بۆپێشەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بە فۆرم و کاراکتەرێکی تازەوە دێتەوە مەیدان

لە ئایندەیەکی نزیکدا، بۆ پێشەوە، وەکو بڵاوکراوەیەکی سیاسی سۆسیالیستی، هەر ١٥ رۆژ جارێک بڵاو دەبێتەوە. ئەم بڵاوکراوەیە وەکو نوکی تیژی رەخنەی کرێکار لە سەرمایەداری و سەرجەم نەهامەتیەکانی، هەروەها لە هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردن و گرفتاریەکانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ، دێتەوە مەیدان. بۆپێشەوە بە رۆڵی خۆی تێدەکۆشێت لە پێناو ئامادەکردنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕهێنان بەسەر ئەم دنیا سەروخوارەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلدا.

بۆپێشەوە لە رابردوودا وەکو بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری حزبی مێژوویەکی درەخشانی پڕ لە بوێری هەیە و لە رۆژگارێکدا کە بڵاوکراوە ستایشکەرەکانی دەسەڵات و پاساودەرەکانی ستەم و هەڵاواردن و نەهامەتی، کتابخانە و شەقامەکانی شارەکانی کوردستانیان تەنیبوو، وەکو دەنگێکی دلێر لەسەر مافی کرێکار و دەستفرۆش و بێکار و ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و ئازادی و حورمەتی مرۆڤەکان یەخەی دەسەڵات و زۆردارانی دەگرت. لە بەرامبەر کۆنەپەرستی و دواکەوتووی و نەتەوەپەرستی و پیاوساڵاری و سەرکوتدا، بانگی بۆ پێشکەوتن و یەکسانی و ئازادی و هاوچارەنوسی مرۆڤەکان و زاڵکردنی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر چارەنوسی خۆیدا دەکرد. بۆپێشەوە لە رابردوودا چاوی نەوەیەکی لە ئاست راستیە شارەوەکانی ئەم دنیا سەرەو خوارە کردەوە. بۆیە دەسەڵاتداران هەمیشە وەکو گێرەشێوێن و تابوری پێنجەم و لە نەرێت و یاساو رێسا بەدەر ناویان دەبرد، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر لێی دەترسان رقێکی ئەستوریان بەرامبەری هەبوو. لە ساڵی ١٩٩٦ لەسەر بڵاوکردنەوەی وتارێکی رەخنەگرانە لە روانگەی ئیسلام بۆ ژنان بە ناوی “ئیسلامیەکان پەیامی کۆیلایەتی و ئیغتسابی ژنان رادەگەیەنن” لە نوسینی رێبوار ئەحمەد، بۆپێشەوە لەلایەن دەسەڵاتەکەی یەکێتیەوە داخراو چاپ و بڵاوکردنەوەی یاساغ کرا و دوای ئەوە رێگایەکی سەخت و دژواری بڕی و سەرئەنجام چەندین ساڵە راوەستاوە.

هەرچەندە ئەم جارە بۆپێشەوە بە فۆڕم و کاراکتەرێکی نوێوە دێتەوە مەیدان، وەکو بڵاوکراوەیەکی سۆسیالیستی کە زمانحاڵی حزبی نیە، بەڵام بە تەواوی گفت دەدات کە وەفاداری شێلگیری رێبازی خۆی بێت. فۆڕم و کاراکتەری نوێی تەنها رەچاوکردنی هەلومەجی ئەمڕۆیی و لەبەرچاوگرتنی پێویستی سازدانی مینبەرێکە بۆ هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و رەخنەگرانە کە هەموو شەقام و گەرەک و ناوەندی کار و خوێندن و زەمین و ئاسمانی کوردستانی داگرتووە، لە دژی دەسەڵاتی ستەمکارانەی بنەماڵەکان و چاوچنۆکی سەرمایە و کۆنەپەرستی. لە رابردوودا بۆپێشەوە زمانحالی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوو، ئەوەی ئەوکات تەنها ئەو حزبە دەیگووت بەرامبەر هەلومەرج و دەسەڵاتی بورژوای کورد، ئێستا لەسەدا نەوەتی خەڵکی کوردستان دەیڵێتەوە. بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە لە جیاتی ئەوەی بۆپێشەوەی نوێ زمانحاڵی حزبێک بێت، پێویستە زمانحاڵی توڕەیی و نەفرەتی ئەو لەسەدا نەوەتەی خەڵک بێت. ئەمە جیاوازی سەرەکی کاراکتەری نوێی بۆپێشەوەیە بە پێداگری توند لەسەر رۆڵی مێژووی و بوێری و رێبازی رابردووی خۆیەوە.

 بۆپێشەوە  مینبەری چینی کرێکار و رابەرانی سۆسیالیست و خەباتکاری ئەم چینەیە. مینبەری چەپ و کۆمۆنیستەکان، رابەرانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، ژنانی تورە لە ستەم و بێمافی و پیاوسالاری و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لاوانی هیوا خنکێنراو پڕ ئومێد، زەحمەتکێشان… و هەموو ئەو ئینسانانەی دڵیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری لێدەدات… دێتە ناو گۆڕەپانی میدیایی کۆمەڵگای کوردستانەوە. بۆپێشەوە نەک تەنها وەکو سەکۆیەکی لێبراو سازشهەڵنەگر، لەدژی بیروباوەڕی زاڵی کۆمەڵگا بە تایبەتی نەتەوەپەرستی ناسیۆنالیزم و کۆنەپەرستی ئیسلامی دەجەنگێت، بەڵکو هاوکات دەچێتە بەرامبەرکێی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەفکار و سیاسەت و نەخشەی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیەکانی کوردستان و نوسەران و میدیای گوێ لەمستیان. وە هەوڵی بێدرێغ دەدات کە بیروباوەڕی زاڵ، کە بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتداری کوردستانە، بەر رەخنە بدات لە جێگایدا روانگەی ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و نەخشە و رێگاو مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شایستەی ئینسانی، بخاتە روو.

بێگومان دەرچوونی بڵاوکراوەیەکی وەکو بۆپیشەوە، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، لە کاتێکدا بۆرژوازی و حزب و هێزەکانی بە ناوی جیاجایی حزبی و ناحزبی، سەربەخۆ و سێبەر و ئەهلی، پاوانی سەرجەم میدیای نوسراو بینراو بیستراو، سەرجەم ناوەندەکان و کایەکانی میدیاییان بەهۆی سەرەوت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە، کردووە،  تا ئیدە و بیروباوەڕی دواکەوتوانە و دژی ئینسانی بڵاوبکەنەوە، تا سەرەوخوار بوونی کۆمەڵگا، بشارنەوە. تا لەچوارچیوەی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بانگەشەی درۆ بۆ دەسەڵاتی خەڵک و ئازادی و چاکسازی و دیموکراسی و وەهمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئایندەی سیاسی کورستان لە ژێر سایەیاندا،  بکەن، وەکو ئاو بۆ تینوەکان و نان بۆ برسییەکان، ماف بۆ بێمافەکان، ئازادی بۆ سەرکوتکراوەکان، سەربەخۆیی بۆ لکێنراو و داگیرکراوەکان… گرنکی چینایەتی، هەیە.

بۆ ئەوەی بۆپێشەوە لە راستای جێبەجێکردنی ئەو ئەرک وپەیامە، گەورە و ئینسانیەدا، سەرکەوتوبێت… پێویستی بە هاوکاری بەردەوامی کۆمۆنیستەکان و تەواوی بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازو ئازادیخوازی کۆمەڵگا هەیە. چاوەڕوانی سەخاوەتمەندانە لە کۆمۆنیستەکان و رابەرانی کرێکاریی و لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، لە هەموو ئازادیخوازێکە لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم پرۆژەیدا، هاوکار و لەگەڵمان بن…

 

مەوازینی بۆ پێشەوە

  • بابەتەکانی بۆ پێشەوە جگە لە “گۆشە و تەوەرەی تایبەت” بەگشتی تەعبیر لە خەتی سیاسی و فکری و دنیابینی کۆمۆنیزمی مارکس و کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکات.
  • بۆ پێشەوە، هیچ بابەتێک بڵاوناکاتەوە کە پێشتر لە شوێن و کەناڵی تری میدیای نوسراو و بینراو و بیستراودا… بڵاوبووبێتەوە.
  • سەرنوسەر ئازادە لە قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی هەر بابەتێک کە بۆی دێت…لە حاڵەتی بڵاونەکردنەوەی هەر بابەتێکدا، سەرنووسەر هۆکاری بڵاونەبوونەوەکەی بە خاوەنەکەی رادەگەیەنێت.
  • بابەتی بڵاوبوەوە لە بۆپێشەوەدا، ئەوکاتە لەلایەن خاوەنەکەیەوە مافی بلاوبوونەوەی هەیە، کە بۆپیشەوە بڵاوبۆتەوە. راسپاردەی بۆپێشەوەیە، کە خاوەنی بابەتەکە ئاماژە بە ناو و ئەو ژمارەیەی بۆپێشەوە بدات کە بابەتەکەی تیادا بڵاوبۆتەوە.
  • هەڵەبڕی وتارو بابەتەکان، ئەرکی خاوەنی بابەت و وتارەکانە و سەرنووسەر بەرپرس نییە لە هەڵەی ئیملایی بابەتەکان… بۆیە هەرکەسێک کە بابەت یان وتار بۆ بۆپێشەوە دەنێریت، ئەرکیەتی هەم هەڵەبڕی ئیملایی و هەم رەچاوی رێنوسی زمانی ستانداردی کوردی بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی بڵاوبونەوە بۆ وتارەکەی بکاتەوە.
  • ئەولەویەت بۆ بابەتی کورتە…
  • بابەتەکانتان دەبێ بە فۆنتی یونیکورد بنووسرێن. ناو و وێنەی خۆتان و لەگەڵ مێژووی نووسینەکانتان، بنووسن.
  • سەرنووسەر ئازاد و بەرپرسە لەوەی ستافی جێگیر بۆ گۆڤارەکە، سازبدات.

بۆ ناردنی هەر بابەت و راپۆرت و هەواڵ و سەرنج و پێشنیارێک، وە بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ بۆپێشەوە سود لەم ئەدرەس ئیمێڵەی خوارەوە، وەربگرن.

bopeshawa@gmail.com

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *