هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

فەرەنسا:

١٨-٩-٢٠١٧

ناڕەزایەتی لە فەرەنسا لە هەڵکشاندایە لە دژی هەموارکردنی یاسای کار لە لایەن سەرۆکی فەرەنساوە.

شوفێرانی لۆری ڕێگاکان دەگرن.

شوفێرانی لۆری لە فەرەنسا دەچنە پاڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دژی ئەو یاسایەی کە ماکرۆن، سەرۆکی تازە هەڵبژێرراوی فەرەنسا، ڕایگەیاندووە بە مەبەستی هەموارکردنی یاسای کار.

وەک لە وێنەکەدا دیارە یەکێک لە شوفێرەکان کە ئاڵای (هاوپەیمانی دێموکراسی فەرەنسی بۆ سەندیکای کار) ی بەدەستەوەیە کە لە ناو شاری پاریس دایە لە کاتی ئەنجام دانی مانگرتنی نیشتیمانی دا.

کێشەی ماکرۆن لەگەڵ سەندیکاکاندا واوەتر ڕۆیی و خۆی گەیاندە شوفێرانی لۆریش. شوفێرەکان خۆیان گەیاندە سەرجاددەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلیان ڕاگرت وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر هەمواری یاسای کار.

شایەنی باسە کە لەم ماوەیەدا یەکیەتی و سەندیکای زۆرتر پەیوەست دەبن بەو کامپینەی کە لە دژی ماکڕۆن بەڕێخراوەو دەیانەوێت فشاری بخەنەسەر تا لەو بڕیارەی پەشیمان بێتەوە. هەروەها وای لێ بکەن کە  واز لەو پلانانە بێت کە دەبنە هۆی زیتر پێدانی دەسەڵات بە کۆمپانیاکان و وەلانانی سەندیکاو یەکیەتیەکان.

ئەو گۆڕانکاریەی کە ماکڕۆن دەیەوێت بیکات دەسەڵاتی زیاتر دەداتە خاوەن کاروو کۆمپانیاکان کە بتوانن زۆر بەئاسانی کرێکاران دەربکەن و لەکاتی دەرکردنیشیاندا لەو پارەیەش کەم بکەنەوە کە دەبێت بیان درێتێ. بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئێستا سەندیکاکان لە هەوڵی ئەوەدان کە ماکڕۆن لەم بریارەی خۆی پەشیمان بکەنەوە.

شایەنی وتنە لێرەدا کە زوربەی ئەو سەندیکاو یەکیەتیانە ڕێپێوان و پرۆتستۆیان دەست پێکردووە کە لە لایەن کۆنفدراسیۆنی گشتی کارەوە ڕێکدەخران کە پێشتر کۆمۆنیستی بوو. باقی سەندیکاکانی ترلەو نێوەدا دوورەپەرێز وەستان.

جادەی گشتی (ئەی وەن) لە بەشی سەرووی فەرەنسا لەنێوانی پاریس و لیلی دا بە تەوای هاتوچۆی تێدا ڕاگیرا.هەروەها  جادەی (ئەی فۆڕ) لە بەشی ڕۆژهەڵاتی فەرەنساو جادەی (ئەی سێڤن ) لە بەشی خوارووی فەرەنسادا تەئسیریان بەرکەوت.

فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزاری، خانە نشینان، هەروەها خوێندکاران پلانی ئەوە دادەنێن کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێپێوان ئەنجام بدەن. هەروەها لە لایەکی ترەوە سەرۆکی پارتی باڵی هەرێ چەپ ( ژان لوک مەڵێنچۆن) لەم شەممەیەدا ڕێپێوان ئەنجام دەدا.

پاتریک بلایس ،سەرۆکی یەکیەتی شوفێرانی لۆری ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لەو جۆرە ڕێپێوان و کارانە هەتا داخوازیەکانیان جێبەجێدەکەن. چونکە ئەو شوفێرانە هەقی ئەوەیانە کە بەخششی ساڵانە وەربگرن کە یەکسانە بە کرێی تەواوی مانگێکیان. شایەنی باسە بە پێی بڕیارەکەی ماکڕۆن هەر کۆمپانیایەک ئازاد دەبێت کە چەندە بەخششی ساڵانە دەدات بە کرێکارەکانی.

ئەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت لەوە ناچێت کە ماکڕۆن لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە، چونکە ئامانجی ئەو کەمکردنەوەی بێکاریە لە ( نۆ و نیو لە سەدا٥.٩%)  (بۆ حەوت لە سەدا٧%) لە ماوەی پێنج ساڵی فەرمانڕەوایی خۆیدا.

زۆر لە ڕابەرانی سەندیکاکان هیوای ئەوە دەخوازن کە ماکڕۆن ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکات و لە لایەکەی تریشەوە  ئەوە نیشانی ماکڕۆن بدەن کە هێشتا سەندیکاکان بەیەکەوەن و بەهێزن.

سەرچاوە:

http://www.telegraph.co.uk/news/2017/09/18/french-lorry-drivers-block-motorways-join-protests-against-macrons/

 

جەماوەری شاری مصراتە دێنە سەرشەقامەکان  و خۆپیشاندان دەکەن

لیبیا/میسڕاتە

خەڵکی شاری مصراتە هیچی تر قبوڵی ناکەن ژیانیان هەروا خەراپ بێت..

لەبەرئەوەی ئاستی معیشەت و ژیان ڕووی لە خوارەوەیە، بە سەدان لە خەڵکی شاری مصراتە لە لیبیا  بۆ ناڕەزایی دەربڕین دێنە سەرشەقامەکان .

بەسەدان لە خەڵکی شاری مصراتە  ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕژانە سەر شەقامەکان کە پێکهاتبوون لە ژنان،پیاوان،منداڵان  هەروەها بەساڵاچوانیش. ئەو خەڵکە بە تێکڕا داوایان دەکرد کە گوزەرانیان خۆشتر بکرێت وە ڕەخنەیان لە دەسەڵاتداران و حیزبە سیاسیەکان گرت کە لەبەر کورسی و دەسەڵات و کێشەی نێو خۆیان خەڵکیان لە بیر چۆتەوەو گرنگی بەژیانی خەڵک نادەن.

شایەنی باسە ئەو خۆپیشاندانانە بە بزووتنەوەی ٢٥ ی  ئەیلوول ناو دەبرێن. لە هەردووک شاری تەرابلوس و مصراتە خۆپیشاندەران وهوتاف و لافیتەیان بەرزکردبۆوە و لەسەریان نوسرابوو ” ئێمە لە پێناو گۆڕانکاریدا هاتووینە دەرێ” یاخود ” نا بۆ دابەشکردنی لیبیا” یاخود ” نەخێر بۆ حوکمی عەسکەری لە لیبیا”  یان “هاووڵاتی بوونی نیە: وە چەندین شێعاراتی تر کە نیشانەی بێزاری خەڵکی لیبیایە لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە.

هەروەها خەڵک داوای دەکرد لەدەسەڵات کە کۆتایی بێنێت بەو فەوزایەی کە هاتۆتە ئاراوە لە دوای ڕوخانی معەممەر قەزافیەوە. خەڵک دەیگوت کە دەسەڵات گەندەڵە، و تەنها ئاگایان لە ژیانی خۆیان هەیە.

شایەنی باسە کە ئێستا لە لیبیا مووچەی خەڵک زۆر وەدوادەکەوێت، نرخی کەلوپەلەکان زۆر ڕووی لەبەرزی بوونەوەیە. خەڵک توانای کڕینی نیە، هەروەها فەسادی و گەندەڵی ئیداری لە ئەوپەڕی خراپیدایە.

شایەنی باسە کە لەم ڕۆژانەدا نەتەوە یەکگرتوەکان هانی لایەنە سیاسیەکانی ناو لیبیایان داوە کە وڵات بەرەو جێگیری بەرن وە پەنا بۆ هەڵبژاردن و دابەشکرنی دەسەڵات بەرن و ئاوڕێکیش لە جەماوەر بدەنەوە.

 

سەرچاوە:https://arabic.sputniknews.com/arab_world/20170926 /

چاودێری مافی مرۆڤ، داوا لە قەتەر دەکات بۆ پاراستنی کرێکارانی بیناسازی و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران…!

نیۆرک/ بی بی سی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠١٧ جەختیکردەوە کە دەبێ دەسەڵاتدارانی قەتەر ڕێنمایی لەسەر هەلومەرجی کارکردن لە دەرەوە دابنرێت بۆ پاراستنی گیانی نزیکەی ٨٠٠ هەزار کرێکاری بیانی کە لەژێر هەڕەشەی مردندان، بەهۆی کارکردن لەدەرەوە لەکەش وهەوای گەرم و شێداری توندی ئەو وڵاتە.

ڕێکخراوەکە، کە بنکەکەی لە نیۆرکە، داوای لە قەتەر کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران، و ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، بۆئەوەی ئەو زانیاریانە ببنە هۆی دانانی ڕێوشوێنی تەندروستی گونجاو.

نیکۆلاس ماک جیهان کە ئەم ڕاپۆرتەی بۆ ڕێکخراوەکە ئامادەکردوە، گوتی” شکستی دەسەڵاتدارانی قەتەری لە فەراهەمکردنی هەلومەرجی سەرەکی بۆ پاراستن لە گەرما، و بڕیاردان لە پشتگوێخستنی ڕێنوێنیە پێویستەکان لە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران و ڕەتکردنەوەی ڕاگەیاندنی داتاکانی مردنەکان، واتە خۆلادانە لە بەرپرسیارێتی بە ئەنقەست”.

ماک جیهان داوای لە یەکێتی تۆپی پێی جیهانی(فیفا) و یەکێتیە نیشتمانیەکان و کۆمپانیاکانی سەرپەرشتیاری جامی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە قەتەر کردوە بە فەراهەمکردنی پاراستنی زۆرتری کرێکاران لە گەرمای زۆر و شێدار لەو وڵاتەی کەنداو.

ماک جیهان ئاماژەی بە وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانی قەتەری دا کە وەڵامی ٢ پرسیاری سادە بدەنەوە ( ژمارەی ئەو کرێکارانە چەندە کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە گیانیان لەدەستداوە، وە هەلومەرج و هۆکاری گیانلەدەستدانیان چی بووە؟).

قەتەر یاسایەکی کاری داناوە کە لە کاتژمێر ١١:٣٠-٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ ساڵانە لە ١٥ی جونەوە تاوەکو ٣١ی ئۆگەست کار بوەستێت. چونکە پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠پلەی سەدی.

بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دەڵێت، ئەو کارانە کافی نین و چونکە داتای کەش و هەوا دەریخستوە کە هەلومەرجی کەش و هەوا لە قەتەر زۆر جاران لەو کاتژمێر و بەروارانە بەدەرن. وە دەگاتە ئاستێک کە دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی کوشندە کە پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە کاتێکدا کاتی نەبوونی حەسانەوەی کافی نیە.

سارە لیا ویتسن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ گوتی” پێویستە قەید و بەندی گونجاو بسەپێنرێت بۆ کارکردن لەدەرەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەسەر گیان لەدەستدانی کرێکاران بۆ پاراستنی تەندروستی و گیانی کرێکارانی بیناسازی لە قەتەر”.

وە گوتیشی” حکومەتی قەتەری لە توانایدایە کە سەعاتی کار دیاری بکات بۆئەوەی لەژێر کاریگەری پلەی گەرمای ئامن بێت، نەوەک پشت ببەستێت بە سەعات و بەروار. ئەمەش یارمەتی پاراستنی سەدان هەزار کرێکار دەدات”.

ویتسن وتیشی” ئەگەر ڕێکخەرانی جامی جیهانی لە قەتەر بتوانن مەرجی کارکردن بەپشتبەستن بە کەش وهەوا بسەپێنن، حکومەتی قەتەری دەتوانێت هەنگاوێک بچێتە پێش لە فەراهەمکردنی پاراستنێکی زیاتری کرێکاران لە گەرما”.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕوونیکردەوە کە قەتەر تاوەکو ئێستا ئامارەکانی کە پەیوەستە بە مردنی کرێکاران لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە ئاشکرا نەکردوە!

دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە ساڵی ٢٠١٢ دا ڕایانگەیاند کە ٥٢٠ ڕووداوی گیان لەدەستدانی کرێکارانی بەنگلادیشی و هیندی و نیپالی ڕوویداوە، لە ناویاندا ٣٨٥ کرێکار یان ٧٤% هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیان ڕوون نەکراوەتەوە یان لێکۆڵینەوەی بۆ نەکراوە.

جێی ئاماژەیە کە قەتەر سەدان کرێکاری بیانی کار لە دروستکردنی بیناسازی بۆ ئامادەکاری جامی جیهانی تۆپی پێ لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دەکەن.

کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کە زوربەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەی هەلومەرجی نالەبار و سەختی کار و شوێنی کاربووە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *