خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست،
ئه‌مه‌ی به‌رده‌سه‌تان سیمینارێكه كه له گفوتۆگۆیه‌كدا، له مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا سازكراوه، و سه‌ره‌تا به شێوه‌ی ده‌نگ ئاماده كرا. ئه‌و هاوڕێیانه‌ی به سوپاسه‌وه ئه‌ركی نووسینه‌وه‌یان كێشاوه بریتین له ئه‌حمه‌د عه‌لی و بنار موسته‌فا و جه‌مال موحسین. دوای نوسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن به‌شداربوانه‌وه خۆیانه‌وه وردبینی تیاكرا تاكو وه‌ك بابه‌تێكی نوسراو بۆ بڵاوبوونه‌وه بگونجێنرێ. دیدگای سۆشیالیستی
جه‌مال موحسن:
سڵاو… ئەم کاتەتان باش..
له‌م سیمیناره‌دا هەوڵدەدەین ریشەکانی بنبەست و قەیرانی ئێستای دەسەڵات بخەینە بەرباسەوە و چه‌ند مه‌سائیلێك بوروژێنین، بنه‌مای باسه‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه تێگه‌یشتنێكی كۆمۆنیستی وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ماركسیستی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رج و دۆخێك كه كوردستانی پیا ئه‌ڕوات بده‌ین به ده‌سته‌وه. باسه‌كانی ئه‌م سیمیناره هه‌ریه‌ك له هاوڕێیان عوسمانی حاجی مارف، خه‌سره‌وسایه، موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، موحسن كه‌ریم و جه‌مال موحسن تیایدا به‌شدارن. بێگومان باسه‌كانی ئەم سیمینارە بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی له گۆڤاری فیكری و سیاسی، “دیدگای سۆسیالیستی”دا ئەنجام دەدرێ.
سەرەتا بۆ چونه نێو باسه‌كه‌وه، بە پێویستی ئەزانم لەپێشەکیەکی کورت‌دا چوارچێوه‌ك بخەمە ڕوو:
هه‌ڵبه‌ته له هیچ كه‌س شاراوه نیه کە هه‌لومه‌رجی كوردستان به بارودۆخێكی قه‌یراناوی و ژیانێكی سەخت و كوله‌مه‌رگی و هه‌ژارییه‌كی كه‌موێنەدا تێئه‌په‌ڕێت. ئه‌وه‌ی كه به ئاشكرا ئەبینرێ سیماكانی ژیان و بژێوی خه‌ڵكە کە مه‌ترسی لەسەر خەڵکی هه‌ژار و ده‌سته‌نگ و ئەوانەی موچە وەردەگرن داناوە. بەتایبەتی کە بۆ چه‌ندین مانگ، كه له ئێستادا بۆ ٥ مانگ ئەچێت حکومەت موچەی نەداوە. ئیستا ته‌واوی بوارەکانی ژیانی ئابوری خه‌ڵك بەرەوخوار ملی گرتووە. هه‌روه‌ها ئه‌شبینین کە له‌ولاوه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كوردستانا چ په‌رله‌مانه‌كه‌ی و چ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌و شێوه‌و فۆرمه‌شه‌وه كه خۆیان بۆ خۆیانیان دانابوو بەبنبه‌ست گەیشتووە و سەرەنجام گیرۆدە بووە بە ئه‌زمه‌یه‌كی سه‌راپاگیر. بۆرژوازی كورد و ئه‌حزابه سیاسیه‌كانی، یانی ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی كورد و هەروەها ئیسلامیه‌كانیش كه پێکەوە له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار بوون قسه‌ی جیا ئه‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه و هه‌ر یەك بەجۆرێك ناوی لێئه‌نێن و جۆرێك لێكدانه‌وه‌ی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیە چینایه‌تیەکانی خۆیانی بۆدەکەن. لایه‌نێكی سیاسی بیه‌وێ و بتوانێ لێكدانه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌حلیلێكی ماركسیستی بۆ ئه‌م وه‌زعه بدا به ده‌ستەوە ئێمه كۆمۆنیسته‌كان و حزبی كۆمۆنیستی كرێكارییه، بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌پێی بواری ئه‌م سیمیناره كۆمه‌ڵێك مه‌سائیل له‌م بارەوە بوروژێنین.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌سپێبكه‌ین له سه‌ره‌تاوه ئه‌توانین بڵێین لایه‌ن هه‌یه ئەڵی ڕیشەی دۆخەکە قه‌یرانی داراییە و باسی ئەوە ئه‌كات كه له كوردستاندا پاره نیه، یان پاره به‌شی ئه‌وه ناکات كه ژیانی خه‌ڵك دابین بكرێ، حکومەت مووچه بدات، خه‌سته‌خانه‌كان و خزمه‌تگوزاریه‌كانی خه‌ڵك چاك بكرێ، پاره نیه كاره‌با دابین بكرێ و زۆر شتی تر..
لایەنێکی تر ئه‌ڵێ ئه‌سڵه‌ن حکومەت حكومه‌تی قه‌یرانه. یه‌ك له سه‌ر یه‌ك قه‌یرانی ئاماده‌كردوه تا خەڵك مەشغوڵ بکات.. لایەنێکی تر ئه‌ڵێ لەبه‌رئه‌وه‌ی حزبە باڵادەستەکان لەوانە پارتی ئیحترام و ڕێز بۆ په‌رله‌مان و سه‌روه‌ری په‌رله‌مان دانانێن تاڕۆڵی نیشتمانی و موئەسەساتی بگێڕێ بۆیه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌مانه له‌وێوه هاتووه. له كاتێكا وه‌كو وتم ته‌واوی گۆشه‌كانی ژیانی خه‌ڵك ده‌رگیری بارخراپی و داڕمان بووە.
ئێمە كۆمۆنیسته‌كان دەڵێین چی؟ له ئه‌ده‌بیاتی حزبدا زۆر جار باس له‌وه کراوە بارودۆخێك كه كوردستانی تێكه‌وتوه زۆرتر به بنبه‌ستی بۆرژوازی كورد، یانی بە بنبه‌ستی ئابوری و سیاسی و حکومەتی بۆرژوازی كورد ناوی دەبەین. به‌ڵام ئه‌م دەربڕینە هێشتا قسەیەکی گشتیە و بۆ ئه‌وه‌ی بچینه ناوەرۆك ولایەنەکانیەوە دەمانەوێت لێره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین.
به هه‌ر حاڵ ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووری هه‌یه له‌كوردستاندا با ڕونیبکەینەوە لایەنەکان و هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قه‌یرانه و ئه‌م بنبه‌سته چییە كه كۆمه‌ڵگه‌ی تێكه‌وتووه و له كوێوه سەرچاوەی گرتووە؟ ئه‌گه‌ر باسی بنبه‌ستی سیاسی بۆرژوازی كورد دەکەین، ماناکەی چیە و له‌كوێوه هاتووە.. هیوادارم هاوڕێیان بتوانن لەقسەوباسەکانیاندا بێنه سه‌ر گۆشه و كه‌ناره‌كانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. خاڵێکی تر کە بە پێویستی دەزانم لەسەرەتاوە ئاماژەی بۆبکەم ئەوەیە کە لە ئێستدا جیهان ده‌رگیری قه‌یرانێكی ئابووریه كە له ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه ده‌ستیپێكردووه، ڕه‌نگدانه‌وه‌و كاریگه‌ری ئه‌م قه‌یرانه له‌سه‌ر كوردستان و ناوچه‌كه چیه و یان ئایا ئێمه ئه‌توانین ته‌نها چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وەکانمان بۆ ئه‌م قه‌یرانه بەتەنها له ئاستی محه‌لی و له كوردستاندا سەرنج بدەین یان پێویستە فراوانتر بۆی بڕوانین؟
من ئه‌م پێشەکیە کورتەم تەنها بۆ دەستپێکی باسەکە بەپێویست زانی بەڵام دیارە لەچوارچێوه‌ی قسه و جه‌ده‌ل و پلیمێكی سیاسی‌دا ئه‌توانین مه‌سائیلی زیاتر له‌وباره‌وه بوروژێنین. بۆ چوونه ناو باسه‌كه‌وه سەرەتا لە خه‌سره‌وسایه وە دەست پێدەکەم:
تۆ پێتوایه سه‌رچاوه‌ی وه‌زعیه‌ت و بارودۆخی ئه‌زمه گرتووی ئیستای كوردستان بۆچی دەگەڕیتەوە و سەرەکیترین لایەنەکانی چین؟ فه‌رموو هاوڕێ خه‌سره‌و.
خه‌سره‌وسایه: به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ریشه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا، یا ئه‌و دۆخه‌ی كه كوردستانی پێگه‌یشتووه، دەگەڕێننەوە بۆ غیابی عونسوری عه‌قڵ و پێیوایه ئه‌وانەی کاروباری ئابووری و سیاسەتیان لەدەستدایە ئاقلانە مامەڵەیان نەکردووە و سەرەنجام دۆخی ئێستا وەك بەرهەمی پرۆسەیەکی تاڵانچێتی تاقمێکی میلیشیایی دەبینن، وەیان هەندێکیتر ڕیشه‌ی دۆخی ئێستا ئه‌گێڕنه‌وه بۆ بارخراپی ئیداره و نه‌بوونی موئه‌سه‌سات و دامەزراوەی نیشتمانی و نەتەوەیی.. من پێموایه ریشه‌ی ئه‌م بنبەست و قه‌یرانه لەکاپیتالیزمی کوردستان و سیستەمێکدایە کە بورژوازی کورد لەجەرگەی هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەییدا دایمەزراندووە. قەیرانی ئێستاش قەیرانێکی پێکهاتەیی (ساختاری-هەیکەلی) و سەراپاگیرە لە کاپیتالیزمی کوردستاندا کەپێشینەیەکی تەئریخی هەیە و پەیوەستە بەشکڵگرتنی سەرمایە و دەسەڵات لەدوای ساڵانی ٩١ەوە تا ئێستا. هاوكات ئه‌م سیسته‌مه و ئه‌م قه‌یرانه ساختاریه‌ی کاپیتالیزم لەکوردستان به‌شێكه لەقه‌یرانی سیاسی و حكومه‌تی و قه‌یرانێكی ئابوری سەرمایەداری جیهانی و ناوچه‌یی و کاریگەریەکانی عه‌كس بووه‌ته‌وه له‌كوردستانا، به‌واتایه‌كیتر ئه‌مه‌وێ بڵێم قه‌یرانێك كه‌له‌كوردستانا هه‌یه، ریشەی لەمەوجودییه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رمایه‌داری و سه‌رخانێكی سیاسیدایە كه‌له‌دوای ڕاپه‌ڕین پڕۆسه‌ی شكڵگرتنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و نه‌زم و نیزامی سه‌رمایه‌داری و تێپەرکردنی چەند دەورەیەك، هاتۆته بوون.
به ڕای من ئەگەرچی مەودای ده‌ركه‌وتی ئه‌م قه‌یرانه فراوانە و لە بوعدێکی كۆمه‌ڵایه‌تیدا شۆڕ بۆه‌ته‌وه و واوەتریش لەئاسته‌كانی حكومه‌ت، په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئیقتیساد و پرۆسه‌ی بازرگانی رۆیشتوە، هاوکات عه‌كس بوه‌ته‌وه له‌سەر ئه‌خلاقیات، هه‌ڵسوكه‌وتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار و خودی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و به‌جۆرێك له جۆره‌كان له هه‌موو ئه‌م ئاستانەدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام من پێموایه سێ مه‌یدان یانی سێ لایەن و ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌سڵی ئه‌م قه‌یرانه ساختاریه له سێ گۆشه‌ی سه‌ره‌كیدا خۆی ئه‌نوێنێ، گۆشەی یه‌كەمیان قه‌یرانی ئیقتیسادیه كه ئه‌ویش وه‌ك وتم ریشه‌ی له شكڵگرتنی ئیقتسادی كاپیتالیستیدایە له‌كوردستان کەله رابردوودا له‌ساڵانی ٧٠كانه‌وه ده‌سپێئه‌كا و دوای دەورانێکی ماوە درێژ لەچاوەڕوانی دەکەوێتە قۆناغێکی پەرەسەندنەوە. به‌تایبه‌ت دوای روخانی حكومه‌تی به‌عس له ٢٠٠٣ تا ناوه‌ڕاستی ٢٠١٣ ده‌وره‌یه‌ك له‌گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری قۆناغێك ته‌واو ئه‌كا، وه دوای ته‌واوبوونی ئه‌و قۆناغه دووبارە له‌حاڵه‌تی راوه‌ستان و چاوەڕوانیدا، به‌رامبه‌ر بەهه‌لومه‌رجێكی جیهانی (كه وه‌ك خۆتان وتتان قه‌یرانێكی ئیقتیسادی جیهانی هه‌یه‌و هه‌لومه‌رجی ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه، شه‌ڕوپێكدادان هه‌یه) سەردەردێنێتەوە. بەتایبەتی ئێمه ئه‌بینین كه كوردستان به‌شێكه له‌عێراق یانی له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ت و ئیقتیساد له عێراقدایە و عێراقیش به‌شێكە له‌هەلومەرجی سیاسی و ئیقتیسادی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێستا بۆته كانونێك بۆ ره‌قابه‌تێكی ئیمپریالیستی و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه. مەعلومە تادۆخی عێراق و ناوچەکە وابێت ئیقتسادی کوردستانیش لەچاوەروانیدا دەبێ. گۆشه‌ی دووه‌میان قه‌یرانی حكومه‌تیه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بەرهەمی هەلومەرجێکی سیاسی و جەنگێکی ناوچەیی و ناوخۆییە و فەرزکراوە بەسەر دۆخی ئابووریدا. ئێستا ئەم شكڵە بۆرد‌و كاركرده‌كانی به‌و شێوه‌یه‌ی كه هەلومەرجی سیاسی ئابوری سه‌رمایه‌داری جیهانی دەیخوازێ بە وڵاتانی وەك کوردستان و عێراقی سپاردووه، ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر هاتووه، ئه‌م شێوه‌یه له‌حکومڕانی و ده‌وڵه‌ت ناتوانێ موناسب بێ بۆ ده‌وره‌یەکی ماوەدرێژ له‌گه‌شه‌ی سه‌رمایه كه ته‌مسیلی واقعی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داران بكا و زامنی هەلومەرجی ئەمنی لەبار بکات بەرادەی ئەوەی كه بتوانێ بەشەکانی چینی سه‌رمایه‌دار له كوردستان له خۆ‌یا کۆبکاتەوەو له‌نه‌تیجه‌ی رەقابه‌تیاندا رۆڵبگێڕێ.. به‌عه‌كسه‌وه دەسەڵاتی ئێستا شكڵێكه لەئیدامه‌ی ئە‌و حكومه‌ته حزبیەی کەدوای جەنگی کەنداو ده‌سه‌ڵات و نفوزی ئه‌حزابی میلیشیای ناوچه‌یی بەسەر بازاڕی کار و سەرمایەدا زاڵکردووە و سەرەڕای چەندین دەورە لەهەڵبژاردن و وجودی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن، نەیتوانیوە ئەم حاڵەتە تەجاوز بکات. ئیدامه‌ی ئەمە بۆ ساڵانێکی زۆر، ناگونجێ لەگەڵ رەوتی سه‌رمایەدا، یانی سه‌رمایه سه‌رخانێكی موته‌ناسب بەخۆی ئه‌وێ. ده‌ركه‌وته‌یه‌كیتر جگه له‌قه‌یرانی حكومه‌تی و ئابووری واتە گۆشەی سێهەم به‌ڕای من مەوقعییه‌تی جیۆپۆله‌تیكی كوردستانه، واته دیاری نەكردنی ئەم جوگرافیایەیە وه‌ك ناوچەیەك له‌بڕانه‌وه‌ی حه‌قی حاكمیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت پێدانیەتی وەک ناوچەیەکی سەربەخۆ بەپێی قانونە نێونه‌ته‌وەییه‌كان. ئه‌مه بەڕۆشنی له قه‌یرانی پەیوەندیەکانی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدادا هەرجارە سه‌رده‌رئه‌هێنێ. به واتایه‌ك ئه‌مه‌وێ بڵێم كوردستان ئێستا مه‌علوم نیه نه خۆی ده‌وڵه‌تێكه نه به‌شێكه له ده‌وڵه‌تێك كه بتوانێ قه‌وانینی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاركرده سیاسی و ئیقتیسادیه‌كان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا موعته‌ره‌ف بێ، شه‌رعیه‌تی هه‌بێ و بتوانێ بچێته نێو پێکهات و ره‌وابیته سیاسی و ئیقتیسادیه جیهانیه‌كانەوە، تا بتوانێ به‌شێوه‌ی ده‌وڵه‌تێك كار بكا. ئێمه دەبینین کەچۆن به‌رئه‌نجامی كێشمه‌كێشی سەرانی سیاسی و ده‌سته‌به‌ندییه‌كان له‌ناوخۆی عێراقدا، هاوکات سیراعاتی ده‌وڵەتانی ناوچەکە، ئه‌حزابی سیاسی له كوردستاندا بەبلۆكبه‌ندی و دابه‌شبوونێكی ئاشكراگەیاندووە. ئه‌م دۆخە په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدای هه‌میشه به هه‌ڵپه‌سێراوی به‌ناڕۆشنی و به‌قه‌یرانێكی بەردەوامدا بردووە. له‌م دواییانەدا مه‌سعود بارزانی له‌ژێر ناوی سه‌ربه‌خۆیی كردنی بازرگانی نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمی كوردستاندا، ئەم قەیرانەی لەئاست پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا قوڵترکردۆتەوە، لەکاتێکدا كه‌ڕۆشنه پلاتفۆرم و ستراتیجیه‌تێكی سیاسی و ئیقتیسادی دەباتە پێشەوە كه ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ئاستی مه‌نتیقه‌كه‌دا ئه‌یگێڕێ، وه پارتیش وه‌كو حزبێك كه زۆرتر ئه‌م خه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردووه. هەر له‌م كاته‌دا ئێمه ده‌بینین كه یه‌كێتی نیشتیمانی وه‌كو حزبێك (وه ئه‌حزابه‌كانی تر) زۆرتر له‌ژێر تیشكی ئێران‌دا خه‌ریكن هەڵسوکەت دەکەن، به‌م مه‌عنایه كوردستان ناتوانێ و حه‌قی نیه و ڕێگه‌پێدراو نیه له ئاستی جیهانیدا به‌م حاڵه‌ته دوو فاكتۆییه‌وە و بەو هۆیەوە كه خۆی ده‌وڵه‌تێكی به ڕه‌سمی ناسراو نیه له ئاستی جیهاندا ئازادانە و قانونی تەسەروفی سیاسی و ئیقتسادی لەئاستی نێودەوڵەتیدا بکات هەربۆیە دیسانه‌وه دەرگیری راوه‌ستان و چاوەڕوانیە بەدیار ته‌وازنی هێزی دەوڵەتان و ره‌وت و ته‌یاراتی سیاسی كه له عێراقدا رۆڵدەگێڕن. من پێموایە بەردەوام بوون و درێژەکێشانی ئه‌م ده‌ركه‌وتانه‌یه كه‌ئەبعادی بنبەست و قەیرانی بۆرژوازی کوردی بەرینکردۆتەوەو هه‌تا هاتووه شۆڕ بووه‌ته‌وه بۆ هەموو بوارەکانیتر و هاوکات له حاڵه‌تێكی راوه‌ستان و چاوەڕوانیدا به‌دیار ئه‌وزاعی سیاسی و ئیقتیسادی و یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كێشمه‌كێشی لایه‌نه‌كاندا راگیراوە. واتە لەده‌وره‌یه‌كی ئینتیزار و چاوه‌ڕوانیدا قه‌راری گرتووه.
جه‌مال موحسین: به‌ڵام هاوڕێ خه‌سره‌و لێره‌دا خاڵێك هه‌یه كه‌گرنگەو به‌جۆرێكیش له قسه‌كانتدا هات و وه‌كو ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌میش باست كرد، ئەویش مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی ئابووریه، با بڵێین سیماكانی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان بناسین و ده‌ستی بخه‌ینه سه‌ر، بۆ نموونه له شێوه گشتیه‌كه‌یدا ئامانجێكی سه‌ره‌كی سه‌رمایه، هێنانی زیاتری قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌یه، ئه‌مه له‌كوردستاندا به‌جۆرێك ئه‌بینین، بەتایبەتی كاتێك كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان نه‌توانێ به‌پێی قاعیده ئه‌م هه‌ده‌فه بباته پێشه‌وه توشی قه‌یرانێك ئه‌بێ، یانی ده‌ورانێكی قه‌یراناوی به ڕێ ئه‌كا، به‌بڕوای تۆ ئه‌م لێكدانه‌وه گشتیه به‌سه‌ر كوردستانا چۆن جێبه‌جێ ئه‌بێ له‌كاتێكدا ئه‌زانین بۆ نموونه بڕێكی زۆر پاره و داهات له كوردستان هه‌یه وه به‌شێوه‌یه‌كی مۆڵیش وه‌ك باس ئه‌كرێ له‌بانكه جیهانیه‌كانیشدا هه‌یه، چۆنیه‌تی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌له كوردستاندا هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و سیماته گشتیه‌ی ئە‌و قه‌یرانه‌ی باسی لێئه‌كرێ به بڕوای تۆ چۆنه؟
خه‌سره‌و سایه: له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی ئیقتیسادی سەرەتا حه‌ز ئه‌كه‌م له‌سه‌ر یه‌ك نوقته ڕاوه‌ستم: ئەویش ئەوەیە کە كوردستان قه‌یرانی دارایی نیه (قه‌یرانی دارایی بەمانای کەمی سەرمایە ئە‌ڵێم)، قه‌یرانی ئابووری هه‌یه. بەڵام بەرلەوەی باسی ئه‌وە بكه‌م کەئەم قه‌یرانە ئابووریە له كوێوه هاتووه و ته‌بیعه‌ته‌كه‌ی چۆنه، بەپێویستی دەزانم لەپێشدا وەڵامی ئە‌و بۆچوونە بدەمەوە کەدەڵێ قەیرانەکە داراییەو به‌تایبه‌تیش کەئەحزابی حاكم و زۆرێك لەحزبەکانیتر لەروانگەی چینی بۆرژوازی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستانەوە، دەیانەوێت زۆرتر وا پیشان بدەن كه گوایه پاره نه‌ماوه‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وت بووه‌ته به‌رهه‌می نه‌قسی سه‌رمایه له‌كوردستان. من پێموایه له كوردستان نه‌قسی سه‌رمایه نیه، قه‌یرانه‌كه به شكڵی قه‌یرانی دارایی خۆی نانوێنێ چونكه له كوردستان سیسته‌مێكی بانكی نیه. له بنەڕەتدا ئەم بۆچوونە نه‌قڵكردنی مه‌فهومێكی ئۆتۆماتیكی و كۆپیه له‌ئه‌وروپاو زیاتر بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی جەماوەرە. بۆنموونه له ئه‌وروپا ئه‌كرێ بڵێین قەیرانی دارایی هەیە، واتە قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لەنەقسی سەرمایەدا خۆی دەنوێنێ، ئەمەش بەدوای ده‌وره‌یه‌ك له گه‌شه‌ی سه‌رمایه و ته‌ركیز بوونه‌وه و كه‌ڵەكه‌بوونی سەرهەڵدەدات. لەپرۆسەیەکی ئاوادا و به‌پێی روانگه‌ی ماركسیستی سه‌رمایه‌ی مالی وه‌ختێك ئه‌بێته دیارده‌یه‌ك بۆ قه‌یرانی ئیقتیسادی كه‌سه‌رمایه‌ی مالی بەئاستێکی یەکجارزۆر جیائه‌بێته‌وه له‌سه‌رمایه‌ی سه‌نعه‌تی و ئه‌م سه‌رمایه‌یە له پڕۆسه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌مه‌نده صو‌ری ئه‌بێته‌وه، (وەك ئه‌وه‌ی ماركس پێی ئه‌ڵێ ئه‌بێته سه‌رمایه‌یه‌كی صو‌ری_واته شكڵی یان ساخته)، وە لەشێوەی ئه‌رقام و چه‌ك و ئه‌وراقه نه‌قدیه‌كاندا بەئەوجی خۆی دەگات و له‌به‌ینی ده‌وڵه‌تان و بانكه‌كاندا به‌شكڵی ئه‌رقام دەردەکەوێ، به‌ڵام له واقعدا ئه‌وبڕە لەشکڵی دراو و پارەدا وجودی نیه، به‌م هۆیەشەوە ئه‌بێته مایه‌ی داڕمانی بانكه‌كان، وەك ئه‌وه‌ی كه‌بینیمان له‌ۆڵستریت و بانکەکانی هەندێ له وڵاته كانیتر روویدا. به‌ڵام كوردستان خۆی به حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌وڵەت نیه و وەك ده‌وڵەتێكی به‌ڕه‌سمی ناسراو و خاوەنی سیسته‌مێكی بانكی نیه لەپەیوەند بەبازاڕی جیهانیەوە، هاوکات پیشەسازی هێندە گەشەی نەکردووە تاپرۆسەی جیابوونەوەی سەرمایەی مالی بەو رادەیەی لەئەوروپادا هەیە شکڵ بگرێ بۆیە من پێموایه مەسەلەکە نە قەیرانی دارایی و نەکەمی پارەیە.
بەڵام لەبارەی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری له كوردستان و سیما گشتیەکانیەوە کە لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەی بۆ دەکەن، سەرەتا رێگام بدەن با بەکورتی باسی قانونێك كه ماركس بۆ ناسینی قەیرانی ئابووری بەکاری دەهێنێ بدوێم. ماركس باسی ئه‌وه ئه‌كا کە قەیران لەپرۆسەی بەرهەمهێنا‌ن و گه‌شه‌كردنی ئیقتیسادی سەرمایەداریدا، وەك ئەنجامێك بۆ کارکردی یاسای هاتنه خواره‌وه‌ی مەیلی تێکڕایی خۆی دەنوێنێ، واتە داکەوتنی موتەوەستی رێژه‌ی قازانج وەك مەیلێك. بەڵام خودی هاتنەخوارەوەی ئەم مەیلەو کارکردەکانی ئەم قانونە له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندایەو ئاکامی پەرەسەندن و چوونەسەری رێژە و ئاستی سه‌رمایه‌ی سابتە (یانی ئه‌و به‌شه له‌سه‌رمایه کەته‌خسیس ئه‌كرێ بۆ كڕینی هۆیه‌كان و ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان) کە به خێراییەكی زۆر ئه‌چێته سه‌ره‌وه له‌چاو سه‌رمایه‌ی گۆڕاودا (سەرمایەی موته‌غه‌یر) كه ته‌رخان ئه‌كرێ بۆ كڕینی هێزی كار، تا وای لێدێ هێندە ئه‌چێته سه‌ره‌وه، مته‌وه‌ستی رێژەی قازانج له بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا مەیل بۆ خوارەوە دێنێ، چونکە زێدەباییەك (فائض القیمة) کەلەم پرۆسەیەدا بەرهەمهاتووە و دواتر له‌شكڵی قازانجی سەناعی –الربح الصناعي- و ریع و ربحی تیجاری و فائیده‌ی بانكیدا ده‌رئه‌كه‌وێ، له سه‌رمایه‌ی موته‌غه‌یره‌وه بەدەست دێت و ئەمیش رێژەکەی لەچاو سەرمایەی سابتدا لەهەموو سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی کەمی کردووە..
له‌ئیقتسادی كوردستاندا ئه‌م موعاده‌له‌یه بەهەمان جۆر کە لە وڵاتانی ئەوروپادایە کارناکات، چونكه کوردستان حه‌وزه‌یه‌كە بۆ هێنانی سەرمایە (تصدیر الراسمال)، ئیقتیسادی كوردستان، ئیقتیسادێكی ژێردەسەڵاتی ئیمپرالیزم و مۆنۆپۆڵی جیهانە. بەمجۆرەش قەیرانی ئابووری لەکوردستان راستەوخۆ بەرئەنجامی کارکردی قانونی مەیلی ڕوولەخواری تێکڕایی قازانج نیە لەبازاڕی ناوخۆی کوردستاندا. بەڵکو به‌رئه‌نجامی کارکردەکانی سەرمایەی جیهانی و ڕەنگدانەوەیەتی لەبازاڕی ناوخۆی کوردستاندا. جێگاوڕێگای ئیقتیسادی كوردستان له كاردابه‌شكردنی جیهانیدا، وەك وڵاتێکی بەرهەمهێنی و مەوادی ژێرزەوی، لەوانە نەوت و گاز و چیمەنتۆ، ئاسن.. ڕێگای سەرەوژێربوونەوە و هاتنه ناوه‌وه‌ی سه‌رمایه (تصدیر الرأسمال) بۆ کوردستان زامن دەکات. بەرهەمهێنانی ئه‌م كاڵایانه و ناردنەدەرەوەیان بۆ بازارەکانی جیهان، بەپێویست بەشی هەرەزۆری سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لەناوخۆدا وەك سەرمایەی بەرهەمهێنی زیدەبایی رووی تێئه‌كاو چەقدەبەستێ، ئەمەش له‌سه‌ر ئه‌ساسی وەگەڕخستنی هێزی كاری هه‌رزان به‌رهه‌م دێ. وه‌ختێك ساغکردنەوەی ئەم کاڵایانە ده‌چێته نێو بازاڕی جیهانیه‌وه، لەدوو ئاستدا قازانج سەروژێردەکاتەوە، یەکەمیان سەرو قازانج هێنەری ئیمپریالیستی (کە لە جیاوازی متەوەسیتی نرخی تێچوونی ئەم کاڵایانە– بۆنموونە متەوەستی نرخی تێچونی هەربەرمیلێك لەنەوت- لەبازاڕی ناوخۆی کوردستاندا لەچاو بازاڕی جیهانیدا یەکجار کەمترە سەرچاوە دەگرێ و دووەمیشیان لەفه‌رقی ریعی ته‌فازولیەوە پەیدا دەبێ، کەلەئەنجامی جیاوازی رادەی خێرایی بەرهەمهێنا‌ن و هەڵکەوتەی زەوی و ئاستی نزمی مەوادە ژێرزەمینەییەکان.. بەجۆرێك کەئەم هۆکارانە کاریگەری لەسەر نرخی تێچوو دابنێ.. وه‌ختێك گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌م مه‌وادانه له رێگه‌ی بازرگانی ده‌ره‌كیه‌وه بەشکڵی سەرمایە بۆناوخۆ سەرەوژێردەبێتەوە وقازانجێکی خەیاڵی و چەند بەرابەر لەسەر حسابی هێزی کاری هەرزان لە دەستی دەسەڵات و ده‌وڵه‌تدا کۆدەکاتەوە. بەتایبەتی کەدەوڵەت و دەسەڵات، وەك بازرگان و کۆنترۆڵی سەرەکی بەرهەمهێنا‌ن و ناردنە دەرەوەی نەوت و مەوادە ژێر زەمینەییەکانی تری لەدەستگرتووە. لەم پرۆسەیەدا سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان داهاتی ده‌وڵه‌ت کەله‌ده‌ستی هه‌یئه‌ی حاكمەدا كۆئه‌بێته‌وه دواتر بەپێی بەرنامەو ئامانجە سیاسی و ئابووریەکان توێژتوێژ دەبێتەوەو ئاراستەی بوارەکانی تر دەبێ.. بێگومان کاتێك کە قه‌یرانی ئیقتیسادی له‌دونیادا هەبێت ئەوا کارکردەکانی خۆی لە پرۆ‌سەی سەرەوژێر بوونەوەی سەرمایە و تێکچوونی رێژەی قازانج لەو رێگایانەوە کەباسمان کرد مۆری خۆی لەئیقتسادی ناوخۆی کوردستان دەدا و دوچاری راوەستان و بنبەستی دەکات. بەتایبەتی ئه‌م مه‌وادانه (نەوت و گاز و مەوادی ژێرزەمینی تر) لەبنەڕەتدا به‌شێكن بۆ بەگەڕخستنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئه‌و به‌شه له سه‌رمایه‌ی سابت، کەئابووری وڵاتانی سەناعی (ئیقتسادی جیهانی ئیمپریالیستی) لەسەری راوەستاوەو پێویستیەتی، ئێستا ئیتر به حاڵه‌تی اشباع) پڕبوونی خۆی گەیشتووە و ئه‌مه‌نده كه‌ڵه‌كه‌بووه کە به ناچاری نرخیان روولە خواره‌وه کردووە. ئه‌مه‌وێ بڵێم قه‌یرانی ئابووری له كوردستان ئۆتۆماتیكی به‌رهه‌می دابه‌زینی سعری نه‌وت نیه، چونكه ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ئەوا دەبێ بەپێچه‌وانه‌ی نه‌زه‌ری ماركسیستیەوە، قه‌یرانی ئابووری لە ده‌خلی ده‌وڵه‌ت و کەمهێنانی میزانیه‌دا ببینینەوە، نەك له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و له هەلومەرجی نیوان كار و سه‌رمایه لەئاستی جیهانی و ناوخۆدا ببینین. من پێموایه نوقته‌ی ئه‌سڵی قه‌یرانی ئیقتیسادی كوردستان چاوه‌ڕوانیه‌كه كه‌پێکهاتی سیاسی و ئیقتیسادی ئیستا لەگشتیەتی خۆیدا لەپەیوەند بەدونیای ئەمڕو ودۆخی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی بۆتەوە. ده‌بێ سه‌رمایه‌ی جیهانی و هەلومەرجی سیاسی و ئیقتیسادی جیهانی و ناوچەکە بۆهەڵسانەوە جارێکی‌تر رێی پێبداتەوە. به‌واتایه‌كیتر ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم کەسه‌رمایه‌داری لەولاتگەلێکی وەک کوردستان ئه‌بێ به قه‌ده‌ر وەڵامدانەوە بەپێداویستیه‌كانی بازاڕ‌و سه‌رمایه‌ی جیهانی گه‌شه بكا‌و شكڵ به‌خۆیه‌وه بگرێ و سه‌رخانی سیاسی و جۆری دەسەڵاتدارێتی دامەزرێنێ، ئەگینا خۆی له خۆ‌یا ناتوانێ هەنگاو هەڵگرێ. ئێستا كه هه‌موو دونیا توشی قه‌یرانی ئابووری بووه، جەنگ و نائارامی لە مه‌نتقەکەدا برەوی هەیە، ناوچەکە کە کوردستان و عێراق بەشێکی سەرەکیەتی بۆتە ناوەندێك بۆ قه‌یرانی سیاسی و حکومەتی و پێكدادانی هێزه ئیمپریالیستیه‌كان، بۆ بۆرژوازی کورد سادە نیە بەو هەموو گرفت و ناکۆکیانەوە کەحزبەکانی هەیانە ئەم دۆخە تێپەڕێنن.
بۆ نموونه له ساڵانێكدا وه‌ختێك سه‌رمایه‌داری له‌سه‌رده‌می داگیركاری و كۆلۆنیالیستیدا، “حكومه‌تی وصایە” شێوه‌ی حكومه‌تێك بووه، کە پاشا و مەلیك نوێنه‌رایه‌تی بەرژەوەندی ده‌وڵه‌تانی سەرمایەداری ئه‌وروپایان زامن کردووە و رێگه‌یان داوه كۆمپانیا بازرگانیه دەرەکیەكان مه‌وادی خام به‌رنه ده‌ره‌وه. بەڵام دواتر بەدوای هاتنه سه‌ركاری حكومه‌ته ناسیۆنالیستیه‌كان، یانی ئە‌و حكومه‌تانه‌ی له‌ڕێگه‌ی “جوڵانه‌وه‌ی دژی ئیمپریالیستی”یەوە وه‌كو خۆیان ئه‌ڵێن جوڵانه‌وه‌ی رزگاری نیشتیمانی هاتنه سه‌ر كار و دەستیان بۆ پڕۆسه‌یه‌كی ئیسڵاحات برد، وەك ئەوەی سه‌دام حوسه‌ین كه ئیسڵاحی زراعی كرد و ته‌ئمینی نه‌وتی كرد وئه‌و كاڵایانه‌ی بۆ بازاڕی جیهانیه، كردی به‌ده‌وڵه‌تی و فۆرمی ئیقتسادی سەرمایەداری دەولەتی و ئیستبدادێکی سیاسی دامەزراند. ئەمە پێداویستی ئە‌و دەورەیە بوو بەڵام ئێستا لەساڵانی حەفتاكانه‌وه تا ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ئه‌م فۆرمە لە ئیقتیساد و ده‌وڵه‌ت كارایی خۆی لەدەستداوە. ئیتر ئه‌م سیسته‌مه سیاسیە و ئەم فۆرمە لەئیقتیساد لەبنبەست و چاوەڕوانیدایە بەدیار یەکلابوونەوەی کێشە جیانی و ناوچەییەکانەوە دەبێ ئەمە چارەسەر بێ تا دەرگای قۆناغێکی تر لە ئیدغام و تێهه‌ڵكێش بوونەوەی ئیقتیسادی و سیاسی بەرووی ئه‌م وڵاتانەدا بکرێتەوە. تەنانەت لە روانگەی بۆرژوازی خۆیەوە دەرچون له‌م حاڵه‌ته ئینتیزاریەی کەتێی کەوتوە، قۆناغیکیتر لە بوژانەوەی ئیقتیسادی جیهانی، چارەسەر بوونی موشكیلاتی ناوچەکە و سەرهەڵدانی ئارامی، ئارایشتدانه‌وه‌ی سیسته‌می حکومەتی و نه‌زم ئەمنی ناوچەیی و .. دەخوازێ. هەر لێرەدا نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر چێ شکڵ‌گرتنی بازاڕ و ئیقتیسادی سەرمایەداری كوردستان، بەرهەم و پاشکۆی شکڵگرتن و پەرەسەندنی ئاسۆییانەی بازاری سەرمایەداریە لەعیراقدا*. کاتێك کەعێراق بەزنجیرەیەك لەکێشەو گرفتی سیاسی و ئابووری و سەربازی گیرۆدەبێ و شەڕوکێشمەکێشی ناوخۆی حکومەت یەخەی پیگرتبێ و هەموو ئەمانەش لەدڵی جەنگ و قەیرانێکی ناوچەییدا بێت بەپێویست كوردستان دوو جار لەباری ئیقتیسادی و سیاسیەوە دەباتە بۆتەی چاوەڕوانیەوە. من پێموایه ئه‌مه ئه‌سڵی قه‌زیه‌كه‌یه. (* ماركس باس لەدوو جۆر لەگه‌شەی سەرمایەداری دەکات: جۆرێكیان گەشەی ستونیە کە مەبەست لێی گەشەی هیزەکانی بەرهەمهێنا‌ن و ئامرازەکانیەتی لەشکڵی تەکنۆلۆژیاو فۆرمەکانی کارگێڕی شێوازەکانی کاردا کەبەگشتی دەچنەوە نێو قەوارەی سەرمایەی نەگۆڕ. جۆرێکی تر لەگەشەی سەرمایە کەبە گەشەی ئاسۆیی ناوی دەبات له‌ڕێگه‌ی فراوانکردنەوەی بازاڕه‌وه بەدەستدێت. بۆنموونە دامەزراندنی سەرمایەداری لەکوردستان بەرهەمی پەرەسەندنی ئاسۆییانەو بازاڕی سەرمایەداری عێراقە. بەتایبەتی کاتێك کەعێراق بەدوای روخانی مەلەکییەت و شکڵ‌گرتنی جمهوریەت و هاتنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كەکانی تر و بڕانەوەی كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و سەرهەڵدانی ئارامی سیاسی، سەرهەڵدانی سەرمایەداری لەعێراقدا هەنگاوەکانی خۆی بەپرۆسەی ئیسلاحاتی زراعی ساڵانی ٦٨ بۆ ٧٠ تەواودەکات. بەڵام لەکوردستان ئەم پرۆسەیە دواتر دەستپێدەکات بەتایبەتی بەدوای رێكکه‌وتنی جوڵانه‌وه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا، وەك بەرئەنجامێکیش لە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار، ئارامی سیاسی سەرهەڵدەدا و ڕێگە بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی پرۆسه‌ی ئیسلاحاتی زراعی لەکوردستان خۆش دەبێ و بازاڕی ناوخۆی کوردستان لەپەیوەند بەبازاڕی سەرمایەداری عێراقەوە شکڵ دەگرێ. )
جه‌مال موحسین: هاوڕێ موئەیەد، دیارە ئەوە چوارچێوەیەکی گشتی بوو بۆ چوونە ناو باسەکەوە، ئەگەر خۆت شتێکت بە نەزەر دەگات پێم خۆشە خۆت بێیتە سەری. لە یەکێك لە قسەکانی هاوڕێ خەسرەودا بە جۆرێک باسی لەوە کرد، کە شێوە پێناسە کراوەکەی چوونە پێشەوەی قەیرانی ئابووری بەو شێوەیە نیە کە بۆ نموونە لە تیۆریەکانی مارکسدا باسی دەکات، چونکە کاتێك قەیرانی بازاڕ دێت، تیجارەت دەوەستێت، بە جۆرێك ئێمە سیماکانی لە کوردستاندا دەبینین. پرسیارەکەی من ئەوەیە، کە ئایا ئەوەی بەرهەمهێنا‌ن بە جۆرێك وەستانی بە خۆوە بینیوە و بە شێوەیەك وەستانی پێوەیە و بازاڕ جموجۆڵی کەمبۆتەوە لەئاستێکی گشتیدا. ئایا ئەگەر ئەمە ئاوها بێت، ئەگەر بە پێی تەعریفەکە دەرهاویشتەیەك بێت لە دوای قەیرانی ئابووریەوە، بۆچی خودی قەیرانەکە هەمان قەیرانی پێناسەکراو نیە؟
موئەیەد ئەحمەد: سەرەتا ئەوە بڵێین گەر بە شکڵێکی گشتی قسە بکەین. ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەیبینین، ئەزمەیەکی ئابووری هەیە و بووەتە ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی. واتە ئینعکاسێکی کۆمەڵایەتی پەیدا کردووە. خەڵك بێکارە، خەڵك موچەی پێندارێت و ژیانی سەخت بووە و ناژی، هەژاری بڵاوبۆتەوە و خزمەتگوزاری نیە و کارەبا نیە و تەندروستی پاشەکشەی کردووە و…هتد. واتە ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە بەرپا بووە لە کوردستانی عێراقدا. ئێمە باس لە کوردستان دەکەین چونکە هەڵبەت ئەم کیشەیە بەشێوەی تر و بە شێوازی ترەوە لە عێراقدا هەیە، ئەوان سیاسەتی “تقشف” ڕادەگەیەنن، بەڵام سیاسەتی ئەمان ئەوەی تێپەڕاندووە و موچە ڕادەگرن، هەتا پێنج مانگ موچە نادەن. ژیان و قووت و دەرامەتی خەڵك دەبڕێت. واتە ئەمە ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانە و سەرەتای خاڵی کاری ئێمە لێرەوەیە، کە ئەمە چیە و بۆ ئەمە ڕوویداوە؟
ئەوەی کە ئێمە بچینە سەر باسی حەرەکەتی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستاندا، ئەمە باس و سێکشنێکی ترە و دەتوانین بە مشەخەسی قسەی لەسەر بکەین. بەڵام یەك خاڵی جەوهەری هەیە، کە ئەمەوێت تەئکیدی لەسەر بکەم، ئەویش ئەوەیە کە ئەم ئەزمەیەی لە کوردستاندا دروست بووە، شکڵی ئەزمەی عادەتی و دەورەیی سەرمایەداری نیە، کە ئینتاجێکی زۆر هاتبێتە بازاڕەوە و بازاڕی نەبێت یا بەرزبوونەوەی تەرکیبی ئۆرگانیکی سەرمایە لە كوردستاندا ڕێژەی سوودی هینابێتە خوارەوە. ئێمە دەرگیری ئەم بابەتە نین لە کوردستاندا. ئەم ئەزمەیە دەرکەوتی ناکۆکییەکانی خودی سەرمایەدارییە لە کوردستاندا بەڵام بە شێوەیەکی تر.
ئەوەی کە لە کوردستاندا زاڵە، وەك ئابووری لە هەموو جیهاندا، ئابووری کاپیتالیستییە. سەرمایە پەیوەندی زاڵە لە کوردستاندا وەك هەموو جێگەیەکی تر. زاڵبوونی پەیوەندی سەرمایە لە کوردستاندا واقعیەتێکی لە مێژە، بەڵام شکڵ، یاخود مۆدێلی ئابووریەکەی نیولیبرالیزمی ئابووری بووه لە پاش ساڵی ٢٠٠٠ و تەنانەت نەوەدەکانیشەوە، کە ئەمان، ناسیونالیستەکان، حاکمیەتیان بەدەست بووە، بەتایبەتی لەپاش ڕوخاندنی نیزامی بەعس و داگیرکردنی عێراق و ئەم دەورانەی دوایی. ئەوەی رووئەدا ئەزمەی سەرمایەیە و ئەزمەی خودی ئەم مۆدێلە ئابووریەشە. گەر باس لە مۆدیلی ئابووری سەرمایەداری بکەین، ئەمە بنبەستی نیولیبرالیزمە بەشێوەیەکی توندوتیژ و ترسناك و پڕ کارەسات بۆ خەڵك. ئەمە ئێستا لە کوردستاندا عەکس بۆتەوە.
لە کوردستاندا سەرمایە پەیوەندی بەرهەمهێنانی زاڵە، چونکە ئێمە پەیوەندی فیۆدالی و پەیوەندی پێش سەرمایەمان نیە، تەنها پەیوەندی سەرمایەمان هەیە. سەرمایەی ئەمڕۆش سەرمایەی جیهانییە. ئێمە ناتوانین ئە‌و سەرمایەیەی لە کوردستانی عێراقدا کارکردنی هەیە بە جیا لە سەرمایەی جیهانی لێکبدەینەوە. نیولیبرالیزم، کاتێك بە سیاسەت، بە سیاسەتی ئابووری و مالی هەلومەرجێکی خوڵقاندووە، کە سەرمایە چەندین قات جیهانی بێتەوە. هەر کار و کارکردێکی سەرمایە کە لێرەیە، پەیوەستە بە سەرمایەی گشتی جیهانی و ناوچەییەوە و بە هەزارویەك خێتەوە پێکەوە گرێدراون. کاتێك ئەم پەیوەندیە لە کوردستاندا زاڵە، مانای ئەوە نیە کە لە جەوهەردا ئەمە ئەزمەی سەرمایە نەبێت، بەڵام لە دەرکەوتندا ئەوە نیە، کە شێوەی دەورەیی ئەزمەی سەرمایە بێت، واتە ئینتاج زیادی کردبێت و لە بازاڕدا ڕەواجی نەبێت و تووشی ئەزمە ببێت. سەرمایەی جیهانی تووشی قەیرانی خۆی بووە، من ناچمە ئە‌و وردەکارییەوە، بەڵام لە پەیوەند بە کوردستانەوە زۆر گرنگە کە ئێمە بە وردی ئەم حاڵەتە دەستنیشان بکەین و من دەمەوێت تەرکیز بکەمە سەری.
لە کوردستاندا ئەم مۆدیلە ئابووریەی کە هاتووە وەك ئاماژەم پێدا مۆدێلی نیولیبرالیزمە. بە ئەسناد لە سەر داهاتی نەوت و بوجەی هەرێم ولە رێگەی ئیدارەیەك کە پێکهاتووە لە کوردستاندا گەشەی ئابووری کاپیتالیستی بە شێوەیەك لە شێوەکان بەڕێوەچووە و بارودۆخ بەمەوە بەستراوەتەوە. ئابووری و داهات بە شێوەیەک فۆکسی خستۆتە سەر نەوت، بەڵام وەك چەندین جاری تریش لە جێگەی جیاوازدا وتومە، کە داهاتی دەوڵەت لە عێراق بە کوردستانیشەوە، ٩٠٪ ئیعتمادی کردۆتە سەر نەوت، بەڵام ٥٠٪ی داهاتی گشتی لە نەوتەوە بووە. واتە کرێکار لەم وڵاتەدا، بە بیانی و ناوخۆییەوە، توانیویانە سەرمایە خەلق بکەنەوە و بەشێك بن لە بەرهەمهێنانی سەروەت و سامان لە وڵاتەکەدا.
ئەمڕۆ کە ئەم بارودۆخە هاتۆتە پێشەوە، باسەکە ئەوە نیە کە ئێمە بێین باس لەوە بکەین، کە گوایە بەشی پیشەسازی یان کشتوکاڵ باش نەبراوەتە پێشەوە و کەموکوری لەم بوارانەدا هەبێت. لە واقعدا کەموکوڕی لە خودی پەیوەندییەکەدایە. نیولیبرالیزمی ئابووری کە دامەزراوە، هەر خۆشی لە جەوهەردا گەندەڵی تێدایە. بەتایبەتی ئەوەی لە دوای ساڵەکانی ٢٠٠٣وە دروست بووە. ئەمە کۆمەڵێ کەناڵ و بارودۆخێکی بەرپا کردووە، کە فیئەی سیاسی حاکم بە سەدان شێوە مامەڵە بەم داهاتەوە بکەن و شێوەیەك لە سیستەم دروست بکەن، کە ئێستا هەیە. لە فەرمانبەرانی بندیوارەوە بگرە تا ناردنی سەروەت و سامان بۆ دەرەوەی وڵات. ئەمانە هەمووی بە مانای گەندەڵی، کە قسە لەسەر گەندەڵی ئەکەین مەبەست دەیان و بگرە سەدان ملیار دۆلارە.ئەمە بە مانەی ئەوە دێت، کە سیستەمێکی سیاسی هەیە، کە لە بناغەوە کێشەی هەیە و ئەم ئابوورییەش بەم شێوەیە لە بەردەستیدایە و پەیوەندیش هێشتا هەر پەیوەندی سەرمایەیە. کرێکار پێویستە بچێت هێزی کاری خۆی بفرۆشێت تا بتوانێت ژیانی رۆژانەی خۆی بەرێتە ڕێوە.
جه‌مال موحسین: ئەگەر چی لە قسەکانتدا هات، بەڵام شتێك هەیە کە پێویستی بە ڕۆشنکردنەوەی زیاتر هەیە. باست لەوە کرد کە پەیوەندی کار و سەرمایە لە کوردستاندا. بەڵام ئەگەر تەشخیسی بکەیت، ئەوەی لە ئەدەبیاتی مارکسیستیدا بە زێدەبایی ناو دەبرێت و کۆدەبێتەوە و دەبێتە قازانج و کەڵەکەدەبێت. لە پرۆ‌سەی بەرهەمهێنا‌ن لە کوردستاندا لە شکڵی موڵك و داهاتی بۆرژوازی کوردیدایه ئه‌و بەرهەمه سروشتییەیه کە بەشێکی زۆری دەچێتە دەرەوە، وەك لە نموونەکانی نەوت و ئاسندا هات. ئەم پرۆسەیە بە چ شێوەیەك دەچێتە پێشەوە؟ واتە ئە‌و پەیوەندی کار و سەرمایەیە چۆنە؟ چونکە ئێوە باستان لە ٥٠٪ کرد، ئەی باقییەکەی چیه و چۆنە؟ سەرچاوەی ئە‌و داهاتەی تر چییە، کە بە بلۆك دەچێتە دەرەوە؟
موئەیەد ئەحمەد: سەرچاوەی ئە‌و گەندەڵییەی کە لە ئارادایە لە تەحەکم بە دەخلی دەوڵەت وفرۆشتنی نەوتەوەیە. وەك ئاماژەمان پێدا، ٩٠٪ی داهاتی دەوڵەتی عێراق فرۆشتنی نەوتە، هەڵبەت کوردستانیش. بەڵام بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، سەرمایە ئینتاجی خۆی کردووە بۆنموونە بینا دروست کراوە، کارگە کاری خۆیان کردوە، کشتوکاڵ کاری لەسەر کراوە، پیشەسازی بچووك کراوە، خزمەتگوزاری تەندروستی و کارەبا هەبووە، کە لە هەموو ئەمانەدا کرێکار دەچەوسێنریتەوە و وەکو ئینتاجێکی ماددی دروست دەکرێت، و ئەمە بایی و زیدەبایی دروست ئەکات. دەتوانیت بە شێوەیەکی تر بڵێین دەخلی گشتی وڵات لە ٤٠ تا ٥٠٪ لە بەکارهێنانی هێزی کار و چەوساندنەوەی کرێکارەوە بووە. ئەمە خاڵێکە، خاڵێکی تری جەوهەری ئەوەیە، کە ئێمە ئەم سەتحی ئەزمەیە چۆن سەیربکەین. ئەوەی کە وتمان کە دەرکەوتی ئەزمەکە شکڵی تەقلیدی خۆی نیە، نەفی ئەوە ناکاتەوە، کە خودی پەیوەندییەکە پەیوەندی سەرمایەیە و ئەمە خۆی تووشی ئەزمە بووە. پەیوەندی سەرمایە هەر لە خۆیەوە ناڕوات، خەتی ئابووری و مۆدیلی ئابووری گەشەی هەیە هیچ کاتێك شتی وا نەبووە، کە نیزامی سەرمایەداری خەت و مۆدیلی ئابوری نەبێت. یان نیولیبرالیزم بووە بەشێوەی کۆن یان ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداری دەوڵەتی بووە، کە یەکێتی سۆڤیەت و هەندێ وڵاتانی تر، تەنانەت عێراقیش بۆ ماوەیەك پەیڕەوییان لێ دەکرد.
ئێستا بۆرجوازی خۆی لە ناوچەکەدا، لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە تایبەت، لە راستیدا مۆدێلێکی ئابووری نیە. بەشێکە لە میکانیزمی نەقلی مۆدیلی ئابووری نیولیبرالیزمی جیهانی، کە باڵی کێشاوە بەسەر جیهاندا، لەگەڵ شێوەیەك لە پێکەوەبەستراوی سەرمایە لە ناوچەکەدا. ئەمانە ئالیەتێکی دروست کردووە، کە کاپیتالیستی زۆر زۆر گەورەت بۆ دروست دەکات، چەند میلایردێری، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، کۆمەڵێکی کەم، فیئەیەکی سیاسی حاکم دەتوانن تەحەکوم بکەن بەسەر ملیارەها دۆلار. ئەمە نەك لە کوردستاندا، لە تەواوی جیهاندا ئەمە کێشەیەکە. دەمەوێت ئیشارەت بەوە بدەم، کێشەی جیاوازی داهات. ئە‌و سەرمایەدارانەی کە ئێستا لە جیهاندا هەن و سەرمایە بە قەبارەیەکی گەورە کۆدەبێتەوە لایان، ئاکامی ئەوەیە کە سەرمایەی فاینانس باڵادەستە لە جیهاندا‌و سەرمایە ئەوپەڕی جیهانی بوەتەوە، ئالیەتێکی تێدایە کە ئەمە دروست دەکات، کە لە ماوەیەکی کەمدا سەرمایەداری زۆر گەورە دروست دەکات و قڵشتی جیاوازی نێوان فەقیر و دەوڵەمەند بێئەندازە زیاد دەکات و لە هەمانکاتدا خەڵك پەراوێز دەکات. هەروەك مارکس باسی دەکات پرۆ‌سەی کەڵەکەی سەرمایە سەروەت و سامان لەلایەك، هەژاری و نەداری لەلایەکی تر، بەرهەم دەهێنێت. ئێستا ئەم قوتبی بوونەوەیە بێئەندازەیە. ئەمە وەك یاسایەکی نیزامی سەرمایەداری، کە لە کوردستانیشدا ئەمە بە شێوەیەك عەکس بۆتەوە.
ئەگەر بێمە سەر ئەسڵی بابەتەکە، ئەوەیە کە ئەمە ئەزمەیەك نیە تەنها لە ئاستی ئابووریدا. کاتێك تەماشای ئەم ئەوزاعە دەکەین، پێویستە بە دیدگایەکی دیالێکتیەوە سەیری بکەین. ناتوانین بەش بەش و بلۆکبەندی بکەین وبڵێین ئەزمەی ئابووریمان هەیە بەجیا و ئەزمەی سیاسی بەجیا …هتد. ئەمانەی ڕوودەدات دەرکەوتی شتێکی واوەترە، ئەوەی لە کوردستانی عێراق تێئەپەڕێ دەرکەوتی کولیەتیکە. پێم خۆشە ئاماژەی پێ بدەم. ئیفلاس بوونی ئەلگۆی ناسیۆنالیزمی حاکمیەتی کورد، دروستبوونی ئیسلامی سیاسی و بەرزبوونەوەی نفوزی لە کوردستاندا، لە هەمانکاتدا پاشەکشەو لێسەندنەوەی ئیرادە لە خەڵکی کوردستان، بەشێکن لەم ئەزمەیە و لە یەك جیا ناکرێنەوە. تەنانەت سیاسەتی پەیوەندی بوون بە دەوڵەتی ناوچەیی و کێشمەکێشەکانی، بەشێکن لە خودی ئەم سیستەمە. ئەگەر باس لە سیستەمی ئابووری سەرمایەداری بکەین، دەتوانین بچینە ناوەرۆك و فاکتەکانی بهێنین و باسی بکەین، بەڵام لە ئاخر لێکدانەوەدا دەبینین کە ئەمە سیستەمێکە تووشی بنبەست بووە، خەڵك کاتێك دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەم سیستەمە دابنێت، کاتێك بتوانێت ئەم سیستەمە وەك کولیەتێك مامەڵە بکات.
واتە ئەسڵی ئەم ئەزمەیە، ئەزمەی پەیوەندی سەرمایەیە لە کوردستاندا. ئەگەر لە یەکەم رۆژەوە دەسەڵات بەدەستی کرێکار و سۆسیالیستەکانەوە بوایە، ئابوورییەکی تری پیادە دەکرد. خودی ئەم ئابوورییە ئەم ئەزمە کۆمەڵایەتییەی دروست کردووە. خودی ئە‌و سیاسەت و ئە‌و رەوت و لایەنە سیاسیانەی کە هەیە و نوێنەرایەتی ئەم پەیوەندییە دەکەن، خودی ئەمەیە کە تووشی بنبەست بووە. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەگەر ئەمە تەعریف نەکات.
بە بۆچوونی من دەتوانین دەرکەوتنەکانی پۆلێنە بکەین، بەڵام کۆمەڵگای کوردستان کەوتۆتە بەردەم پرسیارێکی واقعییەوە، کە ئایا دەتوانێت وەڵامدەرەوەبێت بەرامبەر ئەم کولیەتە؟ ئەگەر وەڵامدەرەوەش نەبێت، لە کوێوە دەتوانێت هەلومەرجەکە بگۆڕێت. بۆنموونە باس لە شتێك بکەم. ئەمڕۆ ئەزمەیەکی ئابووری بوونی هەیە، ئەوەی غەیرە قەبوڵ کراوە، کە بە دەیان هەزار کەس موچەی ببڕێت و راتبی نەدرێتێ بۆ ماوەی پێنج مانگ، یاخود خزمەتگوزاری نەبێت. هەچ بزووتنەوەیەك لەم مەیدانەدا هەنگاوێك بەرەوپێشەوە ئەنێ، ئەم ئەزمە کۆمەڵایەتییە بەشێوەیەك دەشکێتەوە بەسەر تەبەقەی حاکم و خودی هەیئەتەکە بەگشتی. تەنانەت ڕەنگە لە رەوەندی رووبەروو بوونەوە لەبەرامبەر بۆرژوا ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسی‌دا، فاشیزمی قەومی بێت خۆی مەترەح بکات لەناو ئە‌و ئەوزاعەدا. واتە هەمووی کولیەتێکە و پێویستە لەبەرامبەر ئەم کولیەتەدا هێزی چینایەتی خۆتی تێدا بەهێز بکەیت لە باری سیاسیەوە، و لەم خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا بیهێنیتە مەیدان تا بتوانێت پاشەکشە بە بۆرژوازی بکات.
جەمال موحسین: هاوڕێ موحسین، من ئەمەوێ ئە‌و پرسیارە کە کردم بەجۆرێك لە تۆش دووبارەی بکەمەوە. مەسەلەی ئەوەی کە لە کوردستاندا، جارێ بەس بۆ تێگەیشتن لە بارە ئابوورییەکەی، تەبعەن ئەبێ بێینەوە سەر خودی ئە‌و بنبەستە کە ئەم وەزع و دۆخەی تێکەوتووە، ئەوە دێینەوە سەری بەڵام جارێ پيش ئەوە چونکە باری ئابوورییەکەی زۆر باسکرا، مەسەلەن لە مەسەلەی خزمەتگوزاریەکانەوە بگرە، لە شتە ئینتاجیەکانەوە بگرە، لە دائیرەی کارەبا، ئاو، شارەوانی هەتا دائیرەی کشتوکاڵ کە بەشی خۆیان بەرهەمیان هەیە. بە پێی قاعیدەی عام ئە‌و شتەی کە کۆئەبێتەوە و ئەبێ بە قازانج سەرچاوەکەی بریتیە لە بردنی زیادەیەك لە هێزی کرێکاری بەکارهاتوو کە بۆتە بەرهەمی کۆمەڵایەتی. هەم ئەمە و هەم ئە‌و بەرهەمە سروشتیانەی کە ئاماژەی پێکرا لە چەشنی نەوت و غاز و گاز و ئاسن و هەرچیەکی ترەوە بێ کە ئەڕواتە دەرەوە. ئەمە سەرچاوەی ئە‌و داهاتەیە کە بەرهەمی کۆمەڵایەتیە یان ئە‌و پارە زۆرەیە کە لە کورستان‌دا هەیە. باشە کاتێك کە ئێستا ئەم ئەزمەیە دەرگیری کوردستان بووە لەناو ئە‌و هاوکێشەیەدا دەوری ئە‌و قەیرانە لەسەر ئەم چەوسانەوە کۆمەڵایەتیە چیە؟ بۆ تێگەیشتن لە بارە ئابوورییەکەی، ئینجا من دوایی دێمە سەر ڕەنگدانەوەی لەسەر مەسائیلەکانی تری کۆمەڵگا. دوایی تەبعەن بارە سیاسیەکەشی کە تەواوی وەزعی کوردستانی گرتۆتەوە ئەبێ باسی بکەین.
موحسین کەریم: بە بڕوای من چ لە دەورانی قەیراندا و چ لە دەورانی ئەوەی پێی ئەڵێن بوژانەوەی ئابووری، کرێکار هەر ئەچەوسێتەوە. کۆمەڵگای سەرمایەداری بەوجۆرە نیە لە دەورانێکدا کە رکودی ئابووری بێت کرێکار بچەوسێتەوە و لە دەورانی گەشانەوەی ئابوری‌دا چەوسانەوەی لەسەر نەبێت. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە کاتێك سەرمایەداری خۆی توشی قەیران ئەبێ، ئەوەی کە یەکەم زەرەری لێئەکات جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە. لە پەیوەند بەم قەیرانەی کوردستانەوە، بەبڕوای من، یەك خاڵ گرنگە کە ئێمە لێرەدا دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەویش ئەوەیە کەدەبێ لەچوارچێوەی بازاڕی جیهانیدا جێگاوڕێگای بازاڕی کوردستان و هێزی کار و سەرمایە و جموجوڵی سەرمایە و دەوران (سوڕانەوە)ی سەرمایە لەم ناوچەیەدا لێكبدەینەوەو ئەوکاتە دەکرێ بەدروستی لەم قەیرانەی ئێستای کوردستان تێبگەین.
من پێم وایە ئە‌و تەفسیرەی کە کاتی خۆی مارکس بۆ قەیران کردویەتی، کە ئەڵێ مەیلی تێکڕای قازانج (میل معدل الربح) بەرەو خوارەوە دائەکشێت، بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگی لەنێوان (خستنەڕوو وە داواکاری- عرض و طلب)ەوە زیاتر ئە‌و دیاردەیە لە دەورانی سەرهەڵدانی سەرمایەی پیشەسازی‌و قۆناغی یەکەمی سەرمایەداریدا روون دەکاتەوە کەهێشتا سەرمایە لەچوارچێوەی بازاڕێکی ناوخۆیی و ناوچەییدا جێگیربووبوو. بەڵام کاتێك سەرمایەداری دەچێتە قۆناغی ئیمپریالیزم و بازاڕی سەرمایە چوارچێوەیەکی جیهانی وەردەگرێت، دەبێ ئەم مەبدەئەی مارکس بۆ لێکدانەوەی هۆکاری قەیران باسی دەکات لەوچوارچێوە جیهانیەدا لێکبدرێتەوە.
مەبەستم ئەوەیە کە مارکس باسی ئەوە دەکات کە لەئاکامی پرۆ‌سەی بەرهەمهێنانی بۆرژوازیەوە زیادە بەرهەمێك دروست دەبێت و توانای ساغکردنەوەی لەناو بازاری ناوخۆدا نابێت، ناهاوسەنگی لەنێوان خستنەروو وە داواکاری دروست دەکات، و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران. بەڵام کاتێك بازاڕ جیهانی دەبێت، رەنگە لە بازاڕێکی لۆکا‌ڵی یان ناوچەییدا ئە‌و ناهاوسەنگیە روبدات بەبێئەوەی لەبازاڕی جیهانیدا روویدابێت، بەڵام بەهۆی پێکەوە گرێدراویی بازاڕەکان لەیەك بازاڕی جیهانیدا ببێتەهۆی گواستنەوەی ئە‌و ناهاوسەنگیە و قەیرانەکەش بۆسەرجەم بازاڕەکان‌و ناوچەکانی دیکە.
لێرەدا ئەبێ لێکدانەوەیەکی دروست بکەین بۆ ئەم دیاردەیە لە کوردستاندا. بۆنموونە ئەوەی کە باس ئەکرێ ئایا مەوزوعەکە ئەوەیە کە وەکو موئەیەد و خەسرەویش بەجۆرێك باسیان کرد، کە کاڵای زۆر لە کوردستاندا هەیە و توانای ساغبوونەوەی نیە لەبازاڕی کوردستاندا بۆیە ئەم قەیرانە دروستبووە!؟ ئایا هۆکاری قەیرانەکە ئەوەیە کە سەرمایە لەناوخۆی کوردستاندا سوڕانەوەی خۆی تەواو ناکات!؟ ئایا کێشەکە ئەوەیە کە کاڵای بەرهەمهاتوو نابێتەوە بە سەرمایەو بوەتە هۆی کورتهێنانی سەرمایە لەناو بازاڕی سەرمایەی کوردستاندا، یان ئەوەی کە لەم دابەشکردنە جیهانیەی بازاڕی سەرمایەدا، بازاڕی کوردستان چ جێگاوڕێگایەکی هەیە لە چوارچیوەی قەیرانی سەرمایەی جیهانیدا.
من پێموایە ئەوەی کە پێی دەوترێ تەقسیمبەندی بازاڕ یان کاردابەشکردنی جیهانیی سەرمایە، خەریکە لەچوارچێوەی بازاڕی جیهانیدا جێگاوڕێگای خۆی پەیدا ئەکات و کۆمەك بەلێکدانەوەی قەیرانی ئێستای جیهان و ناوچە و وڵاتە جیاوازەکانیش دەکات، چ وەکو بەرهەمهێنانی کاڵاو چ وەکو ساغکردنەوەی کاڵاکان. بۆنموونە ئەوەی کە وڵاتێکی وەکو کوردستان یان عێراق یان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر و بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئابوورییەکەی پشت دەبەستێت بە بەرهەمهێنانی نەوت، یان وڵاتانێکی وەکو تایلاند زۆرتر پشتیان بە بەهەرهەمهێنانی برنج بەستوە، ئەمجۆرە کاردابەشکردنە لەچوارچێوەی بازاڕێکی جیهانیدا ئەتوانێ مانا پەیدا بکات. بۆیە ناتوانین تەنها لەچوارچێوەیەکی ناوخۆییدا لەهۆکاری قەیرانەکە بگەین‌و پێویستە کە لەناو سیاق (کۆنتێکست)ێکی جیهانیدا بیبینین.
منیش هاوڕام لەگەڵ ئە‌و بۆچوونەدا کەئەگەر قەیرانێك لەئاستی جیهاندا و لەگۆشەیەکی گرنگی ئابووری سەرمایەدارییەوە دروست ببێ کاریگەری لەسەر بازاڕەکان و ناوچەکانی دیکەش دادەنێت. بۆنموونە ئەم ئەزمەیەی کە لەم ناوچەیەدا دروستبووە، بەبڕوای من، قەیرانی وزەیە. ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی گشتی ناوچەی بەرهەمهێنانی وزەیە بۆبازاڕی جیهانی. ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکە کە بەرهەمی وزەی کردوە‌و لەچوارچێوەی کاردابەشکردنی بەرهەمهێنا‌ن لەئاستی جیهانیدا. بۆیە ئابووری زۆربەی ئەم وڵاتانە ئابوورییەکی نەوتییە. سعودیە و ئێران بەوجۆرەن، عێراق و کوەیت هەروەها… بۆرژوازیش خۆی زۆر کێشەی ئەوەی نەبوە کە سەرمایەکەی بگوێزێتەوە بۆ بواری دیکەو بۆ شوێنێکی دیکە. ئەم سەرمایەیە وەکو بەشێك لەسەرمایەی جیهانی چۆتە مەیدانی بەرهەمهێنانی وزەوەو وزەی بۆبازاڕی بەرهەمهێنانی جیهانی دابین کردوە. بەپێی ئەم تەقسیمبەندیەی کە لەبازاڕی جیهانیدا هەیە، وەکو چۆن وتم تایلەند برنج بۆ بازاڕی جیهانی بەرهەمدەهێنێ، چونکە بازاڕ جیهانیە، ئیتر ئەم وڵاتانە پێویستیان بەوە نیە کە بۆنموونە ئۆتۆمبیل دروست بکەن. ئۆتۆمبیل لەشوێنێکی دیکەوە دروست دەکرێ و بەشی بازاڕەکانی ئەم وڵاتانەش بەرهەمدەهێنرێ و رەوانە دەکرێ. مەبەستم لەو بوعدە جیهانیەیە کە بازاڕی سەرمایە هەیەتی و لەوچوارچێوە جیهانیەشدا دەتوانین هۆکاری قەیرانەکان لە وڵاتانی سەرمایەداریدا و لەوانەش لە کوردستاندا لێكبدەینەوە. دروستتر بڵێم ئە‌و مەبدەئەی مارکس باسی دەکات کە مەیلی تێکڕای قازانج دائەکشێت، بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگی نێوان خستنەروو و داواکاری کاڵاوە، دەبێ لەوچوارچێوە جیهانی‌و ئاڵۆزەدا لێکیبدەینەوە و تێی بگەین.
ئێستا ئەگەر لەم چوارچێوە جیهانیەدا تەماشا بکەین، دەبینین کە داواکاری لەسەر وزە کەم بۆەتەوە بەهۆی ئەوەی ئە‌و وڵاتانەی کە بەکاربەری وزەن خۆیان توشی داشکانی ئابووری هاتوون.. لێرەدا حه‌ز ئه‌كه‌م ئاماژە بەدوو مەسەلە بکەم؛ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یە تێکڕای گەشەی ئابووری زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانەی بەکاربەری وزەن، چۆته‌دواوه. یه‌كێك له‌و وڵاتانه چینە كه تا چەندساڵێك له‌مه‌وپێش تێکڕای گەشەی ئابوری ١٢% بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠١٥دا ٩،٦% بووە. وڵاتێکی وەکو ئەمریکا کە ساڵی ٢٠١٥ تێکڕای گەشەی ئابوورییەکەی بریتی بوە لە ٢،٤% بەشێکی گرنگی سەرچاوەی وزەی لەرێگای کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەوتەوە دابین دەبێت. زۆربەی وڵاتانی بەکاربەری نەوت توشی دابەزینی تێکڕای گەشەی ئابووری بوونەتەوە و بەوجۆرە داواکاری لەسەر وزە کەمدەبێتەوە. کەواتە خستنەڕووی وزە بەبەراورد بەپێشتر لەناو بازاڕی جیهانیدا توشی ناهاوسەنگی بووە. بەمجۆرە بەرهەمهێنانی بەهەمان رێژەی جاران دەبێتەهۆی هێنانەخوارەوەی نرخی نەوت. نه‌وتیش یه‌كێكه له سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووری له‌م وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا‌و سه‌رچاوه‌ی سەرەکی داهات و دارایی و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م ناوچەیەدا داهاتی رۆشتنی نەوتە.
بەمجۆرە دابەزینی نرخی نەوت بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه دروست ئه‌كات كه قەیرانی ئابووری له‌م وڵاتانه‌دا ده‌ست پێ‌بکات و قووڵبێتەوە. ئەوەی کە ئەم قەیرانە چەندە درێژه ئه‌كێشێ، به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌وه كه کەی ئابووری وڵاتانی بەکاربەری نەوت و وزە دەبوژێتەوەو دووبارە داواکاری لەسەر نەوت زیاد دەکاتەوە. بۆنموونە له ٢٠٠٨دا لە ئەمریکا قەیرانی “عه‌قارات” دروست بوو وه‌كو پوولی دۆمینه هات و زۆر وڵات، بەتایبەتی وڵاتانی ئه‌وروپای گرته‌وه، لەبەرئەوەی ئابووری ئە‌و وڵاتانە و ئەمریکا زۆرتر پێکەوە بەستراوە و کاریگەریشیان لەسەر یەکتر زیاترە بێگومان. بۆنموونە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا کە زۆر لەگەڵ ئابووری ئەمریکادا لێكهەڵپێکراوە یه‌كه‌م وڵات كه توشی قەیرانی ئابووری بوو بەدوای ئەمریکادا. واتە ئه‌م په‌یوه‌ندییه له‌نێوان بەشەکانی سه‌رمایه لەئاستی جیهاندا‌و لەناو یەك بازاڕی جیهانیدا بەو رادەیەی ئە‌و پەیوەندییە بە‌هێزو گرێدراوە پێکەوە، بەو رادەیە کاریگەرییەکانی بەئاسانی لەسەر یەکتر دەردەکەوێت.
مه‌به‌ستم ئەوەیە کە لەبەرئەوەی نه‌وت له‌م وڵاتانەدا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی سه‌رمایه و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیە، بۆیە کاتێك داواکاری لەسەر وزە کەمدەبێتەوە له‌ئاستی جیهانیدا بەشێوەیەکی سروشتی دەبێتەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەوەش قەیرانی ئابووری و گرفتی کەڵەکە بوونی سەرمایە دەستپێدەکات و ئە‌و وڵاتانە توشی قەیران دەبن. دیارە من مەبەستم سەرچاوەی سەرەکی ئابووری و سەرمایەیە لەم وڵاتانەی بە وڵاتی نەوتی ناسراون، دەنا سەرچاوەی دیکەی سەرمایە و داهات و بەشی دیکەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆنموونە پیشەسازی چیمەنتۆ و پیشەسازییە بچووکەکانی دیکەو.. تاد.
به ته‌بیعه‌تی حاڵ زۆربه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ی كه پشتیان بەئابووری نەوت بەستوە، ئه‌گه‌ر سەرنج بدەین، دەبینین نه‌وت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتی زۆرتر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه کۆنترۆڵ کراوە، بەپێچەوانەی ئەوروپاو ئەمریکا کە کۆمپانیای گەورەی سەرمایەداری وەکو شێڵ و بریتش پیترۆڵیۆم و ئیکسۆن مۆبایل و ئەوانە بەرهەمهێنا‌ن و بگرە خاوەندارێتی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن. ئەم وڵاتانه به‌پێی ئە‌و قسانه‌شی هاوڕێیان كردیان، بۆنموونە له‌ده‌ورانی دەسەڵاتی سەرمایەی ئیمپریالسیتیدا بۆرژوازی جیهانی بۆئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌م له کاردابەشکردنی سه‌رمایه‌ی جیهانیدا ئه‌م ناوچانە وەکو ناوچەی زێدەقازانج و ناوچەی هێزی كاری هه‌رزان بهێڵێتەوە، پێویستی به‌وه‌یە لەم دابەشکارییەدا جۆرێك لەدەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت لەم ناوچانەدا هەبن و حاكمیه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بێت کە بتوانن كۆنترۆڵی ئابووری و بەتایبەتی ئەم سەرچاوە سروشتییە بکەن. سەرەنجام ئەم پێداویستیەی سەرمایەی جیهانی جۆرێك لەئابووری دەوڵەتی لەم ناوچانەدا بەرهەمهێناوە و دایمەزراندوە. لەباری سیاسیشەوە سەرخانێکی ئیستبدادی دروستکردوە. واتە به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ كۆنترۆڵی ئه‌م سه‌رچاوه سروشتیه وه بەرهەمێنانی ئەم کاڵایە بەشێوەیەکی سەرەکی له‌ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بووه، یان تا رادەیەکی نزیك بە موتڵەق به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه بووه.
وتمان سیستمێكی ئیستبدادی سه‌ركوتگه‌ریش له‌م وڵاتانه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام بێگومان من ئەوەم قبوڵە کە له‌م چه‌ندساڵه‌ی رابردوودا ئه‌و قەیرانە سیاسییەی لەناوچەکەدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبیدا کە شۆڕشەکانی میسر و تونسی بەدوای خۆیدا هێنا، ئه‌و مۆدێلەی له ده‌سه‌ڵات و حاكمیه‌ت، واتە مۆدێلی ئیستبدادی سیاسی بۆرژوازی توشی لەرزین کردوە و بۆرژوای ناچارە جارێکی دیکە و لەهەلومەرجێکی دیکەدا دوبارە پێناسەی بکاتەوە. واتە دووبارە دامەزراندنەوەی سەرخانێکی سیاسی بۆرژوایی گونجاو بۆ ئەم هەلومەرجە نوێیە. ئەمە به‌بڕوای من لەئێستادا توشی گرفت و کێشەی جدی هاتوە. مەبەستمە بڵێم کە تەنانەت خودی ئه‌وه‌ی كه ئایا سەرخانێکی سیاسی کە ئیستبدادی موتڵه‌ق بەڕێوەبەرێت وەکو دەورانی پێشوو، زەمینەکانی ماوە یان ئیمکانی ئەوە هەیە و بۆرژوازی دەتوانێ بەهەمان شێوازی کۆن دەسەڵاتی ئیستبدادی خۆی داسەپێنێتەوە لەم ناوچانەدا، ئایا دەکرێ بەهەمان شێوازی کۆن هەلومەرجی هێزی كاری هه‌رزان و ئە‌و چەوسانەوە لەرادەبەدەرەی چینی کرێکار لەم ناوچانەدا بۆسەرمایەداری جیهانی دەستەبەربکات و درێژەی پێبدات یان دەبێ شێوازی دیکە بگرێتەپێش و بخاتەروو، ئایا مومكینه!؟ به‌بڕوای من ئه‌مەش یەکلانەبۆتەوە هێشتا. بەحوكمی چی؟ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه هەم خودی مۆدێلی ئابووری بۆرژوازی بەشێوەیەکی گشتی توشی قەیران بووه، هه‌م دووبارە سازدانەوەی ئه‌و سه‌رخانه فیكری و سیاسییه‌ی كه ئه‌توانێ ئه‌مه‌ی بۆ بپارێزێ، توشی کێشە و گرفت هاتووە و کەوتۆتە ژێرپرسیاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە. به‌تایبه‌تی به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر یه‌ك خاڵ رەچاو بکەین و لەحساباتماندا دایبنێین، ئه‌ویش مەسەلەی کۆنترۆڵکردنەوەی بازاڕی جیهانیە لەلایەن بلۆکە سەرمایەدارییەکانی جیهان و دووبارە دابەشکردنەوەی بازاڕی کار و کاڵایە له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا.
ئێمە دەزانین کە لە دەورانی جیهانی دوو قوتبی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا و کۆنترۆڵی جیهانیی بازاڕ لەنێوان ئە‌و دوو بلۆکەدا دابەشکرابوو. دواتریش دوای نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات و لەسەردەمی جیهانی یەك قوتبی رۆژئاوادا، بلۆکی رۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا کۆنترۆڵی ئە‌و بازاڕەی کردبوو. ئێستا ئه‌مه‌ش خه‌ریكه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت. واتە مه‌سه‌له‌ی کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی جارێکی دیکە خه‌ریكه لەنێوان کۆمەڵێك قوتبی سەرمایەداری و ئابووری گەورەی دنیادا دووبارە دابەش و یەکاڵا دەبێتەوە.
بێگومان ئەم مەسەلەیە ئاڵوگۆڕ له‌و شێوازەی ئیستای سەرخانی سیاسی ناوچەکەدا و فۆرمەکانیدا دەکات. دیارە باسەکەی من ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە کە کوردستانیش بەشێکە لەم ناوچەیە. بەڵام ئەم بارودۆخەی ئێستا بەکوێ دەگات و کەی و لە کام بارودۆخدا ئە‌و شکڵدانەوەیە بە سەرخانی سیاسی روودەدات کە بتوانێت ئه‌م واقعیه‌ته تازه‌یه بۆ سەرمایە دابین بکات، بەبڕوای من هێشتا یەکلا نەبۆتەوەو حاڵه‌تێكی جێگیری بەخۆوە نەگرتوە، حاڵەتێکی شڵه‌ژاوه! هێشتا دیار نیە کە بۆنموونە مۆدێلی ئابووری ده‌وڵه‌تی لەناوچەکەدا دووبارە جێگیردەبێتەوە یاخود مۆدێلێکی دیکە و بەهەمان شێوەش سەرخانی سیاسی و دەوڵەتیی گونجاوه بۆی.
ئه‌م قەیرانەی كه له كوردستاندا هه‌یه به‌بڕوای من، لەچوارچێوەی ئەم باوردۆخە جیهانی و ناوچەییە و ئە‌و لێکدانەوەیەدا بۆ قەیرانی ئێستای سەرمایەداری دەتوانرێ لێکبدرێتەوە لێی تێبگەین. چ قەیرانی ئابووری کوردستان خۆی‌و چ ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات چه‌ند ده‌وری هه‌بووه لە دروستکردنی قەیرانەکەو قوڵکردنەوەیدا. هەڵبەتە منیش بڕوام وایە کە ئە‌و قەیرانە ئابوورییەی لەکوردستاندا هەیە قەیرانی سەرمایەداری و سیستەمی ئابووریی بۆرژوازییه. ئه‌گه‌ر سیستمێكی ئابووری دیکە بوایە بێگومان قەیرانەکە بەمجۆرە نەدەبوو. قەیرانی ئابووری کوردستانیش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م كێشمه‌كێشه، ئه‌م ته‌قسیمبه‌ندی و واقعیه‌ته جیهانیه‌دا سەریهەڵداوەو کاریگەری وەرگرتوەو توندتربۆتەوە. به‌ڵام فاكتۆرێك كه به‌بڕوای من ده‌وری هه‌یه لەم قەیرانەدا فاكتۆری خودی ئه‌و سه‌رخانه سیاسیه‌یه كه ئه‌م سیستەمە ئابوورییەی راگرتوە.
لێره‌دا پێویستە ئەوە بڵێم کە لە وڵاتێکی نەوتیدا کە كۆنترۆڵی ئه‌و سه‌رچاوه ئابووری و بەرهەمهێنانە کۆمەڵایەتیە له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدایه، بێجگه له ئیستبدادی سیاسی، به‌بڕوای من، فرسه‌تی بۆ گەندەڵییەکی گەورە دروستکردوە. تەنانەت مەسەلەی گەندەڵی کە ئێمە لە بەرنامەی حیزبیشدا هێناومانە، به‌تایبه‌تی له‌م وڵاتانه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی لەرادەبەدەر لەئارادایە، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه له ئابوورییەکی لیبراڵ یان بازاڕی ئازاد‌دا هەیە کە سەرمایەداری تاك لەچوارچێوه‌ی یاسایەکی رەسمی گشتیدا جموجوڵی ئابووری دەکات و تەنانەت چوارچێوه‌ی سیاسی گونجاویشی بۆ فەراهەم دەبێت. لێره مه‌سه‌لەکە بەمجۆرە نەبوە. بۆیه ئه‌بینیت له‌مجۆرە سه‌رخانە سیاسییەی ناوچەکەدا ئه‌و فرسه‌ته دروست بووە کە گەندەڵی بەفراوانی بڵاوبێتەوە.
گەندەڵی چیە؟ گەندەڵی ئەوەیە کە کەسانێك کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بەحوکمی ئە‌و پلەوپایە سیاسییەی هەیانە لەحاکمیەتدا بتوانن سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر بۆخۆیان كه‌ڵه‌كه بكەن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، بۆنموونە بیڵ گه‌یتس، خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ئه‌توانێ له‌چوارچێوه‌ی سیستەمی ئابووری‌و سیاسی ئه‌مریكادا وه‌كو سه‌رمایه‌دارێكی تاك سه‌رمایه كۆبكاته‌وه، بەبێ ئەوەی پۆستێکی هەبێت لەدەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەتی ئەمریکادا، به‌ڵام مه‌لیك فه‌هد یان سەدام یان بارزانی ئه‌توانن له‌چوارچێوه‌ی سیستەمێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، کە بنەماکەی هه‌مان ئابووری بۆرژوازیه، هه‌مان سیستمی سه‌رمایه‌داریه، هه‌مان سیستمی ئیستسماری هێزی كاره به‌ڵام ئه‌م فرسه‌ته‌یان دەبێ کە مه‌وقعیه‌ته‌كه‌ی له‌ده‌سه‌ڵات و دەوڵەتدا، بەکاربهێنێ بۆئەوەی سامان کۆبکەنەوە و دەوڵەمەند بن. واتە لەرێگای گەندەڵییەوە دەتوانن ببنە خاوەن سەرمایە و کەڵەکەی سەرمایە بکەن. واتە چەمکی گەندەڵی ئەوەیە کە کەسانێك به‌حوكمی جێگه‌وڕێگایان لە دەسەڵاتی سیاسی‌دا کۆنترۆڵی بازاڕ و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەکەن. میسریش به هه‌مانشێوه. ئه‌گه‌ر سەرنج بدرێ به‌شێكی زۆری ئابووری میسر لەژێردەستی دامەزراوەی سوپادایە و سوپا خاوەنی بەشێکی سەرمایە و دامەزراوە ئابوورییە گرنگەکانی وڵاتە. ئەوەش وایکردوە ئیلیتێك (نوخبەیەك)ی سەرمایەدار دروستبێت كه بەهۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان به ده‌سته‌وه‌یه، توانیویانه تەنانەت ده‌ورێکی تایبەتیان هەبێ له‌پرۆسه‌ی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و مادیدا. مه‌وقعیه‌تێكیان هه‌یه كه وه‌ك وتم بیل گه‌یتس له شوێنێكه‌وه هێناویه‌تی، ئه‌مان له شوێنێكی تره‌وه.
لە كوردستانیش دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت کۆنترۆڵی ئابووری کردوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە خاسیەتێکی میلیشیایی و خاوەن نفوزی ناوچەیی هەیە، کە بێگومان خراپترین سیستەمی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازیە بە بەرارود بە سیستەمە سیاسیەکانی دیکە. بەوهۆیەوە کۆمەڵێك کەسی بەرپرس و خاوەنپۆستی سیاسی حیزبی کە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتیان بەدەستەوەیە، توانیویانە سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر له‌ده‌ستی خۆیاندا کۆبکەنەوە. بێگومان ئەم خاسیەتە میلیشیاییەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد دەکرێ وەکو فاكته‌رێكی قووڵکردنەوەی ئەم قەیرانە بەمشێوە سەرسوڕهێنەرەی ئێستای تەماشا بکرێ. بۆنموونه له‌عێراقدا هه‌مان قەیرانی ئابووری هەیە، گه‌نده‌ڵی هه‌یه و هه‌رئه‌و ئیلیته‌ی كه له‌وێ به‌جۆرێك کۆنترۆڵی سه‌رمایه‌ی كردووه زۆرترین سه‌رمایەیان له‌ده‌ستی خۆیاندا کۆکردۆتەوە. زۆرترین سەرمایەدارەکانی عێراق پیاوه‌كانی ده‌وڵه‌تن! به‌ڵام له‌عێراقدا بەهۆی ئه‌وه‌ی سیستمی حاكمیه‌ت، شێوازێكی تری هه‌یە و له فۆڕمێكی دیکەدایە، له‌شێوازی بەڕێوەبردن و ده‌وڵه‌تداریدا، بۆیە عێراق ئه‌توانێت به‌جۆرێك رووبەڕووی ئەم قەیرانە بێتەوە و به‌وشێوه قورسه‌ی له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه، کاریگەریی له‌سه‌ر عێراق نه‌بێ.
بۆنموونه هه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێوه‌ش باستان كرد، لە کوردستان ماوەی ٥ مانگه موچە نەدراوە، بەڵام لەعێراق تا ئێستا كێشه‌ی موچه نه‌بووه. قەیرانەکەش هه‌ر هه‌یه، نرخی نەوتیش هەروەکو یەك دابه‌زیوه. کێشەی شەڕی داعش و خەرجی جەنگ بەهەمانشێوە هه‌یه، هه‌مان ئه‌و گرفتانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەڵێن هەمانە و گوایە بوەتە هۆی ئەوەی نەتوانن موچە بدەن، عێراقیش هەیەتی، به‌ڵام له‌وێ بەم قورساییه‌ی کوردستان نیه. من قسه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه لێره‌دا فاكته‌رێكی دیکە دێته ناوه‌وه بۆ قوڵکردنەوەی هۆکاری قەیرانەکە، ئەویش ده‌وری ئه‌م حیزبانە و ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییەیە کە لەبنەڕەتدا وەکو دامەزراوەی دەوڵەتی بۆرژوازی نیە؛ واتە دەوڵەت نیە. دیارە دەسەڵاتی بۆرژوازی هەیە؛ بۆرژوازی له‌ڕێگای دوو حزبی چه‌كدارەوە، له ڕێگای شكڵ و فۆرمێکی دەسەڵاتەوە خه‌ریكه ئیداره‌ی بەرهەمهێنا‌ن و ئابووری دەکات. فۆرمەکەی بۆنموونه فۆرمی ده‌وڵه‌ت نیه، شێوازی ده‌وڵه‌تێكی بۆرژوازی ئاسایی (موته‌عاریف) نیه. به‌بڕوای من ئەم شێوە لەدەسەڵات هۆکارێکی گرنگە بۆ قوڵکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکەی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستای. ئەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێم کە فاكته‌ری ده‌سه‌ڵات و سەرخانی سیاسی دەتوانێ بەپێی شێواز و فۆرمەکەی، ئاسانکاری یان سەختگیری بۆ ئابووری و بەرهەمهێنا‌ن و گەشەی ئابووری دروست بکات. واتە دەکرێ مۆدێلێك لە حوکمڕانی و دەسەڵات قورساییه‌كان و تەنگەبەرییەکانی بەردەم سەرمایە و بۆرژوازی و بازاڕ سووكتر بکات، یان قورستری بکات. ئەم مۆدێلی دەسەڵاتەی کوردستان قورساییەکانی سەر قاچی سەرمایە قورس‌تر دەکات، بەتایبەتی لەم قەیرانەی ئێستادا مەترسی بۆسەر خودی سەرمایە دروست دەکات!
بۆنموونه لە دەورەیەکی مێژوویی‌دا مۆدێلی ئابوری دەوڵەتی دەیتوانی رێگای گەشەی سەرمایە تەخت و ئاسانتر بکات، بەڵام لە دەورەیەکی دیکەدا نەیتوانی و بووە رێگر لەبەردەم گەشەی سەرمایەداری و توشی شکست بوو. پێموایه ئه‌مه‌ی كوردستان بێجگه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه باسمان كرد؛ واتە ئە‌و واقعیه‌ته‌ی كه فۆرمی ده‌وڵه‌تی نیه، ده‌وڵه‌تێكی نۆرماڵی بۆرژوازی، ده‌وڵه‌تێكی موته‌عاریفی بۆرژوازی نیە. مەبەستم لە دەسەڵاتی موتەعاریف ئەوە نیە کە دەسەڵاتێکی ناجێگیرە بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی میلیشیاییە. دەسەڵاتێکی میلیشیایی و حیزبیە. ئەوەش فاکتەری قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م واقعیه‌ته مه‌ئساوییه‌ی خه‌ڵكه، چونکە دەسەڵاتی میلیشیایی حیزبی ئاماده نیه هیچ مه‌سئولیه‌ت له ئه‌ستۆی خۆی بگرێ بەرامبەر بە خەڵك. هەڵبەتە هەندێك مەسەلەی دیکەش هەیە کە دەوڵەتێکی بۆرژوازی دەتوانێ دەستی بۆبەرێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان کە دەسەڵاتی کوردستان ناتوانێ بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەت لە کوردستان نیە، وەکو ئەوەی دەوڵەتی عێراق دەتوانێ له‌ڕێگای ده‌ركردنی سەنەداتی مالیه‌وه یان دەستبردن بۆ پارەی هەڵگیراوی دەوڵەت کە هەموو دەوڵەتێك پیویستە بڕێك پشتیوانەی دارایی هەبێت یان دەوڵەتی عێراق دەتوانێ ئەوراقی مالی چاپ بکاتەوە کە حکومەتی هەرێم لەهەموو ئەمانە بێبەشە، دەوتوانێت باری قورسی قەیرانەکە کەمتر بکاتەوە.
جه‌مال موحسین: منیش هه‌رچه‌ند خاڵێك ئه‌ڵێم. من نایه‌مه سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه باسیان كرد به‌س من پێموایه كوردستان وه‌كو گۆشه‌یه‌ك له‌بازاڕێك، له‌بازاڕی جیهانیدا ته‌ماشا بكه‌ین له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ دابه‌شبوونه‌وه‌ی جیهاندا مانای خۆی په‌یدا كردووه. به‌جۆرێك له قسه‌كانی خه‌سره‌ودا حه‌ز ئه‌كه‌م گه‌ر بواری بێ بێته سه‌ر ئه‌و مه‌وقعیه‌تی جیۆپۆلیتیكه‌ی كه باسی كرد. كه‌وایه ئه‌گه‌ر بۆنموونه سه‌یری نرخی نه‌وت بكه‌ین. یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی كه به ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت كاریگه‌ری دائه‌نێت له‌سه‌ر نرخی نه‌وت، عێراق و كوردستانه كه ڕێژه‌یه‌كی زۆری تیایه، به‌ڵام یه‌كێكه له‌وانه، مه‌به‌ستم هه‌مووی نیه. ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری نرخی بازاڕی نه‌وت ئه‌كه‌یت له جیهاندا، داشكاندنێكی به‌خۆیه‌وه بینیوه و ته‌نانه‌ت ئه‌مه كاریگه‌ری كردۆته سه‌ر هه‌ندێك وڵات و نرخی پاره‌كه‌شی پێ دابه‌زیوه. به بڕوای من گه‌ر بتوانین بڵێین نه‌قڵ بوونی ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه جیهانیه كه خۆیان ده‌رگیری بوون و هێنانیه‌تی بۆ ئێره بۆ ده‌ربازكردنی بازاڕی خۆیان و ئه‌و هه‌ڵئاوسانه‌ی كه لای خۆیان له نرخی بازاڕی جیهانیدا هه‌یه، ئه‌مه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئێره. به مانایه‌ك هه‌رچه‌نده نه‌وته‌كه زیاتر ئه‌بێ و زیاتر عه‌رز ئه‌كرێ، ته‌ڵه‌ب له‌سه‌ری كه‌متر ئه‌بێ و نرخه‌كه‌ی دائه‌به‌زێ. من ئه‌وه‌نده‌ی كه ئاگادار بم هه‌ڵبه‌ته وه‌كو له‌م دوو سێ ڕۆژه‌ی پێشوودا ڕایانگه‌یاند كه ئه‌توانن له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار پێنج مانگه‌دا تاكو مانگی ئایار ئه‌توانن نرخی نه‌وت بگه‌یەننه ٥٠ دۆلار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئینتاج كه‌م ئه‌كه‌نه‌وه، ناینێرن و ئه‌م كاریگه‌رییه دائه‌نێت. بۆیه به‌م مانایه ئیستقراری قه‌یرانه‌كه نابێ به‌ڵام ئه‌كرێ به‌ده‌ربڕینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی هه‌ناسه‌یه‌ك بداته‌وه به‌به‌ر‌دا. بۆیه ئه‌م جێگه‌وڕێگایه‌ی عێراق و كوردستان گرنگه و زۆریش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌م بازاڕه جیهانیه‌وه هه‌یه كه من پێم وایه یه‌كێكه له‌و ده‌روازانه‌ی كه ئیمپریالیزمی جیهانی بۆ كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی بیری لێ ئه‌كاته‌وه.
به‌جیا له‌وه‌ی هاوكێشه ئابوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان چۆنه، ئه‌وه‌ی كه وتم مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان كه به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌وه‌ی كه نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی تر ئه‌چێته ده‌ره‌وه به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تییه یانی تێكه‌ولێكه‌ی پرۆسه‌ی سه‌رمایه و به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێی نێوان كار و سه‌رمایه ئه‌چێته پێشه‌وه و ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی گشتییه و شمولی كۆمه‌ڵگای كوردستانیش ئه‌كات، كه له قسه‌كانی ئێوه‌شدا هات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ڕێك له‌م كاته‌دا قه‌یرانێكی ئابووری كوردستانی گرتۆته‌وه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌م فراوانبوونه‌وه‌ی بازاڕه جیهانیه‌وه هه‌یه. ته‌بعه‌ن له پێشینه‌شدا ئه‌وه هه‌یه كه له پرۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و سازدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا مانای خۆی هه‌یه به‌س بۆ كوردستان ئه‌م مانایه‌ی هه‌یه كه په‌یوه‌سته به‌و بازاڕه‌وه. وه له ئاستی ناوچه‌ییشدا كاریگه‌ری خۆی دائه‌نێ. بۆیه ئه‌بینین كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕه‌كان و ئه‌وه‌ی من له پرسیاره‌كه‌مدا له هاوڕێ موئه‌یه‌د كردم به‌جۆرێك هه‌ڵئاوسان، نرخ، وه‌ستانی بازاڕ‌و ئاڵ‌وگۆڕكردن… دوایی دێمه سه‌ر گۆشه‌كانی تری كه كاریگه‌ری هه‌یه و حه‌ز ئه‌كه‌م باسی بكه‌ین. ئه‌وه یه‌كێك له‌و خاڵانه‌یه كه گرنگی هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه چونكه ته‌نها تۆ ناتوانی له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد كه یه‌كێتی و پارتی تا ئێستا وه‌ك ئه‌حزابی میلیشیایی نوێنه‌رایه‌تیان كردووه هه‌ر ئاوها بیبینیت. ئه‌مه گۆشه‌یه‌كه له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه به‌و بازاڕه جیهانیه‌وه كه ئه‌یانه‌وێ بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانێك كه تێی كه‌وتوه به‌كاریبهێنن.
عوسمانی حاجی مارف: له‌درێژه‌ی ئه‌و باسانه‌ی كه هاوڕێیان قسه‌یان له سه‌ر كرد بەردەوامی بە باسەکە ئەدەم، کاتێك باس لەسەر قەیرانی ئابوورییە لەکوردستاندا ناتوانین نەیبەستینەوە بەو قەیرانە ئابوورییەی ئیستا لەجیهاندا هەیە، هەروەها گەر باسەکەش بەتایبەتی لەسەر قەیرانی ئێستای داراییە لە کوردستاندا ناتوانین بەبێ بەستنەوەی بە هەلومەرجی گێژاوی سیاسی عیراق و ناوچەکە ئە‌و قەیرانە ڕۆشن ببینرێت کە لە هەمانکاتدا جۆری پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان بۆ خۆی بەشێکە لەو هەلومەرجە ناجێگیریە سیاسییەی کە لەناوچەکەدا چەند دەیەیەکە دەگوزەرێ، ئه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه کەئه‌توانم بڵێم هەندێ لا‌یه‌نیشی ڕۆشنكرایه‌وه. به‌ڵام من ئه‌مه‌وێ لێره یه‌ك شت بڵێم؛ مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م قەیرانەی لە کوردستاندا هەیە بۆ ئاوا ڕۆچووه‌ته خواره‌وه؟ ئه‌كیده له هه‌موو شوێنێكی دونیادا لە قەیرانی ئابووریدا خزمە‌تگوزاریه‌كان كه‌م ئه‌كرێته‌وه، بێكاری زیاتر دەبێت، وه له‌گەڵیشیا كرێی كار كه‌م ئه‌بێته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه واقعیه‌ته به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه واقعیه‌تی شوێنێكی وه‌كو كوردستانه و هه‌تا عێراقیش به جیا له‌وه‌ی حكومه‌ت مووچه نادات و دەبێتە هەژاری و برسێتی، ئایا ئه‌مه لەپەیوەند بە ئه‌زمەی ئابوورییه‌وەیه وا دەگات بەم واقعیه‌ته؟ به‌پێویستی ئه‌زانم کەمێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌رته‌ركیبه و یا پێكهێنانی گه‌شه‌ی سه‌رمایه له عێراق و كوردستاندا. به‌دوای جەنگی جیهانی یەکەم و گواستنەوەی سه‌رمایه بۆ عێراق وكوردستان و دامه‌زراندنی سه‌رمایه لەبواری دەرهێنانی کەرەسەی سروشتی دواتر وەبەرهێنان لەبوارەکانی تردا بەڵام لە چوارچێوەی دابەشکردنی بازاڕی جیهاندا عێراق بووە بە وڵاتێك لە بەرهەمهێنانی نه‌وت واتە لەباری ئابووری و داهاتەوە ئیعتمادی سەرەکی بە بەرهەمهێنانی رەیعی، یا به مانای وەبەرهێنان لەبواری سامانی سروشتی‌دا، لەمەش گرنگتر عێراق وەك یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی له زمنی حه‌وزه‌ی كاری هه‌رزاندا حسابی له‌سه‌ر كراوه، هه‌تا ناردن و دامەزراندنی سه‌رمایه بۆ عێراق لە هەمان چوارچێوه‌یه‌كدا بووه كه حه و‌زه‌ی كاری هه‌رزانه، خودی شەریکات و کۆمپانیاکان یا سه‌رمایه‌داره‌كان دەرەکی بووبن یا ناوخۆیی، بە ئعتماد لەسەر ئەوەی کە عێراق کرێی کرێکار تیا هەرزانە، واتە عێراق یا کوردستان حەوزەی کاری هەرزانە و لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندی وەبەرهێنان بەڕێوە چوە، دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتەکان لەسەر بنەمای کاری هەرزان په‌یوه‌ندی كار و سه‌رمایه‌یان پاراستوەو کۆمەڵگەیان به‌ڕێوه بردووه بە پشتبەستن بە دابینکردنی کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیان بۆ کرێکاران، کە لەهەر قەیرانێکدا پاراستنی ئەم سیستمی کاری هەرزانە و کەمکردنەوەی خەرجی بۆ پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران زیاتر ڕۆچۆتە ناو ژیانی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشەوە و بۆتە مایەی زیاترکردنی بێ‌کاری و هەژاری و برسێتی.
من بەجیا لەوە ئه‌مه‌وێ ئیشارەت بە شتێك بدەم کە بۆنموونە لەتەواوی کێشمەکێش و شەڕی نێوان بۆرجوازی کورد0ی لەبەرامبەر بۆرجوازی عەرەبیدا بۆ شەراکەتیان لەدەسەڵاتدا پەیوەستکردنی ئەم کێشمەکێشە بۆ شەراکەت لەدەسەڵاتدا بە مەسەلەی نەتەوایەتی و کێشەی کوردەوە و دروستکردنی حەرەکەی چەکداری و پێکهێنانی نائارامی سیاسی بەردەوام، بەڵام گەر سەرنج بدەن لەگەڵ ئەوەشدا خودی سەرمایەدارەکان لەعێراقدا كوردزمان بووبن یا عەرەبزمان یا هەر زمان و ئاینێکیان بووبێت ئازاد بوون لە دامەزراندنی سەرمایەکانیاندا لەهەر شوێنێکی عێراقدا بیانویستایە، سه‌رمایه‌دارێكی كوردزمان توانیویه‌تی به‌حوڕیه‌تی خۆی له به‌غدا کارگە دابنێت، بازرگانی بکات و کاری بەڵێندەرایەتی بکات، بەڵام نوێنەرانی سیاسی بۆرجوازی کوردی و عەرەبی واتە ناسیونالیستی عەرەبی و ناسیۆنالیستی کوردی هەمیشە لە ناکۆکی و شەڕدا بوون کە بەبۆچونی من دەگەڕێتەوە بۆ ئە‌و واقعیەتەی کە یەکەم ئابووری عێراق پشتی بە رەیع بەستووە لەناو دابەشبونی بازاڕی جیهاندا، دووەم کە حەوزەی کاری هەرزانە و بە رێگەی سەرکوت و ئیستبدادی سیاسی و دەسەڵاتێکی میلیتاندا ئەتوانن پەیوەندی کار و سەرمایە بپارێزن، ئەمەش ئە‌و واقعیەتە دێنێتە پێشەوە کە بوار بۆ هێزە سیاسیەکان بۆ فرسەتی دەسەڵات گرتن لە ڕێگەی هێزی سەربازی و چەکدارییەوەیە، ئه‌م واقعیەتەش ئەوەیە كه كێشه‌ی نێوان ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب و كورد کۆتایی نایەت، ئه‌وه‌ی كه كێشه‌ی نێوان كوردستان و حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه له واقعیه‌تی پێكهاته‌ی خودی هاتوچۆی سه‌رمایه، به‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه، چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكار جا بۆرژوازی عه‌ره‌ب یا كورد بووبێ فه‌رقیان نه‌بووه، وه هه‌مووشی له‌سه‌ر ئه‌ساسی مانه‌وه‌ی كاری هه‌رزانە له‌هه‌ر شوێنێكی عێراق و كوردستاندا بێت رەواجیان بە مەسەلە سیاسییەکانیان و خورافات داوە بەناوی پاراستنی نیشتمان و هەرشتێکی ترەوە بوبێت ئه‌م مەسەلەی كاری هه‌رزانه ته‌ناقوزاتێكی دروستكردووه. یانی ئەمەوێت ئەوە بڵێم واقعیه‌تی كاری هه‌رزان شكڵێكی سیاسی داوه به‌م ناوچەیە كه خودی چینی سه‌رمایه‌دار یان سەرمایەداران نەتوانن راستەو خۆ لەباری سیاسییەوە لەدەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی حکومەتەکاندا نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بكەن واقعیه‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر وه‌كو ره‌واڵی گه‌شه‌ی سه‌رمایه به‌شێوه‌ی وڵاتانی ئەوروپی وەك فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئەڵمانیا، سه‌رمایه گه‌شه‌ی بكردایه هه‌ڵبه‌ته ئه‌و رابیته‌یەی نێوان كار‌و سه‌رمایه بەجۆرێكی تر ئه‌چوو به‌ڕێوه، بۆرژوازی عێراق و كوردستان كه‌ده‌رگیری واقعیه‌تێك بوون لە پاراستنی حەوزەی کاری هەرزاندا کە ناکرێ و ناتوانن سیستمێك دامه‌زرێنن كه ئازادی هەبێت یا دیموكراتی بێت، چونکە ئەگەر ئازادی هەبێت دەکەوێتە بەرامبەر ناڕەزایەتی کرێکاران بۆ زیادکردنی کرێ، کە زیادکردنی کرێ دەکەوێتە ناکۆکیەوە لەبەرامبەر پاراستنی مانەوەی کاری هەرزاندا، كه سەرمایەداری توشی قه‌یرانی گه‌وره‌تر دەبێت، واتە بەگەڕخستنی سه‌رمایه له وڵاتێكی وه‌كو عێراقدا پێویستی بە دامەزراندنی سه‌رخانێكی سیاسی ئیستیبدادی هەیە، هەر بۆیە زۆربه‌ی شەراینی ئابوری ئه‌م وڵاته هەر لەسەرەتاوە لەلایەن دەوڵەته‌وه دەستی بەسەردا دەگیرێت، کە ئێستاش به‌ده‌ست ئه‌حزابه‌وه‌یه.
بۆنموونه وەبەرهێنانی نه‌وت لەکوردستان وه‌ك له‌قسه‌ی ئه‌م هاوڕێیانه‌شدا دوباره كرایه‌وه، ئێستا كۆنترۆڵه‌كه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌حزابه‌وه‌یه کە پێشتر به‌ده‌ستی دەوڵەتی عێراقه‌وه بوو، هه‌تا ئه‌و شه‌ڕه‌ی ناوخۆ كه كه‌وتۆته نێوان بۆرژوازی ناسیۆنالیزمی كورد و عه‌ره‌ب له‌عێراقدا شه‌ڕێكه به‌رهه‌می ئه‌وه‌یه كه ئه‌حزابی بۆرژوازی ناسیۆنالست شه‌ریك بێ له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا و شه‌ریك بێ له بەڕێوەبردنی چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكاراندا، بەڵام خودی سه‌رمایه‌داران مەرج نیە ویستبێتی ئه‌و ئیستیقلاله بكا، ناکۆکی هەیە لە ئیدارەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالست و سەرمایەداراندا، بۆنموونە شەڕی چەکداری نائەمنی بۆ سەرمایەگوزاری دروست دەکات، بەڵام واقعیەتی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگە بە مانای پاراستنی حەوزەی کاری هەزاران وا لەسەرمایەداران دەکات کە ئە‌و واقعیەتەی دەرگیری بوون لەگەڵ حزبە ناسیۆنالستەکاندا قەبوڵی بکەن.
مەسەلەیەکی تر لە مێژووی سەرهەڵدان و هەڵسوڕانی سیاسی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی لەوکاتەوە بەفراوانی دێتە مەیدان کە حکومەتی عێراق بەرنامەی عەمەلی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی کشتوکاڵی دەکات، بەڵام بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەوێتە بەرامبەر ئەم چاکسازیەوە و هێزە چەکدارەکانی لەپەیوەند بە ناڕەزایەتی دەربەگ و سەرۆك عشیرەتەکانەوە کە دژی ئە‌و چاکسازیە بوون بۆ گەشەی سەرمایەداری دروستدەکات، هەربۆیە ئەتوانین سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کوردایەتی بە بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست ناوبنێین، یانی خودی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردی نەیتوانی نوێنه‌رایەتی سه‌رمایه‌دارانی كوردزمان بکات لەپەیوەند بەگەشەی سەرمایەداری لەعیراقدا و دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری تا وەڵامدەرەوە بێت له‌گه‌ڵ چونەپێشەوەی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری جیهاندا، هه‌میشه چۆنیەتی حه‌ره‌كه سیاسیەکە‌ی کێشەی بووە له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی رابیته‌ی كار و سه‌رمایه كه بگاته ئاستێك له ئاستی گەشەی پیشه‌سازیدا. تابتوانێ ئه‌م پەیوەندیە ئاڵوگۆڕێك پێکبهێنێت یا بتوانین قه‌یرانه‌كه‌ی به‌ته‌واوی ته‌عریف كه‌ین، ئه‌توانم بڵێم ئە‌و قه‌یرانەی کە بەو شێوەچارەیە ئەچێتە ناو برسێتی و هەژاری و كاره‌ساتەکانه‌وە، ئاکامی هه‌لومه‌رجێكه كه ئه‌م رابیته‌ی كار و سه‌رمایه له حه‌وزه‌ی هه‌رزاندا و بە ئیعتماد بە ئابووری رەیعی بەشێوەیەکی سەرەکی و نوێنه‌رایه‌تی كردنێکی سیاسی لە نموونەی حکومەتێکی وەك به‌عسی ناسیۆنالستی میلیتاند، ئێستاش دەسەڵاتی حزبە میلیشیاکان، هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی تر كه روویداوه هه‌تا ته‌عریفكردنی ئه‌م ئه‌حزابانه‌ی پێشتر بەناوی ئەوەی دژی ئمپریالیست بوون، بەڵام لە هەمانکاتدا چونەتە ناو چوارچێوەی بەرژەوەندی و سیاسەت و کێشمەکێش و شەڕی وڵاتانی ئیمپریالی لە جیهاندا نەك پێشبڕكێ لەبەرامبەری ئە‌و وڵاتانەوە و شەریکات و کۆمپانیاکانیاندا، بەڵکو بەشێوەیەکی وابەستەیی ئابووری لەناو بازاڕی جیهاندا مەوقعیەتی خۆیان دیاری کردوە.
جه‌مال موحسین: به‌ڵام له‌و چوارچێوه گشتیه ده‌ربچێ ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئه‌م وه‌زعه توشی ئه‌م بنبه‌سته بووه ئه‌بێ هۆكاره‌كه‌ی چی بێ؟
عوسمانی حاجی مارف: واقعیه‌تی كوردستان مێژوویەکی هه‌یه، لەناو مێژووی گەشەی كاپیتاڵیزمی جیهاندا کە لەشێوەی عێراق و ناوچەکەیە و موخته‌لیفن له‌گەڵ گه‌شه‌ی ته‌بیعی سه‌رمایه‌دار له وڵاتانی تردا مەبەست ئەوروپایە، مه‌سه‌له‌ن له ته‌بیعه‌تی بیدایه‌تی سه‌رمایه‌داریدا كه راستەوخۆ کەوتە شەڕێکی دەستەویەخە لەبەرامبەر فیودالیزمدا و تەواوی پەیوەندیە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی هەڵوەشانەوە، با نه‌چینه ناو ئه‌و ته‌فسیله‌وه وه ئێستا کە خودی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار له كوردستاندا، تۆ سه‌یریان كه له شه‌سته‌کانەوه ئه‌م هێزه سیاسییانه هه‌ن و ئه‌حزابی ناسیۆنالیستین و بە بەرگریان و پاراستنی پەیوەندی و فەرهەنگی دواکەوتووی کۆمەڵگە چونەتە مەیدانی شه‌ڕ له‌گەڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لەعێراقدا، تا ئه‌وه‌ی كه خۆیان به ده‌سه‌ڵات ئه‌گەن، یه‌عنی ئەمەوێت بڵێم ئایا ئه‌م هێزە چەکدارە ناسیۆنالیستانە توانیویانە نوێنه‌رایه‌تی هەموو سه‌رمایەدارانی کوردستان بکەن، نەخێر نەیانتوانیوەو نەیان کردووە، هەر بەو مانایەش هیچکات ناتوانن یەکڕیزی “کورد” کە خۆیان ئیدعای ئەکەن بپارێزن واتە بەمانای یەکڕیزی چینی بۆرژوازی و هێز و حزبەکانی و دابینکردنی سەقامگیری سیاسی مەسەلەیەکی غەیرە مومکینە، هه‌میشه نوێنه‌رایه‌تی بەرژەوەندی توێژێك له چینی سه‌رمایه‌دار له كوردستاندا كردووه یا له عێراقدا كردووه ، حزبی به‌عس نه‌یتوانیوه نوێنه‌رایه‌تی هەموو سه‌رمایه‌داری عێراقی بكا، پێکهاتەکەی بەوجۆرە دەخوازێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه خودی سه‌رمایه له حەو‌زه‌ی كاری هه‌رزاندا لەبەرامبەر چینی کرێکاردا ئه‌كه‌وێته ته‌ناقوزێكی زۆر توندەوە کە بەخودی چینی سەرمایەدار ناپارێزرێت و پێویستی بە هێزێکە کە بە سەرکوت و توندوتیژی کۆمەڵگە بەڕێوە بەرێت و ئه‌م حه‌وزەی كاری هه‌رزانه‌ی بۆ بپارێزێ ئیتر به ئیستیبداد بێ، به ئه‌فكاری ئیسلامی بێ، به ئه‌فكاری قه‌ومی بێ، به خورافات بێ، به‌وپەڕی کۆنەپەرستی بێت، وه خودی ئه‌م هێزه سیاسیانه‌ش تەواوکەر و درێژه‌ی ئه‌و واقعیه‌ته‌ن، تەواوکەری واقعیه‌تێكن کە شه‌راینی ئابوریی سەرەکی ئه‌و وڵاته بخه‌نه ژێرده‌ستی خۆیان، دەستبەسەراگرتنی شه‌راینێکی ئابووری کە بۆنموونه سامانه سروشتیه‌كانی پێ ئه‌ڵێی، سامانی ژێرزەویی پێ ئەڵێ‌ی، ڕه‌یعی پێ ئه‌ڵێی، وزەی پێ ئه‌ڵێی، هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی پێ ئه‌ڵێی، تۆ بڕۆ سه‌یركه سه‌رمایه‌دارانێك كه له كوردستان هه‌ن بەردەوام به‌رهه‌م ئه‌هێنن، واتە ئه‌و قسه‌یه‌ی كه تۆ ئه‌ڵێی بازاڕ وه‌ستاوه، بازاڕ نه‌وه‌ستاوه، كرێكاران ئه‌چنە ناو بازاڕی کارەوە، كرێكاران هه‌ن و كار ئه‌فرۆشن، هێزی كاریان ئه‌فرۆشن،
جه‌مال موحسن: مه‌به‌ستم بازاڕی بازرگانیه.
عوسمانی حاجی مارف: ئه‌مه به مانایه‌ك ئەگەر سەیری بازاڕ بکەین وەك بازاڕێك بۆ ساغکردنەوەی کەرەسەی بەکارهێنان، بازاڕ لە پەیوەندی جیهاندا فروانترە لە ساغکردنەوەی کەلوپەلی بەکارهێنان، واتە بازاڕی سه‌رمایه نەوەستاوە، ناوەستێت و بەردەوام له حه‌ره‌كه‌دایه، ئه‌وه‌ی كه بەکار‌هێنانە بۆ دانیشتوان، واتە بازاڕێك كه خه‌ڵك کەلوپەلەکانی تیا ئەکڕێ کاتێ توانای کڕین دائەبەزێت، ئه‌مه شتێكی تره، به‌ڵام سەرمایەدارێك بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری بکات، کارخانەیەك دابنێت ئەمە نه‌وه‌ستاوه،سه‌رمایه‌دارێكی كوردی، یا هەر ملیاردێرێك له ئێستا لە كوردستاندایە ئه‌توانێ كارخانه‌یه‌ك له ئه‌ڵمانیا دانێ و سەرمایەکەی بخاتە گەڕ..،
جه‌مال موحسن: ئه‌وه هێشتا وه‌ڵام ناداته‌وه به‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر وایه، ئه‌گه‌ر تۆ پێت وایه كه ئه‌حزابی بۆرژوازی كورد، ئه‌حزابی قه‌ومی كورد، نه‌یانتوانیوه نوێنه‌رایه‌تی سه‌رمایه‌داری یا ئه‌و چینه بكه‌ن، ئایا ئه‌مه سه‌به‌بی ئه‌و بنبه‌سته‌یه كه تیایان؟
عوسمانی حاجی مارف: یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه ئیشاره‌ی پێكرا له‌په‌یوه‌ند به هەلومەرجی سیاسی و ئابووری جیهانەوەیە، واتە له چوارچێوەی ئه‌و قه‌یرانه‌ی لە جیهاندا هەیە لەلایەك و لەلایەکی تریشەوە، واقعی نالەبار و شه‌ڕێکە کە لە ناوچەکەدایە و هەروەها ئه‌و ئاڵوگۆڕانەی لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا ڕویداوه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی لە نێوان بلۆکە جیهانیەکاندا لە ئارادایە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، کۆمەڵە هۆکارێکن وه له زمنیشیا پێكهاته‌ی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار وەك هێزی میلیشیا له كوردستاندا، به‌ڵام جارێکی تر پرسیارەکە ئەوەیە ئه‌م جۆرە حزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه بۆ هه‌ن؟ بۆ ئەمە پێکهاتەکەیانە؟ بۆچی مه‌سه‌له‌ن حزبێكی میلیشیایی له ئه‌ڵمانیا و فەرەنسا .. ناتوانێ دروستبێ و بەو شێوەیە بڕوا ده‌سه‌ڵات بگرێت، بۆ مه‌سه‌له‌ن له به‌ریتانیا، له ئه‌مریكا هێزێكی میلیشیا ناتوانێ دروستبێ و ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنێ؟ یا حاكمیه‌ت بكات، به مانایه‌ك، ئه‌مه چیه، ئه‌مه له‌كوێوه هاتووه؟ ئه‌سڵی حزبی به‌عس، حزبێكی بچوك ئه‌بێته میلیتانت، جه‌یشێكی گه‌وره دروست ئه‌كا، ئه‌بێته مودافعی فه‌له‌ستین، ئه‌بێته شه‌ڕی لەگەڵ ئه‌مریكا، ئه‌مه چیه؟ بۆ ئه‌توانن ئه‌مه دروست بكەن؟ مه‌سه‌له‌ن ئه‌وه‌ی هێزی چەکدار ئه‌بێته هێزێك كە تایبه‌ت به حزبێكی سیاسیه، هەرچەندە دەوڵەتی ئه‌مریكا جه‌یشی گه‌ورەتری هه‌یه و مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه، به‌ڵام بۆ ئە‌و هێزە چەکدارە ئه‌بێته دارده‌ستی هێزێكی سیاسی؟ یا جه‌ماعه‌تی ده‌عوه له به‌غدا، هێزی تایبه‌تیان هه‌یه و ئه‌توانن كۆنترۆڵی بكه‌ن، بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه بۆ په‌نجا ساڵ ئه‌چێ هێزه‌كه‌ی لایه‌ك له كوردستانی داگیركردووه، وه ئێستا بازرگانی نه‌وت بەده‌ست ئه‌وه، ئیستیراد به‌ده‌ست ئه‌وه، رابیته له‌گه‌ڵ وڵاتانا به‌ده‌ست ئه‌وه، ره‌بتی ئه‌م سه‌رمایەیە به عاله‌مه‌وه به‌بێ ره‌قابه و كۆنترۆڵ و هەژمونی ئه‌وه‌وه نەبێت ناڕوا به‌ڕێوە، تۆ سه‌یركه هه‌تا خودی سه‌رمایه‌دارانیش گیریان خواردووه به‌دەست واقعیه‌تێكه‌وه كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتیدایه، وه له شوێنێكا ئه‌مه توشی گرفتی جیهانی ئه‌بێ، توشی ئه‌زمه‌ی عاله‌می ئه‌بێ، ئه‌بێته هۆی ئه‌م مه‌ئسات و برسێتیه، هه‌تا له زمنی ئه‌و نه‌خشه ئابووریانه‌ی ئه‌و حزبانه له كوردستانا دایانناوه له چۆنیه‌تی ته‌وزیفكردنی خه‌ڵك، له چۆنیه‌تی فراوانكردنی ئیداره، وه‌زاره‌تی زۆر، کاری ئیداری و بیرۆکراتی بەرفراوان…
موحسن كه‌ریم: ئه‌مه‌وێ ته‌وزیحێ بده‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی عوسمان باسیكرد، به‌ڕای من بۆرژوازی وه‌كو ته‌به‌قه‌كه حاكمه به‌ڵام ئه‌حزاب و بزووتنه‌وه‌كانی كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه. مه‌سه‌له‌ن له ئه‌مریكا سیسته‌مێكی بۆخۆی داناوه، ده‌وڵه‌تێك هه‌یه، بنه‌ما و قه‌وانین هه‌یه، هه‌موو شتێكی خۆی هه‌یه، ئابووری زانراوه چۆن ئه‌چه‌رخێ، له كوردستاندا یا له عێراقدا یا هه‌ندێ وڵاتانی هاوشێوه‌دا فه‌رقه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه لێره‌ش هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراو به ته‌بیعه‌تی حاڵ له‌م مه‌نتیقانه‌دا به حوكمی ئه‌و ته‌قسیمه جیهانیه‌ی كه سه‌رمایه هه‌یه‌تی بزووتنه‌وه‌كانیتر كه یا ناسیۆنالیسته یا ئیسلامیه، له‌مانه زیاتر نیه، بۆیه سه‌یر ئه‌كه‌ی به‌عس به‌ڕای من هه‌ر نوێنه‌ری ته‌به‌قه‌ی بۆرژوازیه به‌ڵام ره‌وتێكی بوو.
جه‌مال موحسن: یا حزبێكی بوو.
عوسمانی حاجی مارف: بەڵام گەر نه‌یڕوخێنی لا ناچێ.
جه‌مال موحسن: دێمه سه‌ر ئه‌و خاڵه.
موحسن كه‌ریم: ئه‌مه‌وێ بڵێم ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی سه‌دام حوسێنیش وه‌كو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكا وایه، وه‌كو ده‌وڵه‌ت، وه‌كو هه‌یئه‌ی حاكمه‌تی بۆرژوازی وه‌كو یه‌كن، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه‌ی كه میكانیزمه‌كه‌ی چۆنه، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره.
عوسمانی حاجی مارف: ئه‌گه‌ر نه‌ڕوخێنرێت خودی سەرمایەدارانیش ئە‌و دەسەڵاتەیان بۆ ناگۆڕدرێت، بەڵام جمهوریه‌كان یاخود دیموكراته‌كان لە ئەمریکا یا هەر وڵاتێکی تری دیموکراتی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئاڵ‌وگۆڕیان پێ دەکرێ، بەڵام لە کوردستان ناتوانرێت لە رێگای هەڵبژاردنەوە نە پارتی بگۆڕدرێت نە یەکێتی.
جه‌مال موحسن: من له‌درێژه‌ی ئه‌م لایه‌نه‌ی باسه‌كه‌ماندا پێمباشه جه‌وله‌یه‌كی كورت دەست پێبکەینەوە و لەسه‌ر خودی قەیرانەکە و لایەنەکانی راوه‌ستین. بۆ ئەم جەولەیەش هەریەکە لەهاوڕێیان ٥ دەقیقەیان پێدەدرێ تا قسەی تەکمیلی خۆیان بکەن. فه‌رموو خه‌سره‌و لەتۆوە دەست پێئەکەینەوە.
خه‌سره‌و سایه: من مولاحه‌زاتێكم هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی كه كرا؛ حه‌ز ئه‌كه‌م له‌پێشدا ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارە بکەمەوە كه لە قسەکانی هاوڕێ عوسماندا هات و موئەیەدیش ئاماژەی بۆکرد. ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەم قه‌یرانه رۆچۆته خواره‌وه؟ به‌ڕای من کێشەکە نه عه‌رزوته‌له‌بی نه‌وته، نه مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌یه كه فائیزی ئینتاج هه‌یه یا نیه، بەڵکو کێشەکە وەك وتم خودی سه‌رمایه‌داری کوردستان خۆیەتی، کێشەیەك کە ساختاریه و لە پێکهاتی سه‌رمایه‌داری له كوردستاندا سەری هەڵداوە.
جه‌مال موحسن: مه‌به‌ستت په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌داریه !!!
خه‌سره‌و سایه: به‌ڵێ، قەیرانەکە هه‌یكه‌لیە، یانی سەرمایەداری کوردستان وەك فۆرمیلاسیۆنێك کەسه‌رخانی سیاسی تایبەت بەخۆی دەخوازێ و به ئایدۆلۆژیه‌ك ته‌بریری دەکرێ گیرۆدەی هەم قەیرانی ئیقتسادی وهەم قەیرانی حکومەتیە، بەجۆرێك کە هەم ئیقتساد و هەم سه‌رخانه و حكومه‌تەکەی ئیتر وەڵامدەرەوە نیە. هەروەها مه‌وقعیه‌تی كوردستان له‌ئاست بارودۆخ و پەیوەندیە نێوده‌وڵه‌تیەکان لایەنێکی تری ئەم قەیرانەیە. واتە ئه‌مانه فاکتۆر و پێکهاتوە ئه‌سڵیەکانی ئە‌و بنبەست و قەیرانەیە کە من پێی دەڵیم، قه‌یرانی “ساختاری/ بونیادی”. هەربۆیە مەسەلەکە نه‌وت نیه، وە ئەوە بۆچوونێكی عامیانه‌ی بۆرژواییه كه ئه‌یه‌وێ بڵێ کێشەی ئەمڕۆی دەسەڵات بەهۆی دابەزینی سعری نه‌وتەوە سەری هەڵداوە و حكومه‌تی هەرێم ناتوانێ موچە دابین بکات و عێراقیش بودجەیان پێنادات كه‌وایه چاوەروانبن! به‌ڕای من بۆرژوازی كورد تەنانەت ئه‌گه‌ر پەیوەندیەکانی خۆشی له‌گه‌ڵ به‌غدادا خۆش كاته‌وه، یان ئه‌گه‌ر سعری نه‌وتیش به‌رز بێته‌وه دوبارە هه‌ر له قه‌یراندایه و ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی ئیقتسادو سیاسەت و حکومڕانی لەکوردستاندا بکات. ره‌نگه بتوانێ بۆ ماوەیەکی تریش وەزع هەروا بەدوای خۆیدا راکێشێ وە یا توندی و مەودای قه‌یرانه‌كه لەڕێگای هەندێ فاکتۆرەوە کەمکاتەوە. ئەگەر کێشەکە بەنەوت و دابەزینی سعری نەوت بزانین ئەی بۆچی عەبادی بەو هەموو شەقوشڕییەی حکومەتەکەیەوە و بەدابەزینی سعری نەوتیشەوە توانیویەتی موچەی کارمەندانی ژێردەستی خۆی لانیکەم مانگانە بدات و بۆ کارمەندانی کەرکوك و ناوچەکانی ژێردەستی داعش‌یش بنێرێ. بەڕای من ئەوانەی لە ڕوانگەی نەوتەوە سەیری دۆخی ئابووری کوردستان دەکەن دەمانگێڕنەوە بۆ تیۆریەکانی ئیقتسادی پەرەسەندن (ئیقتسادی ڕیعی _ نەوت) لە وڵاتانی وەك عێراق و کوردستاندا کە لەلایەن نوسەرانێکی وەك سەمیر ئەمین و بۆڵباران و بۆڵ سویزی و شارل بیتلهایمەوە لە ساڵانی ٧٠و ٨٠کاندا بڵاوکرانەوە و دوای شکست خواردنیان ئێستا خۆشیان باسی ناکەن..
هەروەک ئاماژەم پێدا سه‌رمایه‌داری له كوردستانا ریشه‌یه‌كی تەئریخی و جیهانی و ناوچەیی هه‌یه، تەئریخی به‌ومانایه‌ی كوردستان شه‌پۆلی یه‌كه‌می دامەزراندن و پەرەسەندنی تێپەڕ كردووه، باسە‌كه ئه‌وه‌یه كه كوردستان وه‌كو حه‌وزەیه‌ك بۆ هێنانی سه‌رمایه مونته‌زیری ته‌حه‌ولاتێكی سه‌رمایه‌داری جیهانیه كه‌ده‌بێ ئاسه‌واری گه‌شه‌كردنه‌كانی خۆی نه‌قڵکاتەوە بۆ كوردستان. کەوایە بۆچی كوردستان له‌حاڵه‌تێكی ئینتیزاریدایه؟ ئەمڕۆ دەبینین کە ئه‌و هه‌لومه‌رجه و ئە‌و پێداویستیه عه‌ینی و زهنیانه‌ی بۆ ده‌وره‌یه‌كی تر له گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری لە وڵاتانێکی وەك کوردستاندا پێویستن له‌بازاڕی جیهانیدا و لەگشت كاپیتالیزمی جیهانیدا خۆی رووبەڕووی قەیرانێکی هەیکەلیە و وەڵامێك نیە بۆی. بۆنموونە هاوڕێ موئەیەد ئاماژە بۆ ئیقتیسادی نیولیبرالیزم دەکات، بەڵام ئەوە خودی نیولیبرالیزمە كه به‌دیلێكی نیه بۆ سازدانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانی بەگشتی و له‌م وڵاتانه‌دا بەتایبەتی. یانی وەڵامی نیە بۆ حه‌وزەکانی ناردنەدەرەوەی سه‌رمایه، کە له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رهه‌مهێنانی هێزی كاری هه‌رزان و سەرو قازانجهێنەری ئیمپریالیستی قەراری گرتووە. لەم پەیوەندەدا با ئاماژە بەخاڵێك بکەم: ئیقتیسادی كوردستان وەك بەشێك لە ئیقتسادی عێراق کاتێك شكڵی گرت دنیا دووقوتبی بوو، وە دوو مۆدێلی سیاسی و ئیقتسادی وەك بنەمای تەوازنە سیاسی و ئیقتسادیەکان سەقامگیربوو. یەکەم مۆدێل ئیقتیسادی بازاڕ کە له وڵاتانی ئیمپریالیستی وەك ئەمریکا و ئه‌وروپادا جیگیربوو، لە کەنارەوە مۆدێلی دووەم لە وڵاتانێکی وەك شه‌رقدا، جگەلە سه‌نگافوره، به‌رازیل و ئیسرائیل و یه‌كدوو وڵاتی تر، باقیەکەی لە مۆدێل و فۆرمی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تدا سەریان دەر‌هێنا. پرسیارەکە ئەوەیە کەبۆ ئه‌م وڵاتانه به‌شێوه‌ی ئیقتیسادی بازاڕ شکڵیان نەگرت؟ ئەمە بۆئەوە دەگەڕێتەوە کەدابەشبونی بلۆکە ئابوری و سیاسیەکان و ڕێکەوتنی نێوانیان لەچوارچێوەی تەوازنێکی جیهانی ئەوکاتەدا رێگر بوو، واتە سه‌رمایه‌داری جیهانی رێی‌نه‌دا كه‌ئه‌م وڵاتانه رێگای سەرمایەداری بازاڕ بگرنەبەر و هەربۆیە کەوتنەژێر کاریگەری ئه‌لگۆی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیەوە، کە سەرچاوەکەی یەکێتیی سۆڤیه‌ت بوو. ئەم دۆخەش رێگای دا تا ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنی ناسیۆنالیستی له‌عێراق و له وڵاتانی تر دروستبێ و ئیقتیسادی ده‌وڵه‌تی حوكم كات و سه‌رخانه‌كه‌ی شكڵی ده‌وڵه‌تێك بێ كە بریتی بوو لە ئیستبدادی بێپەردە. به‌ڵام ئێستا به‌دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه و بەتایبەتی له‌دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کەزیاتر لە نیو سه‌ده تێپەڕبووە هەم تەوازناتی دەورانی دووقوتبی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، هەم مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتیش کارامەیی خۆی لەدەستداوە. ئەمڕۆ بەڕۆشنی ئەوە دەبینین کە چینی كرێكار هەم چەندایەتی و هەم چۆنایەتی پەرەی سەندووە، شاره‌كان گه‌وره بوونەتەوە، ئیعترازێکی كۆمه‌ڵایه‌تی بەردەوام لەئارادایە. تەنانەت زەمینەیەکی واقعی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی دونیای عه‌ره‌ب پێکهێنا. لەئێستادا نەك هەر ئەم مۆدێلە لەسەرمایەداری دەوڵەتی و جۆری حکومەتەکانی فەشه‌لی هێناوە، هاوکات نیولیبرالیزم ئه‌لگۆیه‌كی تری نیه بۆ سازدانەوەی ئابووری و سیاسەت لەم وڵاتانەدا. یه‌كه‌م محاوه‌له‌ی ئه‌مریكا له‌دوای ڕوخانی حكومه‌تی به‌عس بە هێنانە سەرکاری شێوه‌یه‌ك لەسیستەم و حکومەت، كە لە کۆکردنەوەی دەستەجاتی ئاینی و ئیتنیکی و بەناوی پلورالیزمی سیاسی و حکومەتی دیموکراتیەوە خۆی دەرخست و گوایه ئەم مۆدێلە ئه‌توانێ ئارامی سیاسی له‌به‌رده‌م سه‌رمایه‌ی جیهانی و ناوخۆییدا زامن بکا و دواتر كێشه‌ی ئیقتیسادیش له‌ژێر په‌رده‌ی دووبارە سازدانەوەی ئابوری‌دا (ڕیبیڵدینrebuilding/) چارەسەر بکات. بەڵام عێراق و كوردستان وەك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جه‌نگ گرت‌و، کەهه‌موو ژێرخانی ئابووری و هه‌موو شتێ تیا هه‌ڵوه‌شاوەته‌وه، خودی ئەم محاوەلەیەی بەڕۆژی ئێستا گەیاند. خودی نیولیبرالیزمیش قه‌یرانه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌فۆرمێكی نیه لەبارەی ئەوەوە کە ئایا ئه‌م وڵاتانه لەجۆری عێراق و کوردستان، به‌شێوه‌ی ئیقتیسادی بازاڕ یا به‌شێوه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی سازدەداتەوە؟ وە یا چ فۆرمێكی ئیقتسادی و چ نه‌وعه حكومه‌تێك داده‌مه‌زرێنێ كه بتوانێ موناسه‌به‌ی كار و سه‌رمایه بۆ دەورانێکی ماوەدرێژی تر لەقاڵب بداتەوە.
به‌ڕای من كوردستان ناتوانێ مۆدێلی ئیقتیسادی سه‌رمایەداری بازاڕ بێت، چونکە لەلایەك دابەشبوونە ئیقتسادییەکانی سەرمایەداری جیهانی ڕێگای پێنادا مەگەر زەرورەتی تەواجدی هێزی کاری هەرزان لەم وڵاتەدا هەڵوەشێتەوە، کە تەواوی ئیقتسادی سەرمایەداری لەسەر راوەستاوە. لەلایەکی ترەوە جه‌وهه‌ری ئه‌سڵی فۆرمی ئیقتیسادی بازاڕ له‌سه‌ر ئه‌ساسی ته‌عه‌دودی سه‌رمایه و جیابوونه‌وەی بەشەکانی سه‌رمایه‌ی سه‌ناعی، سه‌رمایه‌ی مالی، سه‌رمایه‌ی بانكی، تیجاری، لەیەکتر و لەپرۆسەی کەڵەکەو پەرەسەندنی بەرهەمهێناندا بەوجود بێت و بوارێکی ئەوتۆ بۆ دەخالەتی دەوڵەت لەکاروباری ئیقتساددا نەهێڵنەوە و بتوانن کاراکتەری سیاسی و نوێنەرایەتی لەحکومەت و نیزامدا بەدەست بهێنن. له ئه‌وروپا ئەمریکا ئه‌م واقعیەتە روویداوە و به‌شە جیاجیاکانی سەرمایە بەرۆشنی لێك جیابوونەتەوە و له‌ده‌وڵه‌ت و نیزامی سیاسی‌دا، لەدانان و بەڕێوەبردنی قانوندا، حوریه‌تی ته‌سه‌ڕوف و ڕۆڵیان هەیە. لەکوردستان ناتوانرێ ئەمە بەدەست بێت، هەروەك وتم ڕێگە پێدراو نیە لەلایەن ئیقتسادی جیهانی و ئیمپریالیستیەوە. هەربۆیە وەك وڵاتێکی ژێردەستەی ئیقتسادی ئیمپریالیستی و ناوچەیەك بۆ ڕاکێشانی سەرمایە دەمێنێتەتەوە و دەسەڵات و ده‌وڵه‌ت خۆی وەك سەرمایەدار و بازرگانی یه‌كه‌م ڕۆڵدەگێڕێ، خۆی كلیلی بانكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و سیسته‌می پارە و بانكی ئەگێڕێ. تەنانەت خۆی بەتەنها قانونه‌كان دەردەکا و دەیانگۆڕێ.
بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ باسی ئەوەی کەدەوری نەوت و دابەزینی سعرەکەی چیە لە ئیقتسادی وڵاتانێکی وەك کوردستاندا، ئەوا دەبێ باسێك لەوە بکەین کەسەرمایە چۆن کاردەکات. وتمان ئیقتسادی کوردستان پشتی بەستووە بە ناردنەدەرەوەی نەوت و گاز و مەوادی ژێرزەمینی و دوای ساغکردنەوەیان لەبازاڕی جیهانیدا سەرمایە سەرەوژێر دەبێتەوە بۆ ناوخۆی کوردستان و لەدەستی کەمایەتیەکدا کەدەسەڵاتیان بەدەستەوەیە کۆدەبێتەوە. بۆ بەرهەمهێنانی ئەم دۆخە بەشی بنەڕەتی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەشێوەی سەرمایەی بەرهەمهێندا ئاراستە دەبێت بۆ ئامادەکردنی پێداویستیەکانی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و ئەم مادانە. واتە سەرفی ئامرازەکان و هۆیەکانی بەرهەمهێنا‌ن و هێزی کاری هەرزانی کرێکاران دەبێ لەناوخۆدا. دوای ناردنەدەرەوە و ساغبوونەوەی ئەم مەوادانە و سەرەوژێربوونەوەی داهاتەکەی وەك بەشێکی سەرەکی لە دەخلی قەومیدا لەدەستی هەیئەی دەسەڵاتدارادا کۆدەبێتەوە و پاشان دابەش دەبێ بەدوو کەرتی سەرەکیەوە کەیەکەمیان دووبارە ئاراستەدەکرێتەوە بۆ بواری بەرهەمهێنانەوەی نەوت و مەوادەکانی تر و بەشەکەی تریان بۆ بەرهەمهێنانی خزمەتگوزارییەکان مەسروفاتی دەسەڵات و سوپا و…هیتر هەرلەم بەشە ڕێژەیەکی ئاراستە دەبێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەی بچوک و مامناوەند و بەرهەمهێنانی کاڵای تەکمیلی لە بازاڕی ناوخۆدا. دابەشکردنی ئیقتساد بەسەر کەرتی گشتی و تایبەتیدا خۆی بواردەکاتەوە بۆ جوڵەی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا ئەهلیەکان تا سەرمایەگوزاری بکەن لەناوخۆدا. ئەم کردەیە ورد دەبێتەوە و تائاستی بچوکترین ئەڵقەکانی ئیقتساد دەڕوا. بەڵام لەهەموو ئەم پرۆسە و دابەشبوونەوەی سەرمایەدا، ئەوە دەسەڵاتە کەتەحەکوم بەئیقتسادەوە دەکا و تەنانەت لەڕێگای قانونەکانەوە کۆنترۆڵی تەواوی بزاوتی بەشەکانی سەرمایەی خسوسی لەبوارەکانی بازرگانی و بەرهەمهێنانی بچوك و بانکەکان و مامەڵەکردن بەزەوی و ئاو و ئیمکاناتە سروشتیەکانی ترەوە.
بەڵام لە رەوتێکی ئاوای ئیقتسادیدا دابەزینی سعری نەوت چۆن کاریگەری خۆی بەجێ دێڵێ؟ کێشەکە قانونی عەرزوتەڵەب نیە بەتەنها چونکە لەپشت ئەم قانونەوە قانونێکی تری ئیقتسادی کاری خۆی دەکات، ئەویش ئیشباع بوونی سەرمایەیە (واتە تێربوونی سەرمایە). لێره‌دا زۆر به‌كورتی ئه‌مه‌وێ باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌روانگه‌ی ماركسه‌وه بكه‌م كه كۆمه‌ك به باسه‌كه ئه‌كات. لەبارەی ئیشباع (تێربوون)ی سەرمایەوە مارکس ئاماژە بۆ سێ شکڵ دەکات:
یەکەم: ئیشباعی كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌یه له‌شكڵی كاڵای مه‌سره‌فیدا، کەمەبەست لێی کەڵەکەبوونی بەرهەم و کاڵایەکی زۆر کەتوانای ساغکردنەوەیان نیە لەبازاڕی ناوخۆدا و پێویستی فراوانکردنەوەی بازاڕەکانی سەرمایەداری هەیە لەلایەن دەوڵەت و چینی بۆرژوازیەوە.. مارکس لەتەحلیلی دەورانی مونافەسەی ئازاد‌دا باسی شەڕ و جەنگەکانی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و پرتوگال دەکات کەچۆن دەست دەبەن بۆ سیاسەتی جەنگ و داگیرکاری وڵاتانی‌تر و بەدەستەوەگرتنی وەک رێگایەك بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆساغ کردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکان.
دووەم: ئیشباعی کەڵەکەی سەرمایە لەشکڵی بەرهەمهێنانی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنا‌ن و تەکنۆلۆژیادا (سەرمایەی سابت) بەڕادەیەك کەبەهای خۆیان لەدەست دەدەن و هەم توانای وەگەڕخستنیان نامێنێ بەرادەیەك کەڕێژه‌ی بەرزی قازانج و زێدەبایی لەپرۆسەی بەرهەمهێناندا زامن بکەن. گوێزانەوەی سەرمایەداری و پەرەدان بە پەیوەندیەکانی سەرمایە لە وڵاتانی دواکەوتو رێگایەکە بۆ هەڵگرتنی ئەم حاڵەتە.
سێهەم: کەڵەکەی سەرمایە لەشکڵی سەرمایەی مالیدا، کەمەبەست لێی زیادبوون و چونەسەرەوەی ئاستی دراوە لەڕێگای جیابوونەوەیەوە لەبوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و عەقارات و کەڵەکەبوونی لەبانکەکاندا و پاشان دەرکەوتنەوەی وەك سەرمایەیەکی ڕەمزی. لێره‌وه ئه‌توانین بڵێین بەتایبەتی کەنەوت خۆراك و پۆشاك نیە کەبەهای مەسرەفی شەخسی هەبێ، بەڵکو وەك ئینێرژیەك ئاڕاستەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنا‌ن و تەکنۆلۆژیا و هۆیەکانی گواستنەوە کەبەگشتی بەشێکن لەسەرمایەی سابت. کاتێك کە وڵاتانی پیشەسازی مۆنۆپۆڵ بەئەوجی پەرەسەندنی خۆی لەگەشەی سەرمایەی سابت و بەشە پێکهێنەرەکانی گەیشتبێ ئیتر ئیشباع دەبێ و پێویستی نامێنی، وەیا کەمدەبێتەوە لەبەکارهێنانی نەوتدا وەك ئینێرژیەك و ڕووهێنان بۆ کڕینی نەوت و ئینێرژی کەم دەبێتەوە. ئەم حاڵەتەش بەمونافەسەی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەبێتە کێشە کەدواتر کاریگەری لەسەر قەوارەی ئە‌و سەرمایەیە جێدێڵی کەلەدوای فرۆشی نەوتەوە سەروژێردەبێتەوە بۆ بازاڕی ناوخۆ. بەڕای من ئەمە جەوهەر و واقعیەتی مەسەلەکەیە.
جه‌مال موحسن: یانی هاوكێشه‌یه‌كی ئابووریە کەله پشتی دابەزینی سعری نەوتەوە کاری خۆی دەکات؟
خه‌سره‌و سایه: ده‌قیقه‌ن مه‌به‌ستی من هەرئەوەیە. لە دواوتەمدا تەئکیدکردن لەخاڵیکی تر بەزەرور دەزانم. بەتایبەتی کاتێك ده‌ڵێن کێشەکە بونیادی و ساختاریه، مەسەلەکە هەر ئەوە نیە کەئیقتیسادی كوردستان جۆری سه‌رمایه‌داریەکی چاوەڕوانە بۆ ئیدغام بوونەوەی بەسەرمایەداری جیهانی و ناوچەکەوە کەدەبێ فرسەتی بۆ هەڵخڕێنرێت، بەڵکو کێشەش لەهەلومەرجە زه‌ینیه‌كه‌یدا، واتە بوونی ده‌وڵه‌ت و دەسەڵاتێکی گونجاو بۆ سەرمایەداری لەئارادایە. خۆتان دەزانن جارێ كوردستان ده‌وڵه‌ت نیه، ئەمە کۆسپێکە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ئیقتساد و سیاسەت لەکوردستاندا. لەئارادابوونی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیایی و سیستەمێکی کارگێڕی و قانونی دواکەوتوو هەم لەنەزەر سەرمایەداران و هەم لەڕوانگەی زۆرینەی خەڵکەوە وەڵامدەرەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و ژیانی هاوڵاتیان نیە. نەوت کەسەرچاوەی سەرەکی ئیقتساد و داهاتی کوردستانە خۆی کاڵایەکی جیهانیە. بەرهەمهێنا‌ن و ناردنەدەرەوەی دەبێ ڕێگەپێدراوبێت بەپێی قانونە جیهانیەکان. واتە دەبێ حه‌قی حاكمیه‌ت لەکوردستان لەئاست جیهاندا قانونی و ڕێگە پێداروبێت. ئەمەوێ بڵێم تەبیعەتی دەسەڵاتی ئێستای بۆرژوازی کورد بەوحاڵەوە کەهەیەتی رێگرە لەبەردەم ئیقتساد و سیاسەت و هەر پێشڕەوییەکی کۆمەڵایەتیدا. چونکە سەرمایەداری خۆی دەوڵەت وەك بەشێکی سەرەکی لەسەرخانی کۆمەڵایەتی گونجاو بەخۆی دەخوازێ. بەڵام سیسته‌مێکی سیاسی کە له كوردستاندا حاکمە وەڵامدەرەوە نیە، نە بەژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی هاوڵاتیان، نە بە پێداویستیەکانی چینی سەرمایەدار و خاوەنکارەکان و ناتوانێ دەسەڵات و سیستەمێکی بێقەیران بێ.
كاریگه‌ری شه‌رایتی ئه‌م ئه‌وزاعه‌ی كه‌ئێستا له‌ناوچەکەدا سەریهەڵداوە، لەسەر دۆخی سیاسی و ئیقتسادی کوردستان فاکتۆرێکی ترە کەناکرێ نادیدە بگیرێ. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای روخانی بلۆكی شه‌رق بۆ ئه‌مریكا میحوه‌رێك بوو بۆ ته‌سفیه‌ی حساب لەگەڵ دەوڵەتانی ئیمپریالیستی تردا و دەیویست بەجۆرێك سازی بداتەوە کەخۆی تاکە هێزی باڵادەست بێ و خۆی سیستەمێکی ئەمنی و ئیقتسادی بەناوی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە” پاشکۆ بەسیاسەتەکانی تیا جێبخات. بەڵام ئه‌م پرۆژه‌یه شكستی خواردووه، ئه‌مریكا ئه‌بێ موناسه‌باتی سیاسی و ئیقتیسادی له رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ته‌عریف بكاته‌وه و سیسته‌مێکی ئه‌منیه‌تی/دەوڵەتی و ئیقتسادی دامەزرێنێ و ئه‌و مه‌لزوماتانه جێبخا كه بتوانێ مه‌قبولیه‌ت نه‌ك هه‌ر له‌ئاستی به‌شه‌كانی بۆرژوازی و ده‌وڵه‌تان له مه‌نتیقه‌کەدا بەدەست بهێنێ، بەڵکو له‌ئاست خه‌ڵكی کرێکار و زەحمەتکێش و نارازی ناوچەکەشدا رەزامەندی بەوجود بهێنێ. نه‌بوونی ئه‌م ئه‌ڵته‌رناتیڤه لای ئه‌مریكا و لەسیاسەتی نیولیبرالیزمدا (یانی ئه‌وه‌ی كە موئه‌یه‌د باسی ئه‌كا) وایكردووه كه قه‌یرانه‌كه تابێ قووڵبێته‌وه‌و شۆڕبێته‌وه بۆ هەموو جومگەکانی تر. كوردستان هەم سیاسی و هەم ئیقتسادی له‌حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانیدایه، سه‌رمایه و دەسەڵاتی بۆرژوازیش یا ئه‌بێ بچێ بۆ پێشه‌وه و پەرەبسێنێ و بەردەوام خۆی سازداتەوە، یا وردەوردە دەکەوێتە قۆناغی داتەپینەوە و سەرەنجام ناتوانێ لەچاوەڕوانیدا خۆی ڕاگرێ.
موئەیەد ئه‌حمه‌د: لەدرێژەی ئەم قسانەدا، هەندێ شت روون بکەمەوە. پێش ئەوەی بچمەناو ناوەرۆکی باسەکەوە، یەکەم، ئێمە باسمان لەسەر ئەوە نیە، کە ئەمڕۆ سەرمایەی ئیمپریالیستی زاڵە بەسەر بزووتنەوەی سەرمایەی جیهانیدا. ئەمە باسێکە کاتی خۆی مەنسور حیکمەت هێناوێتی. لەوانە پەیوەندی سەرمایەی ئیمپریالیستی بە سەرمایەی محەلی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا و بەرهەمهێنانی سوودی زیادە، لەڕێگەی وەبەرهینانی (استثمار) هێزی کاری هەرزانەوە. وە چۆن ئەمانە لەپەیوەند بە زەرورەتی سەرمایەی ئیمپریالیستییەوە لەکاردایە. بەهەرحال سەرمایە ئەمڕۆ جیهانییە و بەحس لەسەر ئەمە نیە. ئەمە کۆتایی پێهاتووە. تەنانەت لە سەردەمی ئیمپریالیەتەوە سەرمایە چۆتە قۆناغیکەوە هیچ جۆرە پێشکەوتنخوازییەکی نیە نە سیاسی و نە فکری .. و دەبێت بڕوات. نیزامێکە ئەساسی مانەوەی نەماوە. سەرمایەداری مۆنۆپۆلی و زاڵبوونی سەرمایەی مالیەیە، و روخاندنی بۆتە زەروورەەتێکی میژوویی و بەدیلی سۆسیالیستی دەبێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمە ئە‌و مەسەلە گشتییانەیە کە لینین باسی کردووە. ئەمە مونتەڵەقی قسەی ئێمەیە و من قسەم لەسەر ئەمانە نیە.
دەچمەناو باسێکی ئەساسیەوە، هەر خودی هەناردنی سەرمایە خۆی تەعبیر بووە لەوەی کە تێکڕای سوود بەرەو دابەزین چووە، یانی تەرکیبی ئۆرگانیکی سەرمایە گەیشتۆتە ئاستێك، کە سەرمایە لە وڵاتی خۆیدا لە شوێنی خۆیدا بەو تەرکیبەیەوە، بەو ئاستە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجی، ناتوانێت سوودێ بەرهەم بهێنێ کە مولائم بێت بۆی و لە پرۆ‌سەی ئیعادەی ئینتاجی سەرمایەدا، سوودی گونجاو بەرهەم بێنیتەوە. هەر لەبەر ئەمە هەناردنی سەرمایە هاتۆتە ئاراوە. دواتر لە ناوەراستی ١٩٢٠ وە هەموو قەڕنی بیست تاکو ساڵەکانی حەفتای ئە‌و سەدەیە، واتە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە روسیا، و لەسەر بنەمای شکستی تەجروبەی یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشی سۆسیالیستی لەوێ، مۆدێلێکی ئابووری هاتەدەرەوە کە ناوی مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری دەوڵەتییە. مۆدێلێکی تر لەبەرانبەر مۆدێلی ئابووری “کلاسیکی” سەرمایە، واتە لە بەرانبەر مۆدێلێکی تری ئابووری کە هەبووە. تەنانەت لە ئەوروپای غەربی، “ئیسلاحاتیان کرد” و ئەم مۆدێلەیان بەکارهێنا. دواتر لە ساڵەکانی حەفتادا، ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی بۆ جارێکی تر هاتەوە ئاراوە، ئەزمەی سەرمایەی ئیمپریالیستی جیهانی. دیارە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە سەرمایەداری چۆتە قۆناغی سەرمایەداری ئیمپریالیستییەوە. سەرمایەی زاڵ لە جیهاندا، سەرمایەی ئیمپریالیستییە، سەرمایەی ئیحتیکارییە. ئەمانە مەسەلەیەکی ئەساسین لە تەعریف و تێگەشتن لە خودی فەنکشن و کارکردنی سەرمایە لەهەر وڵاتێك و لەهەر شوێنێکدا.
لە ساڵەکانی حەفتادا ئەزمەی سەرمایە لە رۆژئاوادا سەریهەڵدایەوە پاش دەورەیەك لە گەشە و رەونەقی ئابووری، بەرهەمهێنانی سەرمایە توشی ئەزمە بوو چونکە موعەدەلی سوود هاتبووە خوارەوە. ناچار بوون ئەمجارە پەنا بەرنە بەرئەوەی کە بە ئیتجاهی فاینانس و موزاڕەبە و زیادکردنی ربحی سەرمایە بەشێوەی جۆراوجۆر کاربکەن و دەورەیەکیان دروستکردووە، کە لێرەدا ناتوانم بچمە ناو وردەکارییەکەیەوە. دەورەیەك کە مۆدیلی نیولیبرالیزمی ئابووری زاڵ دەبیت. بەس ئەم دەورەیە دەورەی نیولیبرالیزمی ئابووری تەقلیدی کۆن نیە، نیولیبریالیزمی ئیمپریالیستییە. ئەمە جەوهەری بابەتەکەیە. یانی گەڕانەوەی نیە بۆ سەرمایەداری مونافەسەی ئازادی کۆن. ئەم رەوەندە هات گڵۆبەڵایزەیشنی دروست کرد. گڵۆبەڵایزەیشن و فاینەنشەلایزایشنی جیهان، بەشێکن لەیەك. بەحسەکە ئەوەیە، کە پاش ئەوەی معەدەلی ربح چۆتە دواوە، حەرەکەتی سەرمایە پێویستی بەوە هەبووە، کە ئەم فاینەنشال کردن و گڵۆبەڵایزەیشنە بێنیتە ئاراوە و ئێستا جیهان لە هەمووکات زیاتر پێکەوە بەستراوە و سەرمایە لە هەموو شوێنێکدا، پەیوەستە بە یەك. هەمووشتێ لەژێر تەئسیری ئەم سەرمایە مالیە جیهانیە و موزارەباتەکانیدایە. بەجارێك ئەتوانێت وڵاتان کاول بکات. وڵات ئیفلاسی کردووە، بۆنموونە ئایسلاند لە دەروونی ئەزمەی ٢٠٠٨ یا وەکو ئەوانەی کە لە دەورەی پێشوودا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە جنوبی شەرقی ئاسیا و لە وڵاتانی تردا روویدا. قەیرانی سەرمایە لە دەوراتی جیاوازدا کارەکتەری تایبەتی وەردەگرێ و خۆی عەکس دەکاتەوە. بە هەرحاڵ بەحسەکەی ئێمە ئەمانە نیە و ئەمانە وەکو شتی مەفروز، کە هەموومان ئیتلاعمان هەیە لەسەری و ئەزانین باسم کردن.
باسێك هەیە لەنێو بەشێك لە ئابووریزاناندا، کە گوایە پێشکەوتنی تەکنەلۆجی گڵۆبەڵایزەیشن و فاینەنشەلایزەیشن و ئەوەی کە جیهان هەمووی رەبت بووە بەیەکەوە، هەلومەرجێکی دروستکردووە، کە جارێکی‌تر وەك بڵێین بەوشێوەیە سەرمایە خۆی لە ئەزمەکەی حەفتاکان دەرباز کردووە. هەڵبەت دەربازبوونیش نیە، چونکە ئە‌و ئەزمەیە بە شکڵی تر هاتۆتەوە ئاراوە، بەڵام شکڵێك بووە لە دەرچوون لەو ئەزمەیەی کە سەرمایەی جیهانی و موعەدەلی ربح نەیتوانیوە بڕواتە پێشەوە. بەهەرحاڵ، لەساڵەکانی هەشتاوە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیولیبرالیزم بۆتە مۆدێلێکی ئابووری، ئیتر پێچانەوەی سەرمایەداری دەوڵەتی دەستی پێ‌کرد تەنانەت رژێمێکی وەکو بەعس لەناوەڕاستی ساڵەکانی هەشتاکاندا دەستیکرد بە هێرشکردن بۆسەر سەرمایەداری دەوڵەتی. بۆنموونە نەقابەکانی لابرد، مەسەلەی پرایڤەتایزەکردنی معاملەکانی کردە بابەتێك لەعێراقدا. واتە ئەم پرۆ‌سەی “تەبەنی” پەیڕەوکردنی ئابووری نیولیبریالیزمە، کە لە پەیوەند بە مەسەلەکان و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی جیهانییەوە هاتۆتە ئاراوە، بوونەتە بەشێك لە واقعیەتی ئابووری سەرمایە و سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆدا. لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەوە، ئەقتابی ئابووری زۆر گەورە دروستبووە لەجیهاندا وەك چین و روسیا و هند و بەرازیل و ئەفریقیای جنوبی. تەنانەت سەرمایەی خەلیجی هێزێکی ئابووری گەوەرەیە و تەحەکوم بە ملیارەها دۆلارەوە دەکات.
کارکردی ئەم مەسەلەیە لە خودی کوردستان و عێراقدا چۆنە؟ یەکێك لە باسەکان ئەوەیە، ئەزمەیەك لە ناوچەکەدایە، سەرمایە توشی قەیران بووە، ئیسلامیزم هێزێکە کە ئەسڵەن وەکو هێزی سیاسی رووبەڕوونابێتەوە بەتەنها، بەڵکو وەك هێزێکی بۆرژوازی پارێزەری سەرمایە لە بەرامبەردایە. لەناو ئەزمەیەکی سیاسی کە لەئارادایە بەڵام سەرمایە رۆشتووە و کاری خۆی ئەکات و ئەمانە پارێزگاری لە سەرمایە ئەکەن. ئەگەر ئەمانە نەبن، وەك ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و ئەم بەدیلە کۆنەپەرست و تەنانەت دیکتاتۆریانە، خودی سەرمایە ناتوانێت کارا بێت و فەنکشن بکات. حەرەکەتی سەرمایە تەنها یەکسان نیە بە تەراکومی سەروەت و سامان، بەڵکو داسەپاندنی هەژاری و خۆسەپاندن بەسەر چینەکەی تردا بەشی جیانەکراوەی ئەم حەرەکەتەیە. وەك ئاماژەمان پێدا، سەرمایە خۆی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیە، باسەکە هەر ئەوە نیە، کە یەکجار بێیت و باسی بکەیت کە چۆن هەژاری فەرز بووە بەسەر تەبەقەی کرێكاردا، چونکە ئەمە بەشێکە لە تەعریفی ئە‌و پەیوەندیە و هەردەم و سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەمە مەسەلەیەکی سەرەکیە. بە هەمان شێوە، وەزعی سیاسی ئەگەر هەر کێشەیەکی هەبێت، بەڵام کاروباری سەرمایە رۆشتووە.
لە کوردستانی عێراقیشدا، ناسیۆنالیزمی کورد و ئەحزابی میلیشیایی، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئیدارەیەکی دواکەوتوویان هەیە، و سیاسەتێکی ئابووری بۆرژوازی نەخشەکێشراویان نیە، تەنانەت گەندەڵن و ئابوورییان هیچی بەسەر هیچەوە نیە …هتد. بەڵام لە دوالێکدانەوەدا، ئەمانە هێزی کرێکاریان سەرکوت کردووە. واتە قوتبی موقابلی سەرمایە کە هێزی کارە، ئەمان رایانگرتووە و رێگە نادەن جوڵە بکات و رێگە نادەن ئەم سیستەمە بگۆڕێت.
لێرەدا دێمەوە سەر ئە‌و خاڵەی لە سەرەتادا باسم کرد. کاتێك کە ئێمە باس لە قەیرانی سەرمایە ئەکەین لەم وڵاتەدا بەخۆی و نیزامەکەیەوە، وەکو تەرکیبەیەك باسی ئەکەین، تەرکیبەیەکی ئابووری و ئیجتیماعی و سیاسی، وەك واقعیەتێك کە پەیوەندی سەرمایە خۆی ئەزمەی تێدایە لەم ناوچەیەدا. تەنانەت فەرزکردنی هێزی کاری هەرزان بەسەر پرۆ‌سەی بەرهەمهێنا‌ن و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا، بەشێکە لە تەئەزوم، سەرمایە ئەبێ وا کاربکات تا جێگەی بێتەوە لە سەرمایەی جیهانیدا، بەڵام لەهەر خاڵێکدا ترسی هەیە ببێتە ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی و فەراغێك دروست ببێت. بەهەر پلەیەك لە پەرەسەندنی سیاسی کۆمەڵگا، یەکسەر خودی ئینتاج و ئیعادەی ئینتاجی سەرمایەش توشی قەیران دەبێت. لەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆرییەت بەسەریدا فەرز بووبێت، وکاتێك دیکتاتۆریەت نامێنێت و فەراغێك دروست ئەبێت، ئەگەر چینی کرێکار بتوانێت لەو فەزایەدا هێزی خۆی رێکبخات ئەوا یەکسەر بەرهەمهێنا‌ن توشی تەئەزوم ئەبێت، پەیوەندی سەرمایە توشی تەئەزوم ئەبێت. واتە ئینتاجی سەرمایە و ئیعادەی ئینتاجی سەرمایە توشی تەئەزوم ئەبێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوخاڵەی پەیوەندی بە مەسەلەی کوردستانەوە هەیە: لە ٢٠٠٣ەوە، چی هات؟ نیولیبرالیزمێکی ئابوورییان هێناوە، مۆدێلێك بەم ئابوورییەوە کە ئەیبینن. ئەم ئەزمەیەی لە کوردستاندا هەیە، ئەساسی ئابوورییەکەی، هاوڕێیان لەسەر بەشێکی دوان، کە چۆن ئەم ئەحزابانە دەوریان هەیە و ئە‌و سەروەتەی کە هی تەواوی کۆمەڵگایە، بەئاسایی قۆرخ ئەکەن و بەجۆرێك بەکاری ئەهێنن و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تەسەروف بکات بە سەروەتی گشتیەوە. ئەوە بەجێگەی خۆی کە لەکوێوە ئەم دەسەڵاتەی هێناوه، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە تەحەکوم دەکات بەسەر سەروەتی کۆمەڵایەتی. سەروەت لە کۆمەڵگەی بەشەریدا هەر تەنها هێزی کار نیە، مارکس زۆر بە ڕاشکاوی لە “نەقدی بەرنامەی گۆتا”دا باسی ئەمە دەکات و نەقدی ئەوە دەکات، کە سەرمایە چۆن هاتووه “هەلومەرجی کار”، وەك “بەهای بەکارهێنان” و سەروەتی کۆمەڵگا، قۆرخ دەکات، هێزی کاری لێ دوور خستۆتەوە، دانیشتوانانی لێ دوور خستۆتەوە و هاتووە لە هەمانکاتدا بەنەزمی سەرمایەداری ئیستسماری هێزی کار ئەکات و کرێکار ئەچەوسێنێتەوە و “زێدەبایی” قۆرغ ئەکات. هەروەك ئەبینین لە کوردستان موڵك و شاخ و داخ و بەردەکەت بۆ ئەکات بە مەوادی خاوی پرۆ‌سەی ئینتاج و لە پەیوەند بە ئیستسماری هێزی کارەوە ئەبێت بە چیمەنتۆ و ربح پەیدا ئەکات. سەرنج بدەین، تەنانەت فەزا بەکار دەهێنێت، کە فەزای وڵاتەکەیە، بۆ کۆمیونیکەیشن و داتا نەقڵ کردن بۆئەوەی ربح بەرهەم بهێنرێت. مەبەستم ئەوەیە کە سەروەتی ماددی پەیوەندی هەیە بە کۆمەڵگاوە ئەمان قۆرخی دەکەن و بەکاری دەهێنن.
من بگەڕێمەوە بۆ ئەسڵی بابەتەکە، لەسەرەتادا من باسم کرد، وتم ئەزمەی سەرمایەیە لە کوردستاندا. واتە پەیوەندییەکە کێشەی هەیە. ئەمە هەیکەلەکەیەتی و ئەم هەیکەلە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە، یەك تەرکیبەیە. ئەوەی بۆمن زۆر گرنگە، بەدیلەکەیە. ئەگەر یەکێك بە جددی بیەوێت خەڵك نەجاتی بێت لەم وەزعە، لە رێگەی روخاندنی سەرمایەوە ئەمە ئەکرێت، نەك لە رێگەی ئیسڵاح کردنی ئەم لایەن و ئە‌و لایەنی وەزعەکە. یان تەنانەت لەسەر ئاستی سیاسەت کۆمەڵێك ئیسڵاحات بکەیت، یان لەسەر بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد تۆزێك ئیسڵاح بکەیت. بزووتنەوەکان هەن، عوسمان قسەیەکی جوانی کرد، کە بۆچی ناسیۆنالیزم هەیە و دروست دەبێتەوە؟ یان ئیسلامیزم؟ ئەم بزووتنەوە سیاسیانەن کە تەحەکوم ئەکەن بە وەزعەکەوە و ئەمانە ئینتاج دەبنەوە لەبەرئەوەی ئەم پەیوەندییە بەم شێوەیە رائەگرن، خۆ لە هەوادا ئینتاج نەبوونەتەوە. خۆشیان هەردەم ئە‌و وەزعە لەقاڵب ئەدەنەوە.
من ئە‌ڵێم، جەوهەری رەخنەی رادیکاڵی ئێمە بەرامبەر بەم ئەوزاعە ئەوەیە، کە وەکو تەرکیبەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی توشی تەئەزوم بووە و لەگەڵ ئەم تەئەزومەدا خودی ناسیۆنالیزمیشی وەلاخستووە. ئەگەر ئێمە بەهێزبین، مارکسیزم و خەتی چەپی مارکسیستی و نوێنەری کرێکار بەهێز بێت، ئەتوانێت هەرچی بزووتنەوەی رەجعیترە لە ئیسلامیزم و ئەوانی تریش وەلاخات و دەرگا بکاتەوە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی-چینایەتی، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت سەر و شکڵێکی تر بدات بە کۆمەڵگەی کوردستان.
ئاخر قسەم ئەوەیە، کە دەور و کاریگەری دەوڵەتانی ئیقلیمی و سەرمایەی ئیقلیمی، زۆر رۆشنە. هەم سەرمایەی ناوچەیی، واتە سەرمایەی خەلیجی و ئێرانی و تورکیایی …هتد، لەپەیوەند بە سەرمایەی ئیمپریالیستیەوە دەورو کاریگەرییان هەیە لەسەر حەرەکەتی پەیوەندی سەرمایە بە شێوە موشەخەسەکانی لە کوردستاندا. جەوهەری باسەکە ئەوەیە، کە ئەم ئەزمەیەی کە لەئارادایە بەشێکە لە ئەزمەی خودی سەرمایە لە عێراقدا، خودی سەرمایە لە کوردستاندا و لە پەیوەندە جیهانییەکەیدا.
موحسن کەریم: سەبارەت بەوەی کە قەیرانی ئابووری کوردستان قەیرانی خودی سیستەمی سەرمایەداریە قسە کرا، باسی ئەوە کرا کە لەپشتی یاسای خستنەڕوو وە داواکاری (عەرز و تەڵەب)ەوە مەسائیلی دیکەش هەیە. بەبڕوای من یەك مەسەلە گرنگە لەبەرچاوی بگرین کاتێك باس لە مەسەلەی خستنەڕوو وە داواکاری لەسەر کاڵاکان دەکەین، ئەوەیە کە وەکو بابەتێکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی بکەین. بۆنموونە دەورانی گەڕاندنەوەی سەرمایە، گەڕانەوە لەکاڵاوە بۆ پارەو دووبارە چوونی بۆ ناو وەبەرهێنان وەکو سەرمایە، ئەمە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و لەئاستی کۆمەڵگادا روودەدات. بۆنموونە لینین باسی ئەم پەیوەندییە دەکات و روونی دەکاتەوە. لینین دەڵێت بەشێك لە سەرمایە دەچێت بۆ کڕینی ئامێری نوێ و فراوانکردنەوەی بەرهەمهێنا‌ن. بەشێکی دەچێت بۆ کڕینی مەوادی بەکاربردن (ئیستهلاکی)، بەشێکی بۆ ئیستسماری هێزی کار، بەڵام لەنێوان ئەمانەدا پەیوەندی هەیە. بۆنموونە ئە‌و پارەیەی دەچێت بۆ کڕینی هێزی کار، واتە بۆ درێژەدان بە ژیانی کرێکار و خێزانەکەی، دەیداتەوە بەو سەرمایەدارەی کەرەستەکانی بەڕێچوونی ژیان وەکو خۆراك و جلوبەرگ و ئەوشتانە بەرهەمدێنێ. بێگومان بۆرژوازیش بەهەمانشێوە کڕیاری ئەم کەرەستانەیە بۆ بەڕێچوونی ژیان، بەوجۆرە بەشێك لە سەرمایە کە لەدەستی سەرمایەداراندایە بۆ کڕینی ئە‌و کاڵایانە دەڕوات… مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە و لە پرۆسەیەکی بەوجۆرەدا سەرمایە دەتوانێت دەورانی خۆی بەئاکام بگەیەنێت. واتە ئە‌و بەشە لە سەرمایە کە دەچێت بۆ بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی بەرهەمهێنا‌ن و دەبێتە سەرمایەی نەگۆڕ، واتە فرۆشیارەکانی ئامێرەکانیش خۆیان بەکاربەرن و بەمجۆرە… بەکورتی بەشێك لە سەرمایە دەچێتەوە بۆ کڕینی ئامێرەکانی بەرهەمهێنا‌ن، بەشێکی دەچێت بۆ کڕینی کاڵای بەکاربردن کە لەمەدا کرێکار و بۆرژوازی هەردوکیان کڕیارن. کەواتە لەم پەیوەندیەدا دەتوانین حەقیقەتی خستنەڕوو وە داواکاری لەسەر کاڵا تێبگەین.
کەواتە پرۆ‌سەی خستنەڕوو وە داواکاری پرۆسەیەکی ئاڵۆز و پێچاوپێچە. کرێکار و بۆرژوازی لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لەوجۆرەدا دەبنە کڕیار و فرۆشیاری کاڵاکان، واتە لەهەمانکاتدا هەم کاڵاکانیان دەخەنەڕوو وە هەم داواکارییان لەسەر کاڵای دیکە هەیە. کەواتە کاتێك مارکس باسی ئەوە دەکات کە بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگی نێوان داواکاری و خستنەڕووی کاڵاکانەوە، پرۆ‌سەی گۆڕانی کاڵاکان بۆ سەرمایە توشی گرفت دەبێت، قەیران دەست پێدەکات، چونکە رێژەی سەرمایەی نەگۆڕ لەچاو سەرمایەی گۆڕاودا لە پرۆ‌سەی بەرهەمهێناندا زۆر لە رادەی خۆی گەورەتر دەبێت. سەرچاوەی قازانج و زێدەبایی سەرمایە، سەرمایەی گۆڕاو یاخود ئە‌و بەشەیە لە سەرمایە کە بۆ کڕینی هێزی کاری کرێکار خەرج دەکرێت. بچووکبوونەوەی سەرمایەی گۆڕاو بەبەراورد بە سەرمایەی نەگۆڕ دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەیلی تێکڕای قازانج بەرەو دابەزین بەرێت. ئەوەش بنەمای لێکدانەوەی مارکسە بۆ روونکردنەوەی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری. کەواتە قەیرانی ئابووری سیفەتێکی سروشتی و ناوخۆیی سیستەمی سەرمایەدارییە کە ناوبەناو دوبارە دەبێتەوە و وەکو مارکس دەڵێت ئەگەر چینی کرێکار لەوکاتەدا ئامادەبێت دەتوانێت قەیرانەکە بگۆڕێت بۆ شۆڕش و ئەگەریش ئامادە نەبێت ئەوا بەکارەسات بەسەر ئەودا دەشکێتەوە لەلایەن بۆرژوازیەوە.
خاڵێك بە گرنگ دەزانم باسی بکەم، ئەویش ئەوەیە کاتێك باس لە بازاڕ دەکەین، ئەوا مەبەستمان لە بازاڕێکی جیهانیە نەك کۆمەڵێك بازاڕی لۆکا‌ڵی. ئەگەر پرۆ‌سەی خستنەڕوو وەداواکاری لە چوارچێوەی ئەم بازاڕە جیهانیەدا ببینین، کە سەرمایەی جۆراوجۆر پێشبڕکێ و ململانێ دەکەن. دیارە هێزی سەرەکی لەم پێشبڕکێیەدا بەدەست سەرمایەی ئیمپریالیستیەوەیە کە خۆی لە بانکی جیهانی‌و IMF و بانکی ئەوروپی و…هتد خۆی نیشان دەدات. ئەوانە کۆنترۆڵی ئابووری جیهان و بازاڕی جیهانیان کردوە. بۆنموونە تەماشاکەن ئەگەر یەکێتی ئەوروپا قەرزی نەدایە بە یۆنان، مومکین بوو ئابووری ئەم وڵاتە کە وڵاتێکی پێشکەوتووە لەباری ئابووریەوە، توشی مایەپووچی دەهات! کەواتە لەم بازاڕە جیهانیەدا رۆشنە کە جێگەو رێگەی سەرمایەی ئیحتکاری، سەرمایەی بانکی- ئیمپریالیستی لە چ ئاستێکدایە.
بەڵام لە دابەشکردنی جیهانیی بازاڕدا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لەئێستادا ناوچەی بەرهەمهێنانی وزەیە. نازانم ئاڵوگۆڕ روودەدات یان نا و کەی و چۆن روودەدات، چونکە رۆشنە کە سەرمایەداری لە قەیرانەکاندا ئەگەر نەڕوخێت، خۆشی تازە دەکاتەوە. بۆنموونە سەرمایە لە ئەمریکاوە دەڕوات بۆ خوارووی رۆژهەڵاتی ئاسیا و چین کە هێزی کاری تێدا هەرزانە. کابرای سەرمایەداری ئەمریکی دەچێت لە چین دادەنیشێت، لەبەرئەوەی لەوێ دەوڵەت هێزی کاری هەرزانی بۆ دابین دەکات، لە ئەمریکا ئەوەی بۆ دابین نابێت و کێشەی ئەوەشی نیە کە دەوڵەتی ئەمریکا وڵاتی چین بە پیشێلکاری مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات. لەنێو ئەم دابەشبوونە جیهانییەدا و لەنێو ئە‌و بزووتنەوە جیهانییەی سەرمایەدا، سەرمایەکان دەجوڵێن و هاوکات پێشبڕکێی یەکتریش دەکەن.
ئێستا کێشمەکێش و پێشبڕکێی قوتبەکان و بەشەکانی سەرمایە لەئاستی جیهاندا، خەریکە جارێکی دیکە بازاڕی جیهان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەنەوە لەڕێگای شەڕ و ململانێی توندوتیژەوە کە بۆتەهۆی ئە‌و کارەساتانەی ئیستا رۆژانە لە ئاستی جیهان و بەتایبەتی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم دەکەین. واتە بەشەکانی سەرمایە و بۆرژوازی بەوجۆرە نیە کە بە تەنسیق کار بکەن، بەڵکو بەرژەوەندی جیاواز و ناکۆکیان هەیە و لەپرۆسەیەکی کێشمەکێشی هێنان و بردندا، پەیوەندی نێوان ئەم بەشانە دەڕواتە پێشەوە و شکڵدەگرێت. رەنگە لە یەك وڵات‌دا بەشێك لە سەرمایە بەحوکمی کۆنترۆڵی بۆ ئابووری لەو وڵاتەدا بتوانێت لە مونافەسەدا (کە دیارە لە کاتی قەیراندا کێبڕکێی نێوان بەشەکانی سەرمایە توندتر دەبێتەوە) چەند بەشی دیکەی سەرمایە هەڵلوشێت و چەندین دامەزراوەی ئابووری بکڕێتەوە، وەکو ئەوەی هەندێك لە بانکەکانی بەریتانیا کردیان و بانکی دیکەیان کڕیەوە کە مایەپووچ بووبوون! یان بانکە گەورەکان بانکە بچوکترەکانیان کڕیەوە کە توانای کێبڕکێیان نەبوو، دیارە ئەم یاسایە لەئاستی جیهانیشدا هەمان شتە. کۆمەڵێك دامەزراوەی سەرمایەداری گەورە چەندین دامەزراوەی دیکەیان کڕیەوە کە بەرگەی کێبڕکێی ئابوورییان لەدەستدابوو!
قسەی من ئەوەیە، کە چوارچیوەی ئەم باسە تەواوی بازاڕی جیهانییە. کێبڕکێیەکە توندوتیژە کە هەندێك قوتبی سەرمایەداری جیهانی رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. ئەمەش بەحوکمی خەسڵەتی خودی سەرمایەی بانکی و ئیحتکاری، بەهۆی خەسڵەتی ئیمپریالیستی سەرمایەداری، خەسڵەتی سیاسیەکە‌ی کۆنەپەرستیی سیاسیە، کە سەرتاپای جیهانی داگرتووە، لە ئەمەریکاوە تا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و …. تەنانەت کە باسی هەلومەرجی کاری هەرزان دەکرێت، لەئاستی سیاسی‌دا ئیستبداد و کۆنەپەرستییەکی تا ئاخر دەرەجە سیاسی دەخوڵقێنێ. بۆنموونە سەرەتاییترین مافی تاك لەم وڵاتانەدا کە بەناوچەی هێزی کاری هەرزان دەناسرێن لەئارادا نیە. ئەمە بەرژەوەندی ئابووریی سەرمایەی ئیمپریالیستیە کە پێویست دەکات لەم وڵاتانەدا تا ئاخر دەرەجە سەرکوت و ئیستبداد هەبێت. تەنانەت بۆنموونە کۆمەڵێك چەتە و تاڵانچی و مافیا و ڕێگرت بۆ دروست دەکات و دەسەڵاتی وڵاتیان دەداتەدەست! دەوڵەتی سعودیە چیە؟ کۆمەڵێك مەمالیك سەرمایە کردونی بە دەوڵەت! یان دەوڵەتی کوەیت چیە؟ وەکو مەنسور حیکمەت باسی دەکات، کۆمەڵێك پاسەوانی چاڵە نەوتەکانن و پارەی پاسەوانیەکەیان وەردەگرن! ئەمانە بوون بە حاکم بەسەر خەڵکەوە. بەڕاستی پارتی و یەکێتیش شتێکن لەم بابەتە. ئەمانە دروست لەم هەلومەرجە سیاسیە و لەم جێگاوڕێگایەی سەرمایەی جیهانیەدایە کە دەتوانن پارێزگاری لە بەرژەوەندی سەرمایە و چینی بۆرژوازی بکەن. واتە نا‌توانیت هەمان پێناسەی کۆنیان بکەیت، کە لەپەیوەندیەکی کلاسیکیدا پارێزگاری لە سەرمایە و چینی بۆرژوازی دەکەن! بەڵکو لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا و لەم چوارچێوەیەدا و بەو خاسیەتەوە پارێزگاری لە سەرمایە دەکەن. بۆیە بە هەموو سەرنجێکەوە کەهەمانبێت لەسەریان دیسانەوە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی سەرمایە دەپارێزن و سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوە دەبەن. ئەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی کورد بە هەموو کێشەکانیانەوە کە هەیانە، وەك عوسمانیش باسی کرد، مەرج نیە تەواوی چینی سەرمایەداری کوردستان لێی رازی بێت، بەڵام لەبەرامبەر چینی کرێکاردا وەکو موئەیەدیش باسی کرد، دروست پارێزگاری لە سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات، کە بۆرژوازی ئیستسماری هێزی کاری تێدا دەکات، جا ئەگەر بەشێکی بۆرژوازی کەمێك مەغدورترە، ئەوە هیچ ناگۆڕێت، لە سیستەمە سیاسیە لیبراڵەکانیشدا ئە‌و ناهاوسەنگیە هەر هەیە.
دەمەوێت ئاماژە بە جێگەوڕێگەی ئەم دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستان بکەم کە لەبەشی یەکەمیشدا ئاماژەم پێ‌کرد، لە چوارچێوەی ئەم کۆنەپەرستیە سیاسیە ئیمپریالیستیە و ئەم تەقسیمبەندییەی بازاڕی سەرمایەدا، وە هەروەها جێگاورێگایەك کە ئەم دەسەڵاتە هەیەتی لەچوارچێوەی سەرمایەی ئیحتکاری‌دا. رۆشنە، ئەوەی تەحەکوم بە بازاڕی جیهانییەوە دەکات بەشێوەی سەرەکی، سەرمایەی ئیحتیکاریە. مەنسوری حیکمەت لە “چاوگێڕانێك بە تیۆری مارکسیستی قەیراندا”دەڵێ: “کاردابەشکردن لەبازاڕی ناوخۆییدا هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنچینەی پێداویستیە دیاریکراو و جیهانیەکانی کۆمپانیا ئیحتکاریەکان قەوارەی گرتوە، نەك لەسەر بنەمای گەشەی مێژوویی ئابووری کاڵایی و کاردابەشکردنی تەقلیدی ناوخۆیی”… کەواتە جێگەوڕێگەی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان لەچوارچێوەی پێداویستیەکانی سەرمایەی ئیحتکاری و ئیمپریالیستیدا قەراری گرتوە وەکو بەشێك لە وڵاتێکی سەرمایەداری ژێردەستەی ئیمپریالیزم و ناوچەیەك کە دەکەوێتە ناوچەی هێزی کاری هەرزانەوە لە کاردابەشکردنی جیهانیی سەرمایەدا. بۆیە دەسەڵاتێکی سیاسی بۆرژوازی سەرکوتگەر و دژی دیموکراسیە لە خراپترین شێوەیدا کە دەسەڵاتێکی حیزبیی میلیشیاییە. هەر ئەمەش وایکردوە لەم هەلومەرجەی قەیرانی ئابووریدا ئەوەندەی دیکە خۆیان بونەتەوەهۆی قوڵکردنەوە و سەختکردنەوەی قەیرانەکە.
ئەگەر قەیرانی ئابووری لە دەوڵەتێکی ئاسایی بۆرژوازیدا رووبدات، لە جێگەیەکدا کە کرێکار بۆئەوەی بەرگری لە مافی خۆی بکات رەنگە هۆکارەکانی بەرگری کردن لەخۆ و هەروەها مەعلوم بێت کە رووی نارەزایەتیەکانی لە کوێ و لە کێ بکات، بەڵام لە کوردستان بەوجۆرە نیە. بۆنموونە لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا بۆرژوازی چەندین هەوڵی‌دا بۆئەوەی قەیرانەکە بەسەر خەڵکدا بشکێنێتەوە، بەڵام چینی کرێکار بەرادەیەك هۆکارەکانی بەرگری لەخۆکردنی لەبەردەستا بوو وە تارادەیەك بەرگری لەخۆی کرد. بەڵام لە کوردستان کرێکار هیچ وەسیلەیەکی بەرگری لەخۆکردنی نیە. بەتایبەتی دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشیایی چەکدار، کە نا‌توانیت وەك دەسەڵاتێکی بۆرژوازی ئاسایی و متعارف تەعاملی بکەیت. واتە هەموو وەسیلەکانی بەرگری لەکرێکار سەندۆتەوە. ئەمەیە بە بۆچوونی من، بەشێك لە کارەساتەکە، کە پێنج مانگ خەڵک موچەی وەرنەگرتووە، بە سەدان هەزار کرێکاری کەرتی تایبەت، هیچ سەرچاوەیەکی ژیانی نیە و ناشتوانن بەرگری لە مافی خۆیان بکەن و ئامرازێکیان بەدەستەوە نیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم بارودۆخە سەختە.
عوسمان حاجی مارف: له بەردەوامی ئە‌و باسانەی هاوڕێیاندا ئاماژە بە چەند خاڵێك ئەدەم. بەگشتی لەسەر ئەوە کۆکین کە واقعیەتی ئێستای دنیای سەرمایەداری هەمان دەوران و قۆناغی ئیمپریالیە به‌تایبه‌تی له‌سەر بنەمای هەمان پێناسە و لێکدانەوەی لینین بۆ ئیمپریالیەت، بەڵام باسێك كه کاتی خۆی لینین دەربارەی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كردویەتی كه سه‌د ساڵ به‌سه‌ر دنیای پەیوەندی ئابووری و سیاسی جیهان لە چوارچێوەی زاڵی ئیمپریالیەتدا بەڕێوە چووە، لە پرۆ‌سەی گەشەسەندنی خۆیدا چه‌نده‌ها ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە دیوە بەتایبەتی بەدوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌مەوە، لە دەورانێکدا كه لینین لە ناردنەدەرەوەی سەرمایەوە باس لە دامەزراندنی سەرمایە دەکات لە وڵاتانی دەرەوەی خۆیدا و هەر لێرەوە دەچێتە ناو باسی ئمپریالیەتەوە، به‌ڵام ئە‌و جێگایانەی لەکاتی خۆیدا سەرمایەکەی بۆ دەگوێزرایەوە هێشتا لە پەیوەندی دەرەبەگایەتی هەتا بەشێکیان لە پەیوەندی بەندایەتیدابون، له‌سه‌ر ئه‌و بنەمایەش ئەنجامگیری شۆڕشی نیشتمانی و بۆرژوازی نیشتمانی کراوە! بۆنموونه ئه‌وه‌ی كه له چین و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا ئه‌و ئه‌حزابانه‌ی كه مقاوه‌مه‌تیان لەبەرامبەر داگیرکاری ئیمپریالیدا کردووە، ئە‌و تێزەیان رەواج پێدەدا کە پێویستە ئەم وڵاتە داگیرکراوانە دوای ڕزگاربوونیان یاخود سەربەخۆبوونیان بە هەمان پرۆ‌سەی گەشەی سەرمایەداریدا بڕۆن کە وڵاتانی ئیمپریالی پیادا تێپەڕیون، بە پشتبەستن بە ئابووری محەلی خۆیان و لە پەیوەند بە دەوری بۆرژوازی نیشتمانیەوە گەشەی ئابووری دابین بکەن، وەك دیمان ساڵانێکی زۆر لەم چوارچیوەیەدا شەڕ و مقاوەمە دژی ئیمپریالی و داگیرکاری دەوری گێڕا، به‌جیا له هەر بەرژەوەندییەکی بۆرژوازی وڵاتانی ژێردەستە رەواجدان بەو خه‌یاڵاتانە و ناواقعی بوونی به‌ڵام ئێستا لەچاو ئە‌و دەورانەدا جیهانی سەرمایەداری ئاڵوگۆڕێکی وەها بەرفراوانی بەخۆوە دیوە و بەدەورانی جیاوازدا تێپەڕیوە و گەشەی سەندووە، جیهان بۆتە یەکپارچە و گۆی زەوی بۆتە بازاڕێکی گەورە لە پەیوەندی کار‌و سەرمایە کە بۆرژوازی نیشتمانی کردۆتە گاڵتە جاڕ و مافیا بوون و دڕندەیی. یانی هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه پێیان ئه‌وترا بۆرژوازی نیشتمانی ئێستا تاڵان و بڕۆ و جەردەیی ئه‌كه‌ن.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه واقعیه‌تێك بەدوای سەردەمی لینینەوە بۆ ئێستا ئاڵوگۆڕێكه كه؛ یه‌كه‌م: تەواوی جیهان ئاڵوگۆڕێكی وەها جدی به‌سه‌ردا هاتووه كه گۆی زەوی بۆتە یەکەیەك و لە سایەی كۆنترۆڵی سه‌رمایه‌داری مۆنۆپۆڵیدایە، دووەم: جیهانی کێشمەکێش و شەڕی بلۆکە زلهێزەکانی جیهانە. له‌لایه‌كی تریشەوە مەسەلەیەکی تر به‌تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌خیردا بە ئاستێك ته‌كنه‌لۆجیا چۆتە پێشەوە و دەچێتە پێشەوە، بۆنموونە دوێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا جیاوازە، سه‌یر بكه ئایپاد، كۆمپیوته‌ر دەباتە دواوە و بازاڕی ئایپاد بازاڕی کۆمپیتەر دەشکێنێ، چه‌نده‌ها شتی تر له‌بواری تازەگەری بەرهەمهێناندایە، له تاقه‌ی شه‌مسی بیگره و تا داهێنانەکان لەناو جیهانی ئینتەرنێتدا، به‌جیا له‌و کاڵایانەی کە بۆ بەکارهێنانن، لە هەمانکاتدا به‌جۆرێك ئە‌و کۆماپانیا و کارخانانەی کە بەشی تەکنەلۆجیای ئامراز و هۆکانی بەرهەمهێنا‌ن دروستدەکەن کە ئامرازێك دەخەنە بازاڕەوە دەکەوێتە بەرامبەر کۆمپانیایەکی تر و بازاڕەکەی دەشکێنێت، هەڵبەتە ئەمە بۆخۆی هەر واقعیەتی پێشبڕکێی دنیای سەرمایەدارییە بەڵام جیاوازیەکەی لە هەلومەرجی ئێستادا خێراییە بێوێنەکەیەتی، ئەمەش بەشێکە له‌وه‌ی کە کاتێ ئێمه باس لە دابەزینی تێکڕای قازانج دەکەین، باسی ناکۆکی كار و سه‌رمایه ئه‌كه‌ین، باسی کۆمپانیا مۆنۆپۆلیەکان دەکەین كه هۆکاری قەیرانی ئابووری جیهانیە، یانی ئه‌م قەیرانەی ئێستا جیاوازی لەگەڵ قەیرانەکانی پێشوتردا ئەوەیە کە خێراتر و فراوانتر و ماوە درێژترە.
موحسین كه‌ریم: زۆر تیكرار ئه‌بێته‌وه، جاران ٢٠_٣٠ ساڵ جارێك بوو ئێستا ٥ ساڵ جارێكه.
عوسمان حاجی مارف: ڕاستە، ماوه‌كه‌شی زۆرتر ئه‌خایه‌نێت، وه هۆکاری ئەم کارەسات و قوڕبه‌سه‌رییانه‌ش، ئه‌وه‌تا سه‌یر ئه‌كه‌ی هەژاری و فه‌لاكه‌ت و شێوازی دابەشکردنی جیهان كه زۆر ته‌ئسیر دائه‌نێ. من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه بۆنموونە بەرهەمهێنانی نه‌وت لێره‌دا به‌جیا له‌وه‌ی كه له كوردستان یان عێراق یان به‌شێك له‌م وڵاتانه له‌سه‌ر بنەمای بەرهەمهێنانی نەوت یان هەر سامانێکی تری سامانی سروشتییە.
خه‌سره‌و سایه: سروشتی نا، سامانی ژێر زه‌وی. قه‌ت له سروشتیشه‌وه نایه‌ت.
عوسمان حاجی مارف: باشه، کێشە لەسەر تەعبیرەکە نیە، سامانی ژێرزه‌وه‌ی یا سامانی سروشتی، باسەکە لەسەر کەرەسەیەکە کە دەردەهێنرێت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە بازاڕی ئە‌و کەرەسەیە بۆنموونە نەوت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه كه کەرەسەیەکە تا چەند بەکارهێنانی رۆژانەی خەڵکیە، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نیه کە نه‌وت به‌كار ئه‌هێنرێت وه‌ك سوته‌مه‌نی شه‌خسی یانی بەکارهێنانی فه‌ردی، بۆنموونە زۆر پرۆ‌سەی به‌رهه‌مهێنان هەیە، کە بەکارهێنانی نەوت دەورێکی سەرەکی تیا دەبینێت و نەوت وەك هۆکانی بەرهەمهێنا‌ن بەکاردەهێنن و ئەمەشە کە بازاڕی نەوت گەرم دەکات، هەرکات ئە‌و کۆمپانیا و شەریکاتانە لەپەیوەند بە هەلومەرجی ئابووری جیهانەوە بەرەوڕووی قەیران دەبنەوە، کارکردی دەبێت لەسەر بازاڕی نەوت، بەڵام بۆنموونە دەبینین ئێستا کە سه‌یاره ده‌ور ئه‌بینێ له‌وه‌ی كه چه‌ند فه‌رد به‌كاری ئه‌هێنی به‌جیا له سەیارەی گه‌وره كه بۆ شه‌ریكات به‌كاردێت به‌ڵام بەکارهێنانی فەرد ده‌وری هه‌یه بۆ ساغکردنەوەی بازاڕی سەیارە مه‌سه‌له‌ن ئه‌م ماوه‌یه ئەم ناوچەیە بوو به بازاڕێكی گه‌وره بۆ سه‌رفی سه‌یاره بۆ موده‌تێك، مه‌سه‌له‌ن له مالیزیاوه سه‌یاره بێت یا له یابانه‌وه سه‌یاره بێت، بازاڕەکەی لەپەیوەند بە بەکارهێنانی فەرد و کۆمپانیاکانەوەیە، به‌ڵام ئه‌م سامانه ژێرزەویە یا سروشتیە پشت دەبەستێت بەوەی بەشێکە لەهۆکانی بەرهەمهێنا‌ن و تەواوکەری پرۆ‌سەی بەرهەمهێنانەوە، واتە قەیرانی بازاڕی نەوت پەیوەندە بە قەیرانی سەرمایەی وەبەرهێنانەوە، یانی کاتێ وەبەرهێنان دەکەوێتە قەیرانەوە، نەوتیش توشی قەیران دەبێت بەڕای من ئەمە دیاردەیەکی دەقیق و واقعیە.
موحسین كه‌ریم: من ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتم ئه‌وه‌ی وتت به ئه‌م مه‌نتیقه‌یه بۆته بازاڕی فرۆشی سه‌یاره.
عوسمان حاجی مارف: بەڵێ من وتم وه‌ك نموونه له نوقته‌یه‌كه‌وه هێنام كه سه‌رفی نه‌وت یان سامانی ژێرزه‌وی مورته‌بیته به‌وه‌ی كه هۆکانی بەرهەمهێنا‌ن به‌رهه‌م ئه‌هێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كارخانه‌یه‌ك له یابان سه‌یاره دروست ئه‌كات بازاڕه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه خه‌ڵك بەکاریدەهێنن، بەڵام بەکارهێنانی بەرد، ئاسن،… پشت نابەستێت بە بەکارهێنانی فەرد، بەڵکو له‌سه‌رئه‌وه‌یه كه‌چۆن له پرۆ‌سەی به‌رهه‌مهێنان و وەبەرهێناندا بەکاردەهێنرێتەوە. ئه‌و توشی قه‌یران بوو ئه‌میش نرخی دائه‌به‌زێ و بازاڕی ئەشکێ، ئه‌و قه‌یرانه قوڵتر ئه‌كاته‌وه. هەروەها سامانی ژێرزه‌وی یا سامانی سروشتی، ئه‌زانی چۆنه، سامانی ژێرزه‌وی به‌بێ هێزی كار هیچ نیه. ئه‌وه‌ی كه ماركسیش باسی ئه‌كات راسته سامانێکە لە سروشتدا بوونی هەیە بەڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌چێته پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، واتە هێزی كاری تیا بەکار نەهێنرێت هیچ بەها و مانایه‌كی نیه.
جه‌مال موحسین:سامانه، به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی نیه به‌هۆی هێزی كاره‌وه ئه‌بێ به داهات.
عوسمانی حاجی مارف: هه‌ر ئه‌وه. هه‌ر سه‌رمایه‌دارانن کە ئە‌و سامانە قۆرخ ئەکەن لە رێگەی دەستبەسەراگرتن و چەوسانەوەی هێزی كارەوە بەرهەمدەهێنرێت، کە له دواشیکردنەوەدا هه‌ر قۆرخكردنه به‌ڵام شێوەی قۆرخكردنه‌كه جیاوازی هەیە، مه‌سه‌له‌ن له ئه‌مریكا كارتێله‌كان و سه‌رمایه‌داره‌كان قۆرخی ئه‌كه‌ن، لێره حزبێك میلیشیایه‌ك قۆرخی ئه‌كات.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د: من هه‌ر لەدرێژەی ئه‌و مەسەلانەدا، دوو شت هه‌یه باسی بکەم؛ یەکەم: مه‌وزوعی ره‌یعی نه‌وتە، مه‌سه‌له‌كه وانیه کە ئه‌م وڵاتە ره‌یعیانە (الدول الريعية) هه‌ر به ره‌یعی نه‌وتی ئه‌ژین و هه‌موو شته‌كان له‌وه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ، بەڵکو بۆرژوازیشی دروستكردوه. بردنی ره‌یعه‌كه و له‌گه‌ڵ ئیستسماری سه‌رمایه لەمێژووی خۆیدا ته‌به‌قه‌یه‌كی بۆرژوازی شکڵپێداوە له‌م ناوچه‌یه‌دا، له خه‌لیجه‌وه بگره بۆ عێراق بۆ وڵاتانی دیکە، ئه‌وه باسێكه ئه‌توانین بەجیا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. دووەم: ئه‌وه‌یه کە ئەم فاینه‌نشه‌ڵایزه‌یشن (بە مالیە کردن) وگڵۆبه‌ڵایزه‌یشن و نیولیبرالیزمه‌ی كه روویداوه له‌جیهاندا له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا پەرەسەندنێکی ته‌كنه‌لۆجیای هێناوه، عوسمانیش ئیشاره‌تی پێكرد. به‌شێك له ئیکۆنۆمیستەکان ئه‌ڵێن ئه‌مه خۆی شكڵی نه‌جاتبوون بووه له ئه‌زمه‌كه و یانی ئه‌بێ وا بڕوات وە وا ئه‌ڕوات. مه‌به‌ستم ئەوەیە کە پەرەسەندنی ته‌كنه‌لۆجی گەورە روویداوە و تائێستا دوو-سێ ده‌یه‌یە ئه‌ڕواتە پێشەوە و هێشتا ئاسەواری ئه‌مه نیشان نەدراوە تا بزانرێ ئینعكاساتی له‌سه‌ر ئاستی عاله‌می چۆنە.
جه‌مال موحسین: هاوڕێیان، دێینه سه‌ر به‌شی دوه‌می سیمیناره‌كه. ئێمه لایه‌نی ئابوری یان سه‌رچاوه‌ی ئابوری ئه‌م قه‌یرانه‌مان باس كرد كه كوردستانی گرتۆته‌وه، من پێم باشه له‌م به‌شه‌دا بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ته‌بعه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌یبینین ئه‌م قه‌یرانه له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نمونه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی قه‌ومی له بنبه‌ستێكی حكومه‌تی و سیاسیدایه وه بینیمان بۆ خۆیان ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌زگا گه‌وره‌یه‌ی كه خۆیان باسی ئه‌كه‌ن كه په‌رله‌مانه شه‌قیان تێهه‌ڵدا، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، حكومه‌تی بنكه فراوان فه‌شه‌لی هێناوه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه به‌وه‌وه كه نه‌یتوانیوه وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه بێ كه باسمان كرد و بۆیه بنبه‌ست بووه. به‌ڵام قسه‌ی جیاجیا ئه‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مان ڕێزی نه‌گیراوه، ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مان كارا نه‌بووه، باش ناڕواته پێشه‌وه، كه سیستم ئه‌بێ په‌رله‌مانی بێ، سه‌رۆكایه‌تی نه‌بێ. هه‌موو ئه‌مانه ڕێگاچاره‌ی لایه‌نه بۆرژوازیه‌كانن چ ئه‌وانه كه پێشتر به ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه خۆیان پێناسه كردبوو وه چ ئه‌وانه كه له ده‌سه‌ڵاتدا بوون و ئێستاش له ده‌سه‌ڵاتدان. به‌هه‌رحاڵ ئه‌م بنه‌سته سیاسی و حكومه‌تیه كه كوردستانی گرتۆته‌وه به جۆرێك چه‌قبه‌ستو بووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك هه‌یه. ئێمه ئه‌زانین كه به شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێك قه‌یرانی ئابوری ئه‌بێت بۆرژوازی ڕێك قڵپی ئه‌كاته‌وه به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكدا. ئه‌مه له ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و له هه‌رشوێنێك ئه‌بینین كرێ كه‌م ئه‌بێته‌وه، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وته‌ندروستی دائه‌به‌زێ، حكومه‌ت خۆی له‌ژێر باری دابینكردنی خانه‌ولانه‌دا ئه‌دزێته‌وه، باجی سه‌ر خواردن و كه‌لوپه‌له پێویستیه ڕۆژانه‌ییه‌كان زیاد ئه‌كات…. له كوردستانیشدا ئه‌مه به ڕۆشنی دیاره به‌جۆرێك تا ئاستی نزیك له سفر ژیانی خه‌ڵك دابه‌زێنراوه، ئه‌وه‌تا ٥ مانگه موچه نادرێت به خه‌ڵك. من پێم باشه له‌م به‌شه‌دا بێینه سه‌ر باسكردن له‌م بنبه‌سته حكومه‌تی و سیاسیه و هاوكاتیش له قسه‌كانماندا باسێك له‌وه بكه‌ین كه به‌دیل بۆ ژیانی كۆمه‌ڵگا و خه‌ڵك ئه‌بێ چی بێت؟ خه‌ڵك ئه‌بێ چی بكات، له ڕوانگه‌ی كۆمۆنیسته‌كانه‌وه ڕێگه‌چاره چیه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان ته‌رحی چاكسازی چه‌ند خاڵی ئه‌كه‌ن كه زۆرتر بۆ ده‌رچونی خۆیانه له دۆخێكی قه‌یراناوی كه تێیدان تا ئه‌وه‌ی كه وه‌ڵام به ژیان و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك بده‌نه‌وه. له ڕوانگه‌ی ئێمه كۆمۆنیسته‌كان ڕێگای ده‌ربازبوون له‌م ئه‌م بنبه‌سته سیاسی و حكومه‌تیه و ئه‌و قه‌یرانه ئابوریه چییه؟ من پێم باشه هاوڕێیان له قسه‌كانیاندا ئه‌م لایه‌نه زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه، هه‌تا له ناو قسه‌وباسه‌كاندا ئه‌كرێ بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك ووتمان وه‌زعی كوردستان هه‌ر ته‌نها له باری ئابووریه‌وه په‌یوه‌ندی به وه‌زعی ناوچه‌كه و جیهانه‌وه نیه، بگره له باری سیاسیشه‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به وه‌زعی سیاسی مه‌ركه‌زه‌وه له عێراقدا له هه‌ردوو ڕووه‌كه‌وه. له باسه‌كاندا ئه‌كرێ ئه‌م لایه‌نه‌شی لێكبدرێته‌وه كه ئه‌م قه‌یرانه ته‌نها ناوخۆیی و كوردستان نیه، وه عێراق و ناوچه‌كه و جیهانیش ئه‌گرێته‌وه.
عوسمانی حاجی مارف:شتێك كه ئێستا هاتۆته پێشه‌وه، قه‌یران یان واقعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستای كوردستان دوای ٢٥ ساڵ له دەسەڵاتی میلیشیایی و پێشتر شه‌ڕی كه‌نداو هاتنی حزبەکانی کوردایەتی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به ناوی به‌ره، دواتر جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز و زه‌رد، به گشتی له ئاكامی هەلومەرجێکی سیاسی و ئاڵوگۆڕێك كه له ناوچه‌كه‌دا ڕوویدا به دوای شه‌ڕی كه‌نداودا، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حزبانه خۆبەستنەوەیان بوو لە چوارچێوەی ستراتیژیه‌ت و سیاسه‌ت و بەرژەوەندیەک کە ئه‌مریكا پیادەی دەکرد له عێراق و ناوچه‌كه‌دا، وه له په‌یوه‌ند به‌و سیاست و بەرژه‌وه‌ندیانەی دەوڵەتی ئەمریکاوە حزبەکانی کوردایەتی مه‌وقعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وەک فرسەتێک بۆیان هاته‌پێشه‌وه. به‌جیا له هه‌ر مه‌سائیلێك لە هەڵسوڕانی چەندین ساڵەی سیاسی و چه‌كداریان، شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا یان لە بەرامبەر بۆرژوا ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی لە عێراقدا بۆ بەدەست هێنانی هه‌ر ئیمیتیازاتێك یا بەشداریان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا داوایان كردبێ به‌ڵام پرۆسه‌یه‌كی دورودرێژی خایاند و نەک هیچ دەست کەوت ئاكامێكیان بەدەست نەهێنا بەڵکو بەرەوروی شکستی سیاسیش بونەوە، تا ئه‌وکاتەی ئاڵوگۆڕ له سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا پێش هات، كه بەدوای شەری کەنداو بارودۆخەکە قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی لە عێراقدا پێک هێنا، هاتنەوەی حزبەکانی کوردایەتی بەدوای شکستی هێزەکانی حکومەتی بەعس لەکوەیت و راپەرینی خەڵک لە عێراق و کوردستان حزبەکانی کوردایەتی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایان داسەپاند له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌یرانێكی سیاسی کە له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا بوو، ئه‌وه‌ش ڕۆشنە شه‌ڕی ئەمریکا لە کەنداودا هەوڵی شەڕی باڵاده‌ستی ئه‌مریكا بو بەسەر جیهاندا، ئەم باسانە پێشتر کردومانە به‌ڵام به كورتی ئەوە بڵێم. باڵاده‌ستی ئه‌مریكا به‌سه‌ر جیهاندا و هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی دنیا و شه‌ڕێك كه دوای داگیركردنی كوه‌یت له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی عێراقدا كردی، حزبەکانی کوردایەتی لە ئەنجامی خۆبەستنەوەیان بە به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌مریكایه كه توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنە دەست. بەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و خۆریکخستنەوەی هێزەکانی حکومەتی عێراق و هێرشکردنیان بۆسەر خەڵکی ناڕازی لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، دوبارە هەڵاتنەوەی حزبەکانی کوردایەتی كوردستان و ئاوارەبونی ملێۆنی دانیشتوان، دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بڕیاری پاراستنی ناوچەی کوردستانی عێراقیان دا لەمەترسی هێرشی دەسەڵاتی بەعس، له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا کوردستان وەک ناوچەیەک کە کەوتە بەردەم پارێزگاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، هیچ پێناسه‌یه‌كی نه‌بوو، نه ده‌وڵه‌ت بوو وه نه سه‌ر به حكومه‌تی ناوەندی بوو به مانایه‌ك كه كاتی تر ته‌عبیرمان كردوه وه‌كو ئۆردوگایه‌ك مامەڵەی لەگەڵدا کرا.
هەر بۆیە لەسەرەتای دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا بەرە نەیتوانی خۆی ڕاگرێ و هەڵوەشایەوە دوای یەکەم هەلبژاردنی پەرلەمان ئە‌و ئۆردوگایە دابەشکرا لە نێوان دوو هێزی میلیشیا بەناوی ناوچەی زەرد و ناوچەی سەوز، هەر له هه‌نگاوی یه‌كه‌میاندا خودی قه‌یرانه‌كه ئه‌وه بوو كه شه‌ڕی ناوخۆی لێ پێکهات، یانی وه‌كو هێزه سیاسیه‌كان خۆشیان نه‌یانتوانی و نه‌یانویست، دوای ئه‌و وێرانکاری و تاڵانوبڕۆییه‌ی له كوردستاندا کردیان شه‌ڕی ناوخۆشیان بو بەکارەساتێکی تر بەسەر ژیانی خەڵکەوە، کوردستان بوو به دوو ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو حزبی میلیشیا كه ئه‌مه بۆ خۆی قوڵکردنەوەی زیاتری قه‌یرانەکەیە. یانی نه‌یانتوانی حكومه‌ت دابمه‌زرێنن، یان نه‌یانتوانی یه‌كڕیزی بۆرژوا ناسیۆنالیستی كورد بپارێزن، هه‌تا وه‌ك خێزانێك نه‌ك وه‌ك توێژه‌كانی تری بۆرژوازی، دیموكراته‌كانی بێت یا لیبراڵه‌كانی بێ… هه‌تا وه‌ك ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی نه‌یانتوانی وه‌حده‌تێك دروست بكه‌ن یانی به مانای ئه‌وه‌ی خۆیان پێی ئه‌ڵێن ’’پاراستنی یه‌كڕیزی ماڵی كورد‘‘. به‌هه‌رحاڵ ئەنجامی ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسیانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هاتۆته پێشه‌وه مه‌سه‌له‌ن لە ڕوخانی حكومه‌تی به‌عس تا هاتنی داعش و تا ئێستا کە بنبەست و شکستی حکومەتەکەیانە یانی قه‌یران به دوای قه‌یراندا بووه. ئه‌وه‌ی كه به‌رنامه و سیاسه‌تێك ئه‌مان بیانه‌وێ له كوردستاندا ووڵاتێك دابمه‌زرێنن له باری ئابوریه‌وه بیبه‌نه پێشه‌وه، له‌باری سیاسی حاكمیه‌تی بكه‌ن، به مانایه‌ك ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن، ئه‌م ئاڕاسته و ته‌وه‌جوهه گه‌وره‌ترین خاڵی لاواز‌و فەشەلی ئه‌م هێزه سیاسیانه بووه. وه هه‌ر له‌و قسانه‌ی كه پێشووتر كردمان له په‌یوه‌ند به دامەزراوەی ئابوریه‌وه كه کوردستان ناوچه‌ی كاری هه‌رزانه یان له‌په‌یوه‌ند به سه‌رمایه‌ی جیهانیه‌وه یان ووڵاتانی ناوچه‌كه ، هه‌میشه كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌وه. یانی شتێك نه‌بووه كه مه‌سه‌له‌ن ئامانجێك مه‌به‌ستێك سیاسه‌تێك ئه‌مان ئه‌وه‌ی كه له په‌یوه‌ند به ژیانی خه‌ڵكه‌وه یان له په‌یوه‌ند به ئاینده‌یه‌كه‌وه بۆدامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له كوردستاندا، له زمنی ئه‌و كێشمه‌كێشه جیهانیه‌ی كه هه‌بووه، له زمنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌ی كه خۆیان هه‌یانبووه شتێك له‌و بابه‌ته نه‌بووه. بۆیه هه‌میشه هۆکارێك بوون، هۆکارێکی ئه‌ساسی بوون له بەردەوامی نا جێگیریە سیاسیەی كه له ناوچه‌كه دروست بووه. وه ئه‌م قەیرانە به بۆچوونی من، له‌و ئاڵوگۆڕه‌ی كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوویدا دوای مه‌سه‌له‌ن مه‌وقعیه‌ت و ده‌وری داعش و دوای فه‌شه‌لی ستراتیژیه‌تی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ئه‌م کێشەیە قوڵتر و فراوانتر بووه. قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به مانای فەشەلی حکومەتەکەیان یان دانەمه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت. ده‌نا با بڵێین ئه‌وان تا ئێستا دەسەڵاتدارن چونكه ناتوانین بڵێین قەیرانی دەسەڵاتیان هەیە، ئەوەتا ئەبینین ئه‌م حزبانه ٢٥ ساڵه به‌رده‌وامن لە پاراستنی دەسەڵاتیان بەهەر قیمەت بۆیان هاتبێتە پیشەوە جێگایان له‌ق نه‌بووه و ه هه‌ریه‌كه‌یان مه‌وقعیه‌ت و حاكمیه‌تی خۆی هه‌یه به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نایانەوێت یا ناتوانن ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن هەروەک پێشتر باسمان کرد واقعیەتی بونی ئەم هێزانە نەیان توانیوە لە چوارچێوە و لە پەیوەند بە بەرژەوندی ووڵاتانی جیهانی و ناوچەکە دەربچن و بێنە دەرەوە، تەواوی مێژوی هەڵسوڕانی سیاسیان بەو جۆرە گرێداوە، هه‌تا سەیرکەن بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێک لە چوارچێوەی حکومەتی عێراقدا کە ناویان نا فیدراڵیزم نه‌یانتوانی ئه‌وه‌ش بەرنەسەر و جێبه‌جێ بكه‌ن، به جیا له هەر شیوازێکی دواكه‌وتوانەی ئە‌و حکومەتە كه به ناوی فیدراڵیزمه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوەندیدا بڕیاڕ بو بەڕێوەی بەرن. خۆ ئه‌گه‌ر بۆ نمونه یه‌ك حزب بوایه یان ناوچه‌ی سه‌وز و زه‌ردیان نه‌بوایه لەپەیوەند بە مەوقعیەتی گرێ خواردنی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد لە ناو شەڕو کێشمەکێشی ووڵاتانی جیهانی و ناوچەکەوە کە دەرگیری بون، هەر ناتوانن خۆیان لەو قەیرانانە ڕزگار کەن، حکومەتی فیدراڵی یەک حزبیش هەروەک ئێستا دەبوو، چونکە فدراڵیەتەکەی ئێستاشیان فیدراڵیه‌تی یه‌كێتی و فیدراڵیه‌تی پارتیە…
جه‌مال موحسین: پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه له فیدراڵیه‌تدا تۆ ئه‌ڵێی نه‌یان توانیوه ئه‌مه‌ش بكه‌ن یانی ده‌وڵه‌تیان بۆ دانه‌مه‌زراوه و نه‌یان توانیوه فیدراڵیه‌تیش بكه‌ن، بۆ؟ ئه‌مه‌یه بنبه‌سته‌كه.
عوسمانی حاجی مارف: بێجگه له‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بە بنبه‌ست ئەژماردەکرێت، بەڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا بۆیان نه‌كرا، یان ناكرێ؟ کە بە بۆچونی من لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیانەوە لە ئێستادا خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەت نین، دەنا دامەزراندنی دەوڵەت ئیمکانی هەیە و دەکرێت، له قسه‌كانی پێشووشدا وتم له میانه‌ی ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ی ووڵاتانی جیهانی و ناوچه‌کەدا کە بۆتە ناجێگیری سیاسی و بارگرژی و بۆتە واقعیەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حزبەکانی کوردایەتیش لەسەر ئە‌و بنەمایە دابەش بون. وه‌كو ئه‌حزابی ناسیۆنال بۆرژوازی كورد، وه‌كو ئه‌حزابی مافیایی و میلیشیایی به ده‌وری خۆیان ئه‌مانه نه‌یانتوانیوه نوێنه‌رایه‌تی بەرژەوندی تێکڕای بۆرجوازی کوردی بکەن و ئاڕاستەی جێگیری سیاسی ببێتە مەبەست و ئامانجیان، بەڵکو بۆ خۆشیان بەشێکن و دەوریان هەیە لە پێکهێنانی ناجێگیری سیاسی و بارگرژی له په‌یوه‌ند بەخۆ بەستنەوەیان به به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سه‌له‌ن تورکیا و ئەمریکا یان ئێران و روسیا، هه‌ر لایەنێکیان به جۆرێك چوونه‌تە ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه، هه‌تا فه‌شه‌لی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا وه ده‌وری ئه‌مریكا له ناوچه‌كه و هه‌تا دروستبوونی شه‌ڕی تائیفی و قه‌ومی و دینی، ئه‌مانه هه‌موی ئه‌و کاریگەریانەن کە دەوریان بوە و هەیە لە بەردەوامی ئه‌م گێژاوه سیاسیه، ئه‌وه ی كه خودی ناوچه‌كه لە هەلومەرجێکی بەردەوامی بارگرژی و شەڕو کێشمەکێشی ووڵاتانی ئیمپریالیدایە و ئاسۆیەکی ڕۆشن نیە بۆ ئارام بونەوەی ئەم هەلومەرجە، حزبەکانی کوردایەتی نەک ناتوانن و نایانەوێت بەرژەوەندی خۆیان جیا کەنەوە بەڵکو دەرگیری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مامەڵە دەکەن، كه گه‌مه‌ی سیاسی له ناو ئه‌م كێشمه‌كێشانه‌دا بەردەوامی پێدەدەن، ڕاگرتنی پەیوەندی به ده‌وڵه‌تی ناوەندیەوە چاوەڕوانییانە لە ناردنی بودجە، وە توركیا قبوڵی ناكات سەربەخۆبن، ئێران بەهەمان شێوە قبوڵی ناكات، ئه‌مریكاش هەمان شێوە. هه‌موو ئه‌مانه پاساون، یانی به هۆی ئە‌و پاساوانەوە و له په‌یوه‌ند بە بەرژەوەندی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌یه ناتوانن وه نایانه‌وێت سەربەخۆبن، یانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری ئه‌مانە له‌وه‌دا بووه كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له چوارچێوه‌ی حكومه‌تی عێراقدا خۆیان بهێڵنەوە و چاوەڕوان بن جا شێوازەکەی ناوی فیدراڵی بێ یا هەرشتێکی تر گرنگ نیە بۆیان، کە خودی ئه‌و فیدراڵیه‌ته‌شیان شتێكی پوچ و بێ‌مانا بووه، مه‌سه‌له‌ن ئه‌وه‌ی كه له زۆر شوێنی دنیادا هەندێ ناوچە حوكمی زاتیان هه‌یه یان مه‌سه‌له‌ن فیدراڵی هه‌یه، به‌ڵام ئیتر ئیداره و هه‌موو شتێكی سەقامگیرە. ڕه‌نگه مانا ئه‌سڵیه‌كه‌ی بۆ دەرچونی کوردستان لە تەواوی ئەم گێژاوی سیاسی و بارگرژیە لای ئێمه ئه‌وه‌یه كه دەرهێنانی کوردستان له‌و شوێنەوە دەکرێت كه ده‌وڵه‌تێکی سەربەخۆی تیا دابمه‌زرێ، جیابێته‌وه. ئه‌مه ڕێگه‌چاره‌ی ئێمه بووه و مه‌تره‌ح بووه. به‌ڵام ئه‌مان به ئیدعای فیدراڵیه‌ته‌كه‌شیان نه‌یانتوانی به ماناكه‌ی خۆیان یه‌كڕیزی ماڵی كورد و ئارامی سیاسی بپارێزن، یانی حزبەکانی کوردایەتی تا ئێستاش ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسیانه‌ی كه پێشهاتوە به‌تایبه‌تی ئه‌و هاوكێشه سیاسیه‌ی له ناوچەکەدا بە ده‌ور و مه‌وقعیه‌تی ڕوسیا، چین، ئێران سیمایەکی تری بە خۆوە نیشانداوە، ئەبینین ئه‌م قه‌یرانه زۆر زیاتر قوڵ و گه‌وره‌تر بۆتەوه، حزبەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستان له‌باری سیاسیه‌وه به‌و ئەنجامە گەیشتون و خۆشیان رایان گه‌یاندوە كه ئێستا به‌جۆرێك حکومەتەکەیان و ئەزمونەکەیان داڕماوەو هه‌ڵوه‌شاوەتەوەو لە قەیرانێکی بێ چارەدایە.
تۆ سه‌یری مێژوی سیاسه‌تی بزوتنەوەی کوردایەتی بکە له ساڵی ١٩٧٤ دا له‌به‌رئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ند به به‌رژه‌وه‌ندی شوێنێكی تره‌وه كه فەرمانەکەیان ته‌واو ئه‌بێ بزوتنەوەیکی گەورەو فراوان هه‌ره‌سی خۆی بەئاشکرا رادەگەیەنێت، هەروەها لە ساڵێ ١٩٨٨دا لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە و کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق دەوریان نامێنێت، واتە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتی بە جیا لەوەی هەمیشە چارەنوسی خۆی بەستۆتەوە بە سیاسەت و بەرژوەندی ووڵاتانی ترەوە و هەمیشە دەرگیری شکست و هەرەس و داڕمان بووە لە هەمان کاتدا بۆتە مایەی کارەسات و بارگرانی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
جه‌مال موحسین: باشه ئه‌گه‌ر به كورتی بێیته سه‌ر ئه‌وه‌ی له حاڵه‌تێكدا كه ئه‌وان له‌و بنبه‌سته‌دان كه نایانه‌وێ و ناتوانن و بۆیان نه‌كراوه و ناكرێ، ئیتر خه‌ڵك له‌م نێوه‌دا چی بكات؟ كه ئه‌وان توشی ئه‌و بنبه‌سته بوون و ئیتر ته‌واو، به مانایه‌ك چی له‌به‌رده‌می خه‌ڵكدایه؟
عوسمانی حاجی مارف: ئه‌وه‌ی كه ویستی خەڵکە، وه په‌یوه‌ند به چارەنوس و ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م شت پێویستە جەماوەری ناڕازی له ئاسۆ و ئامانجی حزبەکانی کوردایەتی دورکەێتەوە و جیابێته‌وه، یانی جەماەری ناڕازی خۆیان بێنە مه‌یدان، خۆیان ده‌وریان هەبێت، خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتی خۆی دروست بكات لە نمونەی شوراکان. به‌ڵام بەجێ گەیاندنی ئەم قسانەو پراکتیزەکردنی هەر لە خۆیەوە بەدی نایەت، به‌و ده‌ربڕینه‌ی تەنها بڵێین دەبێت خەڵک ئیرادە بکات ئەم بانگەوازە لە خۆیدا مانایەكی بەرجەستە نادات بەدەستەوە و هیچی لێ سەوز نابێت، ئێستا من به خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نم، خه‌ڵكینه خۆتان ئیراده بكه‌ن، خۆتان ده‌سه‌ڵات بگرن، پرسیار ئەوەیە چۆن ئەم کارە بکەن، تۆ سه‌یری لایەنی بەرامبەر بکە واتە دەسەڵاتی بۆرجوازی یاخود رۆشنتر بڵێین لە ئێستای کوردستاندا دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان كه ٢٥ ساڵه دەسەڵاتیان داسەپاندووە بە قەداسەتی کوردایەتی و به خورافات و کۆنەپەرستی، به هێزی میلیشیا، به سەرکوت و نه‌دانی ئازادی، بەناوی پەرلەمان و ئەزمونی دیموکراتی، به قۆرخکردنی سامانی کوردستان، …ئه‌م وه‌زعه‌یان به‌مجۆره پاراستوه، خه‌ڵكیان بێئیراده كردووه. وه ئه‌مه یه‌كێكه له کێشە هەرە گرنگەکان بۆیە كه بێئیراده‌كردنی خه‌ڵك هه‌ر قسه‌یه‌ك كافی نیه بێیت و بڵێیت ئیراده بگه‌ڕێننه‌وه، خه‌ڵك به ئاسانی ناتوانێ ئه‌م ئیراده‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه. وه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیراده بۆ خه‌ڵك په‌یوه‌ندی به خه‌باتی سیاسیه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به هەوڵی لایەنی سیاسیه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به دەوری هەڵسوڕانی حزبەوەیە بە حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به ئازادیخوازانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به خه‌ڵكی ناڕازیه‌وه هه‌یه كه چۆن بتوانن ئه‌م ئیراده‌یه بۆ خه‌ڵك بگێڕینه‌وه و ڕابەری ناڕەزایەتیەکانیان بکەن و ڕێکخەریان بن . خه‌ڵك به ته‌نها خۆی ناتوانێ ئه‌م كاره بكات، وه خه‌ڵك تا ئێستاش له‌چوارچێوەی چاوه‌ڕوانی كێشمه‌كێشی ئه‌م هێزه سیاسیانه‌دایەو نازانێ به‌ره‌و كوێ ئه‌ڕوات. به‌ڵام دانی سیاسه‌تی دروست وه دانی هه‌نگاوی ورد و عه‌مه‌لی و کارساز بۆ ئه‌وه‌ی كه چۆن خه‌ڵك لە ناڕەزایەتیەکانیدا لە داوای خواستەکانیدا هەنگاو بەروە پێش بنێت و دەست کەوتی هەبێت.
به جیا له‌مانه كه وه‌كو واقعیه‌تی ئێستای کوردستان كه له قسه‌كانی پێشومدا باسم کرد بە هه‌موو ئه‌و بارگرژی و ئاڵۆزیەوە ئەوەی کە بۆ ئێمە ئەساسیە کوردستان ووڵاتێكه سه‌رمایه‌داریه کە به‌م شێوه بێ سەروبەرو هێزە ملیشیایانە بەرێوە دەبرێت، سه‌رمایه له شوێنێكی وه‌ك كوردستاندا به هێزی میلیشیا، به وەبەرهێنانی نه‌وت، کاری هەرزان به هه‌رجۆرێك بێت په‌یوه‌ندە به بازاڕی جیهانیه‌وه، به مانای ئه‌وه‌یه كه ووڵاتێكه كه كار و سه‌رمایه تیایدا به‌ڕێوه ئه‌چێ، هەر بۆیە وەک هەرشوێنێکی تری دنیا شوێنێكه كه ئه‌بێ شۆڕشی كرێكاری تێدا به‌رقه‌رار بێ، ئه‌مه ئه‌سڵه‌كه‌یه‌تی. به‌ڵام ئه‌م واقعیه‌ته‌ی کە کوردستان ئێستا دامەزراوەیەک نیە، بۆته گرێوگۆڵ له‌به‌رده‌می شۆڕشی سۆشیالیستیدا. بۆ ئەمە له په‌یوه‌ند به شۆڕشی كرێكاریه‌وه بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه، وه‌لانانی ئه‌م هێزه میلیشیاییانەو کۆتایی بەسەرگەردانی هەوڵدانە بۆ دامەزراندی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە بتوانێ جێگیری و ئارامی سیاسی دابین بکات، یاخود دەوڵەتێک بێت کە کرێکاران و زەحمەتکێشان بزانن لە گەڵ کێ تەرەفن بۆ خواستەکانیان، نەک بارزانی بڵی بودجەکە لای دەوڵەتی ناوەندیەوە دەستی بەسەر گیراوە یان یەکێتی بڵێت پارتی وەڵام ناداتەوە، کوردستان دەبێت لەم سەرگەردانیە ڕزگاری بێت، لە کوردستاندا دەبێت کرێکاران شۆرش بەرپابکەن و حکومەتی کرێکاری دابمەزرێنن، پەیوەندیەکانی سەرمایەداری هەڵوەشێنن و سیستمی سۆشیالستی دامەزرێنن.
خه‌سره‌و سایه: سەرەتا بەرلەوەی باس لە ناوه‌رۆكی ئە‌و قه‌یرانە حكومه‌تیەی كه‌هه‌یه بکەم، بەباشی دەزانم ئاماژە بە دوو بۆچوون بدەم کە لەمبارەوە قسەیان لەسەر دەکرێ. یەکەم: به‌شێك پێیوایه ئه‌م قه‌یرانی حكومه‌تیه به‌ره‌نجامی شه‌ڕ و ململانێی ئه‌حزابه‌كان دروستبووە. واتە ئه‌وه ئه‌حزابه‌كانن كه‌وتونه‌ته به‌رامبەر یەکەوە و ڕێکناكه‌ون و ناسازێن، بۆیه ئه‌م حكومه‌ته كاری ناڕوا و گوایه ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبانه سازان بکەن ئەوا ئەم حکومەتە بنکە فراوانە گونجاوە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەکرێکار و سەرمایەدارەوە. دووەم: ریزێك لە رۆشنبیران و بەرپرسیاران قسە لەسەر ئەوە دەکەن کە گوایە ریشەی ئەم قه‌یرانه حكومه‌تیه دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی باڵانس لە پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەدا. بەتایبەتی پارتی وه‌كو هێزی یه‌كه‌م نەیتوانیوە وەیا ئاگاهانە نایەوێت باڵانس له‌نێوان ئێران و تورکیادا رابگرێ وەك دوو دەوڵەتی سەرەکی کە لەناوچەکە و دۆخی عێراق و کوردستاندا رۆڵدەگێڕن. بۆنموونە پارتی بەلای توركیادا لایداوە و ئەحزابەکانی تریش بەم یان بەو ئاستە خۆیان بەسیاسەتەکانی سه‌ر ئێرانەوە گرێداوەتەوە. به‌بڕوای من هه‌ردوو ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێچه‌وانه‌یه و خۆی هۆکاری قەیرانی حکومەتی ئیستا نین، بەڵکو بەرئەنجامیەتی. ئه‌وه‌ی كه خودی پارتی لەکەنار سیاسەت و کارکردەکانی تورکیادا راوەستاوە و بەهەمان ئاست ته‌وازنی لەگەڵ ئێران‌دا راناگرێ پێی وایە لەم رێگایەوە دەتوانێ کێشە و قەیرانە سیاسی و ئیقتسادییەکانی کوردستان چارەسەر بکات. تەنانەت ئە‌و هۆکارەی کەبۆتە مایەی بەرکەوتنی ئه‌حزابه‌كان و سەرهەڵدانی کێشمەکێش و نەسازانی نێوان حزبەکان، خودی بەرئەنجامی قەیرانی حکومەتیە. واتە ئەوە قەیرانی حکومەتیە کەئەم کێشمەکێش و دورکەوتنەوەیە و لێکترازان و نەسازانەی نێوان حزبەکانی خوڵقاندووە. قه‌یرانێكی حكومه‌تی كە ناوەرۆك و ریشەکە‌ی لە بونیاد و شێوازی دامه‌زراندن و خودی خۆیدایە وەك ئه‌لگۆیه‌كی حكومه‌تی، بەو هۆیەوەیە کەناتەبایە لەگەڵ رەوتی پەرەسەندنی سەرمایەداری لەکوردستان و ژیانی هاوڵاتیاندا و بۆرژوازی جیهانیش بنبەستە لەئاست خستنەرووی نموونەیەکی کارسازدا. بەپێی مه‌نتیق حکومەت و دەوڵەت له‌شێوه گشتیەکەیدا و لەکۆمەڵگایەکی سه‌رمایه‌داری وەك کوردستاندا، دەبێ وەڵامدەرەوەی پێداویستییە ماوە درێژەکانی هەم رێكخستنی پەیوەندییەکانی نێوان كار و سه‌رمایه بێت و هەم هاوڵاتیانی ژێردەستی خۆی قایل کات به فۆرم و سیسته‌مێكی ئیداری و قانونی. له دونیادا ئێمە لەگەڵ نموونەگەلێك لەحکومەت و دەوڵەتەکان بەرەوڕووین، حكومه‌ته دیكتاتۆرییه‌كان، حكومه‌ته لیبراڵه‌كان، سۆسیال دیموكراته‌كان، قەومیەکان.. هەرچۆنێك بێت ئەم نموونانە لەمێژوودا نیشانیانداوە کەبەم یان بەو رادەیە توانیویانە وەڵام بەهەردوك لایەن بدەنەوە، یانی هەم توانیویانە مەلزوماتی بەردەم بازاڕی کار و سەرمایە فەراهەم بکەن و هەم مەقبولیەتی خۆیان لەئاست کۆمەڵگادا زامن بکەن بۆیە مانەوەیان ساڵانێکی بڕیوە. لەکوردستان ریشه‌ی قەیرانی حکومەتی لەنەفسی فۆرم و سیستەمی دەسەڵاتدارێتیەکەیدایە. من له قسه‌كانی پێشومدا وتم، قەیرانی ساختاری/هەیکەلی و سەراپاگیر رووبەڕووی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بۆتەوە، ئەم قەیرانە له گۆشه‌یه‌كیدا لایەنی مێژوویی هەیە و پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتی سەرهەڵدان و شکڵگرتن و تێپەڕکردنی ئە‌و قۆناغانەدا هەیە كه ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوكمڕانی له‌كوردستاندا تێیپه‌ڕاندووه، یه‌كه‌م مه‌سه‌له‌م ئه‌وه‌یه كه بڵێم ئه‌م فۆرمه حكومه‌تیه بەهیچ جۆرێك بەرهەمی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی کوردستان نیە وەك حزبەکان ئیدعای دەکەن و لەهیچ ئاستێک‌دا نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی کوردستانیش ناکات. یانی فۆرمێكی حكومه‌تی نیه كه خه‌ڵك به ده‌ره‌جاتێك تێیدا به‌شدار بێ. دووه‌م تەنانەت ئه‌م فۆرمه له حكومه‌ت له‌وجۆرە له حكومه‌تی بۆرژوایی نیه كه به‌ره‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی دیموکراسی بۆرژوایی و تەمسیل و نوێنەرایەتی کردنی حزبە بۆرژواییەکانەوە دامه‌زرابێت باوەڕی بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبێ لەنێوانیاندا، لەنموونەی تورکیا. بەڵکو ئەم حکومەتە بەرهەمی جه‌نگه، واتە فۆرمێكی حكومه‌تیه کەبەرئەنجامی دۆخێکی سیاسی ناوچەییە و لە بنه‌ڕه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و پێناسه‌یه‌ك بۆ فۆرمی حكومه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، شکڵی گرت كه نموونه‌كه‌ی لەعێراقدا بۆ یەکەمجار بەدەستەوەگیرا. هەموو دەزانین کەساڵی ٩١ شەڕی یەکەمی خەلیج ئەمریکا پەلاماری عێراقیدا و هاتە ناوچەکەوە، ئەحزابی ناسیونالیزمی کورد بەڕاوەستان لەکەنار سیاسەتی جەنگ و میلیتاریستی ئەمریکادا توانیان فرسەتی کۆنترۆڵکردنی کوردستان بگرنەدەست و حکومەت و سیستەمێکی بەڕێوەبردن بەهێزی میلیشیا و لەسەر پاشماوە ئیداری و قانونیەکانی ڕژێمی بەعس دامەزرێنن و خەلکیش بە ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی قایل بکەن. دواتر لەشەڕی دووەمی خەلیجدا، سەدام رووخا، ئەم رووداوە هەم کۆتایی بەدەورەی چاوەڕوانی دوای ساڵانی راپەڕین و شەڕی ناوخۆ هێنا و هەم دەرگایەکی لەسەر ئایندەی دەسەڵات و گشت ئامانجەکانی بۆرژوازی کوردی کردەوە. بەتایبەتی کە ئەمریکا نموونەی فۆرمی حکومەتی خۆی لەعێراقدا و له‌ژێرناوی دیموكراسی و دیموكراسی په‌رله‌مانیدا، بەکۆکردنەوەی دەستەبەندییە قەومی و ئاینیەکان بەڕێخست. لەکاتێکدا ئەم نموونەیە له جه‌وهه‌ردا شتێکی تر نەبوو جگەلە پلورالیزمێكی سیاسی و ئه‌تنیكی. یانی فۆرمێك لەحكومه‌تی مۆزایكی له‌سه‌ر ئه‌ساسی ته‌مسیلی تایفی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بەکان و دابەشکردنی دەسەڵات بەسەریاندا. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئیلهامی لەم نموونەیە گرت و بەڕای من به‌ره‌نجامی دوو جۆر لەئیئتیلاف درێژەی بەمانەوەی خۆیدا. یەکەمیان ئیئتیلافێك بوو لەگەڵ بەغدا، ئەمەش ته‌قسیمی دەسەڵات و بودجە و داننان بەهەرێمایەتی کوردستان و دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیایی ناسیونالیستی کوردی لێکەوتەوە و جێگیرکردنی لەدەستوری عێراقدا رەسمیەتی پێدرا. لەم چوارچێوەیەشدا کوردستان بەعێراقەوە مولحەقکرایەوە. دووەمیان ئیئتیلافێك بوو لەنێوان خودی حزبەکانی کوردستاندا، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، شکڵی گرت، ئەمەش پرۆ‌سەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی حکومەتی دووحزبی و بنکەفراوانی لێکەوتەوە، بەبێئەوەی کەهەم دەسەڵاتە ناوچەییەکەنی سەوز و زەردی ئەحزابی میلیشیایی بسڕێتەوە و هەم دیموکراسی بەمانای ئاڵوگۆڕی قانونی و ئیداری جدی بەدوادابێت و حکومەت بەکردەوە شوێنی دەسەڵات و دەخاڵەتی حزب بگرێتەوە. لە تەجروبە و مێژوویەکی ئاوادا لە كوردستان حكومه‌تی ئه‌حزاب بەرگی دیموكراسی و فیدرالیزمی بەبەرداکرا. به‌مانایه‌ك ئه‌مه‌وێ بڵێم سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان تەنانەت به‌مانا بۆرژواییه‌كه‌ی ته‌مسیلی حكومه‌تێكی مۆدێرنی بۆرژوایی ناکات وەك ئە‌و نموونانەی کەلە ناوچەکە و جیهاندا هەبوون و توانیویانە بەجۆرێك باڵانسی نێوان بەشەکانی بۆرژوازی ڕابگرن و هەلی پێویست لەبەردەم بازاڕی کار و سەرمایەدا هەڵخەن. لەم روانگەیەوە حكومه‌تی هەرێم چ لەجۆری حکومەتی یەکحزبی و یا دووحزبیەکەی تەنانەت لەنەوعی بنکە فراوانەکەی ناتوانێ وەڵامدەرەوەی هه‌لومه‌رجه‌كان و پێداویستیه‌كانی گشت سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ماوەیەکی درێژ زامن بکا، هاوکات وەڵامدەرەوەی گونجاو نیە لەگەڵ رەوتی چونەپێشی ئاستی کۆمەڵایەتی و تەوەقوعاتی هاوڵاتیاندا. خودی ئەوەی کە لەئێستادا باسی چاکسازی بۆتە بنێشتە خۆشەی سەرزاری هەموو حزبەکان و هەرلایەنە باس لەپرۆژەی چاکسازی دەکات، بەڵگەی ئەم راستیەیە. ئە‌و راستیەی کەئەم حکومەتە هەم له روانگه‌ی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری کوردستانەوە وەڵامدەرەوە نیە و هەم لەروانگەی چینی كرێکاره‌وه لەژێر پرسیاردایە. حكومه‌تێك کە نامەسئوله به‌رامبه‌ر بەژیانی خه‌ڵك و هه‌موو ژیان و پێداویستیه‌كانی بژێوی ئەوانی خستۆته سه‌ر بازاڕ و ده‌ستی شۆریوه له ته‌ئمینكردنی کەمترین خزمه‌تگوزاری، كه وه‌زیفه‌ی حکومەت و دەسەڵاتە. ئەمە ریشەی قەیرانی حکومەتی ئێستایە. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم ئه‌م شكڵه له حكومه‌ت، حکومەتێکی ناموتەعارفە و بەرهەمی پاشماوه‌كانی دوو جه‌نگ و شكستی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكایە لەئاست ناوچەکەدا. بۆرژوازی كورد بەو حاڵەوە کە لەنێو دۆخێکی ئاڵۆزی جەنگاوی و قەیرانگرتوویی سیاسی و ئابووری جیهانی و ناوچەییدا گیری کردووە، سەرەڕای دەستڕاگەیشتنی بە داهات و سەرمایەیەکی زۆر بەڵام بێتوانایە لەوەی کەبتوانێ ئه‌و سیسته‌مه له‌حوكمڕانی دامەزرێنێ كه هه‌م به‌جۆرێك ئتیحادی ناوخۆیی بەشەکانی بۆرژوازی کورد لەدەسەڵاتدا زامن بکا و هەم لەڕوانگه‌ی خه‌ڵكیشه‌وه مەقبولیەتی تەواو بەدەستبێنێ. به‌ڕای من ئەم حکومەتە عومری خۆی کردووە و نە توانای مانەوەی بۆ ماوەیەکی دریژ هەیە و نە چاکسازی نەجاتی دەدات.
ماركس ئاماژە بۆئەوە دەکات کەچینی بۆرژوازی و سه‌رمایەداری لە رەوتی بەرەوپێشچوونی خۆیدا بەڕادەیەك پێشكه‌وتنی کۆمەڵایەتی و نه‌وعێك مۆدێرنیزم لەگەڵ خۆیدا دێنێ، بەڵام ناسیونالیزم و بۆرژوازی کورد نیشانی‌دا کە چەند دواکەوتووە لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، چەندە خاڵی و بێبەرییە لە هەرجۆرە پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی و مۆدێرنیزم. ئەم ناسیونالیزمە کۆمەڵگای بەجۆرێك لەئایدۆلۆژیا و ئه‌فكار و سونه‌ت و یاسا و سیستەمێکی بەڕێوەبردنی هەرە دواکەوتووی وا لەقاڵبدا، کەلەگەڵ تەوەقوعاتی ژیانی سەردەمیانەی خەڵکی کوردستاندا نایەتەوە بەتایبەتی لەگەڵ نەوەیەك لەلاوانی کچ و کوڕ کەتێکەڵن بەژیانی سەردەم و دەستکەوتەکانی و رۆژانە ئیلهام لە تەکنۆلۆژیای نوێ وەردەگرن و فێردەبن. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی، وەك فاکتۆرێك بۆ قەیرانی حکومەتی لەکوردستان بەرهەمی ئەم واقعیەتەیە. واقعیەتێك کەخەڵك لە١٧ی شوباتدا پەنجەی نەویستنی بەرامبەر بەررزکردەوە و بەکردەوە رایگەیاند کەئەم حکومەتە جێگای مەقبولیەتی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە لەدەستداوە. بەرای من قەیرانی حکومەت لەکوردستان ریشەکە‌ی لێرەدایە.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د: گەر باسی قەیرانی حكومه‌تی بكه‌ین، ئه‌م قەیرانە هی ئێستا نیه، مێژووی هه‌یه. هاوڕێیان باسی کۆمەڵێك مەسەلەی موشه‌خه‌سیان كرد، ئه‌وانه هه‌مووی وان، ئه‌وانه حه‌قیقەتی ئه‌م هێزانه‌ن و به‌شێكن له مواسه‌فاتی هێزه‌كان، وه‌ك چۆن له مه‌سه‌له ئیقتیسادیه‌كان چوینه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی كێشه‌كه. ئه‌م ئه‌زمه‌یه بۆ چیه؟ ئه‌م هێزانه بۆ موته‌ئه‌زمن و به‌م سورعه‌ته ئه‌م وه‌زعه له كوردستانا دروستبووه؟ من ئه‌مه‌وێ دوو شت روون بکەمەوە؛ یه‌كه‌م: ئه‌م حزبانە، ئه‌حزابی ناسیۆنالیزمی كورد تا ئه‌م ساتەش به‌هه‌ر داینه‌میزم و ئالیه‌تێكه‌وه بێت، هێزی بۆرژوازی حاكمن له كوردستاندا، مێژوویەکیان هه‌یه. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه وتتان بۆنموونە هاتنه‌سه‌ر حوكمیان له‌ئاکامی ناکۆکی وه‌زعی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی ئه‌مریكا، وە دروستكردنی نیزامی سیاسی له‌عێراق به‌و شكڵه‌ی کە ویستیان. لەئەسڵدا سیاسه‌تی بۆرژوازی ئەلتراکۆنسرڤەتیڤی ئه‌مریكی بووه هاتووه ئه‌مه‌ی دروستكردوه‌و ئه‌مانیش لەم كه‌ینوبه‌ینەدا و کێشمەکێشانەدا جێیان بووه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتیان دراوه‌ته ده‌ست. ئه‌مه لەلایه‌ك، بەڵام لەلایه‌كی ترەوە خاسیەتی ئه‌سڵیتریان ئه‌وه‌یه كه ئه‌مان پەیوەندییان له‌گه‌ڵ ئه‌م کۆمەڵگەیە هه‌یه و من ئه‌ڵێم ئه‌مەی دووەم خاڵی جه‌وهه‌ریه بۆ باسەکە. بۆچی ئه‌م کۆمەڵگەیە ئه‌م هێزه ناسیونالیستانە دروست ئه‌كات؟ بۆچی ئه‌یانكات به‌دەسەڵاتدار؟ قه‌ینا ئه‌م ده‌وره‌یان پێدراوه، به‌ڵام بۆ سەرلەنوێ بەرهەم ئەهێنرێنەوە؟ بۆ هێشتا ئه‌م حزبانه ئه‌توانن بەپلەی سەرەکی نوێنه‌رایه‌تی فكر و ئاسۆی قه‌ومی بكه‌ن؟ ئێستا سێ باڵن به‌هه‌موو شكستێكیانه‌وه، به‌ڵام بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی كورد وه‌كو بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی له كوردستاندا، ئه‌م سێ باڵه نۆینەرایەتی ئه‌كا، ستراتیژ و تاكتیكی جیاوازیان هه‌یه بۆ بەڕێوه‌بردنی وه‌زعه‌كه وه ئیداره‌ی کۆمەڵگەی بۆرژوازی، بەڵام ئەمە زه‌ڕه‌یه‌ك له‌وه كه‌م ناكاته‌وه كه سه‌رمایه و سەرمایەداری له‌م وڵاته‌دا، له كوردستاندا ئه‌مانه ئه‌یپارێزن. وه ئه‌مانه ئیداره و حیمایه‌ی ئه‌كه‌ن، ئه‌مه وەسفێکی بۆرژوا لیبرالیه ئه‌گه‌ر بڵێن ئه‌مانه چه‌ندە نامۆدێرنن؟ چه‌ند ئه‌توانن نەزم و نیزامی سه‌رمایه ته‌رتیب بكەن. پەیوەندی ئه‌مان به‌کۆمەڵگەوە لێره‌وه تەعریف ناکرێت، ئە‌و پەیوەندییە له‌وێوه‌یه كه سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری له كوردستانا له‌ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه ئه‌ڕوا. سێ باڵی دواکەوتوون، ستراتیجی جیاوازیان هه‌یه.
گۆڕان ویستی بزووتنەوەیەك دروست بكا کە بتوانرێ به بێ هێزی میلیشیای ئه‌مانه ده‌وڵه‌تێك دروستبێ تا نوێنه‌رایه‌تی سەرجەم بۆرژوازی و بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی كورد بكا. وە دەسەڵات له‌دەستی هێزی حزبە چه‌كدارەکان بێنێته ده‌ره‌وه، بەڵام ئەمەی بۆ نەڕەخساو نه‌بوو. لێره خاڵێك دێته ئاراوه، كه ئه‌مه نه‌بوو مانای ئه‌وه نیه ئه‌م هێزانە پەیوەندییان بە بۆرژوازی و سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری له كوردستانا نه‌ماوه. یا ناتوانن كاریگه‌ری بگێڕن له‌سه‌ر ئیداره‌ی وڵات، بۆچی موجتەمەعەکە راوه‌ستاوه تا ئێستا و نەبووە بە هەڵچوونێکی سیاسی گەورە؟ به‌شێكی تۆقاندنه، به‌شێكی تری ئه‌وه‌یە کە حوكم و ئاسۆ و سیاسه‌تی بۆرژوازی و ناسیۆنالیزم له رێگه‌ی ئه‌م حزب و ره‌وتانه‌وه ئەڕواتە پێشێ و ئه‌م وه‌زعه‌ی راگرتووه. ئه‌گه‌ر نه‌قدی ئه‌م ئه‌زمه‌یه بكه‌ین ئه‌بێ بچینه‌وه سه‌ر ئه‌مه، به‌ڕای من ئه‌مه خاڵی جه‌وهه‌رییه.
ئه‌م ئه‌زمەیەی كه ئێستا دروستبووه، خه‌سره‌ویش ئیشاره‌ی پێدا ئه‌م هێزانه دواكه‌وتووترن له‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له كۆمه‌ڵگەدا دێته پێشه‌وه، ئه‌مه بۆخۆی سەرچاوەی ئه‌زمه‌یه‌كه، به‌ڵام تەنانەت موقاڕه‌نه ناكرێ بۆنموونە به جمهوری ئیسلامی ئێران، كه‌چەندین جۆر و شێوە دواکەوتوویی و خورافاتی هەیە به‌ڵام توانیویه‌تی ئه‌و ئه‌وزاعه رابگرێ و سیسته‌مێك ببا به‌ڕێوه. دیارە ئه‌مانیش بەهەمان شێوە ئه‌م سیسته‌مه ئه‌به‌ن به‌ڕێوه بە هەموو دواکەوتووییان. پێشوتر له‌سه‌ر ئه‌ساسی مەسەلەی گه‌نده‌ڵی خەڵك لەساڵی ٢٠١١ له كوردستاندا، خۆی جیاکردەوە له ده‌سه‌ڵات، بەڵام ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ژیانی خه‌ڵكی گرتۆتەوە، تۆ ناتوانی جواب به‌م کێشەیە بده‌یته‌وه له گۆشەی بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازه‌وه نه‌بێت، من قسه‌كه‌م ئه‌مه‌یه، حه‌ز ئه‌كه‌م بچمه‌سه‌ر ئه‌م خاڵە، چونكه ناسیۆنالیزم هێشتا سه‌یته‌ره‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌وزاعه‌دا له كوردستانا له‌وێوەیه كه ئه‌توانێ به‌هه‌ر سێ باڵه‌كەیه‌وه، به‌هه‌ر شكڵێك بێ، سه‌رمایه و خودی حه‌ره‌كه‌تی سه‌رمایه حیمایه بكا. ئەم سیستمە له‌ڕێی ئه‌مانه‌وه ئه‌ڕوا، بەڵام ئه‌م سیستمە ئه‌مڕۆ به‌حوكمی پەرەسەندنی وەزعەکە بووه به ئه‌زمه‌یه‌كی ئابووری گه‌وره، وه له ئه‌خیردا بووه به ئه‌زمه‌یه‌كی کۆمەڵایەتی و عه‌كس بووه‌ته‌وه له‌سه‌ر كرێكاران، زه‌حمه‌تكێشان، خه‌ڵك به‌گشتی، ژنان، لاوان و له‌سه‌ر هه‌موو توێژەکانیان. ئێمه ناتوانین خاسیه‌تی ناسیونالیستەکان بگۆڕین، خاسیه‌تی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه ئیستیفاده له کێشمەكێشی ناوچەیی ئه‌كه‌ن، كه ئه‌مانه حزبێكی میلیشیایی بوون و چه‌كدارن، كه‌س ناتوانێ چه‌كداری له‌م دوو هێزە بکاتەوە و لایبات، ئه‌وه‌ی كه گۆڕان كردی فه‌شه‌لی هێنا، ئیتر بۆرژوازی كورد نه‌یتوانی به‌و شكڵه‌ی گۆڕان شتێك ئەنجام بدا لەم بوارەدا، به‌ڵام كه ئه‌مه‌ی نه‌كردووه مانای ئه‌وه نیه كه بۆرژوازییه‌ت و سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری نه‌ماوه، به‌عه‌كسه‌وه ئەم قەیرانەی بۆرژوازی بوو به ئه‌زمه‌یه‌كی ئاڵۆزتر، ئه‌زمه‌كه ئێستا نه‌قڵ بووه بۆناو خه‌ڵك. ئه‌زمه‌یه‌ك كه ئێستا نه‌قڵ بووه بۆناو خه‌ڵك جیاوازی هه‌یه تەنانەت له‌گه‌ڵ قەیرانی ٢٠١١ کە پێشتر باسمانكردووه. تاكه رێگه و به‌دیل، بۆ چارەسەری ئه‌م ئه‌وزاعه ئه‌وه‌یه کە لە لۆجیکی حەرەکەتی خەڵکەوە پیادەی بکەیت. ئه‌مان واتە ناسیونالیستەکان به‌هه‌ر خاسیه‌تێكه‌وه كه هه‌یانه تەرەفی بەرامبەری خەڵکن. ناتوانی له لۆجیکی حه‌ره‌كه‌تی ئه‌وانەوە بێی و وەزعەکە چارەسەر بکەی، ئه‌بێ له بەرژەوەندی و لۆجیکی چینەکەی تره‌وه بچی حه‌لی بکەی، بەرژەوەندی زۆربەی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. ئه‌مه‌ش به‌وه ئه‌بێ كه وەك تەرەفێکی سیاسی بێیته‌ناو ژیانی سیاسی کۆمەڵەوە له‌م ئه‌زمه‌یەدا. ئیراده‌ی خه‌ڵك بۆ دیفاعكردن لە ژیانی خۆی، له گوزه‌رانی خۆی پێویستە لەم قەیرانەدا ببێ به سیاسه‌ت و ئیراده‌یه‌كی یەکگرتوو، وه ئه‌مه ببێ به بەشێك له واقعیەتی سیاسی له كوردستاندا.
تا ئێستا له كوردستاندا ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆجیه‌تی ئەم حزبانەیە و به‌مه شه‌رعیه‌تیان په‌یدا كردووه. له وڵاتانی تردا بۆنموونە حزبە کۆنسیرڤەتیڤەکان، حزبی کرێکاری بەریتانی و سۆشیال دیموكراتی ئەوروپا هه‌یه، ئه‌مانە نوێنه‌ری جۆراوجۆری چینی بۆرژوازین، لەبەرامبەریاندا حزبە چەپ و پێشکەوتنخواز و سۆشیالیستەکان هەن، بەڵام لە کوردستان نوێنه‌رایه‌تی سەرجەم چینی بۆرژوازی، بێجگه له ئیسلامیزم كه له پەراوێزدایە، ناسیۆنالیزمی كورد ئه‌یكات به‌پلەی ئه‌ساسی واتە نوێنه‌رایه‌تیه سیاسیه‌كه‌ی. تائێستا له كوردستانا لەگەڵ ئەوەشدا كه ئێمه حزبێكی كۆمۆنیستین و ده‌ورمان هه‌بووه، به‌ڵام سیاسه‌ت و کێشمەکێشی چینایەتی و ئیجتیماعی له دەروونی ئه‌م ئه‌زمه‌یەدا یا دەرەوەی ئه‌م ئه‌زمەیە، نه‌قه‌ڵ نه‌بووه بۆئەوەی كه کێشمەکێش بێت له‌سه‌ر مەسەلەی چه‌پ و راست، حه‌ره‌كه‌ی كرێكاری وه مه‌سڵه‌حه‌تی خه‌ڵك به‌گشتی له‌بەرامبەر ئەوەی كه نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازی ئه‌كا. من ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین سیاسه‌تێكی چالاکانە دابنێین ئه‌بێ تەركیز بكه‌ینه سه‌ر ئه‌مه، وه ئه‌م ئیراده‌یه بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه و خۆی رێکبخا. وه له‌م خەبات و چارەسەرە ئابوورییانەی كه ئه‌یكا ئه‌م بەهێزبوونەی ده‌وری خه‌ڵكی تیابێ، به‌وقه‌ده‌ره‌ی كه ئه‌مه ئه‌بێ، ئێمه ئه‌توانین جواب بده‌ینه‌وه به مەسەلەکانی دیکەش.
سەبارەت بە مەسەلەی جیابوونەوەی كوردستان، ده‌وڵه‌ت دروستكردن، دیارە بۆئه‌وه‌ی ئه‌م مەسەلەیە چارەسەر بکرێت و ئەم فەرشە له‌ژێر پێی ناسیونالیزم دەربكێشی، مه‌فروزه چارەسەری مه‌سه‌له‌ی نەتەوەیی “قه‌ومی” لە ئەجندەتا بێ. ئه‌مه بەگشتی راسته. به‌س له‌م قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییە توندوتیژەی كه ئێستا هه‌یه تۆ ئه‌بێ ئه‌و هێزه‌ی خۆت، ئه‌و هێزه چینایەتیەی کە له کێشمەکێشدایە بەرامبەریان به‌هێز ببێ، وه به‌و ئەندازەیەی كه ئه‌م تەرەفە ئه‌بێ به هێز، ئه‌توانێ رێگه‌چاره‌ی واقعی بۆ ئه‌و مەسەلەیە بێنێته ئاراوه، وە به‌عه‌كسه‌وه نابێ. من قسه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌مان، واتە ناسیونالیزم، ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، تا ته‌وازنێكی تر نەیەتە ئاراوە و تا له دەروونی ئه‌م ئه‌زمه کۆمەڵایەتییەدا چینی کرێکار و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش نه‌بێ به قودره‌تێك كه قسه و کردەوەی سیاسی سەربەخۆی خۆی هەبێ و له‌گه‌ڵ حزبمان و چه‌پ به‌گشتی هاوخەبات بێ، ئه‌م هاوکێشە سیاسییانەی ئێستا ناگۆڕێت. تەنانەت چارەسەرکردنی مه‌سه‌له‌ی نەتەوەیی ناگا بەشوێنێك و بۆت حه‌لناكرێ، تۆ به ئاڕاستەیەکدا ئەڕۆی بۆرژوازی ئه‌یخاته‌وه سه‌ر ئاوی ئاشی خۆی. مەسەلەی نەتەوەیی کێشەیەکە كه لەڕووی مێژووییەوە ئه‌م کۆمەڵگەیە ده‌رگیری بووه، وە من ته‌سه‌ور ئه‌كه‌م لێره‌وه ئەم کێشەیە چارەسەر ئەکرێت.
ته‌جروبه‌ی سیاسی تێکشکاوی ئه‌مانه و ئه‌زمه‌ی ئێستایان مانای كۆتایی هاتنی ناسیۆنالیزم نیه، تەنانەت ئیحتیماله شێوە و جۆری تری زۆر خەتەرناکتر لەم هێزه ناسیونالیستانە بێتە ئاراوە. تاكه رێگه، جارێكی‌تر ته‌ئكید ئه‌كەمەوە، ئه‌وه‌یە كه تۆ بتوانی له‌دڵی ئه‌م وەزعەدا به لۆجیکی ئه‌و پەیوەندییە ئابوورییەی کە هەیە ته‌عامول بكه‌یت له‌گه‌ڵ ئه‌م وەزعە سیاسیه‌دا و جوابی ئه‌م قەیرانە سیاسیه بدەیتەوە. ئه‌م قەیرانە مێژووییە، کە هه‌یانه، مەسەلەکە ئەوەیە کە ئه‌مڕۆ گەیشتۆتە ئەندازە و شكڵێكی به‌هێزتر.
موحسین كه‌ریم:
ئه‌زانی چۆن، من چه‌ند شتێك بڵێم له‌سه‌ر مه‌وزوعی قەیرانی حكومه‌ت و قەیرانی سیاسی و رێگاچارەکان لەروانگەی ئێمەوە. بێگومان خه‌سره‌و و موئه‌یه‌د لەوبارەوە هه‌ندێ مەسەلەیان باسکردو بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵیاندا هاوڕام. ناشمه‌وێ ئه‌وانه دوبارە بکەمەوە. ته‌نها چه‌ند گۆشه‌یه‌ك كه پێموایه لانی كه‌م بۆ روونکردنەوەی بۆچوونی خۆم پێویستە، باس دەکەم. به بڕوای من بۆرژوازی كورد لەچاو بۆرژوازی عەرەبدا وەکو چینێك جێگاورێگایەکی لاوازتری هەبوو لە عێراقدا. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی عێراقی ده‌وڵه‌تێکی بۆرژوازی بووە، بەڵام زیاتر نوێنەری بەرژەوەندی بۆرژوازی عه‌ره‌بی بووه. وەکو چۆن له‌ناو به‌شه‌كان و توێژەکانی بۆرژوازیدا جیاوازی هه‌یه، مەسەلەکە بەوجۆرە نیە کە بۆ یه‌ك هەلومەرجی یەکسان بۆ هەموو بەشەکانی فەراهەم بێت. بەهەمانشیوە بۆرژوازی كورد به بڕوای من له‌ناو بازاڕی کار‌و سەرمایە لە عێراقدا جێگاورێگایەکی لاوازتری هەبوە. ئه‌م جێگاورێگا لاوازترە ئابوریە گواستراوەتەوە بۆ جێگاورێگا سیاسیەکەشی. گه‌ر دیقه‌ت بده‌ی، لاوازی جێگاورێگا ئابوری و کۆمەڵایەتیەکەی بە بەراورد بە بۆرژوازی عەرەب، وه‌كو چینێك، لاوازیەکی سیاسی دابوویە کە هه‌میشه ویستویه‌تی وه‌كو پلەیەکی نزمتر له‌گه‌ڵ بۆرژوازی عەرەبدا لە دەسەڵات و پۆستی دەوڵەتدا به‌شدار بێت. له هه‌موو جموجوڵەکانیدا بۆ مەسەلەی حوكم و بەشداری سیاسی هه‌میشه ئه‌مه ستراتیژیه‌ته سیاسیه‌كه‌ی بووە. واتە وەکو هاوبەشێکی پلەدوو لەگەڵ بۆرژوازی عەرەبدا بەشدار بێت.
له ده‌ورانێكدا كه مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی کەنداو دێته پێشه‌وه، لە ساڵی ١٩٩١دا، بۆرژوازی کورد وه‌كو هێزێكی سیاسی ئه‌یه‌وێت ئه‌م واقعیەتە تێپه‌ڕ بكات. وه‌كو فرسه‌تێك تەمەشای دەکات بۆئەوەی له‌ڕێگه‌ی گۆڕینی ئه‌م هاوسەنگیە سیاسیه‌وه كه بەدەستی هێنابوو، هاوسەنگی ئابوری و بەشداری لە بازاڕی سەرمایە لە عێراقدا بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. وه‌كو چینێك جێگه‌وڕێگه‌یه‌كی باشتری سیاسی و ئابوری دەست بکەوێ له‌وه‌ی كه جاران هه‌یبوو. بەو ئومێدەوە ئە‌چێته ناوچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکاوە لەناوچەکەدا و دەبێتە بەشێك لە شه‌ڕی ئه‌مریكا له بەرامبەر دەوڵەتی بەعسدا. بەڵام ئەم خۆگرێدانە بە ستراتیژی ئەمریکاوە لە هەلومەرجێکی چاوەڕوانیی درێژدا رایدەگرێت و تا ساڵی ٢٠٠٣ درێژە دەکێشێت. نه‌ك نه‌یتوانی ئه‌و ئامانجەی بەدەست بهێنێ بەڵکو تەنانەت كۆمه‌ڵگای كوردستان وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاسایی‌و نۆرماڵ نەمایەوە و به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه چوو. ئه‌و بارودۆخەی دوای ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠٣ هاتە ئاراوە، بڕوای من، بەجۆرێك په‌یوه‌ندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی پێش ١٩٩١یشی لەبەریەک ترازاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌نسور حكمه‌ت ئه‌ڵێ “كوردستان وه‌كو ساڵۆنێکی چاوه‌ڕوانی و ئۆردوگایەکی ئاوارەیی لێهات”. واتە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان وای لێهاتبوو كه هه‌موو چاوه‌ڕێی ئه‌وەیا‌ن دەکرد هێزێكی دیکە له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانەوە ژیان وگوزەرانی دابین بکات، نەك لەرێگای میكانیزمه ئابوریەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە، لەرێگای پرۆسه‌ی بەرهەمهێنا‌ن و بازاڕی ناوخۆوە ژیانی خەڵك دابین ببێت. بەهەرحاڵ، ئه‌وە، به بڕوای من، زه‌ربه‌یه‌كی گەورەی دا له كۆمه‌ڵگای كوردستان و له خودی پێکهاتەی چینایەتی له كوردستان. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەم بارودۆخە دوبارە دەگۆڕێت و پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکاتەوە.
دوای روخانی حكومه‌تی به‌عس، دەر‌وازەیەکی سیاسی بۆ بۆرژوازی كورد ئه‌كرێته‌وه و ده‌رفه‌تێكی ئه‌داتێ كه تەنانەت له باری ئابوریشەوە بچێته جێگاورێگایەکی باشتره‌وه له‌چاو پێشتر و بگرە لەچاو بۆرژوازی عەرەبیدا. واتە ئه‌و هاوسەنگیەی كه له پێشتردا هه‌یبوو، له ٢٠٠٣ به دواوه تا کۆتایی ٢٠١١ ، واتە تا کاتی جێهێشتنی عێراق لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، کە ئاکامی شكستی سیاسەتی ئه‌مریكا بوو لە عێراق، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. لەو دەورانەدا بۆرژوازی كورد چ له ڕووی سیاسیه‌وه جێگاورێگای باشتری هه‌یه، جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتی ناوەند دا به‌شداره و قورسایی سیاسی هەیە، و هەم جێگاورێگاو هەلەومەرجێکی ئابوری باشتری بۆ خۆی دەستەبەر کردوە. کە ئەوەش کۆمەکی کردبوو بەوەی بتوانێت جۆرێك لە جێگیریی سیاسی و بگرە ئابوریش له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیدا فەراهەم بکات. واتە هەلومەرجەکە تا ئه‌م ئاسته ئه‌ڕوات به بڕوای من. ئەگه‌ر دیقه‌ت بدەین، هەر لەودەورانەدا کێشەی نێوان هێزە سەرەکیە سیاسیەکانی بۆرژوازی کورد (یەکێتی و پارتی) هێمن دەبێتەوە و جۆرێك لە حكومه‌تی شه‌راكه‌تیش دروست دەکەن. یه‌كێتی و پارتی وه‌كو دوو هێزی ئه‌سڵی بۆرژوازی، دوو حزبی ناسیۆنالیستی كورد، سەرباری خاسیەتی میلیشیاییان، پێکەوە كۆنترۆڵی بازاڕ ئه‌كه‌ن، كۆنترۆڵی ئابوری دەکەن، كۆنترڵی کۆمەڵگا دەکەن و وەکو دەڵێن جۆرێك لە بوژانەوەی ئابوری دروست دەبێت.
هەر لەو دەورانەدا، ناسیۆنالیزمی کورد، به بڕوای من، وه‌كو فیكر‌و ئایدیلۆژیای بۆرژوازی کورد باشترین فرسه‌تی زێڕینی بۆ دروست ئه‌بێ. کوردایەتی هیچ كاتێك به‌قه‌ده‌ر ئه‌و ده‌ورانه له كوردستانی عێراقدا بەهێز نه‌بووه. بێجگه له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، توانیویەتی نه‌وه‌یه‌ك پێبگەیەنێت كه سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب و ئاڵای كوردستان و بەهاو سیمبولە ناسیۆنالیستیەکان بە پیرۆزیەکانی خۆی دادەنێت. لەو ماوەیەدا ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی كورد، ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و کوردایەتی ئه‌بێ به فکرو بڕوای گشتی لە ئاستی کۆمەڵگادا.
به بڕوای من له ٢٠٠٣ به‌دواوه بۆرژوازی كورد هه‌م وه‌كو چین و هه‌م وه‌كو نوێنه‌رە سیاسیەکانی دەچێتە جێگاورێگایەکی باڵاتره‌وه كه له ئاستی كۆمه‌ڵگادا ئه‌توانێ ئایدۆلۆژیا و فیكر و نەریت و فەرهەنگ و بەها کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی بکاتە فکر و فەرهەنگ و بەهای گشتی. ئەوکاتە کێشە و گرفتەکانیان کەمتر بوو. جۆرێك ئینسجامی ناوخۆییان پەیداکردبوو. وەکو پێشتر ووتم، جۆرە حكومه‌تێکی هاوبەشیان پێکهێنابوو. دەسەڵاتیان لەنێوان دوو حزبە سەرەکیەکەی بۆرژوازی کورد دا دابەش کردبو. کەم تا زۆر ئەوانی دیکەشیان لەدەوری خۆیان و لەناو حکومەتدا سازدابوو. كۆمه‌ڵگا به‌جۆرێك لە رەوتێکی تارادەیەك ئاسایدا ئه‌ڕۆیشتە پێشەوە. ئابوری تارادەیەکی باش گەشەی کرد و سەرمایە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەورە دەبوو. له هه‌ولێرو سلێمانی دنیایه‌ك عه‌قارات و بینا و ئاپارتمان دروست كران. سەدان کیلۆمەتر جاده و بانێك دروست كرا. راپۆرتەکەی دکتۆر ( مارك دی ویەڤەر) مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بەناوی (راپۆرتی ئابوری کوردستانی عێراق ٢٠١٦) زانیاری وورد لەسەر ئە‌و گەشانەوە ئابوریەی کوردستان لەخۆدەگرێت. ئە‌و دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستان کە هەر ئەم یەکێتی و پارتیە بوون، ئە‌و کارانەیان کرد بۆ بۆرژوازی. ژێرخانی ئابوری کوردستانیان بۆ بۆرژوازی و بۆ کەڵەکەی سەرمایە ئامادە کرد و رێکیانخست. هەر ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە دواکەوتوە ئە‌و کارانەی کرد کە هەموو هێزێک و دەسەڵاتێکی بۆرژوایی ئەنجامی دەدات و دەبێ بیکات. پێدوایستیەکانی گەشەی سەرمایە و دامەزراندنی ژێرخانی گونجاوی ئابوری بۆ بۆرژوازی دروستکردن و فراوانکردنەوەی ڕێگاوبان و پرد و بینا و ئاپارتمان و ئە‌و جۆرە شتانەیە. دەبێت ئیمکانات و فرسه‌ته‌كان بۆ سەرمایه دابین بكه‌ی تاكو بتوانێ ئیشی خۆی بكات.
بارودۆخەکە بەوجۆرە بوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠١١، به‌ڵام به بڕوای من، وەکو ووتم، بۆرژوازی كورد لەرووی سیاسیەوە خۆی گرێدابوەوە بە سیاسەتی ئەمریکا و شەڕی ئەمریکاوە لە عێراق، وەکو ئێوه‌ش باستان كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ده‌ورانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌ستی پێ كرد. به‌ڵام بە شکستی سیاسی ئەمریکا لە عێراق ئاسۆی بۆرژوازی کوردیش لێڵ دەبێت. من پێشتر باسی جێگاورێگا لاوازه‌كه‌ی بۆرژوازی كوردم كرد لەبەرامبەر بۆرژوازی عەرەبیدا. بێگومان هێزە سیاسیەکانیشی بەهەمان شێوە بەرامبەر بەهێزە سیاسیەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکە‌ی ئە‌و لاوازدەبێت. بۆیە کاتێك ئەمریکا لە عێراق توشی گرفت دەبێت، ئه‌میش ئه‌چێتەوە جێگاورێگایەکی خراپترەوە. دیقه‌ت بده‌ن تەنانەت هاوسەنگی هێزی لەگەڵ بۆرژوازی عێراقیدا له باری سیاسیه‌وه ئه‌چێته ئاستێكی دیكەو ڕوو له خوار. ئێستا له خراپترین بارودۆخ و له خراپترین ئاستیدایە. تەنانەت بە دانپێدانانی بەرپرسەکانی خۆیان کە دەڵێن “حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی وەکو جاران حسابیان بۆ ناكات!”
ئه‌م واقعیه‌ته و ئه‌م جێگاوڕێگایه‌ی ناسیۆنالیزمی كورد وایکردوە کە بەردەوام نه‌یتوانوه جێگه‌وڕێگایه‌كی ئابوری و سیاسی به‌هێزی هه‌بێ و بتوانێ جۆرێك جێگیریی سیاسی، جێگیریی ئابوری بۆ خۆی دەستەبەر بکات و هه‌میشه سودی لە پەیوەندیەکان و ململانێکانی نێوان ووڵاتان و دەوڵەتانی ناوچەکە و دنیا وەرگرتوە. واتە لەرێگای کاسبیەکی سیاسیه‌وه، هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگی سیاسی داوە تا لەو رێگایەوە وەڵامیش بە ناهاوسەنگیە ئابوریەکەی لەگەڵ بۆرژوازی عەرەبدا بداتەوە. هه‌میشه له‌م نێوانەدا هاتوه و چووه. سەرەتا لەکێشمەکێش و ململانێێ نێوان ئێران و تورکیا و عێراق، دواتر لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا هاتوچووی کردوە. به‌ڕای من بۆرژوازی كورد له ئاستی ناوچەکەدا و به تایبه‌تی له عێراقدا جێگا و مه‌وقعیه‌تی له باری ئابوری و کۆمەلایەتیەوە لاواز بووه، جێگاومه‌وقعیه‌ته سیاسیه‌كه‌شی وه‌كو رەنگدانەوەی بارودۆخە ئابوریەکەی لاوازبوون.
ئێستا کە توشی ئه‌م قەیرانە هاتوە، دەبینین قورساییەکەی چەندقات لەسەر سیستەم و دەسەڵاتەکەی رەنگ دەداتەوە. چونکە وه‌كو باسمان كرد ئەگەر سیستەمە ئابوریەکە توشی قەیران بووبێت‌و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی كه ئه‌مه حاڵ و حسابه‌كه‌ی بێت، به‌م پێشه‌كیه سیاسیه‌وه دروست بووبێت، تووشی قەیرانێکی کوشندە دەبێت. داڕمانی ئابوری داڕمانێكی سیاسی دروست ئه‌كات. هێزه‌كانی بۆرژوازی كورد ئه‌گه‌ر ده‌ورانێك توانیویانه ، بۆنمونە له ده‌ورانی رەونەقی ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا له عێراق (٢٠٠٣تا ٢٠١١) جۆرێك لە رێکەوتنی ستراتیژی بکەن لە نێوان خۆیاندا و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی “یەکگرتوو” دروست بكه‌ن، ئه‌مه ئیترهه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه. هێزه‌كانی بۆرژوازی كورد پرش‌و بڵاودەبنەوە و ناتوانن سەرخانێکی سیاسی یەکگرتوو بۆ چینی بۆرژوازی دابین بکەن. لێره‌وه بێجگه له‌وه‌ی كه ئه‌كه‌ونه به‌رده‌م گلەیی وگازەندەی خودی بۆرژوازیشەوە، تەنانەت دوا شێوازی حوکمداریشیان کە حکومەتی بنکەفراوان بوو تووشی شکست دەبێت و پرۆژە و مۆدێلەکەی بزوتنەوەی گۆڕانیش کە گوایە بڕیاربوو دەسەڵاتی سیاسی گونجاو بۆ چینی بۆرژوازی فەراهەم بکات، فه‌شه‌ل ئه‌كات. دوای ئەوە لێکترازانی سیاسی بۆرژوازی بۆ ئاستێکی فراوانتر دوور دەکەوێتەوە. رۆشنتری بکەمەوە. سه‌رمایه‌داری له کوردستان لە ڕووی ئابوریەوە توشی قەیرانی ئابوری بووه. ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كه‌شی توشی داڕمانێك بووه. واتە هێزە سایسیەکانی بۆرژوازی ناتوانن سه‌رخانێكی یەکگرتوو بۆ بۆرژوازی دروست بكەن . کەواتە ئەم قەیرانەی ئێستا چ فاكته‌رە ئابوریەکە و چ فاكته‌ری ئه‌وه‌ی ناتوانن حكومه‌تێكی هاوبەش و ده‌سه‌ڵاتێكی هاوبەش دروست بكەن، رەنگدانەوەی به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا دەبێ كه له‌سه‌ر كوردستانه. مه‌به‌ستم ئه‌وەیە بەم شێوەی کارەساتبارەی کە ئێستا هەیە بەسەر سەری خەڵکدا دەشکێتەوە.
ڕێگه‌چاره چیە؟ منیش بێگومان هاوڕای ئەوەم کە كۆمه‌ڵگای كوردستانیش وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داری بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م واقعیه‌ته كۆتایی پێ بهێنیت، ئه‌بێ له ڕیشه‌وه سیستەمی ئابوری سیاسی ئێستا هه‌ڵته‌كێنێت. به‌دیله‌كه‌ی شۆڕشی كرێكاری و ده‌سه‌ڵاتی كرێکاری و حكومه‌تی كرێکاریە. ئه‌مه چارەسەرەکەیەتی. به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستادا مەسەلەی ئاماده‌بوونی هۆکاری زاتی، مەسەلەی بنەڕەتیە. هه‌موو گرفتی شۆڕشی كرێكاری ئه‌مه‌یه؛ واتە چۆن له ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا تۆ بتوانی هۆکاری زاتی ئاماده بكه‌ی. به‌تایبه‌تی له‌م هه‌لومه‌رجه داڕماوە ئابوری‌و سیاسیەی کوردستان و له‌م فه‌لاكه‌ته‌ی تووشی جەماوەری کرێکار‌و زەحمەتکێش هاتوە.
به بڕوای من ئه‌بێ بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه چۆن نەخشەیەکی عه‌مه‌لی ته‌رح ئه‌كه‌ین كه له باری سیاسیه‌وه بتوانین وه‌ڵام به‌م بارودۆخە بدەینەوە. تەنانەت لەباری ئابوریشەوە دەبێ وەڵاممان هەبێت. بۆنمونە، ئە‌و هێزانە و ئەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی قەیرانەکەی پێ چارەسەر ناکرێ، ناتوانن مووچە بدەن یان نایدەن. ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی مایەپووچە و ئه‌ڵێ موچه‌م پێ نادرێ و تارادەیەك بێ منه‌تیشه لە نارەزایەتی خەڵك! هێشتا خه‌ڵكیش به جۆرێك ئاماده نیه ئه‌مانه ڕابماڵێ و پاكیان بكاته‌وه. ڕێگاكه‌ی ئه‌وه‌یه دەبێ هاوکات لەگەڵ ئاماده‌كردنی خه‌ڵك له‌باری سیاسی و ڕێكخستنیه‌وه، ئه‌بێ ته‌رحی خۆمان وه‌كو حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بدەین کە ئێمە چۆن دەتوانین ژیانی خه‌ڵك، چۆن دەتوانین مووچه بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به ده‌ست ئێمەوە بێت، چۆن ئەوانە دابین دەکەین. دەبێ ئێمه مۆدیلێك ته‌رح بكه‌ین، بتوانین ڕێگه پیشان بده‌ین كه ئه‌توانین به‌م ڕێگایه موچه و ژیان بۆ خه‌ڵك دابین ئه‌كه‌ین. به ڕای من ناتوانین ته‌نها له چوارچێوه‌ی بەدیلە سیاسیه‌كاندا بسوڕێینه‌وه. بێگومان من ئه‌زانم كۆتاییهێنان به‌م بارودۆخە سیاسیە خاڵێكی گرنگە. به‌ڵام خاڵێكی جه‌وهه‌ری و كه له پلینیۆمیشدا باسمان كرد ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئه‌بێ وه‌ڵام به‌م گرێ ئابوریەش بده‌ینه‌وه كه ژیانی خه‌ڵكی وێران كردووه. لێره‌وه ئه‌توانین چینی كرێكار و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌م واقعیه‌ته‌ی ئێستای بهێنینە دەرەوە و هه‌نگاوێك بیبه‌ینە پێشه‌وه و ئاماده‌ی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه زه‌مینه‌كانی ڕێكخراوبوونی سیاسی خۆی به‌ره‌و ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی له‌م ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌دا فەراهەم بكات.
جه‌مال موحسین:
منیش موداخه‌له‌یه‌كی خۆم به كورتی ئه‌كه‌م چونكه خاڵێك پێم زه‌روره ئاماژه‌ی پێ بكه‌م كه له قسه‌كانی ئه‌خیری موحسین‌دا به‌جۆرێك هات. ئه‌زانی من ئه‌ڵێم قه‌یرانی ئابوریه و بنبه‌ستی سیاسی و حكومه‌تیه و ئه‌مه ئیتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ژیانی خه‌ڵكدا. بۆ كۆمۆنیستێك به بڕوای من ئه‌و پرسیاره زۆر جدیه، چۆن ئه‌م قه‌یران و بنبه‌سته بگۆڕین به قه‌یران یان هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشگێڕانه؟ من پێم وایه مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی گرنگه بۆ ئێمه. بۆیه لێره‌دا ئه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ باسی لینین كه هه‌م له باسی داڕمانی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دوودا ئه‌یكات له به‌شی دوودا وه هه‌م له نه‌خۆشی چه‌پڕه‌وی مناڵانه‌دا ئه‌یكات. له‌و دوو باسه‌دا له سێ شت زۆر ته‌ئكید ئه‌كاته‌وه سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێڕانه. بۆیه من پێم باشه ئاماژه‌ی پێ بكه‌م. ئه‌و ئه‌ڵێت كاتێك كه چینی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌توانێ به‌بێ هیچ گۆڕانكاریه‌ك له وه‌زعی پێشوودا ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپارێزێ وه له ناو خودی خێزانی بۆرژوازیشدا قه‌یران له شكڵ و فۆرمی جیاوازدا خۆی نیشان بدات وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌یبینین له كوردستاندا، به‌جۆرێك به‌بڕوای من، وه ته‌بعه‌ن ئه‌مه قه‌یرانه سیاسیه‌كه‌شی به‌دوادا دێت. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌ی كه كاتێك چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌گاته ئاستێكی زۆر ناله‌بارتر له‌وه‌ی كه له كاتی ئاسایی‌دا هه‌بووه، ئیتر بۆ نمونه موچه‌ی ٥ مانگ كه مافی پاروی ده‌می مناڵانه نه‌درێ ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕیه‌تی به‌ڕاستی. وه خاڵی سێیه‌میشیان كه باسی ئه‌كات وه وه‌كو ئاكامێك بۆ ئه‌و كار یان خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه یانی چالاكی جه‌ماوه‌ر له په‌یوه‌ند به‌و دوانه‌ی سه‌ره‌وه به‌جۆرێكی توند و پته‌و بچێته سه‌ره‌وه كه كرده‌وه‌یه‌كی (ئاكشنێكی) مێژووی بهێنێته ده‌ره‌وه. من به‌شێك له سیماكانی ئه‌مه له كوردستاندا ئه‌بینم به‌ڵام ئه‌و ئه‌ڵێ بوونی هه‌لومه‌رجێكی له‌م بابه‌ته‌ش ئۆتۆماتیك ناكاته شۆڕش. ئه‌مه خاڵێكی گرنگه به‌ڕای من. له قسه‌كانی عوسماندا لایه‌نێكی تیا بوو و منیش پێم وایه وه لینینش ته‌ئكیدی لێ ئه‌كاته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتێك كه وه‌ڵامیشی به‌و شتانه نه‌دابێته‌وه ئه‌توانێ درێژه به ته‌مه‌نی خۆی بدات ئه‌گه‌ر نه‌یڕوخێنیت هه‌تا با له‌و ئه‌زمه‌یه‌شدا بێ، هه‌تا با له‌و هه‌لومه‌رجه‌شدا بێ. له قسه‌كانی موئه‌یه‌ددا باسی ساڵی ٢٠١١ كرا، یان كاتی ١٧ ی شوبات خۆ كه‌وتبووه ئه‌و بنبه‌سته‌شه‌وه به‌س چونكه ئه‌م زه‌مینه‌یه له‌بار نه‌بوو نه‌یتوانی هه‌لومه‌رجه‌كه بكات به شۆڕشێك دژ به ده‌سه‌ڵات و بیڕوخێنێت. ئیتر به بڕوای من ئه‌مه باره ئۆبژێكتیڤه‌كه‌یه‌تی (عه‌ینیه‌كه‌ی) كه له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. باری زاتیه‌كه‌یه‌تی كه چینی كرێكارێكی شۆڕشگێڕ، ڕێكخراو بێته ده‌ره‌وه و جموجۆڵێكی شۆڕشگێڕانه وه له ئاستێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریدا به‌ڕێبخات و بتوانێ ئه‌و مۆره بدات له كۆمه‌ڵگا وه ده‌وری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریش ئه‌وه‌یه كه چۆن ئه‌م هه‌لومه‌رجه لێره‌وه ئاوها ئه‌گۆڕێت بۆ ئه‌و جۆره هه‌لومه‌رجه و ئه‌و ئیتجاهه شۆرشگێڕانه‌یه‌ی پێ ئه‌دات. ئه‌گینا من پێم وا نیه له خۆیه‌وه ئاڵوگۆڕێكی وا ڕووبدات، نازانم مه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته سه‌رئه‌نجام وه‌ڵامی هیچ شتێكی بۆ نه‌درێته‌وه ئیتر بپوكێته‌وه و هه‌ڵوه‌شێته‌وه به‌ڵام من پێم وایه هێشتا زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی كه خۆی بپوكێته‌وه (اضمحلال بكات) نیه. وه ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌م چینه شۆڕشگێڕه ئاماده و ساز نه‌ده‌ین و نه‌گه‌ینه ئه‌م توخمه زاتیه‌ی كه باسم كرد ناتوانێ ئه‌و ڕوخانه بسه‌پێنێ به‌سه‌ر بۆرژوازی كوردیدا وه كۆمه‌ڵگا له‌و بنبه‌سته ده‌ربكات.
جه‌مال موحسین:
درێژه به‌م باسه ئه‌ده‌ین به‌ڵام هه‌ر هاوڕێیه‌ك چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك قسه بكات.
عوسمانی حاجی مارف:
من چه‌ند شتێك بڵێم، هه‌ر ئاڵوگۆڕێك کە له ماوه‌ی ٢٥ ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یەکیتی و پارتیدا پێش هاتبێت به‌ڵام به درێژایی ئه‌م ٢٥ ساڵه لە هەوڵی گەورەکردن و بەهێزکردنی هێزە میلیشیاکەیان و داسەپاندنی دەسەڵاتی حزبەکانیاندا بون، ئه‌م دیاردەیە چیه و بۆ وادەکەن؟ چه‌ند باسمان لەسەر باری دامەزراندنی سه‌رمایه بێت، یان باسی پەیوەندیان بە ووڵاتانی جیهانەوە بکەین، بەڵام نەیان توانی ئەمنیەت و ئارامی بۆ دامەزراندنی سەرمایە دابین بکەن، ئەتوانم بڵێم وەک دوو هێزی میلیشیا مەترەح نەبووە ئە‌و کارە بکەن، ئەوەش کە لە پڕۆژەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بوو، وەک نوێنەری بەشێک لە بۆرجوازی هەوڵێک بوو بۆ دابین کردنی فەزایەکی ئەمن و ئارام بۆ کاروباری دامەزراندنی سەرمایە، ئەویش باسکردن بو لەسەر بە وەلانانی دەوری هێزی میلیشیا و دەسەڵاتی حزبەکان، پڕۆژه‌كه‌ی گۆڕان بۆ لابردنی هێزی میلیشیا له‌و ده‌ورانه‌دا كه بە دوای ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکیتی و پارتیدایە و بەدوای ڕوخانی بەعسدا مەترەحی دەکات، لە هەمان کاتدا فەزایەک لە گەشانەوەی ئابوری سەری هەڵدا و سەرمایە بەشیوەیەکی فراوان بێ سەروبەر کەوتە جوڵە، بۆیە پڕۆژەکەی گۆڕان دەیویست بە شێوازێکی تر وەڵام بە حەرەکەی سەرمایە و بوژانەوەی ئابوری بداتەوە، بە دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکرات، کە گوایە پێویستی بە هێزی میلیشیا و ناوچەی زەردو سەوز نیە، یانی کوردستان کە لە بوژانەوەیەکی ئابوریدایە و پێویستی بە دابینکرنی پێداویستیەکانی دامەزراندنی سەرمایەیە و حزبەکانیش دەبێت نوێنەرایەتی ئەم ئاڵوگۆرەبکەن لە دامەزراندی حکومەت و یەک ئیدارەییەوە تا کردنی میلیشیاکانیان بە هێزی دەوڵەت، بەڵام لە دنیای واقعدا و لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ناوچەکەدا پرۆژەکەی گۆڕان بێ بنەماو پوچ ئەمێنێتەوە. چونکە ئەم بوژانەوەی ئابوریە بۆ خۆی حاڵەتێكی کاتیەو ناتوانێ لە ناو جەنجەڵی گێژاوی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا بەردەوام بێت، هەروەها له په‌یوه‌ند بە ستراتیژ‌و سیاسەتەکانی ئەمریکاوە ئەم فەزایە پێش هات، بە دوای ڕوخانی حكومه‌تی عێراق و بەده‌ست هێنانی بودجه‌یەک لە حکومەتی ناوەندیەوە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، داوتر بەرهەم هێنان و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت و پەیوەندی ئابوری و بازرگانی لە گەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا ئمکاناتێکی خەیاڵی بوو کە بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ پارتی ویەکێتی، سه‌یری بكه‌ن، بزانه بە چ جۆرێك ئه‌و خه‌ڵكه‌شیان لەپەیوەند بەم بوژانەوە ئابوریە رێکخست، بۆ نمونە جۆری دابەشکردنی موچە و، دامەزراندنی کارمەندانێکی زۆر زیاد لە پێویست، دانی موچە بە کەسوکاری شەهیدان، وە زیندانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین، هەتا ئه‌ندام كۆمیته‌كانیان و بەرەو خواریش. له هه‌مان كاتیش‌دا هێزی میلیشیاییه‌كه‌یان بەهێزتر کرد، ئه‌وه‌ی كه گۆڕان فه‌شه‌لی كرد و پڕۆژەکەی بەتاڵ مایەوە، ئه‌وه‌یه كه خودی ئه‌م هێزه سیاسیانه لە ڕێکخستنی جۆری ئابوری کوردستان و دەست بەسەراگرتنی چاڵە نەوتیەکاندا و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت و چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی بودجە لە بەغداد، مامەڵەیەکە لە بنەڕەتدا پەیوەند بە حزبەکان و ڕێکەوتنی حزبەکان و بە هێزی میلیشیا لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێز رێکخراوە، بەو مانایە هەر لە بنەرەتەوە پرۆژەکەی گۆران بن بەست و شکست خوارد‌و دەبێت.
لە هەلومەرجێکی نالەباری سیاسی کە لە ناوچەکەدایە و هێزە میلیشیاکان دەسەڵاتدارن، باسکردن لە یەک ئیدارەیی و کردنی میلیشیاکانیان بەهێزی نیشتمانی نەگونجاوو ناواقعیە، گەر ئە‌و حزبانە دەستبەرداری هیزی میلیشیایان بن و یەک ئیدارەیی پێک بهێنن.. دیارە کە حاکمەیەت لە دەست ئەدەن ناتوانن لە دەسەڵاتدا بەردەوام بن، من له‌گه‌ڵ ئه‌وقسەیەدا‌م کە حزبە کوردیەکان پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی و نفوزی سیاسی خۆیان هەیە، هیچ حزبێك بێ پەیوەندی کۆمەڵایەتی بونی سیاسی نابێت، هەروەها حكومه‌تی به‌عس به چەوسانەوە و زۆرملێ و ئیعدام و ئەشکەنجە دەسەڵاتی بەڕیوە دەبرد و سەرمایەی دەپاراست، نەک بە دۆخێکی ئازاد و ڕۆتین سه‌رمایه گه‌شه بکات لە عیراقدا. جا ئێستا مەسەلەی ئه‌ساسی کە پێشتر لە قسەکانماندا ئاماژەمان پێ کرد، عێراق لەو ووڵاتانە حساب دەکرێت کە لە چوارچێوەی حه‌وزه‌ی كاری هه‌رزاندایە کە لەڕێگەی زەبروزەنگەوە ئەم حەوزەیە دەپارێزرێت، ئایا ئه‌م حزبانه گه‌ر واز له میلیشیا بهێنن ئه‌توانن پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بپارێزن؟ ئه‌توانن له ده‌سه‌ڵاتدا به‌رده‌وام بن؟ به بڕوای من ناتوانن ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هێشتونه‌ته‌وه جۆری ئه‌و پێکاهاتەیەیە کە وەک حزبی میلیشیا دەسەڵاتی سیاسی بەریوە دەبەن، ئه‌م حزبە ناسیۆنالستانە بە گشتی خەڵک پێیان دەڵێت مافیا و تاڵانچی و گەندەڵ ، کوردستانیان لە نێو خۆیاندا دابەشکردووە و ناتوانن حکومەتی ناوەندی بەمانای یەک ئیدارەیی دامەزرێنن، بۆ نمونه ئەوەی لەسەردەمی حکومەتی به‌عسدا بو کە مەرکەزیەتی عێراقیان پاراستبو وه‌كو نوێنه‌رێكی بۆرژوازی كۆنترۆڵی تەواوی دەمارە بنەڕەتیەکانی ئابوری عیراقیان کردبوو، حزبەکانی کوردایەتی لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکە و عێراقدا ناتوانن ئه‌م كاره بكه‌ن و بۆشیان ناکرێت، هه‌تا مه‌سه‌له‌ن حکومەتی ئێستای عێراق ناتوانێ وه‌ك سه‌دام بكات، بۆ نمونە له به‌سره گروپێک یا دەستەیەکی میلیشیا ده‌ستیان به‌سه‌ر چاڵه نه‌وته‌كاندا گرتووه، ئه‌و حكومه‌ته‌ی له مه‌ركه‌زدایه ناتوانێ وه‌كو سه‌دام كۆنترۆڵی رومه‌یله بكات، موسڵ ئه‌وه‌تا داعش به ئاسانی له‌ژێر ده‌ستی دەرهێنان، یانی واقعی ئێستای عێراق بە دوای فەشەلی سیاستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و واقعی فراوان بونەوەی گێژاوی سیاسی له ناوچەکەدا عێراقی به‌جۆرێك به‌ش كردوه كه ئاینده‌كه‌ی نادیارە. به تایبه‌تی ئه‌م دابه‌ش بونه له كوردستاندا زووتر ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام واقعیه‌تێك کە تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه ناتوانێ له تایبه‌تمه‌ندێتی وه‌زعی كوردستان یان هه‌تا وه‌زعی عێراق ده‌رچین. یانی تایبه‌تمەندێتیه‌ك به هه‌ر ئاستێک ئه‌وه‌ی كه له په‌یوه‌ند به بەرژەوەندی ووڵاتانی جیهانی و ناوچەکە‌وه‌یه، و لە پەیوەند بەكێشمه‌كێشی جیهانیه‌وه‌یه. مه‌سه‌له‌ن ئه‌و قسه‌یه‌ی كه خه‌سره‌و ئه‌یڵێ یه‌كێك له‌و ڕێگا چارەسەرانە ئەوەیە کە ئەم پەیوەندیەی کوردستان بە حکومەتی ناوەندیەوە، دەبیت کۆتایی پێ بێت و بپچرێت و دەوڵەتێک دامەزرێت، ئەمەش ڕێگا چارەیە و دەرکێشانی کوردستانە لە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی، تەرحی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له کوردستاندا ئێستا لە سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی نیه، له‌و دیدگایەوە مەترح نیە و ناكرێ. ئه‌زانی چۆنه، بچڕینی ئه‌و پەیوەندیەی هەریمی کوردستان لە حکومەتی ناوەندی. دەبێت ئێمە و خەڵک بیکات ئەوان نەک نایکەن بەڵکو سەودا و مامەڵەشی پێوە دەکەن، پچڕاندنی ئە‌و پەیوەندیە یانی وەڵامدانەوە بە بەشێکی گرنگ لەم گێژاوە سیاسیەی یەخەی بە هەمومان گرتووە، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت لە کوردستان بۆ ئێمە بەو مانایە نیە کە خواست و ئارەزووە ، بەڵکو وەک پێداویستی و ڕێگا چارەیەكه چۆن له‌م قه‌یران و گێژاوە سیاسیە کوردستان بێتە دەرەوە و رزگاری بێت، هەڵبەتە ئەوەش رۆشنە کە ئێمە وەڵام بە قەیرانی ئابوری نادەینەوە، بەڵکو دەبێت ڕێگاچارەی پاراستنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکار لە کارەساتی قەیرانەکان مەترەح بکەین و کاری لەسەر بکەین، ئێمه ڕابەری شۆڕشی کرێکاری ئه‌كه‌ین چونكه ئاراستەی ئێمە چارەسەری قەیرانەکانی سەرمایەداری نیە، بەڵکو هەڵوەشانەوەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداریە، هەروەها وەڵام دانەوە بە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی باسەکەی بۆ ئێمە ئەوە نیە کە کێشەی نێوان حزبەکان یەکلایی بێتەوە، بەڵکو کاری ئێمە ڕێکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کە بێنە مەیدان و دەخالەتی جدی و ئەساسیان هەبێت لە کاروباری سیاسی و دەوڵەتدا، لەهەمان کاتدا دەبێت هەوڵ بدەین كه ئە‌و قه‌یرانە سیاسیە‌ش نەک نەبێتە کارەسات بۆ خەڵک بەڵکو به قازانجی هاتنە مەیدان و دەوری خه‌ڵك بێت بۆ پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕێك کە بەرژەوەندی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرێتە پێشەوە، هەنگاوێکی گرنگ بۆ وەڵام بەم قەیرانە سیاسیەی ئێستای کوردستان دابڕینێتی لە دەوڵەتی ناوەندی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، هەتا ئەگەر بەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتی خەڵک بگاتە ئەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی وەلابنێت، شوراکان دامەزرێن، واقعیەتی ئێستای کوردستان ئەوە مەترەح دەکات کە دەبێت ئە‌و چاوەڕوانیە لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا بپچڕێت و کۆتایی پێ بهێنرێت، دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنرێت.
خه‌سره‌و سایه:
من له‌م به‌شه‌دا ئه‌مه‌وێ باس له مه‌سه‌لەیەک بکەم کە زەروورە له‌م سمینارەدا ئاماژەی پێ‌بکرێ، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غدایە. هاوڕێ عوسمان به‌جۆرێك ئاماژەی بە گێژاوێكی سیاسی کرد کە لەئێستادا کوردستان تێیکەوتوە. بەرای من گه‌ر ده‌سه‌ڵات به ده‌ست كارگه‌ر و كۆمۆنیسته‌كانیشه‌وه بێ، دەبێ وەڵام بەم گێژاوە سیاسیە بداتەوە، واتە دەبێ چاره‌نوسی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدا یه‌كلا‌كاته‌وه، ئەگەر نا هه‌مان ئە‌و کێشە و گرفتانەی ڕووبەروی دەسەڵاتی ئێستای حزبە ناسیونالیستەکان بۆتەوە، بەهەمان شێوەش یه‌خه‌ی ئه‌گرێت. بۆیه به ڕای من ئه‌م مه‌سه‌له‌یه گرنگیەکی سیاسی جدی هەیە.
من له سه‌ره‌تای قسه‌كانمدا وتم یه‌كێك له موئه‌له‌فه‌كانی ده‌ركه‌وتنی قه‌یرانی ساختاری له كوردستان به ئیزافه‌ی قه‌یرانی ئیقتسادای وحكومه‌تی، قه‌یرانێکی تریش له‌م په‌یوه‌ندەدا لەئارادایە. چونكه مه‌سه‌له‌ی مه‌وقعی كوردستان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ناتوانێ هەروا بەنادیاری و هەڵواسراوی بمینێتەوە، خودی ئەم حاڵەتە بنەمای ئە‌و گێژاوە سیاسیەیە کەهاوڕێ عوسمان ئاماژەی بۆ دەکات. بەتایبەتی ئەگەر بمانەوێت باس لە ئیقتسادی سه‌ربه‌خۆ وەیا ده‌وڵه‌ت لە كوردستاندا بکەین، ئه‌بێ پەیوەندی له‌گه‌ڵ به‌غدادا یه‌كلا بكه‌ینه‌وه. ئاخر ناکرێ هه‌م باس لە ئیقتسادی سەربەخۆ وده‌وڵه‌ت بکرێ و هه‌م بەم شیوەیەی ئێستا قاچێکت لەبەغدابێت. ئەم گێژاوە سیاسیەی ئێستا بەرئەنجامی تێکچوونی تەوازنی ێیوان ناسیونالیزمی کورد و هێزە عێراقیەکانە. له قۆناغێكدا بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ته‌وازن قوای نێوان بۆرژوازی كورد و بۆرژوازی له عێراقدا، له‌ژێر سایه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا، له ژێر چەتری “ده‌وڵه‌تی فیدراڵ”دا جێگیرکرا و هەموویان موته‌حید بوون و دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان دابه‌ش كرد و لە دەستوری عێراقدا رەسمەیەتیان پیدا. ئێستا ئه‌م تەوازنە تێکچوە و نه‌ماوه. ده‌وره‌ی شه‌ڕی مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ مالكی و ده‌وره‌ی ئێستاش له‌گه‌ڵ عه‌بادیدا نه‌تیجه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ته‌وازونه تێكچووه كه پێشتر له‌سەری ڕێکەوتبون و لە ده‌ستوردا جێگیریان کردبوو. بۆ نمونه ئێستا جه‌ماعه‌تی عێراقیه‌كان هەریەکەیان نه‌وعێك ته‌عریف بۆ بەند و بڕگەکانی دەستور دەکەن و حزبە ناسیونالیسەتەکانی كوردیش نه‌وعێكی تر ته‌عریفی بۆ ئه‌كه‌ن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کێشمەکێش و تەوازنی هێزەکان گۆڕاوه، هاوکات ئنیعكاسی هەلومەرج و كێشمه‌كێشی نیوان دەوڵەتان وهیزەکانی ئێستای ڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مه‌سه‌له‌ی جه‌نگه له سوریادا. ئێستا هەر هێزو لایەنە دەیەوێت به‌شی زیاتر بۆخۆی بپچڕێ و لە ئاستێکی تردا بکەوێتە هاوسەنگیەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا. بۆیه به بڕوای من باسی ده‌وڵه‌ت دروستكردن لە کوردستان یه‌كێك له مه‌سه‌له سەرەکیەکانە. ئەگەر كارگه‌ر وزەحمەتکێشانی کوردستان لە خەباتی چینایەتی خۆیاندا لەدژی بۆرژوازی کورد کۆمۆنیزم وبەرنامەی کۆمۆنیستەکان هەڵبژێرن و بیانە‌وێ به‌ره‌و کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی هەنگاو هەڵگرن، تەنانەت ئەگەر بیانەوێت كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌مه‌ی ئێستا باشتر بەدی بهێنن کە لانی کەمی باشبژیوی و ئازادیەکان و ئارامی تیا سەقامگیربێت، بە پێویست دەبێ ده‌وڵه‌ت له كوردستاندا دامەزرێنرێ، واتە بەیەکجاری چاره‌نوسی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕۆشن بێتەوە و لەبازنەی ئە‌و یاریکردنەی کە ئەحزابی ناسیونالیستی کورد دەیکەن بەچارەنوسی کۆمەڵگاوە دەرکێشرێ.
حه‌ز ئه‌كه‌م هەر لەم بارەیەوە لەسەر خاڵێکی‌تر راوەستم. بۆرژوازی كورد جگەلەوەی لە پرۆ‌سەی سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداری لەعێراقدا سەری هەڵداوە، هاوکات ناسیۆنالیزمەکەشی وه‌كو هه‌ڵگه‌ڕا‌وه و ڕوویه‌كی تری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی لە عێراقدا، بەوجود هاتوەو جوڵانەوە وئەحزابەکانی خۆی شکڵپیداوە. بەواتایەکی تر شکڵگرتن وهاتنه سه‌ر كاری دەولەتێکی قەومی لەعیراقدا سته‌می میلی لەسەر خەڵکی کوردستان دروست کرد، لەبەرامبەردا ناسیونالیزمی کورد وەک هەڵگەرانەوەیەک بەرامبەر بەم دەوڵەتە قەومیە، خۆی بەو ستەمە میلیەدا هەڵواسی و وەک نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان خۆی داسەپاند. تا لەم ڕێگایەوە و بەناوی “نوێنەرایەتی خەڵکی کورد”ەوە، هەم شەراکەت لەدەسەلاتی مەرکەزیدا بەدەست بهێنێ وهەم خۆی بازاری کار و سەرمایە لە کوردستاندا بچەرخێنێ و كرێكاری كوردستان بچه‌وسێنێته‌وه. دوای ڕوخانی سه‌دام حسێن ناسیۆنالیزمی كورد به‌م ئامانجەی خۆی گه‌یشت و هەم توانی بە ئامانجی شەراکەت لە دەوڵەتی مەرکەزی عێراقدا بگا وهەم توانی كۆنترۆڵی ئیقتسادی كوردستان و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرێت و سەرەنجام حکومەت و ده‌سه‌ڵاتێك دابمه‌زرێنێت. لە تەجوروبەیەکی ئاوادا بەڕۆشنی دەردەکەوێت کە ناسیونالیزمی کورد ده‌وڵه‌ت دروست ناكات و هه‌میشه باسی شەراکەت ودابەشکردنی دەسەڵات و ئیمتیازاتەکان لەگەڵ عیراقدا دەکات، تەنانەت حزبە ناسیونالیستەکانی کورد له به‌شەکانی تری کوردستاندا بەگشتی باسی شه‌راكه‌ت لەدەولەتدا دەکەن نەک دەولەتی سەربەخۆ. كێشمه‌كێشی بەردەوام له‌گه‌ڵ به‌غدا و راگرتنی كۆمه‌ڵگای كوردستان له گێژاو و سه‌رگه‌ردانیه‌كدا، تەنها به خاتری ئه‌وه‌یە ده‌وره‌یه‌ك ته‌وافق بکەن لەسەر وەرگرتنی ئیمتیازاتی زیاتر و ده‌وره‌یه‌كی تر دووبارە ده‌كه‌ونەوە كێشمه‌كێش لەسەر وه‌رگرتنی هەندێ ئیمتیازاتی زیاتر. ته‌واوی ئه‌و ماوانه‌ی كه مه‌سعود بارزانی له ده‌وره‌ی مالكیه‌وه تا ئێستاش کەله‌گه‌ڵ عه‌بادیدا درێژه‌ی پێ ئه‌دات، لەسەر مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆی کردنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت بووە، كه زۆرترین ئیمتیازاتی ئیقتسادی بەدواوەیە، واتە بارزانی دەیەوێت هه‌م نه‌وتیش بنێرێته ده‌ره‌وه و هه‌م به‌شه بودجه‌شی ببێ. قسه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه بڵێم ئه‌م بۆرژوازیه به‌م فۆرمه ئیكتفای كردوه. ناسیونالیزمی کورد بەپێجەوانەی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی یان ناسیۆنالیزمی توركەوە، کە توانیان لەوڵاتانی عەرەبی و لە توركیا ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن دامه‌زرێنن، بەڵام ئەم ناسیونالیزمە ئەمە لە بەرنامە و جیهەتی کاری‌دا نییە. من له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا موته‌فیقم كه بۆرژوازی كورد بەهەموو مانایەک هەڵگری هێچ ئاستێک لە پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی وپێشڕه‌وی نیە و به ته‌واوه‌تی بزوتنەوەیەکی كۆنه‌په‌رست وسەرتاپا دواكه‌وتوه.
کەوایە ڕێگا حل چییه؟ كۆمۆنیسته‌كان چۆن وەڵامی ئه‌م دۆخەو بەربەستەکان دەدەنەوە و لە ئێستاشدا دەبێ لە کوێوە دەست پێبکەین؟
بێگومان ئەوە ڕۆشنە کە وەڵامی ئێمە کۆمۆنیستەکان بە دۆخی ئێستا و قه‌یرانێكی سیاسی و ئیقتسادی کە یەخەی کۆمەڵگای گرتوە تەنها یەک شتە ئەویش شۆڕشی كرێكاری وده‌ركێشانی ئیقتساد و سیستمی حوكمڕانیه به حكومه‌تێكی كارگه‌ری وبه ئیقتسادێكی سۆسیالیستی. واتە گۆڕینی سه‌رمایه‌داری كوردستان بەهەموو پێکهاتوەکانیەوە به سۆسیالیزم. بەڵام ئەمە حوکمێکی گشتیە و دەبێ وەڵام بەوپرسیارە بدەینەوە کە چۆن ولە چ پرۆسه‌یه‌كی واقعیدا بەم ئامانجە دەگەین؟ بەتایبەتی کە هەموومان پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کەهێشتا چینی کرێکاری کوردستان ئامادە نیە وهێشتا پێداویستیەکانی شۆڕشێکی ئاوا هەڵنەرەخسێندراوە.
به ڕای من وەڵامی ئەم پرسیارە لەئێستادا لەدۆخی ئێستا‌و نارەزایەتیەکانەوە دەست پێدەکات. ئه‌وه‌ڵین مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه كه ئه‌بێ خه‌بات و ئیعترازاتی جه‌ماوه‌ری له شه‌رایتی ئێستادا له کۆمەڵیک خواستی سادەوە ده‌ست پێ بكات و بەرین بکرێتەوە و بەشیوەیەکی ڕێکخراو بەرەو جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی كوردستان له دوو شت ڕێچكه بگرێ. یه‌كێكیان، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌بێ وه‌لابنرێ چونكه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی كورد هه‌م له زاویه‌ی عامیه‌ی خه‌ڵكه‌وه و هه‌م له زاویه‌ی ته‌به‌قه‌ی كارگه‌ره‌وه ڕێگره له‌به‌رده‌م پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. تەنانەت تۆ ناتوانی سكۆلاریزم له كوردستاندا بەدەست بهێنی، ناتوانی ئازادیه‌كان به‌ركه‌ماڵ بكه‌ی، ناتوانی مافی ژنان ته‌ئمین بكه‌ی، ناتوانی قانون كارێكی پێشڕه‌و به قازانجی ژیانی كرێكاران دابین بكه‌ی، ناتوانی خزمه‌تگوزاری کافی و گشتی بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ی هه‌تا ئه‌مانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بن. یه‌كه‌م كۆسپ ئه‌وه‌یه ئه‌بێ ئه‌مانه لاببرێن. كۆسپی دوه‌میش به ڕاستی ته‌كلیفی كوردستانه كه ئه‌بێ ببێ به ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه تایدا خەڵک دەخالەت بدرێ لەبەرێوەبردنی کاروباری ولاتدا… من پێم وایه ڕێچكه‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه له ئیعترازاتی ئێستاوه دەست پیدەکات. ئێمه ئه‌بێ ئەم نارەزایەتیانەی ئێستا لەجوڵانه‌وەیەکەوە بۆ نان و باشبژێوی ڕێبەری وڕێنمایی بکەین. له ئێستادا به تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان، مه‌سه‌له‌ی موچه، مه‌سه‌له‌ی مه‌سكه‌ن، مه‌سه‌له‌ی بێكاری هه‌موو ئه‌مانه لە لائیحەیەکی داخوازیە جەماوەرەیکاندا جێگیر بکرێ و بخرێتە بەردەم هەموو بەشە نارازیەکانی کۆمەڵگاوە و لە دەوریان جەماوەر کۆبکرێتەوە و شێوازێکی ڕێکخراوەیی بۆ هیدایەتکردنی نارەزایەتیەکانیان پێشنیار بکرێ وسەرەنجام بنەماکانی یه‌ك بزوتنەوەی ڕه‌فاهی ئیجتماعی لەنێو خه‌ڵكدا پەرەپیبدرێ وفراوان بیتەوە بەجۆرێک کەهەموو ناوەندەکانی کار، کارگەو بەڕیوەبەرایتەیەکان، زانکۆ وقوتابخانەکان، گەرەکەکان.. بگرێتەوە . وە له‌جەرگەی ئەم خەباتەدا مەلزوماتی هه‌ڵكشان بەرەو جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی كه به‌رامبه‌ر بەدەسەلات ڕاوه‌ستێ و هەنگاو بەهەنگاو تەوازنی نێوان جەماوەر و دەسەڵات بگۆڕێ، بێتە مەیدانەوە. جه‌ڵانه‌وه ئەبێ له خواره‌وه لەشکڵی ڕێکخستنی شوراکان، كۆنترۆڵی كارگه، دەسەلاتی جەماوەری شورایی لە گەڕەکەکان وزانکۆ ودامەزراوەکان، دەستی بۆببرێ و وەک حەرەکەتێک هەم بۆ بەدەست هێنانی داخوزیەکان وهەم بۆ سه‌لبی مه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستی ڕۆڵ بگێرێ و بەوپێیەش ته‌وازونی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بگۆڕێ.. بێگومان لەپرۆسەیەکی ئاوادا دەتوانری هەم جێگاوڕێگای ئێستای چینی کرێکاری کوردستان لەرووی هوشیاری وئاستی ڕیکخراوبوونی حزبی وجەماوەریدا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت، وەهەم دەتوانرێ خەڵکی زەحمەتکێش ونارازی کوردستان بەئاستێک لە رابەری وڕێکخراوبونی خۆیان بگەن کە بتوانن وەک فاکتۆرێکی بڕیاردەر، بەربەستەکانی سەر ڕیگای گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە هەڵگرن. یانی هێزێک وجوڵانەوەیەکی ئاوای جەماوەری دەتوانێ شێوازی دەستبردن بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا بڕیاربدا و هەم چاره‌نوسی پەیوەندی نێوان کوردستان و بەغداش یەکلابکاتەوە و کۆمەڵگا لەو گێژاوە سیاسیە دەرکێشێ کە تێی کەوتوە. لەیەک ووتەدا من پێم وایه گۆڕینی قەیرانی ئێستا بەقەیرانێکی شۆڕشگێرانە لەجەرگەی نارەزایەتیەکانی ئیستاوە دەست پێدەکات و هەرلێرەشەوە دەتوانرێ مەلزوماتەکانی شۆڕشی کرێکاری فەراهەم بکرێ .. دیارە لەمبارەوە قسه‌ی زیاترمان پێویستە، بەلام لێره‌دا هەرئەوەندە بوار هەیە..
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د: له درێژەی ئه‌م بابه‌تەدا، ئە‌ڵێم کە ئێمه له مەسەلەی ئەلتەرنەتیڤدا باسی دوو شتمان كرد، وتمان حه‌ره‌كه‌یه‌كی نارەزایەتی خه‌ڵك بێتە ئاراوە بۆ بەرگری لە ژیان وگوزەرانیان و دژی هەژاری وفه‌لاكه‌ت و دژی بێ خه‌ده‌ماتی و…هتد. ووتمان ئه‌مه ببێ به ئیراده‌ی خه‌ڵك و جۆرێک له رێكخراوبوون به خۆیه‌وه ببینێ، به شكڵی شورایی یا به شیوەی موبادەرەی كۆمیته‌ی ناوچەکان، بۆ نمونە ئه‌وه‌ی کە هه‌ر ناوچەیەک خۆی بتوانێ دابینی وه‌زعی ئابووری خۆی بكات. له‌مانه‌وه هه‌تاكو مەسەلەی موشه‌خه‌سی ئابووری كه چۆن بۆ چارەسەری دەستبەجێی ئه‌م وەزعە زەغت بکریت کە دەسەلات بە هه‌رچی شێوه‌یه‌ك بووه پارە ته‌رخان بکات. له ڕێگه‌ی هێنانەوەی ئە‌و پارانەی كه نێردراوە بۆ ده‌ره‌وه یا لە حکومەتی مەرکەزی وەربگیریت، كه‌شفی حساباتی حکومەتی هەریم تا خەڵک بزانێ میزانیەی کوردستان چۆنە؟ پارەی دەوڵەت له كوێوه دێت و بۆ كوێ ئه‌ڕوات …هتد. به‌ڵام ئەم دەستپێشکەریانه‌ی خەڵک رەبتێکی په‌یدا كردوه به مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه خۆی ئه‌بێ ئیراده پیادە بكات، ئیراده‌ی سیاسی پیادە بكات وه دەوری سیاسی هەبێ و ڕێكخراوبێ وه وه‌كو قوه‌تێكی سیاسی بێته ناو ژیانی سیاسی كۆمه‌ڵگاوه. من قسه‌ی ئه‌وه‌ڵم له‌سه‌ر ئه‌مه بوو ئه‌مه خاڵێکی زۆر میحوه‌ریه له ناوجەرگەی ئەم ئه‌زمه‌ی ئێستادا. چۆن هه‌ر بۆرژوازیه‌ك سەردەردەهێنێ و به نه‌وعێكی فریوكارانه، به شێوەیەکی بی ناوەڕۆک ئه‌م پشنیار و ئه‌و ته‌رح ئه‌هێنێ، ئه‌بێ كۆمۆنیسته‌كان و حزبی ئێمه وه خه‌ڵكانی ناڕازی ئه‌م پلاتفۆرمە یان ڕۆشن بێ و بتوانن کاری عه‌مه‌لی دەستبەجێی له‌سه‌ر بكه‌ن.
مەسەلەیەکی بناغەیی لێرەدا ئەوەیە کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بتوانێ هەم باری قورسی ئه‌زمه‌كه کەم بکاتەوە وەزعەکەی ڕابگوزه‌رێنێ و هەم بتوانێ له حەرەکەتی داهاتوتری جۆرێک له ده‌سه‌ڵاتی خۆی دابین بکا، جۆرێک لە دەسەڵاتی دوو لایەنە و به‌ره‌و خوڵقاندنی ئه‌زمه‌ی شۆڕشگێڕانه هەنگاوبنێ. ئه‌مانه هه‌مووی به‌شێكن له‌م پرۆسه‌یه و ئەگەرەکانی. بە هەرحاڵ، پێویستە کە به‌شێوه‌یه‌كی ئیجتماعی مامەڵەی بكه‌ی، نەک بە شێوه‌یه‌كی چەپڕەوی ناپەیوەست. ناکرێت هه‌ر له دیدگای خۆته‌وه ئومێدێكت هه‌بێ به شته‌كان، دیارە ئه‌بێ كار و ئیشی بۆ بكرێت و پرۆسه‌یه‌كی واقعی و بزوتنەوەیەکی واقعی شكڵ بگرێت، و بتوانرێ لە باری سیاسیه‌وە ده‌وری ڕابه‌ری و ڕێكخراوبوون له‌م بزوتنەوەیەدا ببینی و بناغەکەشی وه‌كو وتم جوڵانەوەی كرێكار وخه‌ڵكی فه‌قیر و هه‌ژاری ڕێكخراوه له ئۆرگانه‌كانی خۆیاندا.
ئه‌مه لایه‌نێكی، لایه‌نێكی تری ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی كوردستان و جیابوونه‌وه‌وە هەیە. گه‌ر ئه‌م بزوتنەوەیە وەڕێبکەۆیت، ئەگەری جۆراوجۆری له‌به‌رده‌مدایە. یه‌كێك له‌وانه هەروەک له قسەکانی پێشوودا باسمان كرد ئەوەیە کە ئه‌زمه‌یه‌كی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئارادیە و بۆ خۆی جۆرێک له فه‌شه‌ل بوونی ناسیۆنالیزمه وه‌كو ئاسۆیەکی بۆرژوازی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌م کۆمەڵگەیەدا. دیارە نابێ لاوەکی سەیری ئەمە بکرێت. تۆ ئه‌بێ کارت له‌گه‌ڵ ئەم كولیه‌تە (سەرجەمە)دا بێت و ئه‌م مەسەلە یە وەڵام بده‌یتەوە وبزوتنەوەیه‌ک بێتە ئاراوە کە بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات و ڕزگار بوونی کۆمەڵ مەبەستی بێت. به‌و ئەندازەیە ئه‌توانێ ئه‌م قەیرانە بگۆڕیت له قەیرانیکی بوئس و فه‌لاكه‌ته‌وه بۆ ئه‌زمه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه کە دەوربگێڕێت لە سەر بەرجەستەبونەوەی موباده‌ره‌ی کرێکارن وخه‌ڵكی بەتەنگهاتوو تا بێته ناو گۆرەپانی سیاسیه‌وه و بەرەو تەحقیقی ئیراەدی خۆی و لەم رەوەندەدا ده‌وری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری و خەباتی سۆشیالیستی چینی کریکار کاریگەر بێت. ئەم رەوەندە هه‌تا ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه‌ی به‌دواوه‌یه له حاڵه‌تی شۆڕشدا. بەلام مەسەلەیەکی تر هەیە تۆ له فه‌زایه‌كدا ئیش ئه‌كه‌ی، كه ئه‌م هاوڕێیانه باسیان كرد، واتە مه‌سه‌له‌ی ئە‌و ئه‌زمه‌یه كە هه‌یه له پەیوەندی له‌گه‌ڵ حکومەتی مه‌ركه‌زیدا. بەلام ئەم مەسەلەیە به‌و ئەندازەیەی كه ئه‌م بزوتنەوە نارەزایەتی وچینایەتیە ئه‌ڕوات و لە پێشرەویدایە به‌و ئەندازەیە ئه‌توانێ مانای واقعی هه‌بێ. لە دەرەووەی چوونه پێشه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنەوەیە ئه‌م مەسەلەیە، پەیوەندی لەگەڵ دەولەتی مەرکەزی، ئه‌بێ به شتێكی میكانیكی و تایبەت بە بورژازی. مەسەله‌ی تەرحی جیابونەوەی کوردستان چۆن ئه‌بێ به میكانیكی؟ لە بەر ئەوەی مەسەلەکە ئه‌ده‌یته ده‌ستی بۆرژوازی تا ساتوسەودای پێوه بكات دووری ئەخەیتەوە لە بزوتنەوەکەی خۆت و دیلەکتیکی بەرەوپێشچونی. ناسیۆنالیزمی كورد، پارتی و یه‌كێتی، پارتی به تایبه‌تی زۆر به سه‌راحه‌ت ئه‌ڵێ ئامانجیەتی دەوڵەتی كوردی دروست بكات. ناکۆکیە نێودەوڵەتیەکان مه‌جالی بدات دروستی ئه‌كات، وا نیه بڵێی دروستی ناكات. من یه‌كێك له‌و شتانه‌ی قه‌ناعه‌تم پێی نیه ئه‌وه‌یه كه بڵێی ئه‌مانه له‌به‌رئه‌وه‌ی حزبی میلیشیاین گۆایە ئیتر ئه‌یانه‌وێ تا ئه‌به‌د هه‌روا بن. ئه‌م مه‌وزوعه خۆی کێشەیەکە. وه‌كو رای خۆم باس ئه‌كه‌م، ئه‌مانە، ئەم حزبە میلیشیانە، ئه‌توانن نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازی بكه‌ن و نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازیشیان كردوه تا ئه‌م ساتە ووەزعەکەیان له سه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی كوردستاندا شكاندۆته‌وه. له‌سه‌ر بنەمای بەردەوامی قەیرانەکە شكاندویانه‌ته‌وه. له نوقته‌یه‌كی دیاریکراودا ئەوە ئەبێ بە ئیدیەیکی کۆمەڵایەتی کە تۆ وه‌ختێك ئه‌توانی پۆزه‌تیڤ قسه بكه‌ی له‌سه‌ر مه‌وزوعی كوردستان و مەسەلەی جیابونەوەی كه بتوانی ئه‌م بزوتنەوە سەربەخۆیەی کە ئه‌یه‌وێ وەزعەکە بگۆڕێ بەره‌وپێشبەری. له دۆخێکی دیاری کراودا ئەگەری ئەوە هەیە ڕه‌وه‌ندی کێشمەکێشی چینایەتی له عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌دا به شكڵێك بڕواتە پێشەوە کە روخسارێکی کە به خۆیه‌وه ببینێ. من كه ئه‌ڵێم ئه‌و ته‌رحه میكانیكیه قسه‌كه‌م لێره‌وه‌یه یانی ئه‌بێ دیالەکتیکی پەرەسەندنی ئه‌م کیشمە کێشە چینایەتیە ئه‌ساس بێ بۆ حه‌سمكردنی ئه‌و ئه‌زمه‌یه‌ی كه ئێوه باسی ئه‌كه‌ن ئەزمەی پەیوەندی بە مەرکەزەوە. ئه‌و ئه‌زمه‌یه ناتوانرێ ئێستا وەک ساڵه‌كانی ٩٠ ی سەدەی رابردوو سەیری بکەیت. پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ساڵ به‌سه‌ر ئە‌و دەورەیەدا ئێستا کیشمە کێشی کۆمەڵایەتی وچینایەتی وقەیرانی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە پەیوەندیکی هەمەلایەنەی دروست كردوه بەم قه‌زیه‌یەوە، قەزیەی جیابونەوەی کوردستان. لەم هەمەلایەنیەیدا حل ئه‌كرێ نه‌ك ئه‌وه‌ی كه تۆ پیش‌تر داتنابێ و بڵێی وا حلی ئه‌كه‌م بە شێوەی سیاسەتمان لە نەوەدەکان . وا حەلی ئه‌كه‌ی ناڕوات، ئه‌چێته ده‌ستی بۆرژوازی و‌ئه‌زمەیه‌كی كه‌ت بۆ دروست ئه‌كات و پرۆژەکەت بە جێگەیەک ناگات وه هه‌تا خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵت نایه‌ت. ئەمە کێشەیەکە و ئەبێ بە ووردی باس بکرێت.
موحسین كه‌ریم:
زۆر به كورتی، یه‌ك دوو سه‌رنجی بچوكم هه‌یه. پێموایه زۆربه‌مان هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌دیل چیه. به‌ڵام لەرووی واقعیەوە ئه‌توانین چی بكەین؟ بێگومان من باسی هه‌لومه‌رجی زاتی، ئاماده‌بوونی چینی کرێکار بۆ شۆڕش دەکەم. وه‌كو حزب، وه‌كو ڕێكخراو، ئه‌م چینە چه‌ند ئاماده‌یه؟ بەداخەوە ئامادە نیە. ئه‌مه کێشەیەکە. دەبێ ئێمە ئاماده‌ی بكه‌ین. بۆنمونە؛ چەندە دەتوانین ئه‌م قەیرانەی كه هه‌یه بیگۆڕین بۆ شۆڕش. به بڕوای من ئه‌گه‌ر چینی کرێکار ئاماده‌بێت، ئه‌توانێت. به‌ڵام به‌ڕاستی پێموایه كه بەداخەوە ئاماده نیه. بۆیه ئه‌م قەیرانەی ئێستا كه هه‌یه ئەگه‌ر بڵێین دەتوانین بیگۆڕین بۆ شۆڕش ئەوا شتێكی تۆباوی و خه‌یاڵی ده‌رئه‌چێ.
لەلایەکی دیکەوە تەنانەت ئەگەر پێداویستیەکانی شۆرشیش ئامادەبوو، وە شۆرشیشمان کرد دەبێ ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ین، چونكه کێشەی نەبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌یه لە کوردستان. تۆ له‌بەرامبەر ده‌وڵه‌تێكدا شۆڕش ناكه‌یت، ده‌وڵه‌تێك كه خۆی هه‌بێت. كه‌واته ئه‌بێ ئه‌م مه‌وزوعه‌ش چارەسەر بکەیت. ئه‌مه‌ش مەسەلەیەکە. قەیرانەکەت پێ چارەسەر ده‌كرێ یان نا!؟ خواستی ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌كه، ئایا تۆ ئە‌و مەسەلەیە وەڵام دەدەیتەوە یان نا!؟ ئایا مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه له كوردستاندا!؟ به‌ڕای من ئه‌وه‌ش مه‌وزوعێكه. واتە تۆ قەیرانێك چارەسەر بکەیت یان نا، شۆڕش بكه‌یت یان نا، شتێكیش هه‌یه كه پێی ئه‌ڵێن کێشەی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت لە کوردستان، به‌و بەڵگانەی كه باسمان كرد.
ئەوەی هه‌ركه‌سێك دەوڵەت دروست دەکات، به‌بڕوای من پێشڕه‌ویه‌كه. له چ بارێکەوە؟ بێگومان ئەوە ڕاسته مه‌سه‌له‌ی سته‌می نەتەوایەتی نه‌ماوه، به‌ڵام كێشه‌ی كورد ماوه. ئه‌م ناجێگیریەش كه له‌م ناوچەیەدا هەیە )مەبەستم کوردستانی عێراقە( و پێی ئه‌ڵێین گێژاوی سیاسی، له‌سه‌ر بنه‌مای کێشەی نەتەوەیی ماوه، نه‌ك له‌سه‌ربنەمای مه‌سه‌له‌یه‌كی دیکە. له‌سه‌ر مەسەلەی كورد و ئە‌و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیە کە پێی ئه‌ڵێن كێشه‌ی كورد. كه‌واته ئه‌م گێژاوه سیاسیه كه وه‌ڵامی پێ بده‌یته‌وه، مەسەلەیەك کە پێی ئه‌ڵێن مەسەلەی كورد ته‌واو ئه‌بێ و کۆمەڵگا رزگاری دەبێت لێی. دارێك له‌ده‌ستی بۆرژوازی ئه‌كه‌وێته خواره‌وه كه به ڕاستی گرنگه). سونەتی ململانێی چیانەییتیش وایە ململانێی چینایەتیش ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت. هه‌م له پەیوەند به بۆرژوازی خۆته‌وه و هه‌م له پەیوەند بەم ناسیۆنالیزمه‌وه کە درێژکراوه و ئه‌بعادی ناوچەیی هەیە. به‌رده‌وام ئه‌توانێ خۆی دوبارە بەرهەم بهێنێتەوە. ئه‌گه‌ر كوردستان ببێ به ده‌وڵه‌ت، بە بڕوای من، پرۆسه‌یه‌كی گرنگ بەسەرەنجام دەگات. تەنانەت ئەگەر بۆرژوازی کورد خۆشی بیكات. بۆیه له‌وباره‌یه‌وه من ئه‌ڵێم كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت دروستكردن له كوردستان مه‌وزوعێكه ئێمه ئه‌بێ چارەسەری بیكه‌ین. شۆڕش ئه‌كه‌ین هه‌رچیه‌ك ئه‌كه‌ین، دەبێ ئە‌و مەسەلەیە چارەسەر بکەین. ئه‌گه‌ر بۆرژوازیش كردی با بیكات. منیش پێموایه كه بۆرژوازی ئه‌یه‌وێ دەوڵەت دروست بکات ئەگەر بۆی بکرێت. ئەوە وانیه، كه بۆرژوازی كورد نایه‌وێ.
شتێکی دیکە كه ئاماژەم پێ‌کرد، بێگومان لەباری عه‌مه‌لیه‌وه چۆن دەبێت!؟ سیناریۆی واقعی چیه؟ ئێمه وه‌كو ڕه‌وتێكی سۆشیالیستی، وه‌كو حزبێكی كۆمۆنیستی كرێكاری، ئه‌مانه‌وێت ئه‌م قەیرانە له‌سه‌ری بۆرژوازیدا بشكێته‌وه به قازانجی كرێكار. بەڵام هێشتا لەرووی زاتیەوە ئاماده نین بۆ شۆرش. ئه‌بێ كارێك بكه‌ین كه بتوانین خه‌ڵك له‌م هەژاری و فه‌لاكه‌ته ئابوریە رزگار بکەین. ئه‌بێ ڕێگای پیشان بدەین. ئەوەی چه‌ندە پێمان ئه‌كرێ، ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به هەڵخڕاندن (ته‌عبیئه‌ی) جه‌ماوه‌ریه‌وه. چه‌ند ئه‌توانین خۆمان لەو روەوە هەنگاو بنێین. به بڕوای من ئێمه نابێ تەنها بڵێین ته‌رحی سیاسی بکەین، بۆنمونە بڵێین دەبێ ده‌وڵه‌ت له كوردستان دروست ببێ، وە دەبێ حكومه‌ت وا بکات و وا نەکات. ئه‌بێ ئێمه بۆ چارەسەری فەلاکەتی ئابوری ئێستا تەرحمان هەبێت، وەکو چۆن کاتی خۆی مەنسوری حکمەت لە نوسینی )ئایندەی هەژاری و هەستانەوەی شۆڕش) رێگاچارەی خۆیانی لەسەر مەسەلەی هەژاری و قەیرانی ئابوری ئەوکاتی ئێران خستەروو، ئێمەش دەبێ ته‌رحێكی واقعی بخەینەروو. من ناڵێم قەیرانەکە بۆ بۆرژوازی چارەسەر بكه‌ین. بەڵام ئێمە چۆن دەتوانین هەژاری‌و فەلاکەتی ئابوری ئێستا له كوردستان چارەسەر دەکەین؟ چ ڕێگایه‌ك پێشکەش دەکەین؟ كۆنترۆڵی كارخانه و ناوەندەکانی کار‌و خزمەتگوزاری مه‌سه‌له‌یه؟ چۆن داهاته‌كان رێك دەخەین و چۆن بگه‌ڕێته‌وه بۆ خەزێنەی گشتی!؟ دەبێ میكانیزمێك بخەینەروو کە خەڵك بە شتێکی عەمەلی تەماسای بکات. ته‌عبیئه‌ی جه‌ماوه‌ر بكات و بتوانێ هێز هه‌ڵخڕێنێ. ئێمه باسی رێكخستنی جه‌ماوه‌رو نارەزایەتیەکانی دەکەین کە هەرئێستا لەئارادایە، باسی به‌هێزكردن‌و ئاسۆپێدانی دەکەین. دروشمی زۆر رۆشنی بۆ پێشنیار بکەین، بۆنمونە دروشمی دابینكردنی موچه و گوزه‌ران وهەروەها ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌شی كه ئه‌توانێ ئه‌وه‌ت بۆ دابین بكات، وەکو مەسەلەی دانانی باج له‌سه‌ر سەرمایەداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان كه ئێستا تەنانەت بۆرژوازی خۆشی به‌جۆرێك باسی دەکات. ئه‌م پارانه‌ی كه به تاڵان براوه لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و حکومیەوە بهێنرێنەوە. یه‌كێك له بەندەکانی به‌رنامه‌ی حیزب دەربارەی گه‌نده‌ڵی و چۆنیەتی کۆتایی پێهێنانیەتی. لەکەنار ئەمانەدا پێویستە رێکخستنی جه‌ماوه‌ری پێ به پێی چونه پێشی بزوتنەوەکەوە بەرەو ئاستێك ببرێت کە خۆی کۆنترۆڵی داهات و خەرجی بکات. ئه‌گه‌ر داهاتەکە گەڕایەوە، خۆ ناكرێت بخرێته‌وه خه‌زێنه‌ی وەزارەتەکەی ئاشتی هه‌ورامی! ئه‌بێ میكانیزمێك ته‌رح بكه‌ین كه خه‌ڵك چۆن بتوانێ كۆنترۆڵی داهات و سەرچاوەکانی داهات و شێوازی خەرجەکەی بكات. ئه‌مانه هه‌نگاو به هه‌نگاو جێبەجێ دەبن، به‌ڵام دەبێ لە هەنگاوی یه‌كه‌میانه‌وه ده‌ست پێبكەین. به‌بڕوای من پێویست دەکات پلاتفۆرمێكی رۆشنمان هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بزوتنەوەیە و نارەزایەتیانەی کە هەرئێستا هەن تەرکیز بکەین، به‌هێزیان بكه‌ین. هه‌نگاو به هه‌نگاو پێ به پێی چوونه پێشه‌وه‌ی بزوتنەوەکەو به پێی هاوسەنگی هێزدەبێ ئەرك‌و مەهام بخەیتە به‌رده‌می. دەبێ ئامانجه‌كه‌ت ئه‌وه بێت کە بتوانیت لە بنەڕەتدا ئەمانە لە دەسەڵات دابماڵیت و حاكمیه‌تی شوراكان له كوردستاندا به‌رقه‌رار بكه‌ی.
جه‌مال موحسین:
منیش مداخه‌له‌یه‌كی كورت ئه‌كه‌مه‌وه. من نه‌موت ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌مان پێ ئه‌كرێ به شۆڕش. له ڕاستیدا ئایدیاڵه‌كه‌ی ئه‌مه‌یه، به‌ڵام من ئه‌ڵێم بارودۆخه‌كه به‌وجۆره نیه، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی واقعیه. ئێمه ئه‌بێ ئه‌م توخمه زاتیه‌ی بۆ ئاماده بكه‌ین به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بشتوانین ئه‌مه ئاماده بكه‌یت ئه‌بێ وه‌ڵام به برسێتیه‌كه‌ی بده‌یته‌وه. واقعه‌ن ئه‌بێ ته‌رحی دروست و عه‌مه‌لی ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا خه‌ڵك له‌م برسێتیه‌ی ده‌ربچێ ڕۆشن بێ و بیهێنینه ده‌ره‌وه. مه‌نسور حكمه‌ت و ماركسیش كاتی خۆی جه‌ختیان لێ كردۆته‌وه كه سۆشیالیزم به هه‌ژاری ناكرێ. ئه‌بێ جارێ خۆراكت ببێ، پۆشاكت ببێ، شوێنی ژیانت ببێ تاكو بتوانی ئاڵوگۆڕ له دنیادا بكه‌ی. ئه‌مه ئه‌و شته زاتیه‌یه كه ئه‌ركی ئێمه‌یه له كاره‌كانماندا دایبنێین به‌ڵام خۆ ناتوانین به خه‌ڵك بڵێین تا ئه‌مه ئاماده ئه‌بێ و ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئه‌بێ به‌و شۆڕشه با بوه‌ستین بزانین چۆن ئه‌بێ، با جارێ ئاماده‌ی بكه‌ین. بێگومان ئه‌بێ وه‌ڵام به‌و مه‌سائیلانه‌یان بده‌ینه‌وه. بێگومان كاتێك وه‌ڵامی ئه‌م برسێتی و نانه‌ی چینی كرێكار یان هه‌تا خه‌ڵك به گشتی بده‌ینه‌وه، ئاماده‌ی بكه‌ین بۆ ئامانجێكی دورتر و ڕێكی بخه‌ین و به‌ره‌و ئه‌و هه‌لومه‌رجه بیبه‌ین، ئه‌بێ یه‌كێك له ڕێگریه‌كانی به‌رده‌می كه ساغكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه كه كردنیه‌تی به ده‌وڵه‌ت یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه. له چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی به ته‌واوه‌تی توشی ئه‌زمه و بنبه‌ست ئه‌كه‌یت و چینی كرێكارێكی ڕێكخراوت بۆ ئاماده‌كردوه و تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ڵام به برسێتیه‌كه‌ی دراوه‌ته‌وه، ئه‌توانێ له پرۆسه‌ی ساغكردنه و دروستكردنی ده‌وڵه‌تیشدا ده‌ور و ده‌خاڵه‌تی ئه‌می تێدا بێ. به‌ڵام به‌بڕوای من خودی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت خاڵێكی گرنگه و وه‌كو یه‌كێك له مه‌سه‌له‌كان ویستم باسی بكه‌م و له قسه‌ی هاوڕێكانیشدا هات، ئایا وایه كه بۆرژوازی كورد جدیه و ئه‌یه‌وێ ده‌وڵه‌ت دروست بكات؟ وه ئایا ئه‌گه‌ر دروستی بكات ئه‌بێ ئێمه پشتگیری بكه‌ین، خه‌ڵك ئه‌بێ پشتگیری بكات یان شتێی نه‌رێنیه؟ وه ئه‌وه‌ش كه ئایا ئه‌سڵه‌ن ئه‌یكات یان نا به‌بڕوای من پرسیارێك و مه‌سه‌له‌یه‌كی تره و قسه و لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵئه‌گرێ و ڕه‌نگه پێویست بكات سیمینارێكی تری له‌سه‌ر بكه‌ین چونكه ئه‌بێ فاكتۆره‌كانی، پێداویستیه‌كانی و زه‌مینه‌كانی و…هتد لێكبدرێته‌وه.
عوسمان حاجی مارف:
من ته‌ئكید له شتێك بكه‌م، ئه‌زانی چۆنه واقعی ئێستای كوردستان بەدەر لە فەشەلی حکومەت و ئه‌و بنبه‌سته سیاسیەی حزبەکانی دەسەڵاتدار دەرگیری بون به ته‌واوی ئه‌م ٢٥ ساڵه‌ی حاكمیه‌تی ئه‌مان، به ته‌واوی ئه‌و گێژاوه سیاسیه‌ی كه لە ناوچەکدا بەردەوامە بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ كوردستان له هه‌مو بوارێكه‌وه بۆ خۆی له عێراق جیابۆته‌وه، ئه‌وه واقعیه و باسکردن لە پەیوەست کردنی بە عیراقەوە ناواقعیە.
جه‌مال موحسین: له‌باری عه‌مه‌لیه‌وه.
عوسمان حاجی مارف:
به‌ڵێ له‌باری عه‌مه‌لیه‌وه. لە باری سیاسیەوە، ئابوری، فه‌رهەنگی، كۆمه‌ڵگاكه‌ی، دابڕاوه له یه‌ك، پێشتر ئه‌گه‌ر عێراقێك هه‌بوو یەکگرتوبو، كوردستان به‌شێك بوه له عێراق، ئەوە ته‌واو بووه، بووە به شتێكی واقع. ئه‌زانی چۆنه من بڵێم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه بزانین ئه‌وزاعه‌كه به‌ره‌و كوێ ئه‌ڕوا شتێك ته‌رح بكه‌ین، به‌ڕای من ناواقعیه. ئه‌وه‌ی واقعیه كه ئێستا بۆ خۆی جیابۆته‌وه. مەسەلەکە ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه به ڕه‌سمی بناسێنرێت و ڕه‌سمیه‌تی پێ بده‌ی و ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنیت. یه‌ك شت عێراق و كوردستان یه‌ك ئه‌خاته‌وه كه شۆڕشی كرێكاریه، هیچ شتێكی تر كوردستان و عێراق ناتوانی یه‌ك ناخاته‌وه. ئه‌مه ته‌دقیق بكه‌ین، کە ئایا وایه یان وانیه؟ ئه‌و شۆڕشه كرێكاریه‌ش ئه‌بێ له کوردستان وعێراقدا ڕوبدات. گەر تەنها لەکوردستاندا بێت ناکرێ و نابێت داوای چونەوە پاڵ عێراق بکرێت، بەڵام گه‌ر شۆڕشی کرێکاری لەعیراقدا بێت، ئه‌توانین به کۆمەڵگەی کوردستان بڵێن یەکگرتو بێت لەگەڵ عیراقدا، به‌ڵام باسەکەی ئێستامان لەسەر ئەوەیە کە جیابونەوەی كوردستان بۆتە ئەمری واقع و دەبێت به‌ڕه‌سمی بناسرێت و لە هەڵواسراوی و ئە‌و گێژاوە سیاسیە دەربچێت. وه ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه بە مانای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته. ئیتر ناسیۆنالیستێك ئه‌یكات، هەر لایەنێکی تر دەیکات دەبێتە کۆتایی هێنان بە دەورێک لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان.
خه‌سره‌و سایه:
من بە پێویستی دەزانم لەم نۆرەیەدا جارێکی‌تر لەسەر مەسەلەی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت ڕاوەستم. ئەم مەسەلەیە میکانیکی نیە هەروەک ئەوەی کەهاوڕی موئەیەد دەیڵێ. بەبۆچوونی من خه‌باتی چینی كرێكار لەئێستادا بۆ سۆشیالیزم به شێوه‌یه‌كی گشتی له كوردستاندا، بە واقعی وخارج لە ویست‌و زەینی ئێمە لەگەڵ دوو به‌ربه‌ستی سەرەکی بەرەوڕووە. بەبڕوای من بەدەستهێنانی هەرجۆرە ئاستێک لەپێشڕه‌وی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، چ به مانا شۆڕشگێڕانەکەی بێت، وەیا به مانای ئیسڵاحات و چاکسازی لەسیستەمدا بێت، هه‌تا ئه‌م دوو بەربەستە چارەسەر نەکرێن و وەلانەنرێن کۆمەڵگای کوردستان ناتوانێ هەنگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات. یەکەم بەربەست ته‌واجدی ده‌سه‌ڵاتێكه كە لەئارادایە. ئه‌وی تریشیان یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مه‌وقعی كوردستانه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. چونكه كوردستان به‌شێك له‌وه‌ی كه ناتوانێ ئیقدام بكات و بڕواته پێشه‌وه وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی به‌ڕه‌سمی ناسراو لەئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕه‌سمی ناناسرێ وته‌عامولی لەگەڵ ناکرێ. مەوقعی ئێستای کوردستان لەجەرگەی هەلومەرجی ئالۆزی ئێستای ناوچەکە و عیراقدا، بەو هۆیەوە کەدەوڵەت نییە هەم مانەوەی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای ناسیونالیزمی کوردی ڕاگرتووە (وەک ئەوەی هاوڕی عوسمان ئاماژەی بۆدەکات)، هەم ته‌وازنێكی سیاسی هێزی لەژێر سایەی ته‌واجودی ئه‌مریكادا، کردۆتە فاکتۆرێک بۆ ڕاگرتنی ته‌وزانی نێوان بۆرژوازی كورد و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی، ته‌نانه‌ت ته‌وازنی نێوان ئه‌حزابی سیاسی له ناوخۆی کوردستانیشدا لەژیر سایەی ئەم دۆخەدا قەراری گرتووە. مه‌به‌سته‌كه‌م ئه‌وه‌یه کە دیاردەی لەئارادابوونی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیای و ناوچەکانی نفوزی پارتی و یەکیەتی لەگەڵ نەبوونی دەوڵەت و نامەعلوم بوونی ناسنامەی وڵاتی بوونی کوردستان پێکەوە گرێی خواردووە. دیارە من قسه‌كه‌م ئه‌وه نیه كه ئه‌بێ جارێ له پێشدا بچین كوردستان سه‌ربه‌خۆ بكه‌ین ئنجا بچین شۆڕشی كرێكاری بكه‌ین یان لەپێشدا دەبێ دەسەلات وەلابنرێ ئەوجا سەربەخۆیی وشۆڕش.. بەتایبەتی کە سیاسه‌ت نەک هەر له كوردستاندا بەڵکو لەدونیادا به پێی نەخشەی ئەم یان ئە‌و حزب ناڕوات بۆپێشەوە. من پێموایە سیناریۆی مومکین لەئاکامی پێشڕه‌وی خه‌باتی چینایه‌تی له كوردستان وچونە سەری قابیلیەتەکانی جوڵانەوەی جەماوەری و خەباتی سیاسی خەڵکی زەحمەتکێشە وەئەم فاکتۆرە دیاری دەکات کام مەسەلەیە لەپێشەوە چارەسەر دەبێ. بەڵام بەهەر بارێک‌دا دەبێ ئەوەمان لاڕۆشن بێ کە كۆمۆنیزم لە کوردستان لەجەرگەی یەک خەبات و کێشمەکێشی چینایەتیدا، کە ئەحزاب و هێزەکان دەرگیری دەبن گەشەدەکاو دەچیتە پێشەوە، بە پێویست دەبێ ئەم مەسەلانە یەکلابکاتەوە. لەم بارەوە هەڵکشانی نارەزایەتیەکانی ئێستا و جوڵانەوەی جەماوەری، دەبێ تا سه‌رئاستی یەک جوڵانه‌وه‌ی سیاسی بۆ یه‌كلاخستنه‌وه‌ی هەردووک ئەم کێشە و بەربەستانە هەڵکشێ و پەرەبگرێ. جا ئەوەی کە كامیان له پێشه‌وه‌یه و كامیان له دواوه‌یه، پەیوەندی بە رەوتی سیاسی و وتەوازنی نێوان هیزە چینایەتیەکان لەهەر قۆناغێکدایە. بەلام وەک ئاسۆیەک دەبێ ئەوە بەئەسڵ وەربگرین کە سه‌رئه‌نجام ئه‌بێ ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه یه‌كلابكرێتەوە، تا بکرێ ده‌ست بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی سیاسی وئیقتسادی به قازانجی خه‌ڵك ببرێ. بەرای من ئه‌مه نەک هەر میکانیکی نییە بەڵکو واقعیەتێکە کە فەرزبووە…
له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی كه ئایا بۆرژوازی كورد ئه‌توانێ دەوڵەت دامەزرێنێ؟ من ئه‌ڵێم بۆرژوازی كورد لەئێستدا نایەوێ و ناتوانێ ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنێ وە بەگشتی ئیدعای واشی نیه. ئه‌زانم پارتی و مەسعود بەرزانی باس لەسەربەخۆیی و ڕیفراندۆم دەکات. بەڵام پارتی هەموو بۆرژوازی کورد نیە و ئه‌بێ فه‌رق بكه‌ین له به‌ینی داوایه‌ك كه پارتی ئه‌یكات و داوایەکیش کە بەکردەوە کەوتۆتە ناو کارنامەی گشت حزب و بەشەکانی چینی بۆرژوازی و هێزە سیاسیەکانیەوە. ڕاستە پارتی داوای سەربەخۆیی دەکات به‌ڵام بەتەنهایە. نە یەکیەتی نە گۆران نە ئیسلامیەکان بەکردەوە نەهاتونەتە پشت ئەم داوایەی پارتی و بگرە چەندین ئەماو ئەگەرو مەرجیان لەبەرامبەردا خستۆتەڕوو. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم (کە هێشتا بەمانای دامەزراندنی دەوڵەت نایەت) لەئاخر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌حزابه‌كان لەگەڵ مەسعود بەرزانیدا، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکەوتوون كه هه‌م ڕیفراندۆمیان قبوڵه و هه‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غداد!!. ئەمە ئیتر نیشان دەدات کە چ ناکۆکیەکی قوڵ لەسەر مەسەلەی سەربەخۆیی لەنیو حزبەکاندا هەیە. لەیەک ووتەدا دەمەوێ بڵێم كه ڕای پارتی یه‌كسان نیه به ڕای هه‌موو بۆرژوازی کورد. بەلام پلاتفۆرمی پارتی چیه، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، وەک ئەوەی ناوی دەولەتی کوردی لێناوە. یه‌كه‌م پارتی ئه‌یه‌وێ لەپێشدا بەرهەمهێنا‌ن و ناردنەدەرەوەی نەوت وەک بنەمای ئیقتسادی سەربەخۆ لەدەست بگرێ، دوهه‌م له ڕێگای پرۆسه‌یه‌كی دیپلۆماسیه‌وه ڕای ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌ده‌ستبهێنێت و بیکاتە پشتیوانی و دەستمایەیەک بۆرازیکردنی حکومەتی عێراق ودەولەتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا و ئێران. بەبێ ئەم پشتیوانیە پارتی له خۆیه‌وه دەست بۆکارێکی وانابات. هه‌موو ئە‌و جه‌ولانه‌ی كه ده‌وره‌ی پێشوو مه‌سعود بارزانی ئه‌چوو بۆ فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌ندا و ئه‌مریكا هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ی ئه‌وه بوو وه‌عدی ئه‌مانه وه‌ربگرێ و ئومێدێكی پێ ببه‌خشن، به‌ڵام لەبەرامبەردا حزبەکانی تر هەموو جارێک بەرامبەر بەم پرسە کەوتونەتە تبریر هێنانەوە و هەریەکەیان بەجۆڕێک رایانگەیاندووە کەجارێ کاتی دەولەت نییە وەیا زەمینەکانی ئامادە نیە وسەرەنجام پێشنیاری گەرانەوەو دانیشتن لەگەڵ بەغدادا بۆتە سیاسەتی سەرەکی هەموویان بەخودی پارتیشەوە. ڕاستیەکەی ئه‌وه‌یه كه بۆرژوازی كورد له کۆشی بۆرژوازی عێراقیەوە داکەوتووە ودواتر بۆتە کۆرپەی باوەشی ئە‌و. پێکەوە له سه‌رمایه و بازاڕی عێراقیان خواردووە و بەرژەوەندیەکانیان تێکەڵ بووە، هەربۆیە جیابوونەوە بەکارێکی سادە وەرناگرێ. بەبروای من ناسیونالیزم و بۆرژوازی کورد لە کوردستانی عێراق بەکردەوە نیشانی دا، کە هەڵگری هیچ جۆرە ناوەڕۆکێکی ئازادیخوازی و پێشرەوەی کۆمەڵایەتی نییە، هەربۆیە دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، سكۆلاریزم، ئازادیه‌كان، ئیقتسادێكی ڕیفاه و خۆشبه‌ختی وه‌زیفه‌ی كارگه‌ره، ئه‌بێ كارگه‌ر ئه‌م كاره بكات. من نازانم كه‌ی پارتی ئه‌توانێ پلاتفۆرمه‌كه‌ی خۆی بكات به پلاتفۆرمی كوللی بۆرژوازی کورد و هه‌موو ئه‌حزابه‌كان، تەنانەت نازانم کەی ئەتوانێ ئیران و تورکیا ڕازی بکا و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب بەدەست بهێنێ، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كه نه‌بڕاوه‌ته‌وه، ڕه‌نگه بتوانێ ڕه‌نگه نه‌توانێ. به‌لام به‌پێی تەجروبەیەک کە لەبەردەستە و قابلیه‌تێك كه بۆرژوازی كورد هه‌یه‌تی، ئەگەر بەڕاستی بیویستایه له ساڵی ٩١ دا دەیتوانی دەوڵەت دامەزرێنێ. ساڵی ٩١ باشترین فرسه‌ت بوو بۆ بۆرژوازی كورد وحزبەکانی کە دەست بەرن بۆسەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت، تەنانەت لەساڵانی دواتریشدا چەندین جار ئەم فرسه‌تە لەئارادابووە، بەتایبەتی دوای روخانی ڕژیمی بەعس، بەڵام دەستی بۆ نەبراوە، ئەم مێژوە ئەوەمان پیدەڵێت کە بۆرژوازی کورد بەگشتی لانی کەم لەئێستادا نایەویت کوردستان جیابکاتەوە. به‌ڵام دیارە دەبێ ئه‌و جیاوازیه بكه‌ین كە دروست نییە پارتی و بۆرژوازی كورد به یه‌كسان وەربگیردرێن.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د: یه‌كه‌م شت بلێیم ئه‌وباسەی موحسین زۆر دروسته ومن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه ئه‌بێ ئه‌و تاكتیكه‌ی كه دایئه‌نێین و ئه‌و پلاتفۆرمه‌ی كه رایئەگەیەنین بە ته‌فسیل وەڵام بداته‌وه به‌م کیشەیەی ئه‌مڕۆ. وه ئێمه وه‌كو كۆمۆنیسته‌كان ئە‌و پلاتفۆرمەمان هەبێت وخۆی به‌شێك بێت له مەسەلەی خەبات بۆ ئەنجامدانی ئیرادەی خه‌ڵكی و داواکاریە ئابووری و کومەڵایەتەکان وئه‌م باسانه‌ی كه هاتن بكرێ به پلاتفۆرمێكی وورد وعه‌مه‌لی به‌رامبه‌ر بۆرژوازی. دووهەم، ئه‌وه‌ی كه ئێمه باسی شۆڕش وئەزمەی شۆرشگیرانە و ئەگەرەکانی ئەم رەوەندە ئەکەین، ئەبێ بزانین لە پەیوەند بەوەی كه تۆ ئێستا چی ئه‌كه‌ی مانای واقعی هەیە. یانی لە رێگەی بەجێهێنانی ئه‌و ئەرکە كه ئه‌م بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەی خەڵک بتوانی بە هێز بکەیت وسه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت تۆ ئه‌توانی سیاسه‌تی داهاتووی خۆت به‌ریته پێشێ.
دیسان سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی. ئەمەوێت ئەوە بلێم کە گەر ئێمه بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه ناسیۆنالیزمی كورد وه هێزه‌كانی، به تایبه‌تی ئێستا پارتی، کە بەلانی کەمەوە هێزێكی سەرەکیە، ئه‌یه‌وێ حكومه‌ت دروست بكات، ده‌وڵه‌ت دروست بكات سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌و باسە نامێنێت کە گوایا ئەم حزبانە کوردستان جیا ناکەنەوە، بۆچی؟ چونكه ئێمه باسی چینەکان ئه‌كه‌ین، باسی کێشمه‌كێشی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی ئه‌كه‌ین. بۆرژوازی كورد ئه‌مڕۆ، له رووی سیاسیەوە، لە ناسیۆنالیزمی كوردا به شیوەی سەرەکی یەکگرتوو و ریکخراوبووه. ناسیونالیزم هەر حه‌ره‌كه‌تێك ئه‌كات لە بواری مەسەلەی ده‌وڵه‌ت دا له دیدگا‌و گۆشەیەکی سیاسی وئیجتماعی و ئابووریەوەیە و لیرەوە باسی جیابوونه‌وه‌ی كوردستان ئه‌كات. تۆ وه‌كو کریکار، وه‌كو كۆمۆنیست جیابونەوەی كوردستان له‌و شوێنه‌وه باس ئەکەیت كه بنبەستێک و داپچرانی دروست بووە کە ئەبێ وەڵامی پێ بده‌یتەوە وئه‌زمه‌یه‌ك لەئارادایە، بێ هه‌نگاونان بۆ چارەسەری ناتوانی شتیکی ئەوتو بكه‌ی. پێشتر و تەنانەت ئێستاش ته‌سه‌ورێك هه‌بوو كه ناسیۆنالیزمی كورد وەک هێزی میلیشیای لە بنەڕەتدا گۆێی نەداوە به‌م مەسەلەیە، نازانم ئه‌و وه‌خته‌ش لە نەوەدەکانداچه‌ند ڕاست بووبێ بەڵام تۆ ئه‌گه‌ر ئە‌و تەسەورەت نەبێت ئێستا مانای وایه ته‌ره‌فێكت بۆ دروست بووه كه بۆرژوازیه و ئه‌یه‌وێ ئه‌م قه‌زیه‌یه حل بكات له بەرژەوەندی خۆی. بۆیە ئه‌بێ پەیوەستی بكه‌یته‌وه به کێشمە کێشی چینایەتی وهیزپه‌یداكردنی پرۆلیتاریا و كۆمۆنیزم له كوردستاندا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی کۆمەلگە. به‌و پلەیەی کە ئەچێتە پێشەوە وزانیت كه ئه‌م مەسەلەی جیانەبوونەوەیە بە کردەوە ڕێگرە له‌به‌رده‌متا ئه‌بێ ئیعلانی ده‌وڵه‌تی سەربەخۆی كوردستان بكه‌یت. واتە من بەندی ناكه‌مه‌وه به بۆرژوازیه‌وه. میكانیكیه‌تی ئه‌م مه‌وزوعه له‌وێوەیە کە پەیوەستی بکەیتەوە بە بۆرژوازیەوە؟ له كاتێكدا كه تۆ هێزت نیه، له كاتێكدا كه كرێكار و كۆمۆنیزم نه‌بووه به قودره‌تێكی کۆمەڵایەتی وسیاسی بە هیز له كۆمه‌ڵگادا، بۆرژوازی داوای جیابوونه‌وه‌ی كوردستان ئه‌كات، بە لانی کەمەوە وەک پارتی ، ئیتر ئەبی وەک هەموو شتیکی کە جیابوونەوەش وەک سیاسەتیکی چینایتی سەیر بکەیت . خۆ هه‌مومان موته‌فیقین له‌سه‌ر ئه‌وه کە پارتی داوای جیا بوونەوە ئەکات ، یانی مانای وایه ریسکیک لە ئارادا ئەبیت كه تۆ ئه‌م پەیوەندیەی جیابوونەوە بە چینەکانەوە نەبینی توشی هەڵە ببیت وه‌كو چۆن کەسانیک له کاتی هاتنی داعشدا چوون به دوای پرۆژەی بۆرژوازیدا، تەنانەت بەشێک لە چه‌پ نەیتوانی خۆی دوور راگرێت لە بۆرژوازی و پرۆژەی مسعوود بارزانی. من ئه‌ڵێم ئه‌بێ توشی ئه‌م هەڵەیە نه‌بین.
جه‌مال موحسین:
هاوڕێیان سیمیناره‌كه ته‌واو بوو به‌س ئه‌م به‌شه‌ی دوایی زۆر گرنگه و سیمینارێكی تایبه‌تی ئه‌وێت. ئه‌كرێ له كاتی تردا بێینه‌وه سه‌ری. ده‌ستان خۆش بێ و ماندو نه‌بن….