بەرەو کۆبوونەوەی ناوەندەکان و هەڵبژاردنی نوێنەران!

رێبوار ئەحمەد:

گوشاری ناڕه‌زایەتیەکان لەسەر دەسەڵات بە ئاشکرا خۆینواندوە. ئەو دەسەڵاتەی کە رۆژان هات و رۆیشت گوێی لە تاقە یەک داخوازی خەڵکی برسی و ناڕازی و بێدەرەتا نەگرت، ئێستا دوای خرۆشانی بەشێک لەشار و شارۆچەکەکان، کەوتوەتە پەلەقاژە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی خەڵک. نابێ هیچ گومان لەوەدا هەبێت کە ئەم دەسەڵاتە تۆزقاڵێک جێگای باوەڕنیە و زۆر لەوە چاوچنۆکترە کە گوێ بە ئازارەکانی خەڵک بدات و با ئاسانی دەست بۆ قاسە پڕه‌کانی حزب و بەرپرسانی بەرێت. هەموو سیناریۆیەکی ئەوان رێگایەکە بۆ تەفرەدان و هێورکردنەوە و پەرتوبڵاوکردنی ریزی ناڕەزایەتیەکان.

دوای ٣ مانگ ئەنجومەنی وەزیرانەکەیان کۆبونەوە گوایە مەبەستیانە وەڵام بە دۆخی ئێستا و داواکانی خەڵک بدەنەوە. لەهاوشانی ئەمەشەوە دوای دوساڵ فڕوفیشاڵی بنیاتنانی ئابوری سەربەخۆ، شاندنی نێردراویان بۆ بەغدا، بە تایبەت لەدەمی یەکگرتوی ئیسلامیەوە مژدەی فریوکارانە و ئومێدی چارەسەری کێشەکان بەسەر خەڵکی برسی و ناڕازیدا تەخشان و پەخشان دەکات. وەڵامەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خواستەکانی خەڵک لە پوچ پوچترە، تازە ئەگەر راستبکەن و پێوەی پابەندبن نەک هیچ لێکچونێکی لەگەڵ ئەوە نیە کە مافی رەوای خەڵک بسەلمێنن و دەستەبەری بکەن، بەڵکو تەنها لە خێروسەدەقەیەک دەچێت کە ئەم دەسەڵاتە تاڵانچیە بەرچاوی خەڵکی پێبگرێت. کەوایە رێگا چارە رۆشنە؛ بەردەوامیدان بەناڕەزایەتیەکان و توندکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵاتی تاڵانچی حزبە بورژوازیە کوردی و ئیسلامیەکان، تا ناچاردەبن دەمی قاسە پڕەکانیان بکەنەوەو مافەکانی خەڵک بەبێ کەم و کەسر دەگێڕنەوە.

بەڵام دەبێ لەهەر هەنگاوێکدا جگە لە خاڵە بەهێزەکانی خەبات و تێکۆشان، خاڵە لاوازەکانیش ببینرێن. بەم جۆرە رێگادەگیرێت لەوەی خەبات و ناڕەزایەتیەکان بەرەو دڵساردی و خاوبونەوە و کەمبونەوەی فشارو سەرئەنجام توانەوە بڕۆن. هەروەها رۆژبەڕۆژ بە گوڕوتەوژمێکی گەورەترو هێزو ئیرادەیەکی زیاترەوە گوشار لەسەر تاڵانچیان توندبکرێتەوە و مافی رەوای خەڵک لە گەرویان دەربهێنرێت. هاتنەمیەدانی رۆژی ٢٧ی ئەیلول، سەرباری ئەوەی پەیامێکی رۆشن و بەهێزی بەدەسەڵاتدارانداو لە خەوی خۆش رایچڵەکاندن، بەڵام لە خاڵی لاوازیش بەدەرنەبوو. لەوانە؛
ئاستی رێکخراوبون. کەموکوڕی رێکخراوبون بەرجەستەبو، جەماوەری ناڕازی نارێکخراو و دەخاڵەت وبەشداریان لەبڕیارو دیاریکردنی هەنگاوەکان، تەنها لەڕێگای هەڵسوڕاوانی پێشرەویانەوە مەیسەربو. لە کاتیکدا بەشداری راستەوخۆی جەماوەری رێکخراو تواناو ئیرادەیەکی زۆر بەهێزتری دەبەخشی. جگە لەوەش یەکدەست نەبونی رێکخەرانی خۆپیشاندان لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردن، شوێنی دەستپێکردن، دروشم و داواکاریەکان، پەیامەکان، چۆنیەتی کۆتایهێنان بەوڕۆژەو چۆنیەتی بەردەوامیدان…هتد. 

سەراسەریبون. ئەمە تەنها لەو روانگەیەوە ناڵێم کە خۆپیشاندانەکان تەنها ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە، بەڵکو لەو روانگەیەشەوە کە هەر لەو دوپارێزگایەشدا دەکراو پێویست بوو هەموو ناوەندەکان و هەموو مافخوراوان بەشداریەکی زۆر زیاترو بەرجەستەتریان بکردایە و گوشار و کاریگەری گەورەتر لەسەر دەسەڵات دانرایە. بەتایبەتی پێویستە هەموان ئەو راستیە بزانین کە ناوەندەکانی بەرهەمێنان و ئەو بوارانەی کە رێچکەی رۆچونی سەروەتی کۆمەڵگا بۆ ناو قەڵای سەروەتی دەسەڵاتداران ئاراستەدەکەن، رۆڵیان لەم خەباتەدا یەکجار حەیاتی و چارەنوسسازە.
یەکێک لەمامۆستایان بەدروست لەشاشەی تەلەفزیونەوە دەیوت ” ئەم دەسەڵاتە گوێ بەپرۆسەی خوێندن و خزمەتگوزاری نادات. بۆیە ئەگەر هەموو خزمەتگوزاریەکان پەکیان بکەوێت دەربەستنایەن.” بەڵام بۆ نموونە ئاخۆ ئەگەر کرێکارانی کۆمپانیە نەوتیەکان تەنها دەست لەکاربکێشنەوە، ئەم دەسەڵاتە چاوچنۆکە دەتوانێ بێده‌ربەستبیت؟! رۆڵی کرێکاران بەتایبەتی لەم ناڕەزایەتیانەدا زۆرگرنگە، کرێکارانی پێشڕەو پێش هەموان ئەرکیانە بۆ بەرجەستەبوونی ئەم رۆڵە دەستبەکاربن و پاشانیش رابەران و دەستەکانی ناڕەزایەتی خەڵک لەسەریانە توانای خۆیان بۆ ئەم مەبەستە بخه‌نەکار. 
یەکدەستی و رۆشنبوون لەخواستەکان، یەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتن و بەسەمەرگەیشتنی ناڕەزایەتی جەماوەری ئەوەیە کە لەهەر هەنگاوێکدا خواستەکانی رۆشبن و جەماوەری ناڕازی لەدەوری ئەو خواستانە یەکدەستبن. تێکەڵاوکردنی خواستی جۆراوجۆرو لەوەش گرنگتر ئاستی جۆراوجۆر لە خواست و دروشم، بواری بەسەمەرگەیشتن بەرتەسک دەکاتەوە. پێویستە بەپێی هاوسەنگی هێزو رادەی ئامادەیی و توانای جەماوەری ناڕازی و ئازارو گرفتەکانی خەڵک، خواست و دروشمەکان دەستەبەندی بکرێن. پێویستە خواستە دەستبەجێکانی هەر هاتنەمەیدانێک وەکو بابەتی کێشمەکێشی رۆژ لەگەڵ دەسەڵاتداران دیاریکراوبن. هاوکاتیش بۆ رۆشنکردنەوەی بەرچاوی جەماوەر لە ئاست ئاسۆی بەرزتری خەباتەکە و بردنەسەری ئامادەییەکان، ئەو ئاسۆیە بە دروشم و وتارو کاری هوشیاردەرانە ببرێتە ناو جەماوەرەوە. بۆ نمونە؛ دانی کرێ و موچەکان بەبێ کەم وکەسەر و لە کاتی خۆیدا و هەڵوەشانەوەی بڕیاری بڕینی قوتی خەڵک بە ناوی پاشەکەوتەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، ئازادی بێ ئەملاو ئەولای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و رێکخراوبون لەسەرتاسەری کوردستان ..و…ئەمانە خواستی دەستبەجێن و دەبێ بێدرەنگ و بێ پێچ و پەنا دەسەڵات جێبەجێییان بکات. 

بەڵام خۆ ئامانجی خەڵک گەڕانەوە بۆ دۆخی پڕ لە راوڕوت و سەرکوت و تیرۆرو زۆرداری و ملهوڕی دوساڵ لەمەبەر نیە. لە ١٧ی شوباتدا کە جەماوەر خرۆشا، بڕیاری بڕینی موچە لە ئارادە نەبوو..بۆیە خواستەکانی ١٧ی شوبات و خەباتی ئەم چەندین ساڵە هەر لە جێگای خۆیدا ماوە لە پێناو؛ ژیانێکی ئازادو خۆشگوزەرانی بەدور لە سەرکوت و هەڵاواردن و دەسەڵاتی خێڵەکان و بۆماوەیی و میلیشیایی و دامەزرانی دەسەڵاتێکی ئازادی پشتبەستو بە ئیرادەی خەڵک، لەڕیشە دەرهێنانی گەندەڵی و تاڵانی، دادگایی تاڵانچیان و بکوژان و سەرکوتکەرانی خەڵکی ناڕازی و رەخنەگر، دەستبەسەراگرتنی سامانی بەتاڵانبراو لەلایەن بەرپرسان و حزبەکانەوە..و… ریزی سەربەخۆ و رێگاگرتن لە تێکەڵاو بونی ریزەکان. ئەجندای خەڵکی ناڕازی هیچ لێکچونێکی نیە لەگەڵ ئەجندای ئەو حزبە بورژوازیە نەتەوەپەرست و ئیسلامیانەی کە لەسەر دابەشکردنی داهاتی بەتاڵانبراو دەسەڵات لەگەڵ پارتی لەکێشەدان. یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان، خۆیان شەریکە دەسەڵات و شەریکە تاڵانانین لەگەڵ پارتیدا. جێگای ئەوان لە ناو ناڕەزایەتی خەڵکدا نابێتەوە و نابێت بواری فریوکاریان پێبدرێت، ئەگینا دوچاری هەڵدێری دەکەن و بۆ مەرامەکانی خۆیان سەودای پێوە دەکەن. ئەوان دەبێ لە ریزی دەسەڵاتدا بەرپرسیارێتی ئەم جەهەنمە هەڵگرن کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندوەو وەڵامی داخوازی خەڵکبدەنەوە.
لەم رێگایەدا هەنگاوی داهاتوی خەباتی جەماوەری هەر دوبارە و چەندبارەکردنەوەی خۆپێشاندانی ٢٧ی ئەیلول نیە، بەڵکو بەدەرس وەرگرتن لەو تەجروبەیە هەنگاوێکی کارسازتر پێویستە. ئەمەش لە رێگای پیداگری لەسەر خاڵە بەهێزەکان و زاڵبون بەسەر لایەنە لاوازەکاندا مەیسەردەبێت. واتە بردنەسەری ئاستی رێکخراوبون، فراوانکردن و هەمەگیرکردن و سەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان، یەکدەستکردنەوەی جەماوری ناڕازی لە دەوری خواستە دەستبەجێکان لەگەڵ ئاسۆدارکردنی خەباتەکەیان بە ئامانجە گەورەترەکانی ئەم خەباتە، هەروەها جیاکردنەوەی ریزی خەڵکی ستەمدیدە و ناڕازی لەو حزب و بزوتنەوانەی کە بەشێکن لە دەسەڵات و چینی چەوسێنەرو تاڵانچی و مشەخۆر..و..

لە درێژەی خرۆشانی ٢٧ی ئەیلول و هەڵگرتنی هەنگاوێکی گەورە بۆپێشەوە، پێویستە دەستبەجێ و بێدرەنگ هەموو ناوەندەکانی کارو خوێندن بکرێن بە جێگای کۆبوونەوەی گشتی و میتینگ، کرێکاران لە ناوەندەکانی کار، مامۆستایان و خوێندکاران و خانەوادەکانیان لە ناوەندەکانی خوێندن، فەرمانبەران لە فەرمانگەکان، …رۆژانە لە شوێنی کارو فەرمانگەو ناوەندەکانی خوێندن ئامادەبن و کۆبونەوەکانیان بەرپابکەن. پێکەوە گفتوگۆو راوێژبکەن؛ لەسەر چیکردن و چۆنکردن، لەسەر خواستەکان، لەسەر چۆنیەتی کاردانەوە بەرامبەر بەدەسەڵات و پیلانەکانی، وە لەسەر چۆنیەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی تر…قسەباس بکەن. پاشان بۆ پەیگیری کردن و سەرپەرشتی کردنی ئەو کارو هەنگاوانەی کە دەیخەنە دەستورەوە، بۆ پێکهێنانی هاودەنگی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی تری شارو پاشان لەگەڵ شارەکانی تر، بۆ پەیوەستکردنی ئەو ناوەندانەی کە تا ئێستا لە ئاستی پێویست پەیوەستنەبون بەم خەباتەوە، وە سەرئەنجام بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات لە کاتی گونجاوی خۆیدا..پێویسته‌ هەموو ناوەندێک نوێنەرانی پەیگیرو دڵسۆزو جێگامتمانەی خۆیان هەڵبژێرن. نوێنەرانی ناوەندەکانیش دەتوانن لەگەڵ یەکتری پەیوەندی بگرن، کۆبونەوەی دەستەکانی نوێنەرایەتی ناوەندەکان بەرپابکەن و لە نێوان خۆیاندا دەستەیەکی باڵاتر بۆ نوێنەرایەتی لە ئاستی شاردا هەڵبژێرن. ئەمە ئاستێکی گونجاو بە رێکخراوبون و یەکدەستی جەماوەر و ناڕەزایەتیەکان دەبەخشێت و توانایی و گوشاری لەسەر دەسەڵات چەند بەرابەر دەکاتەوە. هاوکات ئەمە تواناو ئامادەیی ئەم بزوتنەوەیە تا ئەو ئاستە دەباتە سەرەوە کە لە رێگای دەستەبەرکردنی ئاسۆو ئامانجە بەرزەکانیدا لە رەوتێکی خێراتر بەرەوپێش بڕوات. 
٣٠ ئەیلولی ٢٠١٦

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *