کوڵتووری ڕۆژئاوا (کوڵتوری ئەروپی) و کاریگەریەکانی !

نووسینی: سەردار عەبدوڵا

کوڵتوور وەک هەر دیاردەیەکی تر وەک زانست وتەکنۆلۆجیاو وفەلسەفە..هتد لە گۆڕانکاریدایە. کوڵتور ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیەیە کە تاکی کۆمەڵ ڕۆژانە بەکاری دێنێ لە ژیانیدا وەک پێداویستیەکی سەرەکیە بۆی. کوڵتوری ئەوروپایی بە کۆمەڵێک شۆڕش و ڕێنسانس توانیویەتی خۆی داتەکێنێ لە بیرو زیهنی خورافی ودینی وعەشیرەتی وناسیونالیستی. کۆڵتوری باو لە ئەوروپادا جیایە لە هەموو دین ونەتەوەکان. کۆڵتوری باو لە سوید هەمان کوڵتوری باوە لە ئەڵمانیاو فەرەنسا وبەریتانیاو ئەمەریکا وکەنەدا وئوستراڵیا ونیوزلاندا کۆریا ویابان و چین. لەم کوڵتورەدا تاکی کۆمەڵگا ئازادە تا ئەو ڕادەیەی کاریگەری نەبێ لەسەر ژیانی کەسانی تر. تاک ئازادە لە پۆشینی جلوبەرگ، ئازادە لەهەڵبژاردنی ژیانی پێکەوە بوون بە شێوەی هاوسەرگیری وهاوژینی وهاوڕەگەزی ویا بەشێوەی تر. خۆشەویستی ئازادە لە نێوان کوڕو کچ یا ژن وپیاو یا لە نێوان هاورەگەزەکاندا هیچ کەس وەک دایک وباوک وبراومام و ئامۆزا بۆی نییە رێگە بگرێ لە خۆشەویستی کوڕەکەیان یا کچەکە یان خۆشکەکەیان ئەگەر لە ١٨ ساڵ بەرەو سەرەوە بێت ئەو ئازادە چۆن ژیانی خۆی ‌دیاری بکات دەیەوێ هاوسەرگیری بکات یا خۆشەویستی هەبێ، هیچ مەرجێکیش وەک پارەو ئاڵتون و سامان و دین ومەزهەب ونەتەوە وعەشیرەت نەخشی نییە بۆ دروستکردنی ژیانی هاوبەش تەنها خۆشەویستی نەبێ. هیچ ژنێک لەسەر ناموس ناکوژرێ هەموو توندوتیژیەک دژی ژن یا مناڵ یا پیاو سزای خۆی هەیە. لەم کوڵتورەدا مافی ئینسان و ڕێزی ئینسان بە تایبەتی ڕێزی مناڵ ئەنجا ژن زۆر لەپێشە. مافی ئینسان بەبێ لەبەرچاوگرتنی زمانی یا نەتەوەی یا دینەکەی یا بێ دینیەکەی وەک یەکە. دین ونەتەوەپەرستی وەک مافی تاکە وهیچ کەس ئیجبار ناکرێ دین پەرست یا نەتەوە پەرست بێت. موزیک وئاهەنگ وسەما ئازادە، خەڵک ئازادە سەردانی باڕو و کلاب بکەن یا سەردانی مزگەوت وکەنیسەو پەرستگاکانی تر بکەن، بێ حورمەتیکردن بەو کەسانە ناکرێ. ژن وپیاو یا کچ وکوڕ لە زانستگاو کۆلێج وقوتابخانە پێکەوەن پێکەوەش دەچن بۆ مەلەوانگە وهۆڵی وەرزشی وگەشتی شاخ ودەریا. ژینگە پاراستن بووەتە کوڵتوری باو. چاندنی دار درەخت وگوڵ و سەوزی لە ماڵەکانداو لە شوێنە گشتیەکاندا وەک ئەرکێکی پێویستە و پاکوخاوێنی سەرجادە وشوینە گشتیەکانیش ئەرکێكی پێویستە، لەم کوڵتورەدا نەک ئینسان بەڵکو ئاژەڵێش ڕێزێكی گەورەی لێدەگیرێ. ئەم کوڵتورە باوە وای کردووە کە ئینسان بیرلە داهێنان بکاتەوە هەر ڕۆژەی داهێنانێکی زانستی لە ناوئەم کۆمەڵگەیانەوە سەر دەردەکات، تەکنولۆجیاش بەرەوپێشەوە دەڕوات. ئەم كوڵتورە مرۆڤ دۆستانەیە هەر بۆیە وەک ڕووباڕێک وایە کە ئاوەکەی دەگاتە هەموو ووڵاتێكی تری ئەم جیهانە وەک دەسکەوتێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وشارستانی هەر ڕۆژە ڕەگی خۆی زیاتر دائەکوتێ لەناو کومەڵگە دواکەوتوەکانیشدا، هەرچەندە کۆنەپەرستان بە هەموو جۆرەکانیەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەیانەوی پێشی پێبگرن و نەهێڵن بێت بەڵام ناتوانن و پاشەکشەیان پێ دەکرێ. ناتوانن بە بیانووی ئەوەی ئەوەی واقعیەتی کۆمەڵگە جیاوازە بەر بەهاتنی ئەم کوڵتورە بگرن هەروەک نەیانتوانی بەر بەهاتنی کارەبا بگرن لەبەر ئەوەی لەوێ چرا باوی بووە هەروەک ناتوانن بەر لە تەلەفۆن وئایفۆن وئەنتەرنێت بگرن هەرئاواش ناتوانن بەر لەهاتنی ئەم کوڵتورە بگرن. نە دین نە نەتەوەپەرستان ونە عەشایرەکان نە مەزهەب وتایفەکان ناتوانن بەر بەهاتنی ئەم کوڵتورە بگرن لەوانەیە کاریگەری ئەوەیان هەبێت کە هێواشی بکەنەوە، بەڵام سەرەنجام هەر دێت و دەبێتە کوڵتوری باوی کۆمەڵگە. چاوێ بگیڕێن بە کۆمەڵگەی کوردستاندا گەرچی کۆنەپەرستان ویستویانە بەربەست بن بەڵام نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن. دیاردەی ژن کوشتن لەسەر ناموس هەرچەندە کاریگەریە خراپەکانی کۆنەپەرستانی لەسەرە لە هەندێ شوێنی کوردستاندا ئەنجام دەدرێ، بەڵام لە هەندێ شوێنیش ئەم دیاردەیە نەماوە وەک ناوچەی هەورامان وهەڵەبجە، دیاردەی هەڵبژاردنی ژیانی هاوسەرگیری وخوشەویستی لەسەر خواستی هەردولا بە ئازادانە لە پەرەسەندندایە و ژن بە ژنە وشیربایی و مارەەیی لە پاشەکشە دایە، زەواجی مەدەنی ڕووی لە هەڵكشاندایە بە تایبەتی لەم دوایانەدا لە ڕۆژئاوای کوردستان (کوردستانی سوریا)وا خەریکە دەبێتە کولتوری باو کە ئەمە هەمان شێوەی زەواجە لە ئەوروپا. کوڕان و کچان لە زانستگا وکۆڵێجەکاندا پێکەوەن تەنانەت لەم دوایانەدا کوڕان کچان لە سلێمانی پێکەوە دەچون بۆ مەلەکردن وبۆ گەشتی شاخ. لە بواری موزیک ژنان بە کلیپی پێشکەوتوانە لە تەلەفزیۆنەکاندا دەردەکەون کە هیچ جیاواز نییە لە کلیپە ئەورپیەکان بۆ کوڕانی گۆرانی بێژیش هەروەها، جاران گۆرانی بێژی ژن لە پەنجەی دەست زیاتر نەبوون ئێستا لە ژمارە نایەن، جاران ئەگەر ژن لە کلیپی گورانیەکانا هەبوایەن ئەوا یا عەرەب بوون یا بیانی وەک گۆرانیەکانی فواد ئەحمەد وشەماڵ صایب، بەڵام ئێستا ژنی کورد لەم بوارەدا لە ژمارە نایەن، جاران لە شانۆکان و نواندنە تەلەفزیۆنیەکان پیاو دەوری ژنی دەبینی وەک عومەر چاو شین ئێستا ئەو ژنانەی لەم بوارەدا کار دەکەن لە ژمارە نایەن. بێژەری ژن بە هەمان ستایڵی جلوبەرگی بێژەرە ئەوروپیەکانەوە دەردەکەون لەسەر شاشەی کەناڵەکانیانەوە. جاران توندوتیژی دژی مناڵان لە قوتابخانە لە ئاستێکی باودا بوو ئێستا دەگمەنە، ژینگە پارێزی زۆر ڕووی لە سەرەوە کردوە لەچاو جاران، ئاژەڵ بە خێو کردن لە ماڵاندا بوەتە شتێکی باو وەک بە خێوکردنی سەگ وپشیلە جاران ئەمە نەبوو. پەرەسەندن وگەشەی کوڵتوری ڕۆژائاوا یا بڵێین کوڵتوری ئەورپایی لە کوردستاندا بە ڕووخاندنی دیوارەکان بووە، بەڕووخاندنی دیواری عەیبە وشورەیی و دیواری واقعی جیاوازو بڕوبیانوی پوچی تر بووە لەلایەن کەسانی کۆمۆنیست وچەپ وپێشکەوتووخوازو ئازادیخوازەوە هەروەها لەلایەن کەسانێکەوە بووە کە نەترس و بە جەربەزە بوون. بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان زۆر پێویستی بە هەموو ئەو کەسانە هەیە تا ببێتە کۆمەڵگەیەک کە هیچی کەمتر نەبێت لە کۆمەڵگە ئەوروپیەکان یا کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان لەبواری کولتورو زانست وداهێناندا.

١٧/٧/٢٠١٧

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩ بەرواری ١/٨/٢٠١٧ دا بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *