سیاسەت بەزمانێکی سادە ، دەربارەی پرسی دابەشکردنی سوریا !

عەبدوڵا ساڵح

دوای ئاگر بەستەکەی سوریا کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕاگەیەنرا، هێزە ئەکتیڤەکانی مەیدانی شەڕ ، حکومەتی سوریا، یەپەگە و یەپەژە وەک باڵی سەرەکی ئۆپۆزسێونی سوریای دیموکرات و هێزە نەیارەکانی دیکەی دەوڵەتی سوریا ، جگە لە داعش و بەرەی نوسرە کە لەدەرەوەی بازنەی ئاگر بەستەکەن، پابەندی خۆیان بە ئاگر بەستەکە ڕاگەیاند، تورکیا ئەگەرچی سەرزارەکی پێیەوە پابەند بوو بەڵام بەدزی و بەئاشکرا ئاگربەستەکەی بەبەردەوامی پێشێلکرد و تا ئێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە .

گەورە بەرپرسانی ڕوسیا و ئەمریکا وەک دوو هێزی چارەنووس ساز کە کلیلی چارەسەری کێشەی چەندین سآڵەی سوریایان بەدەستە ، هاتنە سەر هێڵی قسەکردن لە ئاگر بەستەکەو ئەم بارو دۆخەی دوای ئەوە دێتە ئاراوە ، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هوشیاری دا کە ئەگەر ئەنجامی ئەو ئاگربەستە بە ئاقاری ڕێکەوتن دا نەڕوا نەخشە ڕێگای ( B ( دێتە ئاراوە کە بریتیە لە دابەشبوونی سوریا، هاوکات جیگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو زەنگی پێکهاتنی سوریای فیدڕاڵی لێدا !

لە ژوورە داخراوەکانی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا دەبێ وا لێکبدرێتەوە کە ئەم ماستە بێموونیە ! ئەمڕۆ بێشک کلیلی چارەسەری قەیرانی سوریا بێ سێ و دوو کەوتۆتە دەست ئەم دوو زلهێزە ، لێدوانەکانی گەورە بەرپرسانی ئەوان دەبێ بە هەند وەربگیرێ ! وەک ئەوەی نیاز بێ لە بری سایکس بیکۆ ( جۆن سێرغی )یەکی دیکە لە ئارادا بێت !

شک لەوەدا نیە کە سوریای 2016 ناتوانێ سوریای 2011 بێت ، لە بەردەوامی ئاگر بەستەکەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی دەست ڕۆیشتوو لە سوریادا دەبێ کارتی ئەم نەخشە ڕێگایەی دووزل هێزەکە باسی دەکەن بکەوێتە سەر مێزی گفتوگۆ .

شۆفێنزمی عەرەب و تورک هەراسانیان پێکەوتوە لە پیادەکردنی ئەم نەخشە ڕێگایە ، بۆیە هەموو هەوڵ و تواناکانیان وەگەڕ دەخەن بۆ پوچەڵکردنەوەی .

قسە لێرەدا ئەوەیە ئایا بەرەی پێشکەوتو و ئازادی خواز بە تایبەت ئەوانەی داستانی کۆبانی و پێکهێنانی کانتۆنەکانی (کۆبانی – جزیرە – عەفرین ) ، و نەخشی ژنان تیایدا وەک نمونەیەکی بەرچاو و ئاشکرا لەخەباتی جەماوەری یەکسان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنەیە ، پیادەکردنی یاساو ڕێسایەکی مۆدێرن کە دەوڵەت و دینان لێک جیا کردەوە و چەندین دەسکەوتی تر ، دەتوانن بەردەوامی بەو سەرکەوتنانە بدەن و توانای ئەوەیان هەیە لە خەباتی سیاسیاندا هەمان سەرکەوتن بەدەست بێنن وبە هەڵوێستێکی پەیگیر بەرەو پیری ئەم نەخشە ڕێگایە بڕون بە قازانجی خەڵکی بەشمەینەتی ئەو دەڤەرە و ئۆلگۆیەک بێننە کایەوە کە لە کوردستان بەتایبەتی و لە ناوچەکەدا بەگشتی دەرسی لێوەبگیرێ ؟ پرسیارێکە لە ئایندەی نزیکدا دەکرێ بەدوای وەڵامەکەیەوە بین .

2 / 3 / 2016

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *