ووتەی عادل ئه‌حمه‌د لەمەراسیمی ڕێزلێنان لەهاوڕێ تانیا یوسف لەتۆرۆنتۆ:

چەند ووشەیەکی شایستە سەبارەت بە مەرگی هاوڕێ تانیا یوسف
لێرەوە بەناوی ڕێکخراوی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە بەخێر هاتن و سوپاسی خۆم بۆ هەموو بەشداربوانی مەراسیمی ڕێزلێنان لەهاوڕێ تانیا ڕادەگەیەنم!
ڕاستیەکەی زۆر سەختە کاتێک بمانەوێت لەسەر نەهامەتی و ناخۆشیەکانی کەسێک قسە بکەین لە دوای مەرگی خۆی.. من لێرەدا ناچمە سەر ئەو ناخۆشیانە و دەمەوێت دێوێکی تری ئەو ناخۆشیانە و بەرپەرچدانەوەیەک کەدەبێت ئینسانی لێهاتوو لەبەرامبەریدا بەدەستیەوە بیگرێت،بۆتانی باس بکەم. زۆر کەس هەن لە ژیانیاندا دووچاری ناخۆشی و نا عەدالەتی و نا یەکسانی دەبنەوە، وە یا دووچاری نەبوونەیی و سەختی ژیان دەبنەوە، بەڵام هەروا تا کۆتایی تەمەنیان مل بەو ژیانە دەدەن و تەحەمولی ئەو هەمووسەختی و دژواریە دەکەن. بەڵام کەسانێکی تریش هەن نەک هەر مل بەو ژیانە نادەن بەڵکو لەبەرامبەریدا دەوەستنەوە و دەیانەوێت توڕەیەکانیان بکەنە مەشخەڵێک و ڕوناکی بۆ هاوچارەنووسەکانیان بەرز بکەنەوە.
هاوڕێ تانیا یوسف یەکێکە لە نموونەی ئەو ئینسانانە ، کە لەتەمەنێکی زۆر پێشوەختی کامڵ بوونی خۆیدا، واتا هەر لە کاتی لاوێتی و هەرزەکاریدا گیانی بەرەنگاربونەوەی لە خۆی نیشان دا. هەر لە کاتی لاوێتیەوە پەی بەوە بردبوو بۆ ئەوەی وەک ئینسان بژی دەبیت بەرەنگاری بکەیت بەرەو ڕووی نادادپەروەری و نایەکسانی ئینسانەکان بیتەوە. بۆ هاورێ تانیا دەبوو هەم وەک ژنێک ڕووبەڕووی نایەکسانی ژنانی دەوروپشتی و کۆمەڵگاکەی بێتەوە، وەهەم دەبوو وەک چەوساوەیەکی چینایەتیش ڕوبەڕوی کۆمەڵگای بێرەحمانەی سەرمایەداری بێتەوە کە ئەو خۆی لە خێزانێکی زەحمەتکێشدا چاوی کردبووەوە. بۆ پێکانی ئەم دوو مەیدانە بێجگە لە باوەڕ بوونی بە مارکسیزم و کۆمۆنیزم هیچی تری لەپێشدا نەبوو، هەر بۆیە لەتەمەنێکی لاوێتی و هەرزەکاریدا ئەو باوەڕەی لەلا دروست بوو کە بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو دژواری ژیان بە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیەوە پەیوەست بێت.
بەشدار بوونی لە خۆپیشاندانەکانی شاری قەڵادزێ لە ١٩٨٢ وەک چەوساوەیەک و وەک ژنێک ئەو ڕوحیەتە بوو کە عەزمی زیاتر بردەسەر و جەسوورانە بەشداری کرد لە ناشتنی ئەو دوو ئافرەتەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست دابوو. تانیا وەک کەسێک کە لەپێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا داواکاری ئازادکردنی زیندانە سیاسیەکان بوو، هەر زوو بووبە خۆشەویستی خەڵکی قەڵادزێ هەم بۆ ژنان و هەم بۆ چەوساوەکان. بێجگە لەم بەشداریە سیاسیانە، هاورێ تانیا خۆی بەهرەمەن بوو لە کۆمەڵێک رەوشتی بەرز و ئینسانی وەک هێمنی و سادەیی و لێبوردەیی و بەتەنگ هاتن بۆ هاوڕیان و کەس و کاری و دەورو پشتەکەی. ئەم ڕەوشتانە ئەوەندەی تر سیمای خۆشەویستر دەکرد لە ناو هاوریان و کەس و کاریدا.
هاوڕێ تانیا یوسف وەک هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی ژنان هاتە مەیدان و لە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە کوردستانی عێراق دەستی بەکاری سیاسی و ڕێکخراوەی بزووتنەوەی ژنانەوە کرد و لەم نەبەردەشدا تۆمارێکی گەورەی هەیە. هاوڕێ تانیا لە گەڵ هاوڕێکانی لەبەرامبەر کوشتن و تیرۆری ژنان بەدەستی تفەنگ چیەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردەوە بە بیانووی نامووسپەرەستیەوە کە لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە ، دەستی پیکردبوو، هاتنە دەنگ وئەوان کەسانێکی زۆر دەگمەن بوون لەپێشەنگی بەرگری لە مافی ئینسانی و ژنانی کوردستان هاتنە دەنگ، کە کۆمەڵگاش ئەوکات بەقازانجی کۆنەپەڕەستی وەرچەرخا بوو. ئەم شەرافەتمەندیە ئەو کات کەم کەس ئەیتوانی لە یەخەی خۆی بدات، بەڵام هاوڕێ تانیا و هاوڕێکانی توانیان بۆ مێژوو ئەو سەروەریە تۆمار بکەن و ناویان لە لیستی بزووتنەوەی ئینسانیخوازیدا بۆ هەمیشە بهێڵنەوە.
هاوڕێ تانیا یوسف وەک هەڵسوڕاوێکی کۆمۆنیستیش هەمیشە لە مەیداندا بووە بۆ بەرگری لە مافی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و بەشمەینەت، وەک کۆمۆنیستیکی ڕێکخراو و بە دیسپلن هەمیشە خولیای گۆڕینی ئەم دوونیا پێچەوانەیە بووە. تانیا باوەڕی وابوو ئەم دونیایە بە بێ کۆمۆنیزمێکی ڕێکخراو و مەیداندار وە بە بێ عەزمی پۆڵاین ناتوانرێت ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی تێدا بکرێت.
ئەمانە دیوێکن لە ژیانی هاوڕێ تانیا یوسف کە زۆرێکمان پێی ئاشناین، بەڵام من دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم دیوەش ڕەنگدانەوەی جێگاو شوێنی چینایەتی و خێزانی خۆی بووە کە ئازارێکی زۆری بینیووە لەو ڕۆژەوە کە چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. لێرەوە جێی خۆیەتی لەم مەراسیمەی ڕێزلێنانەدا وشەیەک ئاراستەی خێزان و منداڵەکانی و هاوڕیانی بکەین کە بەڕاستی هاوڕێ تانیا بەهرەمەندە لێی ئەویش ئینسان دۆستی و یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بوونیەتی کە ئەو هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانی تا کاتێک نەخۆشی یەخەی پێگرت. ئەم ڕێزە پڕاوپڕ شایستەی خۆیەتی.بزووتنەوەکەمان بە ماڵئاوای تانیا خەسەرەیەکی گەورەی بەرکەوت. وە لێرەوە خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەی خێزانی هاوڕێ تانیا دەبین و هیوادارین کردەوە باسەکانی ئاهێک و هێوریەکیان بۆ درووست بکات.
یادی هاوڕێ تانیا و کارەکانی هەمیشە زیندووە!

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *