بەسەر کێوێک لەئێسک و پروسکیاندا بەرەو لوتکەی دەسەڵات هەڵکشان و بێڕێزیش بە ئێسک و پروسکەکانیان دەکرێت…!؟

تاهیر عیسا:
 کردەوەو هەڵسوکەوت ومەعامەلەی ڕۆتینیانەی ڕۆژانەیان لەگەڵ کۆمەڵگاو دەورو بەریاندا، گەواهین بۆ هەڵسەنگاندنی بێچەندوو چوونی نزمی ئاستی فکرو فەرهەنگ و کلتوورو دنیابینینیان..!؟
ئەمانە  بە هەڵسوکەوتە قێزەونەکانیان، نەک تەنیا ناوەرۆکی ڕاستەقینەی جیهان بینییە بەسەرچووەکەیانمان وەک هەوڵێک بو دووبارەکردنەوەی مێژووی ڕابردوویانمان بۆ دووپات دەکەنەوە، بەڵکو بوونیان وەک دەسەڵاتی هەرە باڵاش بەسەر سەریی کۆمەڵگای ئەم چەرخەوە، خودی کۆمەڵگاو ئاستی ئاگاهی و فەرهەنگ وکلتووریی کۆمەڵگاش دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟؟
 ئەمانە نەک تەنها ڕەمزیی بێڕێزین بە خودیی مرۆڤ و بەهاکانی ، وە نەک تەنها هۆکاریی پشتی ڕوودانی دراما تڕاژیدیە ڕابردووەکان وبەردەوامەکانیشیانن..!
 بەڵکو بوونیان و ڕێگاپێدانیان لەناو غەم و ماتەمینی خەڵکیشدا هەم سووکایەتی کردنە بەخەڵک و هەم سووکایەتی کردنی خەڵکیشە بە خۆیان و بەئاگاییان..!؟
 من نازانم جیاوازیی نێوان ئەوانەی کاراکتەریی ڕاستەقینەی پشتی تراژیدیای هەڵەبجەو ئەوانەی لە ساڵڕۆژی ماتەمینیەکەیدا کورسی پێشەوەو پشتەوە دەکەنە بیانوو
 تەحریمی دەکەن و مەراسیم جێدەهێڵن، جیاوازیی چییە؟؟

جاران لەلادێکان سەیارە( ماشێن) بۆ هاتوو چۆی خەڵکی لەلادێوە بۆ شارەکان زۆر کەم بوون، هەندێک لەوانەی خۆیان لەچاو خەڵکی عەوامی لادێدا بەشتێکی زیاتر دەزانیی، بە پێشەوە نەبوایا ڕازیی نەدەبوون، هەردەم مشت ومڕیان بوو لەسەر پێشەوە، خۆ ئەوکاتانە تەلەفۆن و ئەنتەرنێتیش نەبوو کورتە نامەیەک یان تەلەفۆنێک بۆ سایەقەکە بکات و پێی بڵێت لەپێشەوە جێگای بۆدانێت، لەدوورەوە بانگی دەکرد هۆ هۆ فڵان کەس، پێشەوەم بۆدانێ، دەیانگووت لە پاشێمان مەنێن، لەپێشەوە جێگامان بۆ بکەنەوە..
 زۆر جار ئەمانە ئەگەر پێشەوەیان دەستنەکەوتبایە، خۆ هەر سەفەرەکەیان نەدەکرد، چونکە لەدیدگاو عەقڵیەتی ئەواندا، جگەلە کورسیی پێشەوە واتای بێڕێزیی بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کلتووریی تەکیەو دیواخانەکان بوو .!؟
 ئێستا دوای چەندین ساڵ ئەم کلتووریی سەرەوەو خوارەوەو بەرزو نزم و پێشەوەو دواوەو دەوڵەمەندو هەژار وئاغاو ڕەعیەت وئەرباب و کۆیلەو دکتۆرو مامۆستاو فەڕاش و کەنناس ە…..، لە چوار چێوەی ئەم و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جۆراو جۆرانەو دابەشبوونە چینایەتیانەدایە، کە لەناو زەین و هۆشیی خەڵکی هەژاریشدا، ڕەنگدانەوەی هەیەو ڕیشەی داکووتاوە. 
بۆیە مارکس دەڵێت، فەرهەنگی باو فەرهەنگی چینی حاکم و دەسەڵاتدارە.
هەتا خەڵکیش جێگاو ڕێگای چینایەتیان و جێگاو ڕێگایان لەبەرهەمهێنانی ماتریاڵی کۆمەڵایەتیداو  بایەخییان لەکۆمەڵگادا نەزانن، ناتوانن نەڕێچکەی ڕاستەقینەی هەوڵ و خەباتیان بۆ دەرباز بوون لەم هەلو مەرجە بدۆزنەوەو نەدەشتوانن وەیشوومەی شەڕوو کارەساتە تراژیدیا ئامێزیەکانیان، بۆ ئەبەد لەسەر خۆیان کۆتا بکەن..!!؟؟

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *