هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی بۆسەر خۆپیشاندەرانی سلێمانی مەحکومە!

ئەمڕۆ ١/١٢//٢٠١٦ هێزێکی زۆری ئەمنی کە لەبەردەم پەروەردەی رۆژاوادا بڵاوەیان پێکرابوو، بە سوکایەتی و جنێودان و  رشتنی گازی فرمێسكرێژ و کێبڵی کارەبا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و ئەو فەرمانبەرو هاوڵاتیانەی بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و بۆدەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بڕینی مووچەو بریسکردن و هەژارکردنیان بە خۆپیشاندانەکەوە پەیوەست دەبوون. دەیان کەسیان لێدەستگیرکردن و هەوڵیان دا بەزۆری هێز بڵاوەیان پێبکەن، بەڵام خۆپیشاندەران قارەمانانە بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان بونەوەو  پاشەکشەیان پێکردن و ناچاریان کردن دەستگیرکراوەکانیش ئازاد بکەن.

هەر ئەمڕۆ سەرلەبەیانی، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و بەشێوەیەکی دڕندانە و لەبەرچاوی خێزانەکانیان دەستگیریان دەکەن و تائێستا ئازاد نەکراون. بەپێی هەواڵەکان ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی دەستیان کردوە بەڕەشبگیری هەڵسوڕاوان و ئەو کەسانەی کە دەوریان هەبوە لە ناڕەزایەتی مامۆستایان و جەماوەری خەڵك لە سلێمانی.

 حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتمانی کە بەهاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا دەسەڵاتی سلێمانیان بەدەستەوەیە، دەستیان ناوەتە گەرووی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران و جەماوەری کەمدەرامەت، سەرچاوەی ژیان و بژێویان تاڵانکردون، کەچی بەرامبەر بەدەنگ هەڵبڕینی خەڵك دژی ئەم زوڵم و زۆرەی لێیان دەکرێ، سزای نوێنەرانیان دەدات و ئۆتۆمبێلی مامۆستایانی ناڕازی دەسوتێنێن، کە ئەوانەش دادیان نادات، راستەوخۆ لولەی چەك و هێزی سەرکوت و تۆقاندنیان پیشان دەدەن!

یەکێتی نیشتمانی کە دەسەڵاتداری راستەقینەی سلێمانیەو هەربەو ئیعتبارەش شەریکی سەرەکی پارتیە لە حکومەتی هەرێمداو بەشێکی داهاتی تاڵانکراوی هەرێمی پێدەبڕێت، بەهەر نرخێك بوە دەیەوێ کۆتایی بە بایکۆتی مامۆستایانی خوێندنگاو زانکۆ پەیمانگاکان بهێنێت و بە گیرفانی بە تاڵ و سکی برسی و بە زۆر دەوام لەناوەندەکانی خوێندندا دەست پێبکاتەوە، چونکە دەست پێنەکردنی دەوامی خوێندنگاو زانکۆکان شکستی ئەو حزبەو دەسەڵاتەکەی لەرووی سیاسی و ئیداریەو دەسەلمێنێت، هەروەها لای پارتیش روبەرووی گلەیی وگازەندەو بەرپرسیاریەتی دەبێتەوە کە ناتوانێ سنورێك بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵك دابنێ!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا سزادانی نوێنەرانی فەرمانبەران و دەستگیرکردن و فڕاندنی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و رەشبگیری و چوونە سەرماڵانی رێکخەران و کەسە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکان ریسواو ئیدانەو مەحکوم دەکات، هاوکات پەلامارو هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بەکردەوەیەکی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان دەزانێت. دەبێت دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی دەستبەجێ دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن‌و دەست هەڵگرن لە سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی ناڕازی و وەڵام بە خواستەکانیان بدەنەوە.

بانگەوازی مامۆستایان و فەرمانبەران و جەماوەری ناڕازی دەکەین کە بەردەوام بن لەسەر ناڕەزایەتی و خەباتی رەوای خۆیان، بە هەموو شێوازێکی گونجاو  لە ناوەندەکانی کارو خوێندنگاو زانکۆو خەستەخانەو لەسەر شەقام  تا حکومەت ناچاردەکەن مل کەچ بکات بۆ خواستەکانیان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان  
١-١٢-٢٠١٦

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *