دەنگۆی خۆناونووسکردنی خەڵکی کوردستان لەحەشدی شەعبیدا، چ پەیامێک دەگەیەنێت؟؟

تاهیر عیسا:

ئایا پەیامی زەنگێکی مەترسیداری، دیکەی دوای تیکشانی سەربازی داعش، نییە؟؟ دەنگۆی خۆناونووسکردنی خەڵکی کوردستان، لە هەندێک ناوچەی وەک هەڵەبجەی شەهیدو هەڵەبجەی تازەو زەڕایەن و کەلارو ناوچەکانی تر، بە ئاگاداری یەکێتی نیشتیمانی، وەک لەهەندێک پێگە ئەلەکتڕۆنیەکاندا بڵاوکرایەوە، دەستی پیكردووە. ئەگەر لەلایەک هەلومەرجی خراپی ژیان لەژێر حاکمیەتی بیست وشەش ساڵەی ئەحزابی قەومیی وئیسلامیدا، هۆکارێک بێت بۆئەوەی خەڵکی هەژارو نەدارو بێ مووچەکراوی کوردستان ناچاربن بۆ وەڵام دانەوە بەپێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ومانەوەیان لەباریی فیزیکییەوە، دەستی بۆبەرن، ئەوا لەلاکەی ترەوە، هەبوونی هەر هەوڵێکی لەم جۆرەو پشتیوانی یەکێتی لەم هەنگاوە مەترسیدارە، بۆ ئەو ململانێ سیاسیی و ئابوورییە بەرفراوانە جیهانیی وناوچەییە دەگەڕێتەوە، کەلە عێراق و کوردستاندا لە ئارادایە. کە هەم زلهێزەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو هەم دەسەڵاتدارە خۆجێییەکان، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکانی خۆیانی، لێدەچننەوەو بەرهەم دەهێنن.

کوردستان وەک دوو پێکهاتەی سەرەکی، ناوجەرگەی ئەم ململانێیە، کەلە زۆنی زەردی ناومیحوەڕی ئەمریکا-تورکیا-دەوڵەتانی کەنداو(سوننە-داعش)و زۆنی سەوزی ناو میحوەڕیی ڕوسیا–صین-ئێران-سوریا(شیعە) پێکهاتووەو بەشێکە لە دوو میحوەریی دابەش بووی ناو ئەم ململانێ جیهانیی وناوچەییە. دروستبوونی حەشدی شەعبی، کە بەفەتوای گەورە مەرجەعی شیعە، سیستانی، لەدوای شکستی سوپای عێڕاق لە حوزەیرانی٢٠١٤ لەموصڵ، پێکهێندراو لە ساڵی ۲۰۱۷ شدا، لەناو پەڕلەمانی عێڕاقدا وەک هێزێکی نیزامی بە دەنگی زۆرینەی پەڕلەمانتارانی شیعەکان و یەکیتی لەپەرلەمانی عێڕاقدا بەیاسایی کراو بودجەی پێویستی بە پێوانەی ۱۲۰ هەزار چەکدار بۆدیاریکرا، لەو لایەن و گروپ و دەستەو تاقمە شیعانە پێکهات کە خوێناویترین و تۆقێنەرتریین کارنامەی تیرۆرو کوشتن وڕفاندنیان، لەمێژووی چواردە ساڵی رابردودا لەدژی خەڵکی سوننە مەزهەب و کوردزمان وهێزەکانی ئەمریکا لەعێڕاقدا هەیە. حەشدی شەعبی، لەژێر ناوی وەک ڕێکخراوی بەدرو سەرایای سەلام وعەسائیبی ئەهلی حەق و حەڕەکەتی حیزبوڵڵای نوجەباو سەرایای خوڕاسانی و … دەیان سەرایاو کەتیبەی تر، کە هەر هەموویان بە کۆمەکی ڕاستەوخۆی ئێران و چەک و چۆڵی ئێران و بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی، ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی و ئایدیۆلۆجی کراون. واتە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ هەمان هێزیی ئایدیۆلۆجی سەربازیی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە مێژوویەکی ڕەش وخوێناوی لەکوردستانی ئێران و لە ئێراندا هەیە. ئامرازێکە بۆ سەرکوتی هەردەنگێکی ناڕازیی و ئازادیخوازیی. حەشدی شەعبی بەشێک لە ستراتیج وئامانجێکە کە جمهووری ئیسلامی ئێران لەچوارچێوەی سیاسەتی پانئیسلامیزمی ئێرانی شیعی، لەدەرەوەی ئێراندا بەدواوەیەتی، کە بە قوڵایی ستڕاتیجی ڕژێم، ناسڕاوە، کە لەسوریاو لوبنان و یەمەن و بەحرەین و چەند شوێنێکی دیکەشدا جێبەجێی دەکات و ناوچەکانی لەبارێکی نائەمن و پڕ لەمەترسی و شەڕو کوشتاریی خوێناویدا ڕاگرتووە. ئەم سیاسەتەی ئێران هەم هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی جمهووریی ئیسلامی وشیعەگەرایی لەناوچەکەو جیهانداو هەم هەوڵێکیشە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی دەرەکی لەسەر خۆی. لەساڵی ۲۰۰۲ دا لەبەرنامەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی تازەی ئەمریکادا ئێرانیش یەکێک بوو لە وڵاتانی میحوەڕی شەڕو ئاشووب!! کە جۆرج بۆش لەکۆنگرەی ساڵانەی ئەمریکادا لەپاڵ عێڕاق و کۆریای باکوردا ناوی هێنا، دوای ڕوخاندنی حکوومەتی بەعس لە ۲۰۰۳وە کە ئەگەر ئەمریکا لەعێڕاق سەرکەوتنی بەدەست هێنابا، ئەگەری لێدان لە ئێران، ئەگەرێکی بەهێز بوو. لەبەرامبەردا ئێران، هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ تێکدانی زیاتری باریی نائارامی لە عێراق و ناوچەکەدا بۆ شکست پێهێنانی سیاسەتی ئەمریکاو جێنەکەوتنی وەک هێزیی براوە لەناوچەکەدا. هێزە میلیشیا شیعیەکانی (هەمان پێکهاتەی ئەمڕۆی حەشدی شەعبی) بۆ دژایەتی سوننەکان و شەڕ لەدژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، بەکارهێنا. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بەهۆی بەهێزبوونی نفووزی ئێرانی لەعێڕاقدا، سوننەکان” ناسیونالیزمی سوننە مەزهەب” لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا پەڕاوێز خران و داعش وەکو دەرهاویشتەی ئەم ململانێیەی نێوان زلهێزەکان و هەردوو هیلالی سوننەو شیعە هاتە مەیدان و بوو بەمۆتەکە لە ناوچەکەدا. ئێستاش هەڕەشەکانی ئیدارەی تازەی تڕامپ لەسەر ئێران و سەپاندنی سزای تازەیان بەسەر ئێراندا، مەترسیی ئاڵۆزیی و ململانێی زیاتریی لەناوچەکەدا زیاتر کردووە، ئێران بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵی بەرگری و پارێزگاریی لە پێگەو مەوقیعیەت و بەرژەوەندییە سیاسیەکانی خۆیدایە لەناوچەکەدا. ئێستا کوردستان لەمەترسیی ڕەمبازێن و بەریەککەوتنی خوێناویی هەردوو بەرەی کۆنەپەرەستانەی ناوچەکەدایە، هەبوونی دوانزە بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکانی زاخۆو دەهۆکداو ناونووسکردنی عەرەبزمانەکانی دەشتی نەینەواو دیالە وەک پێشمەرگە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەداو هەروەها دروستکردنی لەشکریی ڕۆژ لەلایەن ئاکەپەو پارتییەوە بۆ دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستانی سوریا، لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەو هێزێک بۆ حەمەی حاجی مەحموود لەناو یەکەکانی هەشتای پارتیداو لەبەرامبەریشدا دەنگۆی ناونووسکردنی خەڵکیش لەحەشدی شەعبیداو سەرباریی بوونی بەرفراوانیان لەناوچەکانی جەلەولاو دووزخورماتوو کەرکوکدا کە بەشێکە لە خۆئامادەکاریی هەردوو بەرەی ناوخۆیی و ناوچەیی… دروستکردنی حەشدی شەعبی لەکوردستان، دروستکردنی هەمان فەوج و لەشکرە سوکەکانی سەردەمی بەعسمان لەسەر دەستی مستەشارەکان بەبیردێنێتەوە، لەراستیدا هەمان دەوری دژە ئینسانی و خەڵکی دەگێڕن… پشتیوانی یەکێتی نیشتیمانی لەم هەوڵە، بەهەر بیانویەکەوە بێت چ بە بیانوی خۆ رادەستکردنی پارتی بۆ ناو سیاسەت و نەخشەی ئەردوغانی و چ بەو هۆیەوە خۆی لە قوتبی ئێرانی دەبینێەوە لەبەرامبەر بە راوەستانی پارتی لە قوتبی تورکیدا… ریسوایەکی تر دەخاتە، سەرخەرمانەی کردەوەو سیاسەتە دژە خەڵکیەکانی کوردستان. ئەگەر خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەر لەئیستاوە لەبەرامبەریدا نەوەستێتەوەو ئیرادەی ئازادانەو سەربەخۆی خۆیان نەهێنێتە مەیدان، ئەوا چارەنووسی خەڵکی کوردستان، چارەنووسێکی زۆر خراپترو تراژیدی چاوەروانی دەکات. بەبێ هاتنە مەیدانی خەڵک، هیچ کام لەلایەنەکانی بەرەی ململانێکان، دەست بەرداری بەرژەوەندییە ستراتیجیەکانی خۆیان نابن و و هیچ کامێکیشیان بۆ تەعقیبی بەرژەوەندیەکانیان، سڵ لە چارەنووسیی تراژیدیایی خەڵکی کوردستان ناکەنەوە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *