پەنجە مۆر یا پاکانە ؟ با مێژوو نەشێۆێنین !

عەبدوڵا ساڵح:

ئەمڕۆ ، لە کوردستان ، هەموو گۆشەو کەنارێکی ژیان مۆرکی حیزبی پێوەیە و بە حیزبی بووە ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە پێشەنگی ئەم بە حیزبی بوونەوەن ، زۆر دەگمەن هەڵدەکەوێ دەزگایەک بەدەر بێت لەم یاسایە ، ئەگەر بشبێت لە پەنجەی دەست کەمترە .   ڕۆڵی ڕاگەیاندن چ بۆ ” ڕۆشنکردنەوە یا بەلاڕێدا بردن ” ی زەینی خەڵک یەکجار کاریگەرە . شک لەوەدا نیە ڕۆڵی ئەم دەزگایانە  بۆ حیزبەکان  گرینگیەکی حەیاتی هەیە لە بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانیان هەربۆیەش بودجەی زۆریان بۆتەرخان دەکرێ . تۆڕی میدیایی ڕوداو یەکێکە لە دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندن و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە ، لە پێشەنگی دەزگا ئیعلامیەکانی ئەو حیزبەوەیە  چ لە ڕووی بودجە ، چ لە ڕووی پرۆفیشیناڵیەوە ، ڕوداو تی ڤیش لە پێشەنگی بەشەکانی تری ئەم تۆڕەوەیە . بەرنامەی پەنجەمۆر یەکێکە لەبەرنامەکانی ئەم تی ڤی یە ، بەڕیوەبەری کەناڵەکە هەفتانە پێشکەشی دەکا ، لەوبەرنامەیەدا پەنجە بە میوانەکان مۆر دەکرێ و ڕوداوە مێژوویەکانیان لەگەڵ باس دەکرێ بەتایبەت ڕووداوە سیاسیەکان ، هەندێک لە میوانەکانی ئەو بەرنامەیە هەڵسوڕاوانی سیاسی کوردستانی ئێران بوون کە دوا کەسایەتیان کاک جەلیلی گادانی ، یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو . ئەوەی من بۆم دەرکەوتبێ لە ئامانجی سەرەکی بەرنامەکە ، بەتایبەت لە میوانداریکردنی کەسایەتیە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران ،  تیشک خستنە سەر دەورونەخشی پارتیە ، ئەویش لایەنە پۆزیتیفەکانی ، لە ڕابردوو دا لەم بەشەی کوردستان و پاکانە لەهەر کردارێکی پێشتر لەلایەن هێزە سیاسیەکانی ئەودیو  بەرامبەر ئەم حیزبە کرابێ . دوا ووتەی کاک جەلیل لە دوا ئەڵقەی بەرنامەکەدا ئەوە بوو کە ڕوداو مەبەستی بوو : ( زەمانی مەلامستەفا ئەم کوردستانە وەک ماستی مەییو وابوو بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات  ). مەبەستی کاک جەلیل ،وەک من تێگەشتبم ، بەراوردێک بوو لە نێوان  سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ،کە لەرژێر سایەی دەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا بەدەیان تێکۆشەری سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەڕۆژی ڕووناک  لەلایەن بەکرێگیراوانی جمهوری ئیسلامیەوە تیرۆر دەکران و تاوانبارانیش مەعلوم بوون کێن و بەئاشکرا لەم ناوچەیە تەراتێنیان دەکرد ، مێژوویەکی زۆر شەرماوەرە و هەرگیز پەردە پۆش ناکرێ. کاک جەلیل ڕاست دەکا ،ئەو کات، مەبەست شەستەکانی سەدەی ڕابردووە ، کوردستان ” ماستی مەییو بوو ” بەجۆرێک  ڕژێمی شای ئێران تەنانەت  پێویستیشی بە بەکرێگیراونەبوو بۆ دەستگیرکردن و  ئیعدام کردنی تێکۆشەرانی ئێرانی بەڵکە ئەو کارە قێزەونە  ڕاستەوخۆ خودی چەکدارانی دەسەڵاتی ئەوکات ، نەک هەر ئەنجامیان دەدا، بگرە لاشەکەشیان تەسلیم بە ڕژێمی شا دەکرد و لەناو شارەکان بەدوای ماشێن دا ڕادەکێشران و سوکایەتیان پێدەکرا وەک نمونەی سولەیمانی موعینی ! چ مێژوویەکی تاریک و دزێوە ؟ لەوەش دزێوتر کاتێک جێگۆڕکێ بەشوێنی جەللاد و قوربانی دەکرێ !

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *