کەرکوک پێیوستی بە ڕیفراندۆمە نەک شەڕە ئاڵا

ئاسۆ کەمال:

 ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک بە هاندانی پارێزگار بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستانی لە سەر فەرمانگە فەرمیەکانی ئەو شارە داوە و لەبەرامبەریشدا کێشەی لەگەڵ خەڵکی تورکمان و عەرەبی کەرکوک لێکەوتۆتەوە. کەرکوک وەک شوێنێکی پێکەوە ژیانی دانیشتوانێکی فرەزمان، کە کێشەى لەسەره لە نێوان دەوڵەتی عێراق و کوردستاندا، پێویستی بەیەکلاکردنەوەی چارەنوسە سیاسیەکەیەتى لەڕێگای ڕیفراندۆمێکی گشتی و ئازادانە دا بەسەر پەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان.
بەڵام یەکێتی و پارتی لە ١٤ ساڵی ڕابردودا نەک هیچ بەرنامەیەکی جدیان بۆ بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمە به  ڕێوه نەبردوە کە حکومەتی عێراقی ڕێگری لێکردوە له پێش دەستور و دوای دەستوری عێراق. بەتایبەت لە ٢٠١٤ەوە کە دەسەڵاتی ئەو شارە  ڕاستەوخۆ بەدەست یەکێتی وپارتیە بیانوی ئەو ڕێگریانەش نەماوە کە نه توانن ڕیفراندۆمێکی ئازاد بەرپا بکەن. 
 ئێستا لە جیاتی ڕیفراندۆم نوێنەرانی ئەم حزبانە دەیانەوێ بێ گوێدان بەڕای خەڵکی کەرکوک بە کورد و تورکمان و عەرەبەوە لە ڕێگەی شەڕی ئاڵاوە دۆخێکی نائارام و ترس و دڵە ڕاوکێ لەنێو خەڵکی ئەم شارەدا دروست بکەن. خەڵکی عەرەب و تورکمانی کەرکوک ئەم هەنگاوە بۆ سەپاندنی ڕەمزی حکومەتی هەرێم بەسەر کەرکوکدا بە ئیفتیزازێک دەزانن کە نیشانی دەدا حزبە کوردیەکان هیچ حسابێک بۆ ڕێگاچارەی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی کەرکوک ناکەن و لەپێناو شاردنەوەی ڕوخساری گەندەڵی و پاوانکردنی داهاتی کەرکوک ئەم هەنگاوەیان ناوە.
 هەربۆیە ئەم شێوازو ڕێگایە کێشەو ئاڵۆزی سیاسی و شەڕی قەومی بۆ خەڵکی کەرکوک دروست دەکا. ڕێگا بۆ هەڵگیرسانی شەڕێک لەگەڵ حزبە سونی و شیعەکانی عێراق خوش ده كاو فرسەت بە ئێران و تورکیا دەدا بۆ دەستێوەردان و بیانوگرتن و پیلانگێڕی لە هەرێمی کوردستان. 
 پێویستە ئەم هەنگاوە هەڵوەشێتەوە و لە جێگای ئەوە خەڵکی کەرکوک داوای بەرپاکردنی ڕیفراندۆم بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کوردستان بەوەی بچێتە سەر هەرێمی کوردستان یا خود لەعێراقدا بمێنێتەوە. ڕێگرتن لەم هەنگاوە یەکلایەنانە ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکا هاوڵاتیانی کەرکوک لە کەشێکی دوور لە کینەوکێشەی قەومی و بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیاری دروست سەبارەت بە چارەنوسی شارەکەیان بدەن و ئاکامی ڕیفراندۆمەکە لە ئاستی شارەکە و ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵ بکرێ.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *