ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیاری یونامی لە هەولێر کۆبویەوە

 

لەسەر داوای ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بۆ کۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یونامی لە عێراق دەربارەی ڕیفراندۆم و ئاستەنگەکانی، بەڕێز
(Ricardo Rodriguez) سەرپەرشتیاری یونامی لە کوردستان بە سوپاسەوە داواکەی پەسەند کرد و رۆژی چوارشەممە ٢٣ئاب٢٠١٧ شاندێکی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، کە پێکهاتبون لە (عەلی مەحمود، خەسرەو سایە، دەشتی جەمال و حەمە غەفور) لەگەڵ بەڕیزیان کۆبونەوە لە ئۆفیسی یو ئێن لە شاری هەولێر. کۆبونەوەکە کاتژمێر و نیوێک درێژەی کێشا و گفتوگۆی تێر و تەسەل کرا لە بارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم و ئاستەنگەکانی و بەتایبەتیش سەبارەت هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە لە ڕاگەیاندنێکدا پێشتر ڕونی کردۆتەوە دورەپەرێزی دەگرێ لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەرپەرشتی پرۆسەکە ناکەن تا کاتێک کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕێکدەکەون.

سەرەتا دەشتی جەمال وێڕای سوپاسگوزاری بۆ دیدارەکە و ناساندنی ئەندامانی شاندەکە ڕاپۆرتێکی کورت و پوختی دەربارەی دامەزراندنی ناوەند و ئامانج و کارەکانی پێشکەش کرد. هەروەها لە چوارچێوەی نامەیەکدا کە چەند داخوازی لە خۆگرتوە و بۆ ئەم دیدارە تایبەت کرابوو، داوای کرد پرسی ڕیفراندۆم دەرفەتێکە بۆ چارەسەرێکی عادیلانە و دیموکراسیانەی کێشەی کورد لە عێراق، بۆیە پێشنیاز دەکەین ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کە لە جاڕنامەی گەردونیی خۆیدا مافی دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەکانی بە ڕەسمی ناسیوە، بایەخی تەواو بەم پرۆسەیە بدات و سەرپەرشتی و چاودێری ڕەسمی ڕیفراندۆمی کوردستان بکات.

بەڕێز ڕیکاردۆ لە وەڵامدا، هەڵوێستی یونامی لە بارەی ڕیفراندۆمەوە باسکرد و چوارچێوەی سنوری دەسەڵاتەکانی سەبارەت پرسێکی گەورەی وەکو ڕیفراندۆم خستەڕوو بە گوێرەی کارنامەی ساڵانەی خۆیان لە عێراق ولەچوارچیوەی ئەو ئەرکانەی پیسپێردراوانەی یونامی ئەو وتی، ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێستادا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدایە و ڕیفراندۆم دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ئێمەدا. بۆیە ناتوانین پشتیوانی بکەین لە پرۆسەکە. یونامی کارنامەی ساڵانەی بۆ دیاریکراوە و سنوری دەسەڵات و تواناکانی پابەندی باڵانسی سیاسی نێوان زلهێزەکانی جیهانە و ڕۆڵی ئەوان لەژێر هێژمونی ئەو باڵانسە سیاسییە و چۆنێتی ئاڵوگۆڕیدایە و ناتوانن لێی تێپەڕن. بە تایبەتی لە پەیوەند بە پرسی ڕیفراندۆمەوە. بەڕێزیان باسی ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی کرد لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێنج ئەندامە سەرەکەییەکەی ڕیکخراوی نەتەوەکان بۆی دیاریکردوە. پوختەی وەڵامی بەڕێزیان بە پێشنیازەکەی ناوەندی سەربەخۆیی بۆ سەرپەرشتی کردنی پرۆسەکە ئەوە بوو، تا کاتێک حزب و هێزەکانی کوردستان یەک دەنگ نەبن و کێشەکانی نێو خۆیان چارەسەر نەکەن و پێکەوە لە گفت و گۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند سەبارەت ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم نەگەنە ڕێکەوتێکی هەمەلایەنە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێلایەن دەبێ و ڕۆڵی چاودێر و سەرپەرشتیاری پرۆسەکە ناتوانن بگێڕن.

شاندەکە لە ڕاستای جەختکردنەوەیان لەسەر بایەخی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەروەها دەربارەی گرنگیی ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەم پرۆسێسەدا وەکو چاودێر و سەرپەرشتیار ڕونکردنەوەی پیویستیان خستەڕوو. شاندەکە باسی بەشداری یو ئێنی کرد لە ڕیفراندۆمی هاوشێوەدا لە جیهان و داوای کرد ئەم ڕێکخراوە پابەند بێ بە جاڕنامەی پەسەندکراوی خۆیەوە دەربارەی مافی چارەنوسی نەتەوەکان. هەروەها دوپاتکرایەوە کە یو ئێن هەر لە ساڵی ١٩٩١ـەوە لە عێراق و کوردستان بونی هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕوداو و پێشهاتەکانە و دروست ئەوەیە هەڵوێستی پاڵپشتی لەم ڕیفراندۆمە بگرێتەبەر نەک بێلایەن بمێنێتەوە. سەبارەت جەختکردنەوەی بەڕێز ڕیکاردۆ دەربارەی ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات، شاندەکە باسیان لەوە کرد، لە سەد ساڵی رابردودا هیچکات دەوڵەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە کوردستان بکەن بە بەشێکی ئەنتیگرەی عێراق و هەمیشە ئەو دەوڵەتانە هێرشی سەربازی و توندوتیژیان بەرانبەر خەڵکی کوردستان بەکارهێناوە و بە زەبری هێز کوردستان لکێنراوە بە عێراقەوە. کوردستان لە حەفتا ساڵی رابردودا هەمیشە کۆمەڵگایەکی جیاواز لە عێراق بوە و بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی قەومییەوە ڕکابەری و پێکدادانی بەردەوام لە کوردستان ژیانی هاوڵاتیانی تێکداوە و بەرەوڕوی جەنگ و ئەنفال و کیمیاباران بونەتەوە. ئێستاش کە فیدڕاڵییەت شکستی هێناوە و حکومەتی ناوەندی توانای نییە عیراق وەکو کۆمەڵگایەکی ئاسایی دامەزرێنێ و بەڕێوەی ببات، بەشێکی زۆر لە حزبە کوردییەکان هاتونەتە پای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەی هاوژینی کوردستان لەگەڵ عێراق. ئێستا قسەکردن لە عێراقێکی یەکپارچە لە هەمو کات زیاتر دورە لە ڕاستی و واقعییەتەوە. زیاتر ڕەنگدانەوەی کێبەرکێی زلهێزەکان و دەوڵەتانی دەوروبەرە نەک ڕێگاچارەیەکی جیگا نیازی هاوڵاتیان بێت. لەسەر ئەم بنەمایانەوە شاندی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان جەختی کردە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و داوای کرد کە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم ڕیفراندۆمە بە ڕەسمی بناسێ و بەکردەوە بێتە پای ئەوەی سەرپەرشتی و چاودێری بکات بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە بچێتەپێشەوە.

لە کۆتاییدا دەشتی جەمال نامەی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، کە تایبەت بوو بەم سەردانەی دایە بەڕێز سەرپەرشتیاری یومانی و داوای کرد ڕەچاوی ڕەوشی نالەباری هاوڵاتیانی کوردستان بکەن و هاوکاری ناوەندی پرۆسەکە بکەن. هەروەها بە ناوی شاندەکەوە سوپاس و پیزانینی خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆ گفتوگۆ سەبارەت چۆنێتی ئەنجامدانی راپرسی و ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان. بەمجۆرە شاندی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ سەرپەرشتیاری یونامی لە کوردستان و پێداگرییان بۆ تێکۆشان لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکە کۆتاییان بە دیدارەکە هێنا.

ناوەندی سەربەخۆی کوردستان

٢٤ ئاب ٢٠١٧

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *