چارەکە سەدەیەک لە خەباتی ژنانی عەرەبستانی سعودی بۆ بەدەستهێنانی مافی شوفێری…!

شای عەرەبستانی سعودی سلمان کوڕی عبدالعزیز شەوی سێشەممە ٢٦/٩/٢٠١٧، سەرئەنجام و لە ژێر گوشارێکی فراوان و بەردەوامی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و نەفرەتی بەردەوامی دنیای شارستانی لە دژی رێگریکردن لە ژنان بۆ سەیارە لێخوڕین، بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا ڕێگە دەدات بەژنانی سعودیە بۆ شوفێری کردنی ئۆتۆمۆبیل. لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە ڕێگە نەدان بە شوفێری کردنی ژنان زۆر شتی سلبی لێدەکەوێتەوە، وە جەختی کردەوە کە ڕێگەدان بە شوفێریکردنی ژنان زۆر شتی ئیجابی هەیە. داوای دروستکردنی لیژنەیەک کراوە لە ئاستی باڵا لە وەزارەتی ناوەخۆ و مالیە وکار و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، بۆ لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو لیژنەیە دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕێنوێنیەکانی خۆی بەرزکاتەوە. هەروەها جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەوە دەستپێدەکات…

بڕیاری ڕێگەدان بە ژنانی عەرەبستانی سعودی بۆ شوفێری بەئاسانی لەسەر پارچە زیوێک نەهاتۆتە دی، بەڵکو بەری هەوڵدان و کۆششی چارەکە سەدەیەکی ژنان و چالاکوانان و ڕابەرانی ئەو ژنانەن کە بەرەنگاری کەلتور و دەزگا ئایینی و حکومیەکان بوونەوە و قوربانیان لەپێناویدا داوە. لە لاپەرە ٣ دا، بەشێک کە ویستگەکانی ئەم خەباتە دەخوێننەوە:

ئەمە چەند وێستگەیەکی سەرەکیە لە خەباتی ژنانی عەرەبستانی سعودی لەو بوارەدا:

٦ی نۆڤەمبەری ١٩٩٠: نزیکەی ٤٧ ژن توانیان شوفێری ١٣ ئۆتۆمۆبیل بکەن بەناو پایتەختی سعودیە( ڕیاز) و داوای مافی ژن بکەن بۆ شوفێری ئۆتۆمۆبیل. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ جەنگی کەنداوی دووەم. لە ئەنجامدا هەموو ئەو ژنانە زیندانی کران و لەکارەکانیان دەرکران و ڕێگەی سەفەرکردنیان لێگیرا.

٢٠٠٨: هەرسێ چالاکوانی ژن (وەجیهە الحویدر، ئیبتهال مبارک و فەوزیە العیونی) کەمپینێکی واژۆ کۆکردنەوەیان کرد و ١١٠٠ واژۆی ژن و پیاویان کۆکردەوە و لەگەڵ نامەیەکدا ئاراستەی شای سعودیە عبدڵا کوڕی عبدالعزیزیان کرد بۆ ڕێگەدان بەژنان بۆ شوفێری کردن.

٢١ی مانگی مەی ٢٠١١: چالاکوان (منال الشریف) دەستگیر دەکرێت بەهۆی شوفێری کردنی ئۆتۆمبیلەکەی و هاوڕێ چالاکوانەکەشی( وەجیهە الحویدر) یش هەستابوو بە وێنەگرتنی لە کاتی شوفێری کردنیدا لە شاری الخبری سعودی. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵی پاش چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا. بەڵام دووبارە بۆ ڕۆژی دوایی بەهۆی سەرپێچی کردنی ڕژێم دەستگیر دەکرێتەوە. دوای ١٠ ڕۆژ ئازاد دەکرێت بە کەفالەت و پڕکردنەوەی بەڵێن کە جارێکیتر ئەو کارە دووپات، ناکاتەوە.

١٧ی جونی ٢٠١١: لەگەڵ شەپۆلی بەهاری عەرەبیدا، منال شەریف کەمپینی” خۆم شوفێری ئۆتۆمۆبیلی خۆم دەبم”ی دەستپێکرد. وە ١٠ ژنی دیکە لە شارە سەرەکیەکانی سعودیە بەهەمان شێوە شوفێریان کرد و لانی کەم یەکێک لە ژنەکان دەستگیر کرا.

ساڵی ٢٠٠٩ هەریەک لە وەجیهە الحویدر و ئیبتیهال المبارک یەکەم ژن بوون کە نامەیان ئاراستەی شای سعودیە کرد بۆ داواکاری شوفێری کردنی ژنان.

٢٨ی جونی ٢٠١١: ئەنجومەنی( الامر بالمعروف) ١٠ ژنیان دەسگیر کرد لە شاری جدە کە شوفێریان دەکرد.

٢٤ی ئۆگەست ٢٠١١: چالاکوانی ژن نەجلا الحریری دەستگیر دەکرێت بەهۆی شوفێری کردنی ئۆتۆمۆبیل لە شاری جدە.

سپتامبەری ٢٠١١: شای سعودیەی کۆچکردوو عبدڵا کوڕی عبدالعزیز لێبوردنی ژنێک دەردەکات لە سزادانی بە( جلد) بەهۆی شوفێری کردنیەوە. هەروەها چالاکوان نەجلا الحریری بەشێوەیەکی ئاشکرا و بەردەوام شوفێری دەکات بەناو شەقامەکانی جدەدا.

٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣: کەمپینێکی گەورە بەڕێدەخرێت بۆ هەڵگرتنی چاودێری و قەدەغەکردنی شوفێری لەسەر ژنان، هەزاران کەس واژۆ لەسەر ئەو داواکاریە دەکەن کە بۆ حکومەت نێردرابوو.

٢٩ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣: دەستگیرکردنی چالاکوان عزیزە یوسف بەهۆی شوفێری کردنی ئۆتۆمۆبیل لە شاری ڕیاز و ئازادکردنی دوای بەڵێندان بە دووبارە نەکردنەوەی.

٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤: ئەنجومەنی شورای سعودیە ڕێگادەدات بە شوفێری کردنی ژنان لە چوارچیوەی سنووری هەندێک مەرج.

٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤: چالاکوان لەجین الهزلول هەوڵی شوفێری کردنی ئۆتۆمۆبیلی دا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئیمارات بۆ سعودیە، لەسەر سنووری هەردوو وڵات ڕایدەگرن، لە دواییدا هاوڕێکەی کە بێژەرە بەناوی میساء العمودی هەوڵی کۆمەککردنی دەدات، بۆیە هەردووکیان بۆماوەی ٣ هەفتە دەستبەسەردەکرێن و دوایی دەدرێنە دادگای( لەناوبردنی تیرۆر).

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣ بۆپێشەوەی بەرواری ١/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *