کاتێک سیاسەت دەگەنێ !

عەبدوڵا ساڵح :
سروە عەبدولواحد پەرلەمەنتاری عیراق لەسەر لیستی گۆڕان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی NRT كوردی ڕەخنەی لە مەسعود بارزانی گرت کە سیاسەتی چەواشەکاری بەکار دێنێت بەتایبەت لە مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ، و چەند جار دووبارەی کردەوە کە ئەو بابەتەی تەنیا بۆ موزایەدەی سیاسییە .
ئەو ئەندام پەرلەمانە لە قسەکانیدا چوارچێوەی گوتاری سیاسی ئەمڕۆی لەکوردستان باوە، نەبەزاند و وەک پەرلەمانتارێک بیرو بۆچونی خۆی باس کرد .
لەوەڵامی ئەو ڕەخنەیەی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتارێکی پارتی ھاتە دەنگ و دوور لە ھەموو یاساو ڕێسای سیاسی ئەوەی کە ئێستا لەناو حیزبە کوردیەکاندا باوە ، وە دوور لەھەموو جەدەل و کێشمەکێشێک تۆمەتی ” ڕەوشتی ” بۆ سروە داتاشی کە تەنانەت باس کردنیشی قێزەونە .
جیا لەوەی من ھاوڕای سروە بم یان نا ، جیا لەوەی ئەم ڕەخنەیەی دەچێتە چوارچێوەی کێشە قوڵەکانی ئەمڕۆی نێوان پارتی و گۆڕان یان نا ، وەڵامدانەوەکەی پەرلەمانتاری پارتی بە ئەوپەڕی زەبونی دەخوێنمەوە ، ئەم جۆرە لە وەڵام دانەوە، ڕاستیەکمان بۆ دەردەخا کە ئەحزابی سیاسی کوردی و بەتایبەت پارتی چ تێڕوانینێکی ھەیە بۆ ژن وە چۆن لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا بیری گەندەڵی پیاو سالاری و بە کەم زانینی ژن ڕوکنێکی سەرەکی بەرنامەو بۆچونەکانیانە .
پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانی ژنان بە ھێنانەوەی تۆمەتی ئەخلاقی بۆیان لە وەڵامی باس و جەدەلی سیاسی دا ، جیا لەوەی لەسەرەوە باسم کرد ، پەیامێکە بۆ ھەموو ئەوانەی لێرە بەدواوە نیازی ڕەخنەیان ھەیە لە سیاسەتەکانی پارتی ، بەتایبەتی ئەگەر ڕەخنەگر ژن بێ، چ وەڵامێکی حازر و ئامادە چاوەڕێیانە .
ئەمڕۆ گەندەڵی، لە سایەی سیاسەتی ئەحزابی کوردی ، نەک تەنیا بەشی زۆری چمکەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە ، بەڵکو باس و جەدەلی سیاسیشی وا ھێناوەتە ئاستێکی نزم کە زیاتر لە جنێوی لاکۆڵان دەچێ.
دەڵێن خۆراک بۆ ئەوەی نەگەنێ خوێ ی پێدا دەکەن بەڵام کە خوێ گەنی ئیتر چی !
13 / 8 / 2016

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *