بەریتانیا گەورەترین مارشی ناڕەزایەتی بەخۆوە بینی لە بەرگری لەخزمەتگوزاریە تەندروستیەکان

نوری بەشیر:

ئەمڕۆ لەسەراسەری بەریتانیا ناڕەزایەتی نیشاندرا بەدژی دەوڵەتی پارێزگارانی لەسەرکار بەڕابەری تریسا مەی سەرۆک وەزیران. خۆپیشاندان و مارشی  ناڕەزایەتی بە رێپێوان بەناوەندی شاری لەندەندا بۆ بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا بەریکەوتوو لەوێدا کۆبوونەوەو قسەوباسکراو دروشم درا، کە بەدەیان هەزار بەشداریان تێدا کرد، لەزۆرێک لەشارەکانی بەریتانیاوە بۆ ئەم ناڕەزایەتیە روویان لەلەندەن کردبوو، بەشداربووانی ئەم ناڕەزایەتیە لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکانی کەرتی تەندروستی بوو، وە مانگی رابردوو بەهەمانشێوە لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیادا خۆپیشاندانیان سازداو هەر ئەوکات بانگەوازی خۆپیشاندانی ئەمڕۆیان کرد، کە زۆربەی بەشداربووانی ئەم مارشە ناڕەزایەتیە، کرێکاران و کامەندانی تەندروستی بوو، بەڵام یەکێتیە کرێکاریەکانی تریش بەشداریان کرد لەگەڵ حزبە چەپ و سۆسیالیستەکانی بەریتانیاو کەسانی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست.

ئەم خۆپیشاندانە مەزەندە دەکرێت بەزیاتر لە دوو سەد و پەنجا هەزار کەس کەبەشداریان تێدا کردوە، کەیەکێکە لەگەورەترین ناڕەزایەتیەکان لە کەرتی تەندروستیدا، کەدروشمی ئەساسی ” رزاگارکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە ” کەپەیوەندی بەهەموو کۆمەڵگاوە هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کەحزبی پارێزگاران ماوەیەکی زۆرە دەستی داوەتە بڕینی زۆرێک لەخزمەتگوزاریەکان، لەپاڵ لێگرتنەوەکانی تر لەکۆمەڵگادا، کەمکردنەوەی نەخۆشخانەکان و دەستدانە خسوسی کردنی کەرتی تەندروستی، دەیەوێت زۆرێک لەبەشەکانی تەندروستی بداتە کەرتی تایبەتی و ئەو دەستکەوتانەی بەخەباتی چەندین ساڵەی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بەدەستهاتووە لەکەرتی تەندروستی و بەخۆڕایی بوونی کەرتی تەندروستی بیگرێتەوەو بیسێنێتەوە، حزبی پارێزگاران دەیەوێت نرخیان لەسەر دانێت لەرێگای دانی بەکەرتی تایبەتەوە. کەئەمە بەشێکی زۆری خزمەتگوزاری بەشی گشتی دەگرێتەوەو کاریگەری زۆری لەسەر زۆربەی کۆمەڵگا کەخەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتە دادەنێت.

حزبی پارێزگاران، لەگەڵ ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی لەم دەورەیەدا کە دەرگیری حکومەت و دەسەڵاتەکەی بووە، هاوکاتی هێنانەپێشەوەی فەزای کۆنەپەرستی و  گرانی لەکۆمەڵگادا، بۆ رزگارکردنی سەرمایەداران وبۆرژوازی لەم ئەزمەیە، خەریکی ئەوەن کە ئەزمەکە بەسەر کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگادا بشکێننەوە، ئەویش لەرێگای گرانی و بێکاری و تایبەتیکردنی کەرتی گشتی و داخستنی زۆرێک لەبەشەکانی کەرتی تەندروستی و تا دەگاتە هەندێ نەخۆشخانە ولێگرتنەوەیەکی زۆر بەخزمەتگوزاریەکانی تەندراستی لەکۆمەڵگادا، بەمەش قورساییەکی زیاتر دەکەوێتە سەرشانی زۆربەی زۆری خەڵک بەمەبەستی نەجاتدانی سەرمایەی کەمایەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران.

هەربۆیە لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی بەشەکانی تری کۆمەڵگا لەکرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، قوتابیان و ژناندا بەهەلومەرجی دڵخوازو داسەپێنەری حزبی پارێزگاران وەک باڵی راستی بۆرژوازی لەکۆمەڵگادا، لەمانگی رابردووەوە ئەمە دوەمین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کرێکاران وکارمەندانی تەندروستیە کە لەلایەن یەکێتیە کرێکاریەکان و بەتایبەت بەشی تەندروستیەوە بەرێدەخرێت. ئەم هێرشەی بۆرژوازی دەسەڵاتدار تەنیا بەشی تەندروستی ناگرێتەوە بەڵکو پەیوەندی بەژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە لەخەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگاوە، بەو هۆیەوە کەئەگەر دەوڵەت وەڵام بەخواستەکانی ئەم مارشی ناڕەزایەتیە نەداتەوە، ئەوە پێدەچێت ناڕەزایەتیەکانی ئایندە فراوانترو بەشداربوان لەکۆمەڵگادا زیاتر یەخەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی پارێزگاران بگرێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بەژیان و تەندروستی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگاوە هەیە.

٤/٢/٢٠١٧

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *