دەبێ بەهێزی رێکخراو وەڵامی عەبادی بدرێتەوە!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەم چەند رۆژەدا ئاستی چاوسورکردنەوەو هەرەشەکان چ لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و چ لەلایەن بەغداوە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان روو لە هەڵکشانن، لەناو ئەو هەرەشاندا، حكومەتەکەی عەبادی دوای چەندین ساڵ خەبەری بۆتەوە و لەژێر ناوی دەست کورت کردنەوەی زێیدەرەوییە نایاسیایی و نادەستوریەکانی دەسەڵاتی هەرێم دەستی داوەتە هەرەشەو چاوسورکردنەوە و پەرلەمانە هیچەکەشیان، بەرق ئاسا کارئاسانی بۆ دەست ئاوەڵاکردنی عەبادی و حکومەتەکەی دەکات تا دەست بۆ ملهوریەکانی ببات. لە ئێستادا عەبادی  و حکومەتەکەی!! بەکردەوە مانۆر و جموجۆڵی سەربازیان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و لەوانەش لە سنوری پارێزگای کەرکوک و دەستی پێکردووە.

هەنگاوەکانی عەبادی لەژێر ناوی رێگریکردن لە گەندەڵی و دزی دەستی بۆبراوە، وەکو ئەوەی ماوەی پەیماننامەی رێگەدان بە دزی و تاڵانی بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە ئێستادا بەسەر چووبێت.

حکومەتەکانی بەر لە عەبادی و عەبادی… کە لەریزبەستنی دزی و گەندەڵیدا، لە ریزی هەرە پێشەوەیەی وڵاتەکانی دنیایەو بە پێی ئامارە ڕاگەیانراوەکان دزی لەداهاتی عێراقدا، زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دۆلارە… دزی و تاڵانی لەژێر دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیشدا بەپێی راپۆرتە هەواڵە ناوخۆیی و جیهانیەکان سەدان ملیار دۆلارە، کەواتە کۆمەڵگەی عیراق و کوردستان کۆمەڵگەی دزیی بێ سنور و پاوانی دزە حیرفەیەکانی میلیشیایە. ئەمە جێگای گومان نییە.

ئەوەی روونە ئەوەیە، هەرەشەو چاوسورکردنەوە لەخەڵکی کوردستان پەیوەندی بە بەرامبەرکێی و دزی و گەندەڵی و پابەندبوون بە یاساو رێساو دەستور لە نێوان هەرێم و بەغداوە نییە.

تەنانەت هەرەشەکانی عەبادی پەیوەندی راستەوخۆی بە ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆمیشەوە نییە، وەکو ئەوەی بەشێک لە نووسەرو خەڵکی ئازادیخواز فریوی ئەو فریوکاریەیان خواردووە، یان بەشێک لە نوسەری گەمژەو میدیای جڵەوکراو و موچەخۆر بانگەشەی بۆ دەکەن و خەڵکی پێ چاوترسێن دەکەن و ئەم هەنگاوەی خەڵکی کوردستان بە بەڵی دەنگدان بە خەتا دەزانن.

ململانێی نێوان بەغداو و هەریم، تەمەنی بە ئەندازەی تەمەنی لەدەسەڵات کەوتنی بەعس و سازدانەوەی عیراقی دوای سەدام حسێنی جەلادەوە هەیە، لەلایەن حزب و لایەنە بۆرژوازیەکانی عیراق و کوردستانەوە لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی.  کێشەی نەوت و غاز، مادی ١٤٠ و ناوچە کێشەلەسەرەکان، سنور، سەرژمیری، پێشمەرگە، بودجە، حەشدی شەعبی، تا دەگاتە کێشە پۆست… چەندی ساڵە هەن و هەرجارەی ململانێی لەسەر یەکێک یان چەند لەو دۆسیانە بوونەتە چوارچیوەی ململانێی هەولێر لەگەڵ بەغدا.

لەهەلومەرجی ئیستادا کە کۆتایی تێکشانی توانایی سەربازی داعشە، گرفتەکانی بەر لە هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤ دا، هاتونەتەوە پێشەوە. دیارە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی بەڵی لەو ریفراندۆمەدا بۆ سەربەخۆیی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، تەکانێکی زیاتری داوە بە گرژییەکان و ململانێکانی نێوان هەولیر و بەغدا، بەڵام هەرگیز هەرەشەکان ململانێکانی ئیستا تازە نین و لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، نەهاتوونەتە ئارا.

مانۆری سەربازی و هیز کۆکردنەوە و جوڵاندن لەلایەن عەبادیەوە بۆ ئەوەیە کە دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٥ بگێرێتەوە، چ بەوەی پاشەکشە بە هێزە چەکدارەکانی یەکێتی و پارتی بکات کە لەگەڵ هاتنی داعش و راکردنی سوپاکەی مالیکی دەستیان بەسەرداگرت، لەگەڵ ئەو چەند بیر نەوتەی کە بەهاتنی داعش کەوتنە ژیر دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد. عەبادی و حکومەتە پوچەکەی و حەشدە شیعییەکەی کە هەست بەسەرکەوتن دەکەن بە تیکشانی توانای سەربازی داعش، لەدریژەی غروری سەرکەوتنیاندا، هاوکات دەیانەوێت گوشار دروست بکەن و ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم بە زۆری هێزو هەرەشە و تەنانەت دەستوەشاندنی سەربازیش لە هەندێک ناوچەی کێشەلەسەر و بەتایبەتیش سنوری پارێزگای کەرکوک، ناکام بکەنەوە پاشەکشە بە ناسیونالیزمی کورد بکەن بۆ دەست هەڵگرتن لە ئاکامی ریفراندۆم و دەست پێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستاندن… وە هاوکات دەیانەوێت لەو رێگایەوە خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکەن و تۆڵەی دەنگدانیان بە بەڵی لێبکەنەوە.

دیارە هەرەشەکانی عەبادی و حەشدی شیعی، جدین و لە پشتیوانی راستەوخۆی ئێرانیش بەهرەمەندە. بۆیە پێویستە ئامادەکاری هەمەلایەنە بکرێت بۆ روبەرووبونەوەی هەرەشەکانی عەبادی و ریگەگرتن و تەنانەت تیکشکاندنی هەر هێرشێکی سەربازی چاوەروان کراو.

پێشمەرجی هەر هەنگاویك بۆ تیکشکاندنی ئەگەری هەر هیرش و پوچەڵ کردنەوەی هەر پلان و  بێمایەکردنی هەر هەرەشەیەک، لەلایەن حکومەتی وعێراق و هەر لایەن و دەوڵەتێکی ترەوە پیداگرییە لەسەر ئاکامی ریفراندوم و سوربوونە لەسەر جیابوونەوەی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ. ریفراندۆم و ئاکامی ریفراندۆم پێشرەیەکی گەورەو دەستکەوتێکی حاشاهەڵنەگری خەڵکی کوردستان و هێزبەخشە بۆ راوەستاوی و بەرگری و وەستانەوە بەرووی هەر هەرەشەو پیلانێکدا. بیرکردنەوە لە هەڵپەساردن و پاشەکەوت و دوبارە گەرانەوە بۆ پیش ٢٥ دیسەمبەر … نەک رێگری ناکات لە هەرەشەکانی عەبادی و حەشدە شیعیە وەحشیەکەی، بەڵکو دەستیان ئاوەڵا دەکات بۆ زێدەرۆیی زیاتر و پاشەکشەکردن بە ویست و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش دەخاتە گۆشەیەکی شکستخواردوی قەرەبوونەکراو.

ئەوانەی کە پاساو بۆ هەنگاوەکانی عەبادی دەهێنەوە و ریفراندۆم و گونجاو نەبوونی کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە هۆکاری هەرەشەکانی عەبادی دەزانن، دنیا بینیان تەسک و بیرکردنەوەیان دۆگم و ئایندەبینیان کوێرە. عەبادی و حکومەتە نۆکەرەکەی بەهەر ئەندازە بەهێز ببن، بەهەر ئەندازە دەسەڵاتیان زۆرتر بێت، بە هەر ئاستێک دەسەڵات لەدەستی خۆیاندا قوتبی بکەنەوە، وە بە لەمەیداندا نەمانی داعش بەتەواوەتی، هیندەی تر دژایەتی خەڵکی کوردستان و هەر دەنگێکی ئازادیخوازی دەکەن لە سەرتاسەری عێراقدا. وە ئەو ریفراندۆمەی کە ٢٥ دیسەمبەر کرا، هەنگاوێکی نەک ناوەخت و زوو رەس نەبوو، بەڵکو دواش کەوتبوو. خودی ریفراندۆم بە جیا لە ئامانج و رەوایەتیەکەی، گوزێکی پێشگیرانە بوو بە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتەکە عەبادی، بۆ دواخستن و ناکامکردنەوە هیرش و پلانەکانی داهاتووی.

لەئێستاشدا کە عەبادی و حکومەتەکەی بەدەست لەپشدانی ئیرانی و بە وەجوڵەخستنی سوپا داوەشاوەکەی و حەشدە شیعیە وەحشیکەی، دەیەوێت کەشی ترس و تۆقاندن و فەزای جەنگی بەسەر سنورەکان و ناوچە کیشەلەسەرەکان و بەتایبەت سنوری کەرکوکدا، زاڵ بکات و ئەگەری ئەوەشی هەیە دەست ببات بۆ کردەی سەربازی و سەرۆیی چەکداری… پێویستە لە دریژەی دەستگرتن بە سەرکەوتنی ریفراندۆم و  ئاکامەکانیداو هەنگاو نان بۆ جێ بەجێکردنی ئاکامەکانی ریفراندۆم، ئامادەکاری پێویستی رێکخراو چەکدارانە بکرێت، بۆ وەڵامدانەوە بەهەر هیرش و پلان و نەخشەیەکدا.

لەو نێوەدا دەستبردنی خودی خەڵکی کوردستان بۆ رێکخراوبوون و چەکداربوون لە دەستەو گروپی جۆارو جۆر لە هەموو گەرەک و ناوچەو شوێنەکانی شارو شارۆچکە سنوریەکان و شوێنە هەرەشە لەسەرەکان، کارێکی لەدواخستن هەڵنەگرتووە. تاقیکردنەوەی کۆبانی و ساڵی رابردووی کەرکوک باشترین گەواهی ئەو راستیەیە، کە لاوان و خودی خەڵکی خۆیان بە رێکخراوبوون و چەکداربوونی خۆیان، دەتوانن هەر هەرەشە و پیلانێک تێک بشکێنن. رێك ساڵیک و چەند مانگ بەر لەئیستا، سەدان چەکداری داعش ویستیان دەست بەسەر شاری کەرکوکدا بگرن، ئەوەی کە ئەم پلانەی پوچەڵ کردەو داعشی تیکشاند، خودی هاتنە دەستی خێراو چەکدارانەی لاوان و تیکۆشەرانی ناو شاری کەرکوک بوو… کە بەرگریان لە ژیان و شارەکەیان و لە دانیشتوانەکەیان کرد.

دیارە هەر ئەو خەڵکە رێکخراو چەکدارەی بەرگری لە ژیان و گوزەران و ئارامی شارەکەیان دەکەن و ئامادەن بۆ تیکشکاندنی هەر هێرش و پیلانێکی سەربازی، پێویستە ئاواش ئامادەی وەڵامدانەوە بە هەر دنەدان و هاندانێکی قەومی و تایفی و دینی بن، لەلایەن حزبە ناسیونالیستە ناپەرپرسەکان و شۆفینیستە قەومی و دینیەکانی عێراق، دەکرێت. خەڵکی نیشتەجێی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هیچ کیشە و دوژمنایەتیەکیان لەگەڵ یەکتری نییەو چارەنووسیان بەیەکەوە بەندە. پیویستە رابەران و هەڵسوراوانی و کەسانی دڵسۆزی دانیشتوانی شاری کەرکوک بێ گویدانە ناسنامەی قەومی و دینی و تایفی، دەست لەناو دەستی یەک بن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هیرش و هەر هەوڵیک بۆ قڵشت دروستکرن و دنە دانی هەڵاواردنی قەومی و دینی و تایفی. وە پێویستە هێزی بەرگری چەکداری جەماوەری و رێکخراو لە دانیشتوانی کەرکوک و خەڵکی ناوچەکێشە لەسەرەکان، بێگویدانە ناسنامە قەومی و دینی و تایفیەکان، پێک بێت.

هێزی رێکخراو چەکدار و هاوپشتی یەکتری نەک هەر دەتوانی، پلان و نەخشە وهێرشی چەکداری تیکبشکێنی، هاوکات دەتوانێ پشتیوانی بەرەی پێشکەوتنخواز لە تەواوی عێراق و ناوچەکەو دنیاش بۆخۆی دەستەبەر بکات. هەروەها ئەو نەبەردە زۆر رۆڵی کاریگەری دەبێت، بۆ بەرەسمی ناسینی ئاکامی ریفراندۆم و هاوکات هەر ئەو لە مەیداندابوونەی جەماوەری و رێکخراوە چەکدارە دەتوانێت، دەستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش بگرێت، لەوەی کایە بە ئاکامی ریفراندۆم بکەن و بۆ مەبەستی تر بەدەستیەوە بگرن و یان لەبەرامبەر بەڵین و ئیمتیازاتی تردا، واز لە ئاکامەکانی ریفراندۆم بهێنن.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٤ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *