ریفراندۆم مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیۆنالیزم خاڵی لاوازین!

رێبوار ئەحمەد:

زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە دوو حزبی بۆرژوا ناسیۆنالیستی بنەماڵەیی، یەکێتی و پارتی، بەڕابەری تاڵه‌بانی و بارزانی کۆمەڵگای کوردستانیان لە ناو سەرگەردانی و گێژوای فیدراڵیزمی کۆنەپەرستانەی قەومیدا راگرتووە. لەم چارەکە سەدەیەدا دەرد و بەڵا و بێدەرەتانی و نەهامەتی نەما بەسەر خەڵکی کوردستاندا نەیهێنن، تەنها لە پێناوی بەرژەوەندی کۆنەپەرستانەی خۆیان و بەهرەمەندبوون لە بەشە دەسەڵات و سامانی بەتاڵانبراوی ئەم کۆمەڵگایە. زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە چارەنوسی چەند ملیۆن خەڵکیان کردووەتە پاشکۆی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دەستەمۆیی خۆیان بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و جیهان. یاریکردنی ئەم حزبە بنەماڵەییانە بە چارەنوسی خەڵک،‌ رێگایەک بوو بۆ نقومکردنی هەردوو بنەماڵە و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان لە سەروەت و سامانی بێسنور و لە حیساب نەهاتوو. لەم چارەکە سەدەیەدا گەلێک دەریچە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ئەم کۆمەڵگایە کرایەوە؛ بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان دامەزرێ و گرێکوێرەی مەسەلەی کورد کە قورساییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگا پێکهێناوە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دووبەرەکیە بێت کە لەسەر بناغەی قەومی دروستکراوە و بە فیدراڵیزمی قەومی قوڵتر کراوەتەوە، بۆ ئەوەی خەباتی چینایەتی لە رەوتێکی خێرادا پەرەبگرێت و دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد بەرەو سەرەولێژی و داڕوخان ببرێت و دەسەڵاتێکی ئازادیخوازانە و پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک بەرپابێت و مافی هاوڵاتی بوونی بە رەسمی ناسراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مسۆگەربێت. بەڵام لەم چارەکە سەدەیەدا لە جیاتی تێپەڕین بە ناو ئەو دەریچانەدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان، تاڵەبانی و بارزانی بەردەوام سوێندیان بە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق خوارد و خواستی سەربەخۆییان به‌تاوان له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ و کردیان بە قوربانی بەرژەوەندی کۆنەپەرستانە و سات و سەودای خۆیان.

دوای چارەکە سەدەیەک لەم یاری کردنە بە ژیان و چارەنوس و مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئیتر ناکرێ و نابێت بواری ئەو فریوکاریە بدرێت کە ئەم سەرکردە سیاسیە هەمیشە شکستخواردوانە، خۆیان بکەن بە نوێنەری خەڵکی کوردستان و پاڵەوانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان. لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستا ملیانداوە بە بەرپاکردنی ریفراندۆم، بەڵام بە دروست بێباوەڕی و متمانە نەبوون بە بارزانی و هه‌ردوو حزبی دەسەڵاتدار لە ئاستێکی فراوانی جەماوەریدا خۆی نیشان دەدات. بەڵام ئەمە هێشتا لەو ئاستەی بەدەرکەوتووە ناتوانێ زەمانەتی ناکام کردنەوەی یاری بارزانی و ئەحزابی ناسیۆنالیست و ئیسلامی بێت بەم پرسە گرنگە. لە راستیدا نەبوونی متمانە بەوان پێویستە بگاتە ئاستی دابڕانی یەکجاری جەماوەری کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە سیاسەت و ئاسۆی نەتەوەپەرستی کۆنەپەرستانەی ئەم حزبانە و دەسکۆتاکردنیان لە یاری کردن بە چارەنوسی خەڵک، پێویستە بگاتە ئاستی پێداگری توند لەسەر نەبوونی هیچ جۆرە شەرعەیەتێکی دەسەڵاتی ئەم حزبانە و خۆهەڵخستنیان وەکو نوێنەری خەڵکی کوردستان.

نابێ هیچ گومانێک لەوە بکرێت کە ئەگەر ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی دیلی سیاسەتی بارزانی و حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت، ئەوە بە سەد و یەک شێوە هەم ریفراندۆم و هەم جێبەجێ کردنی ئەنجامەکەی لەلایەن ئەوانەوە دەکرێتە کارتی ساتوسەودا، دەکرێتە بەهانە و پاسا و بۆ فریودانی خەڵک و خۆ گێلکردن لە خواستەکانی جەماوەری ستەمدیدە و راگرتنی دەسەڵاتی میلیشیاییان بەسەر خەڵکەوە. لە کاتێکدا کە ریفراندۆمێکی واقعی کە گوزارشت لە ئیرادە و بڕیاری هوشیارانەی خەڵکی کوردستان بکات، دەشتوانێ سەرەتای رەوەندێک بێت بۆ هەڵگیرانەوەی دۆخی کارەساتباری ئێستا و چونەپێش لە رێگای لە کارخستنی دەسەڵاتی میلیشایی و تاڵانچی ئەم حزبانە. لەم بارەیەوە جەختکردن لەسەر چەند خاڵ پێویستە؛

  • ریفراندم بۆ راپرسی بە خەڵکی کوردستان دەربارەی مانەوە لەگەڵ عێراق یان جیابونەوە، مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە کە لە دەیان ساڵی رابردوودا کەوتۆتە بەر دڕندانەترین زوڵم و ستەم. بەمپێیە ئەوە دژایەتی دەیان ساڵەی ئەحزابی ناسیۆنالیست و خودی بارزانیە لەگەڵ ریفراندۆم و جیابونەوە و دواخستنی تا ئێستای کە خەتایەکە و دەبێ بکەوێتە بەردەم نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵک، نەک ملدانی ئەمڕۆیان بە ریفراندۆم بە هەر هۆکارێکەوە بێت. ٢٢ ساڵ پێش ئێستا لە جەرگەی دۆخی ئەوکاتەی کوردستاندا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ئەم مەسەلەیەی وەکو رێگاچارەیەکی گونجاو کارساز خستوەتەڕوو، هەروەها ٨ ساڵ لەمەوبەر (بەیانی سەربەخۆیی کوردستان) لە رۆژی دامەزرانی ئەم حزبەوە، وەکو بەڵگەنامەیەکی گرنگی ئەم حزبە پەسەندکراوە. لە هەموو مێژووی کۆمەڵگای کوردستاندا و بەر لە کۆمۆنیزمی کرێکاری هیچ حزب و سەرکردەیەکی ناسیۆنالیستی کورد وشەی ریفراندۆم بەسەر زمانیدا نەهاتووە و رەنگە زۆربەیان هەر نەیانزانیبێت مانای چیە. هیچ کات هیچ یەک لەم دوو حزبەی کۆمۆنیزمی کرێکاریش لە بەڵگەنامەکانی خۆیاندا باسیان لە هیچ جۆرە مەرجێکی ئەوتۆ نەکردووە کە بەرپاکردنی ریفراندۆم بۆ جیابونەوەی کوردستان بخرێتە گرەوی ئەوەوە کە ئەحزبی ناسیۆنالیست لەدژی بن یان لەگەڵی. بەڵام هەمیشە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەوڵیانداوە و گوشاریهێناوە بۆ حزابی تر تا ئەم مافەی خەڵکی کوردستان بەڕەسمی بناسن. بۆیە خودی ملدانی ئەو حزبانە بە ریفراندۆم خۆی لە خۆیدا نەک سلبی نیە بەڵکو پێویستە وەکو دەریچەیەکی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری سەرنجی بدرێ و بەدەستەوە بگیرێ بۆ کۆتاییهێنان به‌مه‌سه‌له‌ی کورد و دەسکۆتاکردنی ناسیونالیزمی کورد و سیاسه‌تی ساتوسه‌وداکردن به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌، که‌ جارێک به‌ناوی ئۆتۆنۆمی و لامه‌رکه‌زیه‌ته‌وه‌ و جارێک به‌ناوی فیدراڵیزمه‌وه‌ خه‌ڵکیان پێی چەوا‌شه‌کردووه‌. بەڵام دیسانیش لە روانگەی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە کۆمەڵێک پرەنسیپ راگەیەنراون کە پێویستە پرۆسەی ریفراندم بەپێی ئەوانە بەڕێوەبچێت، هەر ئەو پرەنسپانەش بنەمان بۆ هەڵوێستگرتن لە ریفراندۆمێک کە بەرپادەبێت، نەک ئەوەی کام لایەن پشتیوانی لێ دەکات و کام لایەن مخالەفەتی پێ دەکات.
  • نابێ هیچ خۆشباوەڕیەک بەوە هەبێت کە ریفراندۆم و سەربەخۆی وەکو پرۆسەیەک خۆی لە خۆیدا خەڵکی کوردستان لە زوڵم و ستەم و چەوسانەوە و نابه‌رابه‌ی چیانیه‌تی و بێکاری و نه‌داری و ده‌یان نەهامەتی تر که ‌له‌ ئێستادا یه‌خه‌یان به‌ خه‌ڵک گرتووه‌، رزگار ناکات. چەوسانەوەی چینایەتی و هەژاری و هەڵاواردنی جنسی و پێشێلکردنی مافە فەردی و مەدەنیەکان …و…هیچ یەک لەوانە خۆبەخۆ بە ریفراندم و پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە ناوناچن. ریفراندۆم بڕیارە کێشەیەکی دایاریکراو چارەسەر بکات کە دەیان ساڵە کۆمەڵگای عێراقی خستوەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، کێشه‌یه‌ک که‌ بوەتە هۆکاری ستەم و هەڵاواردن و ناکۆکی و دووبەره‌کی لە نێوان خەڵکی ستەمدیدە و کرێکاران لەسەر بناغەی ئەو شوناسە قەومیەی کە داویانە لە ناوچەوانیان. خودی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ناسنامه‌یه‌کی قه‌ومی و ئیسلامی پێدراوه‌ و ئه‌م ناسنامه‌یه‌ش له‌ ده‌ستوری عێراقیدا جێگیرکراوه‌، دەستەبەندی هاوڵاتیان و کێنه‌تۆزی قه‌ومی قوڵکردوەتەوە، بە جۆرێک که ‌نه‌ک هه‌ر ئه‌نتیگراسیۆن و پێکه‌وه‌ژیانی ئازادانەی خه‌ڵکی کوردستان و باقی خەڵکی عێراقی گەلێک دژوار کردووە،‌ بەڵکو هاوکات زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری هێشتۆته‌وه‌ تا فایرۆسی ناسیونالیزم بەردەوام له‌سه‌ر کێشەی نه‌بڕاوه‌ی قه‌ومی گه‌راکانی خۆی بترۆکێنێ. ریفراندۆم جگه ‌له‌وه‌ی وه‌ڵامێکی گونجاوە بۆ ئەو کێشەیە،‌ هاوکات هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەرهێنانی کوردستان لە گێژوای فیدراڵیزمی شکستخواردووی ئێستا و هەڵتەکاندنی کۆسپێک لە بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکاران و رەوتی شۆڕشی کرێکاری. ریفرامدۆم پێویستە بۆ ئەوەی بەهانەی مەسەلەی قەومی لە دەستی ناسیۆنالیزم دەربێت کە دەیان ساڵە حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ فریودانی خەڵک و هەڵخڕاندنیان لە دەوری ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان و بەکارهێنانیان وەکو لەشکری پیادەی کێشمەکێشەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەوەی کە ریفراندۆم و پاشان پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ چەندە کاریگەری دەبێت لە رێگای باشترکردنی ماف و خزمەتگوزاری و ژیانی خەڵکی ستەمدیدە، ئەوە گرێی خواردوە بەوەوە کە کۆمۆنیزم و ئەو جەماوەرە چ رۆڵێکیان دەبێت لەو پرۆسەیە و لە رەوتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا و چ جۆرە دەوڵەتێک لە کوردستانی سەربەخۆدا دادەمەزرێ؟
  • لە جیاتی دلساردی و گومان لە بەرپاکردنی ریفراندۆم بەو هۆیەوە کە پارتی و بارزانی تازە بە تازە هاتونە پای ئەوەی بانگیشەی بۆ بکەن، پێویستە پێداگری لەسەر پرەنسیپەکانی ریفراندۆمێک بکرێت کە گوزارشت بێت لە ئیرادە و رای خەڵکی کوردستان دوور لە هەرجۆرە زەخت و فشارێک. هەروەها بە دیاریکراوی پێوسیتە هەم لە ناوخۆی کوردستان و هەم لە ئاستی جیهاندا بە هەڵخڕاندنی رای گشتی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بخرێتە ژێر گوشارێکی توندەوە بۆ ئەوەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بە رەسمی بناسێت، سەرپەرشتی بەرێوەچونی بکات و وەکو هەر ریفراندۆمێکی تر کە لە دنیادا بەرپا کراوە و دەکرێت، ببێتە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەنجامەکەی. بێ دەربەستی نیشاندان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بەرامبەر ریفراندۆم لە کوردستان، پێویستە وەکو هەڵوێستێکی نا بەرپرسانە و فەرامۆشکردنی راو ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکەوێتە بەرامبەر ناڕەزایەتی فروانی رای گشتی لە ناوە و لە دەرەوەی کوردستان.
  • پێویستە پێداگری لەسەر پیادەکردنی دەم و دەستی ئەنجامی ریفراندۆم بکرێت. وەکو لە دوو وتاری پێشووترم کە لە “بڵاوکراوه‌ی بۆپێشەوە”دا بڵاوکراونەتەوە باسم کردوە، دەبێ هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە بارزانی و ئەحزابی دەسەڵاتدار یاری بە ئەنجامی ریفراندۆمەوە بکەن و لە جیاتی پیادەکردنی ئەنجامەکەی وەکو کارتی فشار بەکاری بهێنن بۆ داسەپاندنی مەرامەکانی خۆیان. ئەمانە لەوە بودەڵەترن کە بەرامبەر تەحەدیاتی جیابونەوە راوەستن، لەوەش بەکرێگیراوترن کە جەسارەتی هەنگاوێکی وا گەورەیان هەبێت بەبێ رەزامەندی دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە. بارزانی لە کۆتا لێدوانیدا باسی لەوە کردووە کە دوای ریفراندۆم بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەنقەرا و دەوڵەتانی زلهێزی دنیا دەکەونە گفتوگۆ. ئەم قسەیە مانای ئەوەیە بەبێ رەزامەندی ئەوان هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەڵناگرێ. سیناریۆیەکی لەم بابەتە دەبێ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە وەڵامی توند وەرگرێتەوە و دوچاری ناکامی بێتەوە. بڕیاردەری ئەوەڵ و ئاخر لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگای کوردستان تەنها خەڵکی کوردستانە، ریفراندۆم دروستکەری بڕیاری ئەم خەڵکەیە و پێویستە بێ هیچ ئەما و ئەگەرێک جیبەجێ بکرێت بەبێ گوێدان بەوەی هەڵوێستی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان چی دەبێت. بارزانی لە ئێستاوە بە سپاردنی جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم بە گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتان، نیشانیداوە کە رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرێت، هەر بەم پێیەش مەرجێکی سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەسکۆتاکردن و لەکارخستنی رۆڵی بارزانی و حزبەکەیەتی. بەم جۆرە ئەو راستیەی بەرجەستە کردووە کە؛ خۆی و حزبەکەی نەک هەر پاڵەوانی ئەم پرۆسەیە نین بەڵکو خاڵی لاوازین.

بەڵام تا ئەو جێگایەی بە خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەگەر ریفراندۆمێکی واقعی ئەنجام بدرێت و بڕیار لەسەر جیابونەوەی کوردستان بدرێت، ئەوکات تەنانەت ئەگەر بارزانی و ئەحزابی ناسیۆنالیست وەکو خاڵی لاوازی ئەم پرۆسەیە نەچنە ژێرباری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش، هێشتا تازە ئەم کۆمەڵگایە لەم رێگایەدا پێ دەنێتە بڕگەیەکی تازەوە کە تیایدا دەرگا بەڕووی توندبوونەوەی بەرامبەرکێی خەڵکی ئازادیخواز و ئەحزابی ناسیۆنالیست لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکرێتەوە و کوردستان هەنگاوێک لە سەربەخۆیی نزیک دەکاتەوە.

  • هەڵوێستی جەمسەرەکەی تری ناسیۆنالیزمی کورد کە لە گۆڕان و بەشێک لە ئیسلامیەکان و بەشێک لەو هەموو باڵ باڵێنەی ناو یەکێتیدا خۆی دەبینێتەوە، بە هەمان رادە دوور و بێبەریە لە هەر جۆرە بەرژەوەندیەکی خەڵکی کوردستان، بە هەمان رادەی سیاسەتی پارتی یاریکردنێکی فریودەرانەیە بە ژیان و چارەنوس و هەستی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان. هەڵوێستی ئەوان بە هیچ جۆرێک پێداگری نیە لەسەر خەمخۆری بۆ ئایندەیەکی باشتری ئەم خەڵکە، بە پێچەوانەی ئەو ریاکاریەی کە هەڵیدەڕێژن، مەبەستیان ئەوە نیە کە ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی بخرێتە سەر رێچکەیەکی دروست، بەڵکو ئەوان دەیانەوێ ئەم پرسە گرنگە و چارەنوسی خەڵکی کوردستان بکەن بە قوربانی داسەپاندنی مەرج و بەرژەوەندیە حزبی و کۆنەپەرستانەکانی خۆیان. ئەوەی ئەوان وەکو مەرجی بەرپاکردنی ریفراندۆم پێداگری لەسەر دەکەن، واتە “کاراکردنەوەی پەرلەمان بە دەستەی سەرۆکایەتی ئێستاوە” بە ئەندازەی تاڵە مویەک پەیوەندی بە خستنەکاری ئیرادەی خەڵک و بەرژەوەندیەکانی ئەوانەوە نیە. پەرلەمان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و خەباتی پەرلەمانی لە کوردستاندا هەمیشە چەواشەکاریەک بووە بۆ رتوش کردنی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیەی بۆرژوازی کورد. پەرلەمان وەکو دەزگایەکی کارتۆنی نەک هیچ رۆڵێکی نەبووە لە بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و هەرگیز ئەجەندایەکی وەهای نەبووە، بەڵکو رۆڵی زۆر گەورەی بینیوە لە قەبڵاندنی دەسەڵاتی میلیشیایی بە خەڵکی کوردستان بە ناوی دیموکراسیەوە. لە ماوەی چەند خولی پەرلەماندا، بەو خولانەشەوە کە گۆڕان و ئیسلامیەکان سەنگیان تیادا هەبووە و بانگەوازیان بۆ “ئارام راگرتنی شەقام” کردووە بۆ ئەوەی پەرلەمان بە “باشی رۆڵی خۆی بگێڕێت”، هەروەها بەو دەورانەشەوە کە حکومەتی بنکە فراوان لەسەر کاربوو، نە تەنیا هیچ خواست و ئامانجێکی رەوای خەڵکی کوردستانی دەستەبەر نەکردووە، بەڵکو دروست لە دەورانی حکومەتی بنکەفراوانی هەموو لایەنە بۆرژوازیە قەومی و ئیسلامیەکاندا بوو کە بۆسەیان بۆ وردکردنی ئیرادەی خەڵك و بڕینی موچە و تەفروتوناکردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکان نایەوە. ئەوەی کە بە ئەندازەی تاڵە مویەک لە بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان رۆڵی نەبێت “کاراکردنەوەی پەرلەمانە”. لەوەش زیاتر دژایەتی کردنی ریفراندۆم بە بەهانەی ” بەکارنەخستنەوەی پەرلەمان” جگە لە بە فیداکردنی چارەنوسی خەڵک لە پێناو بەدەستهێنانەوەی بەشە دەسەڵات و بەشیان لە سامانی بە تاڵانبراو هیچی تر نیە. بە گشتی ئەو بۆچونەی کە راوەستانی بارزانی و پارتی لە پشتی ریفراندۆم دەکاتە بەهانەیەک بۆ دژایەتی کردنی ئەم پرسە، هەڵوێستێکی تەسکی ئەنتی پارتیە و پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵک و ئایندەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگاوە نیە.
  • هەڵوێستی ناسیۆنالیزمی عەرەب کە خۆی لە لێدوانەکانی حکومەتی عەبادی و لایەنە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە عەرەبەکاندا دەبینێتەوە، بە دەر لەوەی کە بەهانە و پاساوەکانیان چیە، لەو روانگە شۆڤێنیستیە عەرەبیەوە سەرچاوەی گرتووە کە عێراق بە وڵاتێکی عەرەبی و بەشیک لە دنیای عەرەب دەزانن و پاراستنی یەکپارچەییەکەی بە هەر نرخێک بێت پیرۆزیەکی نەتەوەییە بۆ ئەوان. ئەمە هەمان روانگەی رژێمە سەرکوتگەرە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووە لە دەیان ساڵی رابردوودا کە رژێمی سەرکوتگەری بەعس یەکێک لەوان و راستیدا هارترین و شۆڤێنیستترینیان بوو. هەڵویستی حکومەتی عەبادی و لایەنە بۆرژوازیە عێراقیەکان لە بابەت سەندنەوەی هەموو مافێک لە هاوڵاتیانی کوردزمان بەوانەشەوە کە لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکاندان، هەروەها خستنەکاری گوشاری ئابوری و نانبڕین، جەخت لەسەر پێویستی ریفراندۆم و جیابونەوەی کوردستان دەکەنەوە نەک بە پێچەوانەوە. جەخت لەسەر ئەو راستیە دەکەنەوە کە لە سایەی عێراقی ژێر دەسەڵاتی ئەم هێزانەدا دەرفەتێک بۆ مانەوەی خەڵکی کوردستان بە دوور لە هەرجۆرە جیاکاری و هەڵاواردنێک لە ئارادا نیە. دیارە هیچ کاتێک هەڵوێستێکی جیاواز لەمە لە ناسیۆنالیزمی عەرەب چاوەڕوان ناکرێت. هەمیشە و لە هەموو دەورانێکدا رەنگە بەهانە و پاساوەکانیان بگۆڕێ بەڵام پێشبینی گۆڕانی هەڵوێستی شۆڤێنیستی ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرستە ناکرێت. هەڕەشە و گوشارەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەب و حکومەتی عێراق دەبێ وەکو بەشێک لە لەمپەر و تەحدیاتەکانی بەردەم بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان چاویان لێبکرێت کە دەبێ هەڵتەکێنرێن و ناکام بکرێنەوە. لەم بارەیەوە ئەوە ئەرکێکی گرنگی جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازی عێراق و کۆمۆنیزمە کە رۆڵی پێشڕەوانە بگێڕن بۆ بەگژاچونەوەی ئەم شۆفێنیزمە و بەرجەستەکردنی ئەو هەڵوێستە ئوصوڵی و ئازادیخوازانەیە کە بێ هیچ قەید و بەندێک مافی خەڵکی کوردستان بۆ ریفراندۆم و جیابوونەوە بە رەسمی بناسرێت و پەیگیرانە بەرگری لێ بکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان جگە لە هەڵوێست و بانگیشەی ناسیۆنال-شۆڤێنیستی عەرەب، دەنگێکی تر لە روانگەیەکی ئازادیخوازانە و سۆسیالیستی و ئەنتەرناسیۆنالیستیەوە ببینن و ببیستن بۆ بەرگری لە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان. تەنها و بەتەنها ئەم هەڵوێستەیە کە دەتوانێ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی ئەو ئاراستانەی قڵشت و دووبەرەکیان لە نێوان کرێکاران و خەڵکی کوردزمان و عەرەبزماندا سازکردوە، کاریگەری دابنێت و گیانی هاوپشتی چینایەتی ببوژێنێتەوە. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کرێکار و کۆمۆنیستی عێراق، له‌دژی ناسیۆنالیزمی عەرەب و حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی بێنه‌ده‌نگ و ڕێگه‌ نەدەن سیاسه‌تی گه‌مارۆی ئابوری و نه‌عره‌ته‌ی شه‌ڕ و په‌لاماردان له‌ دژی خه‌ڵکی کوردستان بکرێته‌ ڕیگایه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی بە ناچاری خەڵکی کوردستان و راگرتنی ئەو زه‌لکاوه‌ی که ‌ده‌سته ‌و تاقمی قه‌ومی ئیسلامی و تایه‌فه‌گه‌ری وەکو مێشومەگەز له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن.
  • بارزانی و ئەحزابی دەسەڵاتدار زۆر ئاشکرا دەیانەوێ بە گەرم کردنی شایی و لۆغانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، فەزای ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک تێکبدەن کە لە دژی بڕیاری قەرەقوشیانەی “پاشەکەوتی موچە” و بەرەو سفر چونی خزمەتگوزاریەکان و پێداویستیە سادەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک لە ئارادایە. بێگومان دوای ریفراندۆمیش کوتانی دەهۆڵی جیابوونەوە دەکەن بە پاساوێک و ئەگەر بۆیان بلوێت چارەکە سەدەیەکی تریش بەم هۆکارە بێدەرەتانی خەڵک پاساو دەدەن و هەوڵدەدەن ناڕەزایەتیەکان دەمکوت بکەن. لە کاتێکدا هیچ شتێک لەوە ئاشکراتر نیە کە ئەو سامانەی بە تاڵان بردویانە بەشی دامەزراندنی چەند دەوڵەت دەکات نەک یەک دەوڵەت. بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم سیاسەتی برسی و بێدەرەتان کردنە، پێویست نیە خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدە دەست لە خواستی ریفراندۆم و جیابونەوە هەڵگرن، لە هەموو هەلومەرجێکدا ناسیۆنالیزمی کورد هەر هەوڵی خۆیدەدات بە خراپ کەڵک لە فەزای ریفراندۆم وەرگرێت و مەسەلە و کێشەکانی تری کۆمەڵگای پێداپۆشێت. لە بەرامبەردا پێویستە هێزی جەماوەری ستەمدیدە هاوکات لەگەڵ پێداگری لەسەر ریفراندۆم، بەردەوام لە مەیدان راوەستی و دەسەڵات بخاتە ژێرگوشاری توندەوە بۆ وەڵامدانەوەی داخوازیەکان؛ بە تایبەتی هەڵوەشانەوەی دەستبەجێی بڕیاری “پاشەکەوتی موچە”، دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان..و..هتد. بەرپاکردنی بزووتنەوەی دژی هەژاری کە هەر ئێستا دەستی بەکارکردووە، باشترین وەڵامە بۆ هەوڵەکانی ئەحزابی دەسەڵاتدار بە مەبەستی ونکردنی خواستەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە ناو فەزای ریفراندۆم و باسی جیابونەوەی کوردستاندا. هەردوو ئەم مەیدانە واتە خەبات بۆ بەرپاکردنی ریفراندۆمێک کە بە راستی گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات لەگەڵ خەبات بۆ داسەپاندنی داخوازیە ئابوری و سیاسیەکانی جەماوەری خەڵک و لابردنی باری قورسی هەژاری لەسەر شانی خەڵک، نەک ناکۆک نین لەگەڵ یەکتری، بەڵکو تەواوکەری یەکترین لە پێناو بوژانەوەی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و دەرگا ئاوەڵاکردن بۆ ئاڵوگۆڕی هەمەلایەنەتر لە کوردستاندا. لەوانە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی ناسیۆنالیست و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی پشتبەستو بە ئیرادەی خەڵک.
  • سیاسەتی تەخوین سیاسەتێکی ریسوا و ملهوڕانەیە و پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و لایەنە سیاسیەکان بە توندی سەرکۆنەی بکەن. پرۆسەی ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان پرسێکی گرنگ و چارەنوسسازە، ناوەرۆکی ئەم پرۆسەیە شتێک نیە جگە لە بواردان بە دەربڕینی رای ئازادانەی خەڵک لەسەر ئایندەی ئەم کۆمەڵگایە. ئەوە مافی هەر هاوڵاتی و هەر لایەنێکی سیاسیە کە بەوپەڕی ئازادیەوە رای خۆی لەسەر ئەم پرۆسەیە و چۆنیەتی چونەپێشی دەربڕێ، هەرکەس و لایەنێک دەتوانی لایەنگر یان دژی بێت، مافی هەرکەس و لایەنێکە رەخنە لە هەڵوێستی کەس و لایەنەکانی تر بگرێت. هەرجۆرە سنوردارکردنێکی ئازادی رادەربڕین پێچەوانەی ناوەرۆکی ریفراندۆمە و مەشروعیەتی پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە. ئەو سیاسەتی تەخوینەی پارتی دەستی بۆ بردووە، دیسان بەڵگەی ئەوەیە کە بارزانی و حزبەکەی خاڵی لاوازن، هۆکاری نابوتکردنی بەهای پرۆسەکەن، بە دەستی ئەوان بێت لە جیاتی ریفراندۆمی واقعی بۆ راپرسی بە خەڵکی کوردستان، هەر وەکو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان سیناریۆی گاڵتەجاڕانە بۆ وەرگرتنی بە زۆری پەنجەمۆری خەڵکی کوردستان بەرپا دەکەن. تاوانبارکردنی هەرکەس کە پێچەوانەی سیاسەتی پارتی هەڵویستی خۆی دەردەبڕێت بە “خائین”، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە سزای “خائین’ لە فەرهەنگی ئەم حزبانەدا چیە، هیچ مانایەک بۆ ریفراندۆم ناهێڵێتەوە. پێویستە بارزانی و پارتی بخرێنە ژێر گوشاری توند و پەشیمان بکرێنەوە لەم خەتا گەورەیە.

٦-٧-٢٠١٧

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *