دەسەڵاتدارانی پارتی بەرگەی خوێندنەوەی راگەیاندنێكی نارەزایەتی ناگرن!

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣١کانونی دوەمی ٢٠١٦ لە شاری هەولێر کۆمەڵێك هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری کەدەستەیەکیان پێکهێناوە بەناوی( کەمپینی دادپەروەری) لەلایەن دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکران لەسەر ئەوەی ویستویانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆیان بۆ خواستی پێدانی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری بۆ هاوڵاتیانی کوردستان رابگەنەین.  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەستگیرکردنی ئەندامانی دەستەی( کەمپینی دادپەروەری) بەتوندی مەحکوم دەکا و داوا لەدەسەڵاتدارانی پارتی لەهەولێر دەکا دەستبەجێ ئازادیان بکەن. بێگومان ئەم هەنگاوەی پارتی لەپێناو ترساندن و ڕێگرتن لە کرێکاران و فەرمانبەران و خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستانە بۆ هاتنەمەیدان و سازکردنی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەنەبونی موچە و ئەو هەژاری ونەداریەی کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر تەنگ بە ژیان و گوزەرانیان هەڵدەچنێ . گەیشتنی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە بە شاری هەولێر ئەو ترسەیە کە سەرتاپای پارتی دیموکراتی کوردستانی داگیرکردوە. لەم پێناوەشدا ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە چالاکوانەی دەستگیر وزیندانی کردوە تا بەر تەشەنەکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان بۆ هەولێری پایتەختی دەسەڵاتەکەیان بگرن. هەربۆیە خواستی ئازادبوونی دەسبەجێی دەستگیرکراوەکانی ئەمڕۆ بەرگری کردنە لەمافی موچە و ئازادی خۆپیشاندان وهەروەها شکست پێدانی ئەم هەوڵانەی پارتیە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ودەستپێکردنی خۆپیشاندان لە شاری هەولێر و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا.

شکستی حکومەتی بنکەفراونی بۆرژوازی کورد، لەوەڵامدانەوەیان بە سەرەتاییترین خواستەکانی خەڵکی کوردستان، لەدانی موچەو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەمڕۆ توڕەیی پەنگخواردوی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتی نایەکسان‌و گەندەڵ و تاڵانچی گەیاندۆتە ئاستی کۆبونەوەو مانگرتن و خۆپیشاندانی بەشیکی زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستان. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان‌و کۆبونەوەو مانگرتن، نەک هەر سەرەتاییترین و ڕەواترین مافی کرێکاران و کارمەند و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانە، بەڵکو تەنها رێگایەکە کە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بۆ خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان ماوەتەوە تا دریژە بە ژیان و گوزەرانیان بدەن.

سەرکەوتنی خواستی دابینکردنی دەستبەجێی موچە و سەرجەم خواستەکانمان لەیەکگرتوبونماندایە لەسەرتاسەری کوردستاندا. ئەمڕۆ پێویستە هەموو خەڵکی ناڕازی لە شاروشارۆچکەکان یەکدەست و هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتر دەنگیان بەرزبکەنەوە ، لەهەر شوێنێک ئەم دەسەڵاتە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران وچالاکوانانی ناڕەزایەتیەکان، یەکدەنگ وەڵامیان بدەینەوە و ڕیزی یەکگرتووی ناڕەزایەتیەکانمان لەسەرتاسەری کوردستاندا بپارێزین و بەهێزی بکەین.

حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان

٣١/١/٢٠١٦

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *