تونس و پرۆژە یاسایەکی پێشکەوتوو بۆ ژنان

 هەنگاوێکی تر بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو!

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

 دوای ئەوەی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە تونس دەستیپێکرد، ڕەوتە ئیسلامیەکان تا رادەیەک توانیان هەندێک لە یاسا کۆنەپەرستانیەکانیان بگەڕێننەوە ناو دەستوور لەو وڵاتەدا و بەجۆرێک کۆمەڵگە بگەڕێننەوە دواوە. بەڵام بەهۆی لە مەیداندا وەستانی بزووتنەوە سکۆلار و چەپ و پێشکەوتوخوازەکانەوە لە بەرامبەریاندا خەریکە وردە  وردە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە تونس دەسکەوتەکانیان وەردەگرنەوە.

لە مانگی سپتامبەری ٢٠١٧ دا وەزارەتی دادی تونسی بە بڕیارێک ئەو مەنشوورەی هەڵوەشاندەوە کە” بۆ ژنانی تونس قەدەغە بوو و  ناتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ بێگانە و غەیرە ئیسلامدا بکەن، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو قەید و بەندانەی کە بۆ هاوسەرگیری ژنانی تونسی دانرابوون“. ئەم بڕیارە دەستپێشخەریەکی زۆر گەورە بوو بۆ یاساکانی ئەحوالی شەخسی لە تونس.

هاوکاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی سەرەوە  لە  ١٣ی ئۆگەستی ٢٠١٧ دا، بشرا بلحاج حمیدة، سەرۆکی لیژنەی ئازادی تاکەکان و یەکسانی و وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، ڕایگەیاند کە لیژنەکەیان دەستیکردوە بە پێشنیارکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی تونس، پێش ئەوەی لە ٢٠ی شوباتی داهاتوو پێشکەشی سەرۆکایەتی (الباحی قاید السبسی) بکات و ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە بە شێوەی پرۆژە یاسایەک بیخەنە بەردەم پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و هەموارکردن و دەنگدان لەسەری.

پێشنیارەکان ئەمانە لە خۆ دەگرن:

یەکەم: سەرۆکایەتی خێزان هاوبەش دەبێ لە نێوان باوک و دایک.

دووەم: هەڵوەشانەوەی مارەیی لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا.

سێیەم: ئازادی لە هەڵبژاردنی نازناوی خێزان لە لایەن باوک یان دایکەوە.

چوارەم:  بڕیاردان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە نێوان سیستەمی ئیسلامی یان یەکسانی بۆ میرات”

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی تونس، شەپۆلێک گفتوگۆ و جەدەلی کۆمەڵایەتی هێنایە ناو کۆمەڵگەی تونسیەوە. بزووتنەوەکان بە بەرگری و دژایەتی وەستانەوە لەبەرامبەر یەکتردا. بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەیس بووک و تویتەر و هەروەها

هەردوولای گفتوگۆکان  بەم شێوەیە ڕای خۆیان دەردەبڕی:

هەندێک بە دەسکەوتێکی نوێخواز و شۆڕشێکی تەشریعات و یاساییان لە قەڵەم دەدا. لە بەرامبەردا هەندێک بە هەڕەشەیان دەزانی بۆ یەکگرتوویی خێزانی تونسی.

کۆمەڵێكی دیکە دەڵێن: تونس هەمیشە پێشەنگ بووە لە هێنانی بیری تازەگەری و یاسای ئازادیخوازی، کە ئازادی ژن و کەرامەتی ژن دەگرێتە خۆی. ئاماژەدان بە هەڵوەشاندنەوەی مارەیی، وپێدانی ژن لە ئازادی بۆ هەڵبژاردنی نازناوی خێزان، ئاماژەیە بەوەی ئەم پرۆژەیە تەواوی ماف و ئازادیەکانی ژنی فەراهەم کردووە. هەڵوەشاندنەوەی مارەیی و ئازادی لە هەڵبژاردنی نازناوی خێزان لەم یاسا تازەیەدا، پاڵپشت دەبێ بۆ مافەکانی ژنان. پیاوێک دەڵێ کە” ژن لە تونس کاڵا نییە، تاوەکو بە مارەیی بکڕدرێت، نازناو تەنیا موڵکی پیاو نییە تاوەکو زەوتی بکات. ژنێک دەڵێ ” یەکەم هەنگاو هەردەم لە تونسەوە دەست پێدەکات”.

لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێکی دیکە بە توندی دژ بەم پێشنیارە دەوەستنەوە و پێیان وایە هەڕەشەیە بۆسەر خێزان و لەم قۆناغەدا ئەولەویاتی ترمان لە پێشە. ژنێک دەڵێ” پێشنیارەکە لە ئاستی ئاوات و هیوای ژنانی تونس نییە و ئاماژە بە واقعی گوزەرانیان ناکات” .

کەسێکی دیکە دەڵێ” ئەم بژاردەیە بۆمبێکی ترسناک و کارەساتبارە بۆ پەیوەندی خێزانی”.

شایانی باسە کە کانتۆنی جەزیرە، لەناو جەرگەی بەهێزی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامی و هێرشی داعشدا، توانی لە ناوچەیەدا هەنگاوێکی پێشکەوتوو ئازایانە بنێ، بە جێبەجێکردنی یاسای ئەحوالی شەخسی یەکسانی ژن و پیاو.

بەو هیوایەی ئەم هەنگاوانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە هەوێن و بناغەی بەدیهێنانی مافی یەکسانی هەمەلایەنەی ژن وپیاو.

لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢١دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *