کارگەی ڕستن لە المحلەی میسر: لانەی بزووتنەوەی کرێکاریە لە میسر، کە سونەتەکانی خۆی پاراستووە

کورتەیەکی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاری ئەم شارە پیشەسازیە

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

دوای ئەوەی مانگرتنی کرێکارانی ڕستن لە المحلە لە سەرەتای مانگی ئاب دەستیپێکرد و بەردەوامی هەیە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانیان. کە پێکهاتوە لە سەرفکردنی دەرماڵەی کۆمەڵایەتی و لابردنی دەرماڵەی خۆراک وجیاکردنەوەیان لە کەرتی گشتی وەک ئاشەکان و زەیت و سابوون. هەروەها هەڕەشەکردنی کرێکاران لە هەڵکشان و بەردەوامی مانگرتنەکەیان تاوەکو جێبەجێکردنی داواکاریە شایستەکانیان.

هەلومەرجی نا ئینسانی:

پێش دامەزراندنی کۆمپانیای ڕستن وچنین لە المحلە لە ساڵی ١٩٢٧، کە یەکێک بوو لە کارگەکانی بانکی میسری، خەڵکی گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەری المحلەیان بانگەواز دەکرد بۆ کارکردن لەم کۆمپانیایە. بەپێی قسەکانی ڕۆمان نووسی میسری( فکری الخولی) لە ڕۆمانە بەناوبانگەیدا بە ناوی( المحلە)؛ کە دەیگووت” بانکی میسری کارگەیەکی ڕستنی دروستکرد بۆ ئەو پەمۆیەی کە ئێوە دەیچێنن و دەیکاتە ئەو قوماشەی کە ئێوە لەبەرتانە، زەمانێک پەمۆمان دەچنی و ئینگلیز لێی ئەسەندین، ئەمڕۆ پەمۆکە دەچنین و دەیکەین بە قوماش. ئێمە ئەمڕۆ پەمۆکە دەچنین و ڕستن و چنینەکەشی دەکەین بۆئەوەی هەموو شتێک لە میسر ببێتە پیشەسازی نیشتمانی. مناڵەکانتان بنێرن بۆ فێربوونی سەنعەتێک تا وەکو مووچەیەکی باشیش وەرگرن.”

جووتیارانی لادێکانی دەوروبەر بەرەو ئەو کۆمپانیایە چوون. بەڵام وێنە ئەرخەوانیەکەی کە خەونیان پێوە دەبینی بەخێرایی کەوتە سایەی هەلومەرجێکی زۆر قورسی کار، بەجۆرێک الخولی لە ڕۆمانەکەیدا دەڵێت” ئەوان لە دڵخۆشکردن ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای دڵتەنگیدا دەگەڕێن. ئەم بەیانیە نەتانبیست، دەرگاکان داخەن، دایخەن بەڕووی کرێکاران چونکە لە پێش کاتی پێویست نەهاتن، بەداخستنی دەرگا نەوەستان، بەڵکو بە دارو قامچی لە کرێکارانیاندا تا خوێن بەدەم و چاویاندا هاتە خوارەوە.”

بەدوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر دروستبوونی گرنگترین کۆمپانیاکانی ڕستن و چنین لە میسر، ڕاپۆرتێک بەمجۆرە ئاماژە بە هەلومەرجی شوێنی حەوانەوەی کرێکاران دەکات “دوورە و زۆر دوورە کە بۆ ژیانی مرۆڤ دەستبدات، بەڵکو بەکەڵکی ژیانی ئاژەڵانیش دەستنادات. زوربەی زۆری ئەو خانوانە ئاودەست و ئاوی خاوێن و حەمامی بۆ فەراهەم نەکراوە”. بەدخۆراکی و شوێنی حەوانەوەی نا تەندروست بووە بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ناو کرێکاران. لە ناوەڕاستی دەهەی چلەکاندا، ڕاپۆرتێک دەربارەی هەلومەرجی کرێکارانی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٩٠% ی کرێکارەکان توشی نەخۆشی (سیل) ببوون.

سەرەڕای ناخۆشی کرێکاران لە ساڵانی یەکەمیاندا، بەرەنگاریەکیان نەکرد لەو ستەمەی لەسەریانە پێش ساڵی ١٩٣٨، ئەوەش لەبەر ئەم هۆکارانە:

١- ئەو کرێکارانە جووتیاری تازە هاتووبوون بۆ شار لە لادێوە، هۆشیاریەکی کافیان نەبوو دەربارەی کاری بەکۆمەڵ و نەقابی.

٣- خاوەن کارەکان شیعاری نیشتمانیان بەکاردەهێنا بۆ کەمکردنەوەی دانی پارە بەکرێکاران و قەدەغەکردنیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامەبەر خراپی هەلومەرجیان، یەکێک لەو باوەڕانە ئەوەبوو کە کاری کردبووە سەر هۆشیاری کرێکاران ئەویش (تا ئەوەی کۆمپانیاکە موڵکی میسریەکانە، نابێت هەڵسن بە ناڕەزایەتی، تاڕادەی ئەوەی ئەگەر ئەو میسریانە خراپترین شێوەی چەوسانەوەش پیادەبکەن).

٣- دابەشبوونێک لە نێوان مەحەلاویەکان و شەرقاویەکان هەبوو، ئەمەش بووە هۆی لێکترازان و جیاکردنەوەی کرێکاران لەسەر بنەمای ناوچەگەری، کە بووە هۆی ڕێگریکردن لە یەکگرتوویان بۆماوەیەک کە کەم نەبوو.

چەکی مانگرتن:

  • لە تەموزی ساڵی ١٩٣٨ یەکەم مانگرتنی گەورەی کرێکارانی کارگەی میسری ڕستن وچنین ڕوویدا، هۆکارەکەی جێبەجێکردنی سیستەمێکی تازەی کاربوو لەسەر شێوەی ٣ شفت کە هەر شفتەی بریتی بوو لە ٨ کاتژمێر لە جیاتی دوو شفتی ١١ کاتژمێری. چونکە کرێکارەکان کرێکانیان لەسەر بنەمای کاری پارچەیی بوو. بۆیە ئەم گۆڕانکاریە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کرێ بەشێوەیەکی هەستپێکراو.
  • لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٧ کرێکارانی المحلە مانگرتنێکیان ئەنجامدا بۆ داواکاری زیادکردنی مووچە، و ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر خراپی هەڵسوکەوتی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا. حکومەت لەو سەردەمەدا چواردەوری کۆمپانیاکەی بەتانک دەورەدا و بەزەبری هێز کرێکارانی کردە دەرەوە لە کارگە و مانگرتنەکەی سەرکوت کرد. سەرەڕای ئەوەش ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی کرێکاراندا بوو، بەجۆرێک کرێی کرێکار بە چەند ملیمێک بەرزبۆوە، هەروەها هەلومەرجی کار باشترکرا، وەک لەبەرکردنی جلوبەرگی یونیفۆرم بۆ یەکەم جار لەکۆمپانیا، دوای ئەوەی کرێکارانی کارگەکە بۆماوەیەکی دووردرێژی کارکردن بە شێوە کەوشێک لە میسر بەکاردەهات. ڕووداوەکە بە مانگرتنی ” تانک و قاپقاپ” ناوزەدکرا.
  • ساڵی ١٩٥٣ ڕاپەڕینێکی هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی( کفر الدوار) ڕوویدا، دوای ئەوەی حوکمی لە سێدارەدرانی دووکرێکار درا بە ناوەکانی( خمیس و البقری) دوای ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٥٣. کرێکارانی ڕستنی المحلە ڕاپەڕین بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کرێکاری کفر الدوار لەبەرامبەر حکومەت، هەستان بە کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ کرێکاران، هەروەها نوێنەریان نارد بۆ خۆپیشاندان کردن لەگەڵ کرێکاران لە ئەسکەندەریە و کفر الدوار.
  • شوباتی ١٩٧٥ نزیکەی٣٠ هەزار کرێکار لە کرێکارانی ڕستنی المحلە مانیانگرت دژ بە ئاستی لە خواری کرێ، هێزەکانی ئاسایش هەستان بە گەمارۆدانی کارگەکە. کرێکاران ڕژانە سەر شەقام و تێکەڵ بوون بە جەماوەر  و شیعاری” بەدلەکانمان بۆ دەفرۆشین.. کیلۆی گۆشت هەر بە جونیهێکە” بەرزکردەوە، کە ئاماژە بوو بە ئاست خراپی باری گوزەرانی کرێکاران، کە ناچار بوون بەفرۆشتنی بەدلەکانیان بۆئەوەی پێویستیەکانی ژیانیانی پێ دابین بکەن. بەکردار بزووتنەوەی کرێکاران سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و کرێیان بەرزبۆوە.
  • ساڵی ١٩٨٦ کرێکارانی ڕستنی المحلە بۆ ماوەی هەفتەیەک مانگرتنیان ڕاگەیاند، بۆداواکاری مۆڵەتی هەفتانە( ڕۆژی هەینی) بە دانی کرێی تەواو. کرێکاران لەگەڵ جەماوەر لە شەقام تێکەڵ بوون، وە بووە هۆی دەستگیرکردنی زۆرێک لە ڕابەرانی مانگرتنەکە. کرێکارانی ژن ڕەتیان کردەوە کە بەکاریان بێنن بۆ شکاندنی مانگرتن و گەڕانەوە بۆ سەرکار بەبێ ئازادکردنی هەموو هاوڕێ گیراوەکانیان. شیعاری” ئازاد کردن پێش بەرهەمهێنان” بەرزکرایەوە. لەو کاتەدا حکومەت ناچارکرا بە دانووساندن لەگەڵ ڕابەرانی مانگرتن لە گرتووخانە.
  • ساڵی ١٩٨٨ کرێکارانی ڕستنی المحلە هەڵسان بە خۆپیشاندان و مانگرتن لەکار و مانگرتن لە بارەگای کۆمپانیا و ناڕەزایی لەبەرامبەر بڕیاری سەرۆکی پێشوو( حسنی مبارک) بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پاداشتەی کە حکومەت دەیدا بە کرێکاران و فەرمانبەران لە سەرەتای دەستپێکردنی هەموو ساڵێكی خوێندن، خۆپیشاندەران لە بارەگای کارگە دارە مەیتیان بەرزکردبۆوە کە ئاماژە بوو بە حکومەت.
  • لە کانوونی یەکەمی ساڵێ ٢٠٠٦ کرێکارانی المحلە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مانگرتنیان ئەنجامدا و حکومەتی ناچارکرد وەڵام بەداواکاریەکانیان بداتەوە، کە بریتی بوو لە سەرفکردنی پاداشتی ساڵانە کە بڕەکەی ٢ مانگ بوو لە هەموو ساڵێكدا، بەپێی بەندی قازانج.
  • لە کانوونی دووەمی ساڵێ ٢٠٠٧ کرێکارانی المحلە هەڵسان بە مانگرتنێک کە ٢هەفتە بەردەوام بوو. لەم مانگرتنەدا داواکرا بە باشکردنی کرێ و هەلومەرجی کار و دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا کە دەوڵەت خاوەنیەتی. لیژنەیەک لە کرێکاران هەڵبژێردرا بۆ دانووساندن بۆ پاراستنی دەزگا و ئامرازەکانی کارگە، بۆئەوەی هیچ موئامەرەیەکی تێکدەر بەڕێوەنەچێت بۆئەوەی لەو ڕێگەوە ئیدانەی کرێکاران بکرێت.
  • لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٨ بەهێزترین مانگرتن ڕێکخرا کە زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسیە چاکسازیەکانی ئەوکاتی هاندا بۆ مانگرتن. بزووتنەوەی ٦ی نیسان لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی مانگرتن هاوکاتبوو. پیاوانی ئاسایش ڕێگریان لە کرێکاران کرد و ئامادەییان زیادکرد لەناو کارگە و سەرکەوتن لە سەرکوتی مانگتنەکە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان سوپرایس بوون بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری خەڵک لە شەقامی شاردا، بۆیەکەم جار خۆپیشاندەران وێنەکانی مبارەکیان تێکشکاند کە لە مەیدانی شاردا هەڵواسرابوون. ناڕەزایەتیەکان خامۆش نەبوونەوە تا ئەو کاتەی( ئەحمەد نەزیف) سەرۆک وەزیرانی ئەوکات هاتە شار بە یاوەری شاندێکی وزاری، و بەڵێنیدا بە پێشنیارکردنی کاڵای پاڵپشتیکراو و بە سەرمایەش پاڵپشتی کۆمپانیای ڕستنی المحلە بکەن.
  • لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨ مانگرتنی کرێکارانی المحلە گۆڕا لە داواکاری تایبەت بەکرێکاران لە ناو کارگە بۆ داواکاری گشتی و گشتگیر گرنگی دەدات بە چینی کرێکار بە گشتی کەرتی تەواو یان پیشەسازی خۆیی. کرێکاران بەخۆپیشاندانی گەورە هاتنە دەرەوە بۆ بەرزکردنەوەی تەنیا شیعارێک ئەویش لانی کەمی کرێ بۆ هەموو کرێکاران، و ئەو لانی کەمەش بە ١٢٠٠ جونەی لە مانگێک دیاری کرابوو.
  • لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ کرێکارانی المحلە ناڕەزایەتیان دەربڕی لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی کۆتایی دەستوور کە سەرۆکی پێشوو محمد مورسی ئامادەی کردبوو.
  • لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیا سەرفکردنی قازانجی کرێکارانی ڕەتکردەوە، ئەمەش بوو بەهۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و پێشکەشکردنی زۆرێک لە داواکاری بۆ ئەنجومەنی وەزیران و نوسینگەی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. دوای گەورەبوونی قەیرانەکە، ئیبراهیم محلب سەرۆک وەزیرانی ئەو کات سەردانی بارەگای کارگەی کرد، و بەڵێنی بە کرێکاراندا بە سەرفکردنی بەشی دوایی لە قازانج لە کانوونی دووەمی ٢٠١٥، بەڵام بەرێوەبەرایەتی پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنەکە.
  • لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦ مانگرنتەکان دووبارە بوونەوە و مەنشورێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا بڕیاردرا بە بەستنی کۆبوونەوەیەکی گشتی لە ٢٧ ی کانوونی دووەم  و سەرفکردنی باقی شایستەکانیان، بەڵام کرێکاران کرێکاران ڕازی نەبوون و ئاستی داواکاریەکانیان بەرزکردەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەران و کردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی  و دادگایکردنی گەندەڵکاران  و کێشانەوەی هەیکەلەی کرێ.
  • لە ئابی ٢٠١٧ مانگرتن لە ڕستنی المحلە دەستی پێکرد بۆ داواکاری سەرفکردنی دەرماڵەی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی لەجیاتی خۆراک و مەترسیەکان بۆ ٢٢٠ جنیە.

سەرچاوە/ بی بی سی

ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *