هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کرکوک، چی بۆسفرەی خاڵی خەڵک زیاد دەکات؟!

ئەنوەر نوری:

ئەنوەر نوری: ئەمرۆ ئاڵای کوردستان بەهەڵاوهوریا ی دەزگاکانی دەستەڵات ، لە سەر دەزگا رەسمیەکانی کرکوک هەڵکرا،  هەڵکردنی ئەم ئاڵایە جێگەی پرسیارە کە ئایا بۆ لەم کاتەدا پاریزگاری کرکوک بریاری بەرزکردنەوەکەی دەردەکات و ئەنجومەنی پاریزگاش بڕیاری بەڵێی لەسەر دەدەن. هەر ماوەیەک پێش ئێستا دەستگیرا بەسەر پاڵاوتگەی نەوتی بای حسن و تا چەند رۆژێک کێشەی لەسەر بوو.

لەئێستادا ئەحزابی دەستەڵاتداری کوردستان دەیانەوێت بە بیانوی ئالاوە ئاوی ئاشەکەیان مسۆگەر بکەن، ئەویش بە دروستکردنی رق و کینە لە نێو خەڵکی کورد زمان و عرب و تورک زماندا دا. دەستەڵاتدارانی کوردستان زۆر باش دەزانن کۆتایهاتنی شەڕی موسڵ ئەگەری ئەوە بەهێزە کە تورکیا وئێران لە رێگای عێراق و بە تایبەت لە رێگای حەشدی شەعبیەوە دەیانەوێت قاچ بە دەستەڵاتی کوردی گرد بکەنەوە. دەسەڵاتی ناوەند دەیەوێت لە سەرەتادا قەڵەمڕەوی دەستەڵاتی کوردستان تا دەگاتە سنوردارکردنی داهات و سەچاوە دارایەکانیان وەک نەوت و غاز کەمبکاتەوە. بۆیە ئەحزابی کوردایەتی پێویستیان بە یاریەکە تا عاتیفەی خەڵک رابکێشن بەلای ئەوەدا کە ئاڵای کوردستان گرنگی خۆی هەیە بەرز بکرێتەوە لە جێگا گشتیەکانی کرکوک دا. لەکاتێکدا ١٤ ساڵە حکومەتی عێراق لە کرکوک نەماوە و هەلوەشاوەتەوە، هێزی سەرباز ، تانک و کۆپتەر وتەیاری نەمابوو تا مەترسیبێت بۆ سەر کوردستان، بەڵام ئەو ماوەیە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەغداد خەریکی دڵنەوای و پینەو پەڕۆی حکومەتیە تائیفیەکەی عەلاوی، چەلەبی، جەعفەری، مالیک و عەبادی بوون. هەر ئەمانە بوون دەستوری عێراقیان نوسیەوە و خۆیان پێوە هەڵدەکێشا. کە عیراق سەر بە وڵاتی ئوممەی عربیە، ئەوەیان کردەووە بە یاسا کە عێراق وڵاتێکی عربیە و قەت جیانابێتەوە لە دنیای عرب، لەکاتێکدا لە عێراق بەس عرب زمانی تیادا ناژی بەڵكو کورد وتورکیشی تیادا دەژی! …. سەرەرای ئەوە ئەوکات واتە لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا زۆر ئاسان بوو دەنگی وڵاتانی دنیا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەیان رێکخراویتر رابکێشن بۆ ئەوەی نەک ئاڵای کوردستان تازە بەتازە هەڵبدەن، بەلکو کوردستانیش سەربەخۆ بکرایە و ببوایە بە دەوڵەت و لەو فەزایەی کەئەمڕۆ تیایەتی دەرکێشرایە. بەڵام لەبەرئەوەی سەرانی هەردوو حزبی نوێنەرانی بۆرژوا ناسیونالیستی باڵادەستی کورد ئەوکات بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان بۆ دەستکەوتی داهات وپارە وپول چووبوونە بەغداد، نەک باسی ئاڵا، بەڵکو سەربەخۆیی کوردستانیشیان بە خەونی شاعیرانە دەزانی. ئەوەی باسی ئەوەی بکردایە کە پێویستە کوردستان لەم کێشە و سەرگەردانیە بهێنریتە دەر، بە گێرە شێوێن و خائین لە قەلەمیان دەدا. هەر بۆ نموونە لە سالی ١٩٩٩دا حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عیراقیان دا بە مەحکەمە لەسەر ئەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دیفاعی لە جیابونەوەی کوردستانی دەکرد.

زۆر روون و ئاشکرایە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لەئێستادا بۆ شاردنەوەی ئەو هەموو بەتاڵان بردنەی داهاتی کوردستانە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بۆ دروستکردن و ئامادەکردنی ئەحساساتی قەومیە بۆ کێشمە کێشەکانی دوای تێکشکانی داعشە لەموسڵ، کە دەیانەوێت زەخیریەکی زۆر لە کوری فەقیر وهەژار فریوو بدەن تا خۆیان بدەن بەکوشت لە پیناو راگرتنی تەوازن قوای نوێنەرانی سەرمایەداری کوردی لە بەرامبەر دەستەڵاتداری طائیفی و کۆنەپەرستی بەغداد.
٢٦ ساڵە کوردستان لە ژێر دەستی دەستەڵاتداری ئەحزابی کوردیدایەتیدایە، وە کرکوک یش١٤ چواردە ساڵە لەژێر دەستی دەستەڵاتی ئەحزابی قەومی کوردیدایە. لەم ماوە درێژەدا خەڵکی کوردستان خوازیاری ژیانێکی ئازاد، خۆشگوزەران بوون ، هەر ئەم خەڵکە بەدرێژای دەیان ساڵ خوێنی خۆیان بەخشیوە بە هیوا و ئاواتی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و پڕ خێر وخۆشی بۆ هەمووان بەلام لەسایەی دەستەڵاتی ئەحزابی ناسیۆنالستی کورد خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش، مامۆستایان وفەرمانبەران، خوێندکار و بەگشتی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان بەس نەگبەتی و نەهامەتیان بۆ ماوەتەوە و تام کردوە. هەر لە سایەی ئەم دەستەڵاتەدا سەروەتی کوردستان بە سەرخان و ژێرخانیەوە بەتاڵان براوە ودەستی بەسەردا گیراوە، زەوی وکێلگە، شاخ و گردی کراوە بەناوی سەرمایەداران و رابەرانی دەستەڵاتداری کوردستانەوە. نەوتی کوردستان بۆ دەیان ساڵ فرۆشراوە بە تورکیا بەبێ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت چۆن فرۆشراوە وکێ پارەکەی دەخوات. وەزعی نەخۆشخانەکان وخزمەتکوزاری تەندروستی لە کوردستان لە نزمترین ئاستی ستانداردی جیهانیدایە. ئاستی خویندن، بەروەردە و برەودان بە زانست لە زانکۆ و خوێندنگاکانی کوردستان لە نزمترین ئاستدایە و بەرهەمی ئەو خوێندنگەو زانکۆیانە بوون بە نەگبەتی بۆ کوردستان، چونکە خەڵکانێکی زۆر بڕوانامەی بەناو زانستی زانکۆکانی کوردستانیان پێیە بەڵام بە کردار تا سەر ئێسک دژی زانست ومەعریفەیشن، نموونە و بەڵگەی ئاستی هۆشیاریان پشت بەستنە بە سەچاوە کتێبە خورافاتەکانی هەزار ساڵە. لە سایەی دەستەڵاتی کوردایەتیدا سەرمایەداران بوون بە خاوەندی دەیان و سەدان باڵەخانە و ئاپارتمانی دەیان نهۆمی بەلام خەڵکی نەبوو و نەدار تا ئێستاش لەو خانوانەدا دەژین کە هیچ ستانداردێکی بیناسازی ئەم سەردەمەیان تێدا نی یە، خانوە کۆنەکان لە هاویندا دەبن بە تەنوری ئاگر لەگەرمی دا و لە زستاندیشدا سەهۆڵ بەندان. لەسایەی ئەم دەستەڵاتەدا لە سەرتاسەری کوردستان بە کرکوکیشەوە کێشەی کارەبا چارەسەر نەکراوە.

ئاستی ژیانی منداڵان و لاوان لە ئاستێکی ئەوەندە نزمدایە ئینسان نا توانێت هیچ قیاسێکی بوون بە ژیانی باشی لێ ببینێتەوە.
٢٦ ساڵە کوردستان بووە بە قەسابخانەی ژنان و کچان، ئەگەر پێشکەوتن و ئازادیەکی بچوکیش لە سایەی پێشکەوتنی شارستانیدا بوبێت لە سایەی ئەم دەستەڵاتە کۆنەپەرەستەدا ئەویش پاشەکشيی پێکراوە. لە سەدەی بیست ویەکدا تازە بە تازە هاهۆ لە ژنانیێک دەکێشرێت کە جلی مۆدێرنیان لەبەردایە.

ئایا دەستەڵاتێک ئەمە بێت جێگەی ئەوەیە کە دیفاعی لێبکەیت یان فریوو بە سیاسەتە فریوکارانەکانی بخورێت، کە جگە لە نەگبەتی ورۆژ رەشی هیچیتری نەبوە بۆ خەڵکی کوردستان..

زۆر روونە خەڵکی کوردستان ،دەسەڵاتی قەومپەرست ودیکتاتۆری شیعە و سونەیان ناوێت، خەلکی کوردستان مێژوویەکی تاڵیان هەیە لەگەڵ ئەم دەستەلاتە فاشست و دیکتاتۆرانەدا. بەڵام ئەوە ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو هەموو زوڵم و بێ دەربەستیەی دەستەڵاتدارانیی کوردستانیشدا خۆش بێت و بڵێ قەیناکا.
بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەت بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشان کە لە ماوەی ئەم ٢٦ ساڵەدا هیچ بەرژەوەندیەکیان لەگەڵ دەستەڵاتی کوردیدا نەبووە، لە ئیستادا پێویستە هێزی خۆیان جیابکەنەوە لەم دەتەسەڵاتە زالمە و تەوەهوماتی ناسیونالیستیان وەلاوە بنێن، زەرورە خەلکی هەژاری کوردستان بێنە مەیدان لە دوو مەیدانی دیاری کراودا یەکەم خەبات بۆ باش بوونی ژیان وگوزەرانی رۆژانەیان و فشار دروست بکەن لەسەر دەسەڵات تا ئەو سەروەتە بە تاڵان براوانەی کوردستان بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کورستان. پێویستە خەڵکی کوردستان لە هەموو ناوەنەدی کار و ژیانیان نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن تا سەرپەرشتی گەڕانەوەی داهات ودابەشکردنی بکەن بە یەکسانی بەسەر خەڵکدا. لە کۆتایدا هەر ئەم جۆرە لە سستمی خۆ هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیە بکرێت بە بەدیلی دەسەڵات، نیشانی بدەن کە لە ئیمکانداهەیە بە هیمەتی ئینسانەکان خۆیان لە کوردستاندا کۆمەڵگایەکی ئازاد ویەکسان بنیات بنرێت. دووەم کار کە پێویستە بکرێت لە ئێستادا پارێزگاری کردنە لە خەڵکی کوردستان ئەویش بە دروستبونی هێزی چەکداری سەربەخۆی خەڵک خۆیەتی، ئەم هێزە پاریزگاریکردنی کوردستان و پاراستنی ئەمنی کوردستان لە ئەستۆ دەگرێت بەرامبەر مەترسی دەرەکیەکان و ئاسایشی ناوخۆی کوردستان.

٢٦ ساڵ گەندەڵی دەستەڵاتدارێتی بۆرژوازی لە کوردستاندا هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە بۆ خؤشباوەڕ بوون بەو دەستەڵاتە و فریوی ئاڵا هەلکردنی. هەر بۆیە رێگەیەک نییە جگە لە خۆ رێکخرابون و بنیاتنانی هێزی سەربەخۆی خۆمان . بنیاتنانی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی جەماوەری بۆ بنبڕکردنی هەژاری و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران ، تا سەربەخۆی کوردستان پێویستە . ئەگەر ئەم ئیرادەیە بیتە مەیدان، بۆ هەتا هەتایە رزگارمان دەکات لە دەست هەژاری و فیتنەی شەری قەومی وطائیفی و فریودان وخۆڵکردنە چاوی خەڵک.

29/03/2017

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *