جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکان لەسیاسەت و کارکردی حزبە قەومی و ئیسیلامیەکان، بنەمای ڕاوەستاوی و پێشڕەوی جوڵانەوەکەمانە!

جەماوەری ناڕازی کوردستان!

فەرمانبەران، مامۆستایان، کرێکاران!

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژی شەممە ١٩ ی نۆڤەمبەر، سەرەڕای بەرهەقەبوون وبەرجەستەکردنەوەی بەرچاوڕۆشنیەکی زیاتر، بەڵام جارێکیتر تابلۆیەکی لێڵ و ناڕۆشنی لەنیوان “دۆستانی درۆینەی خەڵك” و ڕیزی سەربەخۆ و چیانیەتی ناڕەزایەتیەکاندا، نمایش کردەوە. دەرکەوتنی ئەندام پەرلەمانی حزبەکان و کاربەدەستانی دەسەڵاتە خۆجێیەکان لەخۆپیشاندانەکاندا وخۆکردنیان بەنوێنەر و دەمڕاستی مامۆستایان و کارمەندان  و خەڵكی ناڕازی کوردستان و هەوڵدانیان بۆ وەرگێڕانی ڕووی خۆپێشاندانەکان بەرەو بەغدا و تەمومژ خستنە سەرداخوازیە  ڕۆشنەکانی خەڵکی ناڕازی، بەڵگەی ئەم ڕاستیەیە. ‌لەلایەکی تریشەوە گرتن و لێدان و سوکایەتی و بێڕێزی کردن بەخۆپێشاندەران، لەلایەن ئاسایش و پۆلیس ودەزگا سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات و میدیای بەردەستیانەوە، جارێکی تر ئەو ڕاستیە سەلمایەوە کە ئەوە بەتەنها پارتی و حکومەتەکەی بەرزانی نییە کەوتۆتە بەرامبەر بەخەڵکەوە و دەبێ ناڕەزایەتی جەماوەری بەرەو ڕوبکرێتەوە، بەڵکو دەسەڵاتە خۆجێیەکان، پارێزگارو بەڕێوەبەرایەتیەکان و بەرپرسانی یەکە ئیدرایەکان، لەئاست هەر ناوچەیەکدا، کەبەدەست حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی ناو حکومەتی بنەکەفراوانەوەیە، دەبێ وەک مەسئول و خوڵقێنەری ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکرێن و ڕێگایان پێنەدرێ لەڕیزی جەماوەری ناڕازیدا بەناوی “خەمخۆران و دۆستانی خەڵک” ەوە سەردەربهێنن.

ڕۆژی شەممە ئەگەرچی جارێکیتر ‌جوڵانەوەی جەماوەری خەڵکی نارازی کوردستان سووربونی خۆی لەسەر داخوازیەکانی “دانی موچەی تەواو لەکاتی خۆیدا، گێڕانەوەی موچەی نەدراو وهەڵوەشانەوەی سیستەمی پاشەکەوت کردنی موچە”ی  ڕاگەیاندوە و رق و تورەیی خۆی ڕووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچیان کردەوە، هێشتا ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانیوە وەک ڕیزێکی چینایەتی سەربەخۆ لەسیاسەت و کارکردی حزبە بۆرژوای قەومی و ئیسلامەیەکان جیابکاتەوە و سەرتاپای دەسەڵات وهەموو لایەنە پێکهێنەرەکانی بکاتە نیشانەی خۆی. ئەم جوڵانەوەیە ئەگەر لەوەڵامی  مەسعود بەرزانیدا، خۆپێشاندان دەکاتە “‌هەڵپەڕکێ جەماوەریی” نابێ بکەوێتە کەمپینی سیاسەتەکانی یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە و پشت لەدەسەڵاتە ناوچەیی و خۆجییە هاوبەشەکانی ئەم حزبانە بکات. لە کاتێکدا ئەمانە هەموویان بەشداری دەسەڵات و بە تاڵان بردنی قوتی خەڵکن و هەرکامیان بە ئەندازەی دەستڕۆیشتوویی خۆی لەم تاڵانەی بردووە. بۆیە دەبێ ناڕەزایەتی و جۆڵانەوەی جەماوەری لەئاستی سەراسەریدا، یەخەی سەرتاپای دەسەڵات و حکومەت بگرێ و لەئاست ‌هەر ناوچە و یەکەیەکی ئیداریدا، یەخەی دەسەڵات لەو شوێنە بگرێ. بێگومان ئەمە هەنگاوێکی پێویست و گرنگە نەک هەر بۆ ڕێچکەگرتنی ڕێگای ڕاستەقینەی بەدەستهێنانی داخوازیەکانمان، بەڵكو پتەوکردنی سەنگەری ناڕەزایەتیەکانمانە لەبەرامبەر هەرجۆرە هەوڵێکی حزبەکانی نێو دەسەڵات، بەئاراستەی  بەلاڕێدابردن و بەدەستەوەگرتنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

خەڵکی ناڕازی کوردستان!

لە ئێستادا پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان، لەجەرگەی توندبوونەوەی قەیرانی دەسەڵاتدارێتی و فەشەلی حکومەت و پەرلەمانەکەیان، لەگەڵ یەک کەوتنەتە مونافەسە و کێشەوە وهەرلایەک بۆ بەدەستهێنانی پێگەی زیاتر لەدەسەڵات و بردنی بەشی زیاتر لەڕەنجی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وسامانی کۆمەڵگا، دەبێ بتوانی حەریفەکەی لەمەیدان وەدەرنێ وەیا ملی پێکەچکات. لەم پێناوەشدا، هەوڵدان بۆ بەدەستەوەگرتنی ناڕەزایەتی جەماوەر و بەکار‌هێنانی وەک کارتی فشار لەشەڕو دەعوای ئەم حزبە تاڵانچی ودژ بەخەڵکیانەدا بابەتی  بەردەوامی گەمەی سیاسانە،  یاریەکی قێزەون کە لەئێستادا بارگرژی و مشتومڕی نێوان پارتی ویەکێتی و بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکانی لەبەرامبەر یەکدا گەرم کردووە، “پڕۆژەی بەستنەوەی پارێزگاکانی هەرێمە بە بەغداوە” کەلەبەرامبەر داوای سەربەخۆیی ودامەزراندنی دەوڵەتە کوردیەکەی” مەسعود بەرزانیدا، خراوەتەڕوو. وە دەیانەوێت جەماوەری ناڕازی بۆ نێو ئەم شەڕەی نێوانیان ڕاکێشن  و بەردەوامیدان  بەخۆپیشاندان و مانگرتنەکان و کۆبونەوە ناڕەزایتەیە جەماوەریەکان، وەسەرەنجام مەسەلەی نان و موچە و گوزەران و ئازادی هاوڵاتیان، بخەنە گرەوی ئەم یاریە قێزەونە و یەکلا کردنەوەی ئەم شەڕە پوچەیانەوە. لەم نێوەشدا ئەوەی دەبێ سەرنجی بۆ بدرێ ئەوەیە کە لەڵایەک پارتی دەیەوێ بە تێکەڵکردنی ناڕەزایتەکانی خەڵک لە گەڵ هەڵوێستی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ناسنامەیەکی حزبی وسیاسی بەسەر ئەم ناڕەزایەتیانەدا بسەپینێ و بەمەش هەم شانی خۆی خاڵیبکاتەوە لەوەڵامدانەوە بەداخوازیەکانی خەڵک وهەم بەپیڵانگێڕی و کردەوەی گێرەشێوێنی ناوزەدی بکا و بیکاتە بەهانەیەک بۆ سەرکوتکردنی. لەلایەکی دیکەوە بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت ئەم ناڕەزاتیانەی جەماوەر وەک کارتێکی فشار بۆسەر پارتی بەکاربهێنێت و هاوشێوەی ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوبات بیکاتە قوربانی ملـملانێی خۆی لەگەڵ پارتیدا و لەڕێگەیەوە باری لاکەوتووی خۆی هەڵسێنێتەوە. لەکاتێکدا نە ئەم شەڕ و کێشمەکێشەی لایەنەکان، شەڕی خەڵکی ناڕازی کوردستانە و نەپڕۆژەکانیشان، پەیوەندی بەبەرژەندی ئەوانەوەیە. خەڵکی کوردستان بەدرێژایی ٢٥ ساڵ لەدەسەڵاتدارێتی  ئەم حزبە دواکەوتو  کۆنەپەرست و تاڵانچیانەی چینی بۆرژوازی، هەم “ڕێگای بەغدای” تاقیکردۆتەوە و هەم نمونەکانی حکومەتی سەراسەری و ناوچەیی، یەکحزبی و دووحزبی ، وە هەم حکومەتی بنکە فراوانی هەموو ئەم لایەنە قەومی و ئیسلامیانەی تاقیکردۆتەوە و سەرەنجام جگەلە، شەڕ و نائارامی، ئاوارەیی و دەربەدەری، هەژاری و بێکاری، کۆنەپرستی و بێمافی، سەرکوت و ئینسانکوژی، ودەیان بەڵا و موسیبەتی تر بۆ زۆرینەی خەلك و ژیانی فیرعەونانەش بۆ کەمایەتیەکی کەم لەچینی دەسەڵاتدار و خاوەن کۆمپانیا و بازرگانان، ئەنجامێکی تری نەبووە. هەربۆیە خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش، مامۆستاین و فەرمانبەران، ژنان و پیاوانی ناڕازی، خویندکاران  و لاوانی دڵپر لەهیوا.. نابێ ڕێگا بدەین ناڕەزایەتی و  خۆپیشاندانەکانمان بەسیاسەتی چەواشەکارانە و پرۆپاگەندەی پوچی قەومی و دینی ئەوان رێگای خۆی وونکات. خەبات بۆ شکڵگرتنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لەشوراکاندا، هاوکات دەستبرن بۆ کۆنترۆڵی جەماوەری بەسەر هەموو مەیدانەکانی کارو بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەرجەم بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و بانکیدا.. وەڵامی جەماوەری ناڕازی و بەشمەینەتی کوردستانە بە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و پرۆژەی ئەم حزبانە. کەوایە جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانمان مەرجێکی ترە بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلان و گەمەیەکی سیاسی کەئەم حزبانە بەخەبات و ناڕەزایەتیەکانی ئیمەوە دەیکەن.  بەڵام چۆن دەبێ چیبکرێ تا ڕیزی جەماوەری ناڕازی بەسەربەخۆ لەدۆستانی درۆزنەی خەڵک و سیاسەتی حزبە تاڵانچیەکانی کوردستان، بە سەربەخۆ بپارێزڕیت؟

هاوڕێیانی کرێکار، هەڵسوڕاون و ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان!

هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان بەناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرینکردنەوەیان لەدەوری خواستی ڕۆشن و ڕاکێشانی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان بۆ کۆبوونەوە  لەدەوریان  یەکێک  لەو خاڵانەیە کەدەبێ ڕابەران و ‌هەڵسوڕاوانی  نێو ناڕەزایەتیەکان بەردەوام چاوی تێببڕن و لەجەرگەی ئەم خەباتەشدا، ڕیزی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ خواستەکان لە هەرجۆرە سیاسەتێکی حزبەکان بپارێزرێ و ڕاستەوخۆ ڕوو لەدەسەڵاتی هەر شار و ناوچە و ئەو یەکە ئیداریانە بکرێ  کەناڕەزایەتیەکانیان  تیا بەڕێخراوە. هەرلەمبارەوە سازدانی ناڕەزایەتیەکان لەناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان، و کردنی کارگە و زانکۆ و گەڕەک و بەڕێوەبەرایەتیەکان بەمەیدانی ناڕەزایەتی جەماوەری هەر ڕۆژە و بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی جەماوەری تیایاندا، خاڵیکی ترە کەدەبێ بەخێرایی کاری بۆبکرێ.

هەر لەم ڕێچکەیەدا، هەڵبژرادنی ڕاستەوخۆی نوێنەران لەکۆبونەوە گشتیەکانی هەرناوەندێکدا لەلایەن جەماوەری ئەو ناوەندانە خۆیانەوە و پاشان هەنگاو هەڵگرتن بەرەو یەکخستن و لێکهەڵپێکانی نیوێنەرانی هەڵبژێردراوی ناوەندەکان ویەکخستنی هەڵسوڕانیان لەسەرئاستی ناوچەیی و شارەکاندا دەتوانێ فاکتۆری ڕابەری و ڕێنمایی کردنی ناڕەزایەتیەکان فەراهەم کات و لەم ڕێگایەشەوە نەخشە و تاکتیکی گونجاو بۆ بەرەوپێشەوە بردنی ناڕەزایەتیەکان چ لەئاستی سەراسەری و چ لەئاستی مەحەللیدا بەدەستەوە بگرێ و جەماوەری بۆ بانگەواز بکات. بێگومان دەستبردن بۆ هەموو شێوازێکی خەباتی جەماوەری، لەوانە مانگرتن، دەست لەکارکێشانەوە، خۆپێشاندان و بەستنی ڕێگاکان، تا لەکارخستن و کۆنترۆڵی ناوەندەکانی کارو بەرهەمهێنان.. ئەمانە شێوازگەلێکن کەدەبێ بەناسینەوەی ئامادەییەکانی جەماوەر و هاوسەنگی هێزی نێوان دەسەڵات و جەماوەر لەهەر بڕگەیەکی خەباتدا هەڵبسەنگێندرێن و دەستیان بۆببرێن.

دەبێ ئیتر ئەو ڕاستیە بۆ هەمووکەسێک  ڕۆشن بێت کە ناسیونالیزم  و نەتەوەچێتی و خاکپەرستی، وەهـمێکە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ گێژکردنی جەماوەر و مانەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداران و تاڵانچیان بەسەر کۆمەڵگاوە پەنای بۆدەبەن، بۆیە دەبێ ئەم وەهمە وەلابنرێ. مامۆستایان و فەرمانبەران، خوێندکاران و لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشانی  ناڕازی دەبێ  بەو ڕاستیەوە  خەبات بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانی  ئێستا درێژە پێبدەن، کەتاکە رێگای رزگار بوون لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی و دەرچون لەدۆخی ناهەمواری ئێستا لەگرەوی هاتنەمه‌یدانی  سەرتاسەری خەڵکی ستەمدیدەیە  بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵکار و تاڵانچییان. کەوایە هەموو جۆرە  خەباتێکی  رۆژانەی  جەماوەری بەشمەینەت  لەدەوری داخوازیە  دیاریکراوەکان، سەرئەنجام هەر دەبێت ڕووی لە خۆئامادە کردن بێت بۆ ئەو ڕۆژەی کەتوانای جەماوەر دەگات بەوەی حسابی خۆی لەگەڵ هەرئەم دەسەڵاتە یەکلابکاتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتەواوی تواناوە بۆ هێنانەمەیدانی ئەم ڕیزە لەخەباتی سەربەخۆی جەماوەری و چینایەتی تێدەکۆشێ وهاوکاتیش بانگەوازی خەڵکی ناڕازی کوردستان دەکات بۆ سەرخستنی خەباتی یەکگرتوانە دەستبنێنە نێودەستەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠/١١/٢٠١٦

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *