بیانوەکان و حەقیقەت

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەگەڵ هێنانە ئارای پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، پاساو هێنانەوە بۆ دۆخی نەخوازاوی کۆمەڵگەی کوردستان، بەرەوهەڵکشان براوە و دەبرێت. لەوانە قەیرانی ئابوری و پرسی موچە و نەبوونی، یەکێکە لەو مەسەلانەی کە نەخشەمەندانە پاساو بۆ رەوایەتی بوونی دەهێنرێتەوە یان وەکو رێگایەک بۆ شانخاڵی کردنەوە ئاراستە دەکرێت.

سەرانی ئەحزابی بۆرژوازی کوردو نووسەرانی جڵەو ئازادیان، لە بەرامبەر بە ئەزمەی ئابوری کۆمەڵگەو بێدەرەتانی و بێکاری و برسێتی و بێموچەییدا، پاساویان ئەوەیە کە بەغدا موچەی کوردستانی بڕیوە، هاتنی شەری داعش دۆخی ئابوری بەرەو نەزیف پەلکێش کردووە، هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی شەڕ لە موسڵ و شوێنەکانی تر… باری هەرێم و حکومەتی!! قورس کردووە.

ئەم چەند پاساوە لە ئێستای وروژاندنی پرسی ریفراندۆمدا، چەند بەرابەر گەورە دەکرێت و دەوترێتەوە. بەتایبەت لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ریفراندۆم و پرسی دەوڵەت دەبێ کاتێک دەستی بۆ ببرێت، کە دۆخی ناوخۆیی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و باش بێت و ناو ماڵی کورد!! ریزەکانیان یەکانگیرو تەبا بن.

دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، کەلە ساڵی ٢٠٠٣ وە بەکردەوە، تاکە دەسەڵاتی سەربەخۆ بێ گوشار لەسەری کوردستانەو سامانی ناوخۆ و بڕی داهاتی ناوەندی وەرگرتوەو لەساڵی ٢٠١٥ شەوە، خۆی خەریکی فرۆشتنی نەوتەو ئێستا رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کەچی بێشەرمانە، ئۆباڵی بێ موچەیی موچەخۆرانی کوردستان و دۆخی داروخاوی ئابوری دەخاتە سەرشانی هاوپەیمانەکانیان!! لە بەغدا. سەیرە مەبدەئی “بەشی خۆم بۆخۆم بەشی تۆش دەخۆم” ی بەدەستەوە گرتووە، دەیەوێت بودجەی سەدا حەفدە لەناوەند وەربگرێت، بەڵام ئامادەنییە بری داهاتی نەوتی فرۆشراوی کوردستان بدات پێیان و پابەندی رێکەوتنی نێوانیان بێت. یان خۆی نەوتی کوردستان دەفرۆشێت و لەپاڵ هەموو سەرچاوە داهاتەکانی تری کوردستاندا، کەچی چاوەروانە لە بەغداشەوە بودجەی بۆ بنیردرێت. بری داهاتی نەوتی فرۆشتن و داهاتەکانی تری کوردستان بەشی چەند قاتی دانیشتوانی کوردستان دەکات، بەڵام بەوهۆیەوە دەسەڵاتی حزب و بنەماڵە دەستیان بەسەردا گرتووە، نە موچە هەیە نە خزمەتگوزاری.  مۆتەکەی بەرێوەچوونی ژیان دێوەزمەیەکە دەستی ناوەتە بینەقاقای خەڵکی برسی و بێئیرادەکراوی کوردستان و بێشەرمانەش دەیانەوێ شانی خۆیان لەو دزییە ئاشکرایە خاڵی بکەنەوەوە بیخەنە ئەستۆی دەسەڵات لە ناوەند.

دەڵێن شەری داعش، هۆکارێکی تری قەیرانی دارایی کوردستانە… ئەمەش درۆیەکی ئاشکرای ترە. خودی جەنگی داعش بۆتە سەرچاوەیەکی تری داهات و رێگەیەکی تر بۆ سواڵ و کەنالێکی تر بۆ عەمبارکردی چەک و تەقەمەنی. لە ژێر ناوی شەری داعشدا کەم داهات و کەم چەک و تەقەمەنی لەلایەن وڵاتانی دنیاوە، نەنێردراوە بۆ دەسەڵاتی تاڵانچی کوردایەتی تا ئاوا بە ئاشکرا جەنگ لەدژی داعش بکەنە پاساو بۆ گرانی و برسێتی و بێموچەیی و بێ خزمەتگوزارییەکان. هەموو بەشدارییەکی هێزی حزبەکان سەفقەیەکی ئابورییە، بەشداریان لەهەموو شوێنێکدا وەکو مقاوەلات وایەو هەروەکو چۆن لەبەرامبەر بەشداری لەجەنگی موسڵدا سەرچاوەکانی هەواڵ رایانگەیاند ٤١٩ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە. دیارە باسی شەنگال با لەولاوە بوەستێت کە بەسەدان هەزار ئینسانیان، بێ تەقاندنی یەک فیشەک و هیچ بەرگرییەک رادەستی داعش کرد. با ئەوەش لەو لاوە بوەستێت کە ئەو چەکانەی بۆ بەرگری هاتۆنەتە کوردستان لە بازارەکاندا دەفرۆشرێن.

هاتنی ئاوارەی دەستی جەنگ، دەکەنە پاساوی بار گرانی بۆسەر هەرێم، ئەمەش درۆیەکی ترە، بە ئەندازەی هاتنی ژمارەی ئاوارەی دەستی جەنگ و نائەمنی، کۆمەک لە دنیای دەرەوەو وڵاتان و un, بەمەبەستی کۆمەک بە ئاوارەکان و زامنکردنی ژیان و گوزەرانیان هاتۆتە ناو کوردستانەوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە کە لەسەر بنەمای دوژمن سازکردن، هەرەشەی دەرەکی، قەیران دروستکردن بۆ شاردنەوەی قەیران، بیانو داتاشین بۆ شاردنەوەی راستیەکان راهاتووە و سڵ لە هیچ درۆ و چەواشەکاریەک ناکاتەوە.

دۆخی داروخاوی ئابوری و گرانی و بێکاریی و برسێتی و بێموچەیی، پەیوەندی بەو کەیسانەوە نییە کە حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی و نووسەرانی موچەخۆریان، دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدەن، هۆکارەکەی ئەوەیە هەموو داهاتی کوردستان و هەموو کۆمەک و هاوکارییەک کە بۆ کوردستان دێت، بە سیستماتیك تاڵان و برۆ دەکرێت. بانکی ئاشکراو شاراوەی بەرپرسانی دەستۆشتوی حزب و بنەماڵە، سیخناخە لە داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان، و دەبێت بە هێزی جەماوەریش ئەو داهاتە بگێردرێتەوە، بۆ داهاتی گشتی و خەڵکی کوردستان.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٧ بۆپێشەوەی بەرواری ١/٧/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *