پرسیاری ئۆکتۆبەر لە عوسمان حاجی مارف له‌باره‌ی ڕێفراندۆمه‌وه‌

ئۆکتۆبه‌ر: بۆچونێک هه‌یه‌ ڕیفراندۆم به‌و پاساوه‌ ڕه‌تده‌کاته‌وه، ‌که‌ده‌بیته‌ مایه‌ی باڵاده‌ستکردنی پارتی وڕه‌سمه‌یت دان به‌ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌، به‌م پێیه‌ش به‌هیزبوونی پارتی له‌م ڕیفراندۆمه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.. ئایا بۆچونێکی ئاوا دروسته‌ بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆمێک که‌له‌ئارادایه‌؟

عوسمان حاجی مارف: پێویستە پێشەیکی پێشوازی لەو نارەزایەتی و هەڵسوران و هەنگاوە سیاسیانە بکەین کە دەبنە لاوازی دەسەڵاتی حزبە بۆرجوا ناسیۆنالستە میلیشیاکانی کوردستان و بەردەوام لە هەوڵی گەشەو  ریکخستن و یەکگرتوویی خەباتی جەماوەریدا بین تا شەری کۆتایی بۆ نەمانی دەسەڵاتیان، ئەم شەرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی نارازی لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە تاڵانجی و جەردەیەدا هیچ  جۆرە چاوەروانی و وەستانێکی تیا نیە و بەهیچ پاساوێک نابێت رێگەی پێ بگرێت، ئەمە شەری بەرگریە لە ژیان و گوزەران و لە پێناو دنیایەکی باشتردایە، شەری کۆتایی هێنانە بە چەوسانەوەو نایەکسانی.

لە واقعیەتی سەپێندراوی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و باڵادەستی پارتیدا هیچ جیاوازیەکم لەسەر ئەو بۆچون و ئاراستەیە  نیە  کە پێویستە ئاگاداربین  هەنگاوێک نەنێین ببێتە پشتیوانی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی نەک بارزانی و پارتی بەڵکو دەسەڵاتی تەواوی ئەو حزبانەی نوێنەرایەتی رەوتە کۆمەڵایەتیەکانی بۆرجوازی دەکەن، بەڵام مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە چۆن ئەتوانین ئەو کارانە بەو شێویە ئەنجام بدەین کە بە بەرژەوەندی پارتی و هیچ هێزێکی بۆرجوازی نەبێت، ئەوانەی تەنها بە پاساوی ئەوەی پارتی بەهێز دەبێت رفراندۆم رەتدەکەنەوە، پرسیارە ئەوەیە ئایا وەستانەوە بەدژی رفراندۆم وەک تاکتیکێک لە ئێستادا دەبێتە هۆی لاوازکردنی پارتی، یان هەنگاوی نارەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشان دەباتە پێشەوە، ئەوەی راستی بێت ئەو جۆرە رەتکردنەوەیەی رفراندۆم هیچ تەفسیرو و لێکدانەیەک نادەن بەستەوە لەسەر ئەوەی کە بەشداری لە رفراندۆمدا ناکەن یان لایەنگری لە دەنگی نەخێر دەکەن چۆن پارتی لاواز دەکەن یان ناهێلن بەهێز بێت، یا رونی ناکەنەوە کەچۆن ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە بەشێک لە نارەزایەتیە جەماوەریەکان و خەباتی سیاسی لە دژی پارتی  و چۆن دەبێتە ئاڵوگۆر بە قازانجی خەڵک و بە زیان بۆ پارتی، بەڵکو تەنها پەرچەکردارێکی تورەیی دژە پارتیە  بێ ئەوەی ئەزمونێکی سەرکەوتو نیشان بدەن.

هەروەها ئەم پەرچەکردارە توندەی لەبەرامبەر ئەم رفراندۆمەدایە لەو مەوقعەوە کەوتونەتە بەرامبەری کە لە لایەن بارزانی و پارتیەوە مەترەح کراوە، هەر بەو بەڵگەیەش دەڵێن پارتی پێ بەهێز دەبێت، بەڵام ئایا گەر هەر لایەنێکی تر مەترحی بکات زەمانەت چیە کە مامەڵەو تاکتیکی پارتی کارێ نەکات کە تیا بەهێزتر بێت؟، بەم مانایە بێت دەبێت باسی رفراندۆم و سەربەخۆیی راگرین و ئێمەو هیچ لایەنێکی تر مەترەحی نەکەین چونکە ئەوە نادیارە ئاخۆ کەی گونجاو دەبێت بۆ رفراندۆمێک بەو مەرجەی پارتی پێ بەهێز نەبێت، لەلایەنێکی تریشەوە هەر بەو مانایە تاپارتی هێزی یەکەم بێت و خاوەنی دەسەڵات بێت، ئاشکرایە کە رێگە نادات بە هێج جۆرە رفراندۆمێک کە بزانێ تیا لاواز دەبێت، واتە مامەڵەی ئەم هاوکێشەیە دەمان گەیەنێت بە ئاکامێکی پێچیدەو ئاڵوزو نارۆشن کە دیارنیە ئەو کەس و لایەنانەی تەنها بەمانای بەهێز بونی پارتی رەتی رفراندۆم دەکەنەوە دەیانەوێت چی بکەن، هاوکاتیش ئەوەش رۆشن نیە چۆن شەر لەبەرامبەر پارتیدا دەکەن، تەنها لەیەک وەڵامی گشتی و نارۆشنی شەری دەسەڵاتدا یان رێکخستنی نارەزایەتیەکان دەمان خەنە چاوەروانیەکی نارۆشن و نادیارەوە. لەدوا شیکرنەوەدا ئەو بۆچونە لەسەر بنەمای نارۆشنیەکە کە خۆیان دەرگیری بون لە نێوان تەرحی رفراندۆم و سەربەخۆیی لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و بونی کێشەیەکی جدی و حەساسی وەک کێشەی نەتەوەیی لە پاڵ دەورو مەوقعیەتی پارتی و بارزانیەوە، بەواتەیەک رفراندۆم و سەربەخۆیی تەنها بەمەرجی بێ پارتی قەبول دەکەن،  یان لەگەڵ ئەو رفراندۆم و سەربەخۆییەدان وەک شۆرشێک پارتی و بارازنی پێوە راماڵێت، ئەتوانم بڵێم  لەگەڵ ناواقعی بونی ئەم بۆچونەو هەر جیاوازیەکمدا بۆیان، ئەمەش رێگاو بۆچونێکە هیوادارم سەرکەوتوبن.

لەوانەیە ئەوانەی کە بە پاساوی بەهێز بونی پارتی رەتی ئەم رفراندمە دەکەنەوە، لەسەر وەڵامی قسەکانی من ئەو پرسیارەمان لێ بکەن و بڵێن باشە ئەم دەورەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە پرۆسەی رفراندۆمدا دەیگێڕێت، ئایا پارتی لاواز دەکات؟، هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەم مەسەلە تایبەتە یا تاکتیکی بەشداری ئێمە لە رفراندۆم و دەنگدان بە سەربەخۆیی لەم رفراندۆمەی پارتی مەترەحی کردووە یا هەرلایەنێکی تر مەترحی بکات لەو هاوکێشەیەوە نیە کێ بەهێز دەبێت کێ لاواز دەبێت، خودی ئەم مامەڵەیە بەم شێوەیە بۆ خۆی نادروستە و ناگات بە ئاکامێکی سیاسی بۆ ئالوگۆر لە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خەباتی جەماوەریدا، لەهەمان کاتدا بە هیچ جۆرێک وەستان و راگرتنی کێشمەکێش و شەری جەماوەری نارازی نیە بە دەسەڵات و بە پارتی، ئەوە رێکخستن و بەردەوامی نارەزیەتیەکان و شیوازی گونجاوی خەبات و رێکخرابون و هوشیاری و سەربەخۆبونە لە ئاسۆی ناسیۆنالستی و مەزهەبی ئەو هاوکێشەیە دەگۆرێت، نەک رەتکردنەوەی رفراندۆم یان دەنگی بەڵێ و نەخێر، چونیەتی دەورو دەخالەتمان لەم رفراندۆمەدا بۆ کۆتایی هێنانە بە کێشەیەک کە چەندین ساڵە مامەڵەو بازرگانی پێوە دەکرێت لە ژێر ناوی ستەم و مەسەلەی کوردا، بەردەوام بۆگەناوی نەتەوەپەرستی دەرخواردی خەڵک دەدرێت، ئێستا پارتی بە هەر هەلومەرج و ئاڵوگۆرو مەوقعیەتیكەوە هەیەتی ئەم مەسەلەیەی خستۆتە ناو شانۆی سیاسی کوردستانەوە، راست کات یان نا، جدی بێت یا ناجدی، هەر بەرژوەندیەکی خۆی تیا بەدی بکات، ئەمە بۆ خۆی فرسەتێکە و نابێ نادیدە بگیرێت، چونکە ئەوانەی پێشتر بە قەدەغەو نایاسایی و نەگونجاو کفرو خەو باسیان دەکرد لەسەر رفراندۆم و سەربەخۆیی ئێستا بۆ خۆیان دەی جوڵێنین و کاری لەسەر دەکەن، بەشداری لەم رفراندۆمەدا و دەنگدان بە سەربەخۆیی فشارێکی جەماوەریە بۆ ئەو واقعیەتیە کە خودی حزبە ناسیۆنالستەکان جا ناچار بون یا پێویستان پێیەتی لەهەر ئاست و شیوازێکدا بێت هاتونەتە پای، با ئێمەش دەرگاکەی زیاتریان بۆ بکەینەوەو بەسەریاندا بسەپێنین و ئەم سەربەخۆییە بەسەرکەوتن بگیەنێن، باشتر وایە ئەو کەسانەی موخالفی ئەم تاکتیکەی ئێمەن هیوای سەرکەوتنمان بۆ بخوازن.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *