دەربارەی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ی به‌رده‌ستان له‌ لایه‌ن مه‌نسور حكمه‌ته‌وه‌ كاتی خۆی وه‌رگێردراوه‌ بۆ زمانی فارسی و هه‌رخۆشی پێشه‌كیه‌كی بۆ نووسیوه‌. ئێمه‌ به‌ باشمان زانیوه‌ كه‌ ناونیشانی باسه‌كه‌ی ماركس بكه‌ین به‌ ناونیشانی بنه‌ڕه‌تی و هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ بیخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ پێشكه‌شكردنی باسه‌كه‌ی ماركسه‌. ئه‌م ده‌قه‌ كوردیه‌ له‌ لایه‌ن خه‌سره‌و سایه‌وه‌ له‌ فارسیه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌. وه‌رگێڕانی كوردی به‌شی ده‌قه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی ماركس پیاچوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئینگلیزیه‌كه‌دا له‌ لایه‌ن جه‌مال محسنه‌وه‌ بۆ كراوه‌. هه‌ر هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه‌ حكمه‌ت له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌كات به‌كارهاتووه‌ له‌م پیاچوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ وێبلاگی ماركسیسته‌كاندا، به‌شی زمانی ئینگلیزی، به‌رده‌ست ئه‌كه‌وێ. ته‌واوی ده‌قه‌ فارسیه‌كه‌ش له‌ وێبلاگی مه‌نسور حكه‌متدا له‌به‌رده‌ستایه‌. لای خۆمانه‌وه‌ پێشوازی له‌ هه‌ر سه‌رنج و پێشنیار و ڕه‌خنه‌یه‌ك ئه‌كه‌ین گه‌ر له‌سه‌ر وه‌گێڕانه‌كه‌ هه‌بێت.                                                 ”دیدگای سۆشیالیستی“

پێشەکی بۆ ووتاری مارکس

دەربارەی کاری بەرهەمهێن ونابەرهەمهێن

مەنسور حکمەت

جیاوازی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، یەکێک لە پێکهاتووە گرنگه‌كانی رەخنەی مارکسە لە سیستەمی سەرمایەداری و ئابوری سیاسی. داڕشتنەوەی وردی مارکس بۆ ئەم چەمکانە، نە تەنها ئەو توانایە بەو ئەدات کە سەرچاوەی سامان وقازانجی چینی بۆرژوازی و “نهێنی توانای به‌رهه‌مهێنه‌ری سەرمایە” ئاشکرا بکات، بەڵکو لەهەمان کاتدا جیاوازی و پەیوەندی دژبەیەکی نێوان توێژە جیاجیاکانی سەرمایە، لەوانەش سەرمایەی پیشەسازی (بەرهەمهێن) و بازرگانی و سوخۆر، بەدروستی شیبکاتەوە. لەهەمانکاتدا مارکس بەتوێژینەوە لەکاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، دەستگایەکی تیۆری چالاکی لەشیکردنەوەی دابەشبوونە دەرونیەکانی پرۆلیتاریا و شێوە جۆراوجۆرەکانی ڕووبەرووبوونەوەی ئابووری و سیاسی سەرمایە لەگەڵ بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکاردا ئەدات بەدەستەوە. تیۆری مارکسیستی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، گرنگی و دروستییەکەی بەتایبەتی لەم دوو دەیەی دواییدا و لە ڕەوتی قەیرانێکی قوڵی کۆمەلگا سەرمایەداریە پێشکەوتووەکاندا سەلماندووە.

کاری بەرهەمهێن چییە، وەیا بەواتایەکیتر چ کارێک بەرهەمهێنە؟ فیزۆکراتیەکان، یانی یەکەمین دامەزرێنەرانی ئابووری سیاسی هاوچەرخ ئەم پرسیارەیان لەڕوانگەی “سروشتی” و”فیزیکی”ەوە وەڵامداوەتەوە. بەلای ئەوانەوە تەنها کاری کشتوکاڵی بەکاری بەرهەمهێن دادەنرێ، لەم دەربڕینەدا، سەرچاوەی قازانج و سامانی کۆمەڵگای بۆرژوازی لە سروشتدا دراسە دەکرێت. ئەوە سروشتە کە سامان و زێدەبەرهەم دەخوڵقێنێ و هەر بۆیە کاری بەرهەمهێن کارێکە کە لەگەڵ سروشتدا کار و کاردانەوە دەکات. زێدەبەرهەم بەرهەمی سروشتە نەک کار، هەر بۆیە کۆمەڵگا بەگشتی (دەوڵەت و سیاسەتە ئابوریەکانی دەوڵەت) پێویستە لە خزمەتی بەرەوسەرەوە بردنی توانایەکانی کارو زیادکردنی بەرهەمەکان لە بواری کشتوکاڵدا دابنرێ و لەبەکاربردنی بەرهەمە نابەرهەمهێنەکان خۆپارێزی بکرێ و سەرچاوە ئابوریەکان تایبەت بکرێن بۆ باشکردنی چۆنایەتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی. بەم پێیەش فیزۆکراتەکان بانگەشەکەرانی باوەڕی ڕەتکردنەوەی بەکاربردنن، واتە بانگەشەدەرانی بەها و ئەخلاقیاتی کۆمەڵگای بۆرژوازین لە قۆناغەکانی سەرەتای شکڵگرتنیدا. فیزۆکراتەکان بیرمەندانی ئابووری سەردەمانی شکڵگرتن و هەڵدانی سەرمایە بوون. باوەڕەکانی ئەوان لەلایەک هەڵگری وێنایەک لەبەهاو لێکدانەوە فیوداڵییەکانە و لەلایەکی تریشەوە گرفتە عەمەلیەکانی بۆرژوازی لە دەورانی سەرهەڵدان و گەشەدا، بەیان دەکەن، واتە لە بڕگەیەکدا کە سەرمایە هێشتا، پێی نەناوەتە بەرهەمهێنانی گەورەی پیشەسازیەوه‌ هێشتا قازانجهێنەری سەرمایە لەهەنگاوی یەکەمی خۆیدا گرێی خواردەوە بە باشکردنی هەلومەرجی تەکنیکی بەرهەمهێنانی بەرهەمە تەقلیدیەکانەوە لە کشتوکاڵدا. لە ڕوانگەی تیۆریەوە ئەوە رۆشنە کە کاری بەرهەمهێنەر لای فیزۆکراتەکان جۆرێکی دیاریکراوە لەکاری تایبەت (کۆنکرێت). واتە بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی دیاریکراو (بەهایەکی بەکاربردنی دیاریکراو)، بەم پێیەش لە سەنتەری ئەم بۆچوونەدا ئەنجامدانی جۆرێکی دیاریکراو لە کار، بۆ کاری بەرهەمهێن، جێگادەگرێ.

ئادەم سمێس یەکەمین ئابوری ناسی بەناوبانگە، کە لە ڕوانگەی “سروشت”ەوە بۆ کاری بەرهەمهێنی نەڕوانیوە، بەڵکو لەدەرچەی “بەرهەمهێنانی سەرمایەداری”ەوە بۆی دەروانێ و بەم پێیەش لێکدانەوەی”سروشتی” و “فیزیکیانە”ی بۆکاری بەرهەمهێن، خستۆتە لاوە و ئاماژەی “چەندایەتی”و “بەها”ی بۆکاری بەرهەمهێن داناوە. بەلای ئادەم سمێسەوە بەرهەمهێنەربوونی کار لەوەدا نیە ئەم یان ئەو بەهای بەکاربردنە دیاریکراوە بەرهەم دێنێ، بەڵکو لەوەدایە کە بەها بۆ سەرمایە بەرهەمدێنێ. سمێس کاری بەرهەمهێنەری بەو کارە پێناسەکردووە کە لەگەڵ سەرمایەدا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێ و کاری نابەرهەمهێنیش کارێکە کە بە سەرمایە ئاڵوگۆڕی پێناکرێ، بەڵکو لەگەڵ دراو “داهات”دا دەکەوێتە ئاڵوگۆڕەوە. پێناسەکەی ئادەم سمێس بۆ کاری نابەرهەمهێن دروستە، بەڵام دەربڕینەکەی لەسەر کاری بەرهەمهێن ناتەواوە. ئەمەش لەو روانگەیەوە کەپێی وایە هەرکارێک لەگەڵ سەرمایە ئاڵوگۆر پێبکرێ، بە بەرهەمهێنەری بەها ئەژماردەکرێت. بەڵام لەحاڵەتێکدا کە بە ڕواڵەت باسەکە لەسەر توانای بەرهەمهێنەری کارە، ئەو پێی وایە کە ئەوە سەرمایەیە بنەمای بەها و سەرچاوەی هەر توانایەکی بەرهەمهێنەریە.

ئادەم سمێس لە ڕوانگەی بەرهەمهێنانی بەهاوە، ڕازی نیە بەهەر جیاوازی کردنێک لەنێوان سەرمایەیەکدا کە لە پڕۆسەی بەکردەوەی بەرهەمهێناندا بەکاردەبرێ، لەگەڵ سەرمایەی بازرگانیدا. بەمجۆرەش تیۆری ئادەم سمێس دەرخەری تێڕوانینی تاک سەرمایەدارێکە کە خودی “قازانجهێنەری” سەرمایە، بەسەرمایەی بازرگانیشەوە، لەگەڵ “توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە” بە یەک شت دەزانێ. بەم پێیەش لە دەربڕینەکانی ئادەم سمێسدا سەرچاوەی واقعی قازانج و سامانی بۆرژوازی دەشاردرێتەوە و لەبری ئەمە توێژە “بەکاربەر” و”نابەرهەمهێنەکان”، لەوانە خاوەنانی زەوی، سووخۆرەکان و شتی لەمجۆرە، لە ڕوانگەی سەرمایەوە دەخاتە ژێر ڕەخنەوە. ئادەم سمێس تیۆریزانی دەورانی سەرهەڵدانی سەرمایەی گەورەی پیشەسازیە، کاتێک کە سەرمایە لەپێناو سەرچاوەکان و بەرهەمەکاندا، لەگەڵ توێژ و چینەکانی تردا دەکەوێتە مونافەسەوە. ڕەخنەی ئەو لەم تویژ و چینە “نابەرهەمهێنەران”ە، لەواقعدا بزاوتێکە بۆ بەپیرۆزکردنی سەرمایە بەشێوەیەکی گشتی وسەرمایەی پیشەسازی بەتایبەتی.

ڕیکاردۆ، پێناسەکەی ئادەمسێس بۆ کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن وەک خۆی پەسەند دەکات، به‌ڵام سەرنجی خۆی بۆ لای ڕیژە و ئاستی زێدەبایی و پەیوەندی نێوان سەرمایە و کرێکاران، وەردەچەرخێنێ. ئەمەش گرفتێکی واقعی سەرمایەی پیشەسازیە لە قۆناغە پێشکەوەترەکانیدا. لە قۆناغیکدا کە گرفتی “بەکاربردنی نابەرهەمهێن”ی توێژ و چینەکانی “پێش سەرمایەداری” جێگاوشوێنیان دەبێتە گرفتێکی بەردەم بەرەوسەرەوە بردنی ڕێژەی زێدەبایی(“داهاتی سافی”) و مەسەلەی داوا و خستنەڕووی (عرض والطلب)کار. ڕیکاردۆ لێرەدا بەدوای کێشەکانی کەڵەکەی سەرمایەوەیە. ئەگەر دانیشتوانێکی بەرهەمهێن لە تواناییەکی باڵای بەرهەمهێنان بەهرەمەند بێت، ئەوکاتە وەڵامدانەوە بەمەسەلەی توێژە نابەرهەمهێنەرەکان دژواریەکی جدی پێکناهێنێ. بۆ ڕیکاردۆ گرفتی سەرەکی بەردەم سەرمایە، “هاتنەخوارەوەی توانا” ی دانیشتوانێکی بەرهەمهێنەرە.

تێڕوانینی مارکس لە دوو خاڵی بنەڕەتیدا لەگەڵ بۆچونەکانی ئادەم سمێس و ڕیکاردۆدا سەبارەت بەکاری بەرهەمهێن وسەرچاوەی زێدەبایی جیاوازی هەیە. یەکەم، مارکس بەپێچەوانەی ئادەم سمێسەوە هەر کارێک کە لەگەڵ سەرمایەدا بگۆڕدرێتەوە، بەکاری بەرهەمهێن نازانێ. مارکس دووجۆر گۆڕینەوەی لێک جیاوازی نێوان کار و سەرمایە دەستنیشان دەکات، یەکەم، گۆڕینەوەی رەمزیانەی نێوان کار و سەرمایەیە، واتە فرۆشتنی هێزی کارێک کە لەژێر پاشکۆیەتی ڕەمزیانەی سەرمایەدا (Formal Subsumption) قەراردەگرێ. به‌ڵام خودی ئەم گۆڕینەوەیە بەها بەرهەم ناهێنێ. “گۆڕینەوە”ی دووەمی نێوان کار و سەرمایە لە جەرگەی پڕۆسەی کاردا شکڵ دەگرێ. لەم پڕۆسەیەشدا کار لەژێر سایەی پاشکۆیەتیەکی واقعیدا (Real Subsumption ) بەسەرمایەوە سەردەردێنێ و لەلایەن سەرمایەوە بەکار دەبرێ. لێرەدایە کە توانای بەرهەمهێنەری کار خۆی نیشاندەدات. دووەم، مارکس جیاوازی لەنێوان کار و هێزی کاردا دەکات. ئەوەی سەرمایەدار دەیکڕێ مافی سودوەرگرتنە لە هێزی کاری کرێکار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. بەڵام ڕێژەیەک لەکار، کە کرێکار لەم ماوە دیاریکرداوەدا ئەنجامی دەدات، زیاترە لەڕێژەی کارێک کە سەرفکراوە بۆ بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خودی هێزی کار. بەم جۆرەش سەرمایە لە پرۆسەی کاردا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە زێدەکار، بێبەرامبەر بۆخۆی بەدەست دێنێ و بەدوای فرۆشتنی بەرهەمەکاندا ئەم زێدەکارەش دابین دەکات. بەم پێیەش مارکس پەنجە لەسەر گرنگی پڕۆسەی کار دادەنێ. چونکە لە جەرگەی ئەم پرۆسەیەدایە، کە یەکەم هێزی کار، توانای بەرهەمهێنەری خۆی، لەسەر بنەمای جیاوازی نێوان بڕی کارێک کە ئەنجام دەدرێ لەچاو بڕی ئەوکارەدا کە سەرف کراوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار، دەردەخات، دووەمیش بەدرێژایی ئەم پرۆسەیەیە کە “بەرهەمهێنەر”بوون واتایەکی مادی واقعی بەدەستدێنێ. مارکس کاری بەرهەمهێن بەکارێک پێناسە دەکات کە دوای گۆڕینەوەی ڕەمزیانەی لەگەڵ سەرمایەدا، بەکردەوە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا لەلایەن سەرمایەوە بەکار دەهێنرێ. ئەمەی دووەمیان نیشانەی ڕوکاری مادیانەی بەرهەمهێنانە. مەسەلەکە لەبارەی ئاکامی پڕۆسەی کارو بەرهەمهێنانی بەهای بەکربردنەوەیە بەشیوەیەکی گشتی نەک جۆرێکی دیاریکراو لەبەهای بەکاربردن. ڕوکاری مادیانەی بەرهەمهێنان لەڕیگای ئەم یان ئەو پرۆسە تایبەتەی کارەوە (کاری کۆنکریت)، لە نمونەکانی کاری کشتوکاڵی، ڕستنو چنین و شتی لەمجۆرە، وە تەنانەت بەم یان بەو بەهای بەکاربردنە دیاریکراوەوە، واتای مادی بەدەست ناهێنی، بەڵکو لە ڕێگای خودی لەئارادابوونی پرۆسەی کار، لە شێوەیەکی گشتیدا، واتای مادی بەدەستدێنێ. بەدەربڕینێکی تر، ئەوە کاری کۆنکرێت نیە کە سەرچاوەی بەهایە، بەڵکو کار، بەمانای گشتی وشەکە، یانی کاری موجەرەد، سەرچاوەی بەهایە.

مارکس لەسەر ئەم بنەمایە توانی کە هەم بۆچوونە ڕواڵەتیە “مادی” گەرایییەکانی فیزۆکراتەکان ڕەتکاتەوە کە باوەڕیان وابوو، پێوانەی بەرهەمهێنەری کار لە بەرهەمهێنانی جۆریکی دیاریکراو لە بەرهەمە مادیەکاندایە. وە هەم لێکدانەوە “چەندایەتیەکان”ی ئادەم سمێس و ڕیکاردۆش دیسانەوە ڕەتکاتەوە، کە پێیان وایە خودی گۆڕینەوەی سەرمایە بەسە بۆ بەرهەمهێنەربوونی کار و لێرەشەوە سەرمایەیان لەڕووکاری مادیانەی بەرهەمهێنان دادەبڕی و هاوکات سەرچاوەی زێدەباییشان دەشاردەوە. بەلای مارکسەوە کاری بەرهەمهێن کارێکە کە زێدەبایی بەرهەمدێنێ، یانی کارێک کە هەردوو قۆناغی گۆڕینەوەی خۆی لەگەڵ سەرمایەدا، تێدەپەڕێنێ. مارکس لەنێوان چەندایەتی”بەها”ی سامانی بەرهەمهاتوو لەگەڵ هەبوونی مادی و فیزیکیانەی سامانی بەرهەمهاتوودا، پەیوەندیەکی دروست دادەمەزرێنێ و بۆ یەکەمجاریش بە تیۆری “کار سەرچاوەی بەهایە” ناوەڕۆکێکی ڕۆشن و خەوشهەڵنەگر بەم بابەتە دەبەخشێ. مارکس پەردە لەسەر نهێنی “توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە” لادەبات. ئەوەی کە لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا خۆی بەشێوەی توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە نیشاندەدات، لە واقعدا هیچ شتێکی تر نیە جگە لە توانای بەرهەمهێنەری کار نەبێت. لێکدانەوەکانی مارکس ئەنجامگیری ڕاستەوخۆی تیۆری و عەمەلی دەگرێتەخۆی. لەوانە یەکەم پێناسەی دروستی ئەو بۆ کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن توانای ئەوەی پێدەدات کە سەرمایە لەو شوێنەدا کە بە کردەوە “بەرهەمهێن” نیە، یانی کە بە کاری بەرهەمهێن نەگۆڕدراوەتەوە (وەک سەرمایەی بازرگانی و..) دوبارە بناسێتەوە. بەم پێیەش لێکدانەوەکانی مارکس ئەو دەستەواژە بۆرژوازیەی کە دەڵێت “هەر کارێک کە بە سەرمایە بگۆڕدڕیتەوە، بەرهەمهێنەرە” و بەکردەوەش سەرمایە بە سەرچاوەی سامان دادەنێ، کۆتایی پێدێنێت. دووەم مارکس توانیویەتی وێنایەکی ڕۆشن لە پەیوەندی نێوان سەرمایەی “بەرهەمهێن” و نابەرهەمهێن بەدەستەوە بدات. بەجۆرێک کە دەرکی بناغەکانی مونافەسەی نێوان بەشە جیاجیاکانی سەرمایە، لە بەرامبەریەکدا، بەتایبەتی لە هەلومەرجی قەیران و ڕۆڵی دەوڵەتی مۆدێرنی بۆرژوایی، له‌ ڕیکخستنەوەی پەیوەندیە دەرونیەکانی نێوان بەشە جۆربەجۆرەکانی سەرمایەدا، بەبێ دەرکی ڕۆشن له‌ پێناسەی مارکسیستی بۆ کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن له‌ توانادا نیە. سێهەم، بەجیاواز له‌ بیرمەندانی بۆرژوازی، مارکس لێکدانەوەی خۆی لەسەر پڕۆسەی قەیران و لەناوچوونی سەرمایەداری، دەکێشێتە مەیدانی کەڵەکەی سەرمایە و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زێدەباییەوە. لێرەشدا مارکس ڕووکاری “چەندایەتی”و “بەها”ی بەرهەمهێنان لەگەڵ ڕوکاری “فیزیکی” و “تەکنیکی”ەکەی بەدروستی لێکهەڵدەپێکێ، ئەمەش چ له‌ تیۆری مەیلی بەرەوخوارهاتنی بەهای قازانج _ کە تیایدا چونەسەرەوەی پێکهاتی ئۆرگانیکی سەرمایە (نەک بە تەنها پێکهاتی بەهایی و تەکنیکیەکەی) ڕۆلێ سەرەکی هەیە (سەرمایە بەرگی سێهەم) _ وە چ له‌ باسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گشت سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بەرامبەرکێی نێوان بەشە جیاجیاکانی سەرمایە و خودی ئەم پڕۆسەیەدا (بەرگی دووەم)، مارکس له‌ هەموو ئەم بوارانەدا بەشێوەیەکی شاکارانە ڕوکارە چەندایەتی و چۆنایەتیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری له‌ یەکەیەکی یەکگرتوودا پێکەوە هەڵدەسەنگێنێ. بەم جۆرەش توانای شیکاری مارکس، بەتایبەتی قەرزاری پێناسەی دروستی ئەوە بۆ کاری بەرهەمهێن ونابەرهەمهێن. له‌ کۆتا خاڵیشدا، چوارەم مارکس گەنجینەیەکی فراوانی تیۆری بۆ شیکردنەوەی تایبەتمەندیەکانی پرۆلیتاریا، بەوێنەی یەک چین و هەروەها شێوە جۆربەجۆرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکار بەرامبەر بە بۆرژوازی فەراهەم دەکات. بەشێک له‌ چینی کرێکار لەلایەن سەرمایەی “نابەرهەمهێن”ەوە، بەکاردەبرێت. کاری نابەرهەمهێنی ئەم بەشە لە کرێکاران له‌ ڕوانگەی گشت سەرمایەی کۆمەڵایەتیەوە، بەهەمان ئاست پێویستە کە کرێکارانی بەرهەمهێن پێی هەڵدەستن. بەڵام هەمان ئەو واقعیەتەی کە کرێکارانێک کاری نابەرهەمهێن دەکەن و زێدەبایی بەرهەم ناهێنن، هەرئەوان له‌ جێگاو ڕێگایەکی تایبەتدا بەرامبەر سەرمایەدا ڕادەگیرێن. شێوازی چەوسانەوەی ئەم بەشە لە کرێکاران و ڕۆڵیان له‌ پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گشت سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا و له‌ پەیوەندی نێوان کرێکارانی بەرهەمهێنەر و نابەرهەمهێنەردا و هەردووک ئەم بەش پێکەوە، ئەمانە ئەو خاڵە بنەڕەتیانەیە کە مارکس له‌ رێگای لێکدانەوەکانیەوە بۆ کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، بەدروستی شیکردوونەتەوە. یەکیەتی بەکردەوەی چینی کرێکار له‌ خەباتدا له‌ دژی بۆرژوازی، له‌ گرەوی ناسینەوەی بەرژەوەندیە واقعیە هاوبەشەکانی بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکاردایە، بە بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەوە. هەروەها له‌ گرەوی درک کردنی شێوە ئابوریەکان، سیاسەت و فەرهەنگێکی تایبەت کە بۆرژوازی لەم جیاوازیەی نێوان بەشەکانی کرێکارانەوە، پەنایان بۆ دەبات، تا بۆ قازانجهێنانی هەرچی زیاتر و زاڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی سودیان لێوەربگرێ.

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری ئەم دوودەیەی دوایی وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری، لە ئەوروپا و ئەمریکا و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نوێکردنەوەی هەیکەلی بنیادی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا، باسی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، وەکو یەکێک لەگۆشەکانی تیۆری مارکسیستی بۆ قەیرانی ئابوری گرنگیەکی بەرجەستە بەخۆیەوە دەگرێ. بۆرژوازی هێرشێکی فراوانی بۆ سەر چینی کرێکار بەڕێخستووە، ئەم هێرشانە له‌ دوو ڕوکاری سەرەکیەوە دەستیان بۆدەبرێ. یەکەمیان، بردنەسەرەوەی توانای بەرهەمهێنەری سەرمایەی بەرهەمهێن، له‌ ڕێگای بەرەوسەرەوەبردن و توندکردنەوەی چەوسانەوەی کرێکارانی بەشی بەرهەمهێن و هێنانە خوارەوەی ئاستی کارپێکردنیان،(واتە دەستبردن بۆ بێکارکردن لەمبەشەدا – وەرگێڕ) بەمەبستی بردنەسەرەوەی توانای وەبەرهێنانی کار، وە دوەمیان هێنانە خوارەوەی توندی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دەوڵەت و هاوکاتی ئەمەش بێکارکردنی بەشێکی فراوان لە کرێکاران کە لەم بەشەدا کاردەکەن. بەگشتی ئاکامی ئەم سیاسەتە، فراوانکردنەوەی خێرای بێکاری و هێنانە خوارەوەی ئاستی بژێوی گشت چینی کرێکارە، له‌ ڕێگای سەپاندنی بژێوی بێکاران بەسەر خوشک و براکانیاندا کە هێشتا لەسەر کار ماون، هەروەها هێنانە خوارەوەی داهاتی گشت چینی کرێکار له‌ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، ئەویش له‌ ڕێگای هەڵگرتن و بڕینی جۆرەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و هێنانەخوارەوەی کرێ، و توندکردنەوەی زیاتری کاری کرێکارانی لەسەرکار. بەکورتی بۆرژوازی تێدەکۆشێت له‌ لایەکەوە چەوسانەوەی کرێکارانی بەرهەمهێن توندبکاتەوە و له‌ لایەکی تریشەوە هەرچی فراوانتر کرێکارانی نابەهەمهێن ڕاکێشێتە نێو لەشکری بێکارانەوە. بزوتنەوەی سەندیکایی و هاوکات تەواوی چەپە ڕیفۆرمیستەکانی ئەوروپا، له‌ بەرامبەر شەپۆلە هەڵچوەکانی بێکاریدا، کە سەر لە بانگەشەکانی بۆرژوازیەوە سەبارەت بە ژیانەوەی بناغەکانی پیشەسازی نیشتمانی دەردێنێ و هەوڵدەدەن بۆ توندکردنەوەی مەیلی کۆنسەرڤەتیڤانە لەنێو بەش و ڕشتەیەک لە کرێکاراندا، بەکردەوە چەک لەشانیان دادەماڵدرێ و تەنانەت له‌ ڕێخستنی مقاوەمەتێکی سیستماتێک لەبەرامبەر هێرشەکانی بۆرژوازیدا، بێتوانا دەمێننەوە. توانای مارکسیستەکان بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەم دۆخە، پەیوەستە بەڕۆشنبینیەکی تیۆریانەی ئەوانەوە لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری ئێستادا. تیۆری مارکسیستی بۆ قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و تیۆری کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن، دەزگایەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بەم ڕۆشنبینیە و توانای لەبەریەک هەڵوەشاندن و شیکردنەوەی هەلومەرجەکانی ئێستایە.

بەڵام جێگاو ڕێگای تیۆری کاری بەرهەمهێن ونابەرهەمهێنی مارکس له‌ ڕەخنەیدا بۆ ئابوری سیاسی و بەکاربردنی ئەم تیۆریە بۆ شیکردنەوەی قەیرانی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەداری، هەرئەنجامێکی ببێ، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ لێکدانەوەیەکی تەوا جیاواز لە”چەپ”ی ئێراندا لەبارەی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەوە، بەرەوڕووین. ڕەنگە هەرگیز بە مێشکی مارکسدا نەیەت کە سەد ساڵ دوای کتێبی کاپیتاڵ، جۆرێکی تازە له‌ “فیزۆکراتیزم”له‌ ئیراندا پێ بنێتەوە مەیدان. وتمان کە گرنگی کاری ئادەم سمێس لەوەدایە کە لانیکەم لە ئاستێکی ڕواڵەتیشدا بووبێت، لە لێکدانەوەیەکی ئەخلاقیانەوە بۆ کاری بەرهەمهێن خۆی بەدور گرتووە و لەباتی مەسەلەی بەرهەمهێنانی بەهایەکی دیاریکراوی بەکاربردن، خودی بەرهەمهێنانی بەهای کردۆتە پێوانەیەک بۆ بەرهەمهێنەربوونی کار. بینیمان کە چۆن مارکس بەدروستی کاری بەرهەمهێنەری وەک کارێک پێناسەکردووە کە “زێدەبایی” بەرهەمدەهێنی. ئەمە ئەو پێناسەیەی کاری بەرهەمهێنە لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا. بەڵام ئەوەی ئێمە لە ئەدبیاتی چەپی ئیراندا لەگەڵی بەرەو ڕووین جۆرێکە لە ئەخلاقیاتی”ناسیونال پیشەسازی” و جۆرێک له‌ فیزۆکراتیزمی تێکەڵوپێکەڵ، کە لە شیکردنەوەی ئابووری کۆمەڵگای سەرمایەداریەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە سیاسەت، وەیا له‌ خۆشباوەڕی”سەربەخۆخوازانە”ی بۆرژوازی و ووردەبۆرژوازی وڵاتیکی ژێردەستەدا، هێز وەردەگرێ. ئەم”فیزۆکراتیزمەی ناسیونال – پیشەسازی” کە له‌ ئەدەبیاتی ڕێکخراوەکانی ڕێگای کرێکار، یەکیەتی کۆمۆنیستی، هێڵی ٣، سێجیهانیەکان، فیدایانی خەڵک.. بەشێوەیەکی چونیەک دەبینرێ، تێکەڵوپێکەلێکە له‌ نەتەوەگەرێتی و عاشق بە سەربەخۆیی پیشەسازی و خۆژێنی ئابووری. لەم دیدگایەدا کاری بەرهەمهێن کارێکە کە له‌ خزمەت گەشەی”ئابووری پیشسازی هاوسەنگ، خۆژێێن و سەربەخۆ”ی ئێراندا بەکاردەبرێ. بەرهەمهێنانی کاڵای “نامەرغوب” کاری بەرهەمهێن نیە، کار لە پیشەسازی “مۆنتاژ” و “وابەستە”دا، کاری بەرهەمهێن نیە، کار لە بەشێک لە چالاکیە ئابووری و بەرهەمهێنەرەکاندا کە لە “زانستی” ئابووری بۆرژوازیدا ناویان ناوە خزمەتگوزاری (وەک ڕێگاوبان و گواستنەوە، پاکژکردنەوە، پەروەردەوفیرکردن و..) کاری بەرهەمهێن نیە. هەمومان بەو پەرەگرافە دورودرێژانەی ناو ئەدەبیاتی ئەو ڕێکخراوانەی ناویان هێنرا، ئاشناین. ئەمانە دەربرینی فیزۆکراتیانەیە، چونکە کاری بەرهەمهێن، بەبەرهەمهێنانی بەهای بەکاربردنێکی دیاریکراو پێوانە کراوە. ناسیونالیستیە، چونکە هەمان بەهای بەکاربردنی دیاریکراو تا ئەو جێیە بەڕەسمی دەناسرێ کە تەنها ڕاپەڕینی ڕاستەۆخۆ بە”سەربەخۆیی نیشتمانی” بگات، پیشەسازیە چونکە (با لە پیشەسازی مۆنتاژ و بەرهەمهینانی کاڵای نامەرغوب بگەڕێن) تەواوی بەشەکانی بەرهەمهێنانی”نا مادی” و فەرهەنگی و خۆشگوزەرانی، دروست وەک هەمان مامەڵەی بۆرژوازی کۆنسەرڤەتیڤی ئەوروپا، دەخرێتە کەنارەوە. هیچ شتێک لەوە سادەتر نیە کە ئەم شێوە دەربڕینە نامارکسیانەیە، بەبەراورد لەگەڵ دواکەوتوترین تیۆری ئابووری سیاسی دووسەدەی پێشووتردا، بە نەزان و نازانستی بێتەبەرچاو. پێوانەی به‌رهه‌مهێنه‌ر بوونی کار لەم تێڕوانینەدا، گۆڕینەوەی کار نیە لەگەڵ سەرمایە و بەکاربردنی لە پرۆسەی کاردا، تەنانەت بەرهەمهێنانی زیدەبایی نیە، بەڵکو لەپپێشەوە ویستێكە بەپێی جۆرێک لە ئەخلاقیاتی ناسیونالیستی و ئامانجی پیشەسازیگەرێتی. تیۆری”کاری بەرهمهێن لەڕوانگەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری”ەوە، دەخاتە شوێنی تیۆری “کاری بەرهەمهێن لەڕوانگەی بەرژەوەندیە نیشتمانی”ەکانەوە. سەرەڕای ئەمە (ئەوەی کە زۆر گرنگە) جیاکردنەوەی کاری بەرهەمهێن لە نابەرهەمهێن لە تیۆری مارکسیزمدا، هەرگیز بەمەبەستی پیرۆزکردنی کاری به‌رهەمهێن و تەکفیرکردنی کاری نابەرهەمهێن نیە. ئەم چەمکانە لە مارکسیزمدا، و لە پەیوەند بە جێگاوڕێگایانەوە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا و لە گۆشەنیگای بەرهەمێینانی زیدەباییەوە لێکدەدرێنەوە. بەتایبەتی کە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەردوو جۆرەکەی کار پێویستن. داوەری ئەخلاقیانە لەبارەی کاری بەرهەمهێن و نابەهەمهێنەوە، مەبەستی بۆرژوازی و سەرمایەداری بەشی”بەرهەمهێنەر”ەکەیەتی. مارکس بەشیکردنەوەی کاری بەرهەمهێنەر و نابەرهەمهێنەر، ئەو توانایە دەبەخشێ تا جێگاوڕێگای بەشە جۆربەجۆرەکانی چینی کرێکار بەدروستی بناسینێ. چونکە ناسینی بابەتیانەی پەیوەندی نێوان سەرمایە و بەشە جیاجیاکانی چینی کریکار هەلی ئەوە دەرەخسێنێ کە یەکگرتووبونی واقعیانەی گشت چینی کرێکار دابین بکرێ. به‌ڵام لە چەپی ئێراندا حوكمدانی ئەخلاقیانەی ناسیونال پیشەسازی لەبارەی “کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن”ەوە یەکجار باوە. پەلامارەکانی ڕای کارگەر و یەکیەتی کۆمۆنیستەکان بۆ سەر بەشی”خزمەتگوزاریەکان”، ئاهو ناڵەیان بەرامبەر بە “پیشەسازی مۆنتاژ” و نیگەرانیان لە بێتواناییەکانی بۆرژوازی بەرامبەر کەناڵیزەکردنی ئیمکاناتەکان بەرەو پیشەسازیە بنەڕەتیەکان و بەرەوسەرەوبردنی توانای بەرهەمداری کار و ڕێژەی چەوسانەوە، نمونەگەلێکن لەم حوكمه‌ ئەخلاقیە بۆرژوا ناسیونالیستیانەیان بۆ کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن. لەبەرامبەر ئەم دیدگایانەدایەکە مارکسیستە شۆڕشگێڕەکانی ئێران، بەردەوام خۆیان لەگەڵ ئەرکی ڕۆشنکردنەوەی ڕۆشنیەکان، بەرگری لە مەوجودیەتی کرێکارانی ئەم یان ئەو بەشی ئابوری، بەرگری لە کرێکارانی پیشەسازی”مۆنتاژ” و خزمەتگوزاریەکان، و هێنانەوە بیری ڕۆلی کاری هەرزان وشتی لەمجۆرەدا، ببیننەوە.

ئەم دەقەی ئێستا لەڕووی دەقە ئینگلیزیەکەیەوە، “تیۆریەکانی زێدەبایی” چاپی پرۆگرێس کتێبی یەکەم، لاپەرەکانی٣٨٦بۆ ٤١٣ وەرگێڕدراوە. لەم وەرگێڕانەشدا، هەوڵمانداوە تا ئەوپەڕی خۆی بەدەقە ئەسلیەکەوە وەفادرابین، له‌به‌رئه‌وه‌ی کە خودی مارکس ئەم نوسینەی ئێستای بۆ چاپکردن ئامادە نەکردووە، بۆیە ئێمەش بە مەبەستی ڕۆشنبوونی نوسراوەکە لە هەندێ شوێنی جیاجیادا دەستەواژە و وشەمان زیادکردووە وبەدانانیان لەنێوان [ ]دا بۆخوێنەر دەردەکەوێ. کەوانەکان هی خودی مارکسە. کەوانە گەورەکانیش لەجۆری { } لەلایەن سەرپەرشتیارانی چاپی ڕوسی کتیبەکەوە دانراوە. لە دەقە ئینگلیزیەکەی ئەم نوسراوەیەدا، ژمارەی لاپەڕەی دەستنوسەکانی مارکس دانراون، به‌ڵام ئێمە لامان بردووە، هەروەها ئەم وەرگێڕدراوە لەگەڵ دەقە ئەڵمانیەکەیدا بەراورد نەکراوە و خۆشحاڵ دەبین هاوڕیانێك کە شارەزای زمانی ئەڵمانین بتوانن بەراوردی بکەن و ئەگەر دەستکاریەکیان بەنەزەر گەیشت بۆ ئێمەی بنوسن تا لەدووبارە چابکردنەوەیدا، لەبەرچاویان بگرین.

هەر بەو جۆرەی کە لە بەشی کۆتایی دەقی ئێستادا ئاماژەی بۆکراوە، مارکس هێشتا لەم بەشەدا لەبارەی گۆڕینەوەی سەرمایە بەکاری نابەرهەمهێنەوە (بۆنمونە سەرمایەی بازرگانی) قسەناکات. ئەم باسە لە بەشی سەرمایەی بازرگانیدا لەکتێبی سێهەمی کاپیتاڵدا هاتووە. لەم بەشەدا مارکس دوای ئەوەی ڕەخنەی خۆی لەو دیدگا بۆرژواییەی کە “هەرکارێک بەبەرهەمهێن دادەنێ” سەرخەتە سەرەکیەکانی بۆچونی خۆی دەخاتەڕوو. به‌ڵام خالێک کە پێویستە خوێنەر لێرەدا سەرنجی بۆ ڕاکێشێ، پێناسەیەکە کە مارکس بۆ”خزمەتگوزاری” کردویەتی. “خەدەمات” کارێکە بەجیا لەوەی بەهای بەکاربردنی مادی بەرهەم بهێنێ یان نا، لەگەڵ داهاتدا دەگۆڕدرێتەوە. ئەم پێناسەیە لەگەڵ پێناسەیەکدا یەکسان نیە، کە ئەم ڕۆژانە لە ئابوری بۆرژوازیدا بۆ واتای “خزمەتگوزاری” دەکرێ و لە باسی داهات و بەرهەمی نیشتمانیدا بەکار دەبرێ. بەشێکی گرنگ لەوەی کە ئەمرۆ لەژێرناوی “خزمەتگوزاری”دا ناودەبرێ، لەو دەستەبەندیانەدا کە جێگای سەرنجی مارکسە دەچنە خانەی”بەرهەمە نامادی”ەکانەوە، کە لە هەمان دەقی ئێستا لەبارەیانەوە قسەی لەسەرکراوە.

ده‌ستنوسه‌ ئابوریه‌كان، تیۆریه‌كانی زێده‌بایی، پاشكۆ به‌شی ١١ و ١٢

دەربارەی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن

کارڵ مارکس

١١. لێکدانەوەی پاساوخوازانەی پشت بەستو بە بەرهەمهێنەر بوونی تەواوی پیشەکان

فەیلەسوف بیروباوەڕ بەرهەم دەهێنێ، شاعیر هۆنراوە، مەلا ئامۆژگاری، مامۆستا ئەتروحە وشتی لەم جۆرە، تاوانبار تاوان بەرهەم دەهێنێ. خۆ ئەگەر کەمێک بەوردیەوە لەو پەیوەندیە بە گشتی بڕوانین کە هەیە لەنێوان ئەم رشتەیه‌ی دوایی بەرهەمهێنان وکۆمەڵگادا، ئەوا لەزۆریەک لەحوکمدانی پێشینە ڕزگارمان دەبێ. تاوانبار نەک هەر تەنها تاوان، بەڵکو یاساکانی سزا و ئەو پڕۆفیسۆرانەی کە وانەی یاسای تاوان ئەڵێنەوە بەرهەمدێنێ و لەوەش زیاتر ئەو ئەتروحانەشی کە هەر ئەم پڕۆفیسۆرانە بۆ ووتنەوەی وانەکانیان وەک “کاڵا” دەیخەنە بازاڕەوە بەرهەمدێنێ. ئه‌مه‌ش ئه‌بێته‌ مایه‌ی زیادبوونی سامانی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و لەخۆ ڕازیبوونە شه‌خسیه‌ی كه‌ نوسه‌ری ئه‌تروحه‌كه‌ پێی دەگات، هه‌روه‌ك شایه‌ت حاڵێكی باوه‌ڕپێكراوی وەک به‌ڕێز پرۆفیسۆر ڕوشه‌رRoscher، له‌ كاتی نوسینی ده‌ستنوسه‌كه‌یدا بەدەستی دێنێ.

تاوانبار سەرەڕای ئەوەی کە بەرهەمهێنەری سەرتاپای دەزگاکانی پۆلیس ودادگاو پاسەوان و دادوەر وجەلاد و دەستەی سویندخۆران و شتی لەم جۆرەیە، تەواوی ئەم ڕشتە جۆراوجۆرانەی کارو کاسپی، کە هەموویان بەشە جیاجیاکانی کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتین و ئامادەییە روحیەکانی ئینسانیش دەبوژێننەوە و ویستی تازەش دەخوڵقێنن و ڕێگا نوێیەکانیش بۆ وەڵامدانەوە بەم ویستانە دەکەنەوە. خودی شکەنجەدان بەش بەحاڵی خۆی داهێنانێکی میکانیکی عەبقەریانەی هێناوەتە ئاراوە و پیشەوەرانێکی شەرافەتمەندی زۆریشی لەبەرهەم هێنانی دەستگا پێویستەکاندا خستۆتە نێو کارەوە.

تاوانبار سۆز و هەست بەرهەمدێنی، سۆزێک کە جارێک ئەخلاقیانەیە و جارێکی تر تراژیدیانەیە، بەمجۆرەش لەگەڵ هاندانی سۆزی ئەخلاقی وجوانناسی باودا، “خزمەت”ێک پێشکەش دەکات. تاوانبار نەک تەنها ئەتروحەکانی یاسای تاوان، نەک تەنها یاساکانی سزا و لەگەڵیشیدا یاسادانەرانی ئەم ڕشتەیە، بەڵکو هونەرو ئەدەب، ڕۆمانەکان وتەنانەت تێکستە تراژیدیەکانیش بەرهەمدێنێ. هەروەک ئەوەی کە نە تەنها “گوناح”ی بەرهەمی مۆلنەر Mülner و “پارەی دزراو” بەرهەمی شیللەر، بەڵکو بەهەمان شێوە “ئۆدیب”ی (سۆفۆکل) و”رێچاردی سێهەم” ی شکسپیر، شایەتی لەسەر ئەم بۆچونە دەدەن.

تاوانبار لێکچویی وسەلامەتی هەر ڕۆژەی ژیانی بۆرژوازی دەشکێنێ و بەم بجۆرەش لە ڕاوەستان و چەقبەستن دەیپارێزێ و دەیخاتە دڵەڕاوکێ وبێئۆقرەیییەوە، کە بەبێ ئەمانە تەنانەت خولیای مونافەسەش کاریگەریەکانی کەمدەبێتەوە. بەم هۆیەشەوە تاوانبار بزوێنەرێک بۆ هێزەکانی بەرهەمهێنان دەخوڵقێنی. ئەمە لەکاتێکدایە کە تاوانکاری بەشێک لە زیادەی دانیشتوان لە بازاڕی کار دەردەکێشێ ولەڕێگایەوە مونافەسە لەنێوان کرێکاراندا کەمدەکاتەوە- وە بەم هۆیەشەوە لەئاستێکدا دەبێتە بەربەست لەبەردەم داڕمانی کرێدا بۆ ژێر کەمترین ئاست- لەهەمانکاتدا خەبات لە دژی تاوانکاری بەشێکی تر هەرلەم دانیشتوانە بۆلای خۆی ڕادەکێشێ. بەم پێیە تاوانکار وەک یەکێک لەو “بەردی تەرازو”ە سروشتیانە دەردەکەوێ و هاوسەنگیەکی دروست دەهێنێتەکایەوە و ئاسۆیەکی فراوانیش بەڕووی پیشە “بەسود”ەکاندا دەکاتەوە.

کاریگەری تاوانبار بەسەر پەرەسەندنی توانای بەرهەمهێنانەوە لە وردەکاریەکانیشدا دەتوانرێ نیشان بدرێ. ئایا ئەگەر دزانێك نەبونایە، هەرگیز قوفڵ بەو ئاستە مەرغوب دەبوو؟ ئایا ئەگەر تەزویرچیانێک نەبونایە، لەچاپدانی پارەی کاغەز بەم ئاستە لەپێشکەوتنی ئێستای دەگەیشت؟ ئەگەر لەبەر دۆزینەوەی کەڵەکچێتی بازرگانی نەبوایە، ئایا میکرۆسکۆپ ڕێگای بۆ مەیدانی بازرگانی دەگرتەبەر (بگەرێرەوە بۆ Babbage)، ئایا کیمیای عەمەلی، بەهەمان ئاست کە قەرزاری هەوڵی ڕاستگۆیانەی کردەی بەرهەمێینانە، قەرزارباری ساختەکاری لە کاڵاکاندا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەیان نیە؟ تاوان به‌رده‌وام له‌ ڕێگای شێوازه‌ تازه‌كانی هێرشكردنه‌ سه‌ر موڵكایه‌تیه‌وه‌، به‌ به‌رده‌وامی شێوازی نوێی به‌رگریكردن ده‌كاته‌ پێویستی و به‌م پێیه‌ش به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی مانگرتنه‌كان بۆ داهێنانی ئامێره‌كان به‌رهه‌مهێنه‌ره، وەک ئەوەی کە لە داهێنانی مەکینە و ئالەتەکاندا، لەگۆڕدایە. به‌ڵام با لەبارەی تاوانەوە لەمانا شەخسیەکەی زیاتر بڕۆین. ئەگەر تاوانی نەتەوەیی لەئارادا نەبوایە ئایا هەرگیز بازاڕی جیهانی سەری دەردەهێنا؟ ئایا بەڕاستی نەتەوەکان ( ولاتەکان- Nations) دەردەکەوتن؟ وە ئایا لەسەردەمی ئادەمەوە تائێستا “درەختی گوناه” لەهەمان کاتدا، هەمان درەختی مەعریفە نەبوە؟

لەکتێبی “ئەفسانەی هەنگەکان” دا (١٧٠٥)، مەندەفیل Mandeville گیانی بەبەر ئەو هێڵە بەڵگەدارانەدا کرد و نیشانیداوە کەچۆن هەر پیشەیەک کە لەگەڵ فیکردا بگونجێ، بەرهەمهێنەرە:

“ئەوەی کە ئێمە لەم جیهانەدا ناوی بەڵامان لێناوە، جا ئەگەر بەڵای سروشتی بێت یان ئەخلاقی، ئەو بنەما مەزنەیە کە ئێمە دەگۆڕێ بۆ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و بناغەیەکی پتەو و حەیاتی وکۆڵەکەی گشت قسە و کارێکیشە بەبێ جیاوازی(…). کەدەبێ سەرچاوەی ڕاستەقینەی گشت زانست وهونەرەکان بپشکنین(….) و ئەوکاتەشی کە بەڵایەک لەئارادانیە، کۆمەڵگا ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی نەپوکێتەوە، ئەوا لانی کەم مەحکومە بە لەبەریەک ترازان”. (چاپی دووەم ، لەندەن ١٧٢٣ لاپەرەی ٤٢٨)

جیاوازی تەنها لێرەدایە کە مەندەفیل بێ بێگومان وتائەوپەر ڕاشکاوانەتر وڕاستگۆترە لەپاساوخوازانێکی بێمایەی کۆمەڵگای بۆرژوازی.

١٢. توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە. کاری بەرهەمهێن ونابەرهەمهێن.

(A) توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە وەک دەرکەوتنێکی کاپیتالستیانەی توانای بەرهەمهێنەری کاری کۆمەڵایەتی

تا ئێرە نەک هەر ئەوەمان بینی کەسەرمایە چۆن بەرهەمهێنان بەڕیوەدەبات، بەڵکو ئەوەشمان بینی کە خودی سەرمایە چۆن خۆی بەرهەم دێنێ و چۆنیش لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا شکڵ دەگرێ و وەک پەیوەندیەک کە جەوهەرێکی گۆڕاوی هەیە و لەدەرونی ئەم پەیوەندیەدا سەردەردێنێ (١). لەلایەک سەرمایە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێ ولەلایەکی تریشەوە ئەم شێوازە گۆڕدراوەی فۆڕمی بەرهەمهێنان، وە هەروەها قۆناغێکی تایبەت لە پەرەسەندنی هێزە مادیەکانی بەرهەمهێنان، پێکەوە پێشمەرج و بنەمای شکڵگرتنی خودی سەرمایە پێکدەهێنن.

لەو شوێنەوەی کە کاری زیندوو- لەڕێگای ئاڵوگۆڕی نێوان سەرمایەو کرێکارەوە- لەگەڵ سەرمایەدا تێهەڵکێش دەبێ و هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنی پڕۆسەی کاردا و دەرکەوتنی وەک چالاکیەکی گرێدارو بەسەرمایەوە، تەواوی توانای بەرهەمهێنەری کاری کۆمەڵایەتی وەک توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە خۆی دەنوێنێ، دروست بەهەمان شێوە کە شێوەی گشتی کۆمەڵایەتی کار، لەقامەتی دراودا – پارە- وەک خاسیەتی شتێک- شیء- دەردەکەوێت. بەم شێوەیە، توانای بەرهەمێنەری کاری کۆمەڵایەتی و شێوە تایبەتیەکانی، ئیتر وەک توانای بەرهەمهێنەر وشێوەکانی سەرمایە دێتە بەرچاو، واتە وەک توانای بەرهەمهێنەر و شێوەکانی کاری ماتریالیزەبوو، هەروها وەک توانای بەرهەمهێنەر و شێوەکان و هەلومەرجی مادی کار – هەلومەرجێک کە پاش ئەوەی ئەم شێوە سەربەخۆییە وەردەگرێ، لە وجودی سەرمایەداردا بەرامبەر کرێکار، حاڵەتی شەخسی و فەردی پێدەدادات. لێرەدا ئێمە جارێکیتر لەگەڵ هەمان هەڵگەرانەوەی پەیوەندیەکان بەرەوڕووین کە پێشتر لەهەڵسەنگاندنماندا بۆدراو بەفیتیشزم (٢) ناومان بردوە.

سەرمایەدار خۆی بەتەنها وەک بەرجەستەبوونی ئینسانیانەی سەرمایە خاوەنی هێز و توانایە، ( لەحساباتی ئیتاڵیەکاندا ئەم ڕۆڵەی ئەوی سەرمایەدار، بەواتای ئەوە دێت کەسەرمایە کەسێتی بۆتەوە، تەنانەت هەمیشە لە جیاکردنەوە و ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ ناسنامەی کەسەکەدا ئەو وەک کەسێکی ئاسایی لەبەرچاودەگیرێ، بەجۆرێک کە لە قامەتی یەک کەس ووەک بەکاربەرێکی تاک و قەرزاری سەرمایەکەی، لەدەفتەری حساباتدا دەردەکەوێ ).

توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە لەهەنگاوی یەکەمدا – تەنانەت ئەگەر بەتەنها پاشکۆبوونی ڕواڵەتیانەی کار بەسەرمایەوە لەبەرچاوبگرین – لە بەزۆر ئەنجامدانی زێدەکاریدا کورتدەبێتەوە، واتە بەزۆر ئەنجامدانی کارێکی زیاتر لەپای پێویستییەکی دەستبەجێ. ئەمە ناچارکردنێکە کە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆندا هەبوە، وەک ئەوەی لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیە، به‌ڵام بەوجیاوازیەوە کە سەرمایەداری ئەم ناچارکردنە بەشێوەیەکی سودبەخشانەتر بۆ حاڵەتی بەرهەمهێنان، بەکردەوە دەردەهێنێ وجێبەجێ دەکات.

تەنانەت لەڕوانگەی ئەم پەیوەندیە بەتەنها ڕواڵەتییەوە – واتە لە ڕوانگەی شێوەی گشتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە کە لە هەردوو قۆناغەکانی دواکەتویی و پێشکەوتووی سەرمایەداریدا هاوبەشە – دیسانەوە لەڕواڵەتدا ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، پێداویستیە(هەلومەرجە) مادیەکانی بەرهەمهێنان – واتە بەرژەوەندیەکانی کار، هۆیەکانی کار(پێداویستیەکانی بژێوی) – لەژێر کۆنترۆڵی کرێکاردا بەدەست نایەت، بەڵکو (بەپێچەوانەوە) ئەوە کرێکارە کەوا دێتە بەرچاو لەژێر کۆنترۆڵی ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندایە.

ئا ئەمەیە کە ئەم ئامڕازانەی بەرهەمهێنان دەگۆڕێ بۆسەرمایە. سەرمایە کرێکار بۆ خزمەتی خۆی دەخاتە کارەوە. بۆ کرێکار ئەمانە، واتە ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، وەیا هۆیەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکان، جا ئەگەر لەشێوەی ئامڕازە ڕاستەوخۆکانی بژێویدا بن وەیا لەشێوەی ئامڕازەکانی ئاڵوگۆڕدابن، کاڵا گەلێک نین. بەڵکو خودی ئەو (کرێکار) لەخزمەتی ئەمانەدایە – تا هەم بەهای تێچونیان بهێڵێتەوە وهەم زێدەباییەکیش بەرهەمبهێنێ. واتە بەهای مەوجود زیاتر بکا و زێدەکاریش بەدەست بێت.

ئا ئەم شكڵە سادەیە، خۆی پەیوەندیەکی ئاوەژوە – بە کەسایەتی بوونی شتەکان و بەشتبوونی کەس؛ چونکە ئەوەی کە ئەم شێوەیە لە تەواوی شێوەکانی ڕابردوو خۆی جیادەکاتەوە، لەوەدایە کە سەرمایەدار پشتی بە جۆرێک لە خەسڵەت و تواناکانی فەردی نەبەستوە، بەڵکو تا ئەوجێگایەی بە تەنها وەک “سەرمایە” دەردەکەوێ، بەسەر کرێکاردا زاڵدەبێ. دەسەڵاتی سەرمایە دەسەڵاتی بەتەنهای کاری بەمادی بووە بەسەر کاری زیندوودا. دەسەڵاتێک کە بەرهەمی کرێکارە بەسەر خودی کرێکارەوە.

به‌ڵام ئەم پەیوەندیە لەمە ئاڵۆزتر و پڕ نهێنیتر دەبێ. چونکە لەگەڵ پەرەسەندنی شێوەی دیاریکراوی کاپیتالیستیانەی بەرهەمهێناندا، ئیتر بەرهەماکان بەتەنها هەر شومەکە ڕاستەوخۆ مادیەکان نین، (واتە هەموو بەرهەمەکانی کار، وەک بەهاگەلێکی بەکاربردن، ئەمانە هەم پێداویستیە مادیەکانی کارن و هەمخۆشیان بەرهەمی کارن. وەک بەهای ئاڵوگۆڕیش، ئەمانە ماوەی کاری گشتی تیایاندا مادیەتی پەیداکردووە، واتە دراو) کە لەبەرامبەر کاردا سەریان دەر‌هێناوە و لە قامەتی “سەرمایە” دا لەبەرامبەر کرێکاردا ڕاوەستاون، بەڵکو لەهەمان کاتدا لەباری کۆمەڵایەتیشەوە شێوەیەکە لە پەرەسەندنی بەرهەمهێنان – وەکو وهەرەوەزیەکان، مانیفاکتۆرەکان (وەک نمونەیەک لە کاردابەشکردن)، کارخانە (وەک شێوەیەک لە کاری کۆمەڵایەتی کە لەسەربنەمای مەکینە و ئالەت بناغەی مادیەکەی، ڕێکخراوە)-، هەموو ئەمانە بەوێنەی شێوەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری دەردەکەون و توانای بەرهەمهێنەری کاریش پشت بەستوە بەم شێوانەی کاری بەکۆمەڵ -لەئاکامیشدا زانست وهێزە سروشتیەکانیش بەهەمان شێوە – لەشێوەی هێزی بەرهەمهێینەری سەرمایەدا دەردەکەوێ. لەڕاستیدا یەکگرتووبونی {کار} لەهەرەوەزیەکاندا، وەیا لێکهەڵپێکرانی {کار} لەڕێگای کاردابەشکردنەوە، وەیاخود سودوەرگرتن لەهێزەکانی سروشت وزانست لەپیشەسازیە ماکینەییەکاندا، بەمەبەستی ئامانجەکانی بەرهەمهێنان و لەپاڵ سودوەرگرتن لەبەرهەمەکانی کاردا – هەموو ئەمانە بەشێوەی شتێکی دەرەکی و ئۆبجێکتیڤ لەبەرامبەر کرێکاردا ڕادەوەستن. واتە وەک شێوازێک لە هەبوونی هۆیەکانی کار کە لە کرێکاران سەربەخۆن و ئەوانی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. دروست بەهەمان شێوە کە هۆیەکانی کار لەهەمان شێوەی سادە و بەرجەستەی خۆیاندا لە چەشنی بەرژەوەندیەکان و ئامڕازەکان و شتی تر وەک خاسیەت و کارکردەکانی سەرمایە دەردەکەون و لەئاکامیشدا سەرمایەدار لەبەرامبەر کرێکاردا ڕادەگرێ.

شێوە کۆمەڵایەتیەکانی کاری خودی کرێکاران وەیا شێوەکانی کاری کۆمەڵایەتی کرێکاران، کۆمەڵە پەیوەندیەکن کە بەتەواوی سەربەخۆ لەتاک تاکی کرێکاران شکڵیان گرتوە. کرێکاران لەکاتێکدا کەدەبنە پاشکۆی سەرمایە، دەگۆڕدرێن بۆ بەشەکان وعونسورەکانی ئەم شکڵبەندیە کۆمەڵایەتیانە، – بەڵام ئەم شکڵبەندیانە بە خودی کرێکارانەوە پەیوەست نین و بەم پێیەش کرێکاران ئەم شکڵبەندیانە [لە نمونەی هه‌ره‌وه‌زیه‌کان، مانیفاکتۆرەکان و..هیتر]، وەکو شێوەکانی خودی سەرمایە لەبەرامبەر خۆیاندا سەیریان دەکەن، واتە بە وێنەی پێکهاتوگەلێک کە بە جیاواز لەهێزی کاری فەردی ئەوان، بەسەرمایەوە گرێیان خواردوە و لەوێشەوە سەریان دەرهێناوە و بەشێکن لە پەیکەرەی سەرمایە. سەرەڕای ئەم مەسەلەیە سەرەنجام دوو ڕەوەند لە پەرەسەندنی سەرمایەداری وەک دوو شکڵی هەرچی واقعی تر بەخۆەدەگرن. لەسەرێکەوە خودی هێزی کاری کرێکاران بە چەشنێک لەلایەن ئەم شکڵانەوە تەعدیل وڕێکدەبێتەوە کە وەک هێزێکی سەربەخۆ، یانی لە دەرەوەی ئەم پەیوەندیە سەرمایەدارانەیە، بەتەواوی بێتوانا دەبێ و توانای بەرهەمهێنانی سەربەخۆیانەی نابود دەبێ. لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ئامێرە میکانیکیەکاندا، وا دێتەبەرچاو کە هەلومەرجی کار لە ڕوانگەی تەکنۆلۆژیەوە بەسەر کاردا زاڵدەبێ، ئەمە لە کاتێکدا و لە هەمان دۆخدا جێگای کار دەگرێتەوە و بەرەودواوەی دەبات و هەبوونی وەک شکڵێکی سەربەخۆ دەکاتە زیادە.

لەم پڕۆسەیەدا، کە لە جەرگەیدا خەسڵەتی کۆمەڵایەتی کاری کرێکاران تا ئاستێکی دیاری کراو لە شێوەی بە سەرمایە بووندا، لەبەرامبەر کریکاراندا ڕادەوەستێ (بەهەمان شێوە کە بۆ نمونە لەبارەی ئامێری میکانیکیەوە، بەرهەمە بەرجەستەبوەکانی کار بەسەر خودی کاردا زاڵدەبن) دیارە لەبارەی هێزە سروشتیەکان و زانستیشەوە، یانی بەرهەمهاتوەکانی ڕەوتی کامڵوبوونی گشتی مێژوو لە جەوهەری ئەبستراکتی خۆیدا، دیسانەوە هەمان پێشهات ڕوودەدات. هەموو ئەمانەش وەک دەسەڵاتی سەرمایە لە بەرامبەر کرێکاراندا دەردەکەون. لەڕاستیدا ئەمانە [هێزە سروشتیەکان و زانست] لە شارەزایی و زانیاری هەر تاکێکی کرێکار جودان و ئەگەر لە سەرچاوەکانیشیان بڕوانین، ئەمانە دیسانەوە خۆشیان بەرهەمی کارن- لەوشوێنەی کە ئەمانە دێنە ناو پڕۆسەی کارەوە، وەک بەرجەستەبوونێک لە سەرمایەدا دەردەکەونەوە. تاکێکی سەرمایەدار کە لە ئامێر سودوەردەگرێ، پێویستی بەوە نیە کە لەبارەیەوە بزانێ (بگەڕێرەوە بۆ یۆر Ure) (٣) بەڵام زانستیك کە لەو ئامێرەدا بەکاربراوە، لەپەیوەند بەکرێکارەوە وەک سەرمایە دەردەکەوێت. وە لەواقعدا تەواوی نمونەکانی بەکارهێنانە زانستییەکان، هێزە سروشتیەکان وبەرهەمەکانی کار لە ئاستێکی فراواندا و تەواوی ئەو داهێنانەی لەسەر بناغەی کاری کۆمەڵایەتی بەدەستهاتوون، هەمویان بۆخۆیان وەک ئامڕازگەلێک بۆ چەوسانەوەی کارو بەدەستهێنانی کاری زیادە سەر هەڵدەدەن ولەم ڕوەشەوە وەک تواناگەلێکی گرێدراو بە سەرمایەوە لەبەرامبەر کاردا ڕادەوەستن. وەک حاڵەتێکی سروشتی سەرمایە لە تەواوی ئەم هۆکارانە بۆ چەوسانەوەی کار سودیان لێوەردەگرێ. بەڵام بۆ چەوسانەوەی کار، سەرمایە ناچارە ئەمانە بخاتە بواری بەرهەمهێنانەوە. بەمجۆرەش پەرەسەندنی توانای بەرهەمهێنەری کۆمەڵایەتی کار وپێداویستیەکانی ئەم پەرەسەندنە، وەک کارکردی سەرمایە دێتە بەرچاو، بەجۆرێک کە نەک تەنیا تاکی کرێکار شێوە مامەڵەیەکی ناچالاک لەبەرامبەریدا دەگرێتەبەر، بەڵکو کارکردێکە کە لە دژی ئەو[کرێکار] پەیدابووە.

سەرمایە خۆی خاسیەتێکی دولانەی هەیە، چونکە لەکاڵا پێکدێت: ١/ بەهای گۆڕینەوە(دراو)؛ بەڵام [سەرمایە] بەهایەکی خۆ زیادکەرە – وەک ئەوەی بەهایەکە – کە بەها بەدەستدێنێ و وەک بەهاش گەشەدەکات و زیادبوونێک بۆخۆی بەدەست دێنێت، ئەم {گەشەیە} بەرئەنجامی گۆڕینەوەی بڕێکی دیاریکراوە لە کاری بەمادیبوو لەگەڵ بڕێکی زیاتر لە کاری زیندوودا.

٢/ بەهای بەکاربردن؛ لێرەدا [سەرمایە] خۆی لە ڕێگای پەیوەندیە تایبەتیەکانی خۆیەوە لە پڕۆسەی کاردا خۆی دەردەخات. بەڵام ڕێک لەم شوێنەوە [سەرمایە] ئیتر هەر بەتەنها ماتریاڵکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کە خاوەندێتی خودی کاردەکەن و کاریان بەرەو خۆیان ڕکێشاوە نیە، بەڵکو جگە لە کار {سەرمایە هەموو} پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی کار[لەچشنی تەعاونیەکان ومانیفاکتۆرەکان و هیتر] و پەرەسەندنی ئامڕازەکانی کاریش کە گونجاوە لەگەڵ ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتیانەدا دەگرێتەخۆی. بەرهەمهێنانی سەرمایەداری سەرەتا پێداویستیە بابەتی و خودیەکانی پڕۆسەی کار – بە دەرکێشانیان لە دەستی تاکی کرێکاری سەربەخۆ – لە ئاستێکی فراواندا پەرەپێدەدا، به‌ڵام دواتر ئەم پێداویستیانە، وەکو هێزگەلێکی باڵادەست بەسەر تاکی کرێکارەوە و بەوێنەی دیاردەیەکی دەرەکی بۆخۆی پەرپێدەدات.

بەم شیوەیەش سەرمایە دەگۆڕدرێ بۆ دیاردەیەکی پڕ لە نهێنی.

کەوایە سەرمایە [بەم شێوەیە] بەرهەمهێنەرە: (١) وەک ئەوەی هێزێکە کە کاری زیادە دەسەپێنێ،

(٢) وەک ئەوەی (وجودێکی بەکەسێتی بوە) کە ڕاکێشەر ودەستبەسەرداگیرکەری هێزی بەرهەمێنەری کاری کۆمەڵایەتی و تواناکانی بەرهەمهێنەری گشتی کۆمەڵایەتیە، لەوانەش زانست.

لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی دەخاتە ڕوو کە ئەگەر توانای بەرهەمهێنەری کار بۆ سەرمایە گوازرابێتەوە، چۆن و بۆچی کار بەجیاواز لە سەرمایە وەک بەرهەمهێنەر دەردەکەوێ، یانی وەک کاری بەرهەمهێنەر دەناسرێتەوە، چونکە یەک توانای بەرهەمهێنەر ناتوانرێ دووجار بەحساب وەرگیرێت، واتە ناتوانرێ جارێک بە وێنەی توانای بەرهەمهێنەری کار و جارێکی تر بەوێنەی توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە؟ (توانای بەرهەمهێنەری کار- توانای بەرهەمهێنەری سەرمایەیە. به‌ڵام هێزی کار لەو ڕووە بەرهەمهێنەرە کە جیاوازیەکی هەیە لەنێوان بەهایەک کە هەیەتی لەگەڵ ئەو بەهایەدا کە بەرهەمی دێنێ).

 (B) کاری بەرهەمهێن لەسیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا

تەنها کورتبینی بۆرژواییە کە باوەڕی وایە شێوەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری شێوەگەلێکی ڕەهان – بەم پێیەش بە شێوازێکی ئەبەدی وسروشتی بەرهەمهێنانە- دەکرێ ئەو پرسیارەی کە کاری بەرهەمهێن لەڕوانگەی سەرمایەوە چییە، لە گەڵ کاری بەرهەمهێندا بەشێوەیەکی گشتی، واتە لەگەڵ ئەوەدا کە چ جۆرە کارێک بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمهێنە، تێکەڵاو بکەن وبەهەڵە وەر بگیرێ؛ وە بەم پێێەش ئەو وەڵامە نیشانی ئەقڵی کامڵی خۆیان بدەن کە هەر کارێک شتێک بەرهەمبهێنێ، وەیا هەرکارێک کە بە هەر شێوەیه‌ک ئەنجامێک بەدەستەوە بدات، بەهەمان ئیعتبار کارێکی بەرهەمهێنەرە.

{یەکەم:} تەنها کارێک کە ڕاستەوخۆ دەگۆڕدرێ بۆ سەرمایە بەرهەمهێنەرە؛ واتە تەنها ئەو کارەی کە سەرمایەی گۆڕاو دەگۆڕێ بەبڕێکی گۆڕاو و بەمپێیەش { گشت سەرمایە ، C } دەگۆڕێ بۆ C + Δ (٤). ئەگەر سەرمایەی گۆڕدراو بەرلە گۆڕینەوەی لەگەڵ کاردا بە x دابنێین، لە حاڵتێکدا کە هاوکێشەیەکی لەمجۆرەمان هەبێت تێیدا y=x، ئەوا پاش گۆڕینەوە ئەو کارەی کە بە x دامان نابوو- لەگەڵ سەرمایەی گۆڕاودا. – وەرگێڕی کوردی- دەگۆڕدرێ بە x+h ولەئەنجامیشدا y=x دەگۆڕدرێ بە y’=x+h بەم پێێەش ئەم کارە بەکاری بەرهەمهێن دادەدنرێت. ئەمە یەکەمین خاڵە کە دەبێ تێی بگەین. {واتە} کارێک کە زیدەبایی بەرهەم دەهێنێ وەک هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانی زێدەبایی لە خزمەتی سەرمایەدا قەرادەگرێ وبەمپێیەش فرسەت دەڕەخسێنێ تا سەرمایە خۆی وەک سەرمایە و وەک بەها یەکی خۆ زیادکەر دەرکەوێ، [بەم جۆرەش ئەم کارە کارێکی بەرهەمهێنە].

دووەم: توانای بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و گشتی کار، توانای بەرهەمهێنەری سەرمایەیە. بەڵام ئەم توانای بەرهەمهێنەریە تەنها بەپرۆسەی کارەوە پەیوەندە دەبێ، و تەنها کاریگەری لەسەر بەهای بەکاربردن دادەنێ. ئەم توانای بەرهەمهێنەریەش خۆی دەرخەری خاسیەتێکە کە سەرمایە بەوێنەی یەک شت لە خودی خۆیدا هەڵگریەتی. یانی دەرخەری بەهای بەکاربردنەکەیەتی. ئەم [توانای بەرهەمهێنەریە] ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای گۆڕینەوە نیە. ئەگەر سەد کەس پێکەوە کاربکەن، وەیا هەریەکە لەو سەد کەسە بەتەنهایی کاربکات، بەهای بەرهەمەکانیان یەکسان دەبێت بە سەد ڕۆژ کارکردن، ئەمە بەجیا لەوەی ئەم {کارە} لە هەندێکی کەم وەیا زیادتر لەبەرهەمەکاندا دەرکەوێتەوە. بەواتایەکیتر [هاوسەنگی] توانای بەرهەمهێنەری کار کاریگەری لەسەر بەها دانانێت.

گۆرانکاری لە توانای بەرهەمهێنەری کاردا تەنها لە یەک ڕێگاوە کاریگەری لەسەر بەهای گۆڕینەوە دادەنێت.

ئەگەر توانای بەرهەمهێنەری کار بۆنمونە تەنها لەیەک ڕشتەی کاردا بچێتە سەرەوە، بۆنمونە ئەگەر لە کاری چنیندا دەزگای میکانیکی شوێنی دەزگای دەستی بگرێتەوە و وەک بنەمایەک کاری پێبکرێ وچنینی یەک مەتر قوماش بە دەزگای میکانیکی نیوەی ماوەی کاری دەزگای دەستی پێویست بێ، ئەوا ١٢ سەعات کاری چنین بە دەزگای دەستی، بەهاکەی یەکسان نیە بە١٢ سەعات کار، بەڵکو یەکسانە دەبێت بە٦ سەعات، چونکە کاتی پێویست بوە بە ٦ سەعات.

بەڵام ئەم مەسەلەیە لێرەدا جێگای باسی ئێمە نیە. لەبەرامبەر نمونەکەی سەرەوەدا، با ڕشتەیەکی تری بەرهەمهێنان لەبەرچاو بگرین، بۆ نمونە پیتچنین، کە تا ئەمڕۆ هیچ دەزگایەکی میکانیکی تیا بەکارنایەت. ١٢ سەعات [کار] لەم ڕشتەیەدا بەدروستی هەمان ڕێژە لە بەها بەرهەم دێت   لەماوەی ١٢ سەعات کاری ڕشتە گەلێکی تری بەرهەمهێناندا کە تێیدا ئامێری میکانیکی و شتی لەم بابەتەی بە باڵاترین ئاست تیا بەکار براوە. لەم ڕوەوە کار وەک فاکتۆرێکی بەرهەمهێنەری بەها، هەمیشە کاری فەردە، بەڵام بەشێوەی کاری گشتی دەرکەوتووە، سەرەنجام کاری بەرهەمهێنەر- واتە کارێک کە بەها بەرهەمدێنێ- هەمیشە وەک کاری هێزی کاری تاک و کاری کرێکارێکی دابڕاو، ڕوبەڕووی سەرمایە دەبێتەوە، جا ئەم کرێکارە لەهەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیدا [بەکۆمەڵیش] چووبێتە نێو پڕۆسەی بەرهەمهێناوە، بەمپێیە و لە حاڵیکدا کە سەرمایە لەبەرامبەر کرێکاراندا توانای کۆمەڵایەتی کار دەخاتەڕوو، کاری بەرهەمهێنەری کرێکار، لەپەیوەند بەسەرمایەوە هەمیشە و تەنها دەرخەری کاری کرێکاری مونفەردە (دابڕاوە).

سێهەم: لەحالەتێکدا کە‌هەڵکشانی کاری زیادە ودەست بەسەردا گرتنی توانای بەرهەمهێنەری کۆمەڵایەتی کاریش لەلایەن سەرمایەوە وەک خاسیەتێکی سروشتی سەرمایە- وەبەم پێیەش خاسیەتیک کە لە بەهای بەکاربردنی ئەوەوە بەئاکامدێت، خۆی دەنوێنێ، ئەمەش وا دێتەبەرچاو کە ئەوە خاسیەتێکی سروشتی کارە کە توانای بەرهەمهێنەری خۆی بەوێنەی توانای بەرهەمهێنەری سەرمایە، زێدە {بەرهەم}ی خۆی وەک زێدەبایی، وەک خۆ – زیادکردنی سەرمایە، دەربخات.

ئێستا ئیتر دەکرێ ئەم سێ خاڵە هەڵسەنگێنین و جیاوازی نێوان کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنی لێ دەربکێشین.

{دەربارەی١} به‌رهه‌مهێنه‌ربوونی سه‌رمایه‌ له‌و ڕاستیه‌دا به‌دی ده‌كرێ كه‌ سه‌رمایه‌ له‌گه‌ڵ كاردا به‌شێوه‌ی كاری كرێگرته‌ ڕووه‌ڕووئه‌بێته‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنه‌ربوونی كاریش له‌و ڕاستیه‌دا به‌دی ده‌كرێ كه‌ كار له‌گه‌ڵ ئامڕازه‌كانی كاردا به‌شێوه‌ی سه‌رمایه‌ ڕووبه‌ڕوببێته‌وه‌.

پێشتر بینیمان کە دراو لەم ڕێگایەوە دەگۆڕدرێ بۆسەرمایە – واتە، یەک بەهای ئاڵوگۆڕی دیاریکراو دەگۆڕی بۆ بەهایەکی ئاڵوگۆری خۆ- زیادکەر، یانی بەبەهایەک بەزێدەباییەوە – کە بەشێکی بە کاڵایەک دەدرێ کە وەک هۆیەکانی کار (مەوادی خاو، ئامرازەکان وبەکورتی پێداویستیەکانی کار) دەخرێنە خزمەتی کارەوە و بەشێکی تریان بۆ کڕینی هێزی کار سەرف دەکرێ. به‌ڵام ئەوەی کە دراو (پارە) دەگۆڕی بۆ سەرمایە، ئه‌و گۆڕینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی نێوان دراو و هێزی كار، یان ته‌نها كڕینی هێزی كار، نیه‌ بەڵکو بەم کڕینە بەکاربردنی هێزی کار بۆماوەیەکی دیاریکراو، دەبێ بە بەشێک لە سەرمایە، وەیا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە کاری زیندوو دەگۆڕێ بۆ یەکێک لە شێوەکانی مەوجودیەتی سەرمایە. بەواتایەکی تر دەگۆڕێ بۆ سەرچاوەی ژیانی سەرمایە.

لە پڕۆسەی بەکردەوەی بەرهەمهێناندا، کاری زیندوو دەگۆڕێ بۆسەرمایە، ئەمە بەو ئیعتبارەی کە لەلایەک [ئەم کارە] بەکرێ – واتە بەهای سەرمایەی گۆڕاو -، دووبارە بەرهەمدێنێتەوە و لەلایەکی تریشەوە زێدەبایی دەخوڵقێنێ و لە ڕێگەی پڕۆسەی ئەم گۆڕێنەوەیەشەوە گشت بڕی دراوەکە دەگۆڕێ بۆسەرمایە، ئەگەرچی تەنها ئەو بەشە لە دراو ڕاستەوخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت کە سەرفکراوە بۆ پێدانی کڕێ، ئەگەر بەهای پێشوو بەرابەر بووبێت بە c+v ئێستا یەکسانە بە (c+(v+x، کە جیاوازیەکی لەگەڵ c+v)+x) دا نیە(٥). بەواتایەکی تر بڕی ئه‌سڵی دراوەکە یان میقداری به‌ها فراوان بۆته‌وه‌ و خۆی وه‌ك به‌هایه‌ك نیشان داوه‌ كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌م خۆی پاراستووه‌ و هه‌م زیادیشی كردووه‌.

لێرەدا دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین: ئەوەی کە تەنها بەشی گۆڕاوی سەرمایە ڕێژەیەکی زیادکراو بۆسەر سەرمایە بەرهەمدەهێنێ، بەهیج جۆرێک ئاڵوگۆڕێک لەو ڕاستیەدا بەدی ناهێنێ کە لە ڕێگای ئەم پڕۆسەیەوە گشت بەهای ئەسڵی پەرەی سەندووە و بەڕادەیەک زێدەباییەکی دیاریکراو لەچاو پێشوتردا زیادی کردووە و بەم پێیەش گشت ڕێژەی دراوی ئەسڵی گۆڕدراوە بۆ سەرمایە. چونکە بەهای ئەسڵی یەکسانە بە c+v (سەرمایەی نەگۆر وگۆڕاو)، بەدرێژایی ئەم پڕۆسەیە ئەم بڕەیش گۆڕدراوە بە (c+(v+x. ئەم بڕەیەی دوایی ئەوبەشە دووبارە بەرهەمهاتوەیە کە لە ڕێگای گۆڕینی کاری زیندووەوە بە کاری بەمادی بوو خوڵقاوە – گۆرانکاریەک کە بەندە بەوەی کە v لەگەڵ هێزی کاردا گۆڕدراوەتەوە، وەیا v لە شێوەی کرێدا لەم کردەیەدا ئاڵوگۆری پێکراوە. بەڵام (c+(v+x یەکسانە بە ×+ (سەرمایەی یەکەمجار) c+v . هەروەها گۆڕینی v بۆ v+x و لە ئەنجامیشدا گۆڕینی (c+v) بۆ c+v)+x) ئەمەش تەنها دەتوانرێ لە ڕێگای گۆڕینی بەشێک لە دراوه‌وە بۆ v ڕووبدا. واتە تەنها یەک بەش لەم ڕێگایەوە ئەتوانێ بگۆڕێ بۆ سەرمایەی گۆڕاو و بەشەکەی تریان بۆ سەرمایەی نەگۆڕ.

لەپڕۆسەی بەکردەوەی بەرهەم هێناندا، کار لەدونیای واقعدا دەگۆڕێ بۆسەرمایە. بەڵام ئەم گۆڕانە گرێدراوە بە هەمان گۆڕینەوەی یەکمجاری نێوان دراو و هێزی کارەوە. لەم ڕێگای ئەم گۆڕینەوە ڕاستەوخۆیەی کار، لەگەڵ کاری بە مادی بوودایە کە موڵکی سەرمایەدارەکەیە نەک کرێکارەکە، دراوی یەکەمجار دەگۆڕێ بۆ سەرمایە – ئەمەش ئەو سەرمایەیە دەگرێتەوە کە شێوەی ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان یان هه‌لومه‌رجی كاری وه‌رگرتوه. تائەم بڕگەیە دراو – چ لەشێوەی تایبەتی خۆیدا بێت و چ لە شێوەی جۆرێک لە کاڵاکان (بەرهەمەکان)دا بێت دەتوانن لە بەرهەمهێنانی کاڵای تازەدا وەک ئامڕزاەکانی بەرهەمهێنان بەکار ببرێن – ڕاستەوخۆ دەبنە جەوهەری سەرمایە.

تەنها بە دامەزراندنی ئەم پەیوەندیە دیاریکراوەیە لەگەڵ کاردا، دراو یان کاڵا دەگۆڕێ بۆ سەرمایە. وە تەنها ئەو کارەش بە کارێکی بەرهەمهێنەر ئەژماردەکرێ کە لەم ڕێگایەوە پەیوەندی لەگەڵ هەلومەرجی بەرهەمهێناندا – هەلومەرجێک کە هاوتا لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لەکارکردی تایبەت لەپڕۆسەی کار، دەکاتە پێویست – دراو و کاڵا بگۆڕێ بۆسەرمایە. بە واتایەکی تر [ئەو کارە بەرهەمهێنەرە] کە بەهای کاری بەمادی بوو، وە سەربەخۆ لە هێزی کار، دەپارێزی وزیادی دەکات. کاری بەرهەمهێن تەنها کورتە دەربڕینێکە بۆ گشت پەیوەندی وشکڵ وشێوازیک کەتیایدا هێزی کار لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا خۆی دەردەخات. جیاوازی [کار]ی بەرهەمهێن لەگەڵ هەموو جۆرەکانی کاردا گرنگیەکی زۆری هەیە. چونکە ئەم جیاوازیە ئەو شکڵە تایبەتیەی کار دەخاتەڕوو، کە گشت شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و خودی سەرمایە، پشتی پێبەستوە.

بەم پێیە کاری بەرهەمهێن ، – لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا- کارێکە کە بۆ خاوەنەکەی زێدەبایی بەرهەمدێنێ، [وەیان بەدەربڕینێکی تر] هەلومەرجی بابەتی کار دەگۆڕێ بۆسەرمایە و خاوەنەکەشی بۆ سەمایەدار؛ واتە [کاری بەرهەمهێن] کارێکە کە بەرهەمەکەی بەشێوەی سەرمایە بەرهەمدێنێ.

کەوایە کاتێک لەبارەی کاری بەرهەمێینەوە دەدوێین، قسە لەسەر کارێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی دەکەین، کارێک کە بەڵگەیە بۆ وجودی پەیوەندیەکی سەراپا تایبەت لەنێوان فرۆشیار و کڕیاری کاردا.

ئێستا ئەگەر چی دراوێك لە دەست کڕیاری هێزی کاردا بێت (یا کاڵاگەلێک کە خاوەنیەتی: وەک ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان وەیا هۆیەکانی بژێوی کرێکاران) بەڵام تەنها لە ڕێگای ئەم پڕۆسەیەوە دەبێت بە سەرمایە، واتە تەنها لەم پڕۆسەیەدا دەگۆڕێ بۆسەرمایە – چونکە ئەم شومەکانە بەرلەوەی بچنە ناو ئەم پڕۆسەیەوە، سەرمایە نین، بەڵكو تەنها بڕیارە ببن بە سەرمایە – بەڵام هەبوونی ئەمانە جەوهەری سەرمایەن. ئەمانە بە هۆی شێوەی سەربەخۆی خۆیانەوە، لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەیاندا بەرامبەر بە هێزی کار و هەروەها ڕووبەڕووبونەوەی هێزی کار لە بەرامبەریاندا، لە جەوهەریاندا سەرمایەن – پەیوەندیەک کە گۆڕینەوەیان لەگەڵ هێزی کاردا و بەدوای ئەم گۆڕینەوەیەشدا پڕۆسەی گۆڕینی کار بۆ سەرمایە دەکاتە کردەیەکی پێویست ودابین دەبێ. ئەم شتانە[دراو و هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بژێوی] لە سەرەتاوە لە پەیوەند بە کرێکارانەوە لە خەسڵەتێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بەهرەمەندن، خەسڵەتێک کە ئەمانە دەکات بە سەرمایەو بەسەر کاردا زاڵدەبن. بەم پێیەش ئەم شتانە پێشمەرجگەلێکن کە وەک سەرمایە لەبەرامبەر کرێکاردا ڕادەوەستن.

بەم پێیە کاری بەرهەمهێن، کاتێک دەتوانرێ ئەم ناوەی لێبنرێ کە راستەوخۆ لەگەڵ دراودا لە شێوەی سەرمایەدا، گۆڕدرابیتەوە، بەدەربڕینێکی کورت، ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەدا ئاڵوگۆڕی پێ کرابێت، واتە بە دراوێک کە لە جەوهەری خۆیدا سەرمایەیە، دراوێک کە بڕیارە وەک سەرمایە کاربکا، وەیا بەوێنەی سەرمایە لەبەرامبەر هێزی کاردا ڕاوەستابێت. دەستەواژەی “کارێک کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەدا گۆڕدراوەتەوە” نیشانەی ئەوەیە کە کار لەگەڵ دراودا بەوێنەی سەرمایە گۆڕدراوەتەوە و بەکردەوە دەیگۆڕێ بۆسەرمایە. کەمێکی تر لەخوارەوە گرنگی خەسڵەتی ڕاستەوخۆی ئەم ئاڵوگۆڕکردنە ڕۆشن دەکەینەوە.

بەم پێیە کاری بەرهەمهێن کارێکە کە بۆ کرێکار بەهایەکی لەپێشەوە دیاریکراوی هێزی کار، دوبارە بەرهەمدەهێنێتەوە، بەڵام وەک چالاکیەک کە بەها دەخوڵقێنێ و بەهای سەرمایەش بەرەو سەرەوە دەبات. بەواتایەکی تر [کارێکە] بەهاگەلێکی بەرهەم هێناوە، کە لە شێوەی سەرمایەدا، بەرامبەر بەخودی کرێکار ڕایدەگرێ.

 (C) دوو قۆناغی لەبنەڕەتەوە جیاوازی گۆڕینەوەی نێوان سەرمایەو کار

هەروەک لەهەڵسەنگاندنماندا بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان بینیمان،(٦) کە لە گۆڕینەوەی نێوان سەرمایە و کاردا، پێویستە دوو قۆناغی لە بنەڕەتەوە جیاواز، بەڵام وابەستە بەیەک لێک جیابکەینەوە. یەکەم: یەکەم گۆڕینەوەی نێوان سەرمایە و کار پرۆسەیەکی فۆرماڵە (شکڵییە) کە تێیدا سەرمایە لە شێوەی دراودا کاردەکات و هێزی کاریش بەشێوەی کاڵا. لە ڕوانگەی تێگەیشتنەوە وەیا لەبارەی حقوقیەوە، فرۆشتنی هێزی کار لە یەکەم قۆناغدا ئەنجام دەدرێ، ئەگەر چی بەهای کار تەنها لەدوای ئەنجامدانی کارەکە – واتە کۆتایی ڕۆژ وەیا هەفتە وهیتر- دەدرێت. ئەم مەسەلەیە بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاری لەم مامەڵەیەدا پێکناهێنێ، کە لە جەرگەیدا هێزی کار فرۆشراوە. ئەوەی لەم مامەڵەیەدا ڕاستەوخۆ فرۆشراوە، کاڵایەک نیە کە لە حاڵی ئێستایدا، بەدەستهاتبێ، بەڵکو بەکاربردنی خودی هێزی کار و بەم پێیەش خودی کار جێبەجێکراوە، چونکە بەکاربردنی هێزی کار هەمان ئەو چالاکیەیە کە هەیەتی، واتە خودی کارەکەیە. بەمجۆرەش ئەم [گۆڕینەوەیە]، گۆڕینەوەی کار نیە لە ڕێگای گۆڕینەوەی کاڵاکانەوە. کاتێک کە ئەلف پێڵاو بەباء دەفرۆشێ، هەردولایان کار دەگۆڕنەوە، یەکەمیان کارێک کە لە پێڵاوەکەدا سەرفکراوە و دوەمیشیان کارێک کە لە دروادا بەرجەستەبۆتەوە. بەڵام لە گۆڕینەوەی یەکەمدا[واتە لەگۆڕینەوەی فۆرماڵی نێوان کار و سەرمایەدا] لەلایەکەوە کارێک کە مادیەتی وەرگرتووە و لە شێوە کۆمەڵایەتیە گشتیەکەی خۆیدا، یانی دراو، دەگۆڕدرێتەوە بە کارێک کەهیشتا تەنها لە شێوەی هێزێکدایە کە مەوجودە؛ وە ئەوەی کە لەم نێوەدا دەکڕدرێ و دەفرۆشرێتەوە، بەکاربردنی ئەم هێزەیە، واتە خودی کارە، ئەگەرچی بەهای ئەو کاڵایەی کە دەفرۆشرێت بەهای کار نیە ( کە ئەمە دەربڕینێکی بێمانایە)، بەڵکو بەهای هێزی کارە. کەوایە ئەوەی ڕوودەدات گۆڕینەوەیەکی ڕاستەوخۆی نێوان کاری بەمادی بوە لەگەڵ هێزی کاردا، کە لەواقعدا، دەگات بەکاری زیندوو. سەرەنجام [ ئەمجۆرە گۆرێنەوەیە] گۆڕینەوەیەکە لەنێوان کاری بەمادی بوو، لەگەڵ کاری زیندودا. هەروەک پێشتر ڕۆشنمانکردەوە، کرێ – واتە بەهای هێزی کار- بەشێوەی نرخی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، واتە نرخی کار (٧) دەردەکەوێ.

لەم قۆناغەی یەکەمدا، پەیوەندی نێوان کرێکار و سەرمایەدار، پەیوەندی نێوان فرۆشیار و کڕیاری یەک کاڵایە. سەرمایەدار بەهای هێزی کار، واتە بەهای کاڵایەک کە دەیکڕێ، دەدات. بەڵام هەر لەم کاتەدا هێزی کار تەنها لەبەر ئەوە دەکڕدرێ، کە بتوانێ کارێك ئەنجامبدا، کە بەڵێنی لەسەردراوە و زیاتریشە لەو کاری کە بۆ دوبارە بەرهەمهێنانەوەی خودی هێزی کار پێویستە. بەم پێیە کارێک کە ئەنجامدەدرێ، دەرخەری بەهایەکی زیاترە، لە بەهای هێزی کار.

دووەم: قۆناغی دووەمی گۆڕینەوەی نێوان سەرمایە و کار، لە واقعدا هیچ پەیوەندێکی بە قۆناغی یەکەمەوە نیە و بەواتای بەرتەسکی وشەکەش، تەنانەت گۆڕینەوەیەکیش نیە.

لەقۆناغی یەکەمدا، لە نێوان دراو و کاڵادا گۆڕینەوەیەک ڕوودەدا – گۆڕینەوەی نێوان هاوتاکان— و کرێکار و سەرمایەدار بەوێنەی خاوەنانی کاڵا ڕووبەڕبەڕووی یەک دەبنەوە. دوو شتی هاوتا پێکەوە دەگۆڕدرێنەوە. (واتە، بەدەربڕینێکی تر، ئەوەی ئەم گۆڕینەوەیە کەی سەردەگرێ، لەم پەیوەندەدا گوێی پێنادرێ، و ئەوەشی ئایا نرخی کار زیاتر وەیا کەمتر بێت لە بەهای هێزی کار، وەیا یەکسانیش بن بەیەک، هیچ گۆڕانکاریەک لەم بازرگانی کردنەدا پێکناهێنێ. لەسەر ئەم بنەمایەش ئەم [گۆڕینەوەیە] دەتوانێ بەپێی یاسای گشتی گۆڕینەوەی کاڵا ئەنجامبدرێت.

لە قۆناغی دووەمدا، لە بنەڕەتەوە گۆڕینەوەیەک لە ئارادا نیە. خاوەنی دراو ئیتر کڕیاری کاڵا نیە و کرێکاریش ئیتر فرۆشیاری هێزی کارەکەی نیە. خاوەن دراو ئێستا ئیتر وەک سەرمایەدار دەست بەکار دەبێ. ئەو کاڵایەکی کڕیوە تا بەکاری بێنێ و کرێکاریش ئەمەی بۆ دابین دەکات، چونکە بەکار بردنی هێزی کارەکەی شتێکی زیاتر لە ئەنجامدانی کارەکەی نیە. لەڕەوتی گۆڕینەوەکەی پێشتردا، کار خۆی گۆڕدراوە بۆ بەشێک لە سامانی بەمادی بوو. کرێکار کار ئەنجامدەدا، بەڵام کارێکە کە بەسەرمایەوە وابەستەیە و یەکێکە لە وەزیفەکانی (Function) سەرمایە. لەبەرئەوەی کار ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵ و بڕیاری سەرمایەدا ئەنجامدەدرێ؛ بەرهەمێکیش کە هەر ئەم کارە مادیەتی پێدەدا، دەبێتە قاڵبێکی تازە کە سەرمایە خۆی تیا دەنوێنێ، یا بەدەربڕینێکی تر قاڵبێک کە سەرمایە تیایدا خۆی بەکردوە وەک سەرمایە بەدیدێنێ. بەم پێیە دوای گۆڕینەوەی یەکەم، کار بەشێوەی فۆڕماڵ [ڕەمزی] تێکهەڵکێش دەبێ لەگەڵ سەرمایەدا، ئەوەی لەم پڕۆسیەدا [قۆناغی دووەم، پڕۆسەی کار] کار ڕاستەوخۆ مادیەت بەخۆوە دەگرێ، و ڕاستەوخۆ دەگۆڕێ بۆ سەرمایە. وە بەدڵنیایەوە لەو شوێنەی کارێک دەگۆڕێ بۆ سەرمایە، زیاترە لەوسەرمایەیەی کە لە پێشەوە سەرفکراوە بۆ کڕینی هێزی کار. لەم پڕۆسەیەشدا بەشێک لە کار، بەخۆڕایی و بێبەرابەر دەستی بەسەرداگیراوە. تەنها لەم شێوەیەدایە کە دراو خۆی دەگۆڕێ بۆ سەرمایە.

بەڵام ئەگەرچی لەم قۆناغەدا هیچ گۆڕینەوەیەک بەکردەوە ئەنجام نادرێ، و سەرەنجامی ئەم کردەیەش ئەگەر لەسەرێکەوە ئاکامەکەی داببڕین، بەوەدەگەین کە لە گشت ئەم پڕۆسەیەدا – هەردوو قۆناغەکە پێکەوە – ڕێژەیەکی دیاریکراو لە کار کە مادیەتی وەرگرتووە، لەگەڵ ڕێژەیەکی زیاتر لە کاری زیندوو گۆڕدراوەتەوە. ئەم واقعیەتە لەم شێوەیەیدا و ل ەبەرەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا دەردەکەوێ، کارێک کە خۆی لە بەرهەمەکانی خۆیدا، مادیەتی وەرگرتوە، لەچاو ڕێژەکەیدا، زیاترە لەو کارەی کە لە هێزی کاردا ماتیاڵیزە بووە، بەم جۆرەش زیاترە لە کارێکی بەمادی بوو، کە بە کرێکارەکە دراوە. بە واتایەکی تر بەو شێوەیەی کە بەکردەوە لە ڕەوتی ئەم پڕۆسەیەدا، سەرمایەدار نەک تەنها ئەو بەشە لە سەرمایەکەی کە لە شێوەی کرێدا داویەتی، دوبارە وەری دەگرێتەوە، بەڵکو لە هەمانکاتدا زێدەباییەکیش بەدەست دێنێ، کە لەبەرمبەریدا خەرجییەکی نەکێشاوە. گۆڕینەوەی ڕاستەوخۆی کار وسەرمایە دەرخەری ئەم خاڵانەن:(١) گۆڕینی ڕاستەوخۆی کار بۆ سەرمایە، [واتە] بە بەشێک و پێکهێنەری مادی سەرمایە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا؛ (٢) گۆڕینەوەی هەندێکی دیاریکراو لە کارێک کە مادیەتی بەخۆیداوە، بە هەمان هەند لە کاری زیندوو، بە هەندێکی زیاترەوە لە کاری زیندوو کە بەبێ گۆرێنەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەو قسەیەی کە دەڵێت کاری بەرهەمهێن کارێکە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەدا دەگۆڕدرێتەوە، هەموو ئەم قۆناغانە دەگرێتەوە و بەتەنهاش دەستەواژەیەکی دەرکێشراوە و ئەو واقعیەتە دەخاتەڕوو کە کاری بەرهەمهین کارێکە کە دراو دەگۆڕێ بۆسەرمایە، کارێک کە لەگەڵ پێداویستیەکانی بەرهەمهیناندا وەک سەرمایە دەگۆڕدرێتەوە، بەمپێەش لە پەیوەندی نێوان کار و هەلومەرجی بەرهەمێیناندا، ئەم پێداویستیانە بە تەنیا وەک پێداویستی ساف و سادەی بەرهەمهێنان لەبەرامبەر کاردا ڕاناوەستن وهەروەها کاریش وەک کار ێک لە شێوەیەکی گشتیدا(موجەڕەدا) کە هەر جۆرە خەسڵەتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دابێت، لەبەرامبەر پێداویستیەکانی بەرهەمهێناندا دەرناکەوێ. ئەم دەربڕینانە ئەم خاڵانە دەگرێتە خۆی: (١) پەیوەندی دراو وهێزی کار بەیەکتریەوە وەک کاڵا، کڕین و فرۆشتنی نێوان خاوەنی دراو و خاوەنی هێزی کارە؛ (٢) گرێدراوبوونی ڕاستەوخۆی کار بەسەرمایەوە؛ (٣) گۆڕینی واقعیانەی کار بۆسەرمایە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندایە، بەدەربڕینێکی تر بەدەستهێنانی زێدەبایی بۆ سەرمایە، دووجۆر گۆڕینەوەی نێوان کار و سەرمایە ڕوودەدات. یەکەمیان تەنها دەرخەری کڕینی هێزی کارە کە سەرەنجام لەواقعدا کڕینی خودی کارە و بەرئەنجامی ئەمەیە، وە دوەمیان گۆڕینی ڕاستەوخۆی کاری زیندووە بە سەرمایە و بە دەربڕینیکی تر بەمادی بوونی کاری زیندووە وەک کردەیەک بۆ [بەدەستهێنان]ی سەرمایە.

 (D) بەهای بەکاربردنی تایبەتی کاری بەرهەمهێن بۆ سەرمایە

ئەنجامی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری نە بەرهەمهێنانی بەتەنهای بەرهەمە (بەهای بەکاربدرن) و نە کاڵایە، یانی بەرهەمهێنانی ڕووتی بەهایەکی بەکاربردن نیە، کە هەڵگری بەهایەکی دیاریکراوی گۆڕینەوە بێت، بەڵکو ئەنجام و بەرهەمی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەدەستهێنانی زێدەباییە بۆ سەرمایە و لە ئاکامیشدا گۆڕینی بەکردەوەی دراو یان کاڵایە بۆ سەرمایە – واتە بۆ ئەو شتەی کە[دراو وکاڵا] بەرلە پڕۆسەی بەرهەمهێنان تەنها وەک ئیمکانێک و لە جەوهەری خۆیدا ئەوەبوون و بڕیاریشە وابێ. لەپرۆسەی بەرهەمهێناندا هەندێک کاری زیاتر لەچاو ئەوەدا کە [لەلایەن سەرمایەدارەوە] کڕدراوە، دەمژرێت. ئەم کارە مژراوە، یانی دەست بەسەرداگرتنی کاری کەسانی ترە بەبێ بەرامبەر، کە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دادەپۆشرێ، ئەمەش ئامانجی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە ؛ چۆنکە ئەوەی کە سەرمایە وەک سەرمایە [هەروەها سەرمایەدار وەک سەرمایەدار] خوازیارە بەرهەمی بهێنێت، بەرهەمهێنانی بەهایەکی بەکاربردن نیە کە ڕاستوخۆ بۆ بەکاربردنی شەخسی بێت، هەروەها کاڵایەک نیە کە لە سەرەتاوە بۆ دراو و لە قۆناغی دواتریشدا بۆ بەهای بەکاربردن بگۆڕدرێ. ئامانجی [سەرمایە] کەڵەکەی سامان ، خۆزۆرکردنی بەها، و زیادکردنیەتی. بەواتایەکی تر ئامانجی هێشتنەوەی بەهای پێشوتر و بەدەستهێنانی زێدەباییە، سەرمایە تەنها لە ڕێگای گۆڕینەوەی لەگەڵ کاردا و لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەم بەرهەمە تایبەتە، بەدەست دێنێ وهەر بەم هۆیەشەوە ئەمک ارە بەکاری بەرهەمهێن ناودەبرێ.

کارێک کە بڕیارە کاڵا بەرهەمبهێنێ دەبێ کارێکی بەسود بێت؛ دەبێ بەهای بەکاربردن بەرهەمبهێنێ؛ دەبێ خۆی لە بەهای بەکاربردندا دەرخات. لەمڕوەوە تەنها ئەو کارەی کە خۆی لە کاڵادا، یانی لە بەهای بەکاربردندا، دەنوێنێ کارێکە کە بە سەرمایە دەگۆڕدرێتەوە. ئەمەش مەسەلەیەکی بەڵگە نەویستە. بەڵام ئەم خەسڵەتە کۆنکرێتییەی کار، واتە خودی بەهای بەکاربردنی ئەم کارە، بۆ نمونە ئەگەر کارەکە خەیاتی بێت، پینەچی بێت، وەیا ڕستن وچنین و شتی لەمجۆرە بێت، – ئەمانە ئەو شتە نیە کە بەهایەکی تایبەتی بەکاربردنی کار بۆ سەرمایە پێکبهێنێ و لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا مۆری کاری بەرهەمهێنەر ل ەخودی کاردەدا. ئەوەی کە بەهای بەکاربردنێکی تایبەتی کار بۆ سەرمایە پێکدەهێنێ، خاسیەتە تایبەتە سودبەخشەکەی کار نیە، بەهەمان شێوەش لە سیفەتە دیاریکراو و بەسودەکانی بەرهەمەکاندا نیە، کە ئەم کارە تیایاندا مادیەتی پێداروە، بەڵکو ئەوەی کە بەهای بەکاربردنی تایبەتی کار بۆ سەرمایە پێکدێنێ، خەسڵەتی کارێکە کەوەک عونسورێک دەتوانێ بەهای گۆڕینەوە بەدیبهێنێ. واتە کاری موجەڕەد؛ وەلە ڕاستیدا ئەمەش نەک لەو ڕوەوە کە هەڵگری ڕێژەیەکی دیاریکراوە لە کاری گشتی، بەڵکو لەو روەوە کە نوێنەرەوەی ڕێژەیەکی زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە نرخەکەیەتی، واتە لەوەی کە لە بەهای هێزی کاردا شاراوەیە.

بۆ سەرمایە بەهای بەکاربردنی هێزی کار بەدیاریکراوی هەمان زیادکردنی ئەو ڕێژە کارەیە کە ئەنجام دەدرێ و دەچێتەسەر ئەو ڕێژەیە لە کار کە لە خودی هێزی کاردا مادی بۆتەوە و بەمجۆرەش بۆ بەرهەمهێنانی ئەم هێزی کارە پێویستە. دیارە [هێزی کار] ئەم ڕێژەیە لە کار لە هەمان شکڵی دیاریکراویدا خۆی دەخاتەڕوو کە لە خودی خۆیدا کارێکی سودمەندە، بۆنمونە کاری ڕستن، کاری چنین و هیتر. بەڵام ئەم خەسڵەتە کۆنکرێتەی [هێزی کار] کە مۆڵەت دەدا تا شکڵی کاڵایەک بەخۆیەوە بگرێ، بەهای بەکاربردنێکی تایبەت بۆ سەرمایە پێک ناهێنێ. ئەم بەهای بەکاربردنە تایبەتەی هێزی کار بۆسەرمایە لە بڕەکەیدا بەوێنەی کاری گشتی و بەجیاواز لە ڕێژەی ئە وکارە کە ئەم [هێزی کارە] ئەنجامی دەدا، هەمان ڕێژەیە لە کار کە سەرف کراوە بۆی.

ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دراو، بۆنمونە X لەو ڕوەوە دەگۆڕێ بۆ سەرمایە کە لەبەرهەمەکەدا بە شێوەی X+H دەرکەوێت. بە واتایەکی تر لەو ڕوەوە کە ڕێژەیەک لە کار کە لەو بەرهەمەدا شاراوەیە، لەو هێندە لە کار کە لە سەرەتاوە لە دراوەکەدا هەبووە زیاترە. ئەمەش بەرئەنجامی گۆڕینەوەی نێوان دراوە لەگەڵ کاری بەرهەمهێندا؛ بەواتایەکی تر ، تەنها ئەو کارە بەرهەمهێنە کاتێک کە لەگەڵ کارێکی بەمادی بوودا دەگۆڕدرێتەوە، ئەو توانایە بسازێنێ تا ڕێژەیەکی زیاتر لە کارە بەمادیی بووەکە دەربهێنێ.

بەم پێیەش، پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە تەنها بەرهەمهێنانی کاڵا نیە. [بەڵکو] پڕۆسەیەکە کە کاری بێکرێ دەمژێ و مەوادی خاو و ئامڕازەکانی کاریش- ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان – دەگۆڕێ بۆ ئامڕازی مژینی کاری بێکرێ.

ئەوەی کە وتمان بەوئەنجامە دەگات، کە ناوبردنی هەر کارێک بە کاری بەرهەمهێن، هیچ پەیوەندیەکی بە ناوەڕۆکی دیاریکراوی ئەو کارە و جۆری بەکاربردنە تایبەتیەکەی و بە بەهای بەکاربردنە تایبەتییەکەیەوە نیە کە خۆی تیادەردەخات. یەک جۆر کاری تایبەت ئەتوانێ هەم بەرهەمهێن و هەم نابەرهەمهێن بێت. بۆنمونە میلتۆن کاتێك کە لەبەرامبەر پێنج پاوەند (مەبەست دراوی بەریتانیە- وەرگێڕ.ک) دا بەهەشتی ونبووی نوسی، کرێکارێکی نابەرهەمهێن بوو. بەڵام کاتێک کە نوسەرێک بە شێوازی کارخانە و بۆ دەزگایەکی بڵاوکردنەوە خودی نوسینەکەی بڵاودەکاتەوە کرێکارێکی بەرهەمهێنەرە. میلتۆن بەهەشتی ونبووی بەهەمان هۆکار بەرهەمهێنا کە کرمی ئاوریشم، ئاوریشم بەرهەمدێنێ. ئەمە بزاوتێکی سروشتیانەی خودی ئەو بوو. دواتر ئەو بە پێنج پاوەند فرۆشتی. بەڵام پرۆلیتاریای ئەدەبی لایپزیک کە لە ژێر فەرمانی دەزگایەکی پەخشدا کتێب مۆنتاژ دەکات ( بۆنمونە ئەنسۆکلۆپیدیای ئابوری) کرێکارێکی بەرهەمهێنە. چونکە بەرهەمەکەی لە سەرەتای کارەوە لەلایەن سەرمایەوە بۆتە پاشکۆ و تەنها بە مەبەستی زیادکردنی سەرمایە هاتۆتەبوون. گۆرانیبێژێک کە بۆ گیرفانی خۆی گۆرانی دەڵێ کرێکارێکی نابەرهەمهێنە، بەڵام ئەگەر هەر ئەم گۆرانی بێژە لەلایەن خاوەن کارێکەوە ئیستخدام بکرێ و بۆ بەدەست هێنانی پارە گۆرانی بڵێت، دەبێ بە کرێکاری بەرهەمهێن، چونکە سەرمایە بەرهەمدەهێنێ.

 

(E) کاری نابەرهەمهێن وەک ئەو کارەی کە خزمەتگوزاری ئەنجام دەدات. کڕینی خزمەتگوزاری لەهەلومەرجی سەرمایەداریدا. تێگەیشتنی باو لەپەیوەندی نێوان کار و سەرمایە، بەوێنەی گۆڕینەوەی خزمەتگوزاری

لێرەدا چەند مەسەلەی جیاواز دەبێ لێک جیابکرێنەوە:

ئەوەی کە من بۆ نمونە پانتۆڵێک بکڕم، یا پارچە قوماشێك بەدەستبهێنم وخەیاتیك بهێنمەوە بۆماڵەوە و لەبەرامبەر خزمەتەکەیدا (واتە کاری درونەکەی) پارەیەک بدەم تا پارچە قوماشەکەم بۆ بگۆڕێ بۆ پانتۆڵێک، ئه‌وا بۆ من هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێ، مادام كه‌ من مه‌به‌ستم ته‌نها دورینی پانتۆڵه‌كه‌یه. بەڵام من پانتۆڵ لە جلوبەرگ فرۆش دەکڕم چونکە ڕێگای یەکەم بە گرانتر تەوادەبێت و پانتۆڵێک کە درونەکەی لەلایەن سەرمایەدارەوە بەرهەم هاتبێت، کاری کەمتر دەبا و بەمجۆرەش هەرزانترە لەو پانتۆڵەی کە خەیاتێکی ڕاسپێردراو بۆم بدورێ. بەڵام لەهەردوک ئەم حاڵەتەدا پارەیەک کە سەرفی کڕینی پانتۆڵەکە کراوە، بەسەرمایە نەگۆڕدراوەتەوە، بەڵکو بەپانتۆڵ گۆڕدراوەتەوە و هەردو حاڵەتەکەش ئەوە دەگرنە خۆ، کەمن سودم لە دراو وەک ئامڕازێکی گۆڕینەوە وەرگرتووە، واتە گۆڕیومەته‌وە بە بەهایەکی دیاریکراوی بەکاربردن. بەم پێیە لێرەدا دراو بەوێنەی سەرمایە کارناکات، ئەگەرچی لەحاڵەتێکیاندا شوێنی یەک کاڵای گرتۆتەوە و لە حاڵەتەکەی تریشیاندا خودی کار وەک یەک کاڵا کڕدراوە. لێرەدا دراو بە تەنها وەک دراو کاردەکات، وەیا وردتر بڵێم وەک ئامڕازێکی گۆڕینەوە کاری کردووە.

لەلایەکی ترەوە خەیاتە ڕاسپێردراوەکە (کە لە ماڵی خۆمدا و بۆمن کاردەکات) کرێکارێکی بەرهەمهێن نیە، ئەگەرچی بەرهەمی کارەکەی، یانی پانتۆڵەکە، من دەبم بەخاوەنی و نرخی کارەکەی، واتە پارەیەک بەو دراوە، ئەشێ ڕێژەی کارێک کە لەلایەن خەیاتە ڕاسپێردراوەکەوە ئەنجامدراوە زیاتر بێت لەچاو کارێکدا کە بەرامبەر بە نرخێک کە لە منی وەردەگرێت، تەنانەت دورنیە ئەمە وابێت، چونکە نرخی کاری خەیاتەکە بەپێی نرخێک دیاریدەکرێ کە خەیاتی بەرهەمهێنەر وەری دەگرێ. بەڵام لەهەرحاڵدا، تا ئەوجێگەیەی بەمنی [کڕیار] دەگەڕێتەوە لەمەدا جیاوازیەک نیە. کاتێک کە نرخ دیاریکرا، ئەمە بۆمن ئیتر وەک یەکە کاتێک ئەو هەشت یان دە کاتژمێر کاربکات. ئەوەی لەم نێوەدا پەیوەندی بەمنەوەیە تەنها بەهای بەکاربردنە، واتە پانتۆڵەکەیە. دیارە کڕیار بەهەر جۆرێک بێت کە بیەوێت پانتۆڵ بکڕێ، مەیلی بەلای ئەوەدایە کە هەرچی کەمترە ئەوەندەی پێبدات و لە هەردووک ئەم حاڵەتانەشدا دەخوازێ نە زیاتر و نە کەمتر لەوتریان بدات. بەواتایەکی تر، من ئەمەوێ تەنها نرخی باو بدەم. ئەمە یەک تێچونی بەکاربردنی منە. ئەمە زیادبوونی پارەی من نیە بەڵکو کەم بوونەوەیەتی. ئەمە بە هیچ جۆرێک ڕێگای دەوڵەمەند بوونی هیچ کەسێک نیە، بەهەمان شێوە خەرجکردنی پارە بەمەبەستی هەر بەکاربردنێکی شەخسی، ئیتر نابێت بەڕێگایەک بۆ دەوڵەمەند بوون.

لەوانەیە کەسێک لەنێو زاناکانی Paul de Kock بە من بڵێت کە ئەگەر پانتۆڵ نەکڕیت، دروست وەک ئەوەی کە ئەگەر نان نەکڕیت، زیندوو نامێنیت و ناشتوانیت قسەیەک لە دەوڵەمەند بون بکەیت، وەک ئەوەی کڕینی پانتۆڵ لەم شێوەیەیدا هۆکارێکی ناڕاستەوخۆ، یالانی کەم مەرجێکە، بۆ دەوڵەمەندتر بوونی من – دروست وەک ئەوەی سوڕی خوێن و پرۆسەی هەناسەدانم مەرجێک بن بۆ دەوڵەمەندبوونی من، بەڵام نە سوڕی خوێن و نە هەناسەدانەکەم خۆی لەخۆیدا من دەوڵەمەندتر ناکات، بەپێچەوانەوە هەردوکیان گرێدراون بەکردەی پڕمەسەرەفی وەرگرتنی خۆراکەوە؛ ئەگەر ئەمە پێویست نەبوایە، ئیتر هیچ هەژارێکی بەدبەخت پەیدانەدەبوو. بەم پێیە بەتەنها گۆڕینەوەی ڕاستەوخۆی دراو لەگەڵ کاردا، دراو بۆ سەرمایە و کار بۆ کاری بەرهەمهێن ناگۆڕێ.

کەواتە خەسڵەتی ئەم گۆڕینەوەیە چیە؟ و لە چ ڕویەکەوە لەگەڵ گۆڕینەوەی دراو بەکاری بەرهەمهێن جیاوازی هەیە؟ [ئەم جیاوازیە] لەلایەکەوە لەوەدایە کە دراو وەک دراو خەرجکراوە، وەک شکڵێکی سەربەخۆ لە بەهای گۆڕینەوە و بڕیارە بگۆڕدرێ بۆ بەهای بەکاربردن، بۆ پێداویستیەکانی بژێوی، بۆ شتێک کە بۆ بەکارهێنانی شەخسیە. لەسەر بنەمای ئەمەش ئەم دراوە [لێرەدا] ناگۆڕدرێ بۆ سەرمایە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، بوونی خۆی وەک بەهای گۆڕینەوە لەدەست دەدا تا لە شێوەی بەهای بەکاربردندا خەرج بکرێ و بەکارببرێ. لەلایەکی ترەوە[ئەم جیاوازیە] لەوێدایە، لە حاڵەتێکدایە کە کار تەنها وەک بەهایەکی بەکاربردن و وەک خزمەتگوزاریەک کە قوماشەکە دەگۆڕێ بۆ پانتۆڵ جێگای سەرنجی کڕیاری کارەکەیە. واتە وەک خزمەتگوزاریەک کە خاسیەتی سودبەخشی ئەم کارە دەخاتە ئیختیاری فەردەوە.

بەجیاواز لەمە، خزمەتێک کە هەمان خەیات پێشکەشی دەکات لەکاتێکدا کە لە کارخانەیەکی بەرگدرووی تیجاریدا بۆ خاوەنکارێکی سەرمایەدار کاردەکات، هەرگیز لە بابەتی ئەو واقعیەتە نیە کە هەستابێت بە گۆڕینی قوماش بۆ پانتۆڵ، بەڵکو لەوڕوەوەیە کە بۆ نمونە ئەگەر ماوەی کاری پێویست کە لەیەک پانتۆڵدا مادیەت وەرگرێ ١٢ سەعات بێت، کرێیەک کە خەیاتی کارگەکە وەریدەگرێت یەکسانە بە ٦ سەعات. خزمەتێک کە ئەو پێشکەش بە سەرمایەداری دەکات، لەواقعدا شتێکی تر نیە جگە لەوە نەبێت کە ٦ سەعاتەکەی تر لەبەرامبەر هیچدا کاری کردووە. ئەو واقعیەتەش کە ئەم مەسەلەیە لە شێوەی پانتۆڵدرونێکدا ئەنجامدەدرێ، بەتەواوەتی پەیوەندیە واقعیەکە دادەپۆشێت. خاوەنی کارگەی خەیاتەکە، تەنها بەوەی کە بتوانێ و لەهەوڵدابێ سەرلەنوێ پانتۆڵەکە بکاتەوە بەدراو، واتە بۆ شکڵێکی تر بیگێڕێتەوە کە تیایدا خەسڵەتی دیاریکراوی کاری خەیاتی بەگشتی نادیار ماوەتەوە و خزمەتگوزاریە پێشکەشکراوەکەش خۆی لەوەدا نیشان ئەدا کە لەباتی ٦ سەعاتکار کە لە ڕێژەیەکی دراوی دیاریکراودا دەردەکەوێ. ئێستا ئیتر١٢ سەعاتکار ئەنجام دراوە کە هێندەی دوو جاره‌ لەچاو ئەو ڕێژەیەدا کە خۆی تیا دەرخستۆتەوە.

من [وەک کڕیار] ی کاری خەیاتی، خزمەتێک کە لە شێوەی کاری خەیاتیدایە و بە من دەدرێ دەیکڕم، تا پێویستیم بۆ پۆشاک یەکلا بکاتەوە و لێرەشەوە یەکێک لە پێداویستیەکانم بەدەست بێت. خاوەنی کارگەی خەیاتیەکە کاری خەیاتی وەک هۆکارێک بۆ زیادکردنی دراو بە دراو دەیکڕێ. من بۆیە دەیکڕم چونکە بەهایەکی بەکاربردنی تایبەت بەرهەم دێنێ، وخزمەتێکی تایبەتیش دەخاتە بەردەمم . بەڵام (سەرمایەدارەکە) بۆیە دەیکڕێ تا بەهای گۆڕینەوەیەکی زیاتر لەوەی کە خەرجی کردووە بەدەست بهێنێ. واتە تەنها وەک هۆکارێک بۆ گۆڕینەوەی کاری کەمتر لەگەڵ کاری زیاتردا.

کاتێک ڕاستەوخۆ دراو لەگەڵ کاردا دەگۆڕدرێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی بەدەستهێنانی سەرمایە، واتە کاتێک کارێک، کە كاری بەرهەمهێنەر نیە، و وەک خزمەتگوزاری دەکڕدرێ، بە گشتی شتێکی تر نابێت جگە لە ناوێکی تر بۆ بەهای بەکاربردنێکی تایبەتی کە کار دابینی دەکات، وەک هەرکاڵایەکی تر. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ناوێکی تایبەتە بۆ بەهای بەکاربردنی تایبەتی کار، تەنانەت ئەم کارە خزمەتەکەی لە شێوەی شت دا نیە، بەڵکو وەک چالاکیەک ئەنجام دەدرێ. تایبەتمەندیەکیش کە دەیبێ بەهیچ جۆرێک، لە کاری ئامێرێکدا بۆ نمونە وەیا سەعاتێک جیای ناکاتەوە. “پێت دەدەم تا کار بکەی، کار دەکەم تا کار بکەی، پێم بدە تا کاربکەم، پێت دەدەم تا پێمبدەی”(٨)   ئەمانە چەند شێوازێكن كه‌ ده‌كرێ بێجیاوازی به‌كاربهێنرێن بۆ ده‌رخستنی یەک په‌یوه‌ندی، لەحاڵێکدا کە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا “پێدەدەم تا کار بکەی” پەیوەندیەکی تەواو تایبەت لەنێوان بەها مادییەکەدا کە دەدرێ لەگەڵ چالاکیە زیندووەکەدا کە دەستی بەسەردادەگیرێ، دەخاتەڕوو. بەم پێیە ولەو شوینەدا کە کڕینی خزمەتگوزاری هیچ پەیوەندیه‌کی تایبەتی نێوان کار و سەرمایەی تیا لەئارادا نیە، واتە یان لەبنەڕەتەوە ئەم جۆرە پەیوەندیەی تیا غائیبە وەیا بەتەواوی لەبەین چووە، بێگومان [ئەم خزمەتگوزاریە] ئەو شکڵەیە کە زۆر جێگای مەبەستی “سای” Say و”باستیا”Bastiat و دەستوپێوەند و لایەنگرانیانە بووە بۆ وەسفکردنی پەیوەندی نێوان سەرمایە و کار.

ئەو پرسیارەی کە ئایا بەهای ئەم خزمەتگوزاریانە چۆن ڕێکدەخرێت و چۆن خودی ئەم بەهایە لەلایەن یاسا زاڵەکانەوە بەسەر کرێدا دیاری دەکرێ، هیچ پەیوەندیه‌کی بەجێبەجێ بوونی پەیوەندیەکەوە نیە کە لێرەدا جێگای هەڵسەنگاندنی ئیمەیە، بەڵکو پەیوەندی بە بەشی کرێوەیە.

ئەو ئەنجامە بەدەستدێ کە بەتەنها بە گۆڕینەوەی دراو لەگەڵ کاردا، کار ناێت بەکارێکی بەرهەمهێنەر، و لەلایەکی تریشەوە ناوەڕۆکی ئەم کارە دیسانەوە لە هەنگاوی یەکەمی خۆیدا و لەم ڕوەوە هیچ کاریگەریەکی نابێت.

خودی کرێکار ئەتوانێ کار بکڕێ، واتە کاڵاگەلێک بکڕێ کە لەشێوەی خزمەتگوزاریدا دەخرێنەڕوو؛ ئەوەشی کە لە کرێکەی خۆی دەیدات بەم جۆرە خزامەتگوزاریانە، خەرجیەکە کە لەه یچ ڕویەکەوە جیاوازی نیە لەگەڵ هەر خەرجیەکی تریدا کە لە کرێکەی بۆ هەر کاڵایەکیتر خەرجی دەکات. خزمەتگوزاریەک کە دەیکڕێ لەوانەیە پێویست بێت یان پێویست نەبێت- بۆنمونە خزمەتگوزاری پزیشکێک، یان قەشەیەک. دروست وەک ئەوەوایە کە نان یان شەراب بکڕێ. بەوێنەی کڕیار – واتە نوێنەری دراو لەبەرامبەر کاڵادا – کرێکار بەموتڵەقی هەمان گاتیگۆریە لەچشنی کاتێک کە ئەویش وەک کڕیار دەردەکەوێ، واتە کاتێک کە مامەڵە کردن شتێکی زیاتر لە گۆڕینی شکڵی دراو بە کاڵا، ناگرێتەخۆی. ئەوەشی کە نرخی ئەم خزمەتگوزاریانە چۆن دیاریدەکرێ و چ پەیوەندیه‌کی بە خودی کرێوە هەیە، وەیا ئەوەی کە تا چ ئاستێک ئەم نرخە بەپێی یاساکانی کرێ دیاریدەکرێ، وەیا ناکرێ، مەسەلەگەلێکن پێویستە لە باسی کرێدا هەڵبسەنگێندرێن و بەتەواویش بە هەڵسەنگاندنەکانی ئێستامانەوە پەیوەندی نیە.

کەواتە بەو شێوەیەی کە وتمان گۆڕینەوەی تەنهای دراو بەکار، کار ناکات بەکاری بەرهەمهێن، بەواتایەکی تر دراو ناگۆردرێ بۆسەرمایە، ناوەڕۆکی کۆنکرێتی کار، یانی بەکاربردنی تایبەتی کار دیسانەوە لەهەنگاوی یەکمیدا بێکاریگەر دێتە بەرچاو- هەروەک بینیشمان هەمان کاری کرێکارە خەیاتەکە لە یەک حاڵەتدا بەرهەمهێنەرە و لە حاڵەتێکی تردا نابەرهەمهێنه‌رە.

خزمەتگوزاری یان بەهاگەلێکی بەکاربردنی دیاریکراو، کە بەرهەمی شێوەیەکی دیاریکراوی چالاکی وەیا کارن، لە کاڵادا بەرجەستە دەبنەوە. هەندێکی تریان، بەپێچەوانەوە هیچ کاریگەریەکی هەستپێکراو، بە جیا له‌ خودی كەسانێک کە ‌ئه‌نجامدەری کارەکەن و بوونیان هەیە، شتێکیتر لەخۆیاندا ناخەنەڕوو؛ بە واتایەکی تر بەرهەمی ئەم جۆرە کارانە کاڵایەک نیە بۆ فرۆشتن. بۆ نمونە خزمەتگوزاریەک کە گۆرانیبێژێک بە منی دەبەخشێ و پێویستیە جوانناسیەکانی من تێردەکات؛ بەڵام ئەوەی کە من چێژی لێوەردەگرم، چالاکیەکە کە لە خودی گۆرانیبێژەکە جیا نیە و هەر ئەوەندە کە کارەکەی، یانی گۆرانی وتنەکەی، تەواوبوو، چێژی منیش تەواودەبێ. من لە خودی چالاکیەکە – واتە دەنگدانەوەکە لە گوێچکەمدا – چێژ وەردەگرم. ئەشێ ئەم خزمەتگوزاریە، وەکو هەر کاڵایەکی تر کە دەیکڕم، پێویست بێت وەیا وەک پێویستیەک سەیربکرێ – بۆنمونە خزمەتی سەربازێک وەیا دکتۆرێک، وەیاخود پارێزەرێک. یا ئەوەی کە دەشێ خزمەتگوزاریەک بێت کە ببێتە هۆی شادیم. به‌ڵام بەهەر حاڵ ئەمە هیچ کاریگەرییەک لەسەر خاسیەتە ئابووریەکانیان دانانێت. ئەگەر کەسێکی تەندروستباش بم و پێویستم بە دکتۆر نەبێ، وەیا ئەوەندە شانسم هەبێ کە لە هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی دادگاییه‌وه‌ نه‌گلابم ، ئەو کاتە بەهەمان ئاست کە لە تاعون دوردەکەوتوومەوە، لە دانی پارە بەدکتۆر و خزمەتگوزاری یاسایش خۆم دەبوێرم.

خزمەتگوزاری دەشێ داسەپاو بیت بەسەرمدا- بۆ نمونە خزمەتگوزاری دەزگاکانی دەوڵەت و هیتر.

ئەگەر من خزمەتگوزاری مامۆستایەک بکڕم، نەک بۆ گەشەی فکریم، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی شارەزاییەک کە بتوانم لەڕێگایەوە پارە بەدەستبهێنم – وەیا ئەگەر کەسێکی تر خزمەتگوزاری ئەم مامۆستایە بۆ من بكڕێ – وە ئەگەر من لەواقعدا شتێک فێربم (کە خۆی لەخۆیدا بەتەواوی سەربەخۆیە لە پێدانی پارە بە خزمەتەکەی مامۆستا) ئەو کاتە تێچونی ئەو فێربوون و پەروەردەیەی کە لەبەردەستدایە، هەروەک تێچونی بژێوی و مانەوەی من، بەبەشێک لە تێچونی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری من ئەژماردەکرێ. بەڵام بەکاربردنی تایبەتی ئەم خزمەتگوزاریە هیچ گۆڕانکاریەک لە پەیوەندی ئابوریدا پێک ناهێێ. ئەمە پەیوەندیەک نیە کە من تیایدا دراوم گۆڕیبێت بە سەرمایە، وەیا پێشکەشکەری ئەم خزمەتگوزاریە، واتە مامۆستاکە، من ناکات بە سەرمایەداری خۆی، بەسەرۆکی خۆی. هەروەها ئەوەی ک ەدکتۆر بتوانێ من چارەسەرکات، مامۆستاش سەرکەوتووبێت لەوەدا کە شتێکم فێرکات، وەیاخود پارێزەر لە دادگا کێشەیەکی من بباتەوە، دووبارە هیچ کاریگەریەک لە خەسڵەتی ئابوری ئەم پەیوەندە دانیە. پاره‌یه‌ك كه‌ دراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئەم خزمه‌تگوزاریانە‌ خۆی لەخۆیدا هەبووە، کەوایە به‌ پێی سروشتی ئه‌م بابەتە ئەنجامەکەی ناتوانرێ لەلایەن ئه‌و کەسانەوە مسۆگەر بکرێ كه ئەم خزمەتگوزاریانە ئەنجامدەدەن. به‌شێكی به‌رچاو له‌ خزمه‌گوزاریه‌كان په‌یوه‌ستن به‌ تێچوونی به‌كاربردنی كاڵاكانه‌وه، وه‌ك خزمه‌تگوزاریه‌كانی چێشتلێنه‌رێك، خزمه‌تكارێك… هتد‌

ئەوە خەسڵەتی هەر کارێکی نابەرهەمهێنە کەتەنها بەئاستێک ئەتوانێ لەژێر ئیختیاری ئینسانەکاندابێت – وەک هەر کاڵایەکی تری بەکاربردن – کە ئینسان، کرێکارانی بەرهەمهێن بچەوسێنێتەوە. ڕێك به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئەو كاڵایانەی كه‌ من بۆ به‌كارهێنان ده‌یانكڕم، ئه‌وه‌ خه‌سڵه‌تی هه‌موو كاره‌ نابه‌رهه‌مهێنه‌كانه‌ كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی مندان، به‌ڵام ته‌نها به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ كرێكارانی به‌رهه‌مهێن بچه‌وسێنمه‌وه‌. بەم پێیەش لەنێو هەموو تاکەکاندا، کرێکاری بەرهەمهێن کەمترین دەسەڵاتیان هەیە بەسەر خزمەتگوزاریەکانی کرێکارانی نابەرهەمهێندا. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ توانای کەسێک لە به‌كارهێنانی كرێكارانی به‌رهه‌مهێندا به‌ هیچ جۆرێك به‌ هه‌مان ڕاده‌ زیاد ناكات كاتێك‌ کەسەکە كرێكارانی نابه‌رهه‌مهێن به‌كاردەهێنێ، بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ڕاده‌یه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ و لەهەر حاڵێکدابێ، دەبێ تاک لەبەرامبەر خومه‌گوزاری‌ ئیجباریدا (دەوڵەت، باجەکان) پارە بدات.

لەوانەیە کرێکارانی بەرهەمهێن خۆیان لە پەیوەند بەکەسێکەوە [بەکاربەر] وەک کرێکاری نابەرهەمهێن بەحساب بێنن. بۆنمونە ئەگەر من خانوەکەم بدەم تا سەرلەنوێ گەچکاری بکرێ وگەچکارەکانیش کرێکاری بەکرێ بن بۆ وەستایەک کاردەکه‌ن کە من لەگەڵیدا گرێبەستێکم کردووە، ئەوکاتە بۆ من ئەم دۆخە فەرقێک لەحاڵەتی مندا دروست ناکات، بەوەی کە خانوەکەم گەچکاری کردووە و کاری ئەوانم کڕیوە، چونکە من پارەیەکم بۆ کڕینی کاڵایەک بۆ بەکاربردنی شه‌خسی خەرجکردووە. بەڵام بۆ وەستای کارەکە کە ئەو کرێکارانەی خستۆتەکارەوە، بە کرێکاری بەرهەمهێن دادەنرێ، چونکە بۆ وەستاکە زێدەبایی بەرهەمدێنن.

 

***           ***             ***

ئەوەی کە لە ڕوانگەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە کرێکارێک کاڵایەکی شیاو بۆ فرۆشتن بەرهەمدەهێنێ، بەڵام ڕێک بە ئەندازەی یەکسان لەگەڵ هێزی کارەکەی خۆیدا بەرهەم دێنی و بۆ سەرمایەدار، زێدەبایی بەرهەم ناهێنێ و تاچەند نابەرهەمهێنە، بە باشی لەنوسینەکانی ڕیکاردۆدا بەرچاوە. ئەو ئەم جۆرە کەسانە بە هۆکارێک بۆ دەردەسەری (٩) دادەنێ. ئەمەیە تیۆری و پراتیکی سەرمایە.

“هەم تیۆری پەیوەند بە سەرمایەوە وهەم کردەی ڕاوەستاندنی کار لەوخاڵەدا کە بتوانێ ، سەرەرای بژێوی کرێکاران هاوکات قازانجێک بۆ سەرمایە بەرهەم بهێنێ، لەگەڵ یاسا سروشتیە زاڵەکان بەسەر بەرهەمهێناندا، ناکۆک دێتەبەرچاو” (تۆماس هاجسگین، ئابوری سیاسی، بۆ تێگەیشتنی هەوان. لەندەن١٨٢٧لاپەڕە٢٣٨ )

 

***           ***             ***

بینیمان کە: پڕۆسەی بەرهەمهێنان هەر بەتەنها پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵا نیە، بەڵکو پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زێدەبایی، و مژینی کاری ئیزافی و بەم پێیەش پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەیە. یەکەمین کاری ڕواڵەتیانەی گۆڕینەوەی نێوان دراو وکار، وەیا سەرمایە و کار تەنها لە بنەڕەتدا بریتیە لە دەستبەسەرداگرتنی کاری زیندووی کەسێکی تر لە ڕێگای کاری بەمادیبووە. پڕۆسەی بەکردەوەی دەستبەسەرداگرتن تەنها لەپڕۆسەی بەکردەوەی بەرهەمهێناندا سەردەگرێ، کە تێیدا گۆڕینەوەی ڕواڵەتیانەی یەکەمجار وەک قۆناغی پێشووی ئەو بەحساب دێت – قۆناغیک کە تیایدا سەرمایەدار و کرێکار تەنها وەک خاوەنانی کاڵا، بەوێنەی کڕیارو فرۆشیار، ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. بەهەمان بەڵگە ئابووریناسانی عەوام – لەچشنی باستیا – لەم گۆڕینەوە ڕواڵەتیە سەرەتاییە، واوەتر ناڕۆن، دروست تا هەر بەم فێڵە خۆیان لەم پەیوەندیە سەرمایەدارانە تایبەتیە بدزنەوە. ئەم جیاوازیەی [نێوان دوو قۆناغەکەی سەرەوە] بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە گۆڕینەوەی دراو لەگەڵ کاری نابەرهەمهێندا دەردەکەوێ. لێرەدا دراو و کار تەنها وەک کاڵا پێکەوە دەگۆڕدرێنەوە، بەجۆرێک کە ئەم گۆڕینەوەیە سەرمایە بەوجود ناهێنێ، بەڵکو ئەمە خەرجکردنی داهاتە.

 (F) کاری پیشەوەران وجوتیاران لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا 

كه‌وایه‌ جێگه‌وڕێگه‌ی پیشه‌وه‌رانی سه‌ربه‌خۆ یان جوتیاران كه‌ كرێكار به‌كارنابه‌ن و به‌مپێیه‌ش وه‌ك سه‌رمایه‌دار به‌رهه‌مناهێنن، چیه‌؟ هه‌ریه‌ك له‌وانه‌، هه‌روه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌كه‌ له‌باره‌ی جوتیاریشه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌وجۆره‌یه‌ (جگه‌ له‌ باخه‌وانێك كه‌ من خۆم بانگی بكه‌م بۆ ماڵه‌وه‌)، بەرهەمهێنەری کاڵان و کەسێک کاڵایان لێدەکڕێ لەم حاڵەتەشدا بۆ نمونە ئەوەی کە پیشەگەر بەپێی ئەوەی لێیداواکراوە بەرهەم دەهێنێ و ئەوەشی جوتیاران بەپێی تواناکانیان دەتوانن بەرهەمبهێنن، بەتەواوی وەکو یەک وان. لەکۆتایی حاڵدا هەردوولایان وەک فرۆشیاری کاڵا نەک کار، لەگەڵ کڕیاردا بەرەو ڕوودەبنەوە، چونکە ئەم پەیوەندیە، هیچ پەیوەندیه‌کی بەگۆڕینەوەی کار و سەرمایەوە نیە. بەم ئیعتبارەش ئەم مەسەلەیە پەیوەندیەکی بە جیاوازی نێوان کاری بەرهەمهێن ونابەرهەمهێنەوە بۆ پەیدانابێت. چونکە ئەم جیاوازیە بەتەواوی پەیوەند دەبێتەوە بەوەوە کە ئایا كار له‌گه‌ڵ دراو گۆڕاوه‌ته‌وه‌، یان به‌ دراوێك كه‌ سه‌رمایه‌یه‌ له‌ شكڵی دراودا. بەم پێیەش ئەم جوتیارانە و ئەم پیشەوەرانە لەم حاڵەتەدا نە گرێدراون بەناوەندی کرێکارانی بەرهەمهێن و نە بە کرێکارانی نابەرهەمهێنەوە، هەرچەندە هەردوولایان بەرهەمهێنەری کاڵاشن. بەرهەمهێنانی ئەمانە ناچنە خانەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە.

ئەو ئیمکانەش هەیە کە ئەم جۆرە بەرهەمهێنەرانە، کە بە ئامرازگەلێکی بەرهەمهێنان، کە هی خۆیانە کار دەکەن، نەک تەنها هێزی کاری خۆیان دووبارە بەرهەمدەهێننەوە، بەڵکو زێدەباییەکیش بەدەست دێنن و بە ئیعتباری جێگاوڕێگایان دەست بەسەر هەموو یان بەشێک لە زێدەباییدا دەگرن، ([بۆچی دەڵێین بەشێک لە زێدەبایی ] چونکە بەشێک لە زێدەباییەکەیان لە ڕێگای زەریبە و شتی تره‌وە لێدەسەندرێت). لێرەدا ئێمە لەگەڵ تایبەتمەندیەکی جیاواز بەرەوڕوو دەبینەوە ئەویش خه‌سڵەتەکانی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا شێوازێک لە بەرهەمهێنان زاڵە، ئەگەرچی هێشتا تەواوی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی نەخستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بۆنمونە لە کۆمەڵگای دەرەبەگیدا (کە دەکرێ بەباشترین شێوە لە ئینگلترە ببینرێت، چونکە سیستەمی دەرەبەگایەتی بەشێوەیەکی حازر و ئامادە لە نۆرماندیەکانەوە هاتە ناویەوە و شێوەی خۆی سه‌پاند به‌سه‌ریدا كه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ بنیادێکی کۆمەڵایەتی جیاواز بوو)، پەیوەندیگەلێک کە لەگەڵ سروشتی دەرەبەگایەتیدا جیابۆتەوە، بەڵام شێوازی دەرەبەگایەتی پێدراوە؛ بۆ نمونه‌ په‌یوه‌نده‌ ساده‌كانی دراو كه‌ تێیدا هیچ نیشانه‌یه‌ك له‌ خزمه‌تگوزاری شه‌خسی دوولایه‌نه‌ له‌ ئارادا نه‌بوو، له‌ جۆری ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ نێوان ئه‌رباب و ڕه‌عیه‌تدایه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ خه‌یاڵێكه‌ كه‌ ورده‌ جوتیار خاوه‌نی زه‌وی خۆی بووبێ له‌ موڵكی ئه‌ربابێكدا.

لە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا دیسانەوە بەهەمان شێوەیە. جوتیار یان پیشەوەر بەسەر دوو کەسایەتیدا دابەشدەبن* وەک خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهینان دەێتە سەرمایەدار. وەک کەسێکیش کە کار دەکات، دەبێتە کرێکاری بەکرێ بۆ خۆی. بەمپێیە وەک سەرمایەدار کرێ بەخۆی دەدا و لە سەرمایەکەی قازانج وەردەگرێ. بەواتایەکی تر ئەو خۆی وەک کرێکاری بەکرێ دەچەوسێنێتەوە و سەرانەیەک کە کرێکار بەسەرمایەدار قەرزارە، وەک زێدەبایی بۆ خۆی سەرفی دەکات، ڕەنگە ئەو تەنانەت مەبلەغێک وەک کەسی سێهەم، یانی خاوەن زەوی بەخۆی بدات. (کرێ- ئیجاری موڵک)، دروست بەهەمان شێوە کە دواتر لەخوارەوە دەیبینین، سەرمایەداری پیشەسازی کاتێک کە کار بۆ سەرمایەکەی خۆی دەکا، سو (فائیدە) بەخۆی دەدا، ئەمەش وەکو ئەوە چاو لێدەکات کە قەرزی بەخۆی دابێت، نەک وەک سەرمایەدارێکی پیشەسازی، بگرە ڕێک و ڕەوان وەک سەرمایەدارێک.

خەسڵەتی یەکلاکەرەوەی کۆمەڵایەتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا – کە نیشانەیەکە لە هەبوونی پەیوەندیەکی تایبەتی بەرهەمهێنان – لەگەڵ هەبوونی مادیانەی ئەم ئامڕازانەی بەرهەمهێناندا و وەکو ئامڕازی بەرهەمهێنان وەها لەیەک هەڵپێکراون کە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگای بۆرژوازیدا لێک جیاکردنەوەی ئەم دووانە مەحاڵ بێت. ئەم حوکمە ( حوکمی تێگەیشتن) تەنانەت لەوشوێنەدا کەپەیوەندیەکانی [بەرهەمێنان] ڕاستەوخۆ لە ناکۆکیدایە پێی دیسانەوە وەک بەدیهیەک وەردەگیرێ. ** ئامڕازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان ته‌نها به‌وجۆره‌ ده‌بن به‌ سه‌رمایه‌ كه‌ له‌ كرێكار دابڕابن و وه‌ك هێزێكی سه‌ربه‌خۆ ڕووبه‌ڕووی كرێكار بووبنەوە. بەڵام لەم حاڵەتەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان بۆکرد، بەرهەمهێنەر – کرێکارەکە – خاوەن وموڵکداری ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانی خۆیەتی. بەم پێیەش ئەم ئامڕازانەی بەرهەمهێنان سەرمایە نین، بەهەمان شێوەش پەیوەندی ئەم بەرهەمهێنەرانە لەگەڵ ئامڕازەکاندا، پەیوەندی کاری بەکرێ نیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم ئامڕازانە وەک سەرمایە سەرنجیان بۆ دەدرێ و خاوەنەکانیشیان دەبێ بەدووبەشەوە، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌و وه‌ك سه‌رمایه‌دارێك خودی خۆی وه‌ك كرێكارێكی به‌كرێ به‌كارده‌هێنێت.

لەڕاستیدا ئەم جۆرە سەرنجدانە ، بەهەر ئاستێک لەسەرنجدانی یەکەمدا بە نامەنتقی بگات، بەڵام تائەو ئاستە دروستە کە لەم حاڵەتانەدا بەرهەمهێنەر بۆ خۆی زێدەبایی بەرهەمدێنێ <بەوفەرزەی کە کاڵاکانی خۆی بە بەهایەکی[واقعی] بفرۆشێتەوە>، بە واتایەکیتر کارەکەی لەهەموو بەرهەمەکەیدا، مادیەتی وەرگرتووە. بەڵام ئەم بەرهەمهێنەرە ئەو واقعیەتەی کە خۆی دەتوانێ هەموو بەرهەمەکانی کاری خۆی بۆ خۆی بێت، هەروەها ئەوەشی کە زیادە بەرهەم و وە بە جیاواز لە بەهای بەرهەمەکانی لەچاو، بۆنمونە نرخی نێوەندی ڕۆژێکی کارەکەی، لەلایەن کەسی سێهەمەوە، ئەربابێک، دەستی بەسەردا ناگیرێت وهیچ یەکێکیش قەرزارباری کارکردنەکەی نیە – چونکە لەم بارەوە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ هیچ کرێکارێکی تردا نیە – بەڵکو قەرزارباری خاوەندارێتیەکەیەتی بۆ ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان. بەم پێیە بە تەنها لەڕێگای خاوەندارێتیەکەیەوە کە بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا هەیەتی، دەتوانێ دەست بەسەر زیدەبایی خۆیدا بگرێ و لێرەشەوە وەک کرێکاری بەکرێ پەیوەندی سەرمایەدار بوونی خۆی بەسەر خۆیدا فەرزبکات.

لەم کۆمەڵگایەدا دابڕان وەک پەیوەندیەکی ئاسایی دەردەکەوێ. بەڵام ئەوەی کە ئەم دابڕانە لە واقعی مەسەلەکەدا بە دروست دەرنایەت و بەفەرز وەردەگیرێ؛ و بینیشمان کە بەفەرزوەرگیراوە؛ چونکە (بەجیاواز لەگەڵ نمونەکانی دۆخی ڕۆمای کۆن، یا نەرویژ، وەیاخود سەروی ڕۆژئاوای نەتەوەیەکگرتوەکان- ئەمریکا ) لەم کۆمەڵگایانەدا، یەکبوون مەسەلەیەکی ڕێکەوتە و دابڕانیش مەسەلەیەکی باوە؛ بەمجۆرەش تەنانەت ئەگەر کەسێک هەڵسوکەتگەلێکی دابڕاوانە یەکبخات، دیسانەوە ئەوە هەردابڕانە کە وەک پەیوەندیەکی[واقعی] لەبەرچاودەگیرێ. لێرەدا ئیتر ئەو واقعیتە لە شێوەیەکی سەرسورماندا دەردەکەوێ کە سەرمایەدار بەتەنها وەزیفەیەکە (function) لە سەرمایە و کرێکاریش وەزیفەیەکە لە هێزی کار. چونکە ئەمە یاسایەکە کە پەرەسەندنی ئابوری وەزیفەی جیاجیا بۆ کەسانی جیاجیا تایبەت دەکات؛ و پێشەوەر یا جوتیار کە بەئامرازی بەرهەمهێنانی خۆی بەرهەمدەهێنێ، بە شێنەیی یا بۆ سەرمایەداری بچوک دەگۆڕدرێن و کاری کەسانیتر وەبەردێنن، وەیاخود ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان لەدەستدەدەن و دەگۆڕدرێن بۆ کرێکاری بەکرێ. (حاڵەتی دووه‌م لەوانەیە لە هەنگاوی یەکەمدا بە جۆرێکدا بکەوێتەوە کە کەسی بەناو خاوەندار- مالک الاسمی- ئامڕازەکانی خۆی بهێڵیتەوە، هەروەک لە دۆخی بەڕەهنداندا هەیە) ئەمە مەیلێکە لە هەموو ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەیە کە شێوه‌ی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری تیا زاڵە.

 

(G) پێناسه‌یه‌كی ئیزافی بۆ كاری به‌رهه‌مهێن، كارێك كه‌ له‌ سامانی مادیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌.    

بەم پێیە، لەهەڵسەنگاندنی پەیوەندیە بنەڕەتیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەتوانرێ ئەوە بەفەرز وەرگیرێت کە تەواوی دونیای کاڵاکان، مەیدانەکانی بەرهەمهێنانی مادی – بەرهەمهێنانی سامانی مادی – (چ بەشێوەیەکی ڕواڵەتی یان واقعی) لەژێر کۆنترۆڵی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، بەدەست دێت (چونکە ئەمە ئەو شته‌یە کە زۆرتر و زۆرتر ڕوودەدات، چونکە ئەمە ئامانجی سەرەکیە و تەنها لە شکڵی بەدەستهاتنیدا توانای بەرهەمهێنەری کار تا بەرزترین ئاست گەشەدەکات) لەسەر ئەم بنەمایەش – کە ئاستی کۆتایی {ئەم پڕۆسەیە} دەردیدەخا و بەم هۆیەشەوە بەردەوام بە لێکدانەوەیەکی هەرچی ورتر لە واقعیەت نزیک دەبینەوە – تەواوی کرێکارانێک کە بە بەرهەمهێنانی کاڵاوە خەریکن، کرێکاری بەکرێن و ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانیش لەهەموو مەیدانەکاندا، وەک سەرمایە لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستێتەوە. کەواتە دەتوانرێ بوترێ کە ئەمە یەک خەسڵەتی تایبەتی کرێکارانی بەرهەمهێنە، واتە کرێکارانێک کە سەرمایە بەرهەمدەهێنن و کارەکەشیان لە کاڵادا، لە سامانی مادیدا، بەرجەستەدەکەنەوە، چونکە کاری بەرهەمهێن لەپاڵ خەسڵەتە بڕیاردەرەکەیدا – کە هەرگیز ناوەڕۆکی کار لەبەرچاوناگیرێ و بەتەواوەتی لەم ناوەڕۆکە سەربەخۆیە – پێناسه‌یه‌كی لاوه‌كی و جیاواز و فه‌رعی وه‌رده‌گرێت.

 

(H) دەرکەوتەکانی سەرمایەداری لەمەیدانی بەرهەمهێنانی نامادیدا

بەرهەمهێنانی نامادی تەنانەت کاتێک کە بە تەنها بۆ گۆڕینەوە ئەنجامدەدرێ، واتە کاتێک کە کاڵا بەرهەمدەهێنێ دەتوانێ دوو جۆربێت،

١) لەحاڵەتێکدا کە ئەنجامی بەرهەمهێنان کاڵا، یا بەهای بەکاربردن بێت، کە شێوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ لە بەرهەمهێنەر و بەکاربەر بەخۆیەوە دەگرێ. ئەم کاڵایانە بەم پێیەش دەتوانێ لەماوەی نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردنیاندا، بوونیان هەبێ و هەر لەوماوەیەشدا وەک کاڵاگەلێک کە بکرێ بفرۆشرێنەوە، دەکەونە بواری ئالوگۆڕپێکردنەوە. لەوانە کتێب ، تابلۆی هونەری و لە یەک وتەدا تەواوی بەرهەمەکانی کاری هونەری کە لە ئەدای هونەری خودی هونەرمەندەکە جیاوازن. لێرەدا بەرهەمهێنانی سەرمایەداری تەنها لە بوارێکی سنورداردا ئەتوانێ کاربکات؛ بۆ نمونە وەکو ئەوەی کاتێک کە دانەری بەرهەمێکی هاوبەش – بۆنمونە مەوسوعەی زانیاری (ئینسایكلۆپیدیا) – کەسانێکی تری قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست كه‌ بۆ پاره ‌په‌یداكردن ده‌نوسن، بخاته‌ كاره‌وه‌. لەم مەیدانەدا بەگشتی شکڵێکی ڕاگوزەری بەرهەمهێنانی سەرمایەداری درێژە بە بوونی خۆی دەدا، کە تیایدا هەموو جۆرەکانی بەرهەمهێنەرانی عەمەلی و هونەری، پیشەوەران، وەیا پسپۆڕانێک بۆ سەرمایەی بازرگانی هاوبەش، بۆ دەزگای پەخش کاردەکەن – پەیوەندیەک کە هیچ ڕەبتێکی بەشێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە، بەمانای تایبەتی وشەکە، نیە وتەنانەت لەڕوی ڕواڵەتیشەوە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا، سەری دەرنەهێناوە، ئه‌و واقعیه‌ته‌ش كه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی كار له‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی خۆیدایه‌ ڕێك له‌م شكڵه‌ ڕاگوزه‌ریانه‌یدا هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێ.

٢) لە حاڵەتێکی تردا کە بەرهەمهێنان نەتوانرێ لە کردەی بەرهەمهێنان جیابکرێتەوە. وەک حاڵه‌تی کاری نمایشكاران و هونه‌رمه‌ندان، مامۆستایان، دکتۆرەکان، قەشەکان وهیتردا. لێره‌شدا شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری له‌ ئاستێكی زۆر كه‌مدا به‌دیده‌كرێ و لەبەر سروشتی ئەم مەیدانانە، شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، تەنها لەهەندێ لایەنەوە ئەتوانێ بەکردەوە دەربێت. بۆ نمونه‌ مامۆستایانی ناو ده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن ڕه‌نگه‌ ته‌نها كرێكارانێكی به‌كرێ بن بۆ ئه‌و مقاولانه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌یان گرتووه‌ و لەمجۆرە کارگانەی پەروەردەو فیرکردن لە بەریتانیا زۆرە. ئەگەر چی لە پەیوەندی بەقوتابیەکانەوە، مامۆستاکان کرێکاری بەکرێ نین، بەڵام لە پەیوەند بە خاوەنکارەکانیانەوە، کرێکاری بەرهەمهێنن. خاوەنکار سەرمایەکەی بەهێزی کاری ئەوان دەگۆڕێتەوە و خۆشی لەرێگای ئەم پڕۆسەیەوە سامان کۆدەکاتەوە. ئەم دۆخە لەنوسینگەکانی وەک شانۆکان، هۆڵەکانی نمایش وهیتر دیسانەوە بەهەمان شێوەیە. لەم بوارانەدا پەیوەندی هونەرپیشە بەبینەرانەوە، پەیوەندی هونەرمەندێکە، بەڵام لەبەرامبەر خاوەنکارەکەی خۆیدا، ئەو کرێکارێکی بەرهەمهێنە. [بەهەرحاڵ] تەواوی دەرکەوتەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەم مەیدانانەدا، بە بەراورد لەگەڵ گشت بەرهەمهێناندا، هێندە کەمن کە دەکرێ بەتەواوی چاوپۆشیان لێبکرێ.

(I) مەسەلەی کاری بەرهەمهێن لە گۆشەنیگای گشت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی مادیەوە

لەگەڵ پەرەسەندنی شێوەی تایبەتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، کە تێیدا کرێکارانێکی جۆراوجۆر لە بەرهەمهێنانی کاڵادا هاوبەشدەبن، دیاره‌ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ کە کاری هەریەک لەم کرێکارانە لەگەڵ ئەو شتەی کە بەرهەم هاتووە پەیدادەکات، پەیوەندیەکی یەکجار زۆر جۆراوجۆرە. بۆ نمونە کرێکارانێک کە پسپۆڕنین لە یەکێک لەوکارگانەی ئاماژەمان بۆکرد، ڕاستەوخۆ هیچ ڕۆڵێکیان بەسەر بەکاربردنی کەرەسەی خاودا نیە، ئەو کرێکارانەشی کە ئەرکی چاودێریان بەسەر کەسانێکەوە لە ئەستۆیە، کە ڕاستەوخۆ لەسەر کەرەستە خاوەکان کاردەکەن، ئەمانە پلەیەک لەم [پڕۆسەیە] وە دورترن. ئەندازیار بە بەشی خۆی پەیوەندیەکی تری هەیە و بەگشتی کاری فکری دەکا و شتی لەم بابەتە. بەڵام گشت ئەم کرێکارانە کە خاوەنانی هێزی کارن، بە بەهای جیاوازەوە (هەرچەندە ئەوانەی کاردەکەن لە ئاستێکی کەمو زۆری یەکسان بەهرەمەندن) ئەنجامەکە بەرهەم دێنن، بەرهەمێک کە وەک ئەنجامی پڕۆسەی کار لە کاڵایەکدا، وەیا لەبەرهەمێکی مادیتردا، دەردەکەوێ. ئەم کرێکارانە، هەمو یان پێکەوە وەک یەک کارگە، مەکینەیەکی زیندووی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمانەن – دروست بەهەمان شێوە، کە ئەگەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە گشتیەتی خۆیدا لەبەرچاوبگرین، ئەم کرێکارانە کارەکانیان لەگەڵ سەرمایەدا دەگۆڕنەوە و دراوی سەرمایەدارەکەش وەک سەرمایە دووبارە بەرهەمدێننەوە، واتە وەک بەهایەک کە زێدەبایی بەرهەم دە‌هێنێ و وەک بەهایەکیش کە خۆی زیاد دەکا، دەردەکەوێ.

بەدڵنیاییەوە ئەوە خەسڵەتێکی تایبەتی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە، کە چەندین جۆری جیاوازی کار، لە کاری فکری وجەستەیی – وەهەروەها جۆرەها کاری تر کە هەریەک لەم دوولایەنە قورسایی زیاتریان تیا هەیە – لەیەک جیا دەکاتەوە و لە نێوان ئەفرادی جیاجیادا دابەش دەکات. بەڵام ئەم مەسەلەیە ئەوە ڕه‌ت ناکاتەوە کە بەرهەمە مادیەکان، بەرهەمی هاوبەشی ئەم ئەفرادانەیە، واتە ئەوە بەرهەمی هاوبەشی ئەوانە کە لە سامانی مادیدا بەرجەستەبۆتەوە؛ دروست بەهەمان شێوە کە ئەم مەسەلەیە بەربەست و ڕەتکردنەوەی ئەو واقعیەتە نیە کە لەپەیوەند بەسەرمایەوە، هەموو ئەم ئەفرادانە کرێکارانی بەکرێن و بەواتای بەرجەستەی وشه‌کە، کرێکارانی بەرهەمهێنن. تەواوی ئەم فەردانە، نەک تەنها ڕاستەوخۆ لەبەرهەمهێنانی سامانی مادیدا دەخاڵەت دەکەن، بەڵکو کارەکەی خۆیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دراودا بەوێنەی سەرمایە دەگۆڕنەوە و بەم پێیەش ڕاستەوخۆ جگە لە هەقدەستەکانیان زێدەباییەکیش بۆ سەرمایەدار بەرهەمدەهێنن. کاری ئەمانە هەردوو بەشی کار دەگرێتە خۆی، بەشێک کە کرێی پێدراوە وبەشەکەی تر کارێکی زیادەیە کە پێی نەدراوە [واتە بە خۆڕایی] .

 (J) پیشەسازی بارهەڵگرتن وگواستنەوە، وەک ڕشتەیەکی بەرهەمهێنانی مادی.

کاری بەرهەمهێن لە پیشەسازی بارهەڵگرتن و گواستنەوەدا

سەرەڕای پیشەسازی دەر‌هێنان وکشتوکاڵ ومانیفاکتۆرە، مەیدانی چوارەمی بەرهەمهێنانی مادی لە ئارادایە، کە بە هەمان شێوە قۆناغە جیاجیاکانی پیشەسازی دەستی و مانیفاکتۆرە و پیشەسازی مەکینەیی، تێدەپەڕێنێ. ئەویش، پیشەسازی بارهەڵگرتن و گواستنەوەیە، کە ئەویش بارکردن وگواستنەوەی کاڵاکان و ئەفرادە. پەیوەندی کاری بەرهەمهێن، یانی پەیوەندی کرێکاری بەکرێ لەگەڵ سەرمایەدا لەم مەیدانەشدا دروست بەهەمان شێوەی مەیدانەکانی تری بەرهەمهێنانی مادییە. بەڵام لەم مەیدانەی چوارەمدا گۆڕانکاریەکی مادی لەبابەتی کارەکەیدا، ڕوودەدات، کە ئەویش گۆڕانی شوێنە، گۆڕینی جێگا. لەبارەی بار هەڵگرتن و گواستنەوەی خەڵکەوە، ئەم کارە تەنها حاڵەتی خزمەتگوزاری بەخۆیەوە دەگرێ و له‌لایه‌ن مقاولێكه‌وه‌ كه‌ كاره‌كه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ ده‌خرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌. بەڵام پەیوەندی نێوان کڕیاران و فرۆشیارانی ئەم خزمەتگوزاریە، هیچ ڕەبتێکی بە پەیوەندی نێوان کاری بەرهەمهێن و سەرمایەوە نیە و وەک ئەو پەیوەندیەیە کە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاری خوری چنیندا هەیە.

بەڵام ئەگەر لە گۆشەیەکی ترەوە سەرنج لەم پڕۆسەیە لە پەیوەند بە کاڵاکانەوە بدەین، ئەوا لەم حاڵەتەدا بە دڵنیاییەوە لە پڕۆسەی کاردا گۆڕانێک لە بابەتی کاردا، یانی لە کاڵادا ڕوودەدات. شوێنی كاڵاكه‌یه‌ كه‌ ده‌گۆڕێت و به‌مجۆره‌ش گۆڕانکاریەک لەبەهای بەکاربردنیدا پێکدێنێ، چونکە ئەم بەهای بەکاربردنە شوێنی گۆڕیوە. بەهەمان ئەندازە کە ئەم گۆڕانە لە بەهای بەکاربردندا پێکیدێنێ و ئەنجامدانی کاری زیاتر لەخۆدەگرێ، بەهای گۆڕینەوەکەشی زیاد دەکات – کارێک كه به‌شێكی به‌ بڕی سه‌رمایه‌ی نه‌گۆڕی به‌كارهاتوو، واته‌ ته‌واوی كارێكی به‌مادی بوو كه‌ ده‌چێته‌ كاڵاكەوە‌، و به‌شێكی تریشی به‌ بڕی‌ كاری زیندوو، دیاریده‌كرێت. دروست هەر وەکو پڕۆسەی زیادبوونی بەهای هەر کاڵایەکی تر.

کاتێک کاڵا بە شوێنی خۆی دەگات، ئەو گۆڕانەی کە لە بەهای بەکاربردنیدا ڕوویداوە، دەرناکەوێ و ئیتر بە تەنها لە بەهایەکی باڵاتری گۆڕینەوەدا و لە نرخێکی زیاتریدا دەردەکەوێتەوە. وە ئەگەرچی لەم حاڵەتەدا کارێک کە لەواقعدا ئەنجامدراوە، هیچ نیشانەیەکی لە خودی بەهای بەکاربردندا جێنەهێشتووە، بەڵام وجودی ئەم کارە لە بەهای گۆڕینەوەی ئەم بەرهەمە مادیەدا، بەدیهاتوە. بەم پێیە لەم بەشە لە پیشەسازیدا، دیسانەوە وەک هەرمەیدانێکی تری بەرهەمهێنانی مادی، ئەو حوکمە دروستە کە کار خۆی لە کاڵادا بەرجەستە و تێكهەڵکێش دەکات، تەنانەت ئەگەر هیچ نیشانەکی بەرچاویشی لە خۆی و لە بەهای بەکاربردنی ئەو کاڵایانەی کە باسکران، جێنەهێشتبێ.

*******

تا ئێرە تەنها لەگەڵ سەرمایەی بەرهەمهێندا، واتە سەرمایەیەک کە لە پرۆسەی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێناندا بەکار براوە، مامەڵەمان کرد، لە قۆناغی دواتردا بە سەرمایە لە پرۆسەی سوڕانەوەدا Circulation دەگەین و تەنها دوای ئەمەش لە ڕێگای شیکردنەوەی هەر شێوەیەکی تایبەتەوە کە سەرمایە، وەک سەرمایەی بازرگانی، بەخۆیەوە دەبینێ، دەتوانرێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، کە تا چ ئاستێک ئەو کرێکارانەی کە لەلایەن ئەم جۆرە لە سەرمایەوە بەکاردەبرێن، بەرهەمهێنن یان نابەرهەمهێن. (١٠)

یاداشتەکان:

١) لێرەدا مەبەستی مارکس لە بەشی “پاشکۆبوونی ڕواڵەتی وواقعی کارە بۆ سەرمایە”(دەستنوسەکان، دەفتەری٢١ لاپەڕە١٦ بۆ ١٣٠٦) کە ڕاستەوخۆ بەر لە بەشی ” توانای بەرهەمداری سەرمایە و کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێن” دا دێت. لەبارەی پاشکۆیوونی کاری ڕواڵەتی و واقعی کار بۆسەرمایەوە، بگەڕێرەوە بۆ سەرمایە بەرگی یەکەم لاپەڕەکانی ١٠ بۆ ٥٠٩ و٣٧ بۆ ٧٣٦.

٢) لە کتێبی ” بەشداریەک لەڕەخنەی ئابوری سیاسیدا” – ١٨٥٩ مارکس دەریخستوە کە لە کۆمەڵگای بۆرژوازیدا، ئاوێزانبوونی ڕەمزیانەی پەیوەنیدەکانی بەرهەمهێنان، بەشێوەیەکی بەرجەستە، خۆی لە دراودا دەخاتەڕوو. بەرجەستەبوونی Crystallization سامان لەشێوەی فیتیشدا(شتێکی پیرۆز) و لە مەعدەنە گرانبەهاکاندا، خەسڵەتێکی ئاماژەداری بەرهەمهێنانی بۆرژوازیە. مارکس پرۆسەی فیتیشزەبوونی (بە شتبوون) پەیوەندیە کۆمەڵایەتییە بۆرژواییەکان لەدەفتەری ١٥،دەستوسەکان، لاپەڕەی ٩٩-٨٩١و ١٩- ٩١٠ دا شیدەکاتەوە.

٣) مارکس لە بەرگی یەکەمی سەرمایەدا دەنوسێت: “زانست بەدەربڕینیکی گشتی هیچ خەرجییەکی بۆ سەرمایە نیە، بەڵام بەهەر حاڵ سەرمایە لە زانست سودوەردەگرێ. زانستی کەسانی تر، دروست هەروەک کاری ئەوانی تر، دەبێتە پاشکۆی سەرمایە. دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەدارانەی زانست وەیا سامانی مادی لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شەخسیانەیدا، جیاوازی زۆریان هەیە. دکتۆر “ئۆر” لەبەرامبەر نەزانینی گەورەی ئازیزانێکیدا کە خاوەن کارخانەن و ماکینەو ئالات بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی شتێک لەبارەی زانستی میکانیکەوە بزانن ناڕەزایەتی دەردەبڕێ”. (مارکس سەرمایە بەرگی یەکەم لاپەڕە٨٧-٣٨٦، ژێرنوسی ٢)

٤) مارکس لە پیتی یۆنانی ∆ دەلتا، کە لە ماتماتیکدا ئاماژەیە بۆ “هێندێکی زیادە”، وەک نیشانەیەک بۆ زێدەبایی سودی لێوەردەگرێ هەروەها دواتریش پیتی Һ بەهەمان مەبەست بەکاردێنێ. پیتی یۆنانی ئیتا (Η η) ش له‌ كۆندا نیشانه‌یه‌ك بووه‌ بۆ لاستیكی بوون (كشاندن) و ئیتای بچوك η له‌ نووسینی لاتینی مۆدێرندا به‌ h جێی گیراوه‌ته‌وه‌. له‌ ئابوریشدا ئیتا نیشانه‌ی لاستیكی بوونه‌. (ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌رشیفی گشتی، ویكیپیدیا)

٥) لێرەداو دواتریش مارکس پیتی × وەک نیشانەیەک بۆ زێدەبایی بەکاردەهێنێ.

٦)مەبەستی مارکس بەشی “گۆڕینەوە لەگەڵ کاردا، پڕۆسەی کار، بەرهەمهێنانی زێدەبایی”ە (دەفتەری ١ لاپەرەکانی ١٥- ٥٣ دەستنوسەکان) کە لە بەشێکدا بەناونیشانی”یەکیەتی پرۆسەی کارو پرۆسەی بەرهەمهێنانی زێدەبایی (پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری) دا هاتووە.

٧)مارکس لێرەدا ئاماژە بۆ بەشەکانی “بەهای هێزی کار، لانی کەمی کرێ، وەیا متەوستی کرێ” (دەفتەری ١ لاپەرەی ٢١-٢٥) و”گۆڕێنەوەی نێوان دراو وهێزی کار(هەمان شوێن لاپەڕە٢٥-٢٤) دەکات. مارکس لە دەفتەری ٢١دا لاپەڕەکانی ١٤-١٣١٢ لە دەستنوسەکاندا لەبارەی مەسەلەی “نرخی کار”ەوە دەدوێ.

٨) ئەمەی خوارەوە چوار فۆرمۆڵەیە بۆگرێبەست و مامەڵەکردن کە لە یاسای ڕۆمادا هاتووە.

Do ut Facias. Facio ut Facios.   Facio ut des.   Do ut des

به‌ ئینگلیزی: I give, that you may do; I do, that you may do; I do, that you may give; I give, that you may give

٩) مەبەستی مارکس فەسڵی ٢٦ ی کتێبی بنەماکانی ئابوری سیاسی ڕیکاردۆیە بەناوی (“دەربارەی داهاتی سافی و ناسافی”).

١٠) بڕوانه‌ سه‌رمایه‌، به‌رگی دووه‌م، به‌ندی شه‌شه‌م و به‌رگی سێیه‌م به‌ندی ١٧.

 

سەرچاوە گۆڤاری بەرەو سۆسیالیزم ژمارە٢ دەورەی دووەم

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …