گفتوگۆی هاوپشتی لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد دەربارەی پرسی ڕێفراندۆم و بڕیاری ڕیفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧

پرسی ڕیفراندۆم و بڕیاری ڕیفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧ جێگای باس و جیاوازی بۆچوون و تێڕوانین و هەڵوێستگیریەکان، بۆتە باسێکی گەرم لە کۆمەڵگای کوردستان و لە نێو هێزە سیاسیەکاندا. ئەم باسە جێگای هەڵوێستەکردن و تێڕامانی زۆرە.
سایتی هاوپشتی لە پێناوی باس و گفتوگۆیەکی مۆدێرن لەسەر ئەم پرسەدا. بەپێویستی زانی چەند گفتوگۆیەکی سیاسی لەگەڵ چەندین هەڵسوڕاوی سیاسی و خاوەن ڕاو هەڵوێستگیری سیاسی ئەنجام بدات . سوپاس بۆ وەڵامدانەوە و بەشداربوانی ئەم تەوەرە.

دەقی گفتوگۆی هاوپشتی لەگەڵ بەڕێز ڕێبوار ئەحمەد دەربارەی پرسی ڕێفراندۆم و بڕیاری ڕیفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧

هاوپشتی:  بڕیارە ڕیفراندۆم لە ٢٥-٩ دوای چەند هەفتەیەکیتر ئەنجامبدرێ، ئەم بانگەشە و بڕیارە دابەشبوونێکی فراوانی لە کۆمەڵگای کوردستان پێکهێناوە. سەرەتا پێمانخۆشە ڕای ئێوە بزانین لەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە لە ٢٥-٩ بەڕێوەبچێت؟

رێبوار ئەحمەد:  ڕیفراندۆم بۆ بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەوەی دەیانەوێ لەگەڵ عێراق بمێننەوە یان جیابنەوە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن، مافێکی حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستانە. من وەکو ڕای خۆم بە پێویستم دەزانی ماوە و کاتی زۆرتر بۆ ئامادەکاری ڕیفراندۆم و ئامادەکردنی ڕای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیارێکی هەڵسەنگێندرا تەرخان بکرێت، بەڵام لەو رووەوە کە هەمیشە دەیان کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پیادەکردنی ئەم مافەی خەڵکی کوردستان دروستکراوە و بەریپێگیراوە، بۆیە پێم گونجاوم نەبوو ئەم فاکتەرە بکرێتە هۆکار بۆ لەدەستدانی ئەو دەرفەتەی دەستیداوە.
دابەشبون لە کۆمەڵگای کوردستاندا لەسەر ئەم پرسە دیاردەیەکی ئاساییە، هەر ئەمڕۆش نیە کە پێکهاتووە، لە ٢٢ ساڵ پێش ئێستاوە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەم ڕێگایەی وەکو چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد و سەرگەردانی کوردستان پێشنیار کرد، دەستی پێکردوە. لەسەر ئەم پرسە بە چەک پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دراو هەڵسوڕانی قەدەغە کرا. راستە ئاستی دابەشبونەکە بە ئەندازەی ئێستا نەبوو، بەڵام لەو دەورانەوە کێشمەکێش لە نێوان کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم لەسەر ئەم پرسە دەستی پێکردوە. دابەشبونەکەی ئەمڕۆش لە ڕاستیدا و لە بنەڕەتدا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم نیە، بەر لە هاتنەگۆڕێی ئەم باسە ئەو دابەشبونە هەتا لە ئاستی فراوان و توندتردا لە ئارادا بوو وەکو کێشەی ناوخۆی بۆرژوازی کورد لەسەر دابەشکردنی داهات و دەسەڵات. کاتێک مەسەلەی ڕیفراندۆمیش هاتەگۆڕێ دیسان لە چوارچێوەی ئەو دابەشبونەی پێشتردا مامەڵەی لەگەڵ کرا. بۆیە دابەشبونەکە لەسەر ڕیفراندۆم نیە، بەرلەوە هەبوە، بەڵام سیاسەتی نابەرپرسانەی هەردوو جەمسەری ناسیۆنالیستی کورد وایکردووە کە خواست و مافی ڕیفراندۆمیش بکەن بە قوربانی بەرژەوەندە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان و بیخەنە ناو کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی نێوان خۆیانەوە. بە بڕوای من نە پارتی و بارزانی و یەکێتی و نە گۆڕان و ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی، هیچیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە لایەنگری یان دژایەتی ڕیفراندۆمی ٢٥ سەپتەمبەر ناکەن و هیچ ماوف و بەرژەوەندیەکی خەڵک لەو کێشمەکێشەدا جێگای نیە.
من لە ڕوانگەی خۆمەوە دەستەبەربونی مافی خەڵکی کوردستان و کۆتایهێنان بە گرێی سەرەتانی کێشەی کورد و ڕق و کینە و بەرامبەرکێی قەومی، هەرکات دەرفەتێک دەستیدا بۆ ڕیفراندۆم پێویستە هەوڵبدرێت بقۆزرێتەوە و لە ئەجندای جەمسەر و هێزە کۆنەپەرستە جیهانی و محەلی و ناوچەییەکان دور بخرێتەوە و هەوڵبدرێت بە قازانجی خەڵک و ئازادی و جەماوەری کرێکار و ستەمکێش بە سەرئەنجام بگات. دوابڕیاریش لەسەر ڕیفراندۆمی ٢٥ سەپتەمبەر دەکەوێتە سەر ئەوەی کە گشت پرۆسەکە چۆن بەڕێوە دەچێت؟ چەندە بواری ڕادەربەین و پڕوپاگەندە بە هەموو لایەنەکان و بۆچونە جیاوازەکان دەدرێت؟ چەند پرۆسەیەکی دور لە زەخت و بەکارهێنانی هێز دەبێت؟ چەند گوزارشت لە ڕای خەڵک دەکات؟ من چاوەڕوانی ئەوە ناکەم لە سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازیدا ئەویش لە جۆرە میلیشاییەکەی ریفراندۆێیکی بە واقعی ئازاد بەڕێوەبچێت، گومانم لەوە نیە کە پێشێلکاری زۆر دەکرێت، بەڵام ئەگەر لانی کەم بە پێوانەی دەنگدان و هەڵبژاردنێکی بۆرژوای بەڕێوە بچیت، باشترە لەوەی ئەم پرسە بەشەڕ و کێشە یان لەسەروی خەڵکەوە بەندوبەستی پێبکرێت.

هاوپشتی: لایەنگرانی ڕیفراندۆمی ٢٥-٩ ئەم پرۆژە سیاسیە وەک ڕێگاچارەی مەسەلەی میللی لە کوردستان پشتگیری لێ دەکەن. ئەمڕۆ مەسەلەی میللی لە کوردستان چییە؟

رێبوار ئەحمەد: وا باشترە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت سەرنج لە بڕگەیەکی بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری (دنیایەکی باشتر) بدەین. لەویدا هاتووە دەڵێ ” له‌و حاڵه‌تانه‌دا که‌ پێشینه‌ی سته‌می میللی و دژایه‌تی نێوان خه‌ڵکی سه‌ر به‌ میلله‌ته‌ جیاجیاکان پێکه‌وه‌ ژیانی ئه‌وانی له‌ چوارچێوه‌ ولاتییه‌کانی ئێستادا دژوار و پڕ له‌ ده‌رده‌سه‌ری کردووه‌، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری مافی جیابوونه‌وه‌ی میلله‌تانی سته‌ملێکراو و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ ڕای خودی ئه‌و خه‌ڵکه‌، به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ. ” دروست ئەمە مانای مەسەلەی میللی و کێشەی کوردە لە ئێستای کوردستانی عێراقدا. پێویست نیە لەوە زیاتر لەسەری بڕۆم چونکە لە زۆر بابەتی تردا هەمەلایەنەتر ئەمەم ڕوونکردوەتەوە کە ئەمڕۆ مانا و ناوەڕۆکی مەسەلەی کورد و مەسەلەی میللی دوای نەمانی ستەمی میللی چ ئاڵوگۆڕێکی بەسەرهاتوە و بۆچی ئەم کێشەیە هەر بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە. تەنها ئەوەش بڵێم کە بزوتنەوەی ئێمە هەمیشە ئەو راستیەی ڕاگەینادوە کە مەسەلەی میللی بە فیدراڵیزمی قەومی چارەسەر نابێت بەڵکو بەم جۆرە ئەبەدیەت پەیدا دەکات. ئێستا ئێمە خەریکین ئەنجامی ڕاستی ئەو لێکدانەوەیە دەبینین.

هاوپشتی:   دەمەوێ کۆنکریتر قسە بکەیت، لە عێراقی تازەدا ستەمی میللی بۆ خەڵکی کوردستان لە چی بەرجەستە دەبێتەوە؟

رێبوار ئەحمەد:  زۆر زۆر کۆنکریت بڵێم لە هیچدا! ستەمی میللی بونی نیە، ئەتوانم بڵێم بۆرژوازی کورد ئیمتیازیشی هەیە، هەم بەشی خۆی دەخوات و هەم لە دەسەڵات و داهاتی ناوەندیش داوای بەش دەکات. بەڵام ئەم دابەشکاریەی دەسەڵات لەسەر بنەمای قەوم و تائیفە، ڕق و کینە و دوبەرەکیەکی گەورەی لە ناو خەڵکی سەر بە نەتەوە و دین و تائیفە جیاوازەکان پێکهێناوە، ئەوان توانیویانە ئەم ئاڵا کۆنەپەرستانە بدەنە دەست خەڵکەوە و بیانکەن بە لەشکری پیادەی کێشمەکێشەکانی خۆیان .هەر بەم جۆرە توانیویانە تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە پێناو مافەکانیان لە دژی بۆرژوازی خۆیی، بەلاڕێدابەرن و ئاسۆ و ئاراستەکەی بگۆڕن بە هاوخەباتی کرێکار و بۆرژوازی کورد دژی دەوڵەتی ناوەندی و “نەتەوەی عەرەب”.
ئەم فریوکاریە دەبێ تەواوبێت، ڕێگای دەستەبەربونی مافەکان و ڕزگاری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان ئاراستەکردنی خەباتی ئەوانە دژی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی. چارەسەری کێشەی میللی کۆمەک بەمە دەکات.

هاوپشتی:  پرسیارێک لەسەر کاردانەوە و هەڵوێستی خەڵک لەبەرامبەر پرسی ڕیفراندۆمی ٢٥-٩ دا، زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندایە، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵک ڕیفراندۆمی ٢٥-٩ ڕەتدەکەنەوە، قەبوڵیان نییە، ئەوە بۆ چی؟

رێبوار ئەحمەد:  من هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی و ستەمکاری بۆرژوازی کورد بە تایبەتی بارزانی و پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ لە پشتی ڕیفراندۆم ڕاوەستان. ئەم دەسەڵاتە و هێزەکانی ئەوەندە دەرد و محنەت و کارەساتیان بەسەر خەڵک هێناوە، ئەوەندە خەڵک ئارەزوی ڕوخانیان دەکات، هەر ئەلتەرناتیوێک ئەوان پێی بڵێن باش لای خەڵکێکی زۆر ناپەسەندە. بێگومان وەکو هەمیشە ستەمکاری دەسەڵات فەزایەک دروست دەکات و ڕوانگەیەک بەهێز دەکات کە پێی وایە هەرچی دەسەڵات و چەوسێنەران وتیان پێچەوانەکەی ڕاستە. جاری وا هەیە توڕەیی لە دەسەڵات خەڵکێکی زۆر بەرەو لایەنگری لە کۆنەپەرستانەترین و کارەساتبارترین ئەلتەرناتیو دەبات. بۆ نمونە هەر لەم ڕوانگەیەوە لە ئاستێکی فراواندا خەڵک خۆشباوەڕ و هەتا لایەنگری جەنگی ئەمریکا بوون لە دژی عێراق، تەنها بۆ ئەوەی ڕژێمی بەعس بڕوخێ. بەڵام بینیمان لە ئاکامی ئەم جەنگەدا هەر ماف و ئاسەوارێکی ژیانی مەدەنی کە لە دەستی ڕژێمی سەدام ڕزگاری ببوو بەو جەنگە و سیناریۆکانی ئاکامی ئەوە جەنگە خاپور و وێرانبوو.
جگە لەمە ڕۆڵی هێزەکانی دیکەی بۆرژوازی کە لە بنەڕەتەوە لەسەر بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهات کێشەیان هەیە لەگەڵ دەسەڵات، ڕۆڵیان هەیە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک. بە مانایەکی تر ئەوان زۆر هەلپەرستانە دەیانەوێ باجی خۆیان وەرگرن لە مەسەلەی ریفراندۆم. دەیانەوێ دەسەڵات بکێشنە ژێرباری داواکانی خۆیان و لەم بارەیەوە باکیان لەوە نیە کە پرسێکی گرنگی کۆمەڵگا بکەن بە قوربانی ئەم مەرامە.

هاوپشتی: ئایا ڕێگا چارەی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان بۆ چارەسەری مەسەلەی میللی جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیە؟

رێبوار ئەحمەد:  نەخێر! بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم بارەیەوە دەڵێ” وه‌کو مه‌بده‌ئێکی گشتی، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خوازیاری پێکه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵکی سه‌ر به‌ میلله‌ته‌ جیاجیاکانه‌ وه‌کو هاووڵاتیانی ئازاد و خاوه‌ن مافی یه‌کسان له‌ چوارچێوه‌ وڵاتییه‌ گه‌وره‌تره‌کاندا که‌ سازدانی ڕیزی به‌هێزی کرێکاری له‌ مه‌یدانی خه‌باتی چینایه‌تیدا ئاسان ده‌کات…”
بەڵام لە جێگایانە و لەو حاڵەتانەی کە ستەمی میللی یان پێشینەی ستەم و هەڵاواردنی میللی یان دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان خەڵکانی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی بە ئاستێک گەیاندبێت، کە پێکەوە ژیانی ئەوانی لە چوارچێوەی یەک وڵات و یەک دەوڵەتدا سەخت و دژوار و پڕ دەردەسەر کردبێت، کۆمۆنیزم مافی جیابوونه‌وه‌ بۆ ئەو میلله‌تەی سته‌ملێکراو و هەروەها پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ ڕای خودی ئه‌و خه‌ڵکه‌، به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ. دەربارەی لایەنگری لە جیابونەوە، کۆمۆنیزم له‌ هه‌ر بڕگه‌یه‌کدا بە لێکدانه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ هه‌لومه‌رجه‌کە له‌سه‌ر بناغه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تێکڕای چینی کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش لایەنگری لە جیابونەوە ده‌کات. واتە لە ڕاستیدا لایەنگری لە جیابونەوە بۆ کۆمۆنیزم بە ناچاریە لەو هەلومەرجانەدا کە پێکەوە ژیان سەخت و دژوار و پڕکێشە دەبێت. بۆ نمونە ئێستا لە عێراق لە سایەی دەسەڵاتێکی قەومی و تائیفی و فیدراڵیزمی قەومی و بەو کێشە و دووبەرەکیەوە کە لە نێوان خەڵکانی کورد زمان و عەرەب زمان دروست کراوە، ئەویش لەو فەزایەدا کە نوقمی جەنگ و تیرۆر و سیناریۆی کارەساتبارە، کۆمۆنیزم بە ناچاری سەربەخۆیی بە چارەسەری کارساز دەزانێت.

هاوپشتی:  لەباری تاکتیکەوە،ئ ایا ئەم تاکتیکە خزمەت بەوە دەکات دەوڵەت لە کوردستان دروست بێت ؟ ئامانجی ئەم ڕیفراندۆمە سەربەخۆیی کوردستانە؟

رێبوار ئەحمەد:  ئەگەر لە بەشی کۆتایی پرسیارەکەتەوە دەست پێبکەم دەڵیم نەخێر! نابێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت! بەڵکو ڕاپرسی خەڵکە لە نێوان دوو هەڵبژاردەی مانەوە یان جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ. من پێموایە ئەو جەدەلە هەر لە بنەڕەتەوە نادروستە کە ئەوە دەکاتە بنەمای هەڵوێستی خۆی کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە یان نا؟ یان ریفراندۆمی بە مەرجی ئەوە قبوڵە کە بۆ سەربەخۆیی بێت. تەنانەت مەرج نیە ئەو لایەنەی پێشنیار یان لایەنگری ڕیفراندۆمە لایەنگری سەربەخۆییش بێت. پێشتر باسم کرد کە کۆمۆنیزم لە کاتێکدا پێشنیاری ڕیفراندۆم بۆ ئەم جۆرە کێشانە دەکات کە خۆی بە شێوەی مەبدەئی و وەکو قاعیدە لایەنگری مانەوە و پێکەوە ژیانە، بە شێوەی ئیستسنا و بە قەید و شەرتەوە لایەنگری جیابونەوە دەکات. بەڵام بەدەر لەوەی پێشنیاری خۆی بۆ کام هەڵبژاردە دەخاتەڕوو، پێداگری لەسەر ریفراندۆم و بەرگریش لە جێبەجێ کردنی ئەنجامەکەشی دەکات وەکو میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەم جۆرە کێشانە. هەرکەس و هەر لایەنێک ئازادە خەڵک بۆ کام هەڵبژاردە بانگەواز دەکات. من بە کاری خۆم نازانم خوێندنەوە بۆ نیەتی هیچ هێزو لایەنێک بکەم. ئەوەی بۆ من گرنگە بۆ کۆتایهینان بەم کێشەیە ڕیفراندۆمێک دور لە زەخت و زۆر ئەنجام بدرێت و ڕاپرسی بە خەڵک بکرێت. کۆمۆنیزم لەم هەلومەرجەی ئیستادا دەبی لایەنگری لە جیابونەوە و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی غەیرە قەومی و سیکیولار بکات. ئەگەر هەموو حزب و لایەنەکانی تر لایەنگری مانەوە بن لەگەڵ عێراق تۆزقالێک لەم مەسەلەیە ناگۆڕێ. گومانیشم لەوە نیە کە هەر حزب و بزوتنەوەیەک لە روانگەی ئامانجە ستراتیژیەکانی خۆیەوە هەڵوێست لەم مەسەلەیە دەگرێت. من لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە وا دەزانم بە نەمانی ئەم کێشەیە کە بەرچاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لێڵ کردوە لە خەباتیدا دژی بۆرژوازی کورد، کۆمەک دەکات بە پەرەسەندی خەباتی سەربەخۆی چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدە لە پێناو مافەکانیان، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کوردستان و هەلومەرج لەبارتر دەبێت بۆ شۆڕشی کرێکاری. پارتی وبارزانی و یەکێتی و ئیسلامی و گۆڕان و…ئەتوانن لە ڕوانگەی بەرژەوەندی بزووتنەوە و چینەکەیانەوە دژی جیابونەوە یان لەگەڵی بن. من ئەوە بە قازانجی چین و بزووتنەوەکەی خۆم دەزانم کە هەتا ئەگەر سبەی دوای ریفراندۆم بەرامبەرکێی ناسیۆنالیزم کۆمۆنیزم بچێتە سەر جێبەجێکردنی بڕیاری خەڵک.

هاوپشتی:  پێشمەرجی هەر ڕیفراندۆم و دەنداگدانێکی ئازادی خەڵک ئازادانە دەنگدانە، لەماوەی ڕابردوودا شایەدی چەندین پێشێلکاری گەورە بووین بۆ کەسانێک دەنگیان جیاوازە، هەڕەشە و چاوسورکردنەوە، لێدان و سوکایەتی،سوتاندن و داخستنی نوسینگە و کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕاگرتنی پەخشی تەلەفزیۆنی نالیا و … هیتر. ئەمە ئازادانە دەنگدانە؟ بەڕاستی ئەوە پێی دەوترێ ڕیفراندۆم؟

رێبوار ئەحمەد:  بچوکترین پێشێلکاری وبەرگرتن بە ڕای ئازادی خەڵک و لایەنەکان پێویستە بکەوێتە بەرامبەری نەفرەت و ناڕەزایەتی و ئیدانەی خەڵک و هەموو لایەنگرانی ئازادی و بەرپاکردنی ڕیفراندۆمێکی دور لە زەخت و فشار. ڕیفراندۆم مافی خەڵکە، هەر جۆرە ڕا و پێشنیارێک بۆ ئەم ڕیفراندۆمە مافی خەڵک و هەموو لایەنێکە، هەرجۆرە بەکاربردنێکی هێز و سەرکوت و دەمکوت، زەربەی گەورە لە پیادەکردنی مافی خەڵک دەدات. من هیچ گومانم لەوە نیە کە ئەگەر ئەم هێزە میلیشیاییانە زەخت و فشاری توندیان لەسەر نەبێت پرۆسەی ڕیفراندۆم جۆرێک دەبێت لەو دەنگدانانەی کە تا ئیستا بەڕێوە چووە. هەڵبەت لە هیچ کاتێکیشدا چاوەڕوانی ئەوە نیم کە هیچ پرۆسەیەکی دەنگدانی بە تەواوی ئازاد لە سیایەی سیستەمی بورژوازی و بە تایبەتی ئەم دەسەڵاتە مافیایە بەڕێوەبچێت. لە کاتی ڕیفراندۆمی بەریتانیای لانکەی دیموکراسی بۆ مانەوە یان دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا؛ شەخصیەتی بەرجەستەی چەپ و نەیاری رای دەسەڵات “jo cox” تیرۆرکرا. ناتوانین چاوەڕوانیەکی لەوە زیاترمان لە یەکێتی و پارتی هەبێت. ئەم گۆڕانەی کە ئێستا گلەیی لە یەکێتی و پارتی دەکات لەسەر پێشێلکردنی ئازادی و دیموکراسی، لە ڕابردوودا کاتێک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی یەک هێزبوون، لە بەرامبەر بەرزکردنەوەی ئاڵای ڕیفراندۆم، لەدژی ئێمە حوکمی قەرەقوشیان دەرکرد و بە چەک پەلاماریانداین و کوشتاریان لێکردین. زۆریکیش لەوانەی ئەمرۆ دەنگیان دەرهاتوە ئەوکات بیدەنگیان هەڵبژارد. بەهەرحاڵ هەر ڕادەیەک لە ئازادی گرێیخواردوە بە لە مەیدان ڕاوەستانی خەڵک و بەرەی ئازادیەوە. دەبێ گەروی ئەمانە بگوشین و ئازادی لە دەستیان دەربهێنرێت. بێگومانیش کاتێک بینیمان کە ئیتر مەجالێک بۆ ریفراندۆم نەماوە و بوە بە سیناریۆ، دەبی مەحکوم و تەحریمی بکەین و بانگەوازی خەڵک بکەین بۆ ناکام کردنەوەی.

٥-٩-٢٠١٧

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *