هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چییە؟

لاوژە جەواد:

لەژمارە ١ی بۆپێشەوەدا بڵاوبۆتەوە

توندوتیژی بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتیە. توندوتیژی بۆتە پێداویستیەکی حاشا هەڵنەگر. چەکێکە بۆ پاراستنی ئەو جیاکاریانەی کە پایەکانی کۆمەڵگای  چینایەتی لە سەری وەستاوە، بە بێ چەکی توند و تیژی بەشێک لەم نیزامە پەککەوتە دەبێت.

توندوتیژی هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و گوێ ڕایەڵ هێشتنەوەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیاریکراو. هۆکاری سەرەکی توندو تیژی لە سەر ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیگاو ڕێگایەی کە لە گوزەری مێژوودا سەپاندویانە بەسەریاندا. بەڕای من دوکۆڵەکەی سەرەکی و تێکهەڵکێش و زۆرجار جیانەکراوەی هەیە، یەکەمیان پێناسەی دینەکان بۆ ژن و دووەمیان وەک کاڵا سەیرکردن ژنە لە لایەن سیستەمەوە.

ئامرازی وەک مەزهەبی جۆراوجۆر، نەتەوەی جۆراوجۆر، داتاشینی جیاوازی رەگەزی و جنسی، پەرەدان بەکۆنەپەرستی کۆمەڵە ئامرازێکن بۆ کۆنترۆڵ و گوێڕایەڵکردنی ئینسانەکان.

کوردستان بە پێچەوانەی ئەو شوێنانەی کە پێشتر پریشکی شۆڕشی پێشکەوتنخوازانەیان بەرکەوتووە، بەردەوام لە ژێر کاریگەری و کۆنەپەرستی ناوچەکە دا بووە. بە میلیاردها دولار پارە بۆ ئیسلامیزەکردنی کوردستان سەرف کراوە. دەسەڵاتدارانی کوردستان بە دروستکردن هەزاران مزگەوت و مەکتەب قورئان، تەرویجی کۆیلەکردن ژنان لە پرۆسەی پەروەردە، دۆخی ژنانیان زۆر خراپتر کردووە.

لەم کۆمەڵگەیەدا کە یاساکانی ئیسلامین و لە هەمان کاتیش بە نەخشەو پلان  هەوڵدەدرێت دواکەوتویی بکرێتە فەرهەنگی کۆمەڵگە. ژنان نیوە ئینسانن و دوانیان بەرامبەر پیاوێکە، ژن داماو و ژێردەستەیەو خۆی نابێت خاوەنی ئابوری سەربەخۆ بێت و ئەوە ئەرکی پیاوانە دەبێت مەسرەفیان بکەن، دەبێت دۆخی ژنان چۆنبێت؟

کچان و کوڕان لەیەکتری نامۆ کراون و دورخراونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە تەحەروش و گێچەڵکردن لە کۆمەڵگای کوردستان زیاد بکات و ژنان وەکو پێویست جورئەت نەکەن لە شوێنە گشتی و ناوبازارەکان دەرکەون یاخود ئەگەر دەرکەوتن، دەبێت بە حەوت بەرگ خۆیان داپۆشن بۆ ئەوەی لە تەحەروش بەدوور بن.

هاتو هاوارو هەڕەشەی مەلاکان و قاژو قیژیان و ناساندنی ژنان بە بێ ڕەوشت و هەوڵدان بۆ هەڵخڕاندنی ئیحساستی کۆنەپەرستانە لە کۆمەڵگەدا یەکێکی ترە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی توندو تیژی، کە دەبێتە هۆکاری ئازاردانی دەرونی ژنان و کچان، کە زۆرجار دەرئەنجامەکەی دەستبردنە بۆ خۆکوشتن و خۆسوتاندن. یاخود ڕاستەوخۆ دەبنە قوربانی و دەکوژرێن.

رێگاچارە چییەو دەبێ چ بکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەم و توندوتیژییەی، دژ بەژنان لە ئارادایە؟

خەبات بۆ مافی ئینسانی ژنان و سڕینەوەی ئەو جیاکاریە مێژوویانەی کە ژیانی ژنانی بەرتەسک کردوەتەوە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە خانەی گەڕاندنەوەی ئیرادە بۆ ئینسان و ئینسان سەنتەری. بەداخەوە ئەو پێنج حیزبەی کە هێزیان هەیە و حاکمیەتی کوردستانیان لە دەستە یان لە سەرەی بەدەستهێنانی حاکمیەتدا وەستاون، یەک لە ئەویتر کۆنەپەرستترن، تیکڕا لەسەر چەسپاندنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژە ژن هاوڕان. کۆمەڵێک رێکخراو بە ناو دیفاع لە ژن و کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دروستکراون ئەرکی ئەوان لە ئەساسەوە دەستگرتن بەم سیستەمەیەو هیچی تر نا، وە لە هەمان کاتیش ئەوەیان تەرویجداوە کە پرسی ژنان پەیوەندی بەم کۆمەڵە ڕێکخراوە هەیە کەبەشی هەرە زۆریان سازشکارن و خۆشیان لە ئەساسەوە باوەڕیان بە یەکسانی ژن و پیاو و نەمانی توندو تیژی نییە بەرامبەر ژنان.

توندوتیژی بەرامبەر ژنان گەیشتۆتە ئەوپەڕی، بەڵام کۆمەڵگە ڕاناچڵەکێنێت و نایهێنێتە مەیدان. نایەتە دەنگ، کاتێک ژنێک دەکوژرێت یان ئەشکەنجە دەدرێت بەر لە هەر شتێک پرسیاری ئەوە دەکرێت بۆ کوژرا؟ لەبری ئەوەی بوترێت بەهەر پاساوێک بێت ئینسان کوشتن تاوانە. ئەمە لەناو بەشێکی ئازادیخوازانیش ڕەنگیداوەتەوە زۆرجار ژنێک دەکوژرێت یەکسەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەکەونە بەرەی دیفاعەوە وشەی ” تەنها لەبەر ئەوەی” بەکاردەهێنن. یاخود لە ڕۆژانی ڕابردودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبۆوە کە بەهۆی ئەوەی ژنێک ” پاکیزە” نەبوو مێردەکەی دەکەوێتە هەرەشەکردن لەو ژنەو بەئاشکرا توندوتیژی دەرونی بەرامبەر بەکاردەهێنێت، لەبری ئەوەی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان مەحکومی بکەن و بڵێن هەر خودی سەپاندنی مۆری پەردەی بەکارە گەورەترین توندوتیژیە بەرامبەر ژنان، وا دەکات کە هەموو ژیانی کچانمان لە قەلەقی و دودڵیدابن  و نابێت بکرێتە ڕەمزێک بۆ شەرەف. دەبێت ژنان خاوەنی خۆیان و بەدەنیان بن نەک پەردەی بەکارە ناسنامەیان بێت کەوتنە بەرەی دیفاع و دۆکۆمانی زانستی لەسەر پەردەی بەکارە.

لە کوردستان بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی تۆکمە و کۆمەڵایەتی بۆ داکۆکی و دابینکردنی مافەکانی ژنان وجودی نییە. ئەوەی کە بەلاوازی و تاکو تەراش دەبیندرێت سەر بە مەیل و گەرایشی جیا جیایە کە هەندێکیان بە پێی یاساو شەریعەت لاریان بەرامبەر توندو تیژی دژی ژنان نییە. تاکوتەرا یەکسانیخوازەکانیش باوەڕیان بەوە هێناوە کە پرسی ژن تەنها کێشەی ژنان خۆیانەو پایەندی بە کۆمەڵگا نییەو تەنانەت کێشە سەرەکیەکانی کۆمەڵگاش پەیوەندی بەوانەوە نییە! هەندێک جار هەستدەکەیت بۆچونەکانیان دەچێتە قاڵبی ژنپەرستی و پیرۆزکردنی ژن.

ئەو بزوتنەوەی کە ئێستاش هەیەو بەرامبەر توندو تیژی دەوستێتەوە، بزوتنەوەیەکە کە زیاتر لەچەند ڕۆشنبیرو سیاسیەک پێکهاتوون، لەناو جەرگەی ژنان و کێشەکانیان هەڵنەقوڵاون. ئێمە لە کوردستان ڕێژەیەکی یەکجار بەرچاومان لە ژنانی ناوماڵ هەیە، کە بەشی زۆریان لە ژێر کاریگەری پەروەردەی غەڵەتی ئەم دەسەڵاتەو یاساو ڕێساکانیدان و خۆشیان باوەڕیان بە لاوازبونی خۆیان هێناوە، دەنگی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەوانەو نەمانتوانیوە ڕێکیان بخەین و ڕابەران و کەسایەتی خۆیانیان تێدا بدۆزینەوەو دەریانبهێنین.

ئێمە بەر لە هەرشتێک پێویستمان بە بیرکردنەوەی بنەڕەتی هەیە کە چۆن دەستمان بگاتە ژنان لە ناو ماڵەکانیان و کوچەو کۆڵانەکانیان، چۆن دەنگیان دەربهێنین و ڕێکیان بخەین؟

هەر هێزو بزوتنەوەیەک بیەوێت بارودۆخی ژنان چاک بکات دەبێت دەست بۆ ئەم هەنگاوانە بەرێت:

1- یاسای وڵات لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت و هەموو ئەم بڕگە یاساییانە لاببات کە دژی ژنانن و دەبنە هۆکاری توندوتیژی و چەوسانەوەی ژنان. دەبێ ژنان و پیاوان هاوڵاتی یەکسان بن لە هەموو مافەکانیان. بە واتایەکی تر دەبێت دین لە دەوڵەت جیابکرێتەوە، لەبەرئەوەی یاسا ئیسلامیەکان سەرتاپایان دژە ژنن. وە بڵندگۆی مزگەوتەکان بهێنێتە خوارەوە مەلاکان دەمکوت بکرێن.

2- سیستەمی پەروەردەو خوێندن بگۆڕدرێت و سیستەمێکی ئینسانی بێت. چونکە ئەوەی ئێستا هەیە هەر لە بنەڕەتەوە لە باخچەی ساوایانەوە جیاکاری لەنێوان کچان و کوڕان دەکرێت و پەرە بە توندو تیژی دەدرێت لەڕێگای زاڵکردنی ڕەگەزێک بەسەر ئەوەی تر.

3- ڕۆشەنگەری بکرێت لە کۆمەڵگادا، زۆر هەڵسوکەوتی ئاسایی و ڕۆژانە هەیە کە مافی هەموو ئینسانێکە وەک سەفەر و سەیرانکردن، جل لەبەرکردن بە دڵخواز، چونە سەیری یاری تۆپی پێ و سینەما و … هتد، بۆ ژنان و کچان ئەگەر قەدەغەش نەکرابێت، ئەوە هێندە لۆمە کراوە کە دەرفەتی بۆ ژنان و کچان نەهێشتوەتەوە ئاسودە بن، بەڵام لە بەرانبەردا دەیان شتی تر کە زۆربەی ژنان و کچان لە ترسی قسەو قسەڵۆک و سەرزەنشت کردن ملیان پێداوە، لەوانە حیجاب، گۆشەگیربوون لە کونجی ماڵەوە، بێدەنگ بوون بەرانبەر ئەو سوکایەیتەی کە ڕۆژانە تەحەمولی دەکەن، بوەتە بەهای جوان و بەنرخ!!.

توندوتیژی لەسەر ژنان بەرهەمی ئەو پێناسەیەیە کە یاساو ڕێسا کردویەتی بۆ کوڕان و کچان و ژنان و پیاوان، هەتا ژن لەو پێگە نزمە و پیاویش پاسەوان، هەر ساتێک ژن گوێڕایەڵی کۆیلایەتی نەبێت گرژی دەکەوێتەوە و توندوتیژی سەرهەڵدەدات. ئێمە دەبێت ئەو پێناسەیە بگۆڕین وەک ئەوەی کە لەزۆر جێگای تر کراوە و ئیمکانی هەیە، داڕشتنی پێناسەیەکی ئینسانی هەم ژنان رزگار دەکات و هەم پیاوانیش.

ژنان و خەڵکی ئازادیخواز بۆ پارێزگاری لەخۆیان و مافەکانیان پێویستیان بە هێزێکی جەماوەری بەرفراوان هەیە کە بتوانێت لە سەرجەم مەیدانەکاندا بەرهەڵستی کۆنەپەرستی و سیستەمی خێلەکی بێتەوە.

لە سەنگەری بەرگریەوە بچێتە پێشەوە بۆ سەنگەری هێرش. خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە کوردستان زۆرە، بەڵام پێویستی بە یەکبوون و رێکخراوبوون و  کاری هاوبەش هەیە.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *