیاد دەکا، کە نیشانی دەدات جار له‌دوای جار زیاتر لە ستالین نیگەرانە لە بەشێک لەویاداشتەدا دەڵێت “ستالین زۆر توندە، هەربۆیەش من پێشنیار دەکەم بە هاوڕێیان، کە ڕێگایەک بۆ لەسەرکار لابردنی ستالین بدۆزنەوەو جێگرەوەیەکی شیاو وگونجاوی لەجێ دابنێن”. لە مانگی ئازاری ١٩٢٣ لینین جه‌ڵته‌ی سێیه‌م لێداو ئەم جارە لە جێگا خستی و لە قسە کردن کەوت. لە ٢١/ ١/ ١٩٢٤ لینین گیانی له‌ده‌ستداو لاشه‌که‌ی مۆمیا کراو لە گۆرەپانی سور لە مۆسکۆ نێژرا، بە نەمانی لینین شۆرشی مەزنی ئۆکتۆبەریش بەرەو نەمان رۆشت.

٢٥/١٠/٢٠١٥ هلسنکی سەرچاوەکان: “مێژووی شۆرشی روسیا” لە نوسینی لیون تروتسکی. “لە لینینەوە بۆ پۆتین” لە نوسینی مەحموود تلووعی وەرگیرانی رەسوول سولتانی. “عشرة ایام هزة العالم” نوسینی جۆن رید. تێبینی: ئه‌م به‌روارانه‌ به‌ رۆژ ژمێری کۆنی روسیه‌.له‌گه‌ل رۆژمێری تازه‌ی زاینی 13 رۆژ له‌دواوه‌یه‌ که‌واته‌ به‌م پێیه‌ شۆڕسی ئۆکتۆبه‌ر ده‌که‌وێته‌ 8ی 11ی 1917

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …