ئێوە چیبوون؟

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

“بۆ پێنج ئەستێرە سوورەکەی خەباتی چینایەتی لە کوردستان، کە بە دەستی چەتەکانی مافیا- ڕەفتاری ناسیونالیزمی کورد کوژێنرانەوە.”

ئێوە دەچوون لەنێو کوونە ڕەشەکانی ژیانەوە
ئەڵماسی ئاوات و
هەتاوی باوەڕتان دەردەهێنا و
دەتان دایە منداڵە پێخاوسەکانی نێو گەڕەکە قیڕنەکراوەکانی شار
دەچوون بزەتان دەبرد بۆ منداڵە عەللاگە فرۆشەکانی ناو بازاڕەکان
یانیش لەسەر فلکەکانی شار دەوەستان و
فرمێسکی کلێنسفرۆش و بنێشت فرۆشەکانتان دەسڕییەوە
ئێوە بوون دەچوون بەناو وشەکانی کتێبەکاندا دەگەڕان و
مۆمی شیعر و
دڵی پڕ لە جۆش و
عەشقی ئینسان و
بارانی ئومێدتان تێدا دەدۆزییەوە و
دەتان برد لەسەر گۆڕی گیانبەختکردووانتان دادەنا
ئێوە ئێواران دەبوون بە تریفەی ڕەنگاوڕەنگ و
لەدەوری قامەتی خێڵی بەشمەینەتان دەسووڕانەوە
حیکایەتی شەوەتوونەکانی ستەم و
حەسرەتی سەردابەکانی تەنیاییتان بۆ زەحمەتکێشان دەگێرایەوە
ئێوە لەودیو سنوورەکانی ترس و
لەودیو تەلبەندەکانی هەڕەشە و
لەودیو هێڵە سوورەکانی خێڵی نەهامەتهێنەری دەست سوور بە خوێنی ئازادی
لەوپەڕی مەیدانی بزمارێژکراوی دژایەتی و بەگژاهاتن
ئا لەودیو ئاسۆی هەموو بینینە ڕەشپۆشەکانی چاوەوە
دەبوون بە خۆر
هەموو ڕۆژێ بەسەر کەلی ژیانی کارگەرانەوە هەڵدەهاتن
دەبوون بە بارانی وزە و دەبارینە سەر جەستەی کەنەفتی ئەم ژیانە قوورسە
ئێوە دەبوون بە هیوا و ڕۆدەچوونە ناخی دڵە بیمارەکان
دەبوون بە عەشق و
ئێوارانیش دەبوون بە خۆشەویستییەک
بزەتان دەنایە سەر لێوی کچە غەمبارەکان
لەگەڵ سپێدەی ڕۆژی نوێش ئێوە دەبوون بەگڕ بۆ هەڵقرچاندنی ستەم
دەبوون بە دەنگی بانگەواز بۆ یەکسانی و سۆشیالیزم
دەبوون بە خوێن بۆ دەماری دڵی سبەینێیەکی نوێ
ئێوە ئێستا نەمردوون و هەموو ڕۆژێ یەکێ دوانتان لای سەهۆڵەکە وەستاون
یاخود لە شەقامی باتە بەدەم پیاسە لەگەڵ ئاراس باسی مارکس بۆ کڕێکارانی نەسیج و ئەلبان دەکەن
یان لە سمێڵ دەبن بە مێوانی ئارام
یانیش لە هەڵەبجە و هەورامان و پشدەر و گەرمیان
خەریکن لینین دەبەن بۆ یەک بە یەکی ماڵانی بازوو پۆڵاینی ئەو دەڤەرانە
ئێستا ئێوە لە شەوانی ساماڵی هاوینی شاردا
پێنج ئەستێرەی ئاسمانی خەباتن
پێنج هەڵمەت بەری شکانی ستەمگەرن
پێنج دەریای تینوێتی بیابانی ئەوین و عەشق شکێنن
پێنج شاخی پڕ لە دەنگ و پڕ لە هاواری ئازادین
پێنج ڕەنگی پەلکەڕەنگینەی تێکۆشانن
پێنج برینی قەتماغ نەبەستووی جەستەی خەباتن
پێنج شیعری تەواونەکراوی قەسیدەی سەربەستین
ئێوەن زیندوو لەگەڵماندان
لە کۆڕماندان
لە نێو خەون و نێو دڵماندان
ئێوە ڕێنیشاندەری ڕێگان بۆیە هەردەم لە یادماندان.

تەمموزی ٢٠١٦

تێبینی :
ئاراس : ئەرسەلان مەولود، خەباتگێڕی کۆمۆنیست و پێشمەرگەی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو کە لە خۆپیشاندانەکەی تەمموزی ساڵی ١٩٩١ لەشەقامی باتە لە شاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی پاریزگای هەولێر درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەپێناو ئامانجی بەرزی ئینسانیی بەختکرد.
ئارام : نەزیر عومەر، کادری ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و یەکێتیی بێکاران لە کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەڕفێرێ و پاشان تیرۆر دەکرێ.

لەپەیجی عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) وەرگیراوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *