هاوڕێ گوڵزار پێش ئەوەی بۆ یەکجاری بەجێمان بهێڵێت، تەواوی سامانەکەی بەیەکسانی بەخشیە هەمووان

 

نووسینی: سەرگوڵ ئەحمەد

سامانەکەی هاوڕێ گوڵزار جیاواز بوو، کۆشک وتەلەلارو زەوی وپارەی کەڵەکە کراوی بانقەکان نەبوو، ئاڵتون نەبوو!

ئەو جیاوازی ئێمەی نەکرد لەگەڵ هیواو تۆڵازو براو خوشکەکانی وسامانەکەی بەسەر هەمووماندا بەیەکسانی دابەش کرد. پێوەری ئەو بۆ دابەشکردنی سامانەکەی نزیکی خوێنی وبیروباوەڕو هاوحیزبی ورێکخراوی نەبوو. هاوڕێ گوڵزار تەنها سامانێک کە بۆ خۆی هەڵ گرتبوو خەمەکانی ئێمەو خۆی بوو. دڵخۆشیەکانی بوو بە دڵخۆشیەکانی ئێمە، سامانەکەی گوڵە گیان دەریایەک بوو لە خۆشەویستی ومیهرەبانی وخەمخۆری بۆ هەموان. ئەو خۆشەویستی ئەداینی بەبێ بەرامبەر، لە خەم وناخۆشییەکانماندا شەریک دەبوو بێ بەرامبەر. میهرەبانی خۆی بۆ ئەنواندین بە بێ بەرامبەر، هەموو ئەوانەی کە بۆ چەند ساتێکی کورتیش گوڵزاریان بینیبێت دڵنیام بەشێك لەو خۆشەویستی ومیهرەبانیە یان پێ گەیشتوە. لەم دونیایەدا کە کەس هیچ ناکات بەبێ بەرامبەر، بەڵام ئێستا هەمووان بێنیمان کە سامانەکەی گوڵزاری ئازیزو خۆشەویستی هەموان لە هەموو سەروەت وسامانی هەموو سامانداراکانی دونیا بەنرخترە. ئەو بەڕاستی کۆمۆنیستێکی هومانیست بوو.

گوڵەگیان لە مێژووی کارکردنی لە کارگەو لەکاتی هەڵسوڕانی ڕێکخراوەی و حیزبیدا بەگیرفان وسک وسفرەی خاڵی هەرگیز ڕۆژێک نەوەستا لە کارو خەبات. لەبەشداری لە ناڕەزایەتیەکاندا پێشەنگ بوو. ئەو هەرگیز چاوی لە پلەو پایەی حزبی نەبوو ماندو نەناسانە وەك سەربازێکی ون بۆ ئازادی ویەکسانی وخۆشگوزەرانی خەباتی دەکردو تێ ئەکوشا. هەمیشە ماڵە سادەو ساکارەکەیان لەلایەک شوێنی کۆبونەوەی ڕێکخراوەیی وحیزبی بوو، لەلایەک شوێن وپەناگای ئارامی ئەو ژنانە بوو کە لە دەم چەقۆی کۆنەپەرستی وپیاو سالاری پەنایان بۆ ڕیکخراوی سەربەخۆ و سەنتەری پارێزگاری ژنان هینا بوو.

پاش ئەوەی کە عێراقیان بەجێهێشتوو ڕۆشتنە وڵاتی تورکیا. سەرباری ئەو هەموو مەترسیە سیاسی کۆمەڵایەتی وئابوریانەی لەسەریان بوو وە بۆ زیاتر لە چوار ساڵ لە تورکیا مانەوە، هەرگیز ژیانی چاوەڕانی بێ ڕەحمی کوشندەی پەنابەری نەیتوانی زەڕەیەک لە باوەڕو ئیرادە ی هاوڕێیان گوڵزارو هیوا کەم بکاتەوە، وە بەردەوام بوون لە کارو خەبات وکۆمەککردن بە پەنابەران. وە لە پاش هاتنیان بۆ کەنەدا هەرچەندە بەخت یاوەریان نەبوو هەرزوو توشی ڕوداوی نەخوازراو بون وهاوڕێ هیوا قاچی شکاو بەهۆی زستانی سەختی تۆرۆنتۆوە هاوڕێ گوڵزاریش لەکاتی گەڕانەوەی لە شوێنی کارەکەی کەوتوو دەستی شکا. بەڵام ئیرادەو تواناکانی هاوڕێ گوڵزار زۆر لەوە زیاتر بوو کە لەگەڵ هاوڕێ هیوا بە خەندە شیرینییەکانیان بەسەر ئەو کارەساتانەشدا زاڵ بن و هەر بەردەوام بوون. چرای وئومیدو خۆشەویستی و تامەزرۆیی وئومیدیان بە ژیان، هەمیشە بووبووە جێگای سەرنجی دەوروبەرەکەیان، ئەوە تەنها مشتێك بوو لە خەرواری نەهامەتیەکانی ژیانیان .

بەڵام کاتێ لە دەرگای ماڵەکەیانت دەدا و هەرکاتێک کە گوڵزارت ئەبینی کە خەندەی لێوەکانی و ڕوخسارە پڕ لە میرەبانی وبەرائەتەکەیت ئەبینی ئومید وهێزت لێوەردەگرت.

گوڵزاری هاوڕێ و هاوخەباتم لە هەموو ناڕەزایەتی وبۆنە کانی ٨مارس و١ئایارو پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات ودواتر لە خۆپیشاندانەکانی بەرگری لە کۆبانی لە ڕۆژانی بەفرو ساردو سۆڵەی شاری تۆرۆنتۆ لەگەڵ هاوڕی هیوا بەردەوام و ئامادەبوو. لە دواین چالاکییەکانی هاوڕێ گوڵزار کە بۆ پشتیوانی لە خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و ئاوارە کانی شاری کەرکوك و دەوروبەری کە لەگەڵ هاوڕێیان ڕۆشتین بۆ ئۆتاوا لەوێ لە بەردەم قونسوڵیەی عێراقی گوڵە گیانم بینی کە بە هەمان جارەکانی پێشوو وەك کادرێکی کۆمۆنیست و ژنێکی ئازاو لەگەڵ هاوڕێیاندا ڕاوەستا بوو باوەشمان کرد بە یەکدا، پرسیارم لێکرد گوڵە گیان تۆ چۆن توانیوتە بێت بەو نەخۆشی یەتەوە؟، زەردەخەنەیەکی پیشان دام و گوتی گوڵە گیان ئەی ئەگەر ئێمە نەیەن کێ بێت !! بە ڕاستی زۆر خۆشحاڵی کردم و ئومێدی پێ بەخشیم. 

ئیستا گوڵزار ئیتر لە گەڵمان نیە، گوڵزار بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردین بە جەستە، بەڵام بەرهەمێکی باشی بۆ بەجێهێشتین کە سەروەت وسامانەکەی بۆ هەمیشە بەشی هەموومان دەکات ولەگەڵماندا ئەمێنێتەوە.

هاوڕێی ئازیز گوڵە گیان جیگای خاڵی تۆ پڕنابێتەوە، بەڵام ڕێگاو ڕێبازی ئینسانی وسوسیالیستی تۆ هەر بەردەوامە، ئێمەش ڕێبواری ئەو ڕێگایەین هەتا دوائامانج ودوانەفەسمان، هەتا دامەزراندنی دونیایەکی بێ چین وچەوسانەوە بەرداوام دەبین، بۆئەوەی میهرەبانی وخۆشەویستی و لێبوردەیەکەی تۆ ببێتە کەلتوری هەمووان .

تێبینی: ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی ژمارە ١٧ ی بەرواری ١/١٢/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *