ڕوماڵێکی پوختی کۆڕی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان  لە شاری کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ ئاب ٢٠١٧ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شاری کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە سەرپەرشتی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کۆڕێکی سیاسی بۆ هەریەک لە هاوڕێیان، شەماڵ ڕەئوف، حەمە غەفور و دەشتی جەمال بەڕێوەچوو. کۆڕەکە ٢ کاتژمێری خایاند و کۆمەڵێک لە هاوڵاتیان و گەنجانی دەڤەرەکە ئامادەی بوون.

دەستپێک هاوڕێ شەماڵ ڕەئوف دوای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەکان، دەروازەی کارنامەی کۆڕەکەی کردەوە. سەرەتا کاک شەماڵ بەشێوەیەکی کورت و پوخت ناوەندی سەربەخۆیی کوردستانی ناساند و ئامانج و کارەکانی دەستنیشانکرد. هەروەها حەوت خاڵە سەرەکییەکەی بانگەوازی ڕاگەیاندنی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستانی بۆ ئامادەبوان خوێندەوە و ڕونکردنەوەی پێویستی دەربارەیان پێشکەش کرد. لە درێژەدا مایکی خستە بەردەست حەمە غەفور بۆ پێشکەشکردنی باسەکەی. ئەویش باسەکەی خۆی لە دوو تەوەری سەرەکیدا پێشکەش کرد لە ماوەی ٢٠ خولەکدا. تەوەرەکان بریتی بوون لە؛ بۆچی ڕیفراندۆم لە ئێستادا گرنگە؟ وە ئایا سەربەخۆیی ڕێگاچارەی گونجاوە بۆ بەلاداخستنی کێشەی کورد لە عێراق؟ لەم چوارچێوەیەدا چەند خاڵی گرنگی مێژوی سەرهەڵدانی کێشەی کورد و پەرەسەندنی بۆ ئاستی جیاکاری و ڕکابەرییەکی قەومی نێوان نەتەوە سەرەکییەکانی عێراقی باسکرد و ئاماژەی کرد بەو هەلانەی ناسیونالیزمی کوردی لەدەستیانداوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. دوا وێستگەی باسەکەی جەختی کردە سەر بایەخی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕای هاوڵاتیان وەکو گونجاوترین و عادلانەترین ڕێگاچارەی کێشەی کورد و هاوژینی کوردستان لەگەڵ عێراق.

ئینجا نۆرەی دەشتی جەمال هات و ئەویش لەژێر دوو تەوەری دیاریکراودا باسەکەی خۆی پێشکەش کرد. تەوەرەکان ئەمانە بوون؛ دەبێ چی بکەین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ سەربەخۆیی؟ وە ڕۆڵی خەڵک و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان چییە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا؟ هاوڕێ دەشتی بە ووردی ڕوونی کردەوە کە ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ پەیوەندگرتن لەگەڵ لایەنە جیهانییە پەیوەنددارەکانی چەشنی یو ئێن، سەفارەتی وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە پەیوەنددارەکانی جیهان. هەروەها لە تەوەرێکی تردا باسی لە ڕۆڵی هاوڵاتیان کرد بێنە ڕیزی ناوەندی سەربەخۆییەوە و پاڵپشتی بن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە حەوت خاڵییەی ڕایگەیاندوە، کە خاڵی جەوهەرین بۆ بەڕیوەچونی ڕیفراندۆمێکی ئازاد و سەردەمیانە. هاوڕێ دەشتی جەختی کردە سەر ڕۆڵ و بەشداری جددی هاوڵاتیان لە سەرخستنی پرۆسەیەکی شارستانیانەی ڕیفراندۆم و ئامادەییان بەشێوەی ڕێکخراو بۆ بەرگری لە ئاکامی ڕاپرسی و تێکۆشانیان لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە کرد ڕۆڵی خەڵک دەتوانێ ناسنامەی دەوڵەتی کوردستان سیکیۆلار و ناقەومی بێت. دەوڵەتی کوردستان دەبێ دەوڵەتی هاوڵاتیانی دانیشتوی سنورەکانی کوردستان بێت بە ناوچە جێناکۆکییەکانیشەوە بە شێوەی یەکسان وە ماف و ئازادییەکانیان هەموار و دەستەبەر بکات بۆیان.

ئینجا نۆرەی بەشداری و پرسیاری میوانەکان هەموار کرا و ئەوانیش بەشێوەیەکی ئازاد و دیموکراسیانە هەم پاڵپشتیان بۆ ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند و فۆڕمی تایبەتی ئەندامبونیان پڕکردوە، هەم ڕا و بۆچونی خۆیان دەربارەی کۆڕەکە خستەڕوو، هەم سەرنج و ڕەخنەکانیان ڕاشکاوانە بەیان کرد. جێگای خۆشحاڵی بوو بۆمان بیر و ڕای جیاواز دیالۆگێکی جوانی لێکەوتەوە و بەشداری گەرمی میوانەکان لە کەش و هەوایەکی دۆستانەدا کۆڕ و باسەکانی دەوڵەمەندتر کرد.

شایانی ئاماژەیە لە نێو میوانەکاندا ١٨ کەس فۆڕمی ئەندامەتی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستانیان پڕکردەوە و بونە ئەندام. ئەمەش ڕێگای خۆشکرد بۆ دروستکردنی ستافی ناوەندی ئیدارەی گەرمیانی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان. بڕیار وایە بە خێرایی کۆبونەوە ئەنجامدەن و بەڕەسمی پێکهاتنی ستافی ناوەند لەو دەڤەرە ڕابگەیەنرێ.

کۆتا بڕگەش بەهۆی کەمی کات و زۆری سەرنج و پرسیارەکانەوە هاوڕێیانی کۆڕگێڕ بە کورتی و پوختی وەڵامیان بە پرسیار و سەرنجە جەوهەرییەکانی تایەبت بە ڕیفراندۆم دایەوە و لە کەشێکی تەواو خوازراودا کۆڕەکە کۆتایی هات. هاوڕێ شەماڵ سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەشداری و زەحمەتێک کێشایان، وە کۆتاییهاتنی کۆڕەکەی ڕاگەیاند.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان.
٢٨ ئاب ٢٠١٧

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *