ئەمڕۆ ٤ نۆڤەمبەر لهههڵمهتێکی سەرکوتگەرانەی پۆلیسی تورکیا بۆسەر پارتی دیموکراتی گەلان، هەدەپە، هاوسهرۆکان و 9 ئهندام پهرلهمانی تری ئەم حزبە، به پاساوی “پهیوهندی بهتیرۆرەوە” دهستگیر کران و پاشان ڕهوانهی شاری ئاماد کراون. ئەم پەلامارەی رژێمی ئوردوگان و حکومەتە فاشیستەکەی لە درێژەی سیاسەتی توندکردنەوەی سەرکوتگەری و پەلاماری سەربازیدایە بۆسەر خەڵکی سەراسەری تورکیا کە بەدوای کودەتا سەربازیەکەی ئەم دوایانەدا گرتویەتیەبەر. هێرشێکی سەربازی و پۆلیسی بۆ سەر ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە تورکیادا، زیندانیکردنی بەکۆمەلی موخالیفانی حزبی دەسەلاتدار، زەبروزەنگ بەرامبەر بەهەڵسوڕاوانی چەپ و کرێکاری و بەرتەسکردنەوەی هەڵسورانیان، داخستنی دەیان ڕۆژنامە وئیزگەی تەلەفزیۆنی ورادیۆیی، تا ئیسلامیزهکردنی یاساکانی وڵات وپشتوپەناگرتنی داعش وهەڵخستنی فەزای جەنگ و عەسکەرتاریەت بەسەر شارەکانی کوردستانی تورکیادا.. هەموو ئەمانە گۆشەیەک لە سیاسەتی تیرۆریستی دەوڵەتی وئیستبدادی حکومەتی نمایش دەکات، کەئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی بۆ لەنگەرگرتنی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وتێپەڕکردنی قەیرانێکی سیاسی کەبەرۆکی پێگرتووە، دەستی بۆ بردووە. بێگومان سیاسەتێکی ئاواش سەرەتایهکه بۆ دەستپێکردنی لێکترازانی کۆمەڵگەی تورکیا وهەڵخستنی ڕقهبەری قەومی و نائارامکردنی سەراسەری کۆمەڵگای مەدەنی تورکیا.
ئۆردوگان وحکومەتە فاشیستیەکەی کەلەژێر ناوی”راوەستانەوە بەرامبەر بەتیرۆر”دا درێژەپێدەری ئەم سیاسەتە سەرکوتگەری و ڕەشبگیریە، لە دۆخی شهر و کێشهمهکێشەکانی ئێستای ناوچەکەدا بەڕاکێشانی هێزی سوپا بۆ ناوخۆی عێراق و سوریا و پشتیوانیکردنی ئاشکراو ژێربەژێری داعش ودەستە و تاقمە ئیسلامی و نهتهوهیی وکۆنهپهرستهکان، خۆی وەک دەوڵەتێکی تیرۆریست ڕۆڵ دەگێڕێ لەکاولکردنی کۆمهڵگا وکوشتار و ئاوارەکردنی خەڵکی بێتاوان.
کارنامەی ڕەش و سەرکوتگەری ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی، جارێکیتر مایەپوچی “حکومەتی دیومکراسی و پەرلەمانی” دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی هەم لەناوخۆی تورکیا و هەم لەدەرەوەدا، لەمەحەک دەداتەوە.هاوکات مۆری ڕیسوایی بەنێوچاوانی “ئینسان دۆستی و دیموکراتی” ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە دەنێ، کەبەدەربڕینی”نیگەرانی سەرانیان” هەمو ئەم تاوان و بەربەریەتەی ئۆردۆگان تێدەپەڕێنن.
بەرپەچدانەوەی فراوانی دەوڵەتی تیرۆریستی تورکیا ئەرکی دەستبەجێی جەماوەری ئازادیخوازە. بۆیە نابێ ڕێگابدرێ بە ئۆردوگان و حکومەتەکەی کۆمەڵگای تورکیا بۆنێو زەلکاوی نائارامی و سەرکوتگەری ڕاکێشی، دەبێ تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە بەخەباتی کرێکاران و ئازادیخوازان و خەڵکی موتەمەدینی جیهان و ناوچەکە سنورێکی بۆدابنرێ، دەبێ لەپێناو بنەبڕکردنی تیرۆر و تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیا و بۆ ئازادکردنی گیراوەکان و جێگیرکردنی ئازادیەکان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لەمەیداندا ڕاوەستین. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم پەلامارانەی حکومەتی تورکیا بۆسەر هەدەپە، هاوکات لەڕیزی ئەم خەباتەدا ڕادەوەستێ و داواش لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات پێوەی پەیوەستبن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
4/11/2016