سەرۆکی پەرلەمان لە پەرلەمانی بەریتانیا باسی چی نەکرد؟

ئاسۆکمال:

د.یوسف سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆڕێکدا لە پەرلەمانی بەریتانیا باسی قەیرانی دارایی و سیاسی کوردستانی کرد و پاکێجی گۆڕانی بۆچارەسەر باسکرد کە گەرانەوە بۆ پەرلەمانە ،بەڵام باسی نەکرد کە ئایا باجی گەڕانەوە بۆ هەولێر چیە، ئەگەر پەرلەمان ڕێگاچارەیە ؟

ڕێگای ئەم سەرۆک پەرلەمانە دورخراوەیە گەڕانەوە بو بۆ پەرلەمان ، وەک ئەوەی ڕێگەی گەڕانەوە هەولێر گومرگی لێ نەبێت. ئاشکرایە باجی گەڕانەوە بۆ هەولێر بێدەنگی کردنە لەو پۆستەی سەری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی خوارد.پۆستی سەرۆکی هەرێم!ئایا بێدەنگی سەرۆکی پەرلەمان لەم پۆستەی مەسعود بارزانی لەم کۆڕەی پەرلەمانی بەریتانیادا نیشانی دەدا گۆڕان لەبیری ئەوەدایە ئەم باجە بدات ؟

بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک ڕایگەیاند “ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەپێی یاسا دەستاودەست بکرێ ئیتر سیستەمی کوردستان دەتوانێ سیستەمێکی دیموکراتی پەرلەمانی دامەزراوەیی بێت”، کاری لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی هێزکرد لەنێوان خۆی و پارتیدا .پێی وابوو لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەتوانێ واقعیەتی دووهێزی یەکێتی وپارتی بگۆڕێ بە سێکوچکەی دەسەڵاتی پارتی و گۆڕان و یەکێتی.ئەم کارەشی بە پشت بەستن بە بلوپرینتی پڕۆژەی ڕێکەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی دا ئەنجامدا. بەڵام ئەم بێدەنگیەی سەرۆکی پەرلەمان سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی هەرێم دوای دیداری لەگەڵ نەوشیروان مستەفا نیشانی دەدا کەئەم هەوڵە بەبنبەست گەیشتوە . گۆڕان لە کاتێکدا نایەوێ خەیاڵی قازانجی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم سەری مایەی دەسەڵاتە پەرلەمانیەکەی بخوا بەڵام قوتدانەوەی ئەم پاروەش شکستێکی سیاسی گەورە چاوەڕوانێتی.

پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بەشێک لە سیستەمێکی سیاسیە کە لە ململانێی یەکێتی و پارتیدا لە ٢٥ ساڵی ڕابردودا هەمیشە هەبوە و شەڕ لەسەر ئەم پۆستە شەڕە لەسەر باڵادەستی لە کوردستاندا. یەکێتی لەپێناو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تاڵەبانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی تەسلیم بەپارتی کرد بەڵام دەسەڵاتەکان و پیناسەی ئەم پۆستە بەپێی تەوازنی یەکێتی و پارتی دیاریکراوە و لە گۆڕینی ئەم تەوازنەدا کێشەو قەیران لەسەر دەسەڵاتەکانی بارزانی و مانەوەی لەم پۆستەدا هاتۆتەئارا . ئەم واقعیەتە نیشانی دەدا کە سیستەمی سیاسی کوردستان بەپێی تەوازنی دوو حزبی چەکدار وەک سیستەمێکی میلیشیایی بەڕێوە دەچێت و پۆستەکان و یاسا و دەستور و پەرلەمان و حکومەت و دادگا پەیڕەو لە باڵادەستی ئەم دوو میلیشیایە دەکاو ئەم دامودەزگا فەرمیانە هەموو پەراوێزێکن بۆ شەرعیەت دان بەدەسەڵاتی ئەم دوو حزبە چەکدارە . هەرکات هەرکام لەم دەزگایانە بونە ڕێگر لەبەردەم دەسەڵاتی فیعلی و بەکردەوەیی یەکێک لەم دوحزبەدا ئەوا وەک پەرلەمانی ئێستا پەک دەخرێن و دەزگا فعلیەکانی هەردوو حزب نایەڵن کار ڕاوەستێ. لە نەبونی ئایندەیەکی دیاریکراو و چوارچێوەی دەوڵەت لە کوردستاندا زەمینەیەکی لەبار بۆ مانەوەی ئەم سیستەمە میلیشیاییە ڕەخساوە . هەرچەند ململانێ سیاسی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز بوەتە سەرچاوەی قەیرانی بەردەوام و هەمیشە

قابیلی سەرهەڵدان و توندبونەوەن .بەڵام لەهەمان کاتدا ڕێکەوتنەوەی یەکێتی وپارتی لەژێر   فاکتەرە دەرەکیەکان وەک فشاری ئەمریکا یاخود فاکتەرە ناوخۆییەکان وەک دابەشکردنەوەی داهات و پۆستەکان وڕوبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتیەکان ئەم ئیدارە میلیشیایەی هێشتۆتەوە.بزوتنەوەی گۆڕان لەم کێشمەکێشەی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا لەسەر پێداچونەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی و زیادکردنی بەشە داهات و پۆستەکانی یەکێتی گرەوی لەسەر ئەسپی دۆڕاوی ئەم ناڕەزایەتیەی ناو یەکێتی کرد.بەڵام کاتێک باڵی دەستڕۆشتوی ناو یەکێتی ئامادەیی پارتی بۆ سازان لەگەڵ یەکێتیدا بینی، وەک شەریکی داهاتی نەوت و گاز، ئیتر کارتی گۆڕینی سەرۆکی هەرێم لەدەستی گۆڕاندا سوتا.

ئێستا پاکێجی چاکسازی فریای گۆڕان ناکەوێ چونکە هەموکەس دەتوانی لەبازاڕی ڕەشی سیاسەتی کوردستاندابەئاسانی دەستی بکەوێ وەک چۆن ڕۆنی تورکی و تەماتەی ئێرانیت دەست دەکەوێ. جیاوازی هێزی سیاسی لەگەڵ فرۆشیارانی تری پڕۆژەی چاکسازی لەوەدایە کە هێزی جێبەجێکردنی پاکێجەکانی هەیە.گۆڕان دەبێ ئەو ئەڵقە بزربوە بدۆزێتەوە کە لە سیستەمی میلیشیایی دوو حزبیەوە کوردستان بەرەو “سیستەمێکی دیموکراتی پەرلەمانی دامەزراوەیی”دەڕوات.کاری دوو ساڵی ڕابردوی گۆڕان تاقیکردنەوەی پەرلەمان بوو و ئەم ڕێگایەی شکستی خوارد.ڕێگای پشت بەستنیشی بەیەکێتی بەقازانجی یەکێتی و دەست بەتاڵی خۆی تەواو بوو. کارتی کۆمەڵی ئیسلامی و ئێرانیش تارماییەکەی گۆڕانە کە خەڵک سڵی لێدەکاتەوە و ناتوانێ گۆڕانیش بکاتە جێگرەوەی یەکێتی.

تەجروبەی بزوتنەوەی گۆڕان پێمان دەڵێ کە ئەم سیستەمە میلیشیاییەی کوردستان لەڕێگەی ئامڕاز و دەزگا شکڵیەکانی ئەم دوو حزبەوە ناگۆڕێ و هەڵوەشانەوەی کابینە و هەڵبژاردنەوەی پەرلەمان دەستپێکردنەوەی هەمان سیناریۆی چارەکە سەدەی ڕابردوەو بەبێ گۆڕینی سیستەمەکە ڕازیبون بە ژێردەستەییە لە پێناو پاراستنی پۆستی وەزیری بێ وەزارەت یاخود سەرۆکی بێ پەرلەمان.

قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان نیشانی دا کە گۆڕان نەک بەدوای ئەڵقەی بزربوی گۆڕینی سیستەم لە کوردستاندا ناگەڕێ ،بەڵکو ئەو ڕێگاچارەیەش دەشارێتەوە کە خەڵکی ناڕازی بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە هەوڵی دۆزینەوەی دەدا و بەدوای خەیاڵی باجی هەرزان دەگەڕێ بۆ گەڕانەوە هەولێر.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *