ژاپۆن شیعاری” نا بۆ کارکردن تاوەکو مردن” بەرزدەکاتەوە

    ئامادەکردنی: ئاراس رەشید:

By Rochelle Kopp

نوێنەران لەپەرلەمان و خاوەن کۆمپانیاکان لە ژاپۆن لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی سەعات کار، و بەدەستهێنانی هاوسەنگیەکی باشتر لە نێوان کار و ژیان لەبەرژەوەندی فەرمانبەران. ئەمەش هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێکی گەورە کە کاری کردۆتە سەر بەرهەمهێنان.

حکومەتی ژاپۆن لەو کەمپینەی لەم دواییانەدا دەستی پێکردوە؛ بەهیوایە ئابووری باشتر بکات و ڕێگە لە فەرمانبەرانی(بەژن و پیاوەیەوە) بگرێت لە کار” تاوەکو مردن”. ئەم کەمپینە لەم دەستەواژەیە کورتدەکرێتەوە” چاکسازی لە بەرنامەی کار” لە وڵات. بەشێوەیەکی گشتی؛ ئەم شیعارە ئامانجیەتی گۆڕانکاریەک لە کەلتووری شوێنی کار بکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەی لە ژاپۆن بە” کارتۆشی” یان” مردن لەبەر زۆری کارکردن” ناسراوە. هەروەها ئامانجی ئەم دەستەواژەیە؛ کە سەرۆک وەزیران(شینزۆ ئاپی) بانگەشەی بۆدەکات، بریتیە لە کەمکردنەوەی سەعات کاری زیادە، و بەدەستهێنانی هاوسەنگیەک لە نێوان ژیان و کاردا. هەروەها سوود وەگرتن بەشێوەیەکی باشتر لە توانایی ژنان و بەساڵاچوانی کارگەر. ئەم شیعارەی کە لە مانگی ئابی ٢٠١٦ ەوە دەستی پێکردوە، بووەتە شیعارێکی نیشتمانی، دوای ئەوەی ئاپی وەک وەزیر لەحکومەتەکەیدا دەستبەکاربوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە.

وانەکان لە ژاپۆن: چۆنیەتی لادان لە” مردن لە زۆری کارکردن”؟

لەوە دەچێت کە کەلتوری سەعات کاری زۆر و بەپێێ سیستەمی هەرەمی توند، ئەو کەلتورەی کە خزمەتێکی باشی وڵاتی کرد لەماوەی گەشەی گەورە لە شەستەکان تاوەکو هەشتاکان، ئێستاکە گۆراوە بۆ دڕکێک لە گەرووی وڵاتدا. بەپێێ ئاماری بەرهەمهێنان لە ژاپۆن لەپاشەکشەدایە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە نێوان کۆمەڵەی ٧  وڵاتە پیشەسازیەکان، وە بۆئاستی کەم لە ڕێکخراوی هەرەوەزی ئابووری و گەشە. لەگەڵ هەڵکشانی هێزی کاری بەساڵاچوو، و کەمبوونەوەی ژمارەیان، تاکە هیوای ژاپۆن لە گەشەسەندنی ئابووری بریتیە لە زیادکردنی بەرهەم هێنان.

لەسەر داواکاری حکومەت، زۆرێک لە شوێنەکانی کار بەرەو کەمکردنەوەی سەعات کاری زیادە هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی شیعاری ئەو کەمپینە، و پاڵپێوەنانی کرێکاران بۆ بەجێهێشتنی شوێنی کار لەکاتی زووتردا. هەروەها کوژاندنەوەی ڕووناکی لە ئۆفیسەکان لەکاتی دیاریکراوی ڕۆژدا. یان پێشکەشکردنی داواکاری لەلایەن فەرمانبەرانەوە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی پێشوەخت بۆمانەوە لەشوێنی کار بۆ کاتێکی درەنگتر.

یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی دیکە؛ کە بەم دواییانە لە ژاپۆن هاتۆتە بینین کارکردنی فەرمانبەرانە لە دوورەوە، وە پشتیوانی ژنانە لە شوێنی کار، و پێشکەشکردنی پشتیوانی پێویست بۆ ئەوانەی منداڵیان هەیە وەک( کەمکردنەوەی سەعات کاری دیاریکراو).

لە دیاردەیەکی تایبەتی ژاپۆندا، یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆن لە کۆتایی هەموو نامەیەکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆیدا، داوای لێبووردنی پێشوەخت لە کڕیارانی دەکات بۆ هۆی دواکەوتنی وەڵامی نامەکانیان، کە هۆکارەکەی کەمکردنەوەی سەعات کارە. یەکێک لە کارە باوەکان لە ژاپۆن دروستکردنی شیعارێکی دیاریکراوە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری کێشەیەک، لە ناو کۆمپانیاکە یان لە ئاستی نەتەوەیی.

ژاپۆن: پاداشتی ماڵی” بۆ هەرکەسێک کە زوو کار جێبێلێت”

 

لە ساڵی ٢٠٠٥ دا؛ حکومەت هەڵمەتێکی ڕاگەیاند بۆ هاندانی کۆمپانیاکان بۆ سنوردارکردنی بەکارهێنانی دەزگای فێنکەرەوە، و ڕێگەدان بە فەرمانبەران بۆ لەبەرکردنی جلوبەرگی نا فەرمی لە ماوەی وەرزی هاویندا. ئەم هەڵمەتە سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا، و کۆمپانیاکان ئەو ڕێوشوێنەیان بەشێوەیەکی فراوان گرتەبەر، بەجۆرێک ئەو فەرمانبەرانەی کە ئارەقی زۆر دەکەن لە مانگی ئابدا کاتی کۆبوونەوەکان، ئاماژە بەسەرکەوتنی ئەو هەڵمەتە دەدەن.

لە بەرامبەردا، ئەو دەستپێشخەریەی کە کراوە بۆ بەجێهێشتنی زووی شوێنی کار لە لایەن فەرمانبەرانەوە لە ڕۆژی دوایین هەینی لە هەموو مانگێکدا، فەشەلێکی گەورەی هێناوە. لە ڕاپرسیەکدا دەرکەوتووە کە دوای دوایین هەینی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو، ٣.٧%ی فەرمانبەران شوێنی کاریان لەو ڕۆژەدا زوو جێهێشتوە. وادیارە ئارەزوویان بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەریە لە پاشەکشەدایە.

 

بەڵام چۆن دەتوانرێت ” چاکسازی بەرنامەی کار” لە ژاپۆن کارا بێت؟

بەپێی تازەترین ڕاپرسی، دەرکەوتوە کە کۆمپانیا گەورەکان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ کردنی گۆڕانکاری لە کەلتوری کارکردن لە ژاپۆن. لە کاتێکدا کۆمپانیا بچووکەکان هەوڵ دەدەن بۆ فەراهەمکردنی ژمارەی پێویست لە فەرمانبەران، هەروەها زیادکردنی داهات، کەمتر ئەو حەماسەیان تێدا دەردەکەوێت بۆ ئەو گۆڕانکاریە.

ئەمەش ئەستەمیەکی دیکەیە لە کەلتوورێک کە ناخی داکوتاوە لە ژاپۆن. وەک بەهای ڕۆحی نواندن لە خۆماندوکردن و قوربانی دان، ئەمەش کرێکاران هاندەدات بۆ بەسەربردنی سەعات کاری زۆرتر لەشوێنی کار.

 

ڕوودانی گۆڕان لە سروشتی خەڵکی ژاپۆن بەم زوانە ئەستەمە. ئەوەش پشتیوانی دەکا لە سەعات کاری درێژ لە ڕۆژدا. ئەمەش تەنیا ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە تا درەنگانێک لەسەر کار دەمێننەوە.

هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیاکان سەرمایەگوزاری لە ئامرازەکانی تەکنەلۆجیا دەکەن بۆ یارمەتیدان لە باشترکردنی بەرهەم، و فەرمانبەرەکانیش سوود لە بەرنامەی لە دوورەوە کارکردن بکەن.

لەوانەیە گۆڕانکاری ڕیشەیی سەخت بێت لە بەرنامەی کار؛ بەبێ  گۆڕانکاری کردن لەو یاسا سەرەکیانەی کە پەیوەستن بە کارکردنەوە.

لە پێناو وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو کارانەی کە دەبنە هۆی ئیستغلالکردنی فەرمانبەران و هانیان دەدات بۆ کارکردن لە کاری زیاد، بەبێ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەردا. حکومەت پێویست دەکات کە یاساکان بگۆڕێت لەو بارەوە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک نابیندرێت بۆ ڕوودانی ئەوە لە ماوەی نزیکدا.

زۆرێک لە فەرمانبەران بەشێوەیەکی تر سەیری ئەو دەستپێشخەریە ژاپۆن دەکەن” چاکسازی لە بەرنامەی کارکردن” . تەنانەت هەندێکیان هەندیک لە پیتەکان و بڕگەی دەستەواژەکەیان گۆڕیوە کە ماناکەی دەکاتە” فشار هێێنان بۆ کارکردن”.

لە ڕاپرسیەکی تازەدا کە پتر لە ٥٠٠٠ فەرمانبەری گرتەوە. نزیکەی ٨٥% یان ئەو دەستپێشخەریەیان” چاکسازی لە بەرنامەی کارکردن” کە لەڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە یان لەڕێگای هەندێک کۆمپانیای دیکەوە بیستوویانە، کۆمپانیاکانیان هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە. لەوەش زیاتر، فەرمانبەران هەست بەدڵە ڕاوکێ دەکەن لەو ماندووبوونەی کە دەیبینن نەوەک نەگەن بە ئامانجی دیاری کراو.

بەنموونە، زۆرێک لە کۆمپانیاکان هەوڵدەدەن بۆ کەمکردنەوەی سەعات کاری زیادە، بەبێ کەمکردنەوەی ئەرکی کار و داواکاری کار لە فەرمانبەران. ئەمەش بەئاشکرا دەبێتە هۆی ئامادەبوونی فەرمانبەران لەسەر کار لە کاتی زوودا، وە کارکردن لەکاتی پشوەکانی نانخواردندا، یان تەنانەت بردنەوەی دۆسیەکان بۆ ماڵەوە بۆ بەئەنجام گەیاندنی کارە تەواونەکراوەکان.

تێگەیشتنی ژاپۆنیەکان لە بەدەستهێنانی بەختەوەری لە ژیان و کاردا:

لەپێناو کردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە کەلتوری کارکردن لە ژاپۆن، پێویستە کۆمپانیاکان هەڵسوکەوت لەگەڵ کارکردە ناتەندروستەکان بکەن، کە دەبێتە هۆی پاڵپێوەنانی فەرمانبەران بۆ کارکردن بۆ ماوەی درێژ، ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری دەبێت لەسەر بەرهەم.

لەو هەڵسوکەوتانە کە پێویستە ڕووبەڕووی بنەوە، گرتنی زۆرێک لە کۆبوونەوەی  ڕۆژانە، پشتبەستن بە زۆری کاری نووسینی سەر وەرەقە، پشتبەستن بە سەرپەرشتیاری تووند، و هەیکەلی هەرەمی توند.

ڕەنگە ئەو دەستپێشخەریە سەرکەوتنێکی خێرا نەگات لە ژاپۆن، بەڵام دەبێتە هەوڵدانێکی گرنگ بۆ پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە گریمانە و باوەڕبوونی بناغەیی تایبەت بەشێوەی کارکردن لە ژاپۆن.

بە دانپیانان بە پاشەکشەی ڕێژەی بەرهەم هێنان لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان، لەوانە (ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا)، ڕەنگە بۆ ئەوانەی دەرەوەی ژاپۆن بەسوود بێت کە لەو بیرۆکەیە فێربن.

سەرچاوە/ http://www.bbc.com/capital/story/20170903-can-cutting-work-hours-solve-japans-productivity-puzzle

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٢ بەرواری ١٥/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە… www.bopeshawa.net

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *