٨مارس رۆژی جیهانی ژنان لە دوێنی و ئەمرۆ دا!

بەهار مونزر

لە دوای ڕاپەرین ٨ی مارس وەك هەر یاد و بۆنەیەکی ترلە دوای راپەرینی سالێ ١٩٩١ لە کوردستان گرنگی پێدرا بە تایبەتی لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازەوە. ئەم رۆژە ساڵ بە ساڵ و بەشێوازی جۆراوجۆر بەرز رادەگیرا و یادی ئەمبۆنەیە دەکرایەوە، لەوانە خۆپیشاندان و رێپێوان ، کۆر و کۆبونەوە و مەراسیم وهتد . ٨ مارس لە کۆبونەوە بچوکەکانەوە بەرە بەرە بوە بۆنەی سەر شەقام و هۆلە گەورەکان. سەبارەت بە کێشەو گرفتەکانی ژنان و ماف و ئازادیەکانیان و رەخنەگرتن لە کەلتوری کۆنەپارێزو دژە ژن و  رێگاچارەو ناساندنی مافەکانی ژنان و پرسی یەکسانی لەگەڵ پیاوان لە بواری یاسایی و لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتیدا  قسەوباس دەکرا و بڵاوکراوە دەردەکراوو کۆڕ سیمینار دەبەسترا

ئەوەی جیگەی خۆش حاڵی بوو هەر لە سەرەتاوە ژنان لەناو راپەرین دا بەشداری بەرجەستەیان هەبوو. ئەو هاتنە ناوەوەی ژنان بووە هۆی ڕیکخراو بوون و لە دەوری یەک کۆبونەوە و وەستانەوەیان لەبەرامبەر بیمافی و ستەم و نایەکسانی دا.  بەڵام بەداخەوە یەکیک لە دیاردە قێزەونەکانی ئەو سەردەمە ، کوشتنی بە لێشاوی ژنان بوو لەژێرناوی ناموس و پاراستنی شەرەفدا کە  بوە دەستپێکردنی سەرەتایەکی تەلخ لە مێژووی کوردستاندا لە دوای راپەڕینەوە و لەلایەن رەوتی کۆنەپارێز و پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردستانەوە ئەنجام دەدراو و رەواجی پێدەدراو پاکانەشی دەکرا! تەنانەت پاساوی کوشتنی ژنانی سەر بە رژێمی بەعس لەلایەن هەندی لایەنی سیاسی کوردستانەوە بوە داگیرساندنی چرای سەوز بۆ دەسپێکی سەرهەڵدانو پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە کە تا ئەمرٶ هەموومان دەزانین بەردەوامی هەیە.

بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان کە دژی ئەم دیاردە قێزەونە جەنگێکی لێبڕاوانەو شێلگیڕانەی راگەیاند، ٨ مارسەکانی کردە مەیدانێکی گرنگی وەستانەوە بەڕووی ئەو دیاردەیەو ئەفکارو بۆچون و کەلتوری کۆنەپارێزی هاندەری ئەو دیاردە شەرم هێنەرە. مێژووی دەیەی نەوەدەکان   بەبێ ئەم ململانێ‌و روبەرووبوونەوەیە ناتوانرێ و ناکرێ تەسەور بکرێ و بنوسرێتەوە. لە لایەکی ترەوە ژنانی کرێکاری کارگەی جلو بەرگی سلێمانی  رستن وچنینی هەولیرو  ژنانی کارگە ئەهلیەکان خۆیان ڕیکدەخست و بەشداری چالاکیەکانی ٨ مارسیان دەکرد و چەندین ژنانی  چالاک و هەڵسوڕاو و پێشرەو لەو سەردەمەدا بوونە ڕابەرانی نارەزایەتیانی ژنانی کریکار و سەرجەم ژنان و بۆ بەرگری لەماف و ئازادیەکانی ژنان‌و٨ مارسی جیهانیان بە بۆنەیەکی گرنگی خۆیان دەزانی و سەرنجی کۆمەڵگاشیان بۆ ئەم بۆنەیە راکێشابوو ..

لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ٨ مارس دەنگدانەوەی هەبوو وە بە هەزاران ژن و پیاوی یەکسانیخواز و مەدەنی لە شار و شارۆچەکەکانی کوردستان بەشداریان دەکردو کۆمیتەی تایبەتیان بۆ ئەم بۆنەیە ڕیکدەخست.

لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکان‌و سەرەتای دووهەزارەکاندا ئەم بۆنە جەماوەریە  کە هەزاران ژن و پیاوی یەکسانیخواز و ئازادیخوازی لەشارە گەورەکانی کوردستان لەدەوری خۆی کۆدەکردوە، بەهۆی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە پاشەکشەی پیکراو لەو جموجوڵ و شۆرۆ شەوقە جەماوەریەوە گوسترایەوە بۆ ناوهۆل و بۆنەی داخراو! بۆنەکە بوە بۆنەی ژنانی ناو ڕیکخراوەکان و زیاتر لە شکلیکی تەشریفاتی و بەخشینی خەڵات و روماڵكردنی ئەو جۆرە چالاکیە تەشریفاتیانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە . لەو مێژەوە بەدواوە ٨ مارس بوە بۆنەیەک تەنها بۆ ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. بەوجۆرە ٨ ی مارس لە چالاکیەکی جەماوەری و رادیکاڵ و رەخنەگرەوە لە سیستەم و کۆنەپاریزی و پیاوسالاری‌و یاسا دواکەوتەکانەوە گۆڕا بۆ چالاکی دابڕاو لە جەماوەرو ووردە وردە ناوەرۆکی رادیکاڵی لەدەست داو بەرگێکی تری لەبەر کرا. ئەم بۆنەیە بوە بۆنەیەکی تەشریفاتی‌و دەرکەوتن‌و نیشاندانی بەهرەو مەشهوربوونی ژنانی چینیناوەراست لەوە دەرچوو کە ژنانی ناو کارگەو گەڕەکەکان بە بۆنەی خۆیانی بزانن و بەشداری بەرچاویان هەبیت . وە کەنالەکانی راگەیانن لەباشترین حاڵەتدا پرسی ژنیان لەچوارچێوەی ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژیدا لە قاڵبداوگرنگیان پێدەدات. ئەوەی باسی نەما نارەزایەتی ژنانی کریکار و ژنانی فەرمانبەر بوو لە بۆنەکانی ٨ مارس دا . خواستی دایەنگا و بە کۆمەڵایەتی کردنی کاری ناو ماڵ ویەکسانی هەمەلایەنە ، بوە باسی شێڵتەری پاریزگاری و پێشنیارکردنی پرۆژەو دروستکردنی کۆرسی ڕاهینان بۆ ژنانی دورەدەست و گرنگی دان بەخواستە لاوەکیەکان .

دیارە وەستانەوە بەرامبەر توندوتیژی یەکیکە لە خواستە جیهانیەکان، بەلام  ژنانی کوردستان  بەگشتی و ژنانی کرێکارو بێکارو ژنانی ماڵەوە کە کرێکاری بێمووچەو بیماف و لەبیرکراون، چەندین خواست و پرسی سەرەکی وگرنگیان هەیە کە سەرەنجام ئامانجیان یەکسان بوونە لەروی ماف و جێگاورێگای کۆمەڵایەتیان لەگەڵ پیاوانداو دەربازبونە لە کۆیلایەتی‌و پلەدوویی و پیاوسالاری، لەوانە خواستە سەرەکیەکانی وەک هەلی کاری یەکسان و بیمەی بیکاری ، موچەو کرێی یەکسان بۆکاری یەکسان، دایەنگا و باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کرێکارو فەرمانبەر لە شوێنی کارو فەرمانگەکاندا،…تاد.  و سەرجەم  ئەو خواستانەی پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی رۆژانەی ژنانەوە هەیە

لەدوای ئەو مێژوەوە خواست و چاوەڕوانیەکانی ژنان وەکو خاوەنی کەسایەتی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ و وەك بریاردەرو بەشدار لە بڕیاری سیاسی و لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوشان و یەکسان لەگەڵ پیاواندا بەرەو لاوازی و کوژانەوە چوو! دەتوانین بڵێین دیدیکی لیبرالیی بەسەر  ئەو کارو چالاکیانەدا زاڵ بوو کە بەناوی ژنانەوە دەکران‌و دەکرێن. خواستەکان‌و بزوێنەرەکان تەنەگەبەرکرانەوە لە چوارچێوەی پینەوپەڕۆکردنی هەندێ یاساو شێوازی جێبەجێکردنەکەیدا.  ئەمەش ناتوانیت وەلام دەرەوەی خواستەکانی ژنان بیت لە کوردستان … بۆیە ٨ مارس و چالاکی ژنان لە هەرێمی کوردستان تائەو کاتەی جەماوەری نەبیت و هەزاران هاولاتیان لە ژن و پیاو لە دەوری خۆی کۆنەکاتەوە ناتوانیت ئەو دەرفەتە بۆ ژنان برەخسێنێ کە ببنە خاوەن  دەنگ‌و کەسایەتی سەربەخۆ‌و کاریگەری خۆیان و هەردەم لە پەراوێزی کۆمەڵگاو روداوەکانی کۆمەڵگادا دەیان هێڵێتەوە. ژنان ناتوانن سەربەخۆ بن لە کاتیكدا کاریکاری بێ کرێ بن لە چواردیواری ماڵدا . ژنانی کریکارو سەرجەم ژنانی زەحمەتکێش‌و زیندانکراوی چواردیواری ماڵ  بە بێ ئەوەی ببنە خاوەنی رێکخراوی تێکۆشەرو یەکسانیخواز و رادیکاڵی جەماوەری خۆیان، ناتوانن بە خواستەکانیان و بە ماف و ئازادیەکانیان بگەن. خواستەکانی ژنانیش تەنها کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان نیە هەروەکو خەباتی ژنان بەتەنیا دژی توندوتیژی نیە.. خەباتی ژنان بۆ مافی یەکسان و بۆ ئازادییە.. بۆئەوەی ئەو پایەمەش بەسەرەنجام بگات شێوازی کاری جەماوەری و رادیکاڵ و رێکخراوی جەماوەری رادیکاڵ پیویستە.. پەیامی ئەم ٨ ی مارسە بۆ سەرجەم ژنان  وپیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز با دەستبەکاربوون بێت بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە.

مارسی ٢٠١٦

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *