لە نۆهەمین ساڵیادی تاڵان و داگیرکردنی نووسینگەی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستاندا لە لایەن PUK.

سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان:

نۆ ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەکێکی نیشتمانی کوردستان، لە دژی ئەو لایەن و ڕێکخراوو مرۆڤانەی کە میژوویەکیان بۆخۆیان تۆمارکردووە لە ڕاونانی تاریکی و لە بەرگری کردن لە مافەکانی منداڵان، ژنان و کرێکاران و پارستنی حورمەت و کەرامەتی ئینسانی خەڵکی کوردستان، تاوانێکی نامرۆڤانەی ئەنجام دا.

دوای کێشمەکێشی نێوان PUK و(ح.ک.ک.ع) سەرلە ئێوارەی ڕۆژی 14 ی تەمموزی 2000 هێزێکی چەکداری PUK، هەڵیان کوتایە سەر نووسینگەی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان لە گەڕەگی عەقاری بەرامبەر ئەمنە سوتاوەکە، پاش کردنە دەرەوەو کوتەککاری منداڵە بێسەرپەرشتەکانی سەنتەر کە ژمارەیان 5 منداڵ بوو، وە ماوەی نزیک بە سالێک بوو لە سەنتەردا بەخێو دەکران، زۆر دڕندانە بەلەقەو پۆستاڵ کەوتنە هێنانەخوارەوەو دڕاندن و شکاندنی هەرچی وێنەوکەل و پەلی ناو نووسینگەکەیە، وە بۆ نواندنی شەهامەت و ئازایەتی خۆیان بۆ ئەم سەرکەتنەو لەبەرامبەر دەرکردنی منداڵە بێسەپەرشتەکان و کوتەککاریان و ئەو تاڵانکردنە بێوێنەیەدا، لەسەر دیوارەکانی نووسینگەی سەنتەر بە گەورەیی نووسیان “بژی PUK”، “بژی ی.ن.ک”.

هەنگاوی یەکەمی هێرش بۆ سەر سەنتەری منداڵان لەوێوە دەستی پێکرد کە، سەرەتای مانگی تەمموزی 2000 دوو کەس کە جلی ئاسایشیان لەبەر بوو هاتنە نووسینگە بۆ لامان و ووتیان ئێمە لە قەڵاچۆلانەوە هاتووین لە سکرتاریەتی مام جەلالەوە، پێیمان خۆشە هاوکاریتان بکەین و پێویستمان بە ناسینی زیاتری لە نزیکەوەی ئێوە هەیە. ئێمەش زۆر باش لەم مەسەلەیە حاڵی بووین و دەمانزانی بە نیازی پلانێکن لە دژی ئێمەو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری. بەڵام بەهەر حاڵ چوونکە ئێمە لە جگە مێژوویەکی درەوشاوە لە خەبات لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی منداڵان و نەهێشتنی توندوتیژی لە دژیان، هیچی ترمان نییە لێی بترسین، سەنتەرو کارو چالاکییەکانمان پێناساندن و بەڕێزو حورمەتەوە بەڕێمان کردن.

بەدوای ئەمەدا سەرەتای هەنگاوی دووەمی ئەم تاوانەی حکومەتەکەی PUK و سەرۆکی کۆمپانیای ووشە لەوێوە دەستی پێکرد، کە چەند جارێک لە ڕێگای پارێزگاری سلێمانی ئەو کاتەوە کەوتبوونە بیانوو گرتن بە سەنتەرو هەرجارەو بەهانەیەکیان پێدەگرتین و یەک دووکەسیان دەناردە سەرمان، جارێک دەیانگوت شوێنی نووسینگەکەتان زۆر دیارو ستراتیجییەو دەبێت لەوێ بگوازنەوە، جاریکی تریش دەیانگوت ئێوە مەسەلەی لێدان و توندوتیژی لە دژی منداڵان زل و زەق دەکەنەوەو کۆمەڵگا دەترسێنن، بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی و شاردنەوەی ڕاستییەکانیش وەک کاری هەمیشەییان کەوتنە داتاشین و دروست کردنی بەڵگەی ناڕاست و فایل دروست کردن بۆمان، ئەمەشیان بە ئاشکرا لە بڵاوکراوەی کوردستانی نوێ و تەلەفیزیۆنی PUK وەو لە ڕێگەی حاکمێکی دەستوپێوەندی خۆیانەوە بە ناوی “حاکم ئاراس” ڕاگەیاندو هەواڵی خەتەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانیان بڵاو کردەوەو حوکمی قەدەغە کردنی کارو هەڵسوڕانمانیان ڕاگەیاند، دیارە ئەمەش بەدوای چالاکییە بەرچاوەکانی سەنتەر، دەرکردنی بەردەوامی بڵاوکراوەی دنیای منداڵان، کە هەمووی ڕەخنە گرتن بوو لە مامەڵەی خراپیان لە دژی منداڵان و ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵاتییاندا، پێشکەش کردنی بەرنامەیەک لە تەلەفیزیۆنی زەحەمەتکێشانەوە کە ماوەکەی دوو جاربوو لە هەفتەدا، و پاش دەرکردنی چەندین ڕاگەیاندن و پەردە هەڵدانەوە لەسەر هەموو ئەوتاوان وتوندوتیژیانەی کە لە سایەی دەسەڵاتی PUK و بە گشتی لە کوردستاندا لە دژی منداڵان ئەنجام دەدرێت، وە بە تایبەتیش دوای دەرکردنی ڕاگەیاندێک و سازدانی مەراسیمێکی شکۆدار لەسەرقەبران کە دەیان کەسی ئازادی خواز ئامادەی بوو بۆ ڕێزگرتن لە یادی منداڵێکی بۆیاخچی سەربڕوا بەناوی “ئازاد ئەبوبکر”، کە پاش ئیغتێاب کردنی، زۆر وەحشیانە لە پشتی ملەوە سەربڕابوو، وە لە قەبرسانی شێخ محێدین فڕێ درابوو.

ڕابەرانی یەکێتی نیشتمانی کە ئێستا سەری زمان و بنی زمانیان، باسی ئازادی و دیموکراسی و دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستانە، لە بری دەستنیشان کردنی تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان ، لە بری دانانی سنورێک بۆ ئەو هەموو تاوانانەی کە ڕۆژانە لە دژی منداڵان و ژنان ئەنجام دەدرێت، لە بری نواندی هەر هەڵوێستێکی شارستانی و مرۆی لەم بارەوە، لە بری ئەمانە مەترسی سەنتەری ئێمە و قەدەغەکردنی هەڵسوڕنمانیان ڕاگەیاند. پاش ئەمانەش ئیتر پەتی تەحەمولیان بچڕاو داگیرو تاڵان کردنی سەنتەریان کردە یەکێک لە تاوانەکانی تریان بۆ سەر ئازادی و مافی مرۆڤ.

سەبارەت بە چارەنووسی منداڵە بێسەرپەرشتەکان تا چەند ڕۆژێک دوای تاڵانکردنی سەنتەر، منداڵەکان هەرجارەو دەهاتنە ماڵی یەکێک لە ئەندامانی سەنتەرو لامان دەمانەوە، چونکە بێسەرپەرشت بوون هچ جێگەیەکیان شک نەدەبرد بۆی بچن و لە ئێمەش دور نەدەکەوتنەوە، هەربۆیە بۆ ئەوەی تووشی کێشەو گرفت نەبن چارەنووسیان بە نادیاری نەمێنێتەوە، بردمانن بۆ خانەی تێبینی لە سلێمانی و بەڕەسمی تەسلیم بەوانمان کردن. پاش هەفتەیەک منداڵەکان دیارنەمان و شوێنیان وونکرا، ئەمەش بەدوای ئەوەدا هات کە ئێمە (ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى Amnesty International) مان لە تاوانەکانی یەکێتی لە دژی سەنتەر ئاگادار کردنەوە، ڕێکخراوی ناوبراویش بەدەوری خۆی داوای چارەنووسی منداڵەکانی کرد و کەوتە فشارهێنان بۆ حکومەتەکەی یەکێتی لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژییەدا.

دوابەدواى ئەمانە لە ڕۆژى (29/7/2000) لیژنەیەکی نوێنەرایەتی سەنتەر لە هەوڵێکدا بۆ وەرگرتنەوەى نووسینگەی سەنتەرو چارەنووسى مناڵەکانء ئەرشیفء کەلءپەلى سەنتەر چوونە ئاسایشى ڕزگارى، هەفتەیەک دوای ئەوە بەڕێوەبەری ئاسایش بە نووسراوێکى ڕەسمى وەڵامیان داینەوە کە بە هیچ شێوەیەک بنکەى سەنتەر نادرێتەوەء کەلء پەلء ئەرشیفەکەشى دەستى بەسەردا گیراوە، سەبارەت بە مناڵەکانیش هیچ زانیاریەکیان پێ نەداینء وتیان نازانین.

ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وە ئەوانەی کە ئێستا باسی گۆڕان دەکەن و ئەودەستوپێوەندانەی تریان نەخشەیان بۆ داڕێژا، جگە لەوەی تاوانێکی میژووی تریان بۆخۆیان تۆمار کرد و ڕووی ڕاستی دژی ئینسانی و شارستانی خۆیان نیشان دا، سەرباری گرتن و زیندانی و ڕاوونان و هەوڵی شاربەدەر کردنی ئەندامان و ڕابەرانی چالاکی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان، نەیانتوانی دەمی ئێمە بگرن و کۆتایی بە کارو هەڵسوڕانی سەنتەری منداڵان بهێنن.

ئەوکات سنوری کارو چالاکی سەنتەری منداڵان لە سلێمانی و دەروبەری هەبوو، ئێستا سەنتەر لە سلێمانی، کەرکوک و بەغداد و دەرەوەی ووڵاتیش هەیەو چالاکانە کار دەکات. ئەوکات سەنتەر مالپەڕی نەبوو وە تەنها ڕێکخراوێکی محەلی بوو، ئێستا سەنتەر جگە لەوەی لە 2004 خاوەنی مالپەڕێکە بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سویدی، بووە بە ڕێکخراوێکی تاڕەدەیەک نێو دەوڵەتی و پەیوەندی لە گەڵ دەیان ڕێکخراوی مرۆیی جیهانی لە یابان، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، سوید و نەرویج و فنلند هەیە، ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە لۆکاڵییەکان. وە لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین پرۆژەی گەورەی لە کوردستان و عێراق بە هاوکاری چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (Sida) و (Olof Pamle Center) سویدی و (Zenko) یابانی بەئەنجام گەیاندووە بۆ دانی ووشیاری بەکۆمەڵگا سەبارەت بە مافەکانی منداڵان و ژنان، یەکسانی نێوان ژن و پیاو، مەسەلەی پەروەردەو فێرکردنی منداڵان لە عێراق و کوردستاندا، وە هەروەها ڕاهێنانی دەیان کەس لە مامۆستایان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە چەندین شاری کوردستان و عێراق لە پێناوی بە ئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگا لەبەرامبەر مافەکانی منداڵانداو نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی منداڵان و ژنان. کە خوێنەری ئازیز دەتوانێ بفەرموێ بۆ سەردانی مالپەڕی سەنتەر بۆ چاو خشانێک بە میژووی درەخشاوەی کارو هەڵسوڕانمان لە نۆ ساڵی ڕابردوودا.

بۆیە لە نۆهەمین ساڵیادی ئەم تاوانەی یەکێتی نیشتمانیدا، جارێکی تر سەرباری ئیدانە کردن و پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەم تاوانەو نیشاندانی ماهیەتی دژی ئازادی و ئینسانیان، داواکارین کە:

هەموو کەلوپەل و ئەرشیفی دەست بەسەرگیراوی سەنتەر بگەڕێننەوە.

قەرەبوو کردنەوەی هەموو ئەو زەرەرو زیانانەی کە لە سەنتەر کەوتووە.

دانی بودجەی مانگانە بۆ نووسینگەو ڕاپەڕاندنی کاروچالاکییەکانی سەنتەری منداڵان لە کوردستان.

ڕێز لە ڕاوبۆچوونی جیاواز بگرن و ئازادی کارو هەڵسوڕانی سیاسی قبوڵ بکەن.

دیاری کردنی چارەنووسی منداڵە بێسەرپەرشتەکانی سەنتەر، کە ماوەی 9 ساڵە بە نادیاری ماوەتەوە.

ڕاگەیاندن و پەسەند کردنی یاسایەکی مۆدێرن لە پەرلەمان بۆ ڕێزگرتن و بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵان.

بژی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

بژی مافەکانی منداڵان

سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

تەمموزی 2009

www.santarimnalan.com

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *