تیشکێک بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی دوێنێ ی ئێران !

عەبدوڵا ساڵح

دوێنێ هەلبژاردن بۆ پەرلەمانی ئێران و مەجلیسی پسپۆرەکان (خەبیرەکان) ئەنجام درا ، ٥٥ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لەوانە ، وەک سەرچاوە رەسمیەکانی ئێران دەڵێن ٥٨ % ی ئەو ٥٥ ملێۆنە دەنگیان داوە واتە ٤٢% دەنگیان نەداوە ! ئەو دەنگ نەدانە بێشک – نا – یەکی گەورەیە بۆ ئەو رژێمە !

لە وڵاتانی وەک ئێران کە حوکمی موتڵەق بەدەست چەند دەزگایەکەوە و لەوانەیش بەدەست چەند کەسێکەوە و لە سەرو هەموشیانەوە بەدەست ” ڕابەر” واتە ” مورشیدی ئەعلا ” کە ڕەش و سپی لای ئەو یەکلا دەکرێتەوە دەبێ هەڵبژاردن و پەرلەمان چ مانایەکیان هەبێ ؟

نوێنەرانی ئەم دوو مەجلیسە بەر لە دەنگدان هەڵبژێردراون، ئەمە چۆنە ؟ دەسەڵات پێشتر کۆمەڵێک مەرجی داناوە کە دەبێ لە کاندیدەکاندا هەبێ، کورتەی ئەو  مەرجانە وەفاداری موتڵەق و ئاڵقە لە گوێ بوونی بێئەملاو ئەولای کاندیدەکانە بۆ سیستمی جمهوری ئیسلامی و” ولایەتی فەقیی “، ئەمەش بەدەلیل و بەڵگەو بە کردار، نەک لەسەر سیقە ! هەر کاندیدێک لانی کەم ٧٥% ی ئەو مەرجانەی تێدانەبێ بۆی نیە بەشدار بێت ، بۆ نمونە ئەحمەدی خومەینی کاندیدبوونی ڕەتکرایەوە ،واتە رژێم پێشتر ئەوانی هەڵبژاردوە ئیتر بۆی گرنگ نییە و ترسی نیە ( ئەحمەد دەردەچێ یا مەحمود )، گرنگ ئەوەیە ئەم بەر لەهەڵبژاردن کاری خۆی کردوە . نمونەکەو وەک ئەو دوو کەسە وایە کە دەچن بۆ ڕاو کەوێک و سوێسکەیەک دەکوژن دواتر نازانن چۆنی بەشکەن ، یەکێکیان کە لەویتریان زرنگتر دەبێ دەڵێ : زۆر ئاسانە سوێسکەت دەوێ ئەوە سوێسکە کەوت دەوێ ئەوە سوێسکە !

هاش و هۆشی بەر لە هەڵبژاردن و سەرقاڵ کردنی کۆمەڵگا بەم پرۆسەیە ئامانجێکی تری ڕژێمە تا رۆژی هەڵبژاردن ، لەو رۆژەدا بەشداربوون بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگە ، هەموو دەزگا تەبلیغاتی و قسەکەرەکان پێ لەسەر بەشداربوونی هاوڵاتیان دادەگرن . ئەم کارە چەند مەبەستێکی لە دوایە ، یەکەم پەیامێکە بۆ دەرەوە بە تایبەت بۆ نەیاران کە شەرعیەتی ئەو رژێمە لە دەنگی جەماوەرەوە هەڵێنجراوە و ئەوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن .

دووەم بەشداری بەرفراوان بەبێ گوێدانە جۆری دەنگدان ، بەکێ دەنگ دەدرێ، کارتی سپی دەخرێتە سندوقەوە یا هەر هێمایەک بەشدار بوو ئارەزوو دەکا دایبنێ ، گرنگ هاتنە سەرپای سندوقەکانە و بێشاندانی ریزی دوور و درێژی خەڵک .

واتە بەشداریکردن لەو شانۆگەریە و بەهەر جۆرێک بێت خۆی لەخۆیدا ووتنی – بەڵێ – یە بۆ ئەو دام و دەزگایە ئەوانیش بێشک ئەوەیان زۆر لا مەبەستە. لێرەوە دەکرێ هەڵوێستی بەشێک لە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی لەمەڕ ئەو هەڵبژاردنەوە هەڵسەنگێنین!

جۆک لەسەردەمی ڕژێمی دکتاتۆری سەدام هۆیەک بوو خەڵک خۆی پێ دەربازدەکرد لەو رق و کینە پەنگخواردوەی نێو دڵ و دەرونیان، لە دەنگدان بە بەڵێ یا نەخێر بۆ سەدام کابرایەک پێدادەگرێ کە نەخێر هە ڵبژێرێ و هەموو دەرئەنجامەکانی بگرێتە ئەستٶ، رۆژی دەنگدان دروست پەیمانەکەی خۆی بەجێ دێنێ ، کاتێک دەچێتە دەرەوەی هۆڵەکە ترس دایدەگرێ لە چارەنووسی خێزانەکەی دوای خۆی، بۆیە پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە هۆڵەکە لای ئەو سیخوڕو ئەمنانەی بەدیار سندوقەکەوەن و پێیان دەڵێ : ببورن من چاوم کەم حوکمە لام وابێ نەخێرم نوسیوە دەکرێ ڕاستی بکەمەوە ؟ لە وەڵام دا پێی دەڵێن : خەم مەخۆ بۆمان ڕاستکردویتەوە !!

شانۆ نامەی دوێنێ ی ئێرانەش شتێکە لەو بابەتە .

27 / 2 / 2016

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *