گرفتی بە یەکگرتنی دژایەتی کودەتا و لایەنگری لە ئەردۆگان!

لەپەراوێزی کودەتا شکستخواردوەکەی تورکیادا
رێبوار ئەحمەد:
لیرەدا مەبەستم نیە هیچ لەوانەی رۆژانە دەربارەی کودەتاکەی ١٥ی تموزی تورکیا لە میدیاکان و لە دەمی شرۆڤەکارانی کاراو ناکاراوە دەوترێن دوپات بکەمەوە. هەروەها مەبەستم نیە لێکدانەوە لەسەر هۆیەکانی کۆدەتا و زەمینەکانی و هۆکارەکانی شکستی بە گشتی بکەم. ئەوەی کە لە لێکدانەوانەی باودا، لانی کەم ئەوانەی کە من بیستومن و خوێندومنەوە، جێگای خاڵیە، نەبونی لێکدانەوەیەکی دروستە لە بارەی بنەماکانی دژایەتی و هاتنەمەیدانی خەڵک دژی کودەتاکە. بە تایبەت کە ئەم هاتنەمەیدانە هاوتابوو لەگەڵ بانگەوازەکەی ئەردۆگان بۆ هەمان مەبەست. لێرەدا تەنها دەمەوێ لەسەر ئەم مەسەلە دیاریکراوە بۆچۆنی خۆم باس بکەم.
ئەردۆگان بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا نوێنەرایەتی فاشیانەترین سیاسەتی کردوە بۆ سەرکوتی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان، بە چنگ و ددان لە هەوڵدابوە بۆ داسەپاندنی سیستەمێکی تۆتالیتاری ئیسلامی نەتەوەپەرست، بە بەرچاوی هەموو خەڵکی دنیاوە هاوکاری و پشتی جەبهەیەکی بەهێزو فراوانی بۆ ئینسانکوژی داعش فەراهەم کردوە، خەڵکی کوردستانی تورکیای بە دڕندانەترین عەسکەرتاریەت سەرکوت و کۆمەڵکوژ کردوە….. پرسیارێکی سادە بەڵام زۆر زەق ئەوەیە کە ئایا خەڵک بۆ لایەنگری لەم سیاسەتانەو لە ئەردۆگان هاتنە سەر شەقام؟ کەوایە ئەوە چۆنە لە کاتێکدا ئەردۆگان و حزبەکەی بەم سیاسەت و کارکردانە دەناسرێنەوە، کەچی تا ئەم رادەیە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی دەکرێت؟! ئایا لەم ئاستە جەماوەریە فراوانەدا خەڵکی تورکیا لایەنگری لە بەربەریەت و کۆنەپەرستی دەکەن؟!
لێکدانەوانەی باو یان لەوەڵامدانەوەی دروستی ئەم پرسیارانە خۆی دورگرتوە یان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئەو وەڵامە نادروست و نارەواو ساویلکانەیە پەسەندکراوە کە جەماوەی خەڵک لایەنگریان لەو بەربەریەت و کۆنەپەرستی و ملهوڕیەی ئەردۆگان و حزبەکەی کردوە. ئەوپەڕی بەڵگەی بەهێز یان باشترە بڵێم پاساو بۆ ئەم لیکدانەوەیە ئەوەیە کە ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی تورکیادا براوەبوە و گومان لەوە نیە کە خەڵکی زۆری لەگەڵدایە. ئەمەش مانای ئەویە کە ئەو جەماوەرەی رژانە شەقامەوە دژی کودەتا، هەر بریتی بوون لەوانەی کە دەنگیان بە ئەردۆگان و حزبەکەی داوە. هەندێک لە بەناو شرۆڤەکارانی سیاسی تەنانەت ئەوەیان بیردەچێتەوە کە کاتی خۆی هەرخۆیان تانەیان لەو هەڵبژاردنە داوەو ئەردۆگان و حزبەکەیان بەوە تاوانبارکردوە کە بە زۆرەملێ و بە شێوەی جۆراوجۆر، بە هەڕەشەو زاڵکردنی فەزای سەرکوت و عەسکەرتاریەت و و تیرۆرو سیناریۆسازی و ساختەکاری، فەزاو پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەکانی بە قازانجی خۆی داشاکاندەوە.
ئەم لێکدانەوەیە ناتوانی لەدوو حالەت بەدەر بێت، یان هەتا بلێی ساویلکانە یان هەتا بلێی فریوکارانەیە. راستی مەسەلەکە ئەوەیە کە خەڵکی تورکیا مێژویەکی درێژتر لە نیو سەدە ئەزمونیان لەگەڵ کودەتا هەیە. خوێناوی ترینیان کودەتای ١٢ی سەپتەمبەری ١٩٨٠ یە بە سەرۆکایەتی کەنعان ئیفرین، کە ئاکامەکەی لێشاوێک لە کوشتارو لەسێدارەدان و سەرکوتی خوێناوی و لەژێرپێنانی سەرەتاییترین ماف و ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان بوو. دەیان کەس لە سیدارە دران، سەدان کەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس دەستگیرو راپێچی زیندان کران. لە میژوی تورکیادا بە خوێناوی ترین کودەتا ناسراوە. بەدوای کودەتاکەدا کوشتارگا و کۆمەلوژیەک بۆ جەماوەوری خەڵک و بە تایبەتی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و نوسەران و سیاسیەکان بەرپاکرا….کودەتا لە ئەزمونی خەڵکی تورکیادا وەکو هیچ جێگایەکی تر دوای تێپەڕبونی تەنانەت دەیان ساڵیش نەبوە بە مێژویەکی لەبیرکراو. هۆی ئەمەش ئەوەیە کە جگە لەو کودەتا بەکردەوانەی رویانداوە و کارەساتیان بەرپاکردوە و لە بیرەوەری خەڵکدا ماونەتەوە، لە مێژوی تورکیای هاوچەرخدا بەهۆی دەسەڵاتی بێسنوری سوپاوە، هەموو رۆژێک باسی کودەتا و هەڕەشەی کودەتا و مەترسی کودەتا، بە کورتی کابوسی کودەتا هەمیشە بەسەرسەری خەڵکەوە بوە. بە پێچەوانەی زۆربەی زۆری دانیشتوانی خەڵکی دنیاوە کە رەنگە زۆربەی زۆریان تا تەمەنی ئەوەی پێی دەڵین بالغبوون هیچ بیرۆکەیەکیان لە بارەی دستەواژەی کودەتاوە نەبیت و نەزانن چیە، ئەستەمە کە تەنانەت هەرزەکارانی تورکیا هەست و بیرۆکەیەکی ناخۆش و کاردانەوەی نێگەتیفیان لە بارەی دەستەواژەی کودەتاوە نەبێت’ ئەگەر تەنانەت زۆر تەنگومژاوی و نارۆشنیش بێت. ئەمە بەر لە هەموو شت و بەر لە بانگەوازی ئەردۆگان و سیاسیەکان و حزبەکانیش، رقێکی ئەستوری لە دەرونی خەڵکدا دژی کودەتا خوڵقاندوە. ئەم رەقە جەماوەریە هەرکات بواری بوبێت چاوەڕیی ئەردۆگانەکان نەبوە بۆ دژایەتی و نەفرەتکردن لە کودەتا و هاتنەمیەدانیشی بە هیچ جۆرێک یەکلایەنە مانای لایەنگری لە ئەردۆغان نیە، با بانگەوازی ئەردۆگان و پەرچەکرداری دەزگای میت و پۆلیس و میلسیای سەر بە ئەردۆگان دژی کودەتاچیان، بواری هاتنەمەیدانی خەڵکی ئاوەڵاتریش کردبێت.
هەڵسوڕاوانی چەپ و سۆسیالیستس و کۆمۆنیست و کرێکارانی رادیکاڵ، هەمیشە یەکەمین قوربانیەکانی کودەتابون، دوای هەر کودەتایەک یەکەمین پەلامارەکان بۆ سەرکوتی ئەوان دەستیپێکردوە. گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوای کودەتای ١٩٨٠ ئاشکراترین بەڵگەیە. هەر بۆیە هەموو ئەوانەی لە خانەی چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵگای تورکیادابن، وە لێشاوێکی گەورە لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان کە نەفرەت لە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئەردۆگان و ئاکەپە دەکەن، بە دروست کودەتایان زۆر بە مەترسیدارتر لە ئەردۆگان و هەر دەسەڵاتێکی دیکە زانیوە و دژی راوەستاون. ئەو راستیەیان لارۆشن بووە کە مڵملانی لەگەڵ هەر دەسەڵاتێکی وەکو ئەردۆگان و تەنانەت هەوڵدان بۆ روخاندنی، ئاسانترە لە جنگ دژی دەسەڵاتی سەربازی کودەچیان. کاردانەوەی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا دژی کودەتا هەر لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە هەستیان بە لە ئارادابونی ئەگەری کودەتاکردبێت. کاردانەوەی ئەم بەشە دژی کودەتا نەک هەر بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی لایەنگری لە ئەردۆگانەوە، بەڵکو بە ئەندازەی ئەو لێکدانەوەیە پوچە کە لە ٢٠٠٣دا دژایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەگەڵ جەنگی خوێناوی و کاولکارانەی ئەمریکا بە لایەنگری لە رژێمی سەرکوتگەری بەعس تاوانبار دەکرا. ئەمرۆش هەموو هاوڵاتیەکی سادە دەتوانێ ئاکامی ئەو جەنگە و دروستی لێکدانەوەکانی ئەو حزبە ببینێ.
جیاواز لەوانە، لە تورکیادا چەندین حزبی سیاسی قانونی و ناقانونی هەیە، کە یان سەرسەختانە دژی ئەردۆگان و حزبەکەین یان لانی کەم ناکۆکیان لەگەڵی هەیە. واتە نەک هەر لایەنگری لە ئەردۆگان ناکەن بەڵکو زۆر یان کەم لە روانگەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە کێشە و ناکۆکیان لەگەڵی هەیە. هەر یەک لەم حزبانەش کەم یان زۆر لایەنگریان لە ناو خەڵکی تورکیادا هەیە. ئەگەر بەپێی کەم و زۆری کێشەکانیان لەگەڵ ئاکەپە و ئەردۆگان پۆڵێن بکرێن رەنگە جەمسەریکیان پەکەکە بێت و ئەو جەمسەرەکەی جەهەپە و مەهەپە بێت. بەبی ئستسناء هیچ یەک لە حزبە  سیاسیەکان نەک هەر لایەنگریان لە کودەتا نەکرد، بەڵکو هەموان و بە شێوەی جۆراوجۆر دژیبون یان لانی کەم هەڵوێستێکی نێگەتیفیان لەبەرامبەریدا هەبوو. کەوایە ئەو جەماوەرەش کە پێڕەوی لە هەڵوێستی ئەم حزبانە کردبێت، نەک بۆ لایەنگری لە ئەردۆگان و بەپیرەوەچونی بانگەوازەکەی ئەو نەبو، بەڵکو بۆ وەستانەوە دژی کودەتاو ئاکامە کارەساتبارەکانی بوو.
کۆمەڵگای تورکیا لەسەر بناغەی ئەزمونێکی کارەستابارو درێژ کە لەگەڵ کودەتا و دەسەڵاتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی جەنەراڵە سەربازیەکان هەیانە، هوشیاریەکی بەرزیان بەرامبەر مەترسی کودەتا و دەسەڵاتی سەربازی هەیە. لە دوالێکدانەوەدا کاردانەوەی فراوانی خەڵکی تورکیا دژی کودەتا سەربازیەکەی ١٥ی تەموز، لە بنەڕەتدا لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.

١٩ی تموزی ٢٠١٦

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *